تاوانباریی ئێراق وه‌کو ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا
تاوانی گه‌لکوژی: تاوانی گه‌لکوژی (ژینۆساید) تاوانێکه به تاوانی تاوانه‌کان و گه‌وره‌ترین تاوان له لایه‌نی کانونی و ڕامیاریه‌وه ناسراوه، چونکه ئه‌و تاوانه به مه‌به‌ستی له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی به‌شێک یا ته‌واوی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی دیاریکراو له‌به‌ر جودایی ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وه، ئایین، بیروباوه‌ر، که‌لتور یا جودایی دیکه که وا ده‌کات گروپی تاوانکار ئاره‌زووی نه‌کات و بڕیاری له‌ناوبردنی گروپی نه‌خوازراو بدات[1]. تاوانکاران که به تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵده‌ستن ده‌کرێ سه‌ر به بیروباوه‌ر و ئایدۆلۆژیای جیاواز بن، بۆیه ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه له راسته‌وه بۆ چه‌پ هه‌یه. له زۆربه‌ی باره‌کاندا تاوانکار خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاکانی ستاته (ده‌وڵه‌ت) و گروپی قوربانی کۆمه‌ڵی بێ ده‌سه‌ڵات و ژێرده‌سته. ئه‌وه سه‌باره‌ت به گه‌لکوژیه‌کانی دژ به گه‌لانی وه‌کو بۆنمونه جووه‌کان له ئه‌ڵمانیا، ئه‌رمه‌نیه‌کان له تورکیا، توتسیه‌کان له رواندا، کورده‌کان له کوردستانی ژێرده‌ستی تورکیا له 1937، هه‌روه‌ها کورده‌کان له کوردستانی ژێرده‌ستی ئێراق له 1983 و 1988 دا هتد. له گه‌لکوژیه‌کاندا بیروباوه‌ری ناسیونالیستی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی تووندره‌و exclusive ethnonationalism وه‌کو بۆنمونه نازیزم، که‌مالیزم و به‌عسیزم له پشتی تاوانه‌که بووین. دیاره تاوانی گه‌لکوژی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالیسته‌وه له‌سه‌رده‌می کۆلۆنیالیزم روویان داوه وه‌کو گه‌لکوژی نامیبیه‌کان له لایه‌ن کۆلۆنیالستی ئه‌ڵمانی له ساڵی 1904 دا، گه‌لکوژی ئیندیانه‌کان له لایه‌ن ئه‌وروپاییه‌کانی ئه‌مه‌ریکای سه‌روو هتد.
ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و تێگه‌یشتن و پێناسه باوه‌ی ئێستا بۆ تاوانی گه‌لکوژی هه‌یه (بۆنمونه پێناسه‌که‌ی رێککه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی[2]) سه‌یری تاوانی له‌م جۆره له ڕابردوودا بکه‌ین، ده‌کرێ بلێین تاوانی گه‌لکوژی تاوانێکی زۆر کۆنه، له‌و ساته‌وه ده‌ستی پێکردووه، که که‌سێک یا گروپێک مرۆڤ بڕیاری به ئاگایانه‌ی له‌ناوبردنی گروپێک مرۆڤیان داوه، که ده‌کرێ به‌هۆی هۆکاری جیاوازه‌وه بووبێت. بۆنمونه ده‌کرێ بگوترێت کاتێ له‌شکری عه‌ره‌بی ئیسلام له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ئایینی ئیسلامدا ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تی پاکتاوی ئایینی کرد، تاوانی گه‌لکوژیان به‌رامبه‌ر به هه‌ندێ گروپی ئایینی دیکه ئه‌نجامدا، چونکه به‌ئاگایانه فیزیکیانه له شوێنی دیاریکراو و تایبه‌تدا له‌به‌ر جودایی بیروباوه‌ری ئایینی له‌ناویان بردن، بۆنمونه له‌ناوبردنی جووه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی و مه‌زادییه ساسانیه‌کان. به‌هه‌مان شێوه ده‌کرێ بگوترێت کریستیانه‌کان ئه‌و تاوانه‌یان دژی کۆمه‌ڵی سه‌ربه ئایینی دیکه یا له جه‌نگه ناوخۆییه‌کاندا له نێوان باڵه‌کانی کریستیانی خۆیدا ئه‌نجام داوه. به‌کورتی هه‌ر هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنێک که به‌ئاگایانه به مه‌به‌ستی قڕکردن کرابێت، بووبێته‌هۆی له‌ناوبردنی فیزیکیانه‌ی به‌شێکی گرنگ یا ته‌واوی کۆمه‌له خه‌ڵکێکی دیاریکراو له‌به‌رجوداییان، ئه‌و تاوانه ده‌کرێ وه‌کو تاوانی گه‌لکوژی ناوزه‌د بکرێت، به‌بێ گوێدانه سه‌رده‌م و هۆکاری پشتی مه‌به‌ستی له‌ناوبردنه‌که.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا تاوانی گه‌لکوژی له زۆر باردا له لایه‌ن ستاته‌وه ئه‌نجام دراوه، یا ستات به جۆرێ له جۆره‌کان له تاوانه‌که‌دا پشکی که‌موزۆر هه‌بووه، به‌م پێیه جگه له که‌س و ئۆرگانه تاوانکاره‌کان، په‌نجه‌ی به‌رپرسیاری ئاراسته‌ی ستات ده‌کرێت.
له خواره‌وه له رووی کانونیه‌وه له‌سه‌ر به‌رپرسیاری ستات ده‌وه‌ستین. پاشان دێینه‌سه‌ر تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال و به‌رپرسیاری ستاتی ئێراق له تاوانه‌که‌دا.
به‌رپرسیاری ستات له‌به‌رچی؟
کاتێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی که داموده‌زگاکانی ستاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی فه‌رمی ستات و خه‌ڵکی وڵاته‌که ده‌کات، له‌سه‌رده‌مێکی تایبه‌تدا تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نجام ده‌دات، بڕیاره‌کان و جێبه‌جێکردنه‌کان له لایه‌ن سه‌رانی ستاته‌وه ده‌ر‌ده‌چن، جێبه‌جێکردنی تاوانه‌که‌ش به ئامراز و که‌ره‌سته، ئۆرگان و دامه‌زراو، داموده‌زگا سه‌ربازی و ستاتیه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت، له‌مباره‌دا ستات به‌رپرسیاریی ته‌واوی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. هه‌روه‌ها له کاتێکدا دامه‌زراو و ئۆرگانه‌کانی ستات یا که‌سانی ده‌سه‌ڵاتداری ستات به یارمه‌تی و ڕاسپارده‌ی راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆی ستات، تاوانکه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دیسان به‌رپرسیاری تاوانه‌که ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ستات.
له ستاتێکدا که تاوانی گه‌لکوژی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، له‌و ستاته‌دا تاوانکاران هه‌ن، پشتگیرکا‌ران هه‌ن، ته‌ماشا‌کاران هه‌ن، قوربانیان هه‌ن، سۆزدارانی قوربانیان هه‌ن و بێئاگاکان هه‌ن. کاتێ ستات راسته‌وخۆ فه‌رمانی ئه‌نجامدانی گه‌لکوژی ده‌دات، ستات خۆی به نوێنه‌ری فه‌رمی هه‌موو ئه‌و گروپانه ده‌زانێ و له‌ژێر ناوی خه‌ڵکی وڵات تاوانه‌که ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌و دیارده‌یه هه‌لسوکه‌وتێکی باوی رژێمه دیکتاتۆره‌کانه که تاوانکاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆنمونه چه‌مکی وه‌کو بڕیاری گه‌ل، دادگای گه‌ل یا سزای ره‌وای گه‌ل بۆ ره‌واکردنی تاوان به‌کارده‌هێندرێت. بێده‌نگی ته‌ماشاکارن (که هه‌ڵوێستیان روون نییه که ده‌کرێ له لایه‌نگیره‌وه تا دژ هه‌بن) چاوپۆشیکردنه له تاوانه‌که و ده‌کرێ وه‌کو په‌سندکردنی پاسیڤیانه‌ی تاوانه‌که ناوزه‌دبکرێت، چونکه تاوانکه به ناوی ئه‌وانیشه‌وه ده‌کرێت.
کاتێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا بڕیاری له‌ناوبردنی هه‌موو جووه‌کانی دا، بڕیاره‌که له لایه‌ن سه‌رانی نازی ئه‌ڵمانیا ده‌رچوون، تاوانه‌که له لایه‌ن ئامراز و که‌رسته، ئۆرگان و دامه‌زراو، داموده‌زگا سه‌ربازی و ستاتیه‌کان جێبه‌جێکرا، تاوانکاران له تاوانه‌کدا به‌شداربوون، پشتگیریکاران راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ، به‌کرده‌وه یا به‌شێوه‌یتر یارمه‌تی جێبه‌جێکردنی تاوانکه‌یان دا، ته‌مه‌شاکاران له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، له تاوانه‌که بێده‌نگ بوون، به‌مجۆره چاوپۆشیان له تاوانه‌که کرد، جۆرێک له پشتگیری پاسیڤیان نواند.
ده‌سه‌ڵاتی نازی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیا که نوێنه‌ری فه‌رمی ئه‌ڵمانیا بوون و ستاتی ئه‌ڵمانیایان به‌ده‌سته‌وه بوو، تاوانه‌که‌یان ئه‌نجام دا. واته ئه‌وانه ئه‌و ره‌وایه‌تییه‌ی که له‌لایه‌ن گه‌لی ئه‌ڵمانه‌وه پێیان درابوو، که وایکردبوو دامه‌زراو، ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ستاتیان بکه‌وێته ده‌ست، بۆ مه‌به‌ستی ئایدۆلۆژیانه و گه‌لکوژکارانه‌ی خۆیان به‌کاریان هێنا. دامه‌زراوی ستات به میکانیزم و که‌رسته‌کانیه‌وه کرابووه کارگه‌یه‌کی له‌ناوبردن و گه‌لکوژکار. گه‌لی ئه‌ڵمانیا له خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن نازیه‌کانه‌وه نابه‌رپرس نییه. جگه له گروپی قوربانی و خه‌ڵکه بێئاگاکه، گروپی پشتگیریکار و ته‌ماشاکار له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌ر گروپه و به‌پێی شوێنی خۆی ده‌کرێ له تاوانه‌که‌دا جۆرێک له به‌رپرسیاریان بخرێته ئه‌ستۆ.
هه‌رچۆنی بێت کاتێک تاوانه‌که له لایه‌ن سه‌ران و دامه‌زرا و داموده‌زگاکانی ستاته‌وه ده‌کرێت و ره‌وایه‌تی ده‌درێتێ، ستات وه‌کو دامه‌زراو له تاوانه‌که ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیاره. ئه‌و ستاته له هه‌ر سه‌رده‌م و کاتێکدا ئه‌و به‌رپرسیارییه مێژووییه‌ی له‌سه‌ر ده‌مێنێت و ده‌بێت دانی پێدا بنێت. گرنگ نییه کێ دواتر ده‌سه‌ڵاتی ستاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ستاته بوونی نه‌ما، ئه‌وه به‌رپرسیارییه مێژوویه‌که له‌سه‌ر ستاته‌که وه‌کو ستاتێکی مردوو ده‌مێنێت، له‌م باره‌دا به‌رپرسیاری مێژوویی له‌سه‌ر گروپی په‌یوه‌ستدار به تاوانکاران گشتگرانه به‌شێوه‌یه‌کی مۆرالیانه ده‌مێنێته‌وه.
هه‌روه‌کو ئه‌ڵمانیا دان به تاوانی هۆلۆکۆست ده‌نێت و داوای لێبوردن له بۆنه‌کاندا له گه‌لی جوو ده‌کات. ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیایان له داوای 1945 ـه‌وه به‌ده‌سته‌وه‌بووه، له دوای تاوانه‌که هاتوونه‌ته سه‌رکار، تاوانه‌که‌یان ئه‌نجام نه‌داوه و که‌سه‌کان له تاوانه‌که‌دا بێ‌تاوانن. لێره‌دا ستات وه‌کو دامه‌زراو به‌رده‌وامه و بوونی هه‌یه، دامه‌زراوه‌که له لایه‌ن خه‌ڵکیتره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و کاری پێده‌کرێت. به کورتی تا ئه‌و ستاته بوونی هه‌بێت، به‌رپرسیاریی به‌رامبه‌ر به تاوانه‌که له‌سه‌ر ده‌مێنیت و وه‌کو دامه‌زراو تاوانبارییه مێژوویه‌که‌ی له‌سه‌ره.
هه‌روه‌کو چۆن ستات به ڕێککه‌و‌تننامه ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه ملکه‌چه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات و که‌سه‌کان له کات و سه‌رده‌می جیاجیادا ده‌گۆڕێن. هه‌روه‌کو چۆن ستات وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی پێشوو به مافی ره‌وای خۆی ده‌زانێت یا له‌سه‌ریه‌تی قه‌رزی کۆن بداته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکه له رابردوودا لێی به‌رپرس بوون. به‌هه‌مان شێوه ستات ملکه‌چی به‌رپرسیارییه‌کانه که په‌یوه‌ندیان به تاوانکاریه‌وه له ڕابردوودا هه‌یه.
به‌رپرسیاری ستات له کانون و ڕاسپارده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا
له‌خواره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م له چه‌ند دید و روانگه‌یه‌کی کانونی (قانونی) جیاوازه‌وه سه‌رنج بده‌مه به‌رپرسیاری ستات و چۆنیه‌تی به‌رپرسیاربوونی له تاوانکاریدا.
- به‌رپرسیاری ستات به‌پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی پێش‌گرتن و سزادانی تاوانی گه‌لکوژی[3]
له ڕیککه‌وتننامه‌ی گه‌لکوژی ساڵی 1948 دا، ئه‌رتیکلی 3 هه‌ندێ کرداری دیارکردووه که سزایان له‌سه‌ره. ئه‌وانیش: 1. گه‌لکوژی 2. پلاندانان بۆ تاوانی گه‌لکوژی. 3. هه‌وڵی راسته‌وخۆ یا ڕاگه‌یه‌ندراوی گشتی که هانی تاوانی گه‌لکوژی ده‌دات. 4. هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌لکوژی. 5. به‌شداری له تاوانی گه‌لکوژی.
له ئه‌رتیکلی 4 دا هاتووه، ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م کردارانه‌ی ئه‌رتیکلی 3 ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وجا ده‌سه‌لاتداری ده‌ستوری بن، فه‌رمانبه‌ری گشتی بن یا که‌سی سه‌ربه‌خۆ بن، ده‌بێ سزا بدرێن.
وه‌کو له ئه‌رتیکلی 3 و 4 دا هاتووه، چۆنیه‌تی ئه‌گه‌ری به‌رپرسیاری له تاوان و هه‌روه‌ها جۆر و ئه‌نجامده‌ری تاوانبار دیارکراوه. ئه‌وه نوسراوه که جگه له‌به‌رپرسیاربوون، ده‌بێ تاوانکار سزا بدرێت، دیاره ئه‌گه‌ر دادوه‌رانه سه‌ڵمێندرا که به جۆرێ له جۆره‌کان له چوارچێوه‌ی ئه‌رتیکلی 3 و 4 دا به‌شداری له تاوانه‌که‌دا یا هه‌بووه. تاوانکار ده‌کرێ که‌سێکی فه‌رمانبه‌ری ده‌سه‌ڵات بێت یا سه‌ربه‌خۆ بێت. ده‌سه‌ڵاتداری ده‌ستوری ده‌سه‌ڵاتدارانی ستات ده‌گرێته‌وه، که به‌فه‌رمی و ده‌ستوریانه ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، به‌مجۆره نوێنه‌رن و سه‌رپه‌رشتی فه‌رمی دامه‌زراوه رامیاریه‌که ده‌که‌ن که به ستات ناسراوه. لێره‌دا ده‌کرێ به‌لگه‌ی بوونی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆ به به‌رپرسیاری ستات له تاواندا بسه‌ڵمێندرێت. فه‌رمانبه‌ری گشتی که له ئۆرگانێکی ستات ده‌سه‌ڵاتی دراوه‌تێ، ده‌کرێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ستاته‌وه ڕاسته‌خۆ یا ناڕاسته‌وخۆ له ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا ڕاسپێردرابێت. له ئه‌گه‌ری سه‌ڵماندنی ئه‌وه‌دا ستات به‌رپرسیاری تاوانه‌که‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری بوونی به‌رپرسیاری ستات، له ئه‌رتیکلی 9 دا نوسراوه، “بوونی ناکۆکی لایه‌نه په‌یوه‌ستداره‌کان (ئه‌وانه‌ی لایه‌نن له که‌یسێکی دادگادا) له‌سه‌ر … بابه‌ت که په‌یوه‌ندیان به بوونی به‌رپرسیاری ستات له گه‌لکوژی یا کرداره‌کانی دیکه که له ئه‌رتیکه‌لی 3 دا هاتوون هه‌یه، پێویسته بخرێته‌به‌رده‌م دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری (ICJ) International Court of Justice.”
به‌پێی ڕێکه‌تننامه‌ی گه‌لکوژی ده‌کرێ تاوانبار که‌س یا ئۆرگان بێت. له‌هه‌ردوو باردا به سه‌ڵماندنی کانونیانه‌ی بوونی په‌یوه‌ندی ستات به تاوانه‌که، به‌رپرسیاری به جۆرێ له جۆره‌کان ده‌که‌وێته‌سه‌ر ستات. لێره‌دا گومان له ئه‌گه‌ری به‌رپرسیاری ستاتدا نییه و ده‌کرێ ستات به به‌رپرسیار له تاوان دابندرێت. لێره‌دا کێشه ده‌کرێ ئه‌وه بێت که لایه‌نه‌کانی که‌یسه‌که له ئه‌نجامێکی کۆتایی دادگا سه‌باره‌ت به تاوانێک ناته‌با بن، ڕه‌خنه‌یان له بڕیاره دراوه‌که هه‌بێت و به ناڕه‌وای بزانن، له‌م باره‌دا به‌پێی ئه‌رتیکلی 9، ڕێگه پێشانی لایه‌نه‌کانی که‌یسه‌که ده‌ده‌رێت و بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌که پێشنیارده‌کات که که‌یسه‌که بخرێته به‌رده‌م دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری ICJ.
- به‌رپرسیاری ستات به‌پێی بریاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی[4] International Law Commission
کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی (ILC) له کۆبوونه‌وه‌ی 53 له ساڵی 2001 دا کۆمه‌ڵه بڕیارێکی سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری ستات له کرده قه‌ده‌غه‌کراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا په‌سندکرد، که له کۆبوونه‌وه‌ی ژماره 56 ی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان UN له هه‌مان ساڵی 2001 دا په‌سندکراوه و ڕاگه‌یه‌ندراوه. لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه ئه‌و بڕیار و کانونانه‌ی که ڕێکخراوی UN هه‌موار و په‌سندی کردووه.
له ئه‌رتیکلی 56 دا هاتووه که “کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری ستات که لێره‌دا له‌و بڕیارانه‌دا هه‌موار نه‌کراون، وه‌کو پێش‌و به‌کارن”. واته ئه‌و کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی له‌مباره‌یه‌وه پێشتر نووسراوه و په‌سندکراوه که لێره‌دا ناویان نه‌هاتووه، وه‌کو پیشوو کاریگه‌ریان هه‌یه.
له چاپته‌ری یه‌ک، ئه‌رتیکلی یه‌ک ده‌ڵێ، “هه‌ر کرده‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی پێشێلکاری (یا قه‌ده‌غه‌کراو لێره‌دا مه‌به‌ست کرده‌یه‌ک که به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی ناکانونییه) ستات، به‌رپرسیاریی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته سه‌ر ستات”. له ئه‌رتیکلی دوودا هاتووه، “هه‌ر کرده‌یه‌کی پێشێلکاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته سه‌ر ستات ئه‌گه‌ر 1. به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی به ستاته‌وه بلکێندرێ 2. شکاندنی یه‌ک له ئه‌رکه سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگرێته‌خۆی”.
کرده‌ی قه‌ده‌غه‌کراو یا پێشێلکاری که به نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ناسرێن هه‌موو ئه‌و کردانه ده‌گرێته‌وه که به پرسی نێونه‌ته‌وه‌یی داده‌ندرێن له‌وانه مافه‌کانی مرۆڤ، مافی گه‌لانی که‌مینه یا گروپی ئه‌تنی هتد. ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندیان به مافه‌کانی مرۆڤه‌وه به‌گشتی هه‌یه، له دوای نه‌مانی سیسته‌می دووپۆلاری واته دوای که‌وتنی بلۆکی سور به‌کرده‌وه گرنگیان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا په‌یداکرد. سه‌باره‌ت به‌و پرسانه ئه‌گه‌ر ستات کرده‌یه‌ک ئه‌نجام بدات که به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه‌کراوه، له‌م باره‌دا ستات به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بتواندرێ کانونیانه به ستاته‌وه بلکێندرێت، هه‌روه‌ها له بارێک‌دا ڕووبدات که ستاته‌که ئه‌رکێکی سه‌پێندراوی خۆی پێشێل بکات، که ئاسایی هه‌روایه.
له چاپته‌ری دوودا ئه‌و ئه‌رتیکلانه به‌م شێوه‌یه ئاماژه به به‌رپرسیاری ستات له پێشێلکاری ده‌که‌ن:
ئه‌رتیکلی 4 له ژێر ناونیشانی “کرده‌ی ئه‌نجامدراوی ئۆرگانی سه‌ر به ستات” له بڕگه‌ی 1 دا ده‌ڵێ: “کرده‌ی ئه‌نجامدراوی هه‌ر ئۆرگانێکی ستات ده‌بێ وه‌کو کرده‌ی ستات دابندرێت به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وجا ئه‌و ئۆرگانه پیاده‌ی فه‌رمانی کانوندانان، جێبه‌جێکردن یا دادوه‌ری بکات. به‌بێ گوێدانه شوێنێ ئۆرگانه‌که له ڕێکخراوی ستاتدا، به‌بێ گوێدانه جۆری تایبه‌تمه‌ندی ئۆرگانه‌که له گه‌ڤه‌رمه‌نتی (حکومه‌ت) ناوه‌ندی یا له پێکهاته‌ی ناوچه‌یی ستات”.
له‌بڕگه‌ی 2 دا ده‌ڵێ: “ئۆرگان هه‌ر که‌س یا یه‌که‌یه‌ک ده‌گرێته‌وه که به‌پێی کانونی ناوخۆی ستات ئه‌و شوێنه‌ی وه‌رگرتووه”.
به‌و پێیه ئۆرگان؛ که‌س یا یه‌که ده‌گرێته‌وه، که‌س وه‌کو سه‌رۆکی ستات، شالیاری ستات، به‌رپرسێکی ده‌زگایه‌کی ستات هتد. ئۆرگان هه‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوێکی ستاتی چ سه‌ربازی یا ناسه‌ربازی ده‌گرێته‌وه وه‌کو سوپا، شالیاریی، ئاسایش، هه‌واڵگری، ڕاگه‌یاندن، دامه‌زراوی گشتی، فه‌رمانگه هتد. ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی یا ئۆرگانه‌ی به‌شداری له تاوانێک ده‌کات یا تاوانه‌که ئه‌نجام ده‌دات بسه‌ڵمێندرێت سه‌ر به ستاته و له لایه‌ن ستاته‌وه راسپێردراوه یا یارمه‌تی دراوه، به‌رپرسیارییه‌که ته‌نها له‌سه‌ر که‌س یا ئۆرگانه‌که نامێنێته‌وه، به‌ڵکو ستاته‌که‌ش به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. دیاره په‌یوه‌ندی ئۆرگانه‌کان که دامه‌زراوی ستات پێکده‌هێنن به ستاته‌وه به‌ڵگه‌نه‌ویسته، لێره‌دا سه‌رنج ده‌درێته چۆنیه‌تی تێگلانی ستات له تاوانه‌که‌دا.
ئه‌رتیکلی 5 له ژێر ناونیشانی “کرده‌ی که‌س یا یه‌که که پیاده‌ی ئلیمێنتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڤه‌رمه‌نت ده‌که‌ن” ده‌ڵێ: کرده‌ی ئه‌نجامدراو له لایه‌ن که‌س یا یه‌که که ئۆرگانی ستات نییه به‌پێی ئه‌رتیکلی 4 به‌ڵام له لایه‌ن کانونی ستاته‌وه ده‌سه‌ڵاتی دراوه‌تێ که پیاده‌ی ئلیمێنتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڤه‌رمه‌نت بکات، به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ وه‌کو کرده‌ی ستات دابندرێت.”
لێره‌دا ئه‌گه‌ر که‌سه‌که یا ئۆرگانه‌که سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتێک بکات که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پێی دراوه، له‌م باره‌دا جگه له ئۆرگانه سه‌ربه‌خۆ تاوانباره‌که، ستاتیش به‌پرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. بۆنمونه له باری تاوانی گه‌لکوژی له دافوردا، له‌شکری جه‌نجه‌ویده‌کان و سه‌رۆکه‌کانیان که تاوانی پاکتاو و گه‌لکوژیان دژی دارفوریه‌کان ئه‌نجام داوه، ئه‌گه‌ر بسه‌ڵمێندرێت که پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ستاتی سودانیان کردووه، ئه‌وه له‌مباره‌دا جگه له عه‌ره‌به جه‌نجه‌ویده‌کان ستاتی سودان به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
ئه‌رتیکلی 8 له ژێر ناونیشانی “کرده که له لایه‌ن ستاته‌وه ئاراسته‌کراوه یا کۆنترۆلکراوه” ده‌ڵێ: “به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، کرده‌ی که‌سێک یا کۆمه‌ڵێ که‌س ده‌بێ به کرده‌ی ستات دابندرێت، ئه‌گه‌ر که‌سه‌که یا کۆمه‌ڵه که‌سه‌که به‌پێی ئاراسته‌ی، ڕێنمایی یا که‌نترۆلی ستاته‌که کرده‌که ئه‌نجام بده‌ن”. ئه‌رتیکلی 8 جه‌ختده‌خاته‌سه‌ر که‌س یا که‌سه‌کان که تاوانێکیان ئه‌نجام داوه. ئه‌گه‌ر سه‌ڵمێندرا ئه‌و که‌سه یا کۆمه‌ڵه که‌سه له لایه‌ن ستاته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان ڕێنمایی کراون یا له ژێر که‌نترۆلی ستاتدا بوون، له‌مباره‌دا به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ستات.
ئه‌رتیکلی 9 له ژێر “ناونیشانی کرده‌ی ئه‌نجامدراو له بزریی یا ناسه‌رکه‌وتوویی failure ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی” ده‌ڵێ: به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، کرده‌ی که‌سێک یا کۆمه‌ڵێ که‌س ده‌بێ به کرده‌ی ستات دابندرێت، ئه‌گه‌ر که‌سه‌که یا کۆمه‌ڵه که‌سه‌که پیاده‌ی ئلیمێنتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڤه‌رمه‌نتی بکه‌ن له کاتی بزریی یا که‌موکوڕی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی….” ئه‌رتیکلی 9 ئاماژه به بارێک ده‌کات که ستات بزره و ڕۆڵی خۆی ناگێڕێ، یا کاتێ ستات له ئاست ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیدا ناسه‌رکه‌وتووه، له‌م بارانه‌دا ئه‌گه‌ر سه‌لمێندرا تاوانکار یا تاوانکاران پیاده‌ی جۆرێک له ده‌سه‌ڵاتی ستات ده‌که‌ن، ستات به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
له چاپته‌ری سێ له‌ژێر ناونیشانی “شکاندنی ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان” دا ئه‌و ئه‌رتیکلانه به‌م شێوه‌یه ئاماژه به به‌رپرسیاری ستات له کرده‌ی پێشێلکار ده‌که‌ن:
ئه‌رتیکلی 12 له ژێر ناونیشانی “راده‌ی شکاندنی ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان” دا ده‌ڵێ: “ستات ئه‌رکه سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌شکێنێت، له کاتێکدا کرده‌ی ستاته‌که له‌گه‌ڵ داواکاریی ئه‌رکه‌سه‌پیندراوه‌کاندا ناگونجێت، به‌بێ گوێدانه بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندی کرده‌که”. واته ستات له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئه‌رکی خراوه‌ته‌سه‌ر و ده‌بێ له ئاستی ئه‌رکه‌کانیدا بێت، کاتێ کرده‌یه‌ک ده‌کات ناته‌با یا دژ به‌و ئه‌رکه‌سه‌پێندراوانه، له‌مباره‌دا ستات ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌که ده‌شکێنێت، به‌پرسیاریی شکاندنه‌که‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌رکی سه‌پێندراو وه‌کو بۆنمونه ستات له‌سه‌ریه‌تی مسۆگه‌ری ئاسایش بۆ دانیشتوانی وڵات بکات، پارێزگاریان له مه‌ترسی له‌ناوچوون بکات، ڕیز له مافه‌کانیان بگرێت و مسۆگه‌ری بوونیان و مانه‌وه‌یان بکات. ئه‌گه‌ر ستات به‌پێچه‌وانه‌وه له‌جیاتی پارێزگاری دانیشتوانی وڵاته‌که‌ی پێشێلکاری به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام بدات، ئه‌وه له‌مباره‌دا ستات پێشێلی ئه‌رکی خۆی که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه خراوه‌ته‌سه‌ری ده‌کات. ئه‌وجا به‌ڵگه‌ی ستات هه‌ر بنه‌مایه‌ک بێت و ڕوونکردنه‌وه‌که‌ی هه‌رچی بێت.
ئه‌رتیکلی 14 له بڕگه‌ی 3 دا ده‌نوسێت: “شکاندنی ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕووده‌دات له کاتێکدا ستات له‌سه‌ریه‌تی پێش به ڕوودانی ڕووداوێک بگرێت، کاتێ کرده‌که رووده‌دات و له هه‌موو ماوه‌که‌دا که کرده‌که‌ی تێدا ڕووده‌دات، کرده‌که له‌گه‌ڵ ئه‌رکه سه‌پێندراوه‌کاندا ناگونجاوه”. واته ئه‌گه‌ر ستات له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت نه‌یتوانی یا نه‌یویست پێش به‌تاوانه‌که بگرێت، به‌پرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. کاتێ ستات خۆی تاوانکه ئه‌نجام ده‌دات بۆیه له ئاستی ئه‌رکی خۆیدا نه‌ک هه‌ر نییه، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ دژی ئه‌رکه‌که هه‌نگاو ده‌نێت، له‌مباره‌دا ستات نه‌ک پێش به تاوان ناگرێت به‌ڵکو جێبه‌جێی تاوان ده‌کات. ده‌کرێ وابێ که ستات ده‌توانێ به‌ر به‌تاوانێک بگرێت به‌ڵام چاوپۆشی له جێبه‌جێکردنی تاوانه‌که‌دا ده‌کات که له لایه‌ن یه‌کێ له ئۆرگانه‌کانی سه‌ربه ستات یا سه‌ربه‌خۆ ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌روه‌کو ده‌کرێ بگوترێت که‌وا سودان ده‌یتوانێ پێش به گه‌لکوژی دارفوریه‌کان له لایه‌ن میلیتسه عه‌ره‌به جه‌نجه‌ویده‌کانه‌وه بگرێت، به‌ڵام نه‌یویستووه ئه‌وه بکات، به‌مجۆره له‌ئه‌گه‌ری سه‌ڵماندنی کانونیانه‌ی ئه‌و باره‌دا، ستاتی سودان به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
له چاپته‌ری چوار له ژێر ناونیشانی “به‌رپرسیاری ستات له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل کرده‌ی ستاتێکی دیکه‌دا” له ئه‌رتیکلی 16 له ژێر ناویشانی “یارمه‌تی و هاوکاری له کرده‌یه‌کی پیشێلکاری نێونه‌ته‌وه‌یی” دا ده‌نوسێت: ستاتێک که یارمه‌تی یا هاوکاری ستاتێکی دیکه له کرده‌یه‌کی پێشێلکاری نێونه‌ته‌وه‌یی دا ده‌کات، که ئه‌و ستاته هاوکاریکراوه به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ: 1. ئه‌و ستاته پێشێلکاره به‌زانینی باره‌کانی کرده قه‌ده‌غه‌کراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان. 2. ئه‌و کرده‌یه کرده‌یه‌کی قه‌ده‌غه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه که له لایه‌ن ئه‌و ستاته‌وه کراوه”.
لێره‌دا ستاتی دیکه و ده‌ست هه‌بوونیان له تاوانکاری و پێشێلکاری جه‌ختی ده‌خرێته‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر سه‌ڵمێندرا ستاتی دیکه هاوکاری ستاتێکیان له تاوانکاریدا به جۆرێ له جۆره‌کان کردووه، ده‌کرێ ئه‌و ستاته هاوکاریکه‌ره به‌رپرسیاری بخرێته ئه‌ستۆ. بۆنمونه ئه‌گه‌ر کانونیانه سه‌ڵمیندرا که‌وا سربیا هاوکاری سربه‌کانی بۆسنیای به جۆرێ له جۆره‌کان کردووه، ده‌کرێ سربیا به‌رپرسیاری له تاوانی گه‌لکوژی بخرێته ئه‌ستۆ. یا ئه‌گه‌ر سه‌ڵمـیندرا وڵاتێکی عه‌ره‌بی یا هی دیکه هاوکاری ستاتی ئیراقیان له تاوانی گه‌لکوژی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌جۆرێ له جۆره‌کان کردووه، ئه‌وا ئه‌و ستاته به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
- به‌رپرسیاری ستات به‌پێی دۆکترینی به‌رپرسیاری بۆ پارێزگاریی[5] Responsibility to Protect (R2P)
ئه‌و دۆکترینه (دۆکترین: واته بڕوا یا به‌رنامه که ده‌بێته بنه‌ما بۆ پیاده‌کردن) وه‌کو به‌رسڤێک له ئه‌نجامی کاره‌ساتی گه‌لکوژی ڕواندا و پاسیڤی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رامبه‌ریدا، سکرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کۆفی ئه‌نان له ساڵی 2000 دا له ڕاپۆرتێکدا ڕووی به‌رپرسیاریی له کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرد و سه‌رنجی دایه ئه‌وه‌ی چۆن و که‌ی پێویست ده‌کات ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه بێته‌دی. له دیسه‌مبه‌ری 2001 دا کۆمیسیۆنێکی نێونه‌ته‌وه‌یی که له لایه‌ن که‌نه‌داوه پێکهێندرا به دۆکترینه‌که‌دا چووه‌وه.
پره‌نسیپه بنچینه‌ییه‌کانی دۆکترینه‌که بریتین له:
1. سه‌روه‌ری ستات به‌رپرسیاری له‌سه‌ره، وه به‌رپرسیاریی بنچینه‌یی له پارێزگاریی خه‌ڵکی ستاته‌که ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ستاته‌که خۆی.
2. کاتێ دانیشتوانی ستات له ژێر ئازاری گه‌وره‌دان به‌هۆی جه‌نگی ناوخۆ، کاری تێکده‌رانه، چه‌وساندنه‌وه یان به‌هۆی ناته‌واوی و که‌موکوڕی و ناسه‌رکه‌وتوویی ستات، له کاتێکدا ستاته‌که نایه‌وێ یا ناتوانێ به‌ر به ئازاری خه‌ڵکه‌که بگرێت، پره‌نسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان ده‌گۆڕێت به به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پارێزگاری.
په‌ره‌گرافی 138 و 139ی UN که له ده‌رئه‌نجامی دانیشتننی جیهانی ساڵی 2005 سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاری بۆ پارێزگاری ته‌رخان کراوه، له په‌ره‌گرافی 138 دا ده‌ڵی: “هه‌ر ستاتێک به‌رپرسیاره له پارێزگاریی دانیشتوانه‌که‌ی له گه‌لکوژی، تاوانی جه‌نگ، پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی. ئه‌و به‌رپرسیارییه به‌رگرتن به‌و جۆره تاوانانه له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنی، له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان له ڕێگه‌ی که‌رسته‌ی پێویست”.
وه‌کو له دۆکترینی R2P دا ده‌خوێندرێته‌وه، سه‌روه‌ری ستات به‌رپرسیاریی به‌رامبه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌کانی وڵات له پاراستنیان له تاوان و کاره‌ساتی مرۆڤکرد هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌یه که پێشتر ئاماژه‌مان بۆیکرد. جگه‌له‌وه‌ی ده‌بێ ستات به‌ر به هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌ک بگرێت که ده‌کرێ ببێته‌هۆی ڕوودانی ئه‌و تاوانانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ کراوه.
له‌م دۆکترینی R2P دا هاتووه، ده‌ستێوه‌ردانی میلیتاری له کاتی بوونی هۆکاری ڕه‌وادا ڕیگه‌ی پێ ده‌درێت ئه‌گه‌ر “1. له‌ناوچوونی ژماره‌ی زۆری خه‌ڵک له‌ئارادابوو یا له‌ڕووداندابوو به بوونی نیازی گه‌لکوژی یان نا، که له ئه‌نجامی کرده‌ی ستاته‌وه‌یه، یان لاملی ستات یا بێتوانایی ستات له کاردانه‌وه یان به‌هۆی که‌موکوڕی ستات، یان 2. بوونی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی به‌رفراوان له‌ئارادابوو یا له‌ڕووداندابوو، چ به‌هۆی کوشتن، ڕاگواستنی زۆره‌ملێ، کرده‌ی تیرۆر و ده‌ستدرێژی”.
واته له کاتێکدا دانیشتوانی ستات به‌ره‌وڕووی ئه‌م جۆره تاوانکاریانه ده‌بنه‌وه و ستات له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت ئه‌وجا له‌به‌ر بێتوانایی و لاوازی یا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی تاوانکاره، نه‌یویست یا نه‌یتوانی به‌ر به‌تاوانه‌که بگرێت، له‌مباره‌دا پره‌نسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان به‌تاڵ ده‌بێت و ده‌گۆڕێت به به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پارێزگاری. سه‌روه‌ری ستات به‌لاوه ده‌ندرێت و به‌مجۆره ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ره‌وایه‌تی په‌یدا ده‌کات. لێره‌دا گرنگه سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت که ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ وه‌ستاندنی تاوانکاری به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵه خه‌ڵكێکی دیاریکراو، ڕاسته‌وخۆ واتای ناسه‌رکه‌وتوویی ستاته په‌یوه‌ستداره‌که‌یه له ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌یه‌که‌یدا، که ده‌کرێ له هه‌مان کاتدا به‌پرسیاری ستات له تاوانه‌که‌دا بێت. که له ڕاستیدا له‌گه‌لی باردا ئه‌وها بووه. بۆنمونه ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه‌ی ساڵی 1991 له ئێراق دا راسته‌وخۆ له‌به‌ر به‌رپرسیاری ستاتی ئێراق به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان بوو. به‌م پێیه ئێراق له ئاست به‌رپرسیاری خۆیدا نه‌بوو و پره‌نسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان و دانانی کێشه‌که وه‌کو کێشه‌ی ناوخۆ به‌تاڵ بووه‌وه و له‌جێیدا به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پارێزگاری شوێنی گرته‌وه.
به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی مرۆڤانهInternational Humanitarian Law هه‌روه‌ها به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ[6] International Human Rights Law ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه‌ی میلیتاری ده‌کرێ ڕووبدات به‌پێی: 1. کرده که له ڕێککه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی مۆرکراوه 2. له بوونی هه‌ره‌شه بۆ یا له‌ڕوودانی له‌ناوچوونی خه‌ڵک به به‌رفراوانی. 3. بوونی دیارده‌ی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی. 4. له کاتی بوونی تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ. 5. ڕووخانی ستات که مه‌ترسی بوونی کاره‌سات دێنێته پێشه‌وه. 6. له کاتی ڕوودانی کاره‌ساتی سروشتی به‌رفراواندا[7].
سه‌باره‌ت به ده‌ستێوه‌ردان و پره‌نسیپی مافی ده‌ستێوه‌ردان ئه‌و کانونناس و شاره‌زایانه‌ی که پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌کو ئاسایش و ڕێکراگری نێونه‌ته‌وه‌یی به‌گرنگ ده‌زانن (ئه‌وانه وه‌کو سۆلیداریسته‌کانی له خوێندگه‌ی ئینگلیزی ناسراون)، پێیان وایه کاتێ پێشێلی مافی مرۆڤ به به‌رفراوانی کرا به‌تایبه‌تی له باری پاکتاوی ره‌گه‌زی به‌رفراوان یا گه‌لکوژیدا. ئه‌وانه ئاماژه بۆ ئه‌رتیکلی 1 بڕگه‌ی 3 هه‌روه‌ها ئه‌رتیکلی 55 و 56 ی UN ده‌که‌ن[8]. هه‌روه‌ها ئه‌وانه پێیانوایه کاتێ ستات پێشێلی ئه‌و ڕێکه‌وتن و په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییانه ده‌کات که خۆی واژوی کردوون، ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه ره‌وایه‌تی په‌یدا ده‌کات. دیاره ئه‌وانه‌ی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌کو ئاسایش و ڕێکراگری جیهان به گرنگ نازانن، ئه‌وانیش له کاتی بوونی تاوانی گه‌لکوژیدا په‌سندی کرده‌ی ده‌ستێوه‌ردانی به‌کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن، واته ئه‌وانیش له‌و باره‌دا به‌رپرسیاری پاراستنی خه‌ڵکی ستاته‌که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه به پێویست ده‌زانن[9].
به‌کورتی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤانه له گه‌لێ باردا ده‌کرێ به‌هۆی ئه‌وه بێت که ستات له ئاستی به‌رپرسیاری ئه‌رکی سه‌پێندراوی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا نییه، ئه‌وجا ده‌کرێ له‌به‌ر ئه‌وه بێت که ستاته‌که له جیاتی پارێزگاری دانیشتوانه‌که‌ی خۆی به ئه‌نجامدانی تاوان هه‌ڵده‌ستێت، که زۆرجار به‌شێک له دانیشتوانی ستاته و تاوانکاریه‌که دژی که‌مینه‌ی چه‌وساوه ده‌کرێت. واته ستات له تاوانه‌که‌دا به‌رپرسیاره، بۆیه کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی پارێزگاری خه‌ڵکی به‌رکه‌وتووی تاوانه‌که ده‌خاته سه‌ر شانی خۆی.
- دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری(ICJ) International Court of Justice[10] و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی
له چاپته‌ری 14 ی UN که بۆ ئۆرگانی دادوه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ته‌رخان کراوه، له ئه‌رتیکلی 92 دا نوسراوه: “دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری ICJئۆرگانی سه‌ره‌کی کانونی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه”. واته دادگای سه‌ره‌کی UN ـه. هه‌ر له‌و ئه‌رتیکله‌دا هاتووه که ده‌بێ ئه‌و دادگایه به‌پێێ کانونی داڕێژراو (که له‌لایه‌ن UN په‌سندکراوه و کانونی دادگاکه دیار ده‌کات) کار بکات.
له ئه‌رتیکلی 93 دا هاتووه، “هه‌موو ئه‌ندامانی UN (ستاته‌کانی ئه‌ندام له UN) لایه‌نن له کانونی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری”. هه‌روه‌ها له ئه‌رتیکلی 94 دا ده‌ڵێ: “هه‌ر ئه‌ندامێکی UN له ئه‌ستۆیدایه ملکه‌چی بڕیاره‌کانی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری بێت، له‌هه‌ر که‌یسێکدا که ستات لایه‌نه تیایدا”. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که ستات وه‌کو ئه‌ندام له‌سه‌ریه‌تی ملکه‌چی بڕیاره‌کانی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بێت. دیاره ستات مافی به‌رگری و پێداچوونه‌وه‌ی کانونیانه‌ی هه‌یه، له‌ئه‌گه‌ری بڕیارێکدا که ستاته‌که ڕه‌خنه‌ی له به‌رامبه‌ردا هه‌یه.
له ئه‌رتیکلی 96 دا ده‌ڵێ: “ده‌کرێ کۆبوونه‌وه‌ی گشتی یا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داوا له دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری بکات که ئامۆژگاری له‌سه‌ر هه‌ر پرسیارێکی کانونی پێبدات”. لێره‌دا گرنگی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسه کانونیه‌کان وه‌کو ده‌زگایه‌کی باوه‌ڕپێکراو جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه.
هه‌روه‌کو له‌سه‌ره‌وه‌دا به‌پێی بڕیاره‌کانی UN، دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری ICJ دادگای باوره‌پێکراوی UN ـه، سه‌یری کرده‌کان له‌به‌رڕۆشنایی بڕیاره‌کانی UN و ڕێکه‌وتننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ده‌کات، به‌مجۆره هه‌روه‌کو له بڕیاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی و ڕێککه‌وتننامه‌ی گه‌لکوژیدا ئاماژه‌ی بۆ کراوه، به‌پێی ICJ نه‌ک ته‌نها که‌س به‌ڵکو ده‌کرێ ستات به‌رپرسیاری له تاوانی گه‌لکوژی، پلاندانان بۆ تاوانی گه‌لکوژی، هه‌وڵی راسته‌وخۆ یا ڕاگه‌یه‌ندراوی گشتی که هانی تاوانی گه‌لکوژی ده‌دات، هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌لکوژی، هه‌روه‌ها به‌شداری له تاوانی گه‌لکوژی بکه‌وێته‌سه‌ر[11]. دادگا ده‌توانێ ستات تاوانبار بکات کاتێ سه‌ڵمێندرا کرده‌که له لایه‌ن ستاته‌وه کراوه، واته ده‌زگا و ئۆرگانه‌کانی ستات ئه‌وجا چ وه‌کو که‌س یا دامه‌زراو و ئۆرگان به راسپارده‌ی ستات کرده‌یه‌کیان ئه‌نجام دابێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر شکاندنی ئه‌رکی سه‌پێندراوی نێونه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن ستاته‌وه بسه‌ڵمێندرێت به‌پێی چاپته‌ری یه‌ک ئه‌رتیکلی یه‌کی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها ڕێکه‌وتنامه‌کانی دیکه که چارته‌ره‌کانی UN یا بڕیاره تایبه‌ته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که ئاماژه به ئه‌رکی سه‌پێندراوی ستات ده‌که‌ن هه‌روه‌کو پێشتر ئاماژه به هه‌ندێکیان کرا.
دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێ ستات به به‌رپرسیار له کرده‌یه‌ک بناسێک ئه‌گه‌ر کرده‌که بچێته چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی که له ئه‌رتیکله‌کانی چاپته‌ری یه‌ک، دوو، سێ و چواری کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاتوون.
جگه له ICJ، دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ تاوانکاری International Crimminal Court (ICC)[12] به‌هه‌مان شێوه ده‌توانێ ئه‌رکی دادگایی‌کردن سه‌باره به تاوانی گه‌لکوژی، تاوان دژی مرۆڤایه‌تی یا تاوانی جه‌نگ بگرێته ئه‌ستۆ، دادگایی كه‌سی تۆمه‌تبار بکات و له به‌رپرسیاری ستات بکۆڵێته‌وه و بڕیار له‌مباره‌یه‌وه بدات. ICC ته‌نها ده‌توانی دادگایی که‌سانی سه‌ربه‌و ستاتانه‌ی که ئیمزای په‌سندی دادگاکه‌یان کردووه، بکات. ئه‌و دادگایه په‌یره‌وی هه‌مان بڕیاره نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌کات. ئه‌و دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییه تایبه‌تانه‌ی که له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی UN تایبه‌ت به تاوانه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان پێکده‌هێندرێن وه‌کو بۆ نمونه دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ تاوانکاریه‌کانی یوگوسلاڤیا ICTY، به هه‌مان شێوه ده‌توانن دادگایی بکه‌ن و به‌رپرسیاری ستات له تاواندا یه‌کلابکه‌نه‌وه، به‌پێی کانونه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان.
تاوانباریی کانونیانه‌ی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا
بنه‌ما گرنگه‌کانی پێگه‌یاندنی فاکته‌ره‌کانی گه‌لکوژی به شێوه کلاسیکیه‌که و به تایبه‌تمه‌ندییه‌کی عه‌ره‌بی و ئێراقی له ئێراقدا هه‌بوون. ئه‌و فاکته‌ر و که‌رستانه‌ی که میکانیزمی هه‌ڵسوێنه‌ری کارگه‌ی گه‌لکوژین له لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی ئێراق پێگه‌یه‌ندران و ئاماده‌کران. بنه‌مای ناکۆکی نه‌ته‌وه‌یی به‌هۆی نکۆلیکردنی مافی ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کورد له باشوری کوردستاندا به درێژایی ته‌مه‌نی ستاتی ئێراق هه‌بوو. ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که ببوونه هۆی ناکۆکیه‌که له لایه‌ن سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری ئێراق له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا قۆسترانه‌وه و بۆ مه‌به‌ستی پێگه‌یاندنی فاکته‌ره گرنگه‌کانی بوونی گه‌لکوژی سوودیان لێوه‌رگیرا. بوونی سه‌رکرده‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رست وه‌کو میشیل عه‌فله‌ق، سه‌دام حوسێن و ئه‌وانیتر، ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی ره‌گه‌زپه‌رست و تووندڕه‌و وه‌کو به‌عسیزم رۆڵی گرنگی بنچینه‌ییان له ره‌واکردنی راشیونالیزه‌کردنی ئامانج (گونجاوکردنی ئامانج له ڕێگه‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ی هۆشمه‌ندانه یا تاوتوێکراودا)، سۆسیالیزه‌کردنی (په‌روه‌رده‌ردنی) تاوانکار بۆ تاوانکاری، مۆبیلیزه‌کردنی (ته‌یارکردنی) تاوانکار، هه‌روه‌ها نامرۆڤاندنی کورده‌کان، گێرا. ئه‌و فاکته‌رانه هه‌مووی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و به‌رێوه‌بردنی فه‌رمی ئێراق پێگه‌یه‌ندران و ئاماده‌کران. که‌رسته‌کانی جێبه‌جێکردن وه‌کو ئامه‌ده‌کردن و ڕێکخستنی ده‌زگایه‌کی بیرۆکراسی بۆ به بیرۆکراسیکردنی جێبه‌جێکردنی تاوانکه، به‌دامه‌زرواکردنی تاوانکه، دابه‌شکردنی ئه‌رک و کاره‌کانی تاوانکه، سه‌رچاوه دارایی و سه‌ربازیه‌کان، هێزی جێبه‌جێکاری تاوانه‌که واته ئه‌و هێزانه‌ی به کرده‌که هه‌ستان، که‌سه تاوانکاره‌کان له ئاستی به‌رز و نزمدا واته له سه‌دام حوسێنه‌وه تا ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه بکوژه‌کان که به‌ئاگایانه له کوشتاره‌کان و تاوانه‌که به‌شدار بوون، هه‌موویان سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتی ئێراقی بوون و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌فه‌رمی ناسراوی ئێراقی ئاماده‌کران و فه‌راهه‌مکران. واته فاکته‌ره‌کان و که‌ره‌سته‌کانی تاوانی گه‌لکوژی ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتی ستاتی ئێراق و ئۆرگانه‌کانی ستاتی ئێراق بوون.
ئه‌و هه‌نگاو و کردانه‌ی که ڕاسته‌وخۆ له قۆناغی جێبه‌جێکردندا ده‌رکه‌وتن، ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن ئۆرگانه‌کانی ستاتی ئێراقه‌وه کران. واته ئه‌نجامدانی تاوانه‌که له لایه‌ن گروپ و ستاتی دیکه‌ی بێگانه به رسپارده‌ی یا هاندان و هاریکاری ستاتی ئێراق نه‌بوو، به‌ڵکو ستاتی ئێراق له ڕێگه‌ی ئۆرگانه‌کانیدا، راسته‌وخۆ به ئه‌نجامدانی تاوانه‌که هه‌ستا. له‌خواره‌وه ئاماژه به هه‌ندێ بڕیار و کرده‌ی ستاتی ئێراق له ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا ده‌که‌ین.
له ساڵی 1985 له 29 ی ژون دا سه‌عدی مه‌هدی ساڵح سه‌رۆکی بیرۆی باکوری پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالست بریاری گه‌ماڕۆی بۆسه‌ر ناوچه کورده گوندنشینه‌کانی باشوری کوردستان ده‌رکرد، (هه‌روه‌کو ئه‌وسا ئه‌م ناوچانه به ناوچه‌ی محزول اداری ناسران)، ئه‌وه هه‌نگاوی یه‌که‌می پراکتیکی بوو دژی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌وتنه‌به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال له ساڵی 1988 دا. ئه‌و بڕیاره به‌ناوی ستاتی ئێراق (القطر العراقی له‌سه‌ر نوسراوه‌کان نوسراوه، چونکه به‌عس به پێی ئایدۆلۆژیاکه‌ی ئێراقی به ناوچه‌یه‌ک داده‌نا و خه‌باتی بۆ ولاتێکی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی له که‌نداوی فارسه‌وه بۆ ده‌ریای ئارام ده‌کرد)، پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالستی فه‌رمانڕه‌وا، بیرۆی باکور ده‌رچووه، که ئاراسته‌ی هه‌موو ده‌زگاکانی ئاسایش، فه‌یله‌قی یه‌ک و ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی بیرۆی باکور کراوه[13]. لێره‌دا ئۆرگانێکی به‌رز و ده‌سه‌ڵاتداری ستاتی ئێراق بریارێک ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵێک ئۆرگانی دیکه‌ی ستات ده‌کات و فه‌رمانی جێبه‌جێکردنی چۆنیه‌تی گه‌مارۆکه ده‌کات.
له 29 مارسی ساڵی 1987 دا به فه‌رمانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش و سه‌رۆکی ئێراق سه‌دام حوسێن، عه‌لی حسه‌ن مه‌جید (عه‌لی کیمیاوی) ده‌کرێته سه‌رۆکی بیرۆی باکوری پارتی به‌عس و بالاترین ده‌سه‌ڵاتی له ناوچه‌ی کوردستان پێده‌درێت، به‌جۆرێک له چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی کرده‌ی گه‌لکوژی دژی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی کوردستان ده‌ستی ته‌واو واڵا ده‌کرێت[14]. ئه‌و بریاره له لایه‌ن که‌سی یه‌که‌می به‌فه‌رمی ناسراوی ستاتی ئێراق دراوه.
له 12ی مارسی 1987 دا سه‌رۆکی ئێراق سه‌دام حوسێن له فه‌رمانێکدا که ئیمزای سکرتێره‌که‌ی له‌سه‌ره و ئاراسته‌ی سه‌رکردایه‌تی هێزی ئاسمانی و سوپای ئێراق کراوه، فه‌رمانی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی دژی باره‌گاکانی پاسه‌وانی خومه‌ینی و باره‌گای پێشمه‌رگه له کوردستاندا ده‌دات[15]. له 16ی ئه‌پریلدا هه‌ندێ له گونده‌کانی دۆڵی بالیسان ده‌که‌ونه‌به‌ر هێرشی کیمیاوی هێزی ئاسمانی ئێراقی، له ئه‌نجامدا به‌سه‌دان گوندنشین ده‌کوژرێن و به‌سه‌دانیان بریندار ده‌بن.
له مای 1987 دا له راپۆرتێکی تایبه‌تدا ئه‌فسه‌ری فرۆکه‌وان حه‌مید شه‌عبان ئاماژه به 44 هێرشی فرۆکه‌جه‌نگیه‌کان بۆسه‌ر کورده‌کان ده‌کات. له راپۆرتێکی تردا فرۆکه‌وان حه‌سه‌ن خدر حاجی ئه‌حمه‌د ئاماژه به هێرشی کیمیاوی بۆ سه‌ر 6 گوندی کوردستان ده‌کات[16]. وه‌کو ده‌یبینین فه‌رمانی هێرشه‌که له لایه‌ن خودی سه‌رۆکی ستاتی ئێراق ده‌رچووه، هێزه ئاسمانیه‌کانی سوپای ئێراق جێبه‌جێی فه‌رمانه‌که‌یان کردووه.
له 23 ژونی 1987 دا عه‌لی کیمیاوی له بریارێکی بیرۆی باکوردا، فه‌رمانی له‌ناوبردنی هه‌موو دانیشتوانانی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان ده‌دات. فه‌رمان ده‌کات هه‌رچی مرۆڤ و ئاژه‌ڵه له‌و ناوچانه به کاریگه‌رترین شێوه له ناوببردرێن[17]. ئه‌و بریاره که له لایه‌ن ئۆرگانێکی ستاتی ئێراقه‌وه ده‌رچووه، ئه‌و ئۆرگانه‌ی له لایه‌ن سه‌رۆکی ئێراق ده‌سه‌ڵاتی ره‌های دراوه‌تێ، بڕیاری به‌ئاگایانه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه ده‌دات که له ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان ده‌ژین. ئه‌و بڕیاره تیشکی سه‌وز بۆ له‌ناوبردن هه‌لده‌کات، که ڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه به “مه‌به‌ستی له ناوبردن” که له پێناسه‌ی گه‌لکوژیدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت. به‌مجۆره ئۆرگانه‌کانی ستاتی ئێراق ڕاسته‌وخۆ داوایان لێده‌کرێت که جێبه‌جێی فه‌رمانێکی له ناوبردنی به‌کۆمه‌ڵ بکه‌ن که له لایه‌ن ده‌زگایه‌کی سه‌رووتری ستاته‌وه ده‌رچووه.
له 9 ئه‌پریلی 1988 دا له راپۆرتێک‌دا که سه‌رۆکی ئاسایشی ره‌واندوز و مه‌سیف ئیمزایان کردووه، داوای جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی سه‌رۆکی ئێراق به‌بێ دواکه‌وتن ده‌که‌ن. له‌وێدا ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن که ده‌بێ ئه‌و خێزانانه‌ی خۆیان داوه‌ته ده‌ست وه‌کو یاخیه‌کان هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکرێت، مه‌به‌ست لێره‌دا له‌ناوببردنیان بووه.
له 14ی ئه‌پریلدا له نامه‌یه‌کدا سه‌رۆکی هێزی پارێزگاری نه‌وت بارق عه‌بدوڵڵا حاجی حه‌نته، داوا ده‌کات ئه‌و خێزانانه‌ی که گیراون و ڕه‌وانکراون، هه‌لسوکه‌وتی پێویستیان له‌گه‌ڵدا بکرێت. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌بوو که جێبه‌جێی فه‌رمانی دراو سه‌باره‌ت به‌وانه بکرێت، که له‌ناوبردن بوو[18].
دیاره نمونه‌ی له‌و بریار و فه‌رمانانه که به ده‌کومێنت هه‌ن زۆرن، ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ کرا ته‌نها مشتێکی خه‌روارێکن، به‌ڵگه‌ی ئاشکران و ئاماژه به کرده‌کانی ئۆرگانه‌کانی سه‌ربه ستاتی ئێراق له تاوانی ئه‌نفالدا ده‌که‌ن.
هێزه‌کانی سه‌ربه ستاتی ئێراق له 17 فێبریوه‌ری 1988 دا تا 6 ی سه‌پته‌مبه‌ری 1988 هێرشێکی به‌رفراوانیان له میانه‌ی هه‌شت قۆناغدا بۆسه‌ر ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان یا حه‌رامکراوکانی کوردستان کرد. له‌و هێرشه‌دا هێزه‌کانی سوپا، زه‌وی و ئاسمانی، هێزه تایبه‌ته‌کانی ئاسایش، هه‌واڵگری، پاسه‌وانی نیشتیمانی، پاسه‌وانی کۆماری، هێزه میلیتسه‌کان، هێزی به‌رگری نیشتیمانی و تایبه‌ته‌کان (جاشه‌کان) هتد. که هه‌مووی سه‌ربه ستاتی ئێراق بوون و به‌فه‌رمانی ستاتی ئێراق به کرده سه‌ربازیه‌کان له شاڵاوی ئه‌نفال هه‌ستان. له هێرشه‌کاندا چه‌کی قورس و سوک، ژاری کیمیاوی قه‌ده‌غه‌کراو به فه‌رمانی ده‌زگای سه‌رووی ستات به‌رفراوانی به‌کار هاتن.
به‌کورتی بڕیاره‌کانی له‌ناوبردن، ئاماده‌کاریه‌کان، قۆناغه‌کانی پێگه‌یاندنی که‌رسته‌کانی کارگه‌ی گه‌لکوژی، که‌رسته‌کانی جێبه‌جێکردن هه‌مووی راسته‌وخۆ له لایه‌ن دامه‌زراوی ستاتی ئێراقه‌وه بوون و ئه‌نجام دران. بۆیه لێره‌دا پرسیار ئه‌وه نییه ئایا ستاتی ئێراق چه‌نده له تاوانه‌که‌دا به‌شداره، وه‌کو ئه‌وه‌ی که ده‌کرێ ئه‌و پرسیاره سه‌باره‌ت به به‌شداری ڕاده‌ی ستاتی سربیا له تاوانی گه‌لکوژی سرێبره‌نیسا دژ به بۆسنیه‌کان له بۆسنیا بکرێت.
سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاریی کانونیانه‌ی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا هه‌روه‌کو له روونکردنه‌وه کانونیانه‌که‌دا ئاماژه‌مان به ئه‌گه‌ری به‌رپرسیاریی ستات له تاوانه‌کانی گه‌لکوژی، تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ کرد، ئاماژه‌کردن به چۆنیه‌تی هه‌ندێ له بڕیاره‌کان، کرده و هه‌نگاوه‌کانی ده‌سه‌لاتدارانی ئێراق سه‌باره‌ت به تاوانی ئه‌نفال هێما بۆ به‌رپرسیاریی بێئه‌ملاوئه‌ولای راسته‌وخۆی ستاتی ئێراق ده‌که‌ن.
ستاتی ئێراق به پێی ڕێککه‌وتننامه‌ی پێش‌گرتن و سزادانی تاوانی گه‌لکوژی به‌رپرسیاری بێئه‌ملاوئه‌ولای ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، به‌پێی بڕیاره‌کانی ئه‌رتیکلی سێ، خاڵی 1. گه‌لکوژی: ئێراق خۆی راسته‌وخۆ تاوانی ئه‌نفالی ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌کو له لایه‌ن هه‌ندێ ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی و دادگادا به تاوانی گه‌لکوژی ناسێندراوه. 2. پلاندانان بۆ تاوانی گه‌لکوژی: هه‌وڵی سیسته‌ماتیکیانه‌ی چه‌ندین ساڵی به‌ر له ئه‌نجامدانی تاوانه‌که چ له رووی به‌دامه‌زراوکردنی تاوانه‌که یا پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌کردنی که‌رسته‌کانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که ئاماژه به بوونی ئه‌و خاڵه ده‌که‌ن. 3. هه‌وڵی راسته‌وخۆ یا ڕاگه‌یه‌ندراوی گشتی که هانی تاوانی گه‌لکوژی ده‌دات: هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی که ڕاسته‌خۆ فه‌رمانی له‌ناوبردن ده‌دات و چاوه‌ڕێ ده‌کات به زووترین کات و کاریگه‌رانه ئه‌نجام بدرێن، ده‌چنه‌ژێر چه‌مکی هه‌وڵی راسته‌وخۆ. دیاره بڕیاره‌کانی که هانی یا فه‌رمانی کردنی تاوانه‌که ده‌ده‌ن له زۆربه‌ی باره‌کاندا نهێنی بووین و تایبه‌ت به ده‌زگا و ئۆرگانه ئاسایشی، هه‌واڵگری و سه‌ربازیه‌کان بوون، بۆیه گشتی نه‌بوون. به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵێک یا بڕیارێک که هانی کردنی تاوانه‌که بدات و ئاشکرا بڵاوبکرێته‌وه، هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه (بۆنمونه له ته‌لڤزیۆن، رۆژنامه یا رادیۆ هتد.) که به‌جۆرێ له جۆره‌کان هاندان ده‌گرێته‌خۆی بۆنمونه دروستکردنی ڕق به‌رامبه‌ر به کورده‌کان و ناوزه‌دکردنیان به ناپاک و نه‌خوازراو به‌جۆرێ له‌ناوبردنیان ره‌وا بکات، ده‌چێته‌ژێر هه‌وڵی راگه‌یاندراوی گشتی. ئه‌و دیارده‌یه‌ش ڕوویداوه و له‌ناوبردنی کورده‌کانی ناوچه گوندنشینه‌کان وه‌کو کارێکی پێویستی نیشتیمانی و ڕه‌وا بانگاشه‌ی بۆ کراوه. 4. هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌لکوژی: ستاتی ئێراق به‌ر له ئه‌نجامدانی تاوانه‌که هه‌وڵی بۆ ئه‌نجامدانی تاوانه‌که داوه، پاشان هه‌نگاوه‌کانی تاوانه‌که‌ی جێبه‌جێکردووه. 5. به‌شداری له تاوانی گه‌لکوژی: که‌س و ئۆرگانه‌کانی سه‌ربه ستاتی ئێراق راسته‌وخۆ به‌شداریان له تاوانه‌که‌دا کردووه و پیاده‌ی ڕێنمایی و بڕیاره‌کانی سه‌رانی ستاتی ئێراقیان ملکه‌چانه کردووه. واته فه‌رمان و بڕیاره‌کان له لایه‌ن ده‌زگای سه‌رووی ستاتی ئێراقه‌وه ده‌رچوون، جێبه‌جێکردنی تاوانه‌که‌ش له لایه‌ن ده‌زگا و ئۆرگانه‌کانی ستاتی ئێراق ئه‌نجام دران.
به‌رپرسیاری ستاتی ئێراق به‌پێی بریاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی (ILC)، به‌هه‌مان شێوه بێیه‌کودوو به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته‌سه‌ر. به‌پێی ئه‌رتیکلی دوو، “هه‌ر کرده‌یه‌کی پێشێلکاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته سه‌ر ستات ئه‌گه‌ر 1. به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی به ستاته‌وه بلکێندرێ”: واته بسه‌ڵمێندرێت که ئه‌و که‌سه یا ئۆرگانه‌ی به کرده‌که هه‌ستاوه سه‌ربه ستاته یا له لایه‌ن ستاته‌وه راسپێردراوه، وه‌کو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆ کرا ستاتی ئێراق ڕاسته‌وخۆ له تاوانه‌که‌دا به‌شدار بووه، بۆیه گومانێک له‌مباره‌یه‌وه نییه. “2. شکاندنی یه‌ک له ئه‌رکه سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگرێته‌خۆی”: ئێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشێلی مافه‌کانی مرۆڤ، پێشێلی مافی پارێزگاری و به‌رگری له نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو که‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌کی ناو ئێراق به درندانه‌ترین شێوه کردووه، تاوانی گه‌لکوژی و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌نجام داون. واته له ئه‌رکه نێونه‌ته‌وه‌یه‌که‌ی ستاتدا خۆی لاداوه و به‌کرده‌یه‌کی قه‌ده‌غه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی راسته‌وخۆ هه‌ستاوه.
به‌پێی ئه‌رتیکلی 2: “ئۆرگان هه‌ر که‌س یا یه‌که‌یه‌ک ده‌گرێته‌وه که به‌پێی کانونی ناوخۆی ستات ئه‌و شوێنه‌ی وه‌رگرتووه”. لێره‌دا ئۆرگان که‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئێراق له سه‌دام حوسێنه‌وه تا حه‌جاح و ئه‌وانه‌ی دیکه که له خوارووی خواره‌وه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌لاتدا به‌شداریان کردووه، هه‌روه‌ها له دادگای شۆڕش، دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و شالیاریه‌کانه‌وه تا یه‌که‌کانی سوپا و دامه‌زراوه ئاسایشی و هه‌واڵگریه‌کانه‌وه، تا یه‌که تایبه‌ت و میلیتسه‌کان ده‌گرێته‌وه.
به‌پێی ئه‌رتیکلی 4 بڕگه‌ی 1 که ده‌ڵێ: “کرده‌ی ئه‌نجامدراوی هه‌ر ئۆرگانێکی ستات ده‌بێ وه‌کو کرده‌ی ستات دابندرێت به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی … به‌بێ گوێدانه شوێنێ ئۆرگانه‌که له ڕێکخراوی ستاتدا، به‌بێ گوێدانه جۆری تایبه‌تمه‌ندی ئۆرگانه‌که له ده‌سه‌ڵاتدا “: به‌مجۆره ئه‌و ئۆرگانانه‌ی که به‌شداری تاوانه‌که‌یان کردووه و تاوانبارن له تاوانه‌که‌دا سه‌ربه ستاتی ئێراقن، بۆیه کرده‌که به کرده‌ی ستاتی ئێراق داده‌ندرێت.
به‌پێی ئه‌رتیکلی 5 که ده‌ڵێ: “کرده‌ی ئه‌نجامدراو له لایه‌ن که‌س یا یه‌که که ئۆرگانی ستات نییه به‌پێی ئه‌رتیکلی 4 به‌ڵام له لایه‌ن ستاته‌وه ده‌سه‌ڵاتی دراوه‌تێ … به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ به کرده‌ی ستات دابندرێت.” تاوانی ئه‌نفال له لایه‌ن ئۆرگانه‌کانی سه‌ربه ستاتی ئێراق ئه‌نجامدراوه، له‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی زانیاری سه‌باره‌ت به بوونی گروپی سه‌ربه‌خۆ وه‌کو که له‌ئێراقدا هه‌بوون و سه‌ڵماندنی به‌شداریان له تاوانه‌که‌دا جگه له تاوانباری ئه‌و گرووپانه، ستاتی ئێراق به‌رپرسیاریی به‌شداری ئه‌و گروپانه‌ی له تاوانه‌که‌دا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ چونکه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداری ئێراقه‌وه ده‌سه‌ڵاتی دراوه‌تێ. لێره‌دا گروپه‌کانی موجاهیدینی خه‌ڵق و هه‌ندێ له گروپه فه‌له‌ستینیه‌کان یان گروپی دیکه ئه‌گه‌ر هه‌بووبن ده‌کرێ لێکۆڵینه‌وه له‌مباره‌یه‌وه له‌سه‌ریان بکرێت، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی گونجاو له‌به‌رده‌ستا بن.
به‌پێی ئه‌رتیکلی 8 که ده‌ڵێ: “به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی، کرده‌ی که‌سێک یا کۆمه‌ڵێ که‌س ده‌بێ به کرده‌ی ستات دابندرێت، ئه‌گه‌ر که‌سه‌که یا کۆمه‌ڵه که‌سه‌که به‌پێی ئاراسته‌ی، ڕێنمایی یا که‌نترۆلی ستاته‌که کرده‌که ئه‌نجام بده‌ن”. لێره‌دا که‌سه‌کانی به‌شدار له تاوانه‌که‌دا سه‌ربه ستاتی ئێراق بوون و له لایه‌ن ستاتی ئێراقه‌وه به ئه‌نجامدانی تاوانه‌که ڕاسپێردران. ئه‌گه‌ر گروپی دیکه‌ی نه‌ئێراقی وه‌کو گوترا هه‌بووبن به رێنمایی و راسپارده‌ی ئێراق له تاوانه‌که‌دا به‌شدار بووبن بێگومان جگه‌له به‌رپرسیارییان، به‌رپرسیاری ئه‌وانیش ده‌که‌وێته سه‌ر ئێراق.
به‌پێی ئه‌رتیکلی 12 که ده‌ڵێ: “ستات ئه‌رکه سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌شکێنێت، له کاتێکدا کرده‌ی ستاته‌که له‌گه‌ڵ داواکاریی ئه‌رکه‌سه‌پیندراوه‌کاندا ناگونجێت … هه‌روه‌ها ئه‌رتیکلی 14 که ده‌نوسێت: “شکاندنی ئه‌رکه‌سه‌پێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕووده‌دات له کاتێکدا ستات له‌سه‌ریه‌تی پێش به ڕوودانی ڕووداوێک بگرێت، کاتێ کرده‌که له‌گه‌ڵ ئه‌رکه سه‌پێندراوه‌کاندا ناگونجاوه”. هه‌روه‌ها به پێی په‌ره‌گرافی 138 و 139ی UN که له ده‌رئه‌نجامی دانیشتننی جیهانی ساڵی 2005 په‌سندکراوه، که ده‌ڵی: “هه‌ر ستاتێک به‌رپرسیاره له پارێزگاریی دانیشتوانه‌که‌ی له گه‌لکوژی، تاوانی جه‌نگ، پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی …”. ستاتی ئێراق نه‌ک هه‌ر پێشی به روودانی تاوان نه‌گرتووه، نه‌ک ته‌نها ئه‌رکی سه‌پێندراوی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆی له تاوانی ئه‌نفالدا شکاندووه، به‌ڵکو خۆی راسته‌خۆ تاوانی ئه‌نفالی ئه‌نجامداوه. به‌پێی ئه‌و ئه‌رتیکلانه دیسان ستاتی ئێراق به‌رپرسیاریی راسته‌وخۆی ده‌که‌وێته‌سه‌ر.
به‌پێی چاپته‌ری چوار ئه‌رتیکلی 16 که ده‌نوسێت: “ستاتێک که یارمه‌تی یا هاوکاری ستاتێکی دیکه له کرده‌یه‌کی پێشێلکاری نێونه‌ته‌وه‌یی دا ده‌کات، که ئه‌و ستاته هاوکاریکراوه به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، ستاته هاوکاریکه‌ره‌که به‌رپرسیاریی ده‌که‌وێته‌سه‌ر”: له‌باره‌ی تاوانی ئه‌نفالدا ستاتی ئێراق خۆی تاوانباره و به تاوانکاریه‌که هه‌ستاوه. وه‌کو پێشتر گوترا ئه‌گه‌ر بسه‌ڵمێندرێت ستاتێکی دیکه چ عه‌ره‌بی یا هی دیکه پشکیان له تاوانه‌که‌دا هه‌بووه، چ وه‌کو هاوکاری لۆژیستی یا مه‌تریالی یا به‌شێوه‌یه‌کی دیکه که بوونی هاوکاری یا به‌شداریان بسه‌ڵمێنێت، ئه‌و ستاته به‌رپرسیاریی له تاوانه‌که‌دا ده‌که‌وێته‌سه‌ر. ئه‌وجا گرنگ نییه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که به کرده‌که هه‌ستاوه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ماوه یان نا، لێره‌دا ستات وه‌کو دامه‌زراو نیشانه‌ی به‌رپرسیاری له‌به‌رامبه‌ردا داده‌ندرێت.
به‌پێی پره‌نسیپه بنچینه‌ییه‌کانی دۆکترینی به‌رپرسیاری بۆ پارێزگاریی (R2P) که ده‌نوسێت: “… به‌رپرسیاریی بنچینه‌یی له پارێزگاریی خه‌ڵکی ستات ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ستاته‌که خۆی … کاتێ دانیشتوانی ستات له ژێر ئازاری گه‌وره‌دان … له کاتێکدا ستاته‌که نایه‌وێ یا ناتوانێ به‌ر به ئازاری خه‌ڵکه‌که بگرێت، پره‌نسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان ده‌گۆڕێت به به‌رپرسیاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پارێزگاری. ئه‌مانه و به‌پێی پره‌نسیپه‌کانی ده‌ستێوه‌ردان به‌پێی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی مرۆڤانهIHL هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌رتیکله‌کانی UN که له‌مباره‌یه‌وه نوسراون، ستاتی ئێراق له ئاستی ئه‌رکی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا نه‌بووه و خۆی راسته‌وخۆ ئه‌کته‌ری تاوانکار بووه. به‌مجۆره جگه له‌به‌رپرسیاربوونی ئێراق له تاوانه‌که‌دا، ئه‌نجامدانی تاوانه‌که مافی سه‌روه‌ری ئێراق به‌تاڵ ده‌کاته‌وه.
له خواره‌وه‌دا سه‌باره‌ت به تاوانبارکردنی ستاتی ئێراق له دادگادا سه‌یرێکی دادگای ئێراقی و ئه‌و پرسه ده‌که‌ین.
دادگا و پرسیاری به‌رپرسیاریی ستات
سه‌ره‌تا گونجاوه سه‌یرێکی کورتی دادگاجۆراوجۆره‌کان که بۆ تاوانکاری نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ن به‌گشتی بکه‌ین و وێنه‌یه‌کمان لا دروست بێت، پاشان بێینه‌سه‌ر دادگای ئێراقی و هه‌لسوکه‌وتی له‌گه‌ل ئه‌و پرسیاره‌دا.
ئه‌و دادگایانه‌ی که بۆ تاوانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وه‌کو تاوانی گه‌لکوژی، تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ تا ئێستا له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه دامه‌زراون، زیاتر خۆیان له سێ جۆری دادگا ده‌بیننه‌وه:
1. دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که له لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دامه‌زراون، ئه‌وجا چ دادگا تایبه‌ته‌کانی وه‌کو ئه‌وه‌ی بۆ تاوانکاریه‌کانی یوگوسلاڤیا (له 1994 دامه‌زرا) و رواندا (له 1995 دامه‌زرا) دروستکران، یان ئه‌وانه‌ی که هه‌ن وه‌کو ICJ و ICC. ئه‌و دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییانه کانوناس و دادوه‌ری سه‌ربه نه‌ته‌وه‌کانی جیهان ده‌گرنه خۆیان و به پێی کانون و ڕێسای نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کو کانونه‌کانی ICJ و ستاتوسی رۆما که ICC په‌یره‌وی ده‌کات، كار ده‌که‌ن. له‌و دادگایانه‌دا که‌سانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی تێگڵاوی کێشه‌کان و په‌یوه‌ستدار به تاوانه‌کان به‌شدار نابن. بۆیه سه‌باره‌ت به پره‌نسیپی بێلایه‌نی ده‌توانن تاڕاده‌یه‌کی گونجاو له ئاستی گونجاو‌دا بن.
2. دادگا تێکه‌ڵه‌کان که لایه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌گرنه‌خۆیان وه‌کو دادگای سیرالیۆن (له 2000 دامه‌زرا) و که‌مبۆدیا (له 2007 دامه‌زرا) که بۆ تاوانکاریه‌کانی ئه‌و وڵاتانه دامه‌زراون. له دادگاکاندا کانونناسی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی (ئه‌نته‌رناسیونال و ناسیونال) به‌شداری له دادگادا ده‌که‌ن، کانونی دادگا تێکه‌ڵێکه له کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی، که راده‌ی تێکه‌ڵیه‌که یا سه‌نگایی له نێوان ئه‌و دوو جۆره کانونه‌دا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و وڵاته‌کان ده‌گۆڕێن.
3. دادگای نه‌ته‌وه‌یی که له لایه‌ن وڵاته‌که که تاوانه‌کانی لێ ئه‌نجام دراوه دادگاکه داده‌مه‌زرێت، له‌م باره‌دا دادوه‌ر و کانونناسانی وڵاته‌که خۆیان به پێی ئه‌و کانون و ڕیسایه‌ی که له لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه په‌سندکراوه کار ده‌که‌ن. ده‌کرێ له دادگای نه‌ته‌وه‌ییدا کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی سوودی لێوه‌ربگیرێت. نمونه‌ی ئه‌و جۆره دادگایه دادگای کۆمبۆدیا (له 1979 له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڤێتنامیه‌وه دامه‌زرا)، دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق (له 2003 له لایه‌ن هێزی کاتی هاوپه‌یمانانی ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌نجومه‌نی حوکمی ئێراقی له کۆتایی 2003 دامه‌زرا).
دامه‌زراندنی دادگا بۆ دادگایی‌کردنی تاوانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان کارێکی ئاسان نییه و له زۆربه‌ی باره‌کاندا کۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی ڕامیاری له پرۆسه‌که ده‌ئاڵێن. ئه‌و جۆره دادگایانه‌ی که هێمامان بۆ کردن، هه‌ر جۆره‌ی به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆی کێشه‌ی خۆی هه‌یه. به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه له باره‌ی پره‌نسیپه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی و شاره‌زایی له پرۆسه کانونیه‌کاندا و له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ل که‌یسی تاوانکاریه‌کاندا، دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان تاڕاده‌یه‌کی گونجاو توانیویانه ئه‌و پره‌نسیپانه بپارێزن. به‌پێچه‌وانه‌وه دادگا نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌پێی ئه‌زموونه‌کانی ئه‌و دادگایانه‌ی که له جیهانی نادیموکراسیدا هه‌ن له ئاستی ئه‌و پره‌نسیپانه‌دا نین و کێشه‌یان له چه‌ندین لایه‌نه‌وه هه‌یه.
سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاریی ستات له تاواندا و گرنگیدان به‌م لایه‌نه، په‌یوه‌ستداره به جۆری دادگا و ویستی دادگا بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره، به‌مجۆره به‌رپرسیارکردنی ستات له تاواندا. له‌و بابه‌ته‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه‌کان رۆڵی زۆر له ئه‌گه‌ری بوونی یا نه‌بوونی گرنگی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌بینن، به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه‌کان ده‌کرێ نێونه‌ته‌وه‌یی یا نه‌ته‌وه‌یی بن. واته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌پێی بڕیار و کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاماژه به به‌رپرسیاری ستات له تاوان ده‌کرێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارکردنی ستات له تاوان به پێویست ده‌زاندرێت، بۆیه کۆمه‌ڵێ کانون و بڕیاری بۆ ده‌رکراوه، هه‌روه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کردن، مه‌رج نییه گرنگی به‌م پرسیاره بدرێت، ئه‌وه‌ش له زۆربه‌ی باره‌کاندا په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندییه ڕامیارییه‌کانه‌وه هه‌یه. بۆیه پره‌نسیپه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی له هه‌ر ئاسته به گوێره‌ی خۆی ده‌که‌ونه به‌ر پرسیار.
دادگای ناسیونال یا نه‌ته‌وه‌یی له ئاست پرسیاری به‌رپرسیاریی ستاتدا زۆر هه‌ستیاره، ئه‌گه‌ری گرنگیدان به‌م پرسیاره لای ئه‌و جۆره دادگایه زۆر لاوازه. دیاره ئه‌وه به پێی جۆر و تایبه‌تمه‌ندی دادگاکه له وڵاتێکی دیاریکراودا و هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیه رامیارییه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌گۆڕێت. له ئه‌گه‌ری بوونی ئه‌و جۆره دادگایه‌دا پرسیار و گومان زۆرن، بۆنمونه ده‌کرێ پرسیاری ره‌وایه‌تی دادگا و چۆنیه‌تی دروستبوونی دادگا پرسیار دروست بکه‌ن، که ده‌کرێ له ئاستی پره‌نسیپه‌کانی بێلایه‌نی، سه‌ربه‌خۆیی و دادوه‌ری دووربن. ده‌کرێ هۆکار و فاکته‌ری جیاواز هه‌بن که وا ده‌که‌ن پرسیار له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یی بوونی (ناسیونالبوونی) دادگاکه دروست ده‌که‌ن، بۆنمونه ئایا دادگاکه تاچه‌ند نوێنه‌ری ره‌وای هه‌موو گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنییه ناکۆکه‌کان ده‌کات، چه‌نده به پرس و ته‌بایی ئه‌وان دیموکراسیانه و ره‌وایانه پێکهێندراوه. له کاتێکدا که نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا ده‌سه‌لاتدارانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وجا چ قوربانی یا به‌رپرسیار له تاوانه‌که، به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له بوونی دادگایه‌کی ئه‌وهادا نادۆزێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژ به ویست و خواسته‌کانی ئه‌و داندراوه، گومان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یی بوونی دادگاکه له چوارچێوه‌ی ستاته‌که‌دا دروست ده‌کات.
دادگای ناسیونال که له لایه‌ن ئه‌و ستاته‌وه دامه‌زراوه که تاوانه‌که‌ی ئه‌نجام داوه، که ئه‌وه‌ش له زۆربه‌ی باره‌کاندا له ئه‌گه‌ری گۆڕانی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت، به‌ئه‌گه‌ری زۆر له‌به‌رژه‌وه‌ندیدا نابێت، گرنگی به پرسیاری به‌رپرسیاری خودی ستاته‌که له تاوانه‌که‌دا بدات. چونکه له‌م باره‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ، نایانه‌وێ خۆیان بخه‌نه‌ژێر کۆمه‌ڵێ به‌رپرسیاریی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی که کۆمه‌ڵێ داوای ئابووری و ڕامیاریی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها له کاتێکدا که ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست کێشه‌یان له‌گه‌ل دانپێنان به تاوانه‌که هه‌یه و ئاره‌زووی به‌رپرسیارکردنی نه‌ته‌وه‌که‌یان یا ستاته‌که (که به هی خۆیانی ده‌زانن) ناکه‌ن، گرنگی به‌و پرسیارانه نادرێت که به‌رپرسیاری له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و ستات دروست ده‌که‌ن. یا کاتێ نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رژه‌وه‌ندیی ناسیونالیستانه‌ی ئه‌وه ناخوازێ گرنگی به‌و پرسیاره بدرێت. له باشترین باردا ده‌سه‌ڵاتدار تاوانه‌کان به‌که‌س ده‌کات و هه‌ندێ له تاوانباران دادگایی ده‌کات، به‌م کرداره بانگاشه‌ی ڕه‌وایی پرۆسه‌ی دادگاییه‌که ده‌کات.
دیاره به‌هه‌مان شێوه ده‌کرێ له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی قوربانی یا ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی قوربانی نه‌بێت ئه‌و پرسیاره گرنگی پێ بدرێت، له کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی قوربانی له ده‌سه‌ڵاتدان و به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریه‌کانیان ئه‌وه ناخوازن. له‌هه‌ردوو باردا زیان به پره‌نسیپی ره‌وایی دادوه‌ری ده‌که‌وێت.
ستات که خۆی له تاوانه‌که‌دا به‌رپرسیاره، دادگا بۆ لێپێچانه‌وه‌ی تاوان دامه‌زرێنێت، به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و پرۆسه‌یه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کانی ستات پیاده ده‌کات. ستات خۆی له پرۆسه‌که‌دا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه، که‌سانی کانونی دادگاکه که‌سانی ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کن که له کێشه ناوخۆیه‌کان بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ نین. دیاره دیسان جۆر و تایبه‌تمه‌ندی ستات ئاستی لایه‌نگیری سه‌باره‌ت به پره‌سنیپه‌کانی بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی دادگا دیار ده‌که‌ن. که‌سه‌کان که دامه‌زرێنه‌ر و به‌رێوه‌به‌ری دادگاکه‌ن به‌ئه‌گه‌ری زۆر به‌رژه‌وه‌ندیان له که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی دادگا به‌جۆرێ هه‌یه که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیاندا گونجاوه، ئه‌وه‌ش پرسیار له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی دادگاکه کانونیانه دروست ده‌کات. به‌پێی کانونێکی باوی گه‌ردوونی هه‌ر که‌سێک که به‌رژه‌وه‌ندی له که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی دادگا به جۆرێکی تایبه‌ت هه‌یه، یا گومانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت، نابێ تێکه‌ڵی پرۆسه‌ی دادگایی ببێت. له لایه‌کیتر کاتێ ده‌سه‌ڵات نوێیه و دژی ده‌سه‌ڵاتی ڕووخاوی پێشووه، ناتوانێ له پرۆسه‌ی دادگایی بێلایه‌ن بێت، چونکه به‌رژه‌وه‌ندی له جۆرێکی تایبه‌تی بڕیار و سزای دادگا ئاشکرا هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه ئه‌و جۆره دادگایه و پرۆسه‌ی دادگاییه‌که سه‌خته بتوانێ له ئاست پره‌نسیپی بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆییدا بێت و سه‌خته بتوانێت ئه‌نجامێکی ره‌وای کانونی به‌رهه‌م بهێنێت. بۆیه جگه له پرسیاری به‌رپرسیاریی ستات گه‌لێ دیارده‌ی دیکه ده‌رده‌که‌ون که ڕه‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کان ده‌ده‌نه‌وه، به‌مجۆره ئاماژه به دادگایه‌ک ده‌که‌ن که له‌ژێر کاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کاندایه.
دادگای نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه به‌ره‌وڕووی کۆمه‌ڵێ پرسیاری گرنگ ده‌بنه‌وه که گومان له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی، بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی دادگاکه دروست ده‌که‌ن، گرنگترینیان: 1. تا چ ڕاده‌یه‌ک ستات که خۆی به‌رپرسیاره له تاوانه‌کاندا گرنگی به پرسیاری به‌رپرسیاری خۆی له تاواندا ده‌دات. 2. ئایا ستات نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه و گروپه ئه‌تنیه‌کانه که له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ژین، تا بتوانێ دادگای نه‌ته‌وه‌یی دابمه‌زرێنێت. 3. ئایا هه‌موو نه‌ته‌وه و گروپه ئه‌نتیه‌کان ئازادانه له دامه‌زراندنی ئه‌و دادگایه پرسیان پێ کراوه. 4. ئایا نه‌ته‌وه‌ی قوربانی زانیاری و هوشیاری له‌سه‌ر پرسێکی ئه‌وها هه‌یه، تا له‌به‌رپرسیاریی و گرنگی پرۆسه‌که بگات. 5. ئایا هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ستات پشتگیری له دادگایه‌کی ئه‌وها ده‌که‌ن؟ 6. ئایا ده‌سه‌ڵاتداران ئازادانه له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌لبژێردراون؟ 7. ئایا ده‌سه‌ڵاتداران گرنگی به به‌رژه‌وه‌ندی و رۆڵی خه‌ڵک له پرۆسه‌ی دادگادا ده‌ده‌ن؟ 8. ئایا ئه‌و ستاته ده‌توانێ بوونی پرۆسه‌یه‌کی کانونی بێلایه‌ن مسۆگه‌ر بکات، له کاتێکدا ئه‌و ستاته دیموکراسی نییه یا ئه‌زموونێکی دیموکراسی نه‌بووه و نییه؟ 8. ئایا ئه‌و توانا و که‌رستانه که مسۆگه‌ری پرۆسه‌یه‌کی دادوه‌رانه ده‌که‌ن، له‌به‌رده‌ستدان؟ زۆر سه‌خته له جیهانی نادیموکراسیدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه پۆزه‌تیڤانه بدرێنه‌وه، چونکه ئه‌و بنه‌ما ئازاد و دیموکراسیه، هه‌روه‌ها توانا پێویسته که بۆ بوونی دادگایه‌کی پرۆفیشنال پێویستن له ئارادا نین.
ئه‌گه‌ری گرنگیدان به پرسیاری به‌رپرسیاریی ستات له دادگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌یه، له کاتێکدا ده‌کرێ دادگاکه به بێلایه‌ن دابندرێت، که‌سان و کانونی دادگاکه سه‌ربه لایه‌نی قوربانی یا تاوانبار نین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاره‌زووی پرسیاره‌که نه‌که‌ن، مه‌رج نییه ئه‌و دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییه گرنگی به‌و پرسیاره بدات. بۆیه لێره‌شدا ده‌کرێ کێشه‌ی ره‌وایی دادوه‌ری یا کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی دادگا هه‌بێت. بۆنمونه دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ تاوانکاریه‌کانی یوگوساڤیا له که‌یسی گه‌لکوژی سرێبره‌نیسا گرنگی به پرسیاری ئه‌گه‌ری به‌رپرسیاری سربیا له تاوانی گه‌لکوژیدا نه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌کی گونجاو بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌بوو. ئه‌وه ده‌کرێ گه‌لێ لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت.
دادگای ئێراقی و پرسیاری به‌رپرسیاریی ستاتی ئێراق
دادگای بالای تاوانه‌کانی ئێراق له‌ژێر ناوی دادگای تایبه‌تی ئێراق له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کاتی هاوپه‌یمانان CPA له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌نجومه‌نی حوکمی کاتی ئێراق که له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه پێکهێندرابوو، له کۆتایی ساڵی 2003 دا دامه‌زرا و پاشان به‌کرده‌وه له ساڵی 2005 ده‌ستی به‌کار کرد. دامه‌زراندنی دادگاگه به‌پرس و راسپارده‌ی ئه‌نجومونی ئاسایشی UN نه‌بوو، به‌ڵکو راسته‌وخۆ رێکه‌وتنێک بوو له نێوان ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمان (له ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا) و ئه‌نجومه‌نی کاتی. به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و عه‌ره‌به‌کانی ئێراق ئه‌وه‌ی ده‌خواست که دادگاکه و ره‌وتی دادگاکه به پێی ره‌وتێک بێت که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کانی ئێراقی دوای سه‌دام گونجاوه. عه‌ره‌به‌کان دژی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بوون و ئاره‌زوویان نه‌ده‌کرد تاوانبارانی عه‌ره‌ب بدرێنه دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی. کورده‌کانی ئه‌نجومه‌نی کاتی باش یا خراپ هیچ ده‌نگیان نه‌بوو، له‌م پرۆسه‌یه‌دا ناته‌باییه‌کیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پیشان نه‌دا و لای ئه‌وان گله‌یی و ره‌خنه نه‌بوو له‌وه‌ی که تێرم و به‌رژه‌وه‌ندییه ئێراقی و عه‌ره‌بیه‌کان ڕه‌چاوبکرێن، ئه‌گه‌رچی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌و دادگایه مه‌ترسی کێشه‌ی لێ ده‌کرا. ئه‌و دادگایه له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردییه‌وه ته‌واو ناگونجاو بوو، هه‌روه‌کو بۆ هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ئازاد ئه‌وهایه. بۆنمونه بۆسنیه‌کان هه‌رگیز په‌سندی دادگایه‌کیان نه‌ده‌کرد له سربیا بێت، دادوه‌ری سربی سه‌رپه‌رشتی بکه‌ن، به کانونی سربی به‌رێوه‌بچێت و بڕیار بدات. نوێنه‌ری کورده‌کان وه‌کو به‌شێک له گه‌لی ئێراق په‌سندی ره‌وتی ئێراقچیانه‌ی عه‌ره‌بزاڵی دادگایان کرد. واپێده‌چێ سه‌رکرده ئێراقییه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه ته‌بابوون، که دادگاکه بتوانێ به‌جۆرێ له جۆره‌کان پیاده‌ی پرۆسه‌یه‌کی کانونی بکات و تاوانباره سه‌ره‌کیه‌کان بداته دادگا و ناسراوه‌کانیان زوو له‌ناو ببردرێن.
کانونی ئێراقی سه‌رده‌می پێش سه‌دام و کاتی سه‌دام، له‌گه‌ڵ کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانی گه‌لکوژی، دژ به‌مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ داندراون خرانه چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو. ستات و که‌سانی نه‌ئێراقی له لێپرسینه‌وه پارێزران، زوو له‌ناوبردنی تاوانباران کانونیانه سه‌پێندرا، زمانی عه‌ره‌بی کرایه زمانی دادگا، ڕێگه له به‌شداری کانونناسانی نێونه‌ته‌وه‌یی گیرا هتد. به‌کورتی دامه‌زراندنی دادگا له‌ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی رامیاریی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی دابوو و به‌پێی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ش رێکخرا.
دامه‌زراندنی دادگاکه له لایه‌نی هێزی براوه و زاڵی به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌مه‌ریکی و ئێراقییه‌کان به‌سه‌ریدا، زوو که‌وته به‌ر ره‌خنه‌ی شاره‌زایان و ڕێکخراوه جیهانیه‌کان، که زۆربه‌یان گومانیان خسته‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی، بێلایه‌نی، توانا و شاره‌زایی کانونیانه‌ی دادگا و که‌سه کانونیه‌کانی دادگا، هه‌روه‌ها ره‌خه‌نه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌وه کرد که ئه‌و دادگایه ناتوانێ له ئاست پره‌نسیپه کانونییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا بێت.
دادگای ئێراقی وه‌کو دادگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی (ناسیونال) ده‌ناسرێت، ده‌کرێ بۆ عه‌ره‌به‌کان کێشه‌یه‌ک له‌و چه‌مکه‌دا نه‌بێت، چونکه ئه‌وان ئێراق به هی خۆیان و هی عه‌ره‌ب ده‌زانن (هه‌ر له دامه‌زراندنییه‌وه له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانیدا ئێراق وه‌کو وڵاتێکی عه‌ره‌بی سه‌یری کراوه و ده‌کرێت). به‌ڵام ئایا کوردی باشوری کوردستان ئێراق به‌هی خۆیان ده‌زانن و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له ناسنامه‌ی ئێراقدا ده‌بینێته‌وه؟ ئایا نه‌ته‌وه‌ی کورد ئێراق به هی خۆی ده‌زانێ؟ ئایا نه‌ته‌وه‌ی کورد خۆی ئاره‌زوومه‌ندانه سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ناوێ و ئێراق به ستاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی تێده‌گات؟ لێره‌دا ئاماژه به نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کرێت نه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، چونکه جیاوازی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد و ویستی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌یه. که خه‌ڵکی کوردستان خۆی ئازادانه له چاره‌نوسی رامیاری خۆیاندا پرسیان پێ نه‌کراوه، ناگونجاوه ئێراق به‌وڵاتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئه‌وان دابندرێت. هه‌روه‌ها کاتێ خه‌ڵکی کوردستان له گشتپرسیه‌کی نافه‌رمیدا (که بزوتنه‌وه‌ی ریفه‌رانده‌م له ژانیوه‌ری 2005 دا ڕێکی خست)، سه‌دا 97 ی ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، ئاواتی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی پیشاندا. بۆیه که ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێراق به‌سه‌ر خه‌ڵکدا سه‌پێندراوه، ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه ئاره‌زووی سه‌رکرده‌کانی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بووه نه‌ک خه‌ڵک. له‌م دیده‌وه ده‌کرێ بڵێین ئه‌و دادگایه وه‌کو دادگای نه‌ته‌وه‌یی به گه‌لی کورد نامۆیه و نوێنه‌ریی ئه‌وان وه‌کو نه‌ته‌وه ناکات. به‌کورتی کاتێ ئه‌و دادگاییه دادگای نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌بوو ئه‌گه‌ر خه‌لکی کوردستان ئه‌و دادگایه‌یان به هی خۆیان بزانیبایه و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له بۆته‌ی ئێراقدا به‌دی بکردایه.
ده‌کرا دادگای ئێراقی وه‌کو داگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی په‌سند بێت، له کاتێکدا پرسی سه‌ربه‌خۆیی له ئێراقدا نه‌بووایه، واته نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته (کورد) که خه‌ون به سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌بینێت له چوارچێوه‌ی ئێراقدا نه‌بووایه، نه‌ته‌وه‌ی که‌مینه که‌م و لاواز بوایه یا جودایی نه‌ته‌وه‌یی کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی مێژوویی و هه‌نوکه‌یی نه‌بوایه، سه‌ربه‌خۆیی پرسیارێکی نه‌خوازراو بوایه، کێشه ته‌نها سیسته‌م گۆڕین و باشتربوونی باری ئازادی و ژیان بوایه. جێگه‌ی سه‌رنجه سه‌رکرده کورده ئێراقچیه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن نمونه‌یه‌کی له‌و شێوه‌یه پیشان بده‌ن، به‌لام ئه‌وه له‌گه‌ڵ باری راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و کێشه‌که‌ی له ئێراقدا ناته‌بایه.
پرسیاری دیکه سه‌باره‌ت به ره‌وایه‌تی ئه‌و دادگایه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌وه‌یه، ئایا نوێنه‌رانی کورد له لایه‌ن ئه‌وان ئازادانه هه‌لبژێردران تاکو ره‌وایه‌تی به‌خۆیان بده‌ن له جیاتی ئه‌وان بڕیاری چاره‌نوسساز بده‌ن؟ له لای هێروه پێویسته بگوترێت ئه‌گه‌ر نوێنه‌ر له پرۆسه‌یه‌کی ئازادیشدا هه‌لبژێردرێت، واتای ئه‌وه نییه ره‌وایه ئه‌و له جیاتی گه‌ل بڕیار له‌سه‌ر پرسی چاره‌نوسساز بدات. هه‌روه‌کو له وڵاتانی پێشکه‌وتوو گشتپرسی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسیاری چاره‌نوسساز به گونجاوترین و دیموکراسیترین چاره‌سه‌ر ده‌زانرێت. نوێنه‌رانی کورد که به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی سه‌رکرده‌کانی ی.ن.ک و پ.د.ک ن، (سه‌رکرده‌ی پارت و رێکخراوه‌کانی دیکه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بریاره‌کان زۆر لاوازه یا هه‌ر نییه). ی.ن.ک و پ.د.ک هه‌ردوولایان دوو پارتی پاوانخوازی نادیموکراسین. بوونیان، مانه‌وه و ده‌سه‌ڵاتداریان بێبه‌ری نییه له کۆمه‌ڵێ کرده‌ی دژ به به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد. هه‌ردوو پارت پێشی هه‌لبژاردن به میتۆد و ڕێگه‌ی نادیموکراسیانه و دیکتاتۆرانه ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتبوو و وڵاتیان دابه‌ش کردبوو. له هه‌ڵبژاردندا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌سه‌رووی هه‌ر بابه‌تێکی تره‌وه داندران و سه‌پێندران. خه‌ڵک ئازاد نه‌بوون، ده‌نگده‌ری کورد به‌کۆمه‌ڵی گه‌مارۆی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رامیاریی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌وره‌درابوون. بۆنمونه زۆر که‌س ده‌نگیان به پارتی زاڵی ناوچه‌که‌ی ده‌دا، تاکو له کار ده‌رنه‌کرێت، یا کێشه‌ی بۆ دروست نه‌کرێت هتد.
به‌پێی ئه‌و کورته هێما بۆکردنه نوێنه‌ربوونی نوێنه‌رانی کورد پرسیار دروست ده‌که‌ن و گومان له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی بوونیان ده‌که‌ن. بۆیه بریاری ئه‌وان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی دادگاکه و بانگاشه‌ی پشتگیری گه‌لی کورد له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی دروست نه‌هاتووه. هه‌روه‌ها بانگاشه‌کردنی ئه‌وان بۆ ئه‌و دادگایه وه‌کو دادگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی کورد دروست نییه.
ده‌کرا ئه‌وان چارسه‌ری ئه‌و کێشه‌یه بکه‌ن به‌وه‌ی بابه‌ته‌که له پرۆسه‌یه‌کی ره‌وای کراوه و دیموکراسیانه‌دا بخه‌نه‌به‌ر هه‌ڵوێستی گشتی و به پشتگیری ئه‌وان بڕیار بده‌ن، دیاره ئه‌وه به ده‌سه‌ڵاتێک ده‌کرێت که دیموکراسی بێت و بڕیاری خه‌ڵک به‌گرنگ بزانێت. ئه‌وه نه‌کرا، دادگاکه دامه‌زرا پرس یا روونکردنه‌وه له‌باره‌یه‌وه نه‌درایه گه‌لی کورد که قوربانی تاوانی گه‌لکوژی بوو. کانون و رێسای دادگاکه بۆ خه‌ڵکی کوردستان نه‌کرایه کوردی و شتێکی ئه‌وتۆ بۆ خه‌ڵک روون نه‌کرایه‌وه.
پرسیارێکی دیکه که په‌یوه‌ندی به هوشیاری نه‌ته‌وه‌ی قوربانییه‌وه هه‌یه، ده‌توانێ گومان له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی بوونی دادگای نه‌ته‌وه‌یی دروست بکات ئه‌وه‌یه، ئایا نه‌ته‌وه‌ی قوربانی چه‌نده هوشیاری سه‌باره‌ت به تاوانی گه‌لکوژی و دادگا له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه؟ خه‌ڵکی کوردستان وه‌کو هه‌ر گه‌لێکی رۆژ‌هه‌ڵاتی ناوه‌راست زانیاری سه‌باره‌ت به گه‌لێ چه‌مک و پرۆسه زۆر که‌مه. که پێشتر پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها له ئارادا نه‌بوو، ئه‌زموونی له‌گه‌ل پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها نییه، بێگومان زانیاری خه‌ڵک له‌مباره‌یه‌وه به هه‌ژاری ده‌مێنێته‌وه و له گه‌وره‌یی تاوانه‌که و گرنگی پرۆسه‌ی دادگایی ناتوانێ بگات. نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکه ئاساییه‌که، زۆر له‌وانه‌ی ده‌نوسن و گۆتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌که‌ن، هه‌ژاریان له شاره‌زاییان سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته پێوه‌دیاره. ئه‌وه‌ش سه‌یر نییه که پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گۆتن نه‌کراوه و لێی نه‌کۆڵدراوه‌ته‌وه. ده‌سه‌ڵاتداران ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و که‌لێنه پڕ بکه‌نه‌وه و هه‌وڵ بده‌ن زانیاری و زانین له‌مباره‌وه له ڕێگه‌ی شاره‌زایانه‌وه یا به ڕێگه‌ی گونجاو به خه‌ڵک بگه‌یه‌نن، گوزارشت، ڕوونکردنه‌وه و شیکار له‌سه‌ر تاوانه‌که و پرۆسه‌ی دادگایی زانستیانه و بێلایه‌نانه به خه‌ڵک بده‌ن، و هتد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار خۆی کێشه‌ی له زانین و شاره‌زایی له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێت، هه‌روه‌ها له‌و پرۆسه‌ی گه‌یاندنه دیموکراسییه نه‌گات، ئه‌و کاره به‌و ده‌سه‌ڵاته ناکرێت. له لایه‌کیتر له‌کاتێکدا ده‌سه‌ڵاته‌که به کۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی پارت به‌ستراوه‌ته‌وه ئه‌وه خراپتر، چونکه به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌م پرۆسه‌ی روونکردنه‌وه و هوشیارکردنه‌وه پێویسته گرنگی نابێت. ئه‌وه له باشوری کوردستان وا ده‌که‌وێته به‌رچاو، ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی پارتیان له‌سه‌رووی هه‌ر شتێکی دیکه بووه. خۆیان له‌م روانگه‌یه‌وه هه‌ژار بوون، وادیاربوو نه به‌ته‌واوی له تاوانه‌که گه‌یشتبوون، نه به‌ته‌واوی ده‌یانزانی واتای ئه‌و پرۆسه‌یه چییه، هه‌روه‌ها ئه‌وان له پرۆسه دیموکراسیه‌کان زۆرهه‌ژارن یا ئاره‌زووی ناکه‌ن، جگه‌له‌وه‌ی به‌رژوه‌ندییه ئێراقییه‌کانیان ئاره‌زووی هوشیارکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناکه‌ن.
بۆیه له‌مباره‌دا و به‌پێی ئه‌و ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه سه‌پاندنی دادگای به‌ناو نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی قوربانی، ده‌کرێ وه‌کو به‌لاوه‌نانی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی قوربانیی، فێڵکردن لێی و خراببه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات سه‌یر بکرێت. چونکه نه‌ته‌وه‌ی قوربانی نازانێ: بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه وا که‌وته‌وه؟ بۆ ئه‌و دادگایه؟ ئایا ئه‌لته‌رناتیڤ هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر ئا چیبوون؟ خه‌ڵکی دیکه‌ی قوربانی گه‌لکوژی چۆن ئه‌و قۆناغه‌یان بڕیووه؟ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو ئه‌وان هه‌لسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ نه‌کرا؟ هتد.
جگه له نه‌ته‌وه‌ی قوربانی گه‌لکوژی که نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو لێره‌دا، نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر دوو گرووپی ئه‌نتی سوننه و شیعه. شیعه‌کان که زۆرینه‌ی ئێراق پێک ده‌هێنن و زۆرترین ده‌سه‌ڵاتیان له ئێراقی دوای سه‌دام هه‌یه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و دادگایه بوون، له‌لایه‌ک له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بیانه و ئێراقیانه‌یان، له لایه‌کیتر خۆیان زۆرترین ده‌سه‌ڵاتیان له پرۆسه جۆراوجۆره‌کاندا هه‌یه. دیاره پرس به خه‌ڵکی ئاسایی شیعه که ئه‌وانیش قوربانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوننه بوون، بۆ بوونی پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها نه‌کرا. ئه‌وه‌ش بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ئه‌زموونی دیموکراسی نییه و دیموکراسی نییه کرده‌یه‌کی چاوه‌روانکراوه.
هه‌رچی گروپی ئه‌تنی سوننه‌یه ده‌سه‌ڵاتی که‌م بوو، دژی پرۆسه‌ی رامیاریی دوای سه‌دام بوون و به‌دژی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانی تێده‌گه‌یشتن، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و دادگایه نه‌بوون و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وهادا نه‌ده‌بینیه‌وه. سه‌رکرده‌کانی سوننه ئه‌وانه‌ی هه‌واداری ئه‌مه‌ریکا بوون په‌سندی ئه‌و پرۆسه‌یان کرد، بێ پرس و روونکردنه‌وه بۆ خه‌ڵکی ئاسایی سوننه. دیاره خه‌ڵکی سوننه که له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق تاڕاده‌یه‌کی زۆر په‌راوێز بوون، کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوو که دادگاکه ئێراقییه، ئه‌وه ته‌واو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌واندا گونجاوه. به‌ڵام ئه‌وان که ده‌سه‌ڵاتی پێشوویان به‌هۆی رووخانی رژێمی به‌عس له ده‌ست چووه، ره‌تی ره‌وتی رامیاری دوای سه‌دامیان کرده‌وه و ئه‌وه‌یان له چه‌ندین بۆنه‌دا پێشان دا. ئه‌وان بروایان به پرۆسه‌ی دادگاییه‌که له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا، هه‌وادارانی ئه‌مه‌ریکا و به‌رێوه‌به‌رانی دادگایه‌که نه‌بوو، بۆیه ئه‌وان دژی ئه‌و دادگایه وه‌ستان و داوای دادگای نێونه‌ته‌وه‌ییان ده‌کرد. دیاره سه‌رکرده سوننه‌کان وه‌کو سه‌رکرده شیعه‌کان دژی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بوون، بوونی دادگایه‌کی ئه‌وهایان به شه‌رمه‌زاری بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ده‌بینی، پێیانوابوو ئه‌وه له‌سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب که‌مده‌کاته‌وه.
بۆیه ره‌وایه‌تی بوونی دادگاکه لێره‌دا له لایه‌ن سوننه‌وه پرسیاری له‌سه‌ر هه‌یه، نه‌ک له‌به‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌بوونی دادگاکه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌تنیان درابوو و بوونی ئه‌و دادگایه به قازانجی ئه‌تنی ئه‌وان نه‌بوو، بۆیه ئه‌وان به‌هی خۆیانی نازانن. له‌م باره‌یه‌وه لاوازی ناسنامه‌ی ستاتی ئێراقی دوای سه‌دام، به‌جۆرێکی دیکه خۆی ده‌رده‌خات، که گومان ده‌خاته سه‌ر ره‌وایه‌تی ناسنامه‌که به‌شێوه‌یه‌کی دیکه.
به‌شداری گروپه ئه‌تنیه‌کان له دادگا و پرۆسه‌ی دادگاییه‌که که گونجاوه له‌گه‌ڵ ره‌وتی رامیاریی دوای سه‌دام، به‌شداری که‌سانی ناو گروپه ناکۆک و به‌رژه‌وه‌ند جیاوازه‌کانه له دادگا و پرۆسه دادگاییه‌که‌دا. که‌سه کانونناسه‌کان چ دادوه‌ر یا پارێزه‌ر یا که‌سانی دیکه‌ی ناو پرۆسه‌که، که‌سیان له‌و کێشانه‌ی که له نێوان گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیه‌کاندا هه‌ن له‌م ناسنامه ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌ییانه بێلایه‌ن نیین. هه‌موویان به به‌ژروه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنی بارگاوین و هاتوون له پرۆسه‌یه‌کدا به‌شدارن که دادگایی که‌سانێک ده‌کات، له تاوانی گه‌لکوژی و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به گروپی ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌یی دژیان به‌تایبه‌تی کورد و شیعه کردوویانه. هه‌موویان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و گشتیان له پرۆسه‌که‌دا و که‌وتنه‌وه‌ی جۆری ئه‌نجامی بڕیاری دادگاکه هه‌یه. بۆنمونه دادوه‌ری عه‌ره‌ب که خۆی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی باڵا ده‌سته، به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عه‌ره‌بی لا گرنگه، هاتووه سه‌رپه‌رشتی دادگایی که‌یسی گه‌لکوژی دژ به کورد ده‌کات، که که‌سانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌نجامیان داوه، که‌سانێک که نوێنه‌ری فه‌رمی ستاتی ئێراق و گه‌لی عه‌ره‌ب له ئێراق بوون، گومان له‌سه‌ر (inhabilitet[19]) گونجاویی کانونیانه‌ی بوونی ئه‌و که‌سه له پرۆسه‌ی دادوه‌ری دروست ده‌کات. یا که‌سێکی شیعه هاتووه دادگایی تاوانبارێکی سوننه ده‌کات، شیعه‌بوونی که‌سه‌که گومان له‌سه‌ر گونجاویی کانونیانه‌ی بوونی ئه‌و دادوه‌ره دروست ده‌کات. ناسنامه‌ی ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌یی که‌سه‌کان گومان له‌سه‌ر گونجاویی کانونیانه‌ی بوونیان له پرۆسه دادگاییه‌که‌دا دروست ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر بزانین له‌وه‌ته‌ی ئێراق هه‌یه به کێشه‌ی ناوخۆیی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنی ده‌ناڵێنێت، تاوانی گه‌لکوژی و پاکتاوکردن سیسته‌ماتیکیانه روویان داوه، بوونی که‌سانی سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه و گروپه ئه‌تنیانه له پرۆسه‌ی دادگایی به‌ناو نه‌ته‌وه‌ییدا گونجاو نییه. چونکه ئه‌گه‌ر راسته‌خۆ لایه‌نگیر نه‌بن، گومان له‌سه‌ر بێلایه‌نی و ده‌ستپاکی ئه‌و که‌سانه‌دا هه‌یه، سه‌ڵماندنی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه زۆر سه‌خته.
سه‌باره‌ت به پێویستبوونی هه‌بوونی بنه‌ما دیموکراسیه‌کان و بوونی دڵنیایی دادوه‌ری و دادگای نه‌ته‌وه‌یی، ئێراق که پێشتر وڵاتێکی دیموکراسی نه‌بوو، واته ئه‌زموونێکی دیموکراسی نه‌بوو، کێشه‌ی کوشنده و درێژماوه‌ی بێچاره‌سه‌ری ناوخۆی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و ئه‌تنی تێدابووه و تێدایه، ناتوانێ له ئاستی پرۆسه‌یه‌کی دادگایی ئه‌وهادا بێت. رابردوو و ئێستای پڕله‌ناکۆکی ئێراق هێمای بۆ ئاراسته‌یه‌کی واناکه‌ن، که گه‌ره‌نتی پرۆسه‌یه‌کی داده‌وه‌رانه‌ی کانونی له دادگاییه‌کاندا بکات. ڕابردوو و ئێستای رامیاریی ئێراق ئه‌وه نه‌بوو خه‌ڵک و شاره‌زایان چاوه‌روانی میراکل له پرۆسه‌ی دادگاییه‌که‌دا بکه‌ن. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پێشبینی مه‌ترسی لایه‌نگیری، ده‌ستێوه‌ردان و دیارده‌ی دیکه‌ی نه‌رێنی ده‌کران. له ئێراقدا ئه‌و بنه‌ما و فاکته‌رانه‌ی که بۆ پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها پێویستن نه‌بوون. هه‌ندێ فاکته‌ر هه‌ن چاره‌یان نییه و ئێراق ناتوانێ چاره‌یان بکات، وه‌کو فاکته‌ری لایه‌نگیری و گونجاوی که‌سه کانونیه‌کان، چونکه که‌سه‌کان سه‌ر به گروپه ناکۆکه‌کانن و ناتوانن بێلایه‌ن بن. مه‌نتالی عه‌ره‌بیانه و ئیسلامیانه و لایه‌نگیریان له‌م روانگانه‌وه چاره‌سه‌ریان سه‌خته. که‌سه کانونیه‌کان زۆریان په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌می رژێمی رووخاون و گومانی کێشه‌ی ده‌ستپاکی و بێلایه‌نیان لێده‌کرا.
ئێراقی دوای سه‌دام ئێراقێکی تائێستا دیموکراسی نییه، پرۆسه‌ی به‌ناو “دیموکراتیزه‌کردنی” ئێراق کۆسپی زۆر له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌و قۆناغانه‌ی بۆ سه‌ره‌تای دیموکراتیزه‌کردن گرنگن به ئاراسته‌یه‌کی گونجاو‌دا تێنه‌په‌رین، به‌فرتوفێل، خۆگێلکردن و ڕێکه‌وتنی ئاشکرا و شاراوه‌ی رامیاریی پرۆسه‌کان تێپه‌رێندران. کێشه و ناکۆکی کۆن و نوێی رامیاریی واده‌کات کاریگه‌ریی به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کان له‌سه‌ر دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا هه‌بن، هه‌روه‌کو له‌سه‌ره‌تاوه که‌موزۆر خۆیان له پرۆسه‌ی دادگاییه‌کاندا ده‌رخستووه.
تا ئێستا له ئێراقدا دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌گشتی سه‌ربه‌خۆ نین. دادگا ده‌سه‌ڵاتی به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه‌کانی نییه، ستات ده‌ست له دادگا وه‌رده‌دات، هێزی ده‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکا ده‌ست له دادگا وه‌رده‌دات، هێزه رامیارییه‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر دادگا و ره‌وتی دادگا هه‌یه. ره‌وتی ئێراقچیه‌تی و ئێراقیبوون کاریگه‌ریان ته‌واو هه‌یه، ئیسلامی‌بوون و عه‌ره‌بیبوون که‌موزۆر ناوه ناوه له دادگا ده‌رکه‌وتوون. جگه‌له‌وه‌ی کانون و ده‌ستوری ئێراقی نوێ هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ی ئیسلامی‌بوون، عه‌ره‌بیبوون و ئێراقیبوونی هه‌یه. واته کانون و ده‌ستوریش کێشه‌یان له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌کانی بێلایه‌نی و پرۆفیشنالیزم له چه‌ند لایه‌نه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئاگاداری ئه‌و فاکته‌رانه بین، سه‌یر نییه که کانونی دادگاکه و پرۆسه‌ی دادگاییه‌کان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه عه‌ره‌بی و ئێراقییه‌کان رێکخران.
له‌میانه‌ی دادگاییه‌که‌ی تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال و دوای دادگاییه‌که، دادگاکه تووشی کۆمه‌ڵێ کێشه و سکه‌ندال بوو. دادوه‌ره‌کان کۆنه به‌عسیان تێدایه، دادوه‌ر لایه‌نگیری بۆ تاوانباری گه‌لکوژی سه‌دام حوسێن ده‌ربڕی، سه‌دام حوسێن له‌سه‌ر تاوانی که‌مواتای دوجه‌یل سزای مردنی درا، له سکه‌نداڵیکی رامیارییدا درایه ده‌ستی گروپی موقته‌دا سه‌در و ئه‌وان میلیتسانه کوشتیان. سه‌دام له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال رزگاری بوو و تۆمه‌ته‌کانی له‌سه‌ر لادرا. بریاره‌کانی کۆتایی که‌وتنه ژێر کاریگه‌ری لایه‌نه رامیاره ناکۆکه‌کان، دادگا هه‌میشه له‌ژێر کاریگه‌ری ئاره‌زووی ئه‌مه‌ریکاییه‌کانه، جێبه‌جێکردنی سزای سێ له تاوانباره سه‌ره‌کیه‌کانی گه‌لکوژی ئه‌نفال عه‌لی کیمیاوی، سوڵتان هاشم و حوسێن ره‌شید به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی رامیاریی وه‌ستاوه، هتد. هه‌موو ئه‌وانه هێما بۆ دادگایه‌کی ناسه‌ربه‌خۆ، ناپرۆفیشنال، لایه‌نگیر و بارگاوی به بیروباوه‌ری جیاجیا له‌چه‌ند لایه‌نه‌وه ده‌که‌ن.
به‌زانینی بوونی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی به‌کورتی هێمایان بۆکرا ده‌کرێ بپرسین، ئایا دادگای ئێراقی تا چه‌ند گرنگی به به‌رپرسیاری ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا دا؟ ئایا تاچه‌ند له دادگای ئێراقیدا ئه‌و پرسیاره خۆی لێدرا؟ ئایا هیچ لایه‌نێکی ئێراقی ئاره‌زووی ئه‌و پرسیاره ده‌که‌ن؟
کانونی دادگای ئێراقی گرنگی به کانون و رێسا کانونیه‌کانی ئێراق له کۆنه‌وه تا به‌ر له رووخانی رژێمی به‌عس ده‌دات، له‌وێدا گرنگی ئێراقیبوون و به‌ها ئێراقیه‌کان خۆیان ده‌درده‌خه‌ن. که‌سه‌کانی ناو پرۆسه دادگاییه‌که، دادوه‌ر، داواکاری گشتی و پارێزه‌ره‌کان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر گرنگیان به ئێراقیببون، عه‌ره‌بیبوون و ئیسلامبوون داوه. دیاره کورده‌کان خۆیان له عه‌ره‌ببوون پاراستووه، به‌ڵام وه‌کو عه‌ره‌به‌کان گرنگیان به ئێراقیبوون و ئیسلامبوون داوه. له لایه‌ن هه‌مووان ئێراق وه‌کو ستاتێکی ره‌وای خاوه‌ن کانون و ده‌ستپاکی سه‌یری کرا و جه‌ختی له‌سه‌ر کرایه‌وه.
دادگا وه‌کو تاوانه‌کانی دیکه که دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد کراون دۆسیه‌ی گه‌لکوژی ئه‌نفالی له‌گه‌ڵ دۆسیه‌کانی دیکه که بریتین له تاوانکاریه‌کانی دژ به شیعه، تورکمان، بازرگان و هیتر تێکه‌ڵ کرد. به تاوانی دوجه‌یل که تاوانێکی له چاو تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال زۆر بچوکه ده‌ستی به کار کرد. سیسته‌ماتیکیانه و پۆلینکردن به‌پێی کۆنی، یا نه‌ته‌وه و گروپی ئه‌تنی سه‌یری تاوانه‌کان نه‌کران. هه‌ر له به‌راییدا هه‌موو که‌یسه‌کان وه‌کو تاوانکاری دژ به خه‌ڵکی ئێراق تێکه‌ڵوپێکه‌ڵ کران. به‌مجۆره دادگا جگه له پێکهاته‌که‌ی و کانونه‌که‌ی له دۆسیه‌کانیشدا جوداییه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌کانی خسته خانه‌یه‌کی ئه‌وها که ئاستی جوداییانی که‌مکرده‌وه و وه‌کو که‌یسی خه‌ڵکی ئێراق پیشان دران. له دۆسیه‌کاندا ئاماژه به تاوانکاریه‌کان کرا، که له لایه‌ن هه‌ندێ به‌رپرسی رژێمی به‌عس ئه‌نجام دراون. به‌مشێوه‌یه دوو خاڵ لێره‌دا گرنگیان پێدرا: یه‌که‌م، که‌یسه‌کان هه‌مووی وه‌کو کێشه‌ی خه‌ڵکی ئێراق و ئێراقیه‌کان سه‌یریان کرا و خرانه دادگا. دووه‌م: که‌سه تاوانباره‌کان نه‌ک ستات به‌ره‌ورووی به‌رپرسیاریی له تاوانکاریه‌کان کرانه‌وه.
ئه‌گه‌ر وردتر سه‌یری به‌تایبه‌تی دادوه‌ره‌کان و داواکاری گشتی بکه‌ین، باشتر ئه‌و فاکته‌ره لایه‌نگرانه و گرنگیی ئێراقیببون و به‌ها ئێراقیه‌کان خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. دادوه‌ر عه‌بدوڵلا عامری و محه‌مه‌د عوره‌یبی هه‌ردوولایان سه‌یری ئێراقیان وه‌کو وڵاتی دادوه‌ری و ره‌وایی کرد، جۆرێک له شانازیان به‌رامبه‌ر به ئێراقیبوون پیشان دا. واته ئێراق وه‌کو ستات گرنگی پێدرا و به‌رز داندرا. لێره‌دا بێگومان ئه‌گه‌ری پرسیار دروستکردن له‌سه‌ر تاوانباریی ستاتی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا نامۆ دێته به‌رچاو و ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌ی که دادوه‌ر و دادگا هه‌وڵی پیشاندانی ده‌دا. عه‌بدوڵلا عامری نه‌ک هه‌ر به‌چاوی به‌رز سه‌یری ساتی ئێراقی ده‌کرد، به‌ڵکو زیاتر رۆیشت و هه‌ڵوێستی رامیارانه و ئێراقچیانه‌ی خۆی جار جاره ده‌رده‌خست، وه‌کو بۆنمونه له دانیشتنێکدا هه‌ڵوێستی دژی پارچه‌بوونی ئێراق پیشاندا و گوتی، “کێ ده‌ڵێ ئێراق پارچه ده‌بێت!”. ئه‌و نه‌ك پرسیاری به‌رامبه‌ر به پاکی ستاتی ئێراق دانه‌ده‌نا، به‌ڵکو دژی ئه‌و گۆتانه‌ش بوو که زیانیان بۆ سه‌روه‌ری ئێراق هه‌بوو.
داواکاری گشتی که رووی دادوه‌رییه و هه‌وڵ ده‌دات تاوانکاری سزای ره‌وای خۆی وه‌رگرێت، زۆر راکشاوانه جه‌ختی له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی ستاتی ئێراق ده‌کرده‌وه. له هه‌موو پرۆسه‌که‌دا هه‌ولیدا نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو ئێراقی و خه‌ڵکی ئێراق پیشان بدات، هه‌روه‌ها هه‌ولیدا تاوانه‌که وه‌کو تاوانکاریی به‌رپرسانی به‌عس به‌رامبه‌ر به به‌شێک له گه‌لی ئیراق پیشان بدات. واته پرسیاری تاوانباریی خسته سه‌ر که‌سه تاوانباره‌کان و تاوانکاریه‌که‌ی به که‌س کرد، به‌هیچ جۆرێک خۆی له پرسیاری به‌رپرسیاریی ستات له تاوانه‌که‌دا نه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاوانه‌که له لایه‌ن ئۆرگانه ستاتیه‌کانی ستاتی ئێراق راسته‌وخۆ ئه‌نجامدرا.
داواکاری گشتی له سه‌ره‌تای پێشکه‌شکردنی داواکارییه‌که‌ی مۆرکی لایه‌نگرانه‌ی ئێرایبوون، عه‌ره‌بیبوون و ئیسلامبوون به داواکه‌ی دیاربوو. ناوه ناوه ئاماژه‌ی بۆ ئایه‌تێکی قورئان ده‌کرد، به مه‌نتالێکی عه‌ره‌بیانه بابه‌ته‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌کرد، ئێراق و ره‌وابوونی ئێراقی به‌رز دانا.
سه‌باره‌ت به تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال، داواکاری گشتی یه‌ک جار ناوی هێزه‌کانی ئێراقی هێنا و گوتی هێرشیان کرده سه‌ر گه‌لی خۆیان. لێره‌شدا گرنگی به ئێراقیبوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد دایه‌وه. داواکاری گشتی پاکانه‌ی بۆ دادوه‌ریی ئێراق کرد و گوتی ستاتی ئێراق رێگه به تاوانی ئه‌وها نادات. دیاره ستاتی ئێراق بوو تاوانه‌که‌ی ئه‌نجامدا، هێزه‌کانی ئێراق بوون پیاده‌ی بریاره‌کانی ستاتی ئێراقیان کرد. ئه‌و تاوانبارانی وه‌کو به‌رپرسانی پێشوو ناو ده‌برد و خۆی له ناوهێنانی په‌رپرسانی ستاتی ئێراق ده‌پاراست. له کۆتایی وتاری داواکاریه‌که‌یدا په‌نجه ده‌خاته‌سه‌ر بوونی تاوانی گه‌لکوژی دژی کورده‌کانی ئێراق، به‌رپرسیارییه‌که ده‌خاته‌سه‌ر که‌سه تاوانباره‌کان، له هه‌مان کاتدا ئاماژه به پێشێلکردنی کانونی ئێراقی و نێونه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن تاوانبارانه‌وه ده‌کات. به شارستانی و ره‌وایی ستاتی ئێراقی هه‌ڵدا و دادگاکه‌شی وه‌کو نمونه‌یه‌کی ئه‌و ره‌واییه پیشان ده‌دات. ڕاسته ئه‌و تاوانه‌که وه‌کو تاوانی گه‌لکوژی ده‌سه‌ڵمێنیت، به‌ڵام به‌که‌سی ده‌کات و له‌ملی سه‌رۆکی ئێراق و ستاتی ئێراقی ده‌کاته‌وه. هه‌رچه‌نده له‌وه‌دا زۆر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو چونکه کرده و فاکته‌ره‌کان هه‌مووی په‌نجه‌یان بۆ ستاتی ئێراق و سه‌رۆک و سه‌رکردایه‌تی ئێراق درێژ ده‌کرد.
داواکاری گشتی به‌هیچ جۆرێک پرسیاری له‌سه‌ر به‌رپرسیاریی ستاتی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژیدا دانه‌نا. په‌نجه‌ی تاوانباریی بۆ ستاتی ئێراق نه‌چوو، به‌وه‌ی که‌یسه‌که کرایه که‌یسێکی ناوخۆیی ئێراقی و تاوانه‌که‌ی خسته ملی هه‌ندێ به‌رپرسی به‌عس. هه‌روه‌کو هه‌موو پرۆسه‌ی دادگاییه‌که بنچینه‌ی له‌سه‌ر داڕشتووه، وادیاربوو هه‌وڵده‌درا هێماکان و فاکته‌ره‌کانی که جودایی دروست ده‌که‌ن و بوونی ناکۆکی دوو نه‌ته‌وه زه‌ق نه‌کرێنه‌وه، به‌لاوه بنرێن، له هه‌مان کاتدا له‌سه‌ر ئه‌و فاکته‌ر و گۆتانه‌ی که ئاماژه به وه‌کویه‌کی و ته‌بایی ده‌که‌ن، جیاوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌لاوه ده‌نێن جه‌خت ده‌کرایه‌وه.
پرسیاریی به‌رپرسیاریی ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا له ته‌واوی پرۆسه‌ی دادگاییه‌که‌دا بوونی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کانونیانه و به‌پێی بریار و کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان دیارکردنی به‌رپرسی ستات گرنگه.
تاکه لایه‌نێک له ئێراقدا که ئاره‌زووی ئه‌و پرسیاره بکات، بێگومان ده‌بێ کورده‌کان بن که قوربانی ده‌ستی تاوانی گه‌لکوژیین له لایه‌ن ستاتی ئێراقه‌وه. له‌م پرۆسه‌یه‌دا سه‌رکرده‌کانی کورد و لایه‌نی کوردی نه له ده‌ره‌وه‌ی دادگا نه له ناو هۆڵی دادگا، به‌هیچ جۆرێک خۆیان له پرسیاری به‌رپرسیاریی ستاتی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌دا. ئه‌وانیش وه‌کو عه‌ره‌به‌کان پیاده‌ی ئه‌و ره‌وته‌یان کرد که له سایه‌ی پۆلیتیکی پرۆسه‌ی رامیاری ئێراقی دوای سه‌دام هه‌یه. دیاره ئه‌و هه‌لوێسته‌ی کورده‌کان ده‌کرێ گه‌لێ لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت. هۆکارێکی دیار ئه‌وه‌یه ئه‌وان خۆیان به ئێراقیی ده‌زانن، نه‌خوازیاری ئه‌و فاکته‌رانه‌ن که جودایی له نێوان نه‌ته‌وه‌کان دروست ده‌که‌ن، نه‌خوازیاری ئه‌و فاکته‌رانه‌ن که لێکترازان ده‌جوڵێنن و هه‌وڵه‌کانی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق له‌ق ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئێراقچیانه‌یان گونجاوه. وه‌کو پێشتر ئاماژه‌ی بۆکرا و روونکرایه‌وه، گومان له‌سه‌ر ره‌وایی نوێنه‌ربوونی ئه‌وان بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌یه.
به‌کورتی ئه‌و فاکته‌ر و به‌هایانه‌ی که لایه‌نی ئێراقیبوون، عه‌ره‌بوون و ئیسلامبوون ده‌گرن هه‌موویان به‌جۆرێ له جۆره‌کان ئاره‌زووی پرسیاریی به‌رپرسیاریی ستات ناکه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیاره و به‌هاکانی ئه‌و پرسیاره دانوویان ناکورێ. چونکه ئه‌و پرسیاره گومان له سه‌ر ره‌وایی و سه‌نگایی ئه‌و چه‌مکانه دروست ده‌کات. ستاتی ئێراق که له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام هه‌وڵی دروستکردنه‌وه‌ی ره‌وایی بوونی خۆی ده‌دات، هه‌ولی ره‌وا بوونی یه‌کگرتوویی و سه‌روه‌ری خۆی ده‌دات، هه‌وڵی پیشاندانی برایه‌تی و ته‌بایی نێو گه‌لانی ناو ستات ده‌دات، به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئاره‌زووی پرسیارێک ناکات که ئه‌و هه‌وڵانه بنکۆر ده‌کات.
له کۆتاییدا ده‌کرێ بڵێین که دادگای نه‌ته‌وه‌یی بۆ ستاتی له شێوه‌ی ئێراق که به کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنی درێژخایه‌ن ده‌ناڵێنێ، کێشه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی بێلایه‌نی، سه‌ربه‌خۆیی، ده‌ستپاکی، پرۆفیشنالیزم، توانا و شاره‌زاییدا هه‌یه. بارگاوییه به به‌رژه‌وندی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و ستات. بۆیه ئه‌گه‌ری گرنگی دان به پرسیاری به‌رپرسیاریی ستات له تاوانی گه‌لکوژیدا زۆر لاوازه.
پوخته
ستات به‌رپرسیاره له‌و تاوانکاریانه‌ی که ئۆرگانه‌کانی ستات راسته‌خۆی یا ناراسته‌وخۆ پێی هه‌لده‌ستن، ئه‌وجا ئه‌و ئه‌نجامدانه راسته‌وخۆ له لایه‌ن ستاته‌وه فه‌رمانی بۆ ده‌ربکرێت، یا جۆرێک له به‌شداری ئۆرگانێکی سه‌ر به ستات بێت که له لایه‌ن ستاته‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی دراوه‌تێ. هه‌ر تاوانکاریه‌ک که ئۆرگانه‌کانی ستات پێی هه‌لده‌ستن، به‌رپرسیاریی له‌سه‌ر ستاته‌که وه‌کو دامه‌زراو دروست ده‌کات، بۆیه له ئه‌گه‌ری گۆڕانی سیسته‌م یا رژێم و ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌و به‌رپرسیارییه له‌سه‌ر ستاته‌که لا ناچێت.
به‌پێی رێکه‌وتننامه‌ی پێش‌گرتن به تاوانی گه‌لکوژی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هه‌ر که‌سێک یا لایه‌نێک سه‌ربه ئۆرگانی ده‌ستوری بن یا نا، به تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵسێت یا به جۆرێ له جۆره‌کان به‌شداری له هه‌وڵ و ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا بکات سزای له‌سه‌ره. له ئه‌رتیکلی 4 دا هێما بۆ پێویستی سزادانی تاوانکاران ده‌کات و ده‌ڵێ ده‌بێ سزا بدرێن. به‌پێی ئه‌و رێکه‌وتنه ده‌کرێ ستات وه‌کو دامه‌زراو به‌ره‌وڕووی به‌رپرسیاریی بکرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی بریاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ر کرده‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه‌کراو له لایه‌ن ستاته‌وه، ستاته‌که به‌ره‌ورووی به‌رپرسیاریی ده‌کاته‌وه، له بارێک‌دا که کرده‌که به ستاته‌وه بلکێندرێ، یا کرده‌که شکاندن و پێشێلکاری یه‌کێ له ئه‌رکه نێونه‌ته‌وه‌ییه سه‌پێندراوه‌کان بێت.
ئه‌رتیکلی 4، 5 ، 8 و 9 دا بریاره‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که هه‌ر ئۆرگانێکی ستات له هه‌ر بوار و ئاستێک‌دا بێت، که‌س بێت یا دامه‌زراو و ده‌زگا بێت، که تاوانێک ئه‌نجام ده‌دات، یا راسپارده‌ی ستاتی له کرده‌که دراوه‌تێ، یا پشتگیری فه‌رمی ستاتی له ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا هه‌یه هتد. ئه‌و تاوانه به ستاته‌وه ده‌لکێندرێت.
به‌پێی دۆکترینی به‌رپرسیاری ستات بۆ پارێزگاری سه‌روه‌ری ستات به‌رپرسیاریی له‌سه‌ره، به‌مجۆره به‌رپرسیاریی بنچینه‌یی پارێزگاری خه‌ڵک ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ستاته‌که. کاتێ ستات له ئاست ئه‌و ئه‌رکه‌دا نه‌بێت، یا پێشێلی ئه‌و ئه‌رکه بکات و خۆی تاوانکاری به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی وڵات بکات، ئه‌رکی سه‌پێندراوی خۆی ده‌شکێنێت، بۆیه پره‌سیپی مافی سه‌روه‌ری و ده‌ستێوه‌رنه‌دان به‌تاڵ ده‌بنه‌وه و ئه‌رکی پاراستنی خه‌ڵکی ستاته‌که ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی. له‌مباره‌دا کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به کاری ده‌ستێوه‌ردان ده‌توانێ هه‌ڵسێت. ئه‌وه هه‌موو کات پراکتیزه ناکرێت یا گرنگی خۆی پێ‌نادرێت، له زۆربه‌ی باره‌کاندا ده‌ستێوه‌ردان کاتێک سه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ستاته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بیخوازێ و له به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئه‌واندا بێت.
دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادوه‌ری که دادگای بنچینه‌یی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه، ئاماژه به گرنگی دداگاییکردن له‌سه‌ر تاوانه‌کانی گه‌لکوژی، تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ ده‌کات، هه‌روه‌ها دادگایی ستات له ئه‌گه‌ری ئه‌و تاوانانه‌دا به گرنگ ده‌زانێت. دادگا تایبه‌ته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان دادگای گونجاون بۆ لێپێچانه‌وه له به‌رپرسیاری ستات له تاواندا. به‌ڵام مه‌رج نییه دادگا گرنگی به‌م پرسیاره بدات، له کاتێکدا به‌رژه‌وه‌ندییه رامیارییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئه‌وه ناخوازن.
دادگای تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یی که بۆ لێپێچانه‌وه و دادگایی تاوانی گه‌لکوژی و تاوانه‌کانی دیکه داده‌ندرێن، هه‌میشه کێشه‌ی بێلایه‌نی، سه‌ربه‌خۆیی و توانای هه‌یه. ستات که خۆی دادگاکه‌ی دامه‌زراندووه، به ئه‌گه‌ری زۆر ئاره‌زووی پرسیاری به‌رپرسیارکردنی ستات ناکات.
به ئاماژه به کانونه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و بریاره‌کانی رێککه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی، ئێراق وه‌کو دامه‌زراوی ستات له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا تاوانباره، چونکه ئۆرگانه‌کانی ستات راسته‌وخۆ تاوانه‌که‌یان ئه‌نجام داوه. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان پێوه‌ر ئێراق به‌رپرسیاری له هه‌موو ئه‌و تاوانانه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ که ئۆرگانه‌کانی ئه‌و دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌نجامیان داوه.
دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق که به دادگایه‌کی ناسیونال (نه‌ته‌وه‌یی) داده‌ندرێت، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمان به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌نجومه‌نی کاتی حوکم که هه‌واداری ئه‌مه‌ریکا بوون دامه‌زرا. کانون و ڕه‌وتی دادگاکه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی رامیاریی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق گونجێندرا، هه‌روه‌کو دادگاکه ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه بوو.
دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقی ناتوانێ ببێته دادگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد که ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ئێراقدا نادۆزێته‌وه. له کاتێکدا بۆ عه‌ره‌به‌کان ده‌کرێ وه‌کو دادگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری بکرێت. له‌مباره‌دا ئه‌و دادگایه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ناگونجاوه و ناره‌وایه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و دادگایه دانی به بوونی تاوانی گه‌لکوژی نا، به‌ڵام تاوانه‌که‌ی به‌که‌س کرد، تاوانه‌که‌ی کرده تاوانی به‌رپرسان به‌رامبه‌ر به به‌شێک له خه‌ڵکی ئێراق و سه‌رۆکی ئێراق و ستاتی ئێراقی له تاوانه‌که بوارد. گرنگی به پرسیاری به‌رپرسیاریی ستاتی ئێراق له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال نه‌دا. دادگا گرنگی به ئێراقیبوون و ره‌وایه‌تی بوونی ستاتی ئیراق دا، دژی ئه‌م چه‌مکانه وه‌ستا که گومان له‌سه‌ر ره‌وابوونی ستات دروست ده‌که‌ن.
دادگای نه‌ته‌وه‌یی بۆ ستاتی له شێوه‌ی ئێراق که شه‌قبوونی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنی تێدایه، کێشه‌ی دیاری له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی بێلایه‌نی، سه‌ربه‌خۆیی، توانا و پرۆفشنالیزمدا هه‌یه. بۆیه دادگای نه‌ته‌وه‌یی بۆ وڵاتی له‌م شێوه‌یه ناگونجاوه. هه‌روه‌کو له دادگای ئێراقیدا هه‌موو ئه‌و کێشانه ده‌رکه‌وتن. ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وام، گه‌نده‌ڵی، ناپرۆفیشنالی و لایه‌نگیری له بواره‌کانی ئێراقیبوون، عه‌ره‌ببوون و ئیسلامبوون له دادگاکه‌دا مۆرکیان دیار بوو.
شاخه‌وان شۆڕش
ژونی 2008
سه‌رچاوه و په‌رواێز
[1] پێناسه‌که‌ی UN ته‌نها جه‌ختده‌خاته‌سه‌ر له‌ناوبردن له‌سه‌ر جودایی نه‌ته‌وه، ئایین، ڕه‌گه‌ز و ئه‌تنیاتی. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه نوسراوه گوتنێکه له پێناسه‌که‌ی UN فراوانتره، چونکه ده‌کرێ له‌ناوبردن به‌هۆی فاکته‌ری دیکه‌ش ئه‌نجام بدرێت. سه‌یری پێناسه‌که له خواره‌وه بکه.
[2] له پێناسه‌که‌ی ڕێککه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی دا نوسراوه: گه‌لکوژی واته هه‌ر کردارێک به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی هه‌موو یا به‌شێکی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ڕه‌گه‌زێک، گروپێکی ئایینی یا ئه‌تنی وه‌کو ئه‌وانه‌ی خواره‌وه:
– کوشتنی ئه‌ندامانی گروپه‌که
– زیان پێگه‌یاندنی مه‌نتالی و فیزیکی به ئه‌ندامانی گروپه‌که
– سه‌پاندنی مه‌رجی ئه‌وهای ژیان به‌سه‌ر گروپه‌که‌دا که ببێته‌هۆی له‌ناوبردنی به‌شێکی یا ته‌واوی گروپه‌که
– سه‌پاندنی پێوه‌ری ئه‌وها که ڕێگا له زاوزێ له‌ناو گروپه‌که‌دا بگرێت
– به‌زۆر گواستنه‌وه‌ی منداڵانی گروپه‌که بۆ گروپێکی تر
سه‌یری لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته لێره‌دا بکه: http://www.kadirshorsh.com/Gelkuji%20u%20penase%20u%20rexne.pdf
[3] سه‌یری ڕێکه‌وتنامه‌ی گه‌لکوژی بکه: http://www.hrweb.org/legal/genocide.html
[4] سه‌یری ته‌واوی ئه‌رتیکله‌کانی کۆمیسیۆنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی بکه: http://untreaty.un.org/ilc/texts/instruments/english/draft%20articles/9_6_2001.pdf
[5] بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://www.crisisgroup.org/home/index.cfm?id=4521&l=1#primer
[6] بۆ ناسینی کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی مرۆڤانه سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://www.icrc.org/Eng/ihl هه‌روه‌ها سه‌یری ئه‌م لینکه سه‌باره‌ت به کانونی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافی مرۆڤ بکه: http://en.wikipedia.org/wiki/Human_rights_law یا سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://www.hrweb.org/legal/undocs.html .
More, Elizabeth: International Humanitarian Law and Interventions-RWANDA, 1994, in Genocide Studies and [7] Prevention, Vol. 2 No 2. Summer 2007, pp.155-173.
[8] Baylis, John and Steve Smith, (1999): The Globalization of World Politics. Oxford: University press, p. 396.
[9] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
[10] سه‌یری ده‌کومێنته‌کانی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دادپه‌روه‌ری بکه: http://www.icj-cij.org/documents/index.php?p1=4
Scheffer, David: The World Court’s Fractured Ruling on Genocide, in Genocide Studies and [11] Prevention, Vol. 2 No 2. Summer 2007, pp. 123-137.
[12] www.un.org/icc/
[13] CHAK, The Center of Halabja against Anfalization and genocide of the Kurds, February 2007, Anfal: The Iraqi State’s Genocide against the Kurds, p.14.
سه‌یری بڕیاره‌که لێره‌دا بکه، ل. 14: http://www.chak.be/Anfal.The%20Iraqi%20States%20Genocide%20against%20the%20Kurds.2007.pdf
[14] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل. 43.
[15] ده‌کومێنته فه‌رمیه‌کانی ئێراق که له دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقی به‌کارهاتوون، ژماره 004534.
[16] ده‌کومێنته فه‌رمیه‌کانی ئێراق که له دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقی به‌کارهاتوون، ژماره . 004805
[17] سه‌یری بڕیاره‌که لێره‌دا بکه، ل. 46: http://www.chak.be/Anfal.The%20Iraqi%20States%20Genocide%20against%20the%20Kurds.2007.pdf
[18] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل. 59-60.
[19] Inhabilitet وشه‌یه‌کی دانیمارکییه و بۆ ئه‌و که‌سه به‌کارده‌هێندرێت که سه‌باره‌ت به که‌یسێکی دیاریکراو ناگونجاوه، چونکه به‌رژه‌وه‌ندی که‌سیی له که‌یسه‌که‌دا هه‌یه، یا لاینه‌گیره له‌گه‌ل یه‌کێک له لایه‌نه‌کان.
سەرنج بنێرە