كۆمه‌ڵکوژی واتای ژینۆساید ناگه‌یه‌نێ
به‌کورتی به‌کارهێنانی وشه‌ی کۆمه‌ڵکوژی بۆ تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵه‌یه، چونکه له‌لایه‌ک واتای تاوانی گه‌لکوژی ناپیکێ، له‌لایه‌کیتر لاسایی وشه‌ی “اباده جمه‌عیه” ی عه‌ره‌بیه که له‌بنچینه‌دا هه‌له‌یه. هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی جینۆساید هه‌ڵه‌یه، زمانی کوردی وه‌کو زمانی عه‌ره‌بی کێشه‌ی پیتی گ و ژ نییه، بۆیه به‌کارهێنانی راست گینۆساید یا ژینۆسایده نه‌ک جینۆساید. گونجاوه چه‌مکی گه‌لکوژی وه‌کو وشه‌یه‌کی کوردی بۆ تاوانی ژینۆساید به‌کاربهێنرێت، که ده‌توانێ واتا و مه‌به‌ستی چه‌مکه ئۆرگیناڵه‌که Genocide گینۆساید بپێکێت.
له‌رابردوو و ئێستادا به‌به‌رچاوی بینراوه و ده‌بیندرێت که چه‌مکی کۆمه‌لکوژی له‌لایه‌ن که‌ناڵ و لایه‌نی جیاجیاوه بۆ تاوانی ژینۆساید به‌کارهێندراوه و به‌کارده‌هێندرێت. له‌م رۆژانه‌دا به‌هۆی هه‌ندێ روودا و بۆنه زیاتر به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکه‌م که‌وته به‌رچاو، که وای لێکردم ئه‌م وتاره بنوسم و ئه‌م لایه‌ن و که‌ناڵانه له‌م هه‌له‌یه ئاگادار بکه‌مه‌وه.
ئه‌م نمونانه‌ی که لم رۆژانه‌دا هاتنه به‌رچاو:
هاورێیانم له رێکخراوی چاودێری کوردۆساید – چاک به بۆنه‌ی کۆنفرانسیك بۆ گه‌لکوژی ده‌رسیم له رۆژی 28ی ژانیوه‌ری 2010 دا گرتیان نوسیبوویان “کۆنفرانسێک بۆ کۆمه‌ڵکوژیی ده‌رسیم، له‌ستوکهۆلمی پایته‌ختی سوێد، به‌به‌شداری سه‌دان که‌س له کورد و سوێدی، به‌رێوه‌چوو”…. له یه‌کێک له داواکاریه‌کان نوسرابوو “ده‌بێ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم که له نێوان ساڵانی 1937 تا 1938 له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه به‌ڕێوه چوو، به فه‌رمی بناسێنێ”. کاره‌که‌ی چاودێری کوردۆساید – چاک جێگه‌ی ده‌ستخۆشیی زۆره، لێره‌دا رووی ره‌خنه‌مان ته‌نها له به‌کارهێنانی چه‌مکی کۆمه‌ڵکوژییه له‌بری گه‌لکوژی یا ژینۆساید. ره‌چاوی ئه‌وه له رێکخراوێکی چاڵاکی وه‌کو چاک که تایبه‌تمه‌ندیه‌که‌ی ژینۆسایده ده‌کرێت، که له‌م بارانه‌دا وریا بێت، ئه‌و ببێته رێنیشانده‌ر له‌م بواره‌وه، نه‌ک به‌بێ لێکدانه‌وه وشه و چه‌مک به‌کاربهێنێت.
به‌بۆنه‌ی بریاری دادگای باڵای ئێراقی له‌سه‌ر تاوانی هه‌له‌بجه دادوه‌ر شێخ له‌تیف سه‌رۆکی دادگای نه‌وجه‌وانانی سلێمانی له‌سه‌ر به‌ژینۆساید نه‌ناسینی تاوانی هه‌له‌بجه له لایه‌ن دادگاوه له‌شوێنێکدا ده‌ڵێ “له‌رووی یاساییه‌وه به‌بۆچوونی من تاوانه‌كانی دژی مرۆڤـ و هه‌روه‌ها تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆیان نیه”. له‌م گوتنه‌دا کێشه‌ی تێنه‌گه‌یشتن له تاوانی ژینۆساید ده‌بیندرێن، جگه‌له‌وه‌ی چه‌مکی کۆمه‌ڵکوژی بۆ ژینۆساید به‌کارهاتووه.
هه‌روه‌ها له گوتن و نوسینی دیکه له‌مباره‌یه‌وه ئه‌م چه‌مکه بۆ تاوانی ژینۆساید به‌کارهێندرا. که پێویست ناکات هه‌مووی بنوسینه‌وه. دیاره ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که له زۆی گوتن و نوسراودا چه‌مکی جینۆساید به‌کار هات و گوترا. دیاره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌مکه‌که به‌گشتی گونجاوه به‌ڵام به‌هه‌ڵه ده‌گوترێت. که له‌خواره‌وه‌دا دێینه‌سه‌ری.
کۆمه‌ڵکوژی له چیه‌وه هاتووه و بۆ هه‌ڵه‌یه؟
به‌رله‌وه‌ی بچینه‌سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، واباشه له‌سه‌رئه‌وه بوه‌ستین که چ وشه‌یه‌کی کوردی بۆ ئه‌م تاوانه گونجاوه. خودی وشه‌ی گینۆساید/ ژینۆسایدGenocide وشەیەکی لێکدراوی گریکی و لاتینیە و لە دوو وشە پێک دێت، وشەی genos لەگریکیەوە هاتووە و واتە ڕەگەز یا جۆر، هەروەها وشەی cide لەوشەی لاتینی cider هاتووە و واتە کوشتن . ئەو وشەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن شارەزای پۆڵۆنی “ڕافایل لێمکین” لەساڵی 1944 دا بەکارهاتووە.[i] ئه‌م وشه‌یه له زمانه ئه‌وروپیه‌کاندا به‌شێوه‌ی که‌مێک له‌یه‌کتر جودا ده‌گوترێت وه‌کو ژه‌نۆساید، ژه‌نۆسید، ژینۆسایدۆ. له هه‌ندێ زماندا چه‌مکی تایبه‌ت بۆ تاوانه‌که داندراوه، بۆنمونه له ئه‌لمانیا چەمکی volkermord ی ئەڵمانی یان له وڵاتانی سکانده‌ناڤیا چه‌مکی folkemord یا folkedrab به‌کارده‌هێندرێت. وشه‌که لێکدراوه و له دوو وشه پێک دێت. وشەی volk ی ئەڵمانی و folk ی سکەندەناڤی بەواتای “ناسیۆن” یا “خەڵک” به‌کارده‌هێندرێن. وشه‌ی mord له‌هه‌ردوو زمانه‌که‌دا به‌واتای کوشتن دێت. وه‌رگێرانی وشه‌که بۆ زمانی کوردی ده‌بێته گه‌لکوژی، که بۆزمانی کوردیش هه‌مان واتا ده‌داته ده‌ست. بۆیه وشه‌ی گه‌لکوژی ده‌کرێ وشه‌یه‌کی گونجاو بێت و له زمانی کوردی‌دا له‌جیاتی ژینۆساید یا له‌ته‌ک ئه‌م وشه ئۆرگیناله‌دا به‌کاربهێندرێت. ئه‌م وشه‌یه زۆر له وشه‌ی کۆمه‌لکوژی گونجاوتره وه‌کو له‌خواره‌وه که‌مێ له‌هه‌له‌ی به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه ده‌دوێین. کە دەگوترێت “گەلکوژی” سه‌رنج ده‌دریته یه‌ک جۆری تاوان و هیچ گومان لە تاوانی کوشتنی گەل نامێنێتەوە، بەم واتایە ئاماژە بە تاوانکاریەک دەکرێت کە واتای لەناوبردنی گەلێک دەگەیەنێت، له‌باری له‌ناوبردنی خه‌ڵکی سه‌ر به نه‌ته‌وه، ره‌گه‌ز، ئه‌تنی و ئایینی جودا ته‌واو گونجاوی خۆی پیشان ده‌دات. ئه‌م چه‌مکه خۆی له تاوانه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی، پاکتاوی ره‌گه‌زی، ڕه‌شه‌کوژی و تاوانی جه‌نگ یا دژ به مرۆڤایه‌تی جیاده‌کاته‌وه. وشه‌ی گه‌لکوژی بۆ یه‌ک جۆری تاوان به‌کار ده‌هێنرێت ئه‌ویش تاوانی ژینۆسایده. وشه‌ی گه‌لکوژی مه‌به‌ست و په‌یامی چه‌مکه ئۆرگیناڵه‌که به‌شیوه‌یه‌کی گونجاو ده‌پێكێ. له‌خواره‌وه چه‌مکی گه‌لکوژی له‌بری ژینۆساید به‌کارده‌هێنین.
چه‌مکی کۆمه‌ڵکوژی واپێده‌چێ له چه‌مکی عه‌ره‌بی اباده جماعیه که عه‌ره‌به‌کان بۆ تاوانی ژینۆساید/ گه‌لکوژی به‌کاری ده‌هێنن، وه‌رگیراوه. به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکه عه‌ربیه بۆ تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵه‌یه و عه‌ره‌به‌کان به‌هه‌ڵه به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌وه کێشه‌ی عه‌ره‌ب خۆیانه، به‌ڵام که کورد ده‌چێ چه‌مکی هه‌له‌ی عه‌ره‌بی ده‌هێنێ و وه‌کو عه‌ره‌به‌کان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌کاری ده‌هێنێت، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌تره. به‌کورتی یه‌که‌م: پێویسته و له‌سه‌ریه‌تی کورد خۆی له‌ژێر کاریگه‌ری به‌هاکانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌نێویاندا کاریگه‌ری زمانی عه‌ره‌بی ده‌رباز بکات، سه‌ربه‌خۆ له‌م بواره‌دا هه‌نگاو بنێت و تابتوانێ دوور له کاریگه‌ری زمانی نه‌ته‌وه‌ی زاڵ گه‌شه بکات. دووه‌م: عه‌ره‌بی و کوردی دوو زمانی زۆر له‌یه‌کتر جیاوازن و خاوه‌نی دوو که‌لتوری جیاوازن، بۆیه هێنان و به‌کارهێنانی وشه‌ی عه‌ره‌بی له زمانی کوردی‌دا هێنانی مۆرک و تێگه‌یشتنی عه‌ره‌بییه بۆ ناو زمانی کوردی، که له چه‌ند لایه‌نه‌وه بۆ زمانی کوردی ناگونجاوه. به‌داخه‌وه ئه‌م دیارده‌یه زۆر باوه و رۆژنامه به‌رچاوه‌کانیش ئه‌م هه‌له‌یه‌یان زۆره و فلته‌ری زمانه‌وانیان له‌مباره‌یه‌وه نییه. سێیه‌م: کاری له‌م شێوه‌یه دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه عه‌ره‌بیه‌که‌یه و هێنانی هه‌له عه‌ره‌بیه‌که‌یه بۆ ناو زمانی کوردی، که بێگومان به‌هۆی جودایی ئه‌م دوو زمانه هه‌ڵه و کێشه‌کانی زۆرتر ده‌بن.
هه‌روه‌کو له وتارێکی دیکه‌دا له‌سه‌ری دوام، کۆمه‌ڵکوژی تایبه‌تمه‌ندیه‌کی تاوانی گه‌لکوژییه، هه‌روه‌کو له تاوانی گه‌لکوژیدا خه‌ڵکی قوربانی به‌کۆمه‌ڵ ده‌کوژرێن و له‌ناوده‌بردرێن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکه چه‌مکێکی په‌رته و ده‌کرێ زۆر جۆری کوشتن و له‌ناوبردن بگرێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ری به‌هه‌له تیگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی جودا له‌سه‌ر جۆری و تایبه‌تمه‌ندی تاوانه‌که زۆر هه‌یه.
که ده‌گوترێ کۆمه‌ڵکوژی، ئه‌وه به‌کارهێنانی چه‌مکێکه که کوشنده‌یی ئاست و هۆکاری بوونی تاوانه‌که ته‌واو پیشان نادات و پرسیار دروست ده‌کات. ئایاخه‌ڵکه قوربانیه‌که چه‌ند که‌س بوون؟ سه‌ر به چ گروپ و خانه‌یه‌ک بوون؟ هۆکار و مه‌به‌ستی کۆشتاره‌که چی‌بوو؟ هتد. ئه‌وانه دیار نین و به وردی سه‌رنجیان نادرێت، یا خه‌ڵک به‌لای ئه‌و ورده‌کاریانه‌دا نابردرێت. که ده‌گوترێ کۆمه‌ڵکوژێ ده‌کرێ مه‌به‌ست زۆر جۆری کوشتار بێت. ده‌کرێ به کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی 10 یا 100 یا 1000 که‌س بگوترێت کۆمه‌ڵکوژی، ده‌کرێ به له‌ناوبردنی هه‌زاران که‌سی سه‌ربه نه‌ته‌وه و ئه‌تنی جیاجیا له یه‌ک کات و شوێندا بگوترێت کۆمه‌ڵکوژی. به‌ڵام ئایا ئه‌م تاوانانه تاوانی گه‌لکوژین. نه‌خێر! چه‌مکی ره‌شه‌کوژی که گه‌لێجار له‌جیاتی کۆمه‌ڵکوژی بۆ تاوانی گه‌لکوژی به‌کاردێت، هه‌مان کێشه‌ی هه‌یه.
دیارە تاوانی گه‌لکوژی تاوانی لەناوبردنی گروپێکی نەتەوەیی یا ئایینی یا جودا و تایبەتە، کوشتن و لەناوبردنی گروپە قوربانیەکەش بەکۆمەڵە، له‌ناوبردنه‌که‌ش به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردن ئه‌نجام ده‌درێت. بەم واتایە گه‌لکوژی خۆی لەخۆیدا کۆمەڵکوژییە، هەروەها کۆمەڵکوژی دیاردەیەکی یا تایبەتمەندیەکی تاوانی گه‌لکوژییه. به‌ڵام کێشەی بەکارهێنانی ئەو وشەیە ئەوەیە، هەموو کۆمەڵکوژیەک گه‌لکوژی نییە.[ii] … بۆنمونە کوشتاری بەکۆمەڵی دەیان هەزار لە زیندانییە کۆمۆنیستەکانی سەربە نەتەوە جیاوازەکان لەلایەن نازیە ئەڵمانه‌کاندا لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بە ژینۆساید دانەندراوە. … زۆرجار کوشتاری بەکۆمەڵی بەسەدان کەس یا چەند هەزارکەس وەکو پاکتاوی ڕەگەزی، تاوان دژی مرۆڤایەتی یا تاوانی جەنگ دەناسرێت. ئه‌وانه کۆمه‌ڵکوژین، به‌ڵام بەبێ بوونی مەرجەکانی تاوانی گه‌لکوژی کوشتاری بەکۆمەڵ بە گه‌لکوژی داناندرێت.
به‌کارهێنانی چه‌مکی جینۆساید به به‌کارهێننای پیتی ج له‌جیاتی ژ یا گ به‌کارهێنانێکه به زمانی کوردی نامۆیه، له‌راستیدا لاساییکردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌کانه له‌م باره‌دا. عه‌ربه‌کان پیتی گ یا ژ یان نییه، بۆیه پیتی ج بۆ ئه‌و وشه بێگانانه‌ی که ئه‌م پیتانه‌ی گ یا ژ یان تێدایه، به‌کارده‌هێنن. بۆیه له‌بری جینۆساید به‌کارهێنانی ژینۆساید یا گینۆساید گونجاوه و ده‌کرێ زۆر ئاسایی به‌کار بهێنرێت. گینۆساید له‌به‌کارهێنانه ئیگلیزیه‌که نزیکه و گونجاوتره له جینۆساید. بۆیه به‌کارهێنانی وشه‌ی جینۆساید به‌مجۆره پیتی ج له وشه‌که‌دا وه‌رگرتنی کێشه زمانه‌وانییه عه‌ره‌بیه‌که‌یه که له راستیدا ئه‌مه کێشه‌ی زمانی کوردی نییه. کورد ده‌لێ کابرا سه‌ری نایه‌شی به‌ڵام په‌رۆ له‌سه‌ری خۆی ده‌پێچێ. ئه‌م کاره خۆگلاندنه له کێشه‌یه‌ک که له زمانی کوردی‌دا بنه‌مایه‌کی نییه. ئه‌م دیارده‌یه سه‌باره‌ت به زۆر وشه‌ی دیکه ده‌بیندرێت و بێ لێپێچانه‌وه تێده‌په‌رێت.
به‌کورتی به‌کارهێنانی وشه‌ی کۆمه‌ڵکوژی بۆ تاوانی گه‌لکوژی هه‌ڵه‌یه، چونکه له‌لایه‌ک واتای تاوانی گه‌لکوژی ناپیکێ، له‌لایه‌کیتر لاسایی وشه‌ی “اباده جمه‌عیه” ی عه‌ره‌بیه که له‌بنچینه‌دا هه‌له‌یه. هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی جینۆساید هه‌ڵه‌یه، زمانی کوردی وه‌کو زمانی عه‌ره‌بی کێشه‌ی پیتی گ و ژ نییه، بۆیه به‌کارهێنانی راست گینۆساید یا ژینۆسایده نه‌ک جینۆساید. گونجاوه چه‌مکی گه‌لکوژی وه‌کو وشه‌یه‌کی کوردی بۆ تاوانی ژینۆساید به‌کاربهێنرێت، که ده‌توانێ واتا و مه‌به‌ستی چه‌مکه ئۆرگیناڵه‌که Genocide گینۆساید بپێکێت.
پێویسته بگوترێت، نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ڵگه‌ی به‌هێزی هه‌یه که پێویست ده‌کات وابه‌سته‌ی که‌لتور و به‌هاکانی نه‌ته‌وه باڵاده‌ست و زاڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری نه‌بێت، ئه‌وه به‌واتای دژایه‌تی نایه‌ت به‌ڵکو به‌واتای دروستکردن و گه‌شه‌پێدانی که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد که له هه‌موو بواره‌کاندا له‌وانه له بواری زماندا خۆی ده‌ربخات. بۆیه سه‌باره‌ت به گه‌شه‌کردنی مۆدێرنانه‌ی زمانی کوردی، گرنگه ئه‌وانه‌ی به‌جۆرێ له جۆره‌کان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکن واز له لاسایی کردنه‌وه‌ی ناتاوتوێکراو، وابه‌سته‌یی یا هێنانی وشه‌ی عه‌ره‌بی بۆ ناو زمانی کوردی بهێنن. گرنگه کورد له هه‌موو بواره‌کاندا له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، بیرکردنه‌وه و گوتن و هه‌نگاوه‌کان ره‌نگ له به‌ها و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کو ناسیۆنێکی وریا و پێشکه‌وتووخواز بده‌نه‌وه.
شاخه‌وان شۆرش
30 ی ژانیوه‌ری 2010
[i] سه‌یری ئه‌م وتاره بکه http://kadirshorsh.com/Genocide..Gelkuji%20ya…pdf
[ii] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
سەرنج بنێرە