شەڕی خۆتڕێنی حەماس بۆ ئاغاکانی

لە زۆر بارودۆخدا شەڕ ماڵوێرانی خەلکە بێدەسەڵاتەکەیە، جۆرێکە لە کەرستەکانی بازرگانی بۆ سیاسیە بێمۆڕال و بازرگانەکان. ئەوە سەبارەت بە هێرشە کتوپڕ و چڕەکەی حەماس دروستە.

حەماس لەم هێرشەدا چی بۆ فەلەستینییەکان بەدەست دەهێنێت؟! ئایا کۆمەڵکوژی، وێرانبوونی شار، دەربەدەریی و ماڵوێرانی مرۆڤەکان دەستکەوتە و فەلەستین رزگار دەکات؟ ئایا حەماس دەتوانێ تەنها یەک بست خاک ڕزگار بکات؟

لە 6ی ئۆکتۆبەری 1973 دا میسر و سوریا و هاوپەیمانەکانیان لە جەژنی جووەکاندا (یۆم کیپۆر) هێرشێکی کتوپڕ دەکەنە سەر ئیسرائیل، لە سینا و جۆلانەوە هێرش دەکەن. لەماوەی سێ رۆژی یەکەمدا هێزە عەرەبیەکان لە کەنالی سویس دەپەڕنەوە و لە بەرزاییەکان جۆلان هەندێ سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. بەڵام کە ئیسرائیل بەخۆ دێتەوە، لە ماوەی چەند رۆژێکدا لەهەردوو بەرەدا هێزە عەرەبییەکان تێک دەشکێنێت و نزیک دیمەشق دەکەوێتەوە و 100 کلیۆمتەری دەمێنێ بۆ قاهیرە. بەهۆی گوشاری زلهێزەکان لە 25ی ئۆکتۆبەردا جەنگ دەوەستێت.

وادیارە حەماس لە یادی پەنجا ساڵەی ئەو جەنگەدا لە جەژنی یۆم کیپۆری جووان بەهەزاران موشەک لەپڕێکدا بۆ سەر ئیسرائیل دەنێرێت و هێرش دەکات. بەڵام وا پێدەچێت چۆن ئەوسا میسر و سوریا و هاوپەیمانەکانیان تێکشکان حەماسیش چاوەڕوانی تێکشکانێکی کوشندە دەبێت.

چۆن حەماس دەتوانێ بەهەزاران موشەک بۆ ئیسرائیل باوێت، ئەگەر رژێمە ئیسلامیەکان بەتایبەتی ئێران هاوکاری نەکەن. ئێران و ئیسرائیل لە شەری یەکدان و ئیسرائیل ناوە ناوە زەبری کوشندە لە میلیشاکانی شیعەی سوریای سەر بە ئێران دەوەشێنێت. واپێدەچێ ئێران سپۆنسەری سەرەکی حەماسە کە بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت. لەلایەکیتر قەتەر کە سپۆنسەرێکی سەرەکی حەماسە، دژی لەیەکیترنزیکبوونەوەی سعودیا و ئیماراتە لە ئیسرائیل، لەبەرژەوەندی دایە ئەم ئاشەواییە سەر نەگرێت. بێگومان جەنگ ئەگەر تێکی نەدات تەواو دووری دەخاتەوە.

حەماسیش لە پێناو دەستکەوتە حزبییەکانی ئامادەیە خەلکی فەلەستین بکاتە قوربانیی ویستی شەڕانیی ئاغاکانی و وەکو جەنگی ڕزگاریش بە خەڵکی دەفرۆشێت. کە بێگومان زۆربەی هێزە ئیسلامییەکان دەچنە ئەو سەنگەرە و دژ بە ئیسرائیل دەوەستنەوە. وەکو لە ئیسلامییەکانی کوردستانەوە دەبیندرێت. هەمووی گێرانەوانەکان دەشێوێنن، درۆ لەگەڵ خەلک دەکەن و پشتگیریی کوشتار و ماڵوێرانی لە ژێر ناوی دیندا دەکەن، چونکە ئاغاکانیان لەوە کەمتریان لێ قبووڵ ناکەن.

تیرۆریزمی ئیسلامی: ساڵانە لە ئیسرائیل فێستیڤالی “سوپەر نۆڤا” لە بیابانی نەقەب ساز دەکرێت، ئەمساڵ فێستڤالەکە لە نزیک (کیبوتز رەهیم) کە زۆر لە سنووری غەزە دوور نییە سازکرابوو. لە شوێنی فێستیڤاڵەکە شوێنی کەمپکردن و باڕ و شوێنی خواردن ئامادەکرابوو، نزیکەی 3000 کەس ئامادەی ئاهەنگگێڕانەکە بوون، کە جگە لە خەڵکی ئیسرائیل خەڵکی بێگانەش بەشداری دەکەن. لە ناکاو لە بەرەبەیانی 7/10/2023 دا تیرۆریستانی حەماس هێرشیان دەکەنە سەر. خەڵکەکە ئاهەنگ و خۆشییان لێ دەبێتە دۆزەخێکی ڕاستەقینەی چاوەروان نەکراو، تیرۆریستان تەقە بۆ هەموو لایەکی نێو ئاپۆڕای خەڵکەکە دەکەن. تەقە لە ڕاکردووەکان و ترومبێلەکان دەکەن. واپێدەچێ کوشتنی زۆرترین ژمارە ئامانجیان بوو. خەڵکەکە سەرلێشێواوانە بەهەموو لایەکدا ڕادەکەن و هەوڵی خۆ ڕزگارکردن دەدەن. دەیان کەس لە خەڵکەکە کە ژن و پیاو و منداڵن ناتوانن دەربچن و دەکەونە دەست چەکدارانی حەماس و وەکو بارمتە لەژێر هاتوهاواری ئەڵاهواکبر تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتیان پێ دەکەن و دەیانبەن. دەگوترێت بە دەیان کەس وەکو بارمتە بردراون. تا ئێستا تەرمی 260 کەس دۆزراوەتەوە و ژمارەکە لە زیادبوون دایە.

ئەم تاوانکارییە دەریدەخات تیرۆریستانی حەماس جیاوازی لە نێوان چەکدار و سڤیل، ژن و پیاو و منداڵ ناکەن، هەموو بۆ حەماس ئامانج و دوژمنن، بۆیە کوشتنیان ڕەوایە. لێرەدا جیاوازییەک لە نێوان تیرۆریستانی داعش و حەماسدا نابیندرێت.

تاکو حەماس و جیهادی ئیسلامی دەسەڵاتیان هەبێت، ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دروست نابێت.

نەفرەت لە شەڕ

شاخەوان قادر شۆڕش

٨/١٠/٢٠٢٣