تکای یارمەتی لە ئەمەریکا

لە بەغدا دژی یەک کاریان کرد، داوایان لێکرا سوپا یەکخەن نەیانکرد، داوایان لێکرا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکەن نەیانکرد، سەدان هۆشداریان درایێ بەڵام گوێیان نەگرت، کەچی ئێستا داوای هاوکاریی لە ئەمەریکا دەکەن.

تکای یارمەتی لە ئەمەریکا: مەسروور مەسعود بارزانی نامەیەکی لە 3\9-2023 دا بۆ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن ناردووە و داوای بە هانا هاتنی لێ دەکات. هەموو نامەکە بڵاونەکراوەتەوە تەنها هەندێکی لێ بڵاوکراوەتەوە. مەسروور بۆ بایدنی نووسیووە: ئێستا لە قۆناغێکی گرنگی دیکەی مێژووماندا بۆتان دەنووسم، کە ترسم هەیە بەزەحمەت تێپەڕین. … ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە خوێنمان لێدەچۆڕێت و لە ڕووی سیاسییەوە خوێنمان لێدەچۆڕێت. بۆ یەکەمجار لە ماوەی سەرۆکوەزیرانیمدا، نیگەرانییەکی گەورەم هەیە کە ئەم هەڵمەتە بێشەرەفانەی دژی ئێمە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی … هەر ئەو مۆدێلەی عێراقێکی فیدراڵی کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا سپۆنسەری کرد و لەو کاتەوە گوایە لە تەکی وەستاوە.”

تا کاتی نووسینی ئەم وتارە بەڕێوەبەریی بایدن وەڵامی مەسرووریان نەداوەتەوو. ئەمەریکا بە فەرمی لە ساڵی 2011 کشاوەتەوە و بە گوتنی خۆیان ئەم ئەرکانەی پێشوویان سەبارەت بە ئێراق لە ئەستۆدا نییە. کەسێکیتر لە بەرێوەبەریی بایدن گوتوویەتی با کوردەکان پێش هەر شتێ ناکۆکی نێوان خۆیان چارەسەر بکەن ئەوجا ڕوو لە ئێمە بکەن.

سەبارەت بە رێکنەکەوتن و نەناردنی مووچە جێمس جەفری باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە ئێراق دەڵێت، ئێران بریار بەدەستە و ئەو لێناگەڕێت رێککەوتن بکرێت و نەوت بڕوات، چونکە مەبەستی ئێران تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

باشووری کوردستان ولاتێکی دەوڵەمەندە، لە ساڵی 1991 هەرێمی نەفرینی بۆ داندرا و وڵات کەوتە دەست حزبە کوردیەکان. هەرزوو پارتی و یەکێتی کۆمەلگە و بڕیاری سیاسی، داهاتی گەل و بازاڕیان قۆرغ کرد، شەڕی مەلایی و جەلالیان دەستپێکردەوە و داگیرکەرانیان ڕاکێشا و بەهەزارانیان لە پێناوی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا بەکوشتدا، پێشێلی مافی مرۆڤیان بە بەرفراوانی کرد و سەدان و هەزاران تاوانیان ئەنجام دا، دەیان کۆنتراکتی نەوتیان بێ پرسی گەل ئەنجامدا و نەوتی کوردستانیان هەرزانفرۆشکرد، بەدەیان ملیار دۆلاریان دزی، خەلکی کورستانیان خستە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلار. بەم جۆرە خەڵک قەرزار و برسی، خۆشیان تێر و ملیاردێر.

ئەو ئەمەریکایەی سەدامی رووخاند، دەستوری فیدرالی سەپاند، ئەوانی گەیاندە دەسەڵات و دەرگەی ملیارەها دۆلاری بۆ کردنەوە، ئەوان کە دەوڵەمەند بوون و هێزێکی فشۆڵیان پێکەوەنا لوتیان بەرزکرد و دژی وەستانەوە. بنەماڵەی بارزانی لەگەل رووسیای نەیاری ئەمەریکا کۆنتراکتی گاز و نەوتیان مۆرکرد. لە دژی یەکتر لەگەل تاران و ئەنقەرە رێککەوتنی نهێنیان مۆرکرد. لە دژی ئامۆژگاری ئەوان وەستانەوە و ریفراندۆمیان سەپاند. لە بەغدا دژی یەک کاریان کرد، داوایان لێکرا سوپا یەکخەن نەیانکرد، داوایان لێکرا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکەن نەیانکرد، سەدان هۆشداریان درایێ بەڵام گوێیان نەگرت، کەچی ئێستا داوای هاوکاریی لە ئەمەریکا دەکەن.

ئەمەریکا زلهێزێکی جیهانیە و تەنها و تەنها لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی خۆیدا هەنگاوی سیاسەتی دەرەوەی دەهاوێت. کە هەرێمی کوردستان بەم لاوازی و بچووکیەی خۆی گوێ بە ئەمەریکا نادات و خێڵگەرایانە لێدەخوڕێت، ئەمەریکا نەک باکی بەو هەرێمە ناسەربەخۆیە نابێت، بەڵکو دەرئەنجامی خراپیش چاوەروان دەکرێت.

کەوتنی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ ئێراق و ئێران و تورکیا و سوریا سەرکەوتنێکی گەورەیە بێ گومان، بۆیە هاوکاری یەکتر لەم بارەیەوە بێ گومان دەکەن.

باشووری کوردستان دەوڵەت نییە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا قورسایی نییە، بۆیە دەبوایە سەرانی دەسەلاتدار زۆر ژیرانە بجووڵێنەوە، بەرژەوەندیی بنەماڵە و خێڵ بەلاوە بنێن و بەرژەوەندیەکانی گەل و کوردستان بەرزکەنەوە، بەرێوەبەرییەکی سەرکەوتووی یەکگرتوو بنیات بنێن و هەرگیز دژی خواستەکانی ئەمەریکا نەوەستنەوە.

بۆیە بەر لە دوژمنانی کورد، میرنشینەکانی مەلایی و جەلالی لەم دەرئەنجامە بەرپرسیارن.

 

شاخەوان قادر شۆڕش

١٢/٩/٢٠٢٣

 

سەرچاوە..

https://www.al-monitor.com/…/letter-biden-barzani-warns…

زیاتر بخوێنەوە: https://www.al-monitor.com/originals/2023/09/نامە-بایدن-بارزانی-هۆشداری-داڕشتنی-ئێراقی-کوردستان-داوای-نێوەندگیری-دەکات#ixzz8D7wGT75V