ستاتی تاوانبار و داوای لێبووردنکردن: له‌به‌رچی ئێراق له‌سه‌ریه‌تی داوای لێبوردن له کورد بکات؟
له‌و وتاره‌دا به‌کورتی سه‌رنجده‌ده‌ینه ستات(ده‌وڵه‌ت) و به‌رپرسیاریه‌کانی ستات، تاوانباریی ستات له ئه‌گه‌ری بوونی تاواندا، پاشان سه‌یرێکی چه‌مکی داوای لێبووردن ده‌که‌ین و هۆکار و گرنگیه‌کانی داوای لێبووردنکردن له‌لایه‌ن ستاتی تاوانباره‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، هه‌روه‌ها سه‌رنجده‌ده‌ینه هه‌ندێ له‌نمونه‌کانی داوای لێبووردنکردن، چۆنیه‌تی و جۆره‌کانی ئه‌و داوایه و ده‌رئه‌نجامه‌کانی، پاشان دێینه‌سه‌ر ستاتی ئێراق له‌سه‌ر ئه‌و تاوانکاریانه‌ی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌نجامی داوه و پێداویستی و ئه‌گه‌ره‌کانی داوای لێبووردنکردن له‌لایه‌ن ئێراقه‌وه.
ستات و به‌رپرسیاریی ده‌سه‌ڵات
ستات یه‌که‌یه‌کی یا دامه‌زراوێکی رامیارییه که سه‌روه‌ری یاساییانه له ناوچه‌یه‌کی سنورداردا داده‌مه‌زرێنێت، پیاده‌ی فه‌رمانره‌وایی له رێگه‌ی کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوی هه‌میشه‌ییدا ده‌کات. ستات جگه‌له دامه‌زراو و رێکخراوه رامیاریه‌کانی حکومه‌ت، دامه‌زراوه دادوه‌ریه‌کان و دامه‌زراوی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له‌خۆده‌گرێت[i]. به‌شێوه‌یه‌کی دیکه ستات چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافی سنوردیاریکراو له ناوچه‌یه‌کی دیاریکراودا بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکه‌ی که تێیدا ئارهزوومهدانه یا نائاره‌زوومه‌ندانه ده‌ژین پێکده‌هێنێت. ئۆرگان و دامه‌زراوه ناوخۆییه‌کانی ستات له چوارچێوه‌ی ستره‌کتور و پێکهاته‌ی دیاریکراودا ستره‌کتوری رامیاری و دادوه‌ری ناوخۆی ستات پێکده‌هێنن. یاسای بنچینه‌یی وڵات یا ده‌ستوری ولات ستره‌کتور و چوارچێوه یاسایی و دادوه‌ریه‌کانی ستات له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا دیارده‌کات، به‌مجۆره دانیشتوان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ستات ملکه‌چی ئه‌و ده‌ستور و یاسایانه ده‌بن، ده‌یانپارێزن و په‌یره‌ویان ده‌که‌ن. ده‌ستوری ولات جگه‌له‌وه‌ی یاسای گشتی وڵات دیار ده‌کات و دابه‌شکردنی ده‌سه‌لاته کانونی، به‌رێوه‌به‌ری و دادوه‌ریه‌کانی ستات دیار ده‌کات هه‌لگری به‌رپرسیاری مۆڕالی و یاساییانه‌ی رابردوو و ئێستا و داهاتووی ستاتهکهیه.
ئه‌و ده‌سه‌لاته رامیارییه‌ی که ستات به‌رێوه‌ده‌بات له‌سه‌ربنچینه‌ی هه‌ر سیسته‌مێکی رامیاری بێت، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و دامه‌زراوه جوگرافی و ڕامیارییه واته ستات ده‌کات و لێی به‌رپرسیاره. هه‌روه‌ها رژێم و فه‌رمانره‌وای ستات به ده‌ستور یا بنچینه‌یاسای ستات به‌ستراوه‌ته‌وه و له ئاستیدا به‌رپرسیاره.
هه‌رچی له مێژووی ستاتدا روویاندابێت بۆنمونه رێککه‌وتنه رامیاریه‌کان، واژووکردنه ناوچه‌یی و نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، جه‌نگ و داگیرکاریه‌کان، ژێرده‌سته‌ییی ستات له قۆناغی جیاجیادا، تاوانکاریه‌کان، سه‌رکه‌وتنه‌کان، دۆڕان و ژێرکهوتنهکان، کۆنتراکته ئابووریه‌کان، قه‌رز و قۆڵه‌کان، کێشه ناوخۆییه‌کان هتد. هه‌مووی له‌مێژووی ستاتدا تۆمارکراون و خاوه‌نداریه‌که‌ی بۆ ستات ده‌گه‌ڕێته‌وه. فهرمارهوای وڵات ستات به‌هه‌موو مێژوو و ئێستایه‌وه وه‌رده‌گرێت، وه له ئاست ئه‌وانه‌دا ئه‌رک و به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. له‌ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی جۆریک له ڕژێم و سیسته‌م له وڵات‌دا، ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری له سیسته‌م و هه‌روه‌ها پاشگه‌زبوونه‌وه و په‌شیمانبوونه‌وه له کرده‌وه‌کانی ڕابردووی ستاتدا زۆر سه‌خت ده‌بێت، ئه‌وه به تایبه‌تی بۆ ڕژێمه دیکتاتۆر و تۆتالیتاره خاوه‌ن ئایدۆلۆژیا په‌ڕگیره‌کان وایه. به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ئه‌گه‌ری رژێم گۆڕین و سیسته‌م گۆڕیندا ده‌سه‌لاتی نوێ به‌پێی ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕی تایبه‌تی خۆی ده‌روانێته رابردوو و ئێستا و داهاتووی ستات. بۆنمونه له‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی سیسته‌می دیموکراسیدا، ده‌سه‌ڵاتی نوێ له رێککه‌وتنی نادیموکراسی و زیانبه‌خش که رژێمی پێشوو له‌ژێرناوی ستاتدا ئه‌نجامیداوه ده‌چێته‌ده‌ر، یاسا نادیموکراسیه‌کان ناهێڵێت یا ده‌گۆڕێت، هه‌ڵوێست له کرده‌وه ناره‌واکانی رابردوو وه‌رده‌گرێت، بۆ نموونه تاوانکاریه‌کانی رابردوو که رژیمی پێشوو له‌ژێرناوی ستات ئه‌نجامی داوان ریسوا ده‌کات و وه‌کو تاوان ده‌یانناسێنێت، چونکه ده‌سه‌ڵاته نوێکه نایه‌وێ بێده‌نگی له ئاست تاوانه‌کاندا بکات، مه‌به‌ستی هه‌یه روخساری ناشیرینکراوی ستات رێکبخاته‌وه، گومان و فۆردۆم له‌سه‌ر ستات له کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا دوورخاته‌وه. دیاره ده‌سه‌لاتی نوێ ناتوانێ له‌ده‌ست ئه‌و قه‌رزانه رابکات که ستات له‌سه‌ریه‌تی، بۆیه ده‌بی ملکه‌چیان بێ و بیانداته‌وه، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن قه‌رز لێیان خۆش نه‌بێ، یا به‌هه‌مان شێوه له‌و قه‌رزانه‌ی که داویه‌تیه وڵاتانی دیکه خاوه‌نداریی ده‌کا و داوایان ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ش چونکه ده‌سه‌ڵاتی نوێ نوێنه‌ر و خاوه‌نی ئێستای ستاته، به‌مجۆره ده‌سه‌لاتی نوێ له‌سه‌ریه‌تی ستات به باش و خراپه‌وه وه‌ربگرێت ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌کان بگرێته ئه‌ستۆ. بۆیه ناتوانێ خۆی له ئیلیمێنته باشه‌کان بکاته خاوه‌ن و پشت له ئیلیمێنته خراپه‌کان بکات. دیاره له ئه‌گه‌ری سیسته‌م گۆرینیشدا ستات وه‌کو دامه‌زراوه رامیاریه‌که هه‌ر ده‌مێنێت، ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕێ ده‌سه‌ڵات و رژێمه و گۆرانه له سیسته ناوخۆییه‌کانی ستات.
به‌کورتی ستات ئه‌رک و به‌رپرسیاریی یاساییانه و مۆرالانه ده‌خاته سه‌ر فه‌رمانره‌وا و دانیشتوانه‌کانی له هه‌ر کات و سه‌رده‌مێکدا، تا ئه‌و ساته‌ی ستات بوونی هه‌یه. هه‌روه‌کو ستات دامه‌زراوێکه ده‌کرێ گۆران به‌سه‌ر سنوره‌کانی دابێت یا هه‌ڵوه‌شێته‌وه و نه‌مێنیت، ئه‌وه ده‌کرێ هۆکاری ده‌ره‌کی یا ناوخۆیی هه‌بێت.
به‌رپرسیاری ستات له تاوانکاریدا به‌پێی یاسا و راسپارده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان[1]
به‌پێی رێکه‌وتننامه‌ی پێش‌گرتن و سزادانی تاوانی گه‌لکوژی[ii] Genocide convention ئه‌و که‌س یا ده‌زگا و دامه‌زراوانه‌ی سه‌ر به ستاتن و له‌لایه‌ن ستاته‌وه به جۆرێک له تاوان هه‌ڵده‌ستن بۆنمونه به تاوانی گهلکوژکاری هه‌ڵده‌ستن و له‌لایه‌ن ستاته‌وه به ئه‌رکه‌که راده‌سپێردرێن، به‌مجۆره تاوانه‌کانی که له ئه‌رتیکلی 3 ی رێکهوتنامهدا هاتوون ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌پێی ئه‌رتیکلی 4 ده‌بێ بدرێنه دادگا و سزایان له‌سه‌ره. له‌مباره‌دا جگه‌له که‌سه‌کان که راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ به‌شداری له تاوانه‌که‌دا ده‌که‌ن، به‌پرسیاریی تاوانه‌که‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، به‌ڵکو ستات به‌هه‌مان شێوه به‌رپرسیاری تاوانکاریه‌کانی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی[iii] International Law Commission (ILC) له ساڵی 2001 دا کۆمه‌ڵه بڕیارێکی سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری ستات له کرده قه‌ده‌غه‌کراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا په‌سندکرد. UN له هه‌مان ساڵدا بڕیاره‌کانی به هه‌موارکردنه‌وه په‌سندکرد.
له چاپته‌ری یه‌ک، ئه‌رتیکلی یه‌ک ده‌ڵێ، “هه‌ر کرده‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی پێشێلکاریی ستات، به‌رپرسیاریی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته سه‌ر ستات”. له ئه‌رتیکلی دوودا هاتووه، “هه‌ر کرده‌یه‌کی پێشێلکاریی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته سه‌ر ستات ئه‌گه‌ر 1. به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی به ستاته‌وه بلکێندرێ 2. شکاندنی یه‌ک له ئه‌رکه سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگرێته‌خۆی”. هه‌روه‌ها ئه‌رتیکلی 4، 8، 12، 14 ئاماژه به به‌رپرسیاریی ستات به‌رامبه‌ر به تاوانکاریی که لایه‌ن که‌س و ئۆرگانی سه‌ربه ستات ئه‌نجامدراون ده‌که‌ن.
په‌ره‌گرافی 138 و 139ی UN که له ده‌رئه‌نجامی دانیشتننی جیهانی ساڵی 2005 سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری بۆ پارێزگاری ته‌رخان کراوه، له په‌ره‌گرافی 138 دا ده‌ڵی: “هه‌ر ستاتێک به‌رپرسیاره له پارێزگاریی دانیشتوانه‌که‌ی له گه‌لکوژی، تاوانی جه‌نگ، پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی. ئه‌و به‌رپرسیارییه به‌رگرتن به‌و جۆره تاوانانه له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنی، له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان له ڕێگه‌ی که‌رسته‌ی پێویست”.[iv] دیاره جگه‌له‌وانه بڕیار و راسپارده‌ی نیونه‌ته‌وه‌یی دیکه هه‌ن که سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری ستات ریککهوتنیان له‌سه‌ر کراوه، به‌لام لێره‌دا واز له‌و لایه‌نه ده‌هێنین هه‌روه‌کو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه به‌زیاده‌وه مه‌به‌ستی ئێمه ده‌پێکن.
داوای لێبووردنکردن و ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که پێویستی ده‌که‌ن
داوای لێبووردن کردن، به واتا ساده‌که‌ی ده‌ربڕینی په‌شیمانییه له کردارێک که کراوه وه پێشنیاری ئه‌وه ده‌کات که لایه‌نی زیان پێگهیهندراو له تاوانبار ببوورێت. له‌ئه‌گه‌ری روودانی تاوانی گه‌لکوژی و دژ به مرۆڤایه‌تیدا، داوای لێبووردنکردن پرۆسه‌یه‌کی فراوانتره و له په‌یوه‌ندی و کێشه‌ی نێوان دوو که‌س یا چه‌ند که‌سێک تێده‌په‌ڕێت، له‌مباره‌دا په‌یوه‌ندی به کۆمه‌ڵگه و ستات هه‌یه و خه‌ڵک به‌گشتی له کۆمه‌ڵگه‌کاندا په‌یوه‌ندیان به پرسه‌که‌وه هه‌یه. له زۆربه‌ی باره‌کاندا ستات تاوانی دژ به کۆمه‌ڵگه‌ی ژێرده‌سته‌ی خۆی یا ستاتی دیکه ئه‌نجام داوه. بۆیه داوای لێبووردنکردن له‌زۆربه‌ی باره‌کاندا له‌لایه‌ن ستاتهوهیه به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگه یا ستاتی قوربانی که تاوانی گه‌لکوژی یا دژ به‌مرۆڤایه‌تی یا تاوانی جه‌نگیان له‌به‌رامبه‌ردا کراوه.[v]
داوای لێبووردنکردن له ئاستی ستاتدا پرۆسه‌یه‌کی سه‌خته، تائێستا زۆر له نه‌ته‌وه و ستاتهکان که له ماوه‌ی رابردوودا بوونه‌ته قوربانی چاوه‌ڕوانی دانپێنان به تاوانه‌کان ده‌که‌ن و داواده‌که‌ن ستاتی تاوانبار داوای لێبووردن له‌لایه‌نی قوربانی بکات، به‌لام ستاتی تاوانبار ئاماده‌ی ئه‌و هه‌نگاوه نییه. بۆنمونه کۆریا و چین چاوه‌روانی داوای لێبووردن له‌سه‌ر تاوانه‌کانی سوپای یاپان له کاتی داگیرکاریه‌کانیدا به‌تایبه‌تی له کاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا له یاپان ده‌که‌ن به‌ڵام یاپان تائێستا نه‌یتوانیووه و نه‌یویستووه ئه‌و هه‌نگاوه بنێت. تورکیا سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانی گه‌لکوژی یا تاوانی دیکه نایه‌وێت داوای لێبووردن له ئه‌رمێنیا[vi]، یا نه‌ته‌وه‌ی کورد یا ئاشوریه‌کان بکات و تاوانه‌کانیش به تاوانی گه‌لکوژی ناناسێت[vii].
ده‌کرێ داوای لێبووردن له‌لایه‌ن ستاتی تاوانباره‌وه دانپێنان به به‌شیکی تاوان بێت، یا به‌جۆرێک بێت که خۆی له گه‌وره‌یی و چه‌مکی تاوانه‌که ببوێرێت و تاوانکه بخاته چوارچێوه‌یه‌کی بچوکتر له له‌وه‌ی له‌راستیدا هه‌بووه، یا گوتن و ده‌ربڕینه‌که له ئاستی چاوهڕوایهکانی لایه‌نی قوربانی نه‌بن. بۆ نمونه هه‌روه‌کو ره‌خنه‌گران ده‌یبینن داوای لێبووردنی ستیفان هارپه‌ر Stephen Harper سه‌رۆکی وه‌زیرانی که‌نه‌دا[viii] سه‌باره‌ت به ناچارکردنی 150.000 منداڵی خه‌ڵکی ره‌سه‌نی که‌نه‌دا (ئیندیانه‌کان) و دوورخستنه‌وه‌یان و ناردنیان بۆ شوێنی دیکه له‌ژێرناوی په‌روه‌رده و خوێندندا داوای لێبووردنێکی ته‌واو نه‌بوو. هه‌روه‌کو زۆر له وانه بوونه قوربانی چه‌وساندنه‌وه، ده‌ستدرێژی، کوشتن هتد. ئه‌و تاوانه یه‌کێک بوو له‌کۆمه‌ڵیک تاوانی دیکه که سیسته‌ماتیکیانه له بۆته‌ی پلان و به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراودا ئه‌نجامدران، بۆیه تاوانکاریه‌که‌ی ستاتی که‌نه‌دا هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکو گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتر بوو. هه‌روه‌ها ستاتی که‌نه‌دا دانی به‌تاوانه‌که وه‌کو تاوانی گه‌لکوژی
نه‌نا. پۆلیتیکی که‌نه‌دا ئه‌وسا ئه‌وه‌بوو که خه‌ڵکی ره‌سه‌نی که‌نه‌دا به‌زۆر له بۆته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی که‌نه‌دا بتوێنێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کۆمه‌ڵێ کرداری گه‌لکوژکارانه‌ی ئه‌نجامدا. نمونه‌یه‌کی دیکه ئه‌مه‌ریکا دان به بوونی تاوانکاری دژ به خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئه‌مه‌ریکادا (ئیندیانه‌کان) ده‌نێت، به‌لام دان به بوونی تاوانی گه‌لکوژی نانێت و له‌مباره‌یه‌وه داوای لێبووردنیشی نه‌کردووه.
کیڤن رۆد Kevin Rudd سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیا داوای لێبووردنی له خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئوسترالیا کرد، داوای لێبووردنی کرد سه‌باره‌ت به‌و پۆلیتیک و یاسایانه‌ی که حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌کانی رابردوو ده‌ریانکردن و تاوانه‌کانیان له‌سایه‌یاندا ئه‌نجامدا. داوای لێبووردنی له راگوستنی مندالانی خه‌ڵکی ره‌سه‌نی وڵات کرد. به‌ڵینی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌کانیدا و به‌ڵێنی ده‌ستپێکردنی لاپه‌ره‌یه‌کی نوێی له مێژووی نوێی ئوسترالیادا دا. به‌مشێوه‌یه کیڤن رۆد داوای لێبووردن له هه‌موو کرداره‌کان ده‌کات و به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه ده‌دات، به‌ڵام تاوانه‌که وه‌کو تاوانی ژینۆساید ناوزه‌د ناکات[ix].
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی که نکۆڵی له بوونی تاوان ده‌که‌ن یا هه‌وڵی بچوکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی رابردوو ده‌ده‌ن، ئه‌ڵمانیا داوای لێبووردنی له گه‌لی جوله‌که له چه‌ندین ئاستدا کردووه، تاوانه‌که وه‌کو تاوانی گه‌لکوژی ده‌بینێت، پشتگیری دادگایی تاوانباران ده‌کات، قه‌ره‌بووی زیانه‌کان بۆ لایه‌نی قوربانی ده‌ژمیرێت، ئه‌و پرۆسه‌یه به‌جۆرێ له جۆره‌کان ئیستاش به‌رده‌وامه. به‌هه‌مان شێوه ئه‌ڵمانیا داوای لێبووردنی له فه‌ره‌نسا و وڵاتانی دیکه کردووه. ئه‌ڵمانیا وه‌کو تاوان سه‌یری کردار و ده‌ستدرێژیه‌کانی نازیه‌کان ده‌کات، به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانهکانیداوه، به‌و رابردووه پڕلهتاوانه هه‌ڵنادات و شانازی پێوه‌ناکات، به‌رپرسیاریی ته‌واوی گرتۆته ئه‌ستۆ و ئاماده‌ی هاوکاریکردنه له ساخکردنه‌وه‌ی تاوان یا پرۆسه‌ی به‌دواداچوون و دادگاییه‌کاندا. ئه‌ڵمانیا گۆڕانێکی بنچینه‌یی له په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری وڵات‌دا ده‌ستپێکرد، بنچینه‌یه‌کی نوێی بۆ سۆسیالیزه‌کردنی که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه داڕشت و ده‌ستپێکرد، به‌مجۆره لاپه‌ره‌یه‌کی نوێی له مێژووی خۆیدا ده‌ستپێکرد و پشتی له تاوانه‌کانی رابردوو کرد. ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌ڵمانیا توانا و به‌هێزیی ئهلمانییای پیشاندا و به قازانج بۆ ئه‌ڵمانیا و گه‌لی ئه‌ڵمان گه‌رایه‌وه. ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌رێنی و له‌خۆبردووانه‌یه‌ی ئه‌لمانیا بوو وایکرد زۆری نه‌برد ئه‌ڵمانیا به‌هیزترین په‌یوه‌ندی ئابوری و رامیاری له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا بنیاتنا.
ده‌کرێ بڵێین داوای لێبووردنکردنی نیازپاک و ته‌واو به‌شێوه ئایدیاله‌که‌ی ئه‌و خاڵانه ده‌گرێته‌خۆی: 1. دان به بوونی تاوان له‌خۆ ده‌گرێت 2. دان به قه‌واره و گه‌وره‌یی و دڕنده‌یی تاوان ده‌نێت 3. دان به جۆری تاوان ده‌نێت 4. شاردنه‌وه، خۆبواردن و خۆپه‌ڕاندنه‌وه، یا خراپبه‌کارهێنان له‌خۆ ناگرێت 5. به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوان له‌خۆ ده‌گرێت 6. ملکه‌چی خۆی بۆ داواکاری لایه‌نی قوربانی ده‌رده‌بڕێت و ئاماده‌یی بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه ده‌رده‌بڕێت 7. به‌ڵێنی گۆران ده‌دات و هه‌نگاوی نوێ جیا له کردار و هه‌نگاوه‌کانی رابردووی ستات ده‌گرێته‌خۆی 8. واز له پێداهه‌ڵدانی مێژووی رابردووی داگیرکردن و تاوان ده‌هێنیت وه‌کو تاوان سه‌یری تاوانکاریه‌کانی رابردووی ستات ده‌کات. 9. هه‌وڵی ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نی قوربانی، نه‌ته‌وه و ستاته نه‌یاره‌کانی رابردووی ده‌دات. 10. کراهوهیه بۆ چاره‌سه‌ری رامیاری درێژخایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی قوربانی له‌به‌رچاو ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر ستات وه‌کو بۆنمونه ئه‌لمانیا داوای لێبووردنی ته‌واو له نه‌ته‌وه‌ی قوربانی بکات و هه‌موو مه‌رجه‌کانی داوای لێبووردن پڕبکاته‌وه، ئه‌و ستاته ده‌رگه به‌ڕووی ئاشتبوونه‌ی راسته‌قینه و هاوکاری درێژخایه‌ن له‌سه‌ربنچینه‌ی متمانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌کاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ستات نکۆڵی له تاوان بکات، به مێژووی داگیرکاری و تاوانکاری رابردوودا هه‌ڵبدات، شانازی به بیروباوه‌ڕی توندره‌وانه و چه‌وسێنه‌رانه‌ی رابردوو بکات، وه‌کو خاڵی دره‌وشاوه‌ی رابردوو پێیاندا هه‌ڵبدات، ئه‌و ستاته درێژه به ناته‌بایی و بێ‌بڕوایی له‌نێوان خۆی و نه‌یارانیدا ده‌دات، ده‌رگه به‌ڕووی ئاشتبوونه‌وه و هاوکاری دۆستانه ده‌گرێت، به‌مشیوه‌یه ئه‌گه‌ره‌کانی مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانکاری به‌کراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه. به‌مشێوه‌یه نه‌بوونی ئاشتی ئه‌رێنی له نێوان خۆی و لایه‌نه نه‌یاره‌کانیدا درێژه‌ی ده‌بێت.
له‌راستیدا داوای لێبووردنکردن ئه‌و که‌سه ده‌سه‌ڵاتدارانه له تاوانه‌کانی رابردوو که ئه‌وان ئه‌نجامیان نه‌داوه له تاوانه‌کان بێبه‌ری ده‌کات و ههنگاوێکی گرنگی ئه‌وانه بۆ تێپه‌راندنی رابردوو، به‌مشێوه‌یه پاککردنه‌وه‌ی بێ دوودڵی په‌رێزی ده‌سه‌ڵات و هه‌نگاونانی به‌ره‌و دانپێنان و کرانه‌وه‌یه. داوای لێبووردنکردن له‌لایه‌ک هه‌نگاوی گرنگی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و چاپته‌ره خراپ و شهرمهێنهرهیه له مێژووی ستاتدا، هه‌وڵی چاککردنه‌وه‌ی زیانه‌کانه ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانه و چاککردنه‌وه‌ی رووی ده‌ره‌کی ناشیرینکراوی ستاته، هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌کانی تێپه‌ڕاندنی جۆرێک له په‌روه‌رده و که‌لتوری رامیارییه، به‌ڵێندانه به گۆڕان و هه‌نگاوی ئاشتیخوازانه و دروستکه‌رانه که باوهشکردنهوهیه بۆ داهوتوویهکی نوێ و رووناک له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌روه‌رده‌و و که‌لتورێکی ئاشتیخوازانه‌دا، هه‌روه‌ها هه‌نگاوی دوورکه‌وتنه‌وه له شه‌ڕ و دوورکه‌وتنه‌وه له نانهوهت تۆوی بێمتمانه‌یی و رقوکینهییه، له‌لایه‌کیتر دڵدانه‌وه‌ی لایه‌نی قوربانییه، دانپینانه به ده‌ستدرێژی و تاوانکارییه‌کانی که له دژیاندا ئه‌نجامدراوه، به‌ڵێندانه بهخۆچاکردنهوه و به‌خۆداچوونه‌وه، بهلێندانه به کرانه‌وه‌ی ستات به‌ڕووی داخوازیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی قوربانی، ئاماده‌یی ده‌ربڕینه بۆ درێژکردنی ده‌ستی هاوکاری و دۆستایه‌تی بۆ لایه‌نی قوربانی. به‌کورتی داوای لێبوردنکردنی ستات تێپه‌راندنی که‌لتوری ره‌تکردنه‌وه، خۆپه‌رستی، لوتبه‌رزی و له‌خۆبایی بوونه و په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ هه‌واری دانپێنان، رێزگرتن و تێگه‌ییشتن و گوزه‌رانکردنی هاوبه‌ش.
داوای لێبووردنکردن به‌شێوه ته‌واوه‌که‌ی ههنگاوێکی پێویست و گرنگی تێپه‌راندنی مێژووی تاوانکاری رابردووه و بنچینه‌یه‌کی گرنگی پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌یه له نیوان تاوانکار و قوربانیدا. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی کێشه له ناو یه‌ک ستاتدا بن یا دراوسێی یه‌ک بن. دیاره پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه، دانپێنان و دادگایی تاوانباران و قه‌ره‌بووی قوربانیان له پرۆسه‌یه‌کی دادوه‌ری ره‌وادا ده‌خوازێت. داوای لێبووردنکردن ته‌واوکه‌ری ئه‌و پرۆسه دادوهرییهیه و یه‌کێکه له فاکته‌ره ئه‌رێنیه گرنگه‌کان که ئه‌گه‌ره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانکاری دوور ده‌خاته‌وه، جگه‌له‌وه ههنگاوێکی گرنگه که پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه پێویستی ده‌کات.
به‌رپرسیاریی ستاتی ئێراق له تاوانکاریه‌کاندا
تاوانی گه‌لکوژی کورده فه‌یلیه‌کان له 70 و 80 کاندا، تاوانی گه‌لکوژی بارزانیه‌کان له 1983 دا، تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له 1988 دا هه‌موویان له‌لایه‌ن سه‌رانی رژێمی به‌عس لهژێرسهرکردایهتی سه‌رۆکی ستاتی ئێراق سه‌دام حوسین بڕیاریان بۆ ده‌رچوو و له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی رژێمی به‌عس، ده‌زگا ودامه‌زراوه‌کانی ستاتی ئێراق ئه‌نجام دران. واته بیرۆکه‌ی تاوانی گه‌لکوژی، به‌رنامه و پلاندانان، دابه‌شکردنی ئه‌ره‌که‌کانی تاوانه‌که، سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێکردنه‌که هه‌مووی له‌لایه‌ن سه‌رۆکی ستات، وه‌زیر و سه‌رکرده پله‌به‌رزه‌کانی سه‌رووی سه‌ر به ستاتی ئێراق ئه‌نجام دران. واته ئه‌و که‌سانه‌ی راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ تاوانه‌که‌یان ئه‌نجام داوه سه‌ر به ئۆرگان و دامه‌زراوه‌کانی ستات بوون. له‌و تاوانکاریانه‌دا هێزه‌کانی سوپا، زه‌وی و ئاسمانی، هێزه تایبه‌ته‌کانی ئاسایش، هه‌واڵگری، پاسه‌وانی نیشتیمانی، پاسه‌وانی کۆماری، هێزه میلیتسهکانی پارتی به‌عس، هێزی به‌رگری نیشتیمانی و تایبه‌ته‌کان (جاشه‌کان) هتد. به‌شداریان کرد. ئه‌و هێزانه هه‌موویان سه‌ربه ستاتی ئێراق بوون، به‌فه‌رمانی سه‌رۆکی ئێراق و سه‌رانی رژێمی به‌عس به تاوانکاریه‌کان هه‌لسان. به‌مجۆره گومان له‌وه‌دا نییه که ستاتی ئێراق له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌دا به‌رپرسیاره.
به‌پێی کۆنڤه‌نسیۆنی گه‌لکوژی، هه‌روه‌ها به پێی بڕیاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، وه بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که له‌مباره‌یه‌وه له‌سه‌ر به‌رپرسیاری ستات بڕیاریان له‌سه‌ردراوه و لێره‌دا ئاماژه‌مان بۆیان نه‌کردووه ستاتی ئێراق ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ و لێیان به‌رپرسیاره.
نوێنه‌رانی ستاتی ئێراق و پرسیاری داوای لێبووردن کردن
سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بیربخه‌ینه‌وه ئه‌و تاوانکاریانه‌ی که له‌سه‌رده‌می پێشی رژێمی به‌عس و سه‌رده‌می رژێمی به‌عس له لایه‌ن که‌س و داموده‌زگاکانی سه‌ر به ستاتی ئێراق ئه‌نجام دران و له‌لایه‌ن ستاته‌وه فه‌رمانی تاوانکاریه‌کانیان درابوویێ، ئه‌وانه تاوانکارین که ستاتی ئێراق وه‌کو ستات به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ریان. ئه‌و ده‌سه‌ڵات و بهرێوهربهریانهی که به‌رپرسیاری به‌رێوه‌بردنی ستاتی ئێراق له ئێستا و داهاتوو ده‌گرنه ئه‌ستۆ ، له ئاست تاوانکاریه‌کانی رابردووی ستاتی ئێراق به‌رپرسیاریان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، چونکه ئه‌وانن ئێستا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و دامه‌زراوه رامیارییه ده‌که‌ن و بوونی ئه‌و دامه‌زراوه و پاراستنی سه‌روه‌ریی ئه‌و دامه‌زراوه، ئه‌رکی سه‌ر شانیانه هه‌روه‌کو ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه به‌ره‌وا ده‌زانن و به‌رگری لێده‌که‌ن.
پرۆسه‌ی دادگایی‌کردنی تاوانبارانی تاوانه‌کانی گه‌لکوژی که دژی کورد ئه‌نجام درابوون له دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقدا به‌رێوه‌چوو. دادگاکه کۆمه‌ڵی کێشه‌ی ره‌وایی، توانا، بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو. دادگاییه‌کان توشی کێشه‌ی زۆرهاتن و دادگایی تاوانباران به پرۆسه‌یه‌کی دادگایی پڕ له کێشه و که‌موکوڕی تێپه‌ڕین. کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی قوربانی مافی خۆی له دادگاییه‌کاندا نه‌درایێ و به‌مجۆره زیان به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی که‌وت، ئه‌گه‌رچی دادگاکه دانی به تاوانی گه‌لکوژیدا نا و هه‌ندێ له تاوانبارانی له‌سه‌ر تاوانه‌کان سزادا. هه‌ندی له کێشه‌کان ئه‌وانه بوون: دادگاکه ده‌رهاویشته‌ی پرۆسه‌یه‌کی رامیاری بوو بۆیه به‌شێوه‌یه‌ک بوو که به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه‌کانی ئێراقی دوای سه‌دام ده‌یانخواست. دادگای ئێراقی دادگایه‌کی گونجاو نه‌بوو بۆ کورد، به‌ڵکو دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌یتوانی ئه‌رکه‌که بێلایه‌نانه و پرۆفیشنالانه بگرێته ئه‌ستۆ. تاوانباری سه‌ره‌کی سه‌رۆکی پێشووی ئێراق سه‌دام حوسێن له‌سه‌ر تاوانه‌کانی گه‌لکوژی ئه‌نفال و تاوانه‌کانی دیکه سزا نه‌درا و زوو له‌ناوبردرا. که‌یسه‌کانی کورد تێکه‌ڵ به که‌یسه‌کانی دیکه‌ی ئێراق کران، ئه‌وه به‌ئاگایانه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئێراقی نوێ ئه‌نجامدرا. ئێراق وه‌کو ستات پرسیاری تاوانباریی به‌ره‌وروو نه‌کرایه‌وه. گه‌لێ له تاوانباران نه‌درانه دادگا هتد. [x] دیاره دادگای ئێراقی و پرۆسه‌ی دادگاییه‌کان تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ بوو له مێژووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، به‌لام کێشه و که‌موکوڕیه‌کانی دادگاکه زیانیان به ره‌وشه دادوه‌ریه‌که گه‌یاند.
سه‌رکرده‌کانی ئێراق بانگاشه‌ی ئاشتبوونه‌وه و به‌یه‌که‌وه‌ژیان له ئێراقی دوای سه‌دامدا ده‌که‌ن، هه‌موو پرۆسه رامیاریهکهی دوای سه‌دام جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و بانگاشه‌یه کردۆته‌وه و گرنگی پێداوه. دیاره رووداوه‌کان ئاماژه به ئاقاریکی دیکه ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌رچۆنی بێت ئه‌و بانگاشه‌یه ئێستاش لای سه‌رکرده ئێراقیه‌کان زیندووه. بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها پێویسته گومانێک له نیازباشی ستاتی تاوانکاردا نه‌مێنێته‌وه و راشکاوانه دان به بوونی تاوانه‌کان بنێت، یه‌کودوو له داوای لێبووردن له نه‌ته‌وه‌ی قوربانی تاوانه‌کانی ژینۆساید و تاوانه‌کانی دیکه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ نه‌کات. ئێراق وه‌کو ستات دانی به بوونی تاوانه‌کان و جۆری تاوانه‌کان ناوه، بۆیه له‌م باره‌یه‌وه هه‌نگاوی ناوه، به‌لام تائێستا داوای لێبووردنی له نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی قوربانی نه‌کردووه.
ئه‌گه‌ر بیر له داوای لێبوردنی ته‌واو و پڕبه‌پێست بکه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست تێپه‌راندنی مێژووی تاوان و چه‌وساندنه‌وه‌ی رابردوو بێت و هه‌نگاوی راسته‌قینه به‌ره‌و ئایینده‌یه‌کی رۆشن و ئاشتیانه و ئاسووده بێت، پێویسته سه‌رۆکی ستات وه‌کو نوێنه‌ری سه‌ره‌کی ستات له جیاتی ستاتی ئێراق سه‌باره‌ت به تاوانکاریه‌کانی گه‌لکوژی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی که دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد و خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجام دراون، داوای لێبووردن بکات له:
- هه‌موو ئه‌و یاسا ناره‌وایانه‌ی که له‌لایه‌ن دامه‌زراوه یاسایی و جێبه‌جێکاریه‌کانی پێشی رژێمی به‌عس و سه‌رده‌می رژێمی به‌عس واته به درێژایی مێژووی ئێراق ده‌رکراون و جێبهجێکراوان
- پۆلیتیکی پاکتاوی ره‌گه‌زی (به‌عه‌ره‌بکردن) و تاوانی گه‌لکوژی که له‌لایه‌ن رژێمه‌کانی پێشی به‌عس و سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌وه ئه‌نجام دراون
- هه‌موو جۆره تاوانکاریه‌کانی سوپا و هێزه چه‌کداره‌کانی ئیراق به درێژایی مێژووی رابردوو
- پۆلیتیکی به‌عه‌ره‌بکردن و به‌تایبه‌تی به‌عه‌ره‌بکردنی کورده‌کان له که‌رکوک و ناوچه سنورییه کێشه له‌سه‌ره‌کان
- به‌عه‌ره‌بکردنی ئێزدیه‌کان
- گه‌ماڕۆ سه‌ربازی و ئابوری و بهرێوهبهریهکان که خرابوونه سه‌ر ناوچه گوندنشینه‌کانی کوردستان
- کیمابارنکردنی شار و دێهاته‌کانی کوردستان
- تاوانی گه‌لکوژی کورده فه‌یلیه‌کان به‌هه‌موو تاوانکاریهکانیهوه
- تاوانی گه‌لکوژی بارزانیه‌کان به‌هه‌موو تاوانکاریهکانیهوه
- تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال به‌هه‌موو تاوانکاریهکانیهوه
- تاوانی گه‌لکوژی و کیمابارانی هه‌له‌بجه
- راگواستنی خه‌ڵکی کوردستان له ناوچه سنوریه‌کان و ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کاندا
- سوتاندن و ته‌ختکردنی گونده‌کانی کوردستان
- بزرکردن و فرۆشتنی مندال و کچی کورد له میانه‌ی تاوانی گه‌لکوژیدا
هه‌روه‌ها پێویسته ئێراق تاوانکاریه‌کان ریسوا بکات و یاسای تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه ده‌ربکات، چۆنیه‌تی تاوانکاریه‌کان، ئه‌نجامدانیان و هۆکاره‌کانی پشتی تاوانه‌کان بخاته که‌ناڵه په‌روه‌ده‌ییه‌کان و که‌ناڵه جیاجیا کۆمه‌لایه‌تیه‌کانی دیکه تاکو له‌گه‌ڵ هزر و تێگه‌یشتنی خه‌ڵک تێکه‌ڵبن، راستگۆیانه به‌ره‌ورووی مێژووی رابردوو ببێته‌وه، واز له که‌لتوری پێداهه‌ڵدان به ڕابردوو بهێنیت، به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانکاریانه بدات، به‌رنامه‌ی داڕێژراوی رامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی سه‌باره‌ت به وه‌رچه‌رخانه‌که بخاته روو. پێویسته ئاماده‌یی خۆی بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاری قوربانیه‌کان ده‌رببڕێت و پشتگیری هه‌نگاوه دادوه‌ریه‌کان له‌مباره‌یه‌وه بکات.
دیاره هه‌نگاوی ڕامیاری ئاشتیخوازانه بڕبڕه‌ی پشتی هاتنه‌دی ئاشتی راسته‌قینه و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانکاریهکانه. پێویسته هه‌نگاوی رامیاری ستات بتوانێ درێژخایه‌نانه ئه‌و فاکته‌ره نه‌رێنیانه‌ی که بوونه هۆی چه‌وساندنه‌وه، ناکۆکی و تاوانکاریه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. له‌سه‌ریه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره ڕامیاریه‌کانی لایه‌نی قوربانی کراوه بێت و پشتگیریکه‌ر بێت. بۆ گه‌یشتن به ئاشتی درێژخایه‌ن پرۆسه دادگایی و ڕامیاریه‌که ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، ئهگهرپرۆسه دادگاییه‌که ته‌واو نه‌بوو و که‌موڕی هه‌بوو، ده‌کرێ پرۆسه رامیاریه‌که ئه‌وه تێبهێنێتهوه، وه‌کو بۆ نمونه دادگایی تاوانباره ئه‌لمانه‌کان له‌سه‌ر تاوانه‌کانی هۆلۆکۆست و تاوانه‌کانی دیکه له دادگای نۆرمبێرگ[xi] دادگایه‌کی لایه‌نگیر بوو و له‌لایه‌ن هێزی هاوپه‌یمانی براوه‌وه دامه‌زرێندرا، بۆیه پرۆسه‌ی دداگاییهکه ناته‌واو و پڕ له که‌موکوڕی بوو، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانی دواتری ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانی پێشوو، هه‌روه‌ها داوای لێبووردن کردن له گه‌لی جوله‌که و ولاتانی نه‌یار وه‌کو فه‌ره‌نسا توانی وا‌بکات ئاشتی درێژخایه‌ن و به‌یه‌که‌وه‌ژیانی ئاشتیانه به‌دیبهێنێت. ده‌کرێ ستاتی ئێراق سوود له ئه‌ڵمانیا وه‌ربگرێت، به‌لام گومان له توانای ئێراق له‌مباره‌یه‌وه ده‌کرێت، ئێراق ئه‌و یه‌کگرتوویی و به‌هێزیی ناسنامه‌ی ستاتی ئه‌لمانیای نییه، هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیا کێشه‌ی ناوخۆیی نێوان نه‌ته‌وه و گروپه ئهتنیکانی وه‌کو ئێراق نه‌بوو، خه‌ڵک شانازیان به ئهلمانبوونی خۆیان و ستاتی ئه‌لمانیا ده‌کرد. دیاره ئێراق به‌پرۆسه‌یه‌کی ناته‌واوی دروستکردنه‌وه‌دا تێپهڕیندراوه و ئێستاش به‌کێشه ناوخۆیه‌کانی نێوان نه‌ته‌وه و گروپه ئهتنیهکانهوه ده‌ناڵێنێت، چونکه به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زووی دژبه‌یه‌ک له ئێراقدا هه‌ن.
تائێستا ئێراق داوای لێبووردنی له نه‌ته‌وه‌ی کورد یا له گه‌لی کوردستان نه‌کردووه، گه‌لێ له سه‌رکرده عه‌ره‌به‌کان دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن. ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌کی نه‌رێنییه ئه‌گه‌ر بیر له داهاتوویه‌کی سه‌قامگیری ئاشتیانه بکه‌ینه‌وه. دیاره یه‌کێ له هۆکاره‌کانی ئه‌و هه‌ڵوێسته نه‌رێنییه ئه‌وه‌یه که هه‌نگاوه‌کانی ئێراق له ئاست چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردا ناته‌واوه و ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی که له ده‌ستوردا نوسراوه نکۆڵیکردن له خۆده‌گرێت.
ده‌کرێ هۆکاره‌کانی ئه‌و نکۆلێکردنه بۆ چه‌ند خاڵێکی بنچینه‌یی بگه‌ڕێنینه‌وه:
- کێشه‌کانی دادگای ئێراقی و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی دواتر وه‌کو داوای لێبوردنکردن.[xii]
کیشه‌کانی وه‌کو لایه‌نگیری، بێتوانایی، ناسه‌ربه‌خۆیی، رهنگاوی بوونی دادگاکه به به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه‌کان هه‌روه‌ها جه‌ختکردنه‌وه لهسهرئێراقیبوون، پیرۆزی ئێراق و یاساکانی، به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌ها عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان له دادگادا هتد. ئه‌وانه هه‌موویان جۆرێکن له پشتگیری بۆ تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه عه‌ره‌بی و ناسیونالیستییه ئێراقیه‌کانی ڕابردوو هه‌روه‌ها ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی ئێراقی، وه ئه‌وه جۆرێکه له پێداگرتن یا هه‌ول بۆ مانه‌وه‌ی زۆر له‌و فاکته‌ره نه‌رێنیانه‌ی که بنچینه‌ی کێشه‌کانی نێوان عه‌ره‌ب و کورد بوون له ڕابردوودا. ئه‌و دیارده‌یه ره‌نگدانه‌وه‌ی درێژه‌دانه به گه‌لێ له به‌هاکانی ئه‌و تێگه‌یشتن و گێرانه‌وه پشووتهنگه ئه‌تنی و ناسیونالیستییه ناوکگهرایانهی که نکۆڵیکردن و ره‌تکردنه‌وه تێیاندا زاڵن. ئه‌وه‌ش بێگومان یارمه‌تی ڕه‌وتی دانپێنان، کرانه‌وه و تێگه‌یشتن له ئه‌وانیتر یا له لایه‌نی به‌رامبه‌ر نادات، به‌ڵکو ئه‌و جۆره دیده نایه‌وێ هه‌نگاوه‌کان له سنورێکی دیاریکراودا زیاتر تێپه‌رن. به‌مجۆره خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنه پشووتهنگه عه‌ره‌بیه‌که ئاقاری پێشووی ره‌تکردنه‌وه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه و دوودڵه له تێپهرهاندنی ئه‌و پشووتهنگییه به‌ره‌و ئاقاری دانپێنان و کرانه‌وه. له‌مباره‌دا که ئیلیمێنته‌کانی نکۆڵیکردن رۆڵیان ماوه هه‌میشه مه‌ترسی گه‌رانه‌وه بۆ دواوه بۆ پشووته‌نگی و پاشان به‌گژداچوون له‌ئارادا هه‌ن. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه داوای لێبووردنکردن وه‌کو به‌زاندنی ئه‌و سنوره ده‌بیندرێت، بۆیه له‌لایه‌ن نکۆڵیکه‌رانه‌وه ره‌تده‌کرێته‌وه.
- بهرهوڕوونهکردنهوهی پرسیاری تاوانباری و به‌رپرسیاری ستات له تاوانکاریه‌کاندا له دادگا ئێراقیهکهدا. له دادگایی‌کردنی که‌یسه‌کانی گه‌لکوژی فه‌یلیه‌کان، بارزانیه‌کان و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالدا، هه‌ندێ له تاوانباران که له‌سه‌رانی رژێمی رووخاوی به‌عس پێکهاتبوون درانه دادگا و سزایان بۆ بڕایه‌وه. تاوانه‌کان به‌جۆرێک له جۆره‌کان به‌که‌س کران و پرسیاری تاوانباریی ستات به‌رزنه‌کرایه‌وه. دیاره که‌سه تاوانباره‌کان هه‌موویان سه‌ربه دامه‌زراوی ستاتی ئێراق بوون، نوێنه‌رایه‌تی ستاتیان ده‌کرد و پیاده‌ی بڕیار و یاساکانی ستاتی ئێراقیان ده‌کرد، بۆیه وه‌کو پێشتر گوتمان گومان له به‌رپرسیاری و تاوانباری ستاتی ئێراقدا نییه. له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه که نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی قوربانی کوردی ده‌کرد و پارێزه‌ریان له دادگاکه‌دا هه‌بوو، پرسیاری تاوانباریی ستات به‌رزنه‌کرایه‌وه و هیچی له‌مباره‌یه‌وه نه‌گوت. دادگاییه‌کان له ده‌وری هه‌ندێک که‌سی تاوانبار بهرتهسککرانهوه. له‌لایه‌کیتر دادگا پرسیاری به‌رامبه‌ر به تاوانباریی ئێراق وه‌ک ستات له تاوانکاریه‌کاندا دانه‌نا، هیچ پرسیارێک له‌مباره‌یه‌وه نهوروژێندرا، به‌پێچه‌وانه‌وه دادگا به سه‌روه‌ری و ره‌وایه‌تی و ده‌ستپاکی ستاتی ئێراق و مێژووی ڕابردووی ئێراقی هه‌ڵدا. به‌رپرسیارنه‌کردنی ستاتی ئێراق له تاوانکاریه‌کاندا، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ی نه‌زانی و بێئاگایی یا به‌لاوه‌نانی پرسیاره‌که له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی کوردیه‌وه بووبێ یا به‌لاوه‌نانی ئه‌و پرسیاره له‌لایه‌ن سه‌رکرده عه‌ره‌به‌کانه‌وه بووبێ، یا له‌به‌ر بێتوانایی دادگا بووبێ یا هه‌ر هۆکارێکی دیکه بووبێت، ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنی بۆ هه‌نگاوه‌کانی پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه ودانپێنان هه‌یه و هه‌بووه. ستاتی ئێراق تاوانبار نه‌کرا و ئێستا ستات له دیدی گه‌لێ له سه‌رکرده عه‌ره‌به‌کان به‌رامبه‌ر به تاوانکاریه‌کان تاوانبار نییه. هه‌ندێ له‌وانه ئێراق به‌تاوانبار نازانن و پرۆسه‌ی دداگاییهکه به‌ڕه‌وا نازانن، بۆیه شتێک نییه داوای لێبووردنی بۆ بکریت. به‌شێکیتر ده‌کرێ پێیان وابێ که سه‌رانی ڕژێمی به‌عس تاوانبار بوون و ئه‌وانیش درانه دادگا و سزادران، هه‌روه‌کو گه‌لێ له‌و سه‌رکردانه پێیانوایه سه‌رانی ڕژێمی به‌عس بێبه‌رین له پاکی و پیرۆزیی ستاتی ئێراق. به‌جۆرێ له جۆره‌کان ره‌تی نوێنه‌ربوونی ئه‌وان وه‌کو نوینه‌ری ستات له ڕابردوودا ده‌که‌نه‌وه. به‌مجۆره له‌و دیده‌وه ستات تاوانبار نییه و هه‌روه‌ها سه‌رانی ئێستای ئێراق به‌رپرس نین له تاوانه‌کانی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس، بۆیه ئاماده نین داوای لێبووردن له تاوان بکه‌ن که ئه‌وان لێی به‌رپرسیار نین، یا ستات به‌تاوانبار بده‌نه ناساندن له تاوانکارییه‌ک که سه‌رانی ڕژێمی به‌عس لێی به‌رپرسیارن[xiii].
- چاره‌سه‌ری نیوه‌چڵی رامیاری بۆ کێشه‌کانی رابردوو به‌مجۆره مانه‌وه‌ی فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کانی رابردوو و په‌یدابوونی فاکته‌ری دیکه‌ی نه‌رێنی. فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کان که هۆکاری کیشه رامیاریه‌کان بوون و ئیستاش ماون و چاره‌سه‌ر نه‌کراون، بۆ نموونه ده‌سه‌ڵاتی زاڵی گروپێکی ئه‌تنی، سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی و ئێتنی، نایه‌کسانی له دابه‌شکردنی ده‌سه‌لات و ساماندا، لاوازی ناسنامه‌ی ستات له‌به‌ر نه‌بوونی پشتگیری یه‌کپارچه‌یی خه‌لک بۆ ده‌سه‌ڵات و دلسۆزیان بۆ ستات، قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات، نیپۆتیزم (خزمخزمێنه و برادهرادهرایهتی) ، جوداکاری، پیاده‌کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بنه‌ماڵه و پارت، کێشه دیمۆگرافیهکانی ناوچه کیشهلهسهرهکانی سنور، کیشه‌ی سنوره ناوخۆییه‌کان، نه‌بوونی دڵنیایی داد، نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی دادگا، په‌راوێزکردنی که‌مه نه‌ته‌وه‌کان، بێ‌بڕوایی و نه‌بوونی متمانه له نیوان نه‌ته‌وه و گروپه ئهتنیهکاندا، نایه‌کسانی ئازادی له‌نیوان ئایینیه‌کاندا، ناره‌واییه مێژوویه‌کان و چاره‌سه‌ر نه‌کردنیان، دیلامای ئاسایشی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی، ئه‌گه‌ره‌کانی جیابوونه‌وه، نه‌بوونی ئازادی له هه‌ڵبژاردنی مافی چاره‌نوسدا هتد. ئه‌و چاره‌سه‌ره رامیارییه‌ی که له‌ده‌ستوردا رێککه‌وتنی له‌سه‌رکرا و کرایه بنچینه‌ی پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ستات و ستاتی گه‌یانده ئه‌و باره‌ی ئێستای نه‌یتوانی فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، هه‌روه‌کو ئێستاش فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کان هه‌ن و مه‌ترسی خراپتربوونیان لێده‌کرێت. ئه‌و باره ناسه‌قامگیره رامیارییه که به‌هۆی چاره‌سه‌رنه‌بوونی کێشه‌کان درێژه‌یان هه‌یه، به‌ڵگه‌ی مانه‌وه‌ی فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کانن که لایه‌نه ناکۆکه‌کان زیاتر له‌یه‌کتر دوور ده‌خه‌نه‌وه و بۆشایی نێوانیان فراوانتر ده‌کات. به‌رده‌وامی کیشه و ناکۆکیه‌کان که بێمتمانه‌یی نێوان لایه‌نه‌کان زیاتر ده‌کات، ئه‌و بنچینه‌یه‌ی که بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی درێژخایه‌ن گرنگه زیاتر لاواز ده‌کات یا نایانهێڵێت، به‌مجۆره زیان به هه‌نگاوه‌کانی دانپینان و کرانه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت. له‌بیرمان نه‌چێت چاره‌سه‌ری دروست و گونجاو که بتوانێ فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کانی ناکۆکییه‌کان چاره‌سه‌ربکات هه‌نگاوی گرنگی بنچینه‌ییه بۆ پرۆسه‌ی دواتری ئاشتبوونه‌وه‌ی ئه‌رێنی درێژخایه‌ن[xiv].
- به‌هێزیی ناوکگهرایی ئه‌تنی و بیری په‌ڕگیرانه له‌وانه ناسیونالیزمی ئه‌تنی په‌ڕگیرانه یا ئیسلامیستی پهرگیرانه، ده‌کرێ ئه‌و چه‌مکانه هه‌مووی له دیدی هه‌ندێ یا گه‌لێ له مرۆڤه تووندرهوهکاندا به‌زاڵی له ناو نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌ی عه‌ره‌بدا هه‌بن. بیروهزری ناوکگهرا که‌دژایه‌تی به‌رامبه‌ر به گروپێکی ئه‌تنی یا زیاتر له‌خۆ ده‌گرێت له دیدی یه‌کلایه‌نه‌ی خۆیه‌وه بابه‌ت و کێشه‌کان ده‌بینێت، له‌و دیده‌وه خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌ت بۆ کێشه‌کان ده‌کات و چاره‌سه‌ره‌کان ههلهێنجراوی جۆره لێکدانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌بن. کاتێ بیری ناوکگهرا ئاستی پهرگیریهکهی ده‌چێته‌سه‌ر دیده‌کانی پشووتهنگتر ده‌بێت و شێلگیرانه‌تر پێ له‌سه‌ر دیدی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌گرێت. بۆنمونه عه‌ره‌به ناسیونالیسته تووندره‌وه‌کان ره‌خنه له پرۆسه‌ی رامیاری دوای رژێمی به‌عس ده‌گرن و دژی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کین، له‌هه‌مان کاتدا پرۆسه‌ی دادگاییه‌کان به ده‌ستکردی ئه‌مه‌ریکا ده‌زانن، ئه‌وانه گه‌لێکیان پێیانوانییه تاوانی گه‌لکوژی و دژ به مرۆڤایه‌تی روویاننه‌داوه، به‌ڵکو ئێراق و عه‌ره‌ب به‌رگریان له خۆیان کردووه. ئه‌وانه واتایه‌ک له داوای لێبووردنکردن نابینن و به ناگونجاو و ناڕه‌وای ده‌زانن، چونکه خۆیان به قوربانی پلانی ده‌ره‌کی ده‌بینن. گه‌لێ له ئیسلامیسته‌کان به‌هۆی پشووتهنگیان و بڕانهبوونیان به بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی نه عه‌ره‌ب گه‌لێجار هه‌مان بۆچوونی ناسیونالیسته تووندڕه‌وه عه‌ره‌به‌کانیان هه‌یه و دژی دانپێنان به لایه‌نی به‌رامبه‌رن، به‌مجۆره دژی داواکاریه‌کانی لایه‌نی قوربانی ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌و دوورووییهی ئیسلامیسته‌کان له زۆر بۆنه‌دا ده‌رکه‌وتووه و جوداکاری به‌رامبه‌ر به‌و گه‌لانه ده‌که‌ن که ستاته ئیسلامی یا عه‌ره‌بیه‌کان ده‌یانچه‌وسێننه‌وه. بۆیه سه‌یر نییه که پشتی ده‌سه‌لاتداری عه‌ره‌بی و ئیسلامگه‌رای ئێراق بگرن و دژی هه‌ر هه‌نگاوێک بن ئێراق وه‌کو ستاتێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌گه‌ڵی نه‌بێت. له‌بیرمان نه‌چێت ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی هه‌میشه ئایینی ئیسلامی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی به‌کار هێناوه. وڵاتانی ئیسلام و ئیسلام سیسته‌مه‌کان ئه‌وه‌یان به به‌ڵگه‌وه کردووه بۆنمونه له کێشه‌ی فه‌له‌ستیندا. دیاره ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی ئیسلام و که‌لتوری ئیسلام به هی خۆی تێده‌گات، هه‌روه‌کو ئیسلام له‌هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا چاوی هه‌ڵهێناوه. له‌ئێراقدا هه‌ردوو گرووپی تووندڕه‌و یا ناوکگهرا هه‌ن. ئه‌و لایه‌نه تووندره‌وه که نکۆڵی له تاوانباری ستاتی ئێراق ده‌کات، تاوانبارکردنی ستات به نه‌نگی و شه‌رم بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئێراق ده‌بینێ. به‌رده‌وامی کێشه ناوخۆییه‌کانی ئێراق، ئه‌و پشووته‌نگی، ره‌تکردنه‌وه و نکۆڵیکردنه‌ی که هه‌یه به‌هێزتر ده‌که‌ن، ئه‌نجامیش زیاتر دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له پرۆسه‌ی کرانه‌وه، هه‌نگاوه‌کانی دانپێنان و داوای لێبووردنکردن[xv].
سه‌رکرده‌کانی ئیستای ئێراق و بهرپرسیاریهکانیان
ئه‌و ده‌سه‌لات و رژێمه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدایه و له‌سه‌رده‌مێکی تایبه‌تدا تاوانی گه‌لکوژی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌دات، و بڕیاره‌کان له لایه‌ن سه‌رانی ستاته‌وه ده‌رده‌چن، جێبه‌جێکردنی تاوانه‌که به ئامراز و که‌ره‌سته، ئۆرگان و دامه‌زراو، داموده‌زگا سه‌ربازی و ستاتیه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت، له‌مباره‌دا ستات به‌رپرسیاریی ته‌واوی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.[xvi] ئه‌و ستاته له هه‌ر سه‌رده‌م و کاتێکدا تاوانه‌که ئه‌نجام بدات ئه‌و به‌رپرسیارییه مێژووییه‌ی له‌سه‌ر ده‌مێنێت و پێویسته دانی پێدا بنێت. به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی کێ دواتر ده‌سه‌ڵاتی ستاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه. هه‌روه‌کو چۆن ستات به ڕێککه‌وتننامه ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه ملکه‌چه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات و که‌سه‌کان له کات و سه‌رده‌می جیاجیادا ده‌گۆڕێن. دیاره ده‌سه‌ڵاتی یا رژێمی نوێ له چوارچیوه‌ی یاساییانه‌ی ستاتدا واته ده‌ستوردا ره‌وایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی ستات به‌ده‌ست ده‌هێنیت، بوونی خۆی له‌و رێگه‌یه‌وه کانونیانه ره‌وا ده‌بینێت و بانگاشه ده‌کات، به‌مواتایه بوونی ستات و ده‌ستوری ستاته ره‌وایه‌تی به ده‌سه‌لاته‌که به‌خشیووه.
وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان بۆکرد، له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ستاتدا ستات وه‌کو دامه‌زراو و یه‌که رامیاریه‌که بوونی ده‌مێنێت، ئه‌وه‌ی دێت و ده‌ڕوا یا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت رژێم و ده‌سه‌ڵاته‌کان و سیسته‌مه‌کانن. هه‌ر ده‌سه‌ڵات و رژێمێک دیموکراسیانه یا نادیموکراسیانه دێن و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست به‌پێی سیسته‌می یاسایی و ده‌ستوریی، که ره‌وایه‌تی خۆی له بۆته‌ی ستاتهکهوه وه‌رگرتووه، ره‌وایه‌تی ده‌ده‌نه بوونی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان و بانگاشه‌ی ره‌وایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بۆ ستات ده‌که‌ن. هه‌ر رژێمێک که ده‌سه‌ڵات له ستاتدا ده‌گرێته ده‌ست، ماف و به‌رپرسیاری و ئه‌رکه‌کانی ستاتهکهی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، به‌هه‌مان شێوه کاروکرده‌وه‌کانی رابردوو، کۆنتراکت و گرێبه‌سته‌کانی رابردوو، به‌شداری و واژوکردنهکانی ستات له رێککه‌وتنه جیهانیه‌کاندا که له‌رابردوودا کراون ئه‌وانه هه‌مووی به‌رپرسیارین ده‌که‌ونه ئه‌ستۆی رژێمه هاتووه‌که. که‌سه‌کان که ده‌سه‌ڵاته به‌رێوه‌به‌ری و کانونیهکه به‌ڕیوه ده‌به‌ن، ئه‌و کارانه‌ی رابردوویان ئه‌نجام نه‌داوه، واژووی رێککهتنهکانیان نه‌کردووه، به‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداو و هه‌نگاوانه به ستاته‌وه به‌ندن و له‌سه‌ر ستاتدا ماڵن، ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ له ئاست هه‌نگاوه‌کانی ستات له ڕابردوودا ئه‌رک و به‌رپرسیاریان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، چونکه ئێستا ئه‌وان سه‌رۆکایه‌تی ستاته‌که ده‌که‌ن و نوێنه‌ری ستاتن. ئه‌گه‌ر ئه‌ڵمانیا بکه‌ینه نمونه، سه‌یر ده‌که‌ین هیلمه‌ت کۆڵ و ئه‌نگیلا مێرکل تاوانی هۆلۆکۆستیان ئه‌نجام نه‌داوه، ئه‌وان کۆنڤهنسیۆن و رێککه‌وتنه ناوچه‌یی و جیهانیه‌کانی رابردوو و سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌میان واژوو نه‌کردووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستاتی ئه‌ڵمانیا له‌و کرده‌وانه به‌رپرسیاره، وه ئه‌وان له قۆناغی خۆیاندا نوێنه‌ر و به‌ڕیوه‌به‌ری ئه‌لمانیا بووین یا هه‌روه‌کو ئیستا مێرکل سه‌رۆکی ئهلمانیانه، ئه‌و ئه‌رک و بهرپرسیاریانهیان که‌وتۆته ئه‌ستۆ. دیاره ئه‌وان له‌و به‌رپرسیارییه ده‌گه‌ن بۆیه یهکودوویان له داوای لیبووردن له گه‌لی قوربانی جوله‌که نه‌کردووه و هه‌میشه وه‌کو ئاوخواردنه‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆ و پیاده‌یان کردووه. چونکه ئه‌وان دانی ته‌واویان به تاوانه‌که‌دا ناوه و ستاتی ئه‌ڵمانیا به‌به‌رپرسیار ده‌زانن، به‌مشێوه‌یه ئه‌وان ئه‌و مێژووه‌یان تێپه‌ڕاندووه و ریسوایان کردووه. ئه‌وان که بروایان به ئاشتی درێژخایه‌ن و به‌یه‌که‌وه‌ژیانی ئاشتیانه هه‌یه، کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ دانپێنان و داوای لێبووردنکردندا نه‌بووه و نییه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ئێراق که نوێنه‌ری ستاته‌که ده‌که‌ن و له پاراستنی‌دا به‌رپرسیارن، به‌پێی ده‌ستوری ئێراقی هه‌لبژێردراون و وه‌کو نوێنه‌ری خه‌ڵکی ئێراق ناسراون، ئه‌رک و به‌رپرسیاریان له ئاست کرده‌وه و کار و هه‌نگاوه‌کانی ستات له رابردوو و ئێستادا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. گرنگ نییه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌لاتی عه‌ره‌به شیعه‌کانه، عه‌ره‌به سوننه‌کانه، یا کورده‌کانه یا ده‌سه‌لاته‌که که هه‌موو ئه‌و گروپانه ده‌گرێته‌خۆی وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه که نوێنه‌ری سه‌ره‌کی ستاتی ئێراقن، سه‌رۆکی ئێراق جه‌لال تاله‌بانی، سه‌رۆکی وه‌زیران نوری مالیکی، سه‌رۆکی پارله‌مان که عه‌ره‌بێکی سوننه‌یه داوای لێبووردن له گه‌لی کورد بکه‌ن سه‌باره‌ت به‌و تاوانکاریانه‌ی که له رابردوودا له‌دژیدا ئه‌نجام دراوه به‌تایبه‌تی تاوانه‌کانی گه‌لکوژی و پاکتاوی ره‌گه‌زی وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان بۆکردن. دیاره داوای لێبووردنکردن ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ک نییه، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌که ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌زگاو دامه‌زراوه گرنگه‌کانی وه‌ک په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕیوه‌به‌ری وڵات په‌سندبکرێت پاشان رابگه‌یه‌ندرێت و هه‌نگاوه‌کانی پراکتیکیانه بهاوێژرێن.
دوای په‌سندکردنی له‌لایه‌ن پارله‌مان و ئهنجمونهی وه‌زیران و سه‌رۆکی وه‌زیرانه‌وه ده‌کرێ جه‌لال تاله‌بانی وه‌کو نوێنه‌ری یه‌که‌می ئێراق له‌جیاتی هه‌موو گه‌لانی ناو ئێراق داوای لێبووردن له‌گه‌لی کورد بکات، پرۆسه‌کانی داوای لێبووردنه‌که هه‌نگاوی لێره‌وه بۆ بنرێت. سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانی دیکه که به‌رامبه‌ر به‌تایبه‌تی عه‌ره‌به شیعه‌کان له رابردوودا کراون پێویسته هه‌مان هه‌نگاو بندرێت و داوای لێبووردن بکرێت. وه‌کو چۆن سه‌رۆکی ئه‌ڵمانیا و ئوسترالیا داوای لێبوردنیان له گه‌لی قوربانی سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانی رابردوو کرد ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وه‌کو که‌س تاوانبار نین، به‌هه‌مان شێوه له‌سه‌ر تاله‌بانی و مالیکییه داوای لێبوردن له گه‌لانی قوربانی له‌سه‌ر تاوانه‌کانی رابردوو بکه‌ن.
گرنگ نییه ئه‌و که‌سه که نوێنه‌ر یه‌که‌می ئێراقه کێیه و سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌که، گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه نوێنه‌ری ستاته، ئه‌رک و به‌رپرسیاری رابردووی و ئێستای ستاتی له ئه‌ستۆدایه. بۆیه داوای لێبووردنکردن له گه‌لی قوربانی یه‌کێکه له ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی ئه‌و که‌سه. ره‌نگه پرسیاری ئه‌وه بکرێت چۆن ده‌کرێ جه‌لال تاله‌بانی که خۆی کورده و سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی قوربانییه ئه‌و کاره بکات و داوای لێبوردن له خه‌ڵکی کوردستان بکات، یا نوری مالیکی خۆی عه‌ره‌بی شیعه‌یه و داوای لێبووردن له شیعه‌کانی ئێراق بکات؟ وه‌کو گوترا گرنگ نییه ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌سه‌لات ده‌گرنه ده‌ست کێن، ئه‌و که‌سانه که به‌رامبه‌ر به ستات به‌رپرسیارن و ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له بوون و ده‌ستوری ستاتی ئێراقه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌رکی ئه‌وه‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ که داوای لێبوردن له‌سه‌رئه‌و تاوانانه‌ی که ئێراق لێیان به‌رپرسیاره له گه‌لانی قوربانی تاوانه‌کانی گه‌لکوژی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی یا تاوانی جه‌نگ بکه‌ن. واته پله‌وپایه‌که‌ی ئه‌وان ئه‌و ئه‌رک و به‌رپرسیارییه ده‌خاته سه‌ر شانی ئه‌وان. به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر ئێراق وه‌کو ستات بوونی نه‌مێنێت ئه‌و کاته شتێک به‌ناوی ستات ئێراق نامێنێت بۆیه شتێکیش به‌ناوی سه‌رۆکی ستاتی ئێراق یا ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانره‌وای ئێراق بوونی نابێ تا ئه‌و ئه‌رکه بگرێته‌ئه‌ستۆ و جێبه‌جێی بکات. که ئێراق وه‌کو ستات ماوه و ئه‌وان سه‌رپه‌رشتی ده‌که‌ن، ئه‌رکه‌که له‌سه‌رشانی ئه‌واندایه. که ئێستا ئه‌وان سه‌رۆکی ئێراقن له‌سه‌ریانه به‌و ئه‌رکه هه‌لسن، هه‌ر خۆلادانێک له‌ژێر ناوی هه‌ر بیانوێک بێت، ڕاکردنه له‌ئه‌رکی سه‌رشانیان، شکستهێنانه بۆ بانگاشه‌ی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، هه‌روه‌ها جۆرێکه له نکۆڵیکردن.
ره‌نگه پرسیار بکرێت و بگوترێت هێشتا کوردستان سه‌ربه‌خۆ نییه بۆیه گونجاو نییه کورد داوا له ئێراق بکات داوای لێبووردنی لێ بکه‌ن. دیاره ئه‌گه‌ر باشوری کوردستان له ئێراق جیاببایهوه و کوردستان خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی خۆی بایه، له‌و باردا خه‌لکی کوردستان له چوارچێوه‌ی ستاتێکی سه‌ربه‌خۆدا داوای ئه‌وه‌یان له ئێراق ده‌کرد که داوای لێبووردن له گه‌لی کورد بکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردستان سه‌ربه‌خۆ نییه واتای ئه‌وه نییه که ئه‌و ئه‌رک و به‌رپرسیاریه له‌سه‌ر سه‌ران و ده‌سه‌لاتدارانی ئێستای ئێراقدا نه‌بیت. به‌رپرسیاریه‌که له‌هه‌ردوو باردا به زیندوویی هه‌ن.
ئه‌گه‌ر بهگهشبینیهکی خۆشباوهرانهوه سه‌یری ئێراق بکه‌ین، سه‌یرده‌که‌ین هه‌موو لایه‌نه ئێراقییه ده‌سه‌لاتداره‌کان به‌گوتن بانگاشه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ژیانی ئاشتیانه ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها هه‌رێمی باشوری کوردستان به‌شێکه له‌ئێراق. ئێستا جه‌لال تاله‌بانی که که‌سێکی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی کورده و سه‌رۆکی ئێراقه، ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌لاته‌کانی زۆر سنوردارن، ئه‌و باره ده‌رفه‌تێکی گونجاو ده‌ره‌خسێنێ که بتوانێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی ئاشتبوونه‌وه و به‌یه‌که‌وه‌ژیان بنوینێت. ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی ئێستای ئێراق کۆمه‌ڵێ که‌سی له‌سه‌ر تاوانه‌کانی گه‌لکوژی دایه دادگا و سزادران، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ی داوای لێبووردن کردن ئاسان ده‌کات. به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوه‌کانی ئاشتبوونه‌وه و به‌یه‌که‌وه‌ژیان ئه‌رکێکی گرنگه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارنی هه‌رێمی کوردستان، ده‌بێ ئه‌و داواکارییه راسته‌وخۆ و کۆنکریتیانه پێشکه‌ش به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و پارله‌مان بکه‌ن. هه‌روه‌کو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد شانازی به رۆڵی گرنگیان له دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا ده‌که‌ن و بانگاشه‌ی سه‌رکه‌وتوویی خۆیان ده‌که‌ن، بۆیه دهدیهێنانی ئه‌و ئه‌رکه زیاتر خۆی دێنیتهپێش و خۆی به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێ. ئه‌گه‌ر گوتن و کرداری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراق هاوتهبابان، نه‌ده‌بوایه پرۆسه‌ی داوای لێبووردن کردن سه‌خت بێت و کیشه دروستبکات.
به‌ڵام وه‌کو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد بنچینهگرنگهکانی پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی درێژخایه‌ن لاوازن یا له‌گۆڕیدا نین و کێشه له‌مباره‌یه‌وه زۆرن. ئه‌و هۆکارنه ئاماژه‌ی مه‌ترسیدارن و به‌جۆرێ له جۆره‌کان ئه‌گه‌ره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌کان به‌کراوه‌یی ده‌هێڵننه‌وه.
ئه‌نجام
ستات یه‌که‌یه‌کی یا دامه‌زراوێکی رامیارییه که سه‌روه‌ری یاساییانه له ناوچه‌یه‌کی سنورداردا داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و ده‌سه‌لاته رامیارییه‌ی که ستات به‌رێوه‌ده‌بات نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و دامه‌زراوه ڕامیارییه ده‌کات و لێی به‌رپرسیاره. هه‌رچی له مێژووی ستاتدا تۆمارکراون ستات خاوه‌نیه‌تی. ستات تا ئه‌و ساته‌ی بوونی هه‌یه به‌بێ گوێدانه کات و سه‌رده‌م، ئه‌رک و به‌رپرسیاریی یاساییانه و مۆرالانه ده‌خاته سه‌ر فه‌رمانره‌وا و دانیشتوانه‌کانی.
هه‌ر تاوانکارییه‌ک جا تاوانی گه‌لکوژی، تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی یا تاوانی جه‌نگ بێت، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ له‌لایه‌ن که‌س و ئۆرگانه‌کانی ستاته‌وه ئه‌نجامدرابن، به‌رپرسیارییه‌که‌ی ده‌که‌ویته ئه‌ستۆی ستات. به‌پێی رێککه‌وتننامه‌ی گه‌لکوژی، بڕیاره‌کانی کانونی کۆمیسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی، وه په‌ره‌گرافه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که‌له‌سه‌ر به‌رپرسیاری ستاته‌وه هه‌ن، ستات به‌رپرسیاره له‌و تاوانانه‌ی به‌به‌ڵگه‌وه بهستاتهوه ده‌لکێندرێن. ده‌سه‌لاتدارانی ستات له‌سه‌ریانه له ئاستی ستاتدا داوای لێبووردن له لایه‌ن و گه‌لانی قوربانی بکه‌ن، هه‌روه‌کو ستات به‌رپرسیاریی مۆرالی و یاساییانه‌ی سه‌باره‌ت به رابردووی ستات له ئه‌ستۆدایه.
داوای لێبووردنکردن له ئاستی ستاتدا پرۆسه‌یه‌کی سه‌خته، ئه‌و هه‌نگاوه له‌ئه‌گه‌ری بوونی ده‌سه‌ڵاتی کراوه و دیموکراسیدا ئه‌گه‌ری روودانی هه‌یه. داوای لێبووردنی گونجاو له نه‌ته‌وه‌ی قوربانی یا لایه‌نی قوربانی زۆر له مه‌رجه گرنگه‌کانی داوای لێبووردن پڕده‌کاته‌وه، ئه‌و ستاته به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوان ده‌دات، ده‌رگه به‌ڕووی ئاشتبوونه‌ی راسته‌قینه و هاوکاری درێژخایه‌ن له‌سه‌ربنچینه‌ی متمانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌کاته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه نکۆڵیکردن ده‌رگه به‌ڕووی چاره‌سه‌ر و ئاشتی درێژخایه‌ن داده‌خات و ئه‌گه‌ره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوان به‌کراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌وه به‌پێی شوێن و چۆنیه‌تی کێشه ده‌گۆڕێت. داوای لێبوردنکردنی ستاتی تاوانبار تێپه‌راندنی که‌لتوری ره‌تکردنه‌وه، خۆپه‌رستی، لوتبه‌رزی و له‌خۆبایی بوونه و په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ هه‌واری دانپێنان، رێزگرتن، له‌به‌رامبه‌ر گه‌یشتن و گوزه‌رانکردنی هاوبه‌ش.
به‌پێی فاکته‌ره زۆره‌کان ستاتی ئێراق تاوانباره له تاوانی گه‌لکوژی کورده فه‌یلیه‌کان له 70 و 80 کاندا، تاوانی گه‌لکوژی بارزانیه‌کان له 1983 دا، تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له 1988 دا هه‌روکو هه‌موو تاوانه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رانی رژێمی به‌عس له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌رۆکی ئێراق سه‌دام حوسین بڕیاریان بۆ ده‌رچوو و له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی رژێمی به‌عس، ده‌زگا ودامه‌زراوه‌کانی ستاتی ئێراق ئه‌نجام دران.
ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێراق له‌سه‌ریه‌تی داوای لێبووردن له هه‌موو ئه‌و بڕیار و کرداره ستاتیانه بکات که تاوانه‌کانیان به‌رهه‌م هێنا، تاوانکاریه‌کان ریسوا بکات، چۆنیه‌تی تاوانکاریه‌کان، ئه‌نجامدانیان و هۆکاره‌کانی پشتی تاوانه‌کان دیار بکات، به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌کان بدات، راستگۆیانه به‌ره‌ورووی مێژووی رابردوو ببێته‌وه په‌نجه له‌سه‌ر تاوانکان دابنێت، ئاماده‌یی بۆ جێبه‌جێکردنی ماف و داواکاریه‌کانی لایه‌نی قوربانی پراکتیکیانه بنوێنیت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراق تائێستا داوای لێبووردنیان له نه‌ته‌وه‌ی قوربانی کورد یا خه‌لکی کوردستان نه‌کردووه، نکۆڵیکردن له‌و داوایه هه‌یه. ده‌کرێ هۆکاره‌کانی ئه‌وه بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ کێشه‌کانی پرۆسه‌ی دادگاییه‌کان، به‌رپرسیارنه‌کردنی ستاتی ئێراق و نه‌وروژاندنی پرسیاریی تاوانباریی ستات له تاوانه‌کاندا، چاره‌سه‌ری نیوه‌چل و لاواز بۆ کێشه‌کانی رابردووی نێوان عه‌ره‌ب و کورد، هه‌روه‌ها به‌هێزیی ناوکگهرایی و توندره‌وی ناسیونالیزمی ئه‌تنی و ئیسلامی له ناو عه‌ره‌به‌کانی ئێراقدا.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ئێراق که نوێنه‌ری ستاته‌که ده‌که‌ن و یاساییانه له‌به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیارن له ئاست کرده‌وه و کار و هه‌نگاوه‌کانی ستات له رابردوودا ئه‌رک و به‌رپرسیاریان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. گرنگ نییه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کێیه و سه‌ربه چ گروپ و نه‌ته‌وه‌یه‌که، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ریه‌تی سه‌باره‌ت به‌و تاوانکاریانه‌ی که له رابردوودا ئه‌نجام دراون داوای لێبووردن له ناسیۆنی کورد و خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن. داوای لێبووردنکردن ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ک نییه، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌که ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌زگاو دامه‌زراوه گرنگه‌کانی وه‌ک په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕیوه‌به‌ری وڵات په‌سندبکرێت پاشان رابگه‌یه‌ندرێت و هه‌نگاوه‌کانی پراکتیکیانه بهاوێژرێن. خۆلادان له‌و پرسیاره جۆرێکه له نکۆڵیکردن که ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوان به‌کراوه‌یی ده‌هێلێته‌وه.
شاخه‌وان شۆڕش
26.09.2012
[1] ئه‌و بابه‌ته به درێژی له وتاری ” تاوانباریی ئێراق وه‌کو ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا ” گوتنی له‌سه‌ر کراوه، سه‌یری وتاره‌که له‌رێگه‌ی ئه‌و لینکه‌وه بکه: http://kadirshorsh.com/?p=72
[i] Heywood, Andrew 1997, Politics p. 5-8.
[ii] سه‌یری ڕێکه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی بکه: http://www.hrweb.org/legal/genocide.html
[iii] سه‌یری ته‌واوی ئه‌رتیکله‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی بکه: http://untreaty.un.org/ilc/texts/instruments/english/draft%20articles/9_6_2001.pdf
[v] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: Saunders, Cat, Four Principles of Effective Apology, This article is a chapter excerpted from Dr. Cat’s Helping Handbook: A Compassionate Guide for Being Human: http://www.drcat.org/dchh/html/apology.html
[vi] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: Holthouse, David 2008, State of Denial, http://www.splcenter.org/get-informed/intelligence-report/browse-all-issues/2008/summer/state-of-denial
[vii] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: Glaser, Charles L., and others 2009, Roundtable Discussion of Jennifer Lind’s Sorry States: Apologies in International Politics, Journal of East Asian Studies 9 (2009), 337–368.
[viii] Kreb, Mike, 2008, “Sorry” For Genocide? Residential school apology in context , http://www.dominionpaper.ca/articles/1928
[ix] Full text of Kevin Rudd’s speech, February 2008, Herald Sun, http://www.heraldsun.com.au/news/full-text-of-kevin-rudds-speech/story-e6frf7jo-1111115541155
[x] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: دادگای تایبه‌تی ئێراق: “دادگایی‌کردنی سه‌دام و تاوانباران، کۆمه‌ڵێ پرسیار و وه‌ڵام”: http://kadirshorsh.com/Dadgayikirdni%20Sadam%201.7.2004.pdf
[xi] سه‌یری ئه‌و لینکه له‌سه‌ر دادگای نۆرمبێرگ Nuremberg Trials بکه: http://en.wikipedia.org/wiki/Nuremberg_Trials
[xii] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: دادگای باڵای ئێراق: ناڕاشیونالی و گه‌مه‌ی ئێراقچیه‌تی دادگا، لاوازی و نابووتی که‌سه کورده‌کان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاته سه‌پێندراوه‌کان http://kadirshorsh.com/Dadga..nabuti%20beramber%20be%20deselate%20balakan2.pdf
بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی زیاتر له‌سه‌ر دادگا و کورد و ئێراق سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://kadirshorsh.com/Shaxewan.htm
[xiii] سه‌یری ئه‌و وتارهبکه: تاوانباریی ئێراق وه‌کو ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا، 2008، http://kadirshorsh.com/?p=72
[xiv] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: بنچینه‌یاسای ئێراق: سه‌یرێکی ره‌خنه‌گرانه سه‌باره‌ت به مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان: http://kadirshorsh.com/Const.%20Kurd%20u%20const…pdf
بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر:
- Kuwabara, Ko, Apology and denial in online trust repair: Effects for victims and observers, Cornell University. http://hornbeam.cs.ucl.ac.uk/philip/reinvent06/presentations/Kuwabara_Chi06_Trust.pdf
- Gioka, John, November 15, 2000, RECOGNITION, RECONCILIATION AND HEALING، Paper prepared for the Aboriginal Justice Implementation Commission.
- M Debono-De-Laurentis, What is an Apology? http://www.maxddl.org/What_is%20_an_Apology.pdf
- John, Kador, Why is Apology So Difficult? http://www.affluentmagazine.com/articles/article/214
- Scheffer, David: The World Court’s Fractured Ruling on Genocide, in Genocide Studies and [xvi] Prevention, Vol. 2 No 2. Summer 2007, pp. 123-137.
- Milanovic, Marko, 2006, State Responsibility for Genocide, The European Journal of International Law Vol. 17 no.3 © EJIL 2006; all rights reserved: http://www.ejil.org/pdfs/17/3/204.pdf
- Karn, Alexander and Elazar Barkan, 2006, Taking Wrongs Seriously, Apologies and Reconciliation: http://books.google.se/books?hl=da&lr=&id=R-xXxCOXlkAC&oi=fnd&pg=PR9&dq=the+german+apology+&ots=sFEICzrz_p&sig=OY_3ivdslAL-ppWztKtfm4gwHnw&redir_esc=y#v=onepage&q=the%20german%20apology&f=false
سەرنج بنێرە