چەمکی گەلکوژی (ژینۆساید) و هەندێ ڕەخنەی لاواز و بێبنەما

سەبارەت بە کارهێنانی وشەی “گەلکوژی” رەخنەگیراون، ئەوەی تائێستا بینومن لەلایەن نوسەران ئاوارە حوسێن کە وابزانم مامۆستای زانستگەیە لەبەشی یاسا، لەبواری ژینۆساید دەنوسێ، وە کامیار سابیر کە نوسەرێکی گشتیە و بەتایبەتی زۆر دژی کوردبوون و کوردایەتی و ناسیونالیزم دەنوسێ، لەنوسینەکانیدا ڕەخنە و هێرشی بێبنەما زۆرن. لە خوارەوەدا ئاماژە بە ڕەخنەکانیان دەکەم و تیبینی و رەخنەکانی خۆم دەخەمەڕوو.

چەمکی گەلکوژی (ژینۆساید) و هەندێ ڕەخنەی لاواز و بێبنەما

لەم وتارەدا سەرنج دەدەمە ڕەخنەی دوو نوسەر لە چەمکی گەلکوژی. ١. رەخنەی نوسەر لە بواری ژینۆساید ئاوارە حوسێن ٢. هەروەها نوسەر کامیار سابیر. کەهەردوولایان هەریەکە لە دید و ڕوانگەیەکەوە رەخنەیان لە بەکارهێنانی چەمکی گەلکوژی گرتووە. دیارە لەبەر نەبوونی کات ئەو وتارە کە تایبەتە بەوەڵامی ئەو ڕەخنانە زۆر دواکەوت. پێموایە ئەو وتارە هەوڵێکی گونجاوە بۆ باشتر تێگەیشتن لە تاوانی ژینۆساید و چەمکی گەلکوژی، هەروەکو وتارەکە روونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەو رەخنانەی گیراون لاوازن و کێشەیان هەیە.

ساڵانێکە من چەمکی “گەلکوژی” م وەکو چەمکێکی گونجاوی کوردی بەرامبەر بە چەمکی ژینۆساید لە نوسینەکانمدا بەکارهێناوە، هەندێ وتاریشم لەسەر گونجاوی ئەو وشەیە لە بری کۆکوژی، کۆمەڵکوژی، رەشەکوژی هتد. نوسیووە.

پێشتر ئاماژەم بەوە کردووە کە بەکارهێنانی ئەو چەمکە ئەوە ناگەیەنێت کە واز لە بەکارهێنانی چەمکی “ژینۆساید” (جینۆساید) بهێندرێت، هەروەکو هەندێ وڵات لەوانە فەرەنسا، ئیتالیا، هۆڵاند و هیتر وەکوخۆی یا بەجۆرێک کە لە وشە ئۆرگینالەکە نزیکە بەکاری دەهێنن.  دیارە دەکرێ لەلایەن هەندێ بۆچوون و دیدەوە خودی چەمکی ژینۆساید بەناگونجاو سەیربکرێت یا بەچاوی ڕەخنە سەیر بکرێت، رەخنەکان لەو چەمکە دەکرێ ئەوەبێت کە ئەو وشە لێکدراوە لاتینی و گریکیە چەمکێکە نامۆیە بەزمانی خۆماڵی کە تێگەیشتنی بۆ خەڵک ئاسان نییە، یا دەکرێ ئەوەبێت کە وشەکە ناتوانێ تاوانەکە وەکوخۆی گوزارشت کات و ورد و راستەوخۆ نییە.  بۆیە دەکرێ چەمکی دیکەی گونجاو بەکاربهێندرێت.

هەروەها پێشتر لە چەندین وتار و بۆنەدا ئەوەم گوتووە کە بەکارهێنانی چەمکی کۆمەڵکوژی، رەشەکوژی، کۆکوژی یا چەمکی لەو شێوەیە هەڵەیە و واتای تاوانی ژینۆساید نادەنە دەست. ئەو وشانە ناتوانن لەگەل پێناسەکەی  UN بگونجێن و کێشەیان هەیە، ئەو چەمکانە پەرتوبڵاون و دەکرێ بۆ هەر کوشتارێکی بەکۆمەڵ بەکاربهێندرێن ئەوجا کوشتارەکە ژینۆساید بێت، پاکتاوی رەگەزی بێ یا تاوانێکی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتی بێت یا تاوانی جەنگ بێت. (سەیری هەندێ لە وتارەکان کە تائێستا لەمبارەیەوە بڵاوم کردۆتەوە لە خوارەوە بکە). [i]

پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە د. جەمال نەبەز لە نوسینەکانیدا چەمکی گەلکوژی لە جیاتی چەمکی ژینۆساید بەکاردەهێنیت، لە راستیدا نازانم لەکەنگینێوە د. جەمال ئەو وشەیە بەکار دەهێنێت. ئەوەی لێرەدا بۆمن گرنگە ئەو هەنگاوەی د. جەمال نەبەز وەکو شارەزایەکی زمانی کوردی پشتگیریەکی گرنگە بۆ گونجاویی ئەو وشە کوردیە لەبری وشەی ژینۆساید.

پێویستە ئەوە بڵێمەوە، کە من لە رووی ئاگاداری خۆمەوە لە بواری ژینۆساید ئەو چەمکەم وەکو چەمکێکی کوردی بۆ زمانی کوردی بەگونجاو زانیووە و بەکاریدەهێنم، وە سوودم لە چەمکە سکەندەناڤی و ئەڵمانیەکە و هەندێ ولاتیتر وەرگرتووە، بۆیە لە بنچینەدا ئەو وشەیە وەرگێردراوی وشەی folkedrab, folkemord, volkmord ی ئەوانە. ئەو وڵاتانە کە وڵاتی پێشکەتوو و خاوەنی زمانی پێشکەوتوون ئەو وشەیە بە زمان و فۆنەتیکی خۆیان لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەهێنن. خەڵکی ئەو وڵاتانە بە ڕۆشنبیر و خەڵکی ئاساییەوە کێشەیەکیان لەگەل وشەی خۆماڵی “گەلکوژی” دا نییە، وشەی گەلکوژی لەفەرهەنگی زمانیاندا تۆمارکراوە، بۆنمونە لە دانیمارک و سوید تەنها ئەو وشەیە لەبری ژینۆسایدا بەکاردەهێنن.

دیارە کە من ئەو وشەیەم بەشێوەکوردیەکەی بەکارهێناوە مەبەستم لەلایەک سوودبەخشینە بە بواری ژینۆساید و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی کوردیە لەم لایەن و بوارەوە.  لەلایەکیتر رزگارکردنی زمانی کوردیە لە بەکارهێنانی وشەی چەوت و هەڵەی وەرگێڕدراوی عەرەبی وەکو کۆمەڵکوژی و کۆمکوژی یا وشەی وەکو ڕەشەکوژی هتد. سێیەم وشەی “گەلکوژی” بە ئاسانی واتای تاوانەکە راستەوخۆ دەداتە دەست، خەلکی سادە و ئاسایی دەتوانن بێ کێشە تێیبگەن. چونکە کە گوترا گەلکوژی ئیتر گومانێک لەوەدا نامێنێتەوە کە ئەوەی کراوە ئەنجامدانی تاوانی لەناوبردنی گەلێکە. لەلایەکیتر لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەی بەرەوڕووی ئەو تاوانە بوونەتەوە، ئەو خەڵکە ستەمدیدانەن کە کۆمەڵگە یا گروپێکی ئەتنین کە دەکرێ وەکو گەل سەیریان بکرێت.

سەبارەت بە کارهێنانی وشەی “گەلکوژی” رەخنەگیراون، ئەوەی تائێستا بینومن لەلایەن نوسەران ئاوارە حوسێن کە وابزانم مامۆستای زانستگەیە لەبەشی یاسا، لەبواری ژینۆساید دەنوسێ، وە کامیار سابیر کە نوسەرێکی گشتییە و بەتایبەتی زۆر دژی کوردبوون و کوردایەتی و ناسیونالیزم دەنوسێ، لەنوسینەکانیدا ڕەخنە و هێرشی بێبنەما زۆرن. لە خوارەوەدا ئاماژە بە ڕەخنەکانیان دەکەم و تیبینی و رەخنەکانی خۆم دەخەمەڕوو.

رەخنەی ئاوارە حوسێن لە چەمکی گەلکوژی

ئاوارە حوسێن کە خۆی وەکو یاساناسێک لەبواری ژینۆسایدا دەناسێنێ دەنوسێ:  “بەرامبەر بە چەمکی جینۆساید زۆر جار  لە لایەن نوسەران و بەناو شارەزایانی  بواری جینۆساید و میدیای کوردی چەمکەکانی: کۆمەڵکوژی یان گەلکوژی دادەنرێت. کە هەریەک لەو چەمکانە مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە..”  ئاوارە ئەوانەی لە بواری ژینۆساید دەنوسن وەکو نوسەر و  گشتگیرانە “بەناو” شارەزا ئاماژەیان بۆ دەکات، بۆیە گومانی لە شارەزایی ئەوانەدا هەیە، دەکرێ پێیوابێ ئەوانە هەر شارەزا نین بەڵکو تەنها بەناو شارەزان. دیارە لە بواری ژینۆسایدا کۆمەڵێ نوسەر هەن لەو بوارەدا دەنوسن، ئەوانە گەلێکیان بەقووڵی چوونەتە ناو بواری تاوانی ژینۆساید و لە بوارە جیاجیاکانی تاوانەکەدا دەنوسن و دەکۆڵنەوە، سوودی باشیان بە بواری ژینۆساید گەیاندووە، بۆیە لەبوارەکەدا ناشارەزا نین، بەلکو زۆریشی لێ دەزانن. دەکرێ لە هەندێ لایەن شارەزاییان زیاتربێ و لەهەندێ لایەن کەمتر، بێگومان کەموکوڕیش هەن، بەڵام مەرج نییە ئەوانە دەرچووی زانستگەی یاسابن، یا خوێندنی تایبەتیان لەسەر ژینۆساید تەواوکردبێ ئەوجا بە شارەزا دابندرێن. لە ئاستی جیهانیدا نوسەری ناسراوی بواری ژینۆساید زۆرن کە یاساناس نین.

پاشان ئاوارە دەنوسێ: “جینۆساید بە کوردی بە مانای وەچە کوژی، نەوە کوژی یان ڕەگەز کوژی دێت. گەرچی ئەم چەمکانەش مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە چونکە دەکرێت لە جینۆسایددا کەسیش نەکوژرێت بۆیە باشتر وایە تەنها چەمکی جینۆساید بەکار بهینرێت.”

لەو چەند ڕستەیەدا دوو کێشەی دیار خۆیان دەخەنە روو. ئەو پێیوایە کە خودی وشەکە ئەگەر وشەییانە وەرگێڕدرێتەسەر زمانی کوردی کێشەی هەیە و واتای تەواوەتی نادەن بەدەستەوە، بەڵام پێوایە باشترە تەنها چەمکی ژینۆساید بەکاربهێندرێت، بەڵگەکەی ئەوەیە دەکرێت لە ژینۆسایدا” کەسیش نەکوژرێت”! یەکەم روونکردنەکە وەڵامی کێشەکە ناداتە دەست، دووەم دەردەکەوێ ئاوارە حوسێن لە ناوکی بنچینەیی و گرنگی تاوانی ژینۆساید نەگەیشتووە. سەبارەت بە کێشەی یەکەم ئەگەر چەمکە ئۆرگینالەکە کێشەی هەیە بۆدەبێ باشتربێ هەر ئەو چەمکە بەکاربهێندرێت!؟  نەخێر ئەگەر زانستیانە بڕوانیتە کێشەی لەوجۆرە گونجاوە بەدوای گونجاوتردا بەگەڕێیت. رەفایل لێمکنیش Lemkin Raphael[ii] کە چەمکەکەی داهێناوە وەکو نوسەرێکی ئەو بوارە بەپێی تێگەیشتنی خۆی ئەو چەمکەی داڕشتووە، کەدەکرێ جێگەی رەخنە بێت و هەروەکو لە هەندێ زماندا وشەی دیکە بۆ تاوانەکە بەکاردەهێندرێت.  دیارە کەسیش لاری لە ڕۆڵی گرنگی لێمکن نییە.  سەبارەت بە کێشەی دووەم ئاوارە دەنوسێت “چونکە دەکرێت لە جینۆسایددا کەسیش نەکوژرێت!” ئەگەر کەس نەکوژرێت ئەوە تاوانێک نییە ناوی ژینۆساید بێت. بێ لەناوبردنی بەشێکی گرنگ یا تەواوی کۆمەڵگەی ئامانجکراو تاوانێک نییە ناوی ژینۆساید بێت. جارێ ئەگەر کەس نەکوژرێت کەس گوتن لە بوونی تاوانی ژینۆساید ناکات، دەکرێ گوتن لە مەترسیەکانی ڕوودانی ئەو تاوانە بکرێت.  ئەو خاڵە بنچینەیی و گرنگەی کە تاوانی ژینۆساید لە تاوانی پاکتاوی رەگەزی جیادەکاتەوە، لەناوبردنی فیزیکیانەی خەڵکی ئامانجکراوە.  لەناوبردن دەکرێ یەکسەر یا دواتر لە میانەی پرۆسەیەکی پلانبۆداندراودا رووبدات، لەهەردوو بارەکەدا ئەنجام لەناوبردنی فیزیکیانەی کۆمەلگەی ئامانجکراوە. هەروەکو لەناوبردن ناوکی پێناسەکەی UN ـە.[iii]

دەکرێ لە ئەگەری بوونی پاکتاوی ڕەگەزیدا کەس نەکوژرێت (کەم وابووە) بەڵام تاوانەکە ڕووبدات، چونکە مەرج نییە تواندنەوەی خەڵکی ئامانجکراو فیزیکیانە بێت، بەڵکو دەکرێ لە رێگەی ڕاگواستن و ناسنامە و کەلتورگۆڕین ئەنجام بدرێت، کۆمەڵگەی ئامانجکراو لە پرۆسەیەکی دوورودریژدا لە کۆتاییدا لە کۆمەڵگەی سەرەکیدا بتوێندرێنەوە. بۆنمونە بەعەرەبکردن یا بەتورککردن کە تاوانی پاکتاوی رەگەزین دەکرێ بێ کوشتار ئەنجام بدرێن.

پاشان ئاوارە هاتووە پێناسەکەی UN بەناتەواوی شیدەکاتەوە و دەنوسێ:  جینۆساید هەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوەیە بەمەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی- یان ڕەگەزی- یان نەژادی- یان ئاینی.
ئەو کردەوانەش:

١/کوشتنی ئەندامانی ئەو گروپە.
٢/ زیانپێگەیاندنی جەستەی و هزری یان هۆشی ئەندامانی ئەو گروپە.
٣/ دانانی ئەو گروپە لە باردۆخێکی سەختدا بە نیازی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکیان.
٤/ ڕێگریکردن لە منداڵ بون لە ناو ئەندامانی ئەو گروپەدا.
٥/ ڕاگواستنی منداڵ لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر بەزۆر.
لەم پێناسەوە بۆمان ڕوندەبێتەوە کە تاوانی جینۆساید دەکرێت بە پێنج شێواز ئەنجامبدرێت هەروەک لە ماددەی (٢) دا پێناسە کراوە. ئەوانیش:( کوشتن، ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناهەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان). واتە لە تاوانی جینۆسایددا دەکرێت کەسیش ڕاستەوخۆ نەکوژرێت… هەروەک لە بڕگەکانی(٢-٣-٤-٥) ی ئەو مادەدا هاتووە هەریەک لە کردارەکانی: (ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناهەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان) بە مەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکیان بە جینۆساید دادەنرێت.”

مامۆستا ئاوارە بەهەڵە لەو پێناسەیە گەیشتووە و پێیوایە روودانی یەکێک لەو تاوانکاریانە ژینۆساید دەگەیەنێ! جگەلەوەی بەهەڵە لە لەناوبردنی ناڕاستەوخۆ گەیشتووە، ئەو تێگەیشتنە هەژاریەکی زۆری پێوە دیارە. دەکرێ بوونی یەکێک لەو تاوانکاریانە یا چەند دانەیەکیان ڕووبدەن و تەنها وەکو تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لێکبدرێتەوە.  بۆنمونە ڕاگواستنی بەسەدان و هەزاران منداڵ لە کۆمەڵگەی نەخوازراوەوە بۆ کۆمەڵگەی دیکە، بەتەنها و راستەوخۆ ناتوانێ بوونی تاوانی ژینۆساید بسەلمێنێ. یا گەماڕۆی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆسەر خەڵکی نەخوازراو کە توشی برسیەتی و لەناوبردنی بەسەدانیان دەکا، بەتەنیا راستەخۆ ناتوانێ بوونی تاوانی ژینۆساید بسەڵمێنێت.  لەو نمونانەی تاوانی ژینۆساید کە تائێستا بەکردەوە هەن، لە تاوانی ژینۆسایدا کوشتاری راستەوخۆ ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەویان لە سەڵماندنی تاوانەکاندا بینیووە، تاوانکاریەکانی دیکە بەجۆرێ لە جۆرەکان لە پرۆسەی لەناوبردنەکەدا هەندێکیان یا هەموویان بەهەماهەنگی هەبووین. ئەو خاڵانەی لە پێناسەکەدا نوسراون ئەوانە تایبەتمەندیە دانپێندراوەکانی تاوانی ژینۆسایدن، کە لەئەگەری تاوانی ژینۆسایدا دەکرێ لەناوبردن بەو رێگانە ئەنجام بدرێن. ئەو تاوانکاریانەی لە ژینۆسایدا روودەدەن و گونجاویان لە بەدیهێنانی ئامانج هەیە کە لێرەدا لە پێناسەکەدا چڕکراونەتەوە. لەئەگەری روودانی ئەو جۆرە تاوانکاریانەدا دەبێ مەبەستی لەناوبردن بسەڵمێندرێت، بەبێ بوونی بەڵگەی مەبەستی تایبەتی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئامانجکراو (کە کوشتاری بەکۆمەڵی راستەوخۆ رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت)  هیچ یەکێک لەو تاوانکاریانە ناتوانن بوونی تاوانی ژینۆساید بسەڵمێنن، هەربۆیە دەرئەنجام تاوان وەکو تاوانی پاکتاوی رەگەزی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی سەیردەکرێت. تەنانەت لەناوبردنی بەهەزاران کەس و بوونی هەندێ لەو تایبەتمەندیانەی پێناسەکەی تاوانی ژینۆساید مەرج نییە وابکات تاوانەکە بچێتەخانەی تاوانی ژینۆساید.

چونکە جگەلە بەڵگەی مەبەستی تایبەتی لەناوبردن، دەبێ بسەڵمێندرێت کە ئەو بەشە لەناو چووە گرنگی یەکلاکەرەوەی لەسەر ئەگەری بوون و مانەوەی کۆی خەڵکە ئامانجکراوە قوربانیەکەدا هەیەدا. بۆنمونە دارفوریەکان زیاتر لە ٢٠٠ هەزاریان لێ کوژرا و لە خاکی خۆیاندا دەرکران، لە کوشتارەکەدا گەلێ لەو تایبەتمەندیانە هەن کە لەپێناسەکەی UN دا هاتوون، بەڵام UN تاوانەکە وەکو تاوانی پاکتاوی رەگەزی و دژ بەمرۆڤایەتی ناسیووە.[iv]

هەرلەو بەشەدا ئاوارە دەنوسێ: “لە تاوانی جینۆسایددا دەکرێت کەسیش ڕاستەوخۆ نەکوژرێت، ئەمەش بۆ خۆی وەڵامدانەوەی هەمو ئەو بەناو جینۆساید ناسە کورد و عەرەبانەیە کە تا هەنوکە بە هەڵە چەمکەکانی   کۆمەڵکوژی و گەلکوژی و الإبادة الجماعية بەکاردەهێنن.”  مامۆستا ئاوارە دووبارە ئەو نوسەرولێکۆڵەرانە کەلەسەر ژینۆساید دەنوسن بە “بەناو” ژینۆسایدناس ناو دەبات!  وەکو گوترا ناوکی بوونی تاوانی ژینۆساید لەناوبردنی فیزیکیانەیە، دەکرێ لەناوبردنی بەشێک لە خەڵکی ئامانجکراو ناراستەوخۆ بێت و یەکسەر ڕوونەدات، بەڵام مەبەست لە کۆتاییدا لەناوبردنی فیزیکیانەیە، ئەو لەناوبردنەشە کە ئامانجی سەرەکی تاوانی ژینۆسایدە. نەکوشتنی راستەوخۆی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئامانجکراو واتای نەکوشتن ناگەیەنێ، چونکە ئەوانە بەپێی پلانی داڕێژراو دواتر لەناودەبردرێن، وەکو لەناوبردنی بەکۆمەڵی جووەکانی کەمپی ئاوشویتز لە پۆلۆنیا لە ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا[v]، بۆیەش تاوانەکە دەکرێ بچێتەخانەی تاوانی ژینۆساید.

جێگەی سەرنجدانە کە بەپێی ئەو لێکدانەوەیە ئەگەر لە ژینۆسایدا کەسەکانی سەربە کۆمەڵگەی ئامانجکراو بکوژرێن و کوشتنی راستەوخۆ مەرج بێت، ئەوا ئەو چەمکانە لەوانە چەمکی “کۆمەڵکوژی” گونجاون. ئەوەش تێگەیشتنێکی هەڵەی دیکەیە کە خۆی دەخاتەڕوو. چەمکی کۆمەڵکوژی یا ڕەشەکوژی یا وشەی دیکەی لەو شێوەیە بەکارهێنانیان هەڵەیە، چونکە پەرت و ناکتومتن، وە ناتوانن مەرجەکانی جۆرایەتی، چەندایەتی و چۆنایەتی پێناسەکەی UN پڕبکەنەوە.  پێویستە وەبیری بهێنینەوە کە جودایی زۆر لە نیوان چەمکی کۆمەڵکوژی و گەلکوژیدا هەیە، بەڵام نوسەر لەیەکیان جوداناکاتەوە و گوتن لە جیاوازیان ناکات.

پاشان مامۆستا ئاوارە دێتەسەر چەمکی گەلکوژی و دەنوسێت: “نادروستی گەلکوژی بەرامبەر بە جینۆساید، ئەوەیە کە ئەو گروپەی جینۆسایدی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت بە تەنها لەبەر ئەوە نیە کە گەلێکی جیاوازن. بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە پەیڕەوی ئاینێکی جیاواز دەکەن، لە ڕەگەزێکی جیاوازن یان سەر بە نەژادێکی جیاوازن هەروەک ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش  ئەنجامدانی تاوانی بەرامبەر بەو چوار گروپە بە جینۆساید داناوە ئەگەر تاوانکار مەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکی گروپەکەی هەبێت. سەرەڕای ئەوەش دەکرێت ئەو گروپەی کە جینۆساید ئەنجامدەدات و ئەوەشی کە جینۆسایدی لە دژ ئەنجامدراوە یەک گەل بن بەڵام ڕەگەزیان جیاواز بێت. وەک جینۆسایدی توتسیەکان لەلایەن هوتوەکانەوە لە ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤ کە یەک گەلن بەڵام ڕەگەزیان جیاوازە…. هەروەها جینۆسایدی موسوڵمانەکانی هەرێمی ڕاخینی میانمار لە ساڵی( ٢٠١٢) کە یەک گەلن بەڵام ئاینیان جیاوازە. هەربۆیە چەمکی گەلکوژی نا دروستەو واتا ناگەیەنێت.”

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین، کەوا مەرج نییە ئەو گروپەی یا کۆمەڵگەیەی لەناودەبردرێن گەل پێکبهێنن تاکو چەمکی “گەلکوژی” بۆیان گونجاوبێ، هەروەها مەبەست لە بەکارهێنانی چەمکی گەلکوژی ئەوەنییە کە دەبێ ئەوانەی لەناودەبردرێن سەر بە گەلی جیاواز بن. یەکەم دەکرێ ئەوانەی لەناودەبردرێن سەر بە یەک نەتەوە بن بەڵام ئایینیان جودابێت، وەکو شیعە و سوننەی عەرەب. ئەگەر دەستیان بڕوا یەکتر ژینۆساید دەکەن. هەروەها دەکرێ ئەو گروپەی لەناودەبردرێن لەبەر بڕوای رامیاری بێ یا جودایی کەلتوری و کۆمەڵایەتی بێت. (ئەگەرچی لە پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئەوانە ناچنەخانەی پێناسەکەوە، بەڵام لەلایەن زۆر لە نوسەر و شارەزایانەوە تاوانی لەناوبردنیان دەکرێ وەکو ژینۆساید سەیربکرێت) چونکە بەهەمان میتودی لەناوبردنی کۆمەلگەیەکی ئامانجکراو سیستەماتیکیانە و رێکخراوانە لەناودەبردرێن و مەبەست لە تاوانەکە لەناوبردنی فیزیکیانەیانە. چەمکی “گەلکوژی” بۆیە بە گونجاو دادەندرێت چونکە لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەی دەبنە قوربانی “گەل” پێکدەهێنن یا ئەو بەهایانەیان هەیە کە وادەکات بتوانن لە سنور و جوگرافیای سەربەخۆدا ببنە گەل. بۆنمونە تاوانی لەناوبردنی ئەرمەنیەکان، جووەکان، کورد، خەڵکی رەسەنی ئەمەریکا، بۆسنیەکان هتد. ئەوانە هەمووی گەلن ئەگەر دانپێنراوبن یا نا.

وەکو لە نوسینەکەدا دەردەکەوێ ئاوارە بەهەڵە لە چەمکی “گەل” گەیشتووە. لە زۆربەی بارەکاندا ئەو گروپە قوربانیانەی کەوتوونەتەبەر تاوانی ژینۆساید ئەو کۆمەڵگانەن کە جودایی ئەتنی یا ئایینیان هەیە. ئەو کۆمەلگانە وەکو کۆمەڵگەی ئەتنی جیاواز سەیریان دەکرێت، بۆیە ئەوانە خاوەنی کۆمەڵێ بەها و تایبەتمەندی هاوبەشن کە دەکرێ وەکو کۆمەڵەخەڵکێکی تایبەت یا گەلێکی تایبەت و جودا لەگروپی دیکە یا دەسەڵاتدار سەیربکرێن. لەبیرمان نەچێت چەمکی گەل یەکسان نییە بە چەمکی نەتەوە، هەروەها گەل وشەیەکی پەرتە و واتایەکی فراوانتری هەیە. چەمکی گەل ئەوانەش دەگرێتەوە کە تائێستا خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ نین و ڕامیاریانە وەکو نەتەوەی سەربەخۆ یا گەلی سەربەخۆ سەیرناکرێن.  گەل وەکو people ی ئینگلیزی دەکرێ بۆ ناسیۆن و بۆ گروپی دیکەی ئەتنی یا رەگەزی یا کۆمەڵێ گروپی ئەتنی بەیەکەوە بەکاربهێندرێت.[vi] بۆیە گرنگە دیاربکرێ کە مەبەست لە بەکارهێنانی چەمکی “گەل” چییە. ئایا مەبەست لە “گەل” بە واتای نەتەوەیە؟

هەموو ئەو ناسیۆن یا نەتەوە سەربەخۆیانەی ئەوڕۆ هەن پێشتر کۆمەڵگەی ئەتنی بوون و جودایی ئەتنیانەیان هەبووە، هەروەکو هیچ نەتەوەیەک وەکو ناسیۆن یا نەتەوەی سەربەخۆ پێشتر لەدایک نەبووە یا نەناسراوە، چونکە دروستبوونی ئێتنیاتی و نەتەوە پرۆسەیەکی لەسەرەخۆی دوورودرێژە، سەدان ساڵی خایاندووە و ئیستاش بوونی هەیە. جوداییەکان ئێتنیاتی دروست دەکەن و ئێتنایتی نەتەوە یا گەل دروست دەکەن.[vii] دروستبوونی ئێتنیاتی، نەتەوە یا گەل (ئەگەر بەواتای ناسیۆن بەکاربکهێندرێت) پەیوەستدارە بە پرۆسەیەکی بگۆڕی دوورودرێژی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤەکان دروستی دەکەن. ناسیۆن یا نەتەوە و دروستبوونی ستاتی ناسیونال لەگەڵ مۆدێرنیزم لەسەدەی شازدە و حەفدەهەمی زاینیدا سەری هەڵدا.[viii] بۆنمونە گەلی ئیتالی پێش ئەوەی ناسیۆنی یا گەلی ئیتالی پێکبهێنن بریتی بوون لە کۆمەڵێ کۆمەڵگە و گروپی ئەتنی لەیەکچوو و جیاواز. بەهۆی جودایی ئەتنی یا ئایینی یا رەگەزی کە جیاوازی کۆمەڵگەیەک دیاردەکەن و لەکۆمەڵگەکانی دیکە جودایان دەکەنەوە، ئەو کۆمەڵگەیە دەکرێ وەکو گەل people سەیربکرێن، چونکە چەمکی گەل مەرجی سەرەوەری رامیاری و جوگرافی ناسەپێنێ. دیارە نکۆڵیکەران لە مافی گەلانی ژێردەستە تەنها ئەوانە بە “گەل” ناودەبەن کە خاوەنی سەروەری و وڵاتی سەربەخۆن. نکۆڵینکەران بەپێی ئایدۆلۆژیای تایبەت و رەوتی ئینسترومێنتالەیان دژی دابەشکردنی دانیشتوانی وڵاتن بەسەر گروپ و کۆمەڵگەی ئەتنی و ئایینی یا نەتەوەیی.

ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگەیەی دەکەوێتەبەر هێرشی لەناوبردن لەسەر جودایی ئایینی، ئەتنی یا نەتەوەیی یا ڕەگەزی، جوداییەکەیە وادەکات تاوانەکە ئەنجام بدرێت. هەروەها جوداییە ڕەگەزی، ئایینی یا ئەتنیەکان کە بەیەکەوەیی و بەهای هاوبەش دروستدەکەن دەکرێ ببنەهۆی دروستکردنی گەلی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سنورێکی جوگرافی سەربەخۆدا. هەربۆیە دەسەڵاتی تاوانکار وەکو هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانە و یەکرەنگی بەهای کۆمەڵگەی سەردەست سەیریان دەکات و لەناوبردنیان ڕاشیونالیزە و رەوا دەکەن. بۆنمونە هەوڵی لەناوبردنی بۆسنیەکانی سرەبرەنیسیا لەلایەن سربەکانی کۆماری سرب لەناوبردنی موسولمانەکانی سرەبرینیسیایان بەگرنگ زانی بۆ یەکخستنی ولات و بەدیهێنانی یەکڕەنگی ئەتنیانە و نەتەوەییانە لە هەرێمەکەدا. دیارە بۆسنیەکانی یوگوسلاڤیا، تا لەناو یوگوسلاڤیا بوون وەکو سرب و سلۆڤانی و مۆنتینیگرۆکان بە یوگوسلاڤی دادەندران و بەیەک زمان (بارگاوی بە دیالێکتەکان) دەدوان، دواتر بەهۆی جوداییە ئایینیەکەیان بوونە گەلی سەربەخۆ. دیارە ئەوان پێیانوایە وەکو نەتەوەش سرب نین، هەروەکو ئەوانیتر خۆیان وەکو نەتەوەی جودا دەناسێنن. بێگومان دەسەڵاتی سۆسیالیستی کۆنی یوگوسلاڤیا پێیوابوو کە یوگوسلاڤیەکان یەک گەلن!

پاشان ئاوارە دەنوسێت: “دەکرێت ئەو گروپەی کە جینۆساید ئەنجامدەدات و ئەوەشی کە جینۆسایدی لە دژ ئەنجامدراوە یەک گەل بن بەڵام ڕەگەزیان جیاواز بێت. وەک جینۆسایدی توتسیەکان لەلایەن هوتوەکانەوە لە ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤ کە یەک گەلن بەڵام ڕەگەزیان جیاوازە..” بەڵام ئایا توتسی و هوتووەکان یەک گەلن؟ سەبارەت بە جودایی و وەکویەکی گەلی توتسی و هوتو زۆر نوسراوە و هەندێ نکۆڵی لە جوداییەکان دەکەن و هەندێ جەختی لەسەر دەکەنەوە.[ix] توتسی و هوتوە ئەتنۆناسیونالیستەکان پێیانوانییە ئەوان یەک گەلن، بەڵام حکومەتی رواندا نکۆڵی لە بوونی جودایی ئەتنی لەنێوان توتسی و هوتوەکاندا دەکات. بەئەگەری زۆر ئەوە نکۆڵیکردنە لە دیدێکی رامیاریەوە سەرچاوە دەگرێ و بەپێی بەرژەوەندی رامیاری لایەنی دەسەڵاتدار دەگوترێت. ئەوەش وەکو ئەوە وایە کە یوگوسلاڤیا پێشتر سەبارەت بە کۆمەلگە و گروپە ئەتنی و نەتەوەییەکانی ناو یوگوسلاڤیا دەیگوت، یا سەرانی تورکیا سەبارەت بە گەلانی تورکیا دەیلێن هتد. ئەو بانگاشەیە رامیاریانەیە و نکۆڵیکردن لەخۆدەگرێت. توتسیەکان هەرگیز پێیانوانییە ئەوان و هوتوەکان یەکن، بەهەمان شێوە هوتوەکان خۆیان پێ توتسی نییە. مێژووی هاتنیان بۆ ئەو شوینە جوگرافییە لێکجیادەکرێتەوە. لەکۆنەوە وەکو دوو گروپی جیاواز خۆیان نواندووە و کێشە و ناکۆکیان هەبووە. لە رواندا هوتوەکان زۆرینەن و توتسیەکان کەمینەن، هەروەکو هوتوەکان هەوڵی لەناوبردنی توتسیەکانیان لە ساڵی ١٩٩٤دا دا. لە بۆروندی بەپێچەوانەوە هوتوەکان کەمینەن و توتسیەکان زۆرینەن، لەوێش ناکۆکی بەردەوامیان هەیە و لە ساڵی ١٩٧٢ دا کوشتاری هوتوەکان بەخەستی لەلایەن توتسیەکانەوە کرا.[x] بەکورتی جیاوازیەکە هەرچێ بێت، ئەوان ئێستا وەکو دوو گروپی ئەنتنی جیاواز خۆیان دەبینن و پێناسە دەکەن و ئەو جیاوازیەیە وایکردووە کە هەوڵی لەناوبردنی یەکتر لە کات و وڵاتی جیادا بدەن. ئەگەر هوتوەکان و توتسیەکان لە هەڵبژاردنی مافی چارەنوسیاندا ئازادکرێن بەئەگەری زۆر بەیەکەوەژیان هەڵنابژێرن، چونکە خۆیان پێ دوو گەلی جیاوازە. دیارە دەکرێ ئەوانەی لە ناکۆکیدان سەربە یەک نەتەوەبن وەکو شیعە و سوننە هەردوو سەر بە نەتەوەی عەرەبن کەچی لەسەر جودایی رێچکەی ئایینی یەکتر دەکوژن و دەکرێ ژینۆسایدی یەکتریش بکەن، بەڵام وەکو لەسەرەتادا ڕوونمکردەوە ئەوە کێشەیەک لە بەکارهێنانی چەمکی گەلکوژی دروست ناکات. دیارە هەردوو کۆمەڵگەی سوننە و شیعە خاوەنی کۆمەڵێ بەها و تایبەتمەندی ئایینین، خاوەنی مێژووی تایبەت بەخۆیانن و دەکرێ لە جوگرافیای سەربەخۆیاندا سەربەخۆبن. رژێمی بەعس هەولی لەناوبردنی شیعەکانیدا، چونکە وەکو مەترسی لەسەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئێراق لەوانی دەڕوانی. ئەگەر ئێراق پارچە ببێت، ئەوا بێگومان شیعە و سوننە هەر کۆمەڵگەیە وڵاتی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن.

هەروەها ئاوارە دەنوسێت: “هەروەها جینۆسایدی موسوڵمانەکانی هەرێمی ڕاخینی میانمار لە ساڵی( ٢٠١٢) کە یەک گەلن بەڵام ئاینیان جیاوازە”… ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە موسڵمانەکانی بۆرما (میانمار) کە بە گەلی رۆهنگیا ناسروان[xi]، بە هیندوئاری دادەندرێن و هەندێ دەڵێن خەڵکی رەسەنی راخینەن، هەندێ باپیرانیان بۆ موسوڵمانەکانی هیندستان و چین و دانیشتووە عەرەبەکان دەگێرنەوە، هەروەها هەندێ دەڵێن ئەوانە لە کاتی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزدا وەکو کرێکار لە بەنگالەوە هاتوونەتە ئەو هەرێمە. ئەوان زمانی تایبەتی رۆهنگیای خۆیان هەیە، ئەوانە بە زمانی بۆرمی نائاخڤن. هەرچی بودیستەکانی هەرێمی راخینەیە[xii] یەکێکن لەو گروپە ئەتنیانەی وڵاتی بۆرما کە بەتەنها ٥،٦% ی دانیشتوان پێکدەهێنن، بەیەکەوە زۆرینەی دانیشتوانی بودیست ٨٩% پێکدەهێنن. راخینەکان بە زاراوەیەکی بۆرمی دەئاخڤن و دەگوترێ لەبنچینەدا لە خوارووی رۆژهەلاتی بەنگلادشەوە هاتوون. موسوڵمانەکانی بۆرما کەمینەیەکی زۆرلێکراو و چەوساوەن، لەکۆنەوە لەلایەنی دەسەڵاتدارانی بۆرمیەوە دەچەوسێندرێنەوە و ئێستاش دەچەوسێندرێنەوە.[xiii] بەمجۆرە موسڵمانەکانی راخینە و بودیستەکانی راخینە جگە لە ئایین، جودایی زمان و رەچەلەکیشیان هەیە. بۆیە دەکرێ ئەوانە وەکو گەلی جیا سەیربکرێن. دیارە کۆمەڵکوژی ڕاخینەکان تا ئێستا وەکو تاوانی ژینۆساید نەناسراوە، بەڵکو وەکو پاکتاوی رەگەزی ناسراوە.

لە زۆربەی بارەکاندا ئەو گەلانەی کە دەکەونەبەر هێرشی گەلکوژکارانە لەبەرئەوە بەرەورووی تاوانی لەناوبردن دەبنەوە چونکە لەبنچینەدا نکۆڵی لە بوونیان و مافەکانیان دەکرێت، کۆمەڵگەی یا گروپی ئەتنی دەسەڵاتدار هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، بۆ ئەوەی نەیانهێڵێ و لە کێشەکە بەمجۆرە بەیەکجاری ڕزگاری بێت، بەمجۆرە مسۆگەری خاک و سامانی گەلی ژینۆسایدکراو بکات.  چونکە ئەوانە ئەو گرنگی و توانایەیان هەیە کە دەتوانن ببنە گەلی نیمچەسەربەخۆ یا تەواو سەربەخۆ. هەموو ئەو وڵاتانەی لەژێرناوی مافی تاک یا هاونیشتیمانی بوون رەتی بوونی کۆمەڵگەی ئەتنی جیاواز دەکەنەوە، نکۆڵی لەبوونی گەلی کەمینە و مافەکانیان دەکەن، دان بەبوونی کێشەی لەوجۆرەدا نانێن و بۆیە لەکاتی تایبەتدا دەکرێ هەوڵی تواندنەوەیان بەڕیگەی جۆراوجۆر بدرێت، هەروەکو بەکردەوەش واکراوە.

هەندێ تێبینی کۆتایی: نوسەر لە وتارەکەدا هەندێ لایەن و بوار دەوروژێنی کە من زۆر دەمێکە گوتوومن و نوسینم لەسەریان هەیە، بۆ نمونە هەڵەی چەمکی عەرەبی” ابادە جماعیە”، یا رەخنە لە پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام نوسەری رەخنەگر نەئاماژە بەو نوسینانە دەکات نە ناویان دەهێنێ.

گوتن و گوزارشتکردنی ژیانی تایبەتی رەفائیل لەمکین پەیوەندی ئەوتۆی بە سەردێری وتارەکەوە نییە. لە وتارەکەدا خۆماندووکردنێکی زۆرهەن کەبریتین لە ئاماژەکردن بۆ یاسای ژینۆسایدی ژمارەیەکی زۆری ولات کە لە دوای یەکدا ڕیزکراون،  کە دەکرا لەپەڕاوێزدا دابندرێن، نەک نیوەی لاپەرەیەکیان پێ پڕبکرێتەوە. لەوتارەکەدا وردە هەڵە و هەڵەی دیکە هەن کە من نەمیستووە گوتن لە هەموویان بکەم.

ڕەخنەی کامیار سابیر لە چەمکی گەلکوژی

لەلایەن هاوڕییەکی رێکخراوی کوردۆسایدەوە ئاگادارکراینەوە کە نوسەر کامیار سابیر  لە فەیسبوکەکەیدا ڕەخنەی لە رێکخراوی چاودێری کوردۆساید گرتووە و رەخنەکانی سەبارەت بە ناوی رێکخراو ” کوردۆساید” و هەروەها بەکار هێنانی وشەی ” گەلکوژی ” یە.  ئەو هاوڕێیە ڕەخنەکەی وەکو خۆی لە ئیمایلەکەدا دانابوو، بۆیە منیش هەمان تێکست بەکاردەهێنم ( دەقی ڕەخنەکەم لە پەراوێزی ئەو وتارەدا داناوە).

کامیار سابیر رووی دەمی دەکاتە رێکخراوی کوردۆساید و دەنوسێت: “پاشگرێکتان هەیە بە ناوی کۆردۆساید، ئەم چەمکە داتاشراوە، لە رووی زمانەوانییەوە مەغزایەکی شاعیرانەی هەیە تا بە مەغزای سیاسیی و کولتووریی و قانوونیی دەگات. لە زمانی ئینگلیزییدا دەکرێ، پاشگری ساید Cide ، بۆ گەیاندنی مەغزا قانوونییەکەی، بۆ سەر زۆرچەمک و ناو زیاد بکرێت. بۆ نموونە: کەسێک ساوایەک infant بکوژێ، بەو کارە دەگوترێ infanticide . کەسێک خۆی بکوژێ، دەڵێن سوەسایدی selfcide یان suicide کردووە. یان فەیلەسووفێک بکوژی، پێت دەگوترێ philosophicide . ئەم “ساید”ە ناکرێ بهێنرێتە ناو زمانی کوردییەوە و بە ئەنفال بگوترێ کۆردۆساید. لە باری سیاسیی و زمانەوانییەوە، بەڕای من ئەم کۆردۆسایدە زۆر هەرزەکاریی و حەماسەتی نەتەوەیی و نۆستاڵژیای کڕوزانەوەی پێوە دیارە.” 

نامەوێ زۆر لەسەر ئەو بەشە بووەستم، بەڵام بەکورتی هەروەسەتەیەکی لەسەر دەکەم، دیارە کامیار سابیر زۆر قەڵسە لە بەکارهێنانی ئەو وشە لێکدراوە، وە لە نوسینەکەدا کەوتۆتە کۆمەڵێ هەڵەوە. کامیار خۆی لە نوسینە کوردیەکەدا کۆمەڵی داهێنانی خۆی کردووە و بەشێوەیەکی تایبەت دەنوسێ. پیتی “و” یا “ی” ی لە دوای یەکدا لە کۆمەڵێ وشەدا بەکارهێناوە.  دیارە نوسینی واو لە وشەی کوردیدا یا دوو “ی” کێشەیەکی زمانی کوردییە، کە لەبەر نەبوونی زمانی ستانداردی کوردی بوونی هەیە. دیومە نوسەر هەیە یەک “و”  بۆ هەموو وشەیەک بەکاردەهێنێ، دیومە نوسەر هەیە سێ “و” بەکاردەهێنێ. پێموانییە ئەو شێوە نوسینەی کامیار سابیر دروست بێت. جگەلەوە کامیار خۆی رێگەی بەخۆی داوە کۆمەڵێ وشەی عەرەبی و ئینگلیزی لەو کورتە رەخنەیەدا بەکاربهێنێت و بۆ ئەو کێشەیەک نییە! لە رەخنەکەیدا دەنوسێ: “ناکرێ ئەو وشەیە بهێندرێتە ناو زمانی کوردی”. وشەی ساید  Cide ئینگلیزی نییە بەڵکو وشەیەکی لاتینیە، هێندراوەتە ناو زمانی ئینگلیزی و ئێستا وەکو پاشگری زۆر وشەی لێکدراو بەکاردەهێندرێت. ئەو وشانەی ئەو پاشگرەیان پێوەدەندرێت لە زمانی ئینگلیزیدا هیچیان بەلێکدراوی لە ڕەچەڵەکدا ئینگلیزی نین. ئایا هەرگیز وشەی ئینگلیزی نەهاتوونەتە ناو زمانی کوردی و ئێستا لە زمانی کوردیدا بەکارناهێندرێن؟ لەبەرچی ناکرێ ئەو وشەیە بهێندرێتە ناو زمانی کوردی؟ ئایا ئەو خۆی هەر لەو کورتە نوسینەدا ئەو کارەی نەکردووە!؟ لەبەرچی و بەپێی چ لێکۆڵینەوەیەک ئەو بەکارهێنانە “مەغزایەکی” شاعیرانەی هەیە!؟ لەراستیدا ئەو گوتنە ڕەتکردنەوەی پشووتەنگانەی گۆڕانە لە زماندا کە لە پرۆسەیەکی بگۆڕی بەردەوامدایە. هەروەها ئەو ئاماژە بە نەبوونی مەغزای سیاسیی و کولتووری و قانوونی دەکات! ئایا ئەو وشەیە بۆ مەبەستیکی قانونی هاتووە؟! کێ گوتنی لە مەبەست و ئاماژەی کەلتوری و سیاسی کردووە!؟ وەکو دەبیندرێت، بێ ئەوەی ئاگاداری هۆکاری هاتنی ئەو وشەیە هەبێت، هەر لە خۆیەوە هاتووە و بەناوکەوتووە و پێیدا دەدات!  پاشان دەنوسێ: “ناکرێ … بە ئەنفال بگوترێ کۆردۆساید. لە باری سیاسیی و زمانەوانییەوە، بەڕای من ئەم کۆردۆسایدە زۆر هەرزەکاریی و حەماسەتی نەتەوەیی و نۆستاڵژیای کڕوزانەوەی پێوە دیارە.” کێ گوتوویەتی ئەو وشەیە لە جیاتی وشەی ئەنفال هاتووە و دەبێ بە ئەنفال بگوترێ کوردۆساید؟! نازانم کامیار چۆن ئەو مەتەڵەی هەڵهێناوە! لە ڕاستیدا وشەی کوردۆساید بەهیچ جۆرێک بۆ ئەوە نەهاتووە شوێنی وشەی ئەنفال بگرێتەوە. وشەکە جگە لە ناوی ڕێکخراوێک کە ئاماژەیەک بە بەرنامە و کارەکانی دەکات شتێکیتر نییە و بۆ مەبەستێکیتر نەهاتووە. وەکو کاتیخۆی لەو هاوڕێیەی کە پیشنیاری وشە و ناوەکەی کرد بیستم، وشەکە لاسای وشەیەکی لەوجۆرەی ئەرمەنی دەکاتەوە کە رێکخراوێکی ئەرمەنی بواری ژینۆساید بەکاری دەهێنن. پاشان بەچیەوە دیارە و کامیار چۆنی زانی ئەو کوردۆسایدە “هەرزەکاری و حەماسەتی نەتەوەییە و نۆستالژیای کڕوزانەوەیەوە”؟!  ئایا ئەوانەی کە چەندین ساڵە خەبات بۆ ناساندنی تاوانی ژینۆسایدی دژ بە کوردان دەکەن، هەرزەکارن!؟  ئایا ئەوانە نەتەوەپەرستن و لەرێکخراوێکی نەتەوەپەرستدا کاردەکەن؟! ئایا وشەی “کوردۆساید” گەڕانە بەدوای بەهایەکی بەسەرچوو و کۆنبوو؟! ئایا هەوڵی ناساندنی تاوانکە کە دژ بە کوردان کراوە، بەسەرچووە و ئێمە بۆ شتێک دەگرین کە هیچ بەهایەکی نییە؟! نازانم کامیار چۆن ئەو مەتەڵەی هەڵهێنا و زانی ئەوە دەرئەنجامی “حەماسی نەتەوەییە” یا “نۆستالژیای کروزانەوەیە”؟  لەڕاستیدا ئەو ڕەخنەیە جگە لە فیشەک بەتاریکی وەنان لە گێژاوی بێئاگاییدا شتێکیتر نییە.  بەکورتی ئەوەی کامیار لێرەدا دەیڵێ، ئەو لە فەرهەنگی تێگەیشتنی تایبەت بە خۆیدا دەریهێناون.

پاشان دەنوسێ: “هەر کەسێک چەمکی گەلکوژیی( بەهەڵە، گەلکوژی نووسراوە،) بەکارهێنابێت ، دنیایەک فانتەسیی و خەیاڵاتی شیعریی لە بۆچوونیدایە. گەل مانای سیاسیی و کولتووریی جیاواز هەڵدەگرێ و لەگەڵ هەموو ئەو تێرمۆنۆڵۆجیانەی لە جینۆسایدەوە نزیکن، هیچ بەهایەکی سیاسیی و تێکهەڵکێشییەکی دیفاکتۆی نابێت، ئەگەر مەبەست لێی، لەبری چەمکی ماس Mass ی ئینگلیزیی بەکار بهێنرێت. هەروەها ئەگەر گەلکوژیی لە بری کۆمەڵکوژیی بەکار دەهێنن، ئەوە مەبەستەکە بەتەواویی شیعرێنراوە. هیچ زمانناسێک، هیچ کەسێکی شارەزا لە باری قانوونیی وسیاسیی و زمانەوانییەوە، ناتوانێت واتایەکی دروست یان چەمکێکی تەنانەت نزیکیش لە زمانە بیانییەکاندا بۆ ئەم “گەلکوژیی” ەی ئێوە بدۆزێتەوە. تەنانەت ئەگەر تەرجەمەی حەرفییش بکرێت…:

لە رووی زمانەوانیەوە گەلکوژی دەنوسرێت نەک گەلکوژیی بەپێچەوانەی ئەوەی کە کامیار سابیر ئاماژەی بۆ دەکات. جگەلەوەی وەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، کە بەکارهێنانی یەک یا دوو ‘ی’ کێشەیەکی زمانی کوردییە و نوسەران خۆیان هەر کەسە بەپێی ئارەزوو و تیگەیشتنی خۆیان بەکاری دەهێنن.  بەپێی ڕێنوسی پێشوو لە نوسینی زمانی کوردیدا یەک “ی” نوسراوە و ئەوی” درێژ یا کورت خوێندراوەتەوە و گوتراوە، دەکرێ هەر ئەو جۆرەش گونجاوترین چارەسەری بێت. دەکرێ پێشنیاری دوو “ی” بۆ ئاوڵناو و کرداری خاوەن پاشگری “ی” لە هەندێ باردا بکرێت و گونجاو بێت، وەکو منیش ئەو دوو “ی” یەم لە بار و کاتی تایبەتدا بەکارهێناوە، بەڵام ئەوە تەنها پێشنیارە و دەکرێ من هەڵەبم.  پێموایە تاکو فەرهەنگێکی ستانداردی زمانی کوردی نەبێت، ئەو کێشانە دەبن.

کامیار سابیر چۆنی زانی ئەو کەسەی چەمکی “گەلکوژی” بە گونجاو دەزانێت، دنیایەک فەنتاسی و خەیالاتی شیعری لە بۆچوونیدایە؟! بەپێی چ لێکۆڵینەوەیەک؟ ڕەنگبێ کامیار ئاگادار و “شارەزای” هەموو ئەو وشە و چەمکانە بێت کە لە ژینۆسایدەوە نزیکن! بێگومان گەل وشەیەکی پەرتە و دەکرێ چەند واتایەکی هەبێت وەکو people ئینگلیزی یا folk ی سەرووی ئەوروپا، سکەندەنافی و ئەلمانی. دیسان هاتووە و شەلم کوێرم ناپارێزم پێیدادەدا و دەنوسێ: “هیچ بەهایەکی سیاسیی و تێکهەڵکێشییەکی دیفاکتۆی نابێت، ئەگەر مەبەست لێی، لەبری چەمکی ماس Mass ی ئینگلیزیی بەکار بهێنرێت.” بەپێی چ لێکۆڵینەوەیەک؟ چۆن هەروائاسان لە “هەموو” بەهاکان بەتاڵی دەکەیتەوە!؟ پاشان دەنوسێت: ” هەروەها ئەگەر گەلکوژیی لە بری کۆمەڵکوژیی بەکار دەهێنن، ئەوە مەبەستەکە بەتەواویی شیعرێنراوە…” چۆن و بەپێی چ تێز و لێکۆڵینەوەیەک؟ ئایا چەمکەکە وەزن و قافیەی هەیە یا ئەندێشەیی و فەنتاسیانەیە تا شیعرێندرابێت!؟  سەیرەکە لەوەیە دڵنیا نییە و ناشزانێ چەمکەکە لەبری چ بەکاردێت، بەڵام ڕێگە بەخۆی دەدات هێرشی بکاتەسە و ڕاست و چەپ بیکوتێتەوە! دوای ئەوە دیسان دەمارگیری دەیگرێ و گشتگیرانە دەنوسێت: هیچ زمانناسێک، هیچ کەسێکی شارەزا لە باری قانوونیی وسیاسیی و زمانەوانییەوە، ناتوانێت واتایەکی دروست یان چەمکێکی تەنانەت نزیکیش لە زمانە بیانییەکاندا بۆ ئەم “گەلکوژیی” ەی ئێوە بدۆزێتەوە. تەنانەت ئەگەر تەرجەمەی حەرفییش بکرێت… “ رەنگبێ کامیار ئاگاداری هەموو زمانناس و شارەزایان لە باری قانونی و سیاسی و زمانەوانیەوە بێت و ئاگاداری هەموو لێکۆڵینەوەکانی هەموو ئەوانە لە “هەموو جیهاندا” بێت، بۆیە دڵنیایە لەوەی کە کەسیان ناتوانن واتایەکی دروست یا چەمکێکی نزیک بۆ گەلکوژی بدۆزنەوە!؟ دووبارە بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو راستیە بێت کە کۆمەڵیک وڵات هەن چەمکی گەلکوژی لەجیاتی ژینۆساید بەکاردەهێنن، خەڵکی ئاسایی ئەو چەمکە بەکاردەهێنن و شارەزایانی ئەو وڵاتانە لە نوسینەکانیاندا چەمکی گەلکوژی دەنوسن، هاتووە کوێرانە هێرش دەکات. کەسێک کە لە بەکارهێنانی چەمکێک دڵنیا نەبێ، نەزانێ لەچیەوە هاتووە و نەزانێ لەجیاتی چی بەکاردەهێندرێت، چۆن رێگەبەخۆی دەدات بێ بەڵگە و بێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ئەو هێرشە ناڕەوایە بکاتە سەر چەمکەکە؟! من لە چەند وتارێکدا ئەوەم ڕوونکردۆتەوە کە بۆچی چەمکی گەلکوژی گونجاوە، بەڵام کامیار واپیشان دەدات کە ئەو هیچ لەو وتارانەی نەبینیووە و نەخوێندۆتەوە. دەکرێ ئەو وتارەکانی نەخوێندبێتەوە، بەڵام گومانم لەوەدا هەیە کە ئەو وتارانەی نەدیتبێ یا نەزانێ “کێ” ئەو چەمکە بەکاردەهێنێت. هەندێ لەو وتارانە لە سایتی دەنگەکان بڵاوکراونەتەوە کە ئەو خۆی وتاری لێ بڵاودەکاتەوە!

جێگەی تێبینیە کە لەو کورتە نوسینەی ئەو نوسیویەتی کۆمەڵێ داهێنانی زمانەوانی تایبەت بەخۆی دەبیندرێن، کۆمەلێ چەمک و وشەی بیانی و عەرەبی بەکاردەهێنێت، چەمکی ناڕۆشن، کۆمەڵێ چەمکی گەورە بەدوای یەکدا ڕیزدەکات، کۆمەڵی دەرئەنجامی بێبنەما ڕادەگەنێت،  واپیشان دەدات کە ئەو وەکو خوا (وەکو ئایینەکان دەیڵێن)  ئاگاداری هەموو شتە و ئاگادارە هەموو شارەزایان چی دەکەن و توانایان چییە! لەراستیدا گومان دەکرێ کە ئەو تێگەیشتنی تەواوی بۆ هەندێ لەو چەمکانە هەبێت کە دەیاننوسێت و بەدوای یەکدا ڕیزیان دەکات.  بەگشتی نوسینی باش بە بەکارهێنانی چەمکی گەورە و ئەبستراکت و ڕیزکردنیان بەدوای یەکدا نابێتە نوسینی باش.  لەڕاستیدا رەخنەکەی کامیار سابیر ژیربێژی تێدانییە و بێ بنەمایە. ئەگەر سەیری ڕەخنەکە بکەی وادەردەکەوێ (وەکو لە کوردەواریدا دەڵێن) “نازانێ کە نازانێ”.

من هەمیشە بەگرنگم زانیووە کە لەڕێگەی کار و هەوڵەکانمانەوە سوودی باش و گونجاو و بابەتیانە بە بواری گەلکوژی بگەیەنین، هەروەکو ئێمە وەکو کورد لەو بوارەدا نوێین. ئەگەر رەخنە لە چەمکێک یا بابەتێک لە بواری ژینۆساید یا هەر بواریکی دیکەدا هەبێت، گرنگە رەتکردنەوەی کوێرانە نەبێت، بەڵکو بابەتیانە و بێلایەنانە بن، تێر و تاوتوێکراوبن، بۆ ئەوەی بتواندرێ هەوڵەکە بەئاراستەیەکی زانیستیانەی گونجاودا تێپەڕن و ئەوە هەلبژێردرێت کە زانستیانە گونجاوترینە یا دەکرێ بە گونجاوترین دابندرێت. ئێمە لەم رێگەیەوە دەتوانین سوود بە بواری ژینۆساید و بوار و هەوارە جیاجیاکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بەگشتی بگەیەنین.

لەکۆتاییدا پێویستە ئەوە بلێم کە زمانی کوردی زمانێکی هەژار نییە وەکو لێرەولەوێ دەکەوێتەبەرچاو و دەگوترێت، بەپێچەوانەوە زمانی کوردی زمانێکی بەرفراوانی بەتوانایە، دەکرێ نوسین و لێکۆڵینەوەی زانستی بە گونجاوی پێبنوسرێت. زمانی کوردی وەکو هەر زمانێکی تر هەمیشە لە گۆڕاندایە، ئێمە لە زۆر بواری زانستیدا نوێین، بۆیە زمانیش لەو بوارانەدا گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێت.  ئەگەر کەسانی شارەزا لە بوارێکدا کە شارەزاییان هەیە بتوانن سوود بەزمانی کوردی بگەیەنن، چەمک و وشەی گونجاوی کوردی بەکاربهێنن، ئەگەر زانستیانە بتواندرێ پەسندبکرێ، پێویستە وەربگیرێ و سوودی لێوەربگیرێت، ئەگەر رەخنە هەبێت پێویستە ڕەخنە بە بنەما و تاوتوێکراو و زانستیانە بێت، تاکو بتواندرێ سوودی لێوەربگیرێت و دەرئەنجام باشترین بێت.

لەلایەکیتر خۆشویستنی زمانی کوردی و ڕەواننوسی تاوان نییە، مرۆڤی کوردیش مافی خۆیەتی گرنگی بە زمانی خۆی بدات و زمانی خۆی خۆش بوێت. بەکارهێنانی زمانی پاراو و رەوانی کوردی سەردەمیانە جێگەی گرنگیپێدانە و پێویستە پشتگیری بکرێت، لاساییکردنەوەی زمانی عەرەبی یا هێنانی وشە و چەمکی بێگانە و عەرەبی بێ هۆکاری گونجاو، هەژاری نوسەر لە زمانی کوردیدا پیشان دەدەن، چونکە جگەلەوەی هەڵەیە، زمانی کوردیش دەشێوێنێ. بەداخەوە لە زمانی کوردی ئێستادا ئەو شێواندنە بەتایبەتی لەلایەن میدیای کوردیەوە بەزەقی دیارە.

تەواو

شاخەوان شۆڕش

2016-10-7

 

دەقی وتارەکەی ئاوارە حوسێن لە خوارەوە بخوێنەوە

 

جینۆساید؛ وەک چەمک، زاراوە، تاوانێکی نێودەوڵەتی
جینۆساید؛ یان کۆمەڵکوژی و گەلکوژی
ئاوارە حسێن
(
Genocide)  چەمکێکی لێکدراوەو لە دوو دەستە وشە پێک دێت. ئەوانیش Genos  وشەیەکی گریکیە بە مانای وەچە یان نەوە  یان ڕەگەز دێت و Cide وشەیەکی لاتینیەو بە مانای کوشتن یان لە ناوبردن دێت. هەردوو دەستە وشەکەش بەیەکەوەو بە کوردی بە مانای نەوە کوژی یان وەچە کوژی یان ڕەگەز کوژی دێت.
ئەم چەمکە بۆ یەکەمین جار لە لایەن یاساناسی پۆڵەندی بە ڕەگەز ئەمریکی (ڕافایل لێکمن) وە بە کار هات و لە پەرتوکە (٦٧٠) لاپەڕەیە بە ناوبانگەکەیدا (یاسای میحوەری لە داگریکردنی ئەوروپادا) دا لەساڵی (١٩٤٤) جێگیری کرد. لە پرۆسەی جینۆسایدی جولەکەکاندا کە بە هۆلۆکۆست ناسراوە لە لایەن ڕژێمی ئەڵمانیای نازی لە کۆی ئەو شەش ملیۆێن جولەکەی کە دەکوژرێت چل و نۆ خزمی  نزیکی لێمکنی تێدایە، بە تەنها برایەکی (ئیلیاس) لەگەڵ هاوسەرو دوو کوڕی ڕزگاریان دەبێت کە ئەوانیش لە کاتی جینۆسایدەکەدا نێردرابون بۆ کامپی زۆرەملێی کرێکاران لە یەکێتی سۆڤییەت. هەر ئەوەش وای لە لێمکن کرد هەوڵەکانی قوڵ بکاتەوەو ناوێک بۆ تاوانی تاوانەکان (جینۆساید) دابنێت کە تا ئەو کاتە بێناو بوو.
بەرامبەر بە چەمکی جینۆساید زۆر جار  لە لایەن نوسەران و بەناو شارەزایانی  بواری جینۆساید و میدیای کوردی چەمکەکانی: کۆمەڵکوژی یان گەلکوژی دادەنرێت. کە هەریەک لەو چەمکانە مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە،  وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە جینۆساید بە کوردی بە مانای وەچە کوژی، نەوە کوژی یان ڕەگەز کوژی دێت. گەرچی ئەم چەمکانەش مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە چونکە دەکرێت لە جینۆسایددا کەسیش نەکوژرێت بۆیە باشتر وایە تەنها چەمکی جینۆساید بەکار بهینرێت.
سەرەتا  جینۆساید دەناسێنین و پاشتر  ڕونیدەکەینەوەو دەیسەلمێنین کە هەریەک لە کۆمەڵکوژی و  گەلکوژی   نادروستە و بە مانای جینۆساید نایەت و گوزارە نیە لە چەمکی جینۆساید.
جینۆساید تا ساڵی(١٩٤٤) تاوانیک بوو بە بێناو، هەر بۆیە جینۆساید چەمکێکی نوێیە بۆ تاوانێکی کۆن. بۆ یەکەمین جار کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژی(١١/١٢/١٩٤٦) بڕیاری ژمارە(٩٦) (١) دەرکردو جینۆسایدی بە تاوانێک دانا لە یاسای نێودەوڵەتیدا. وە لە بریارەکەدا هاتووە کە جینۆساید نکوڵی کردنە لە مافەکانی تاک و کۆمەڵ و دژی ڕەوشتی یاسا و ئامانج و گیانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تاوانێکی هزر و ویژدان هەژێنەو دەبێتە هۆی لەدەستدانیێکی گەورەی مرۆڤایەتی و جیهانی شارستانی سەرزەنشتی دەکات. دوو ساڵ دواتر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی (٩/١٢/١٩٤٨) بە بڕیاری ژمارە (٢٦٠) ڕێککەوتننامەی بەربەندکردنی جینۆسایدو سزا خستنە سەر تاوانکارانی  لە شاری پاریس دەرکرد و بۆ یەکەمین جار جینۆساید بو بە یاسا. کە ئەم ڕێکەوتننامەیە لە نۆزدە ماددە پێک هاتووەو لە (١٢/١/١٩٥١) وە کاریپێکدەکرێت. تا ئێستا (١٤٦) دەوڵەت لەو ڕێککەوتننامەدا ئەندامن.
ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بەڕیککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید ناسراوە لە ماددەی (٢) دا پێانسەی جینۆسایدی کردووە و دەڵێت: (جینۆساید هەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوەیە بەمەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی- یان ڕەگەزی- یان نەژادی- یان ئاینی).
ئەو کردەوانەش:
١/کوشتنی ئەندامانی ئەو گروپە.
٢/ زیانپێگەیاندنی جەستەی و هزری یان هۆشی ئەندامانی ئەو گروپە.
٣/ دانانی ئەو گروپە لە باردۆخێکی سەختدا بە نیازی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکیان.
٤/ ڕێگریکردن لە منداڵ بون لە ناو ئەندامانی ئەو گروپەدا.
٥/ ڕاگواستنی منداڵ لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر بەزۆر.

لەم پێناسەوە بۆمان ڕوندەبێتەوە کە تاوانی جینۆساید دەکرێت بە پێنج شێواز ئەنجامبدرێت هەروەک لە ماددەی (٢) دا پێناسە کراوە. ئەوانیش:( کوشتن، ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناهەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان). واتە لە تاوانی جینۆسایددا دەکرێت کەسیش ڕاستەوخۆ نەکوژرێت، ئەمەش بۆ خۆی وەڵامدانەوەی هەمو ئەو بەناو جینۆساید ناسە کورد و عەرەبانەیە کە تا هەنوکە بە هەڵە چەمکەکانی   کۆمەڵکوژی و گەلکوژی و الإبادة الجماعية بەکاردەهێنن. هەروەک لە بڕگەکانی(٢-٣-٤-٥) ی ئەو مادەدا هاتووە هەریەک لە کردارەکانی: (ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناهەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان) بە مەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکیان بە جینۆساید دادەنرێت.
نادروستی گەلکوژی بەرامبەر بە جینۆساید، ئەوەیە کە ئەو گروپەی جینۆسایدی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت بە تەنها لەبەر ئەوە نیە کە گەلێکی جیاوازن. بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە پەیڕەوی ئاینێکی جیاواز دەکەن، لە ڕەگەزێکی جیاوازن یان سەر بە نەژادێکی جیاوازن هەروەک ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش  ئەنجامدانی تاوانی بەرامبەر بەو چوار گروپە بە جینۆساید داناوە ئەگەر تاوانکار مەبەستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکی گروپەکەی هەبێت. سەرەڕای ئەوەش دەکرێت ئەو گروپەی کە جینۆساید ئەنجامدەدات و ئەوەشی کە جینۆسایدی لە دژ ئەنجامدراوە یەک گەل بن بەڵام ڕەگەزیان جیاواز بێت. وەک جینۆسایدی توتسیەکان لەلایەن هوتوەکانەوە لە ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤ کە یەک گەلن بەڵام ڕەگەزیان جیاوازە کە ئەم جینۆسایدەش بە پێی ماددەی (٢) ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا بە جینۆساید ناسێنرا. هەروەها جینۆسایدی موسوڵمانەکانی هەرێمی ڕاخینی میانمار لە ساڵی( ٢٠١٢) کە یەک گەلن بەڵام ئاینیان جیاوازە. هەربۆیە چەمکی گەلکوژی نا دروستەو واتا ناگەیەنێت.
بۆ ئێمەی کورد چەمکی جینۆساید باشترین چەمکە کە بەکاریبهێنین من خۆم هەر ئەم چەمکە بەکاردەهێنم و وە پێشم وایە بەکارهێنانی وەچەکوژی- نەوە کوژی یان ڕەگەز کوژی کە بە کوردیکردنی جینۆسایدە مانای تەواوەتی جینۆساید ناگەیەنێت. بە کارهێنانی جینۆسایدش لەلایەن نوسەرو میدیای کوردیەوە نابێتە جێگای ڕەخنەو وا لێکنادرێتەوە کە چەمکی بێگانە بەکاردەهێنین و زمانەکەی خۆمان بە کەم دەزانین بەڵکو هەروەک چۆن زۆربەی نەتەوە ئاری نەژادەکان چەمکی جینۆساید بەکاردەهێن و ئەم چەمکە بووە بە چەمکێکی ئاری ئەوا ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی ئاری نەژاد دەتوانین جینۆساید بەکاربهێنین.
نمونەی ئەو نەتەوانەش کە چەمکی جینۆساید بەکاردەهێنن: (ئینگلیزەکان پێ دەڵێن/ جێنۆساید- فەرەنسیەکان پێی دەڵێن/ ژەنۆسید- ڕوسیەکان پێی دەڵێن/ جینۆسید-  ئەلبانیەکان پێی دەڵێن/ جێنۆسید-  ئیندۆنیسیەکان پێی دەڵێن/ گێنۆسیدە- ئیتالیەکان پێی دەڵێن/ جێنۆچیدیۆ- ژاپۆنیەکان پێی دەڵێن/ جێنۆسایدۆ- لاتینیەکان پێێ دەڵێن/ جێنۆچیدیا- پورتوگالیەکان پێی دەڵێن/ ژێنۆسیدیۆ- ڕۆمانیەکان پێی دەڵێن/ جێنۆچید- سلۆڤاکیەکان پێی دەڵێن/ جێنۆسیدا).

جینۆساید وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی و نیشتیمانیدا
جینۆساید لە ساڵی (١٩٤٨) لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانە وە بە ڕێککەوتننامەیەکی نۆزدە ماددەی کرا بە یاسا. بە پێی ماددەی دووی ڕێککەوتننامەکەش تەنها چوار گروپی پاراستووە کە ئەوانیش: نەتەوە- ئاین- نەژاد و ڕەگەزن. واتە ئەنجامدانی هەریەک لەو پێنج کردارەی کە لەسەرەوە باسمان کرد بە مەبستی لە ناوبردنی هەمو یان بەشێکی هەریەک لەو گروپانە دەچێتە چوار چێوەی  تاوانی جینۆسایدەوە.
گەرچی ئەو پێناسەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید زۆرترین ڕەخنەی لێگیراوە لە لایەن یاسا ناسانی نێودەوڵەتیەوە، بەوەی کە تەنها چوار گروپ دەپارێزێت وگروپەکانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ڕێبازی ئاینی نەپاراستووە. چونکە لە کاتی بەستنی ڕێککەوتننامەکەدا تەنها نوێنەرانی دەوڵەتانی بەرژەوەندی ویستی تێدابوو بە بێ بونی نوێنەرانی نەتەوە ژێڕ چەپۆکەکان و جێگیر کردنی پێشنیارە دروستەکانی نوێنەری گروپە جینۆساید کراوەکان لە داڕشتنی یاسای ڕێککەوتننامەکەدا. بەمەش سەرەڕای ڕەخنەو تێبینی یەکانمان  لەسەر ئەو پێناسەیە بۆ جینۆساید ئەوا دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمواری دەکات  لە دادگایکردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدا کار بەو پێناسەیە بکرێت و بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی ڕەخنەی یاسای نەبینەوە. بەڵام زۆربەی بەناو شارەزایانی بواری جینۆساید و میدیاکان زۆر کات لە دەرەوەی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێناسەی جینۆساید دەکەن و تایبەتمەندی جینۆساید بە تاوانێک دەدەن. هەر ئەوەش بو ئەو دادگا تاوانکاریە نێودەوڵەتیانەی کە پاشتر دامەزران لە ژێر ڕوناکای پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید پێناسەی جینۆسایدیان کردو جێگیر کرد.
نمونەی دادگا تاوانکاریانەش وەکو: ماددەی (٤) دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی یوگۆسلاڤیای پێشوی ساڵی (١٩٩٣) و ماددەی (٢) ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندای ساڵی (١٩٩٤) و ماددەی (٦) ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی (لاهای) ساڵی (١٩٩٨) و ماددەی (١١) ی دادگای تاوانکاری باڵای عێراقی ساڵی (٢٠٠٥).
هەروەها لە یاسای تاوانکاری و سزادانی  دەوڵەتانیشدا سود لە هەمان پێناسە وەرگیرا.  هەروەکو: ماددەی (٣٩٣) ی یاسای تاوانکاری ئەرمینیا- ماددەی (١٠٣ و ١٠٤) ی یاسای تاوانکاری ئازەربایجان- ماددەی (١٢٧) یاسای تاوانکاری بیلاڕوسیا- ماددەی (١٣٨) ی یاسای سزادانی بۆلیڤیا-  ماددەی (١٤١) یاسای سزادانی بۆسنیاو هەرزەگۆڤینا- ماددەی (٤١٦) یاسای تاوانکاری بولگاریا- ماددەی (٣١٨) یاسای جینۆساید و تاوانەکانی جەنگی کەنەدا- ماددەی (١٠١ و ١٠٢) ی یاسای سزادانی کۆڵۆمبیا- ماددەی (١٢٧) یاسای سزادانی کۆستاریکا-  ماددەی (١٣٧) یاسای سزادانی کۆت دیڤوار- ماددەی (١٥٦) یاسای سزادانی کرواتیا- ماددەی(٣٦١) یاسای سزادانی کوبا- ماددەی (٢٥٩) ی یاسای سزادانی چیک- ماددەی (٣٦١) ی یاسای سزادانی ئەل سلڤادۆر- ماددەی (٢٨١) ی یاسای سزادانی ئەتیوبیا- ماددەی (٢١١) ی یاسای سزادانی فەرەنسا- ماددەی (٦٥١) ی یاسای سزادانی جۆرجیا- ماددەی (٦) ی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی ئەڵمانیا- ماددەی (٣٧٦) ی یاسای سزادانی گواتیمالا- ماددەی (١٥٥) ی یاسای سزادانی هەنگاریا- ماددەی (٣٧٣) ی یاسای تاوانکاری قیرگیزستان- ماددەی (٧١) ی یاسای سزادانی لاتیڤیا- ماددەی (٣٢١) ی یاسای سزادانی لیختنشتاین- ماددەی (٩٩) ی یاسای تاوانکاری لیتوانیا-  ماددەی (٣٠) ی یاسای سزادانی مالی- ماددەی (١٤٩) ی یاسای سزادانی مەکسیکۆ- ماددەی (٥٤٩ و ٥٥٠) ی یاسای سزادانی نیکاراگوا- ماددەی (٣١١) ی یاسای سزادانی پەنەما- ماددەی (٣١٩) ی یاسای سزادانی پاراگوای- ماددەی (١٢٩) ی یاسای سزادانی پیرۆ- ماددەی (١١٨) ی یاسای سزادانی پۆڵەندا- ماددەی (٢٣٩) ی یاسای سزادانی پۆرتوگال- ماددەی (٣٥٦) ی یاسای سزادانی ڕۆمانیا- ماددەی (٣٥٧) ی یاسای تاوانکاری ڕوسیا- ماددەی (٥٢) ی یاسای سزادانی سۆلۆمن ئایلاندس- ماددەی (٢٥٩ و ٢٦٥) ی یاسای تاوانکاری سلۆڤاکیا-  ماددەی (٣٧٣ و ٣٧٨) ی یاسای سزادانی سلۆڤینیا- ماددەی (٦٠٧) ی یاسای سزادانی ئیسپانیا- ماددەی (٧) ی دەستوری سورینام- ماددەی (١٦٩)ی یاسای جینۆسایدی سوید- ماددەی (٢٦٤) ی یاسای سزادانی سویسرا- ماددەی (٥٢) ی یاسای سزادانی توڤالۆ- ماددەی (٤٤٢) ی یاسای تاوانکارئۆکرانیا و  بەشی (٥٠) ی یاسای فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لەژێر ئەو  ڕوناکیە یاساییانەی سەرەوادا ئەوە ڕوندەبێتەوە کە جینۆساید وەک مەترسیدارترین تاوانی نێودەوڵەتی یان تاوانی تاوانەکان. لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەربەند کراوەو لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید و دادگا تاوانکاریە نێودەوڵەتیەکان و یاسای تاوانکاری و سزادانی زۆربەی دەوڵەتانیشدا بەربەند کراوەو ئەنجامدەرانیشی لە هەر پلەو پۆستێکدا بن لە تاکە کەسێکەوە تاوەک سەرۆکی دەوڵەت مافی وەرگرتنی پەنابەری مرۆی و ڕامیاریان نیەو ڕوبەڕوی سزای یاسای دەبنەوە.

ڕەخنەکەی کامیار سابیر کە لە لاپەرەی فەیسبوکەکەیدا بڵاویکردبۆوە

هاوکات پاشگرێکتان هەیە بە ناوی کۆردۆساید، ئەم چەمکە داتاشراوە، لە رووی زمانەوانییەوە مەغزایەکی شاعیرانەی هەیە تا بە مەغزای سیاسیی و کولتووریی و قانوونیی دەگات. لە زمانی ئینگلیزییدا دەکرێ، پاشگری ساید Cide ، بۆ گەیاندنی مەغزا قانوونییەکەی، بۆ سەر زۆرچەمک و ناو زیاد بکرێت. بۆ نموونە: کەسێک ساوایەک infant بکوژێ، بەو کارە دەگوترێ infanticide . کەسێک خۆی بکوژێ، دەڵێن سوەسایدی selfcide یان suicide کردووە. یان فەیلەسووفێک بکوژی، پێت دەگوترێ philosophicide . ئەم “ساید”ە ناکرێ بهێنرێتە ناو زمانی کوردییەوە و بە ئەنفال بگوترێ کۆردۆساید. لە باری سیاسیی و زمانەوانییەوە، بەڕای من ئەم کۆردۆسایدە زۆر هەرزەکاریی و حەماسەتی نەتەوەیی و نۆستاڵژیای کڕوزانەوەی پێوە دیارە.

لەو دەقەی واژۆتان کۆکردووەتەوە،هەر بەرێزێک، چەمکی گەلکوژیی( بەهەڵە، گەلکوژی نووسراوە،) بەکارهێنابێت ، دنیایەک فانتەسیی و خەیاڵاتی شیعریی لە بۆچوونیدایە. گەل مانای سیاسیی و کولتووریی جیاواز هەڵدەگرێ و لەگەڵ هەموو ئەو تێرمۆنۆڵۆجیانەی لە جینۆساید ەوە نزیکن، هیچ بەهایەکی سیاسیی و تێکهەڵکێشییەکی دیفاکتۆی نابێت، ئەگەر مەبەست لێی، لەبری چەمکی ماس Mass ی ئینگلیزیی بەکار بهێنرێت.

هەروەها ئەگەر گەلکوژیی لە بری کۆمەڵکوژیی بەکار دەهێنن، ئەوە مەبەستەکە بەتەواویی شیعرێنراوە. هیچ زمانناسێک، هیچ کەسێکی شارەزا لە باری قانوونیی وسیاسیی و زمانەوانییەوە، ناتوانێت واتایەکی دروست یان چەمکێکی تەنانەت نزیکیش لە زمانە بیانییەکاندا بۆ ئەم “گەلکوژیی” ەی ئێوە بدۆزێتەوە. تەنانەت ئەگەر تەرجەمەی حەرفییش بکرێت.  ……..هتد کامیار سابیر )


[i] ژینۆساید: کۆمەڵکوژی، رەشەکوژی یا گەلکوژی http://kadirshorsh.com/Genocide..Gelkuji%20ya…pdf

گەلکوژی چییە: پێناسە، روونکردنەوە، رەخنەو کێشەکان http://kadirshorsh.com/Gelkuji%20u%20penase%20u%20rexne.pdf

تاوانی گەلکوژی و هەندێ تێبینی و سەرنج لەسەر چەمک و تاوانەکە http://kadirshorsh.com/?p=1297#.V25ZDGfr2Uk

[ii]Lemkin, Raphael (1947), Genocide as a crime under International Law, The American Journal of International Law, Vol. XLI, pp. 149.

[iii] The Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, https://en.wikipedia.org/wiki/Genocide_Convention, or https://treaties.un.org/doc/Publication/UNTS/Volume%2078/volume-78-I-1021-English.pdf

[iv] Darfur killings not genocide, says UN group , http://www.independent.co.uk/news/world/africa/darfur-killings-not-genocide-says-un-group-488977.html

[v] Concentration Camps: Auschwitz-Birkenau, http://www.jewishvirtuallibrary.org/jsource/Holocaust/autoc.html

[vi] People, https://en.wikipedia.org/wiki/People

[vii]Eriksen, Thomas Hylland (1993), Ethnicity and Nationalism: Anthropological Perspectives, Pluto Press, London.

[viii]Modernism and nationalism, Journal of Political Ideologies, 2012, Volume 17, Issue 1.

[ix] Origins of Hutu and Tutsi, https://en.wikipedia.org/wiki/Origins_of_Hutu_and_Tutsi

[x] Burundian genocide 1972, https://en.wikipedia.org/wiki/Burundian_genocide
   Genocide in Burundi http://combatgenocide.org/?page_id=893

[xi] Rohingya people, https://en.wikipedia.org/wiki/Rohingya_people

[xii] Rakhine State, https://en.wikipedia.org/wiki/Rakhine_State

[xiii] Persecution of Muslims in Myanmar, https://en.wikipedia.org/wiki/Persecution_of_Muslims_in_Myanmar