تاوانی گەلکوژی و هەندێ تێبینی و سەرنج لەسەر چەمک و تاوانەکە

کێشەی بەکارهێنانی وشەی رەشەکوژی یا کۆمەڵکوژی بۆ چەمکی ژینۆساید؟  لەبەرچی وشەی گەلکوژی گونجاوە؟ ئایا گەلکوژی لە هەشتاکانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێدەکات؟ ئایا تاوانی گەلکوژی لەسەرەتای هاتنی ئیسلامەوە دەست پێدەکات؟ ئایا تاوانی گەلکوژی لە ١٩٦٣ ـەوە لە باشوری کوردستاندا دەستپێدەکات؟ لە ساڵی ١٩٣٦ لە کوردستاندا پلانی لەناوبردنی کورد لەلایەن نوری سەعیدەوە هەبووە؟ ئایا بەکارهێنای وشەی کارەسات لە جیاتی وشەی تاوان ناگونجاوە؟ ئایا بەکارهێنانی چەمکی پرۆسە بۆ تاوانی ئەنفال تاوانە دەرهەق بە پرسەکە دەکرێت؟ وڵامی ئەو پرسیارانە لە وتارەکەدا بخوێنەوە..

تاوانی گەلکوژی و هەندێ تێبینی سەرنج لەسەر چەمک و تاوانەکە

شاخەوان شۆڕش

2016-05-31

لە چەند کۆڕ و سمینارێکدا سەبارەت بە چەمک و تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید) کە لە شاری هەولێر و سۆران ڕێکخرا کۆمەلێ پرسیار و سەرنج هاتنەکایەوە، کە پێویستی دەزانم هەروەستەیەک لەسەر هەندێکیان بکەم و روونکردنەوەی زیاتریان لەسەر بنوسم.  ئەو تێبینیانە لە بواری دیکەش دەکەونەبەرچاو یا دەبیسترێن بۆیە بە گونجاوی دەبینم لە خوارەوە لەسەر گرنگترینیان بوەستم.  

کێشەی بەکارهێنانی وشەی رەشەکوژی یا کۆمەڵکوژی بۆ چەمکی ژینۆساید؟  لەبەرچی وشەی گەلکوژی گونجاوە؟

لە کۆڕ و سمینارەکاندا بەپێویستم زانی گوتن لەسەر پێناسەی چەمکی ژینۆساید بکرێ و من چەمکی گەلکوژیم وەکو گونجاوترین وشەی کوردی لە بری چەمکی ژینۆساید ئاماژە پێدا. بەپێی تێبینی و روونکردنەوەی ئامادەبووان، دەرکەوت کە تێکەڵکردن و کێشەی تێگەیشتن سەبارەت بە پێناسەی تاوانی ژینۆساید هەیە، بۆیە پێ لەسەر بەکارهێنانی هەندێ وشە لە بری ژینۆساید دادەگیرێت. لەبەرئەوە روونکردنەوەی زیاتر لەمبارەیەوە پێویستە، کە لێرەدا بەکورتی لەسەری دەوەستم.

سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە بەکارهێنانی وشەیGenocide  کە بەکوردی وەکو ژینۆساید یا جینۆساید دەنوسرێت دەکرێ وەکو خۆی لە زمانی کوردیدا بەکاربهێندرێت، هەوەکو چەمکەکە وشەیەکی نێونەتەوەییە و لە زۆر زماندا وەکو خۆی یا لە شێوەیەکی وەکو خۆیدا بەکار دەهێندرێت.  

ئایا وشەی کوردی “گەلکوژی” لە کوێوە هاتووە؟ وشەی بەرامبەر بۆ تاوانی ژینۆساید لەلایەن هەندێ لە زمان و نەتەوە پێشکەوتووەکاندا داندراوە و بەکار دەهێندرێت. هەندێ لەو زمان و وڵاتانەی کە وشەی گەلکوژی لەبری ژینۆساید بەکاردەهێنن، لەوانە دانیمارکیەکان وەکو “فۆلکەدغاب” Folkedrabلەلایەن سویدیەکان وەکو “فۆلکەمۆرد” Folkemordو لەلایەن ئەلمانەکانەوە وەکو “ڤۆلکەمۆرد” Völkermord ، لەلایەن ئایسلەندیەکانەوە وەکو “خیونهارمۆرد” þjóðarmorð ، لەلایەن پۆلۆنیەکانەوە وەکو “لودەبۆیستڤۆ” ludobójstwo ، لەلایەن فینلەندیەکان وەکو “کانسانمورها” Kansanmurha وە هتد.  (دەکرێ نوسینە کوردیەکان هەڵەیان تێدابێت). هەموو ئەو چەمکانە کە لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەهێندرێن ئاماژە بە لەناوبردن و کوشتنی خەڵک یا گەل دەکەن، واتە ئەو وڵاتانە چەمکی گەلکوژی بە زمان و فۆنەتیکی خۆیان لەبری چەمکی ژینۆساید بەکاردەهێنن. بەمجۆرە وشەی گەلکوژی کوردی سوودی لەم وشەیە وەرگرتووە و وەرگێردراوی ئەو وشەیەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لەبری وشەی ژینۆساید بەکاری دەهێنن. دەکرێ یەکێک لە هۆکارەکانی بەکارهێنانی وشەی گەلکوژی لەبری ژینۆساید لە زمانەکانی سکەندەناڤیادا یا وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا لەبەرئەوە بێت کە لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەی دەبنە قوربانی تاوانەکە کۆمەڵە خەڵکێکن لەبەر جودایی و تایبەتمەندی جیاوازیان وەکو خەڵکێکی تایبەت یا وەکو گەل دەبیندرێن، دەکرێ لەبەرئەوەبێت کە ئەو وڵاتانە پێیانوایە خەڵک بەزمانێکی سادەتر و خۆماڵی، باشتر دەتوانن لە تاوانەکە بگەن، دەکرێ هۆکاری دیکەش هەبێت کە وادەکات کە ئەوان وشەی گەلکوژی بە وشەی گونجاوی بەرامبەر ببینن. هەرچۆنی بێت سەبارەت بە وشەی کوردی گەلکوژی وشەی “گەل” ی کوردی لەبری  [i]folk فۆلک ی سکەندەناڤی یا  people پیوپلی ئینگلیزی بەکارهاتووە. پیوپل people  یا فۆلک folkواتای خەڵک یا گەل لە زمانەکانی خۆیاندا دەدەنە دەست، لەو زمانانەدا وشەکە دەکرێ سنوردار بکرێت و تەنها بۆ گەل بەواتای ناسیۆن یا کۆی خەڵکی وڵات بەکاربهێندرێت، دەکرێ لە بری خەڵک یا کۆمەڵێک مرۆڤ بەکاربهێندرێت. بۆیە چەمکی گەل راستەوخۆ یەکسان نییە بە چەمکی نەتەوە، وە چەمکی گەل مەرجی سەروەری رامیاری و جوگرافی دانپێندراو ناسەپێنێت. لە زمانی کوردیشدا وشەی گەل وشەیەکی تاڕادەیەک پەرتە و دەکرێ بەشێوەی  [ii]people ی ئینگلیزی بەکاربێت.  دەکرێ ڕەخنە لە چەمکی گەلکوژی لەبەر ئەو ناسنورداریەی وشەی “گەل” بگیرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات، چونکە پەرتیەکە سنوردارە بەوانەی دەکرێ پێیان بگوترێت گەل.  هەروەکو ئەگەر کۆمەڵگە یا گروپی ئامانجکراو خاوەن سەروەری رامیاری بێت یا نا، جوداییەکە ئایینی بێت یا ڕەگەزی، دەکرێت بەو کۆمەلگە قوربانیە بگوترێت گەل. لەهەردووباردا ئەوەی لەناودەبردرێت لە زۆربەی بارەکاندا دەتوانێ وەکو گەل خۆی پێناسە دەکات یا ئەو بەهایانە لەخۆدەگرێت کە بتوانێ سەروەری ڕامیاری وەکو گەل بەدەستبهێنێت.  دیارە کە چەمکی گەلکوژی لە بری ژینۆساید بەکاردەهێندرێت، ئاماژە بە لەناوبردنی گروپێک مرۆڤ یا کۆمەڵێک مرۆڤ دەکات کە دەچنەچوارچێوەی گەل یا ناسیۆن یا دەکرێ لەبەر وابەستەیی ئێتنیانەیان وەکو گەل سەیریان بکرێت یا وەکو کۆمەڵیک خەڵک کە وەکو یەک هەلگری تایبەمەندی جیاوازن سەیریان بکرێت، هەروەکو تایبەتمەندی جیاوازی ئەو کۆمەڵە خەڵکە وایکردووە بە یەکەوە وەکو کۆمەڵێک یا کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە کۆمەڵگەی دژ یا لایەن و دەسەڵاتی تاوانکار خۆیان پیشان دەدەن.  تاوانی ژینۆساید لەناوبردنی بەشێک یا تەواوی خەڵکێکی تایبەتە لەبەر بوونی جودایی رەگەز، ئایین، ئێتنی یا نەتەوەیی، ئەو جودایانەی کە جیاوازیەکە بە کۆمەڵگە یا گروپە ئامانجکراوەکە دەبەخشن. لە زۆربەی بارەکاندا خەڵکە ئامانجکراوەکە وەکو گەلێکی جیاواز خۆیان پێناسە دەکەن.  

لەپێناسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەخت دەخرێتەسەر فاکتەرەکانی جۆری قوربانیان و هۆکاری روودانی تاوانەکە، چۆن تاوانکە ئەنجام دراوە، بەڵگە بۆ سەڵماندنی مەبەستی تایبەتی لەناوبردن، ژمارەی قوربانیان و کاریگەریان لەسەر بوونی گۆمەڵگە ئامانجکراوەکە، تاوانکاریەکانی وابەستە بە تاوانەکە و ئەگەرەکانی لەناوبردن لە ئەنجامیاندا.[iii] ژینۆساید بەواتا تووندەکەی واتای تاوانێکە کە دەبێتەهۆی نەمانی گەلێکی دیاریکراو، لەو روانگەیەوە ئەگەر گەلی ئامانجکراو بەتەواوی لەناو نەچووبێت ئەوا تاوانی ژینۆساید رووینەداوە. بۆیە هەندێ لە یاساناسەکان جگە لە تاوانی هۆلۆکۆست و یەک دوو تاوانی دیکە، تاوانەکانیتر بە تاوانی ژینۆساید دانانێن.[iv] ئەو تێگەیشتن و لێکدانەوە تۆتالیست و رەقە دوای پەسندکردنی تاوانی کوشتاری موسوڵمانەکانی سرێبرەنیسیا لەساڵی ٢٠٠٤ دا گۆرانی بەسەردا هات. لەدوای ئەو بڕیارە لەئەگەری بوونی بەڵگەی مەبەستی تایبەتی لەناوبردن، ئەگەر بەشی لەنێوبردراو بتوانێ بوونی گەل بشێوێنی یا ببێتەهۆی مەترسی راستەوخۆ لەسەر مانی خەڵکی ئامانجکراو دەکرێ وەکو تاوانی ژینۆساید سەیر بکرێت.[v] بۆیە گرنگە ئەو چەمکەی بۆ تاوانی ژینۆساید بەکاردەهێندرێت بتوانێ بەجۆرێ لە جۆرەکان لەگەڵ ئەو فاکتەرانەدا خۆی بگونجێنێ و وەڵامی هەماهەنگی بداتەدەست.  چەمکی گەلکوژی ئاماژەی راستەوخۆ بەتاوانێکی دیاریکراو دەکات کە ئەویش تاوانی ژینۆسایدە، تاوانی لەناوبردنی گەلێکە یا کۆمەڵیک خەڵکە کە دەکرێ وەکو گەل پێناسە بکرێن. بۆیە وشەکە تاڕادەیەکی زۆر گونجاو و پڕبەپێستە بۆ تاوانەکە، وشەکە ئەو پەرتوبڵاویە بەرفراوانەی چەمکەکانی کۆمەڵکوژی و ئەوانیتری نییە، چونکە جگە لە تاوانی ژینۆساید ئاماژە بەهیچ تاوانێکی دیکە ناکات یا گومان لە جۆری تاوانەکە ناهێڵێتەوە و جۆرێ تاوانەکە بە روونی دەردەبڕێ. بۆیە کە گوترا گەلکوژی هیچ گومانێک لە جۆری تاوانەکەدا نامێنێتەوە و راستەوخۆ ئاماژە بە تاوانی لەناوبردنی گەل بێ ئەملاوئەولا دەکرێت.  وشەی گەلکوژی دەتوانێ خۆی لەگەڵ پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بگونجێنێ و کێشەکانی جۆرایەتی، چەندایەتی و چۆنایەتی پێناسەی ژینۆساید دادەپۆشێ. بۆیە دەکرێ وشەی گەلکوژی وەکو گونجاوترین وشەی کوردی بێت کە گونجاوە لە زمانی کوردیدا بۆ وشەی ژینۆساید بەکاربهیندرێت.

لەلایەکیتر گرنگە ئەوە بگوترێت کە گونجاو نییە وشەکانی کۆمکوژی، کۆکوژی، کۆمەڵکوژی یا ڕەشەکوژی بە وشەی گەلکوژی یەکسان بکرێت، چونکە ئەو وشانە جیاوازن، هەروەها گرفتی داپۆشینی کیشەکانی جۆرایەتی، چەندایەتی و چۆنایەتیان هەیە. هەردوو وشەی کۆمەڵکوژی یا رەشەکوژی کە لە سمینارەکاندا دەگوترانەوە و جۆرێک پەسندیان لای هەندێ لە ئامادەبووان هەبوو، چەمکی جیاوازن لەیەکتر و واتای جیاوازیان هەیە. کۆمەڵکوژی کە لە “ابادە جماعیە” کەی عەرەبی وەگیراوە و وەرگێردراوی ئەو چەمکەیە دەکرێ بۆ هەموو کۆمەڵکوژیەک بەکار بهێندرێت، ئەوجا کۆمەڵکوژیەکە بە قەوارە و ژمارە بچوک یا گەورە بێت، پلانبۆداندراو یا پلان بۆ دانەندراو بێت، هۆکاری کوشتارەکە هەرچی بێت، نیاز لە کوشتارەکە هەرچی بێت، جۆرایەتی خەڵکی ئامانجکراو، خەلكە ئامانجکراوەکە سەربە یەک گروپی تایبەت یا تیکەڵ بن هتد. بۆیە وشەکە لەلایەک وشەیەکی پەرتوبڵاوە، ورد و کۆنکریتیانە نییە، جۆری تاوان دەرنابڕێ و دیار ناکات، وە پرسیار لە چەندایەتی قوربانیان و جۆر و مەبەستی تاوان دێنێتە ئاراوە بۆیە کێشەی لەگەڵ پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەیە.  لەبەرئەوەیە چەمکی کۆمەڵکوژی وشەیەکی گونجاو نییە و هەڵەیە لەجیاتی یا بۆ تاوانی گەلکوژی بەکاربهێندرێت. وشەی رەشەکوژی کە لێرەولەوێ لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەهێندرێت دەکرێ بۆ هەر ڕەشەکوژیەک بەقەوارە بچوک یا گەورە بەکاربهێندرێت، دەکرێ بۆ کوشتاری کوێرانە و بێپلان بەکاربهێندرێت، دەکرێ بۆ کوشتار بەکاربهێندرێت بەبێ گوێدانە هۆکار و مۆتیڤی (هۆکاری کردار) کوشتارەکە یا نیاز و مەبەست لە کوشتارەکە. چەمکی رەشەکوژی بەهەمانشێوەی چەمکی کۆمەڵکوژی سنوردار و کۆنکریتیانە نییە، جۆری تاوان دەرنابڕێ و دیار ناکات، پرسیار و گومان لەسەر جۆری تاوان دروست دەکات، وشەیەکی پەرت و بڵاوە، کێشەی چەندایەتی و چۆنایەتی هەیە، بۆیە بەکارهێنانی بۆ تاوانی ژینۆساید گونجاو نییە.  ئەو وشانە وەکو وشەی دیکەی لەو شێوەیە وەکو کۆمکوژی یا کۆکوژی کە هەمان کێشەیان هەیە، وشەی پەرتوبڵاون و دەکرێ بۆ زۆر جۆرە تاوان و کوشتار بەکاربهێندرێن، جگەلەوەی کۆمەڵکوژی و کۆکوژی و ڕەشەکوژی تایبەتمەندیی تاوانی ژینۆسایدن، بەڵام راستەوخۆ واتای تاوانی ژینۆساید ناگەیەنن.

بەکورتی ئەو جۆرە چەمکانە ناتوانن جۆری تاوان و هۆکار و مەبەستی پشتی تاوان گرنگی پێبدەن یا وەڵامی پرسیارەکان لەمبارەیە بدەنەوە، هەروەها کێشەیان لە دیارکردنی لایەنی چەندایەتی و چۆنایەتی تاواندا هەیە، بۆیە ئەو وشانە کێشەیان لەگەڵ پێناسەی تاوانی ژینۆسایددا هەیە، هەروەها کێشەیان لەگەڵ گەیاندنی واتای تاوانی ژینۆسایددا هەیە.  پێداگرتن لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەمکانە، ئاماژە بە هەژاری تێەگەیشتن لە پێناسە و تاوانی ژینۆسایددا دەکات.  چەمکی گەلکوژی تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێ خۆی لەگەڵ پێناسەکەی UN دا بگونجێنێت بۆیە لەو چەمکانە یا چەمکی لەشێوەی ئەو چەمکانە گونجاوترە[vi].  لە کۆتایدا پێویستە ئەوە دووپات بکرێتەوە کە بەکارهێنانی وشەی ژینۆساید ( من وشەی ژینۆسایدم پێ لە وشەی جینۆساید گونجاوترە هەروەکو زمانی کوردی وەکو زمانی عەرەبی کێشەی پیتی گ ی نییە و پێویست ناکات لەبری پیتی گ ی لاتینی یا ئینگلیزی پیتی ج دابندرێت، ئەوە جۆرێکە لە عەرەباندنی وشەکە کە هیچ پەیوەندی بە زمانی عەرەبیەوە نییە)  وەکو وشەیەکی نێونەتەوەیی گونجاوە و دەکرێ بەکاربهێندرێت، ئەوە ئەگەر ئارەزووی بەکارهێنانی وشەی کوردی لەبری وشەی ژینۆساید نەکرێت.

ئایا گەلکوژی لە هەشتاکانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێدەکات؟

برای بەڕیز مامۆستا سەعید مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سۆران پێیوابوو تاوانی گەلکوژی لە هەشتاکانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێدەکات، ئەو تێگەیشتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوسا رژێمی ئیسلامی ئێران هەوڵی بەئیسلامکردنی کوردی داو و لەوێوە هەوڵەکانی لەناوبردنی کوردان دەست پێدەکات. چەند کێشەیەک لەو گوتنەدا هەیە کە هەوڵ دەدەم روونکردنەوەیەک لەبارەیانەوە بدەم. ئایا بەئیسلامکردن واتای تاوانی گەکوژی دەگەیەنێت؟ بەڵگەکانی هەوڵەکانی تواندنەوە چین کە وادەکەن کردارەکە وەکو تاوانی گەلکوژی سەیر بکەین؟ ئایا تاوانی گەلکوژی و ئەنجامدانی تاوانەکە سنوری هەیە، چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەیە یا مەرجەکانی داننان بە بوونی تاوانکە بێ سنور و پەرت و بڵاون؟ ئایا دەکرێ رووداوێک لە سەردەم و شوێن و هەلومەرجێکی جیاوازدا بە تاوانیکی تایبەت ببەسترێتەوە؟
بەئیسلامکردنی نائارەزوومەندانە واتە سەپاندنی بیروباوەری ئیسلام بەسەر خەڵکدا بەشێوە و رێگەی جۆراوجۆر، دەکرێ مەبەستی ئایدۆلۆژیایی ئایینی واتە ئیسلامیزم لەپشتی بەئیسلامکردنەکەوە هەبن، دەکرێ مەبەستەکە زیاتر ئایینی و پشووتەنگی ئایینی بێت. بەئیسلامکردن وەکو سەپاندنی زۆرەملێی هەر ئایینێکی دیکە دەکرێ سەیری بکرێت. لەهەردوو باردا ئەو هەوڵە دەکرێ فاکتەرێک بێت کە لەگەڵ کۆمەڵە فاکتەرێکی دیکەی پێگەیەندراوی گەلکوژکارانە لەهەلومەرجی گونجاودا ببنەهۆی روودانی تاوانی گەلکوژی، بەڵام بوونی ئەو فاکتەرە بەبێ روودانی کوشتاری بەرفراوانی گروپێک خەڵکی ئامانجکراو وە بەبێ بوونی بەڵگەی مەبەستی لەناوبردن واتای تاوانی گەلکوژی ناگەیەنێت. دیارە ئەو فاکتەرانە ئەگەر هەشبن دەکرێ سنوری پاکتاوی رەگەزی تێنەپەڕێنن. جگەلەوەی بەئیسلامکردن هەوڵێکە سنوری گروپێکی رەگەزی و نەتەوەیی دەبەزێنێت و هەموو ئەو خەڵکە دەکاتە ئامانج کە ئیسلام نین، ئەوەش کیشەیەکی دیکەیە کە ئەنجامدانی کارەکە تەنها گروپێک خەڵک یا نەتەوەیەکی تایبەت ناگرێتەوە، کە بۆ داننان بە بوونی تاوانی گەلکوژی زۆر گرنگن. دیارە دەکرێ دوو یا سێ گروپی ئەتنی بەیەکەوە لەلایەن دەسەڵاتی تاوانکارەوە بڕیاری لەناوبردنیان بدرێت و تاوانەکە گەلکوژی بێت، ئەگەر بێتوو جوداکاری لە لەناوبردنەکاندا نەبێت و مەبەستی تایبەتی لەناوبردن بسەڵمێندرێت. بەڵام ئەگەر کردارەکە تەنها سڕینەوەی ئایینی پێشوو بێت و سەپاندنی ئایینی دەسەڵاتدار بێت بەبێ لەناوبردنی فیزیکیانەی خەڵکە ئامانجکراوەکە، ئەوە تاوانەکە ناچێتە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژی بەڵکو تاوانی پاکتاوی ئایینی دەگرێتەوە، ئەوەش تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی.  لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوشتاری بەرفراوان و سیستەماتیکیانە دژی گەلی کورد بە مەبەستی لەناوبردنی کورد لە دوای هاتنی رژێمی ئیسلامی ئێران لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا روویان نەداوە، ئەوەی ئەوسا روویداوە وەکو کۆمەڵکوژیەکانی هەندێ لە دێهاتەکان وەکو قارنێ و قەڵاتان کە بووەهۆی کوشتنی بەسەدان مرۆڤی کورد تاوان بوو لە دژی خەڵکی ئەو ناوچانە کران. ئەو تاوانە دەچێتە خانەی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، چونکە کوشتارەکە سنوردار بووە و بە قەوارە گەورەو بەرفراوان نەبوو، واتە بە دەیان هەزار کەس لەنێو نەبردراون و ژمارە و چۆنایەتی قوربانیان بوونی نەتەوەی کوردی نەخستە مەترسیەوە، هەروەها بەڵگەی مەبەستی لە ناوبردنی هەموو نەتەوەی کورد سەختە لەو روانگەیەوە بسەڵمێندریت، ئەوە ئەگەر دەکومێنت راستەوخۆ لەسەر بریاری لەناوبردنی گەل نەبێت. بەڵگە و دەکومێنتەکان ئاماژە بەبوونی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن، بۆیە تاوانی گەلکوژی بەکردەوە رووی نەداوە لەو کات و ناوچەیەدا.
لە بوونی یا روودانی تاوانی گەلکوژیدا تاوانکار دیاریکراوە و لە زۆر باردا لە سنورێکی دیاریکراودا فەرمانڕەوایی دەکات، قوربانیان کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراون وەکو بۆنمونە ئەندامانی سەر بە ئایینێکی یا نەتەوەیەکی دیاریکراون لە زۆربەی بارەکاندا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەکرێنە ئامانج. کات و سەردەمی ڕوودانی تاوانەکە دەکرێ سیستەماتیکیانەو درێژخایەن بن، دەکرێ لە ماوەیەکی کورتدا تاوانەکە ئەنجام بدرێت. وابەستەییەکی هەماهەنگ لە دەستپێک و کۆتایی ئەنجامدانی تاوانەکەدا هەیە و سنورێکی دیاریکراوی کات و شوێن هەیە. بۆ نمونە لە تاوانی گەلکوژی ئەرمەنیەکان، رواندا و سرێبرەنیسیا دەسەڵاتی تاوانبار دیاربوو و سنوری فەرمانرەوایی دیاربوو، قوربانیان لە ناوچەیەکی دیاریکراوی ناو سنوری ستاتدا بوون و تاوانەکانیش لە سەردەمێکی دیاریکراودا روویاندا و وابەستەییەکی هەماهەنگ لە دەستپێک و کۆتایی تاوانەکاندا هەبوو. دیارە سنوری تاوانکاری و هێرش بۆسەر کۆمەڵگەی قوربانی لە باری زۆر نائاسایی و تایبەتدا دەکرێ فراوان بێت بۆنمونە تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست دژ بە جولەکەکانی ئەوروپا، کە جولەکەکان لە هەموو شوێنەکانی ئەوروپا بێ گوێدانە سنوری وڵاتان کرانە ئامانج و بڕیاری لەناوبردنیان لەلایەن دەسەڵاتی نازیەوە درا.
لە تاوانی گەلکوژی دژ بە کورددا لەلایەن رژێمی بەعس یا ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری لە ناوبردنی هەموو کوردەکان لە هەر کوێیەک بن یا لە هەر کوێیەکی کوردستان بن بەپێی ئەو دەکومێنتانەی هەن نەدراوە و بەڵگەیەک لەمبارەیەوە نییە. بۆیە گریمان ئەگەر هەوڵەکانی بەئیسلامکردنی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆتایی بە ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی بهاتبایە، ئەوە تاوانەکە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرا، بۆیە خۆی لە تاوانی گەلکوژی کوردەکان لە باشوری کوردستانی بندەستی ئێراقدا جیا دەکردەوە و وەکو تاوانێکی سەربەخۆ سەیری دەکرا. بەڵام ئەگەر بمانەوێ بە تاوانی گەلکوژی کوردەکانی باشوری کوردستانی ببەستینەوە، تەنها کاتێک دەکرێ ئەو بەستنەوەیە بخەینە چوارچێوەیەکی گونجاو، ئەگەر هۆکار و مۆتیڤی تاوانەکە هاوبەش بن، مەبەستی لەناوبردنەکە بسەڵمێندرێت و فاکتەری هاوبەش بگرێتەخۆی، ئەگەر نەتوانین ئەو هاوبەشیانە بسەڵمێننین کەواتە ناتوانین تاوانەکان بەیەکەوە ببەستینەوە. دیارە تاوانەکە لە چوارچێوەی تاوانێکی گەلکوژی دیاریکراو، لە سنوری ستاتێکی دیاریکراو و لەلایەن یەک دەسەڵاتی تاوانکارەوە نەدەبوو. ئێران و ئێراق دوو دەسەڵاتی لەیەکترجیا، خاوەن ئایدۆلۆژیای جیان، بۆیە مەبەست و ئاواتی جودایان لە کردارەکانیاندا هەیە. بۆنمونە ئەگەر سەیری کیمیابارانی گوند و شارۆچکەکانی کوردستان لە سنوری ئێران و ئێراقدا لە ساڵی ١٩٨٧ دا بکەین، مۆتیڤی کیمیابارانەکان و جۆری تاوانەکە دەچنە دوو خانەی جیاوازەوە، بۆردوومانی سەردەشت و بانە و مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری دەچنە خانەی تاوانی جەگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، هەرچی بۆردومانی گۆندەکانی خۆشناوەتی لە دۆڵی بالیسانە دەچنە خانەی تاوانی گەلکوژی، چونکە مەبەستی پشتی تاوانەکە جیاوازە و ئامانج لە کوشتارەکە جیاوازە. ئەگەرچی تاوانکار هەوڵی شێواندنی جۆری روودانی تاوانەکە دەدات و وەکو شەڕی بەرگریکردن بێ گوێدانە سنور دەریدەخات. واتە هەر تاوانە کۆنسێپت (پلان کە گوزارشت لە هەنگاو و بریارە بنچینەییەکانی پرۆژەیەک یا بەرهەمێک دەکات) و پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە و ناتواندرێ هەروا ئاسان بخرێنەناو یەک چوارچێوە و کۆنسێپتەوە.   

ئایا تاوانی گەلکوژی لەسەرەتای هاتنی ئیسلامەوە دەست پێدەکات؟

لەلایەن میوانێکی بەڕێز ئەو بابەتە وروژێندرا و جەختی لەسەر بوونی تاوانی گەلکوژی لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلامدا کردەوە.  بوون و سەرهەڵدانی بیروباوەری تووندرەوی فراوانخواز ئەوجا هەر بیروباوەڕێک بێت، هەڵگری ئەو بیروباوەرەیە کە دەکرێ ببێتەهۆکاری تاوان لەشێوەی جیاجیادا، بەڵام بوونی بیروباوەڕەکە خۆی لەخۆیدا یەکسان نییە بە بوونی تاوانی گەلکوژی. 

روودانی تاوانی گەلکوژی لە مێژوودا لەسەردەمی جیاجیا و لە کات و شوێنی جیاوازدا روویان داوە. لەسەردەمی هاتنی ئیسلام و هێرشەکانیدا لەژێرناوی فتوحاتی ئیسلامدا کوشتاری گەورە و کۆمەڵکوژی دڕندانە روویانداوە،  دەکرێ لەناو ئەو کوشتارانەدا تاوان هەبن بچنەژێر مەرجەکانی بوونی تاوانی گەلکوژی. بەڵام ئەو تاوانانە هەریەک تایبەتمەندی خۆیان هەیە و پەیوەستدارن بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە. دەکرێ خاڵی هاوبەش لە تاوانکاندا هەبن، بەڵام لەیەکتر بەستنەوەییان لەژێر یەک تاوانی گەلکوژیدا گشتگیری کردنە و هەڵەیە، چونکە وەکو گوترا کوشتار و تاوانەکان جۆر و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، کات و شوێنیان جیاوازە لەیەکتر، هەر تاوانە دەبێ سەربەخۆیانە سەیریان بکرێت و کۆنکریتیانە لێیان بکۆڵدرێتەوە.

دیارە ئایینی ئیسلام ئایینێکە لەسەرەتاوە خۆی بەرەوا و ئایینی پێشەنگ زانیووە، فراوانخوازی، جوداکاری و چەوساندنەوە بەپێی ئایینەکە رەوا کراوە، ئایینەکە بەڕەوای زانیووە کۆمەڵگە نائیسلامەکان لەڕێگەی هێزەوە بخاتەژێر ڕکێفی خۆی و بیانچەوسێنێتەوە، یا بەمەبەستی بەئیسلامکردن وڵاتان داگیر بکات، تاڵان و کوشتار و کۆمەڵکوژی بەرفراوان ئەنجام بدات. ئیسلامیزمی تووندرەو بەهەموو جۆرەکانیەوە هەڵگری بیروباوەرێکە کە لەشێوە رادیکالەکەیدا بەجۆرێ لەجۆرەکان رەوایەتی لەتێگەیشتن و لێکدانەوەکانی سەردەمی فراوانخوازیی سەدەی حەوتەم بەدەست دەهێنێت، هەلگری تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی رادیکالانەی تووندرەوی پشووتەنگە کە دەکرێ لە دەرفەتی گونجاودا ببێتەهۆی روودانی کوشتار و لەناوبردنی ئەوانەی بە بێباوەڕ و کافر دادەندرێن. ئەو بیروباوەرە هەڵگری بیری لەناوبردن و نەهێشتنە بۆیە دەکرێ یەکێ لەو فاکتەرە گرنگ و بنچینەییانە بێت کە دەبنە هۆی روودانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی یا تاوانی گەلکوژی. بەڵام ئەگەر ئەو بیروباوەڕە پەڕگیرە تەنها بیروباوەڕ بێت و نەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە تەنها بوونی بیروباوەرەکە بوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی ناسەڵمێنێت. تەنها بوونی بیروباوەرە تووندرەوەکە بەس نییە، بەڵکو کۆمەڵێ فاکتەر و مەرجیتر هەن دەبێ رووبدەن تا تاوان وەکو تاوانی گەلکوژی بناسرێت. بۆنمونە ئەوەی لەلایەن جیهادیەکانی دەولەی ئیسلامی (داعش) دژ بە کۆمەڵگەی ئێزدیان ئەنجامدرا، بیروباوەڕی ئیسلامیانەی پشووتەنگ و تووندڕەو وەرگێڕدرایە سەر کردار و بەکردەوە کوشتار و لەناوبردن روویاندا.  لە هێرش و کوشتارەکەدا بەهەزاران کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزدیان بوونە قوربانی ئەو هێرشەی کە بەمەبەستی لەناوبردن کرایە سەریان، بۆیە لەوبارەدا دەکرێ تاوانەکە بچێتە خانەی تاوانی گەلکوژی.  هێرشی جیهادییە ئیسلامیەکان بۆسەر کریستیانەکانی دەڤەری موسل جودایی لەگەڵ هێرش و کوشتارەکەی ئێزدیان هەبوو، بۆیە ئەوەی دژ بە کریستیانەکان کرا سەختە بچێتەخانەی تاوانی گەلکوژی.[vii]  هەروەکو مەبەست و مۆتیڤی تاوانەکان، چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە، جۆری کۆمەڵگەی ئامانجکراو، چەندایەتی ژمارەی قوربانیان هتد. جیاوازبوون لەیەکتر.  

ئایا تاوانی گەلکوژی لە ١٩٦٣ ـەوە لە باشوری کوردستاندا دەستپێدەکات؟

برای بەرێز کاک تەها سلێمان ئاماژەی بەوەکرد کە تاوانی گەلکوژی لە ساڵی ١٩٦٣ ـەوە دەست پێدەکات.
پێویستە ئەوە بیر بخەینەوە کە لە داوای دروستکردنی ئێراق و لکاندنی باشوری کوردستان بە ئێراقەوە هەنگاوی دیاری بەعەرەبکردن بەتایبەتی لەگەڵ پرۆژەی ئاودێری حەویجەدا لە سیەکاندا روونتر خۆی دەرخست و هەنگاوی بەکردەوەی دیاری نا، کە لە رێگەی ئەو پرۆژەیەدا بەهەزاران عەرەب لە دەشتی حەویجەدا نیشتەجێکران.  سیاسەتی بەعەرەبکردن لەگەڵ بەهێزبوونی عەرەبە ناسیونالیستەکان بەهێزتربوو، دوای کودەتای ١٩٥٨ کوردەکانی شاری کەرکوک و دەروبەری تووشی ڕاونان و گرتن و کوشتن بوون. دوای گرتنەدەستی عەرەبە ناسیونالیستە رەگەزپەرستەکان لە ساڵی ١٩٦٣ دا بەعەرەبکردن و پاکتاوکردنی کورد لە هەرێمی کەرکوکدا چووە قۆناغێکی مەترسیدار و خوێناوی. لەلایەن دەسەڵاتی ناسیونالیستی رەگەزپەرستی ئێراق و لە رێگەی هێزەکانی حەرەس قەومیەوە، کۆمەڵێ گوند کە ژمارەیان بەپێی زانیارەکانی د. نوری تالەبانی  ١٣ گوند بوو لە ناوچەی کەرکوک و دوبز لە نزیک و دەوروبەری بیرە نەوتیەکاندا تێکدران و سوتێندران، بەسەدان مرۆڤی کورد لەو هەڵمەتەدا لەنێوبردران و دانیشتوانی ئەو گوندانە ناچاری دەربەدەری کران یا بۆ شارەکانی دیکەی ئێراق دوورخرانەوە. ئەو هێرشە پاکتاوکردنی کورد بوو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا و لەلایەن رژێمێکی ناسیونالیستی عەرەبیەوە. [viii]

شاڵاوی حەرەس قەومیەکان بۆسەر گوندە کوردنشینەکان لە ساڵی ١٩٦٣ دا دەچنە خانەی بەعەرەبکردن و پاکتاوی رەگەزی و هەموو ئەو تایبەتمەندیانە دەگرنەخۆیان کە لە تاوانی پاکتاوی رەگەزیدا هەن، هەروەها ئەو فاکتەرانە دەگرنە خۆیان کە دەکرێ سنوری پاکتاوی رەگەزی ببەزێنێت و تاوانکاریەکە بچێتە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژی ئەگەر مەرجەکانی تاوانی گەلکوژی لە ئارادا هەبن.  بێگومان جیاوازی دیار لە نێوان تاوانی پاکتاوی رەگەزی و گەلکوژیدا هەیە. پاکتاوی رەگەزی تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی بۆیە گەلکوژی نییە.  لە گەلکوژیدا لەناوبردنی فیزیکیانەی بوونی خەڵکە ئامانجکراوەکە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ روودەدات و دەبێ لەناوبردنەکە ببێتەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر بوونی هەموو نەتەوە ئامانجکراوەکە، هەرچی پاکتاوی رەگەزییە پێویستی بەوە نییە بەشێکی گرنگ یا هەموو مرۆڤە نەخواستراوەکان فیزیکیانە لەناوببات، تاوانکار دەکرێ بگاتە ئامانج لەرێگەی ناسنامەگۆڕین و راگواستن لە ناوچەی دیاریکراودا بەبێ ئەوەی خەڵکە ئامانجکراوەکە لەناوببات. پاکتاوکردن و تایبەتمەندیەکانی تایبەتمەندین لە تاوانی گەلکوژیدا هەن، بەڵام هەبوونی ئەو فاکتەرانەی پاکتاوی رەگەزی بوونی تاوانی گەلکوژی بەبێ پڕکردنەوەی مەرجەکان تاوانی گەلکوژی ناگەیەنن. تاوانی بەعەرەبکردن و پاکتاوەکەی ١٩٦٣ ئەنجامی درێژەی ئەو پۆلیتیکەی پاکتاو و بەعەرەبکردنە کە لە دوای لکاندنی کوردستان بە ئێراقەوە لە بیستەکانەوە دەست پێدەکات، هەروەکو ناکۆکی درێژخایەنی نێوان کەمینەی کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەب بەدرێژایی ئەو ماوەیە بوونی هەبووە. تاوانکاریەکانی حەرەس قەومیەکان لەژێر سایەی رژێمێک روویدا کە جیابوو لە رژێمی بەعس کە بە کودەتا لە ١٩٦٨ دا دەسەڵاتی گرتەدەست. ئەو دوو دەسەڵاتە خاوەنی بیروباوەر و ئایدۆلۆژیای جیاوازن و سەرکردەی جیاوازیان هەبوو. بڕیارەکان و هەنگاوەکان و ئامانجەکان جیاوازیان تێدا هەیە، ئەگەرچی خاڵکی هاوبەشی رەگەزپەرستانەی ناسیونالیستانە دژ بە کەمینەی نەخوازراوی کورد هەیە. بۆیە ناتوانین سەرەتای دەستپێکردنی تاوانی گەلکوژی بۆ بۆ ساڵی ١٩٦٣ بگێرێنەوە و ئەو تاوانە بە تاوانی ئەنفال لە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژیدا ببەستینەوە.    

لە ساڵی ١٩٣٦ لە کوردستاندا پلانی لەناوبردنی کورد لەلایەن نوری سەعیدەوە هەبووە

لەلایەن بەرێز مامۆستا ممتاز حەیدەریەوە ئاماژە بەوەکرا، کەوا ئەو لەرێگەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەسێکی شارەزا ئەوەی بۆدەرکەوتووە، کەوا نوری سەعید سەرۆکی وەزیرانی ئەوسای ئێراق پلانی پاکتاوکردنی نەتەوەی کوردی هەبووە و نیازی وابووە لە سلێمانیەوە دەست بە پاکتاوکردن بکات و پاشان ئەو پلانە لە ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستاندا پیادە بکات. بەڵام ئەو پلانە سەری نەگرت. دیارە ئەو زانیاریە نوێیە و کەمی لەبارەوە بیستراوە، بۆیە گرنگی تایبەتی هەیە. هەروەکو لە سەرەوە روونمانکردەوە کەوا بوونی پلان و بیرۆکەی پاکتاوکردن کە دەکرێ ببنەهۆی روودانی پاکتاوی رەگەزی یا گەلکوژی راستەوخۆ بوونی تاوانی گەلکوژی ناگەیەنن. بەتەنها بوونی بیرۆکە و پلانی پاکتاوکردن یا روودانی هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی پاکتاوکردن یەکسان نییە بە روودانی تاوانی گەلکوژی.

بوونی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی لە ئێراقدا لە نێوان کەمینەی کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەبدا بەهۆی بوونی کۆمەڵێ فاکتەری نەرێنی (وەکو نکۆڵی مافی رامیاری و ئابوری و کەلتوری، پەراوێزکردن، کێشەی سنور، جوداکاری، نارەوایی مێژوویی و پەڕگیریی رەگەزپەرستانە هتد) بوو ناکۆکیەکەیان دروست کردووە، رەتکردنەوەی کورد و نکۆڵیکردن لە مافەکانی و هەوڵەکانی توواندنەوە لە بۆتەی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئێراقیدا وایکردووە دەسەڵاتی عەرەبی ئێراق بیر لە ڕیگەی تووندڕەوی جیاجیا بکاتەوە، ئەو پۆلیتیکە دژە کوردانەیە بووەتەهۆی پلاندانان بۆ پاکتاو و تواندنەوەی گەلی کورد و هەنگاوی بەکردەوەش هەبووە.   

پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر دەرئەنجام و پرسەکانی دوای تاوانی گەلکوژی بکرێت

یەکێ لە تێبینەکان لەچەندین کۆڕ و سمیناردا دووبارە گوتراوە، کە ئێمە هەر گوزارشت لە تاوانی ئەنفال دەکەین و ئاماژە بە ژمارە و رووداوەکە دەکەین، بەڵام ناچینەسەر ئەوە لەدوای تاوانی گەلکوژی دەبێت چی بکرێت و لە دەرئەنجامەکانی دوای تاوانی گەلکوژی بکۆڵینەوە. دیارە پرسیارەکە گونجاوە، هەروەکو تاوانی گەلکوژی لە دوای کۆتایی پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکە کۆتایی نایەت و تاوانەکە کۆمەڵێ دەرهاویشەی هەیە. بەمجۆرە لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی تاوانەکە و هەروەها ئەگەرەکانی دووبارەبوونەوەی تاوان و چۆنیەتی پێشگرتن لە تاوان بواری گرنگن دەبێ گرنگیان پێبدرێت. راستە ئێمە بەگشتی لەم لایەنەوە کاری زۆرمان نەکردووە و پێویستە گرنگی زۆر زیاتر و چڕتر بەو لایەنە بدرێت. بەڵام ئەوەش لەبیر نەکەین، کە لە بواری گوزارشت و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی تاوانەکان بەهەمان شێوە کاری زۆر ماوە بیکەین. هەموو پرسەکانی تاوانی گەلکوژی پێوسیتیان بە وەستان و لێکۆڵینەوەی زیاتر و زیاتر هەیە. ئەگەر سەیری تاوانەکانی ژینۆسایدی ئەرمەنیەکان و هۆلۆکۆست بکەین، کە رەنگە زیاترین وتار و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نوسراوە، بەتایبەتی تاوانی هۆلۆکۆست زۆرترین بابەتی لەسەر نوسراوە، ئێستاش لە دوای تێپەرینی زیاتر لە نیوسەدە ساڵانە لێکۆلینەوە لەسەر پرسەکانی تاوانەکە دەنوسرێن و دەکرێن. بەڵام ئایا ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە بێسوودن؟ بێگومان نا. هەموو ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە زیاتر و زیاتر تێگەیشتنمان لەسەر تاوانەکە دەوڵەمەند دەکەن. پێموایە هەموو پرسەکانی تاوانی گەلکوژی بەهای ئەوەیان هەیە زیاتریان لەسەر بنوسرێت، دیارە وەستان و لێکۆڵینەوە لەسەر پرسەکانی دوای تاوانی گەلکوژی زۆر گرنگن و دەبێ کاری زیاتریان لەسەر بکرێت. 

ئایا بەکارهێنای وشەی کارەسات لە جیاتی وشەی تاوان ناگونجاوە؟

نوسەری بواری ژینۆساید برای بەڕێز کاک تەها سلێمان پێی وابوو ئەنفال تاوان بوو نەک کارەسات، بۆیە گونجاو نییە وشەی کارەسات بۆ تاوانی ئەنفال بەکاربهێندرێت. لە شوێنی دیکەش ئەو بۆچوونەم کەوتۆتە بەرچاو لەوانە وابزانم نوسەری بواری ژینۆساید کاک عومەر محەمەد بابەتێکی لەسەر ئەوە نووسیبوو.

تاوان چییە و کارەسات چییە؟ ئایا وشەی کارەسات لەبری تاوان بەکار دەهێندرێت؟ بۆ ئەو دوو وشەیە سەبارەت بە روودانی تاوان بەکاردەهیندرێن و تێکەڵی یەک دەکرێن؟ ئایا بەکارهارهێنانی وشەی کارەسات هەڵەیە؟ دیارە تاوان پێناسەی جیاوازی هەیە، ناتەبایی لەسەر چۆنیەتی، بوون و روودانی تاوان هەیە، هەروەکو لەهەر شوێنێکدا بەپێی یاسای نوسراوە و نەنوسراوە دیاردەکرێت، پێناسە دەکرێت و دەناسریت. دەکرێ کردارێک لە شوێنێکدا پیشێلکاری و تاوان بێت، لە شوێنێکی دیکەدا بەپێی یاسای دەسەلاتێک یا ترادیسیۆنی کۆمەڵگەیەک رەوا بێت. دیارە تەبایی و تێگەیشتنی نێونەتەوەیی و گشتی لەسەر هەندێ جۆری تاوان هەن وەکو ئەو کردارانەی لە رێککەوتنە جیهانیەکاندا وەکو پیشێلکاری و تاوان دەناسرین. بەگشتی لەبوونی تاواندا لایەنی تاوانکار و قوربانی هەن. تاوان کردارێکی ناڕەوایە دژ بە کەسێک یا کۆمەڵیک کەس ئەنجام دەدرێت. تاوانکار دەکرێ کەسێک یا کۆمەڵێک کەس بن، یا رێکخراوێکی رامیاری یا دەزگایەکی دەسەڵات بێت. قوربانی مافی پێشێلکراوە بۆیە تاوانی لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە.

هەرچی کارەساتە دەکرێ سروشتی  و نامرۆیی بێت یا کرداری مرۆیی لەپشتیەوەبن. لەباری بوونی تاواندا کارەسات لەگەڵ ئەنجامدانی تاوانەکە و وەکو دەرئەنجامی تاوانەکە سەرهەڵدەدات و دێتەکایەوە. واتە کاتێ کە تاوانەکە روودەدات کارەساتیش هەرزوو سەرهەڵدەدات، کە تاوانەکە بە دەرئەنجامێک تەواو دەبێت، دەرئەنجامەکە خۆی لە بۆتەی کارەساتەکەدا وێنە دەکات. لەباری بوونی تاواندا، تاوان کارەسات دروست دەکات، کارەسات لە چرکەکانی دەستپێکی تاوانەوە دێتەئاراوە و دوای تەواوبوونی تاوان درێژەی هەیە. کاتێ بەشیک لە ئەندامانی خێزان دەبنە قوربانی تاوانی گەلکوژی خودی کەسی قوربانی تاوانی لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە، کە لەهەمان کاتدا کارەساتیشە بەسەری هاتووە. ئەندامانی دیکەی خێزانی قوربانی تاوانیان لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە و تاوانکار کەسانی خۆشەویستی ئەوانی لەناوبردووە، بەڵام ئەوان لەهەمان کاتدا کارەساتیان بەسەر هاتووە و کارەساتەکە ئەو زیان و ئازارەیە کە تاوانەکە دروستی دەکات و هەروەها دەرئەنجامەکەیە کە خۆی لەبۆتەی لەدەستدانی کەسانی نزیکی خۆشەویست و نەهامەتی و ماڵوێرانیەکە وێنە دەکات. لەدەستدانی کەسوکاری خۆشەویستیان، نەهامەتی و ماڵوێرانی گیانی و دەرونی و ئابوری هەموویان دەرئەنجامێکن کە زیانی کاریگەرن و وەکو کارەسات وان بۆ رزگاربووەکان. ئازار و خەمەکانیان ئەو تراژیدیا و کارەساتە دەردەبڕن کە بەسەریان هاتووە و کە بەئەگەری زۆر تا لە ژیاندا ماون ئەو کارەساتە لەگەڵیاندا دەژی. گەلێ لە قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ژیانیان تراژیدیایەکی بێکۆتاییە و دەرەئەنجامەکانی تاوانەکە لەگەڵیاندا شەووڕۆژ دەکاتەوە، بۆنمونە ئەو دایکەی منداڵەکانی لەدەست داوە و نازانێ چۆن و لە کوێ لەنێوبردران، لەئازاردایە و هەمیشە لە چاوەڕوانی گەرانەوەی خۆشەویستانیدایە. ئەگەر لەبەرچاوی ئەودا لەنێوبردرابن، ئازاری لەناوبردنەکە و ئازاری دەروونی دواتر کە تاهەتایە لەگەلیدا دەژین، تاوانەکە کارەساتی بۆدروستکردووە و بەسەری هێناوە، وە ئەو کەسە لەگەڵ کارەساتەکەدا دەژی.

بۆنمونە تاوانی کوشتاری کۆمەڵیک کەسی بێتاوان بۆنمونە وەکو ئەو ٦٠-٧٠ گەنجەی لە دورگەی ئوتۆیای نەرویژی لەلایەن کەسێکی راسیستەوە کوژران تاوان بوو دەرهەق بەو گەنجە بێتاوانانە ئەنجام درا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەرئەنجامەکەی کە کوشتنی ئەو گەنجانە بوو کارەسات بوو بەسەر خێزانەکانیان و وڵاتەکەدا هات. بۆیە هەڵە نەبوو کاتێ سەرۆکی نەروێژ گوتی “ئەوەی روویداوە تراژیدیایەکی نەتەوەییە بەسەرماندا هاتووە”.[ix]

دیارە دەکرێ کارەسات بێ هەبوونی یا روودانی تاوان رووبدات وەکو کارەساتی سروشتی کە تووشی ناوچەیەک دەبێت، بۆنمونە زەویلەرزە و لافاو، یا رەشەبا و باران کە دەبنەهۆی لەناوبردنی خەڵک. کارەسات لەگەڵ روودانی بارە ناکاییە سروشتیەکەدا سەرهەڵدەدات و دەرئەنجامەکەش زیانەکانە کە وەک مەینەتی و کارەسات بۆ لایەن و کەسانی بەرکەوتوو خۆی دەردەخات. نەمان و لەدەستدانەکە چ ئابوری یا مرۆیی ئازار لەلایەن کەسە پەیوەستدارەکان دروست دەکەن و کارەساتن بۆ ئەوان. [x]

دەکرێ روودانی تاوان وەکو کارەسات disaster  لە دیدی لایەنی سێیەمەوە یا دیدی بێلایەنەوە لێکبدرێتەوە و سەیری بکرێت،  بۆنمونە پەیدابوونی مرۆڤی تووندڕەو کە بە ئەنجامدانی تاوان لە کۆمەڵگەدا هەڵدەستن و خەڵکی بێگوناح و بێتاوان دەکوژن.  خودی سەرهەڵدانی ئەو خەڵکە تووندڕەوە و روودانی تاوانەکە دەکرێ وەکو کارەسات بۆ وڵات و کۆمەڵگەکە لێکبدرێتەوە.  ئەو دامەزراوانەی کە هەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە دەدەن، دەکرێ رووداوەکە وەکو کارەسات سەیر بکەن، کە گوزارشت لە سەرنەکەوتوویی و بێتوانایی هەنگاو و هەوڵەکانی پێشگرتن و پێشکەوتن دەکات، یا گوزارشت لە نابووتی و ئەنارکیزمی کۆمەڵگە دەکات کە زەمینەی ئەو رووداوە زیانبەخشانە خۆش دەکەن. لەو ڕوانگەیەوە دەکرێ رووداوەکە بە کارەسات بزاندرێ. وەکو دەگوترێت “کارەساتە ئەو جۆرە رووداوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا روودەدەن”.  

لەگەڵ ئەوەی هەردوو وشەی تاوان و کارەسات پەیوەندی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە، لەبۆتەی کردارێکی ناڕەوادا دەردەکەون و دوو ڕووی کردارە پێشێلکارەکەن، بەڵام تاوان و کارەسات دوو وشەی لەیەکتر جیاوازن و دوو واتای جیاوازیان هەیە، هەروەکو لەسەرەوەدا روونمان کردەوە. لە چوارچێوەی یاساییەوە وشەی کارەسات بۆ تاوانکاری بەکارناهێندرێت، بەڵکو وشەی تاوان بۆ تاوانکاری بەکاردەهیندرێت، هەروەکو لەم رووەوە بوون و یانەبوون، چۆنیەتی و جۆری تاوان و زیانەکانی دیاردەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەگەر لەجیاتی وشەی تاوان وشەی کارەسات بەکاربێت، لەرووی یاسایی و دیارکردنی یاساییانەی کردارەکە بەکارهێنانی وشەی کارەسات هەڵەیە. بەڵام لەروانگەیەکی گشتگیرانەوە یا دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان بەکارهێنانی وشەی کارەسات هەڵە نییە، چونکە تاوانەکە زیانی مرۆیی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەرونی دروستکردووە.  زیان گەیشتن بە بەها مرۆیی و نامرۆییەکان بۆ خەڵکە پەیوەستدارەکە کارەساتن، بۆیە تاوانەکە کارەساتی لەگەڵ خۆیدا ‌‌هێناوە، بەمشێوەیە بۆ لایەنی قوربانی یا لایەنی سێیەم کارەساتیش دەگەیەنێت.

ئایا بەکارهێنانی چەمکی پرۆسە بۆ تاوانی ئەنفال تاوانە دەرهەق بە پرسەکە دەکرێت؟

لەلایەن هاوڕێ و نوسەر لە بواری ژینۆساید کاک تەها سلێمان ئەو بۆچوونە خرایە ڕوو و ئەو پێیوابوو هەڵەیە وشەی پرۆسە بخرێتەپاڵ تاوانی ئەنفال.  پرۆسە چییە و چی دەگەیەنێت؟ ئایا بەکارهێنانی پرۆسە بۆ تاوانی گەلکوژی ئەنفال هەڵەیە؟ 

وشەی پرۆسە یا پرۆسیس process  کە لە بنچینەدا وشەیەکی ئینگلیزیی و رۆژئاواییە، بەپێی فەرهەنگە ئینگلیزی و ئەوروپیەکان “زنجیرەیەکی بەیەکەوە بەستراوی چالاکی و کردارە کە بەیەکەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجێک دەدەن. ڕووداوێکە دەستپێک و کۆتایی هەیە، سروشتی بێت یا مرۆکرد، لەرێگەی ڕیزێک کرداردا گۆڕانکاریەک دەهێنێتەدی”.[xi] بەپێی ئەو پێناسەیە دەکرێ چەمکی “پرۆسە” بۆ زۆر جۆری هەوڵی گۆڕان لە زۆر بواردا بەکاربهێندرێت، بۆنمونە دەگوترێت پرۆسەی سیاسی، پرۆسەی دیموکراسی، پرۆسەی ئابوری، پرۆسەی سەربازی یا پرۆسەی یاسایی هتد. پرۆسە دەکرێ بەواتای دیکەش لێکبدرێتەوە، وەکو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردن لە دادگادا.

دەکرێ بپرسین ئایا تاوانی گەلکوژی دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ڕێکخراو، سیستەماتیکیانە و پلانبۆداندراو نییە؟ ئایا کۆمەڵێک کردار و چاڵاکیی ڕێكخراوی بەیەکەوەگرێدراو نین کە لە ئەگەری تاوانەکەدا ڕوودەدەن؟ ئایا لەناوبردنی کۆمەڵگەیەکی نەخوازراو لەلایەن دەسەڵاتی تاوانکارەوە بەپێی کۆمەڵێک هەنگاو و کرداری رێکخراوانە و سیستەماتیکیانە ئەنجام نادرێت؟ بێگومان ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی دوای پلانی داڕێژڕاو و هەنگاو و کرداری رێکخراوانە دێت، هەماهەنگی و یاری کۆمەڵی فاکتەر ئاماج پێویست و رەوادەکەن، خودی ئەنجامدانی تاوانەکەش بەپێی زنجیرەیەک کرداری سەربازی پلانبۆداندراو و بەیەکەوەگرێدراو بەڕێوەدەچێت.    

بۆیە سەیر نییە کە شارەزا و نوسەرانی بواری ژینۆساید وشەی پرۆسە زۆر بەکاردەهێنن، بۆنمونە Gregory H. Stanton گریگۆری ستانتۆن دەنوسێت: “گەلکوژی پرۆسەیەکە لە میانەی ٨ قۆناغدا پێشدەخرێت، دەکرێ قۆناغەکان پێشبینی بکرێن، وە ناوەستێنەرنین. دەتواندرێ هەر قۆناغێک بە کرداری پێشگرانە بوەستێندرێت. پرۆسەکە دیاگیۆنال (راست و هەوراز) نییە. لۆژیکیانە قۆناغەکانی دواتر پێویستە لەڕێگەی قۆناغەکانی پێشوو پێشبینی بکرێن. بەڵام هەموو قۆناغەکان بەردەوام لەمیانەی پرۆسەکەدا لە جووڵەدان”.[xii] بێگومان هیچ هەڵەیەک لە بەکارهێنانی وشەی پرۆسەدا لەو تێگەیشتن و پێناسەیەدا نییە، چونکە تاوانی گەلکوژی دەستپێک و کۆتایی هەیە، بەچەندین قۆناغدا تێدەپەڕیت، چەندین پرۆسە لەخۆدەگرێت، بەرنامەداڕێژراو و ڕێکخراو و سیستەماتیکیانەیە، پێویستی بە هێز و کەرستە و دابەشکردنی کار هەیە، ئەنجامەکەی گۆڕانێکی دیار و کارتێکەرە.  ئەوەش ڕوونی دەکاتەوە کە جموجۆڵ و هەنگاو و چاڵاکیەکان بەپێی پرۆسەیەکی گەلکوژکارانە بەڕێوەدەچن و دەچنەپێش. هەرپرۆسەیەکی گەلکوژیش کۆمەڵی پرۆسەی دیکە کە پەیوەستدارن بە پێگەیاندنی فاکتەرەکانی گەلکوژی دەگرێتەخۆی، بۆنمونە پرۆسەی سۆسیالیزەکردن، ڕاشیونالیزەکردن، نامرۆڤاندن هتد.     

تاوانی گەلکوژی ئەنفال دوای پرۆسەیەکی ڕێکخراو و سیستەماتیکیانە ڕوویدا. فاکتەرەکانی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو، سەرکردەی تووندڕەو، بیروهزری پاوانخوازی و پەڕگیر لەمیانەی پرۆسەی ڕێکخراودا هەوڵی ڕاشیونالیزەکردن و نامرۆڤاندنی گەلی کوردیاندا، بکەرانیان سۆسیالیزەکرد و لەناوبردنی کوردیان بەپێویست و ڕەوا وێنەکرد. ئەو هەنگاو و چاڵاکیانە چەندین ساڵیان خایاند تا کار گەیشتە جێبەجێکردنی تاوانەکە لەمیانەی پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداندراوی سەربازی لە ساڵی ١٩٨٨ دا.

بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیە دەردەکەوێت، کە بەکارهێنانی وشەی پرۆسە بۆ تاوانی گەلکوژی لەوانە تاوانی گەلکوژی ئەنفال هەڵە نییە و گونجاوە.   

هیوادارم توانیبێتم روونکردنەوە و وەلامی گونجاو و بنیاتنەر بە پرسیارەکان بدەمەوە، هەروەکو ئەوەش ئامانجی ئەو وتارەیە. دیارە تێبینی و خاڵی دیکەش هەن کە لە سمینارەکاندا دەگوترێن و دەخرێنەڕوو، هیوادارم بتوانم لەدەرفەتی تردا هەروەستەیان لەسەر بکەم و تاوتوێیان بکەم.

 

 



[i] Brink, Lars, Hvad er et folk? Information, 21.05.2001. https://www.information.dk/debat/2001/05/folk

[iii]Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, 1948: https://treaties.un.org/doc/Publication/UNTS/Volume%2078/volume-78-I-1021-English.pdf

[iv]Katz, Steven L. (1994), The Holocaust in Historical Context, Oxford University Press. pp. 24.

[v]Prosecutor v. Radislav Krstic: The Hague, 19 April 2004, Appeals Chamber Judgment in the case The Prosecutor v. Radislav Krstic, CC/P.I.S./839e.

[vi]بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر:
گەلکوژی چییه‌: پێناسه‌، ڕوونکردنه‌وه‌، ره‌خنه‌ و کێشه‌کان
http://kadirshorsh.com/Gelkuji%20u%20penase%20u%20rexne.pdf

ژینۆساید: کۆمه‌ڵکوژی، ڕه‌شه‌کوژی یا گه‌لکوژی
http://kadirshorsh.com/Genocide..Gelkuji%20ya…pdf

[vii]کۆمەڵی لە نوسەر و شارەزاو و کەسایەتی دیکە لەئەمریکا هەموو تاوانەکانی داعش کە دژ بە خەڵکە جیاوازە نائیسلامیەکە کرا تاوانکە وەکو یەک بەتاوانی گەلکوژی ناودەبەن. کەپێموایە سۆزادری و لایەنگیری لەبڕیارەکەدا هەیە.

[viii]Talabany, Nouri, (1998): Iraq´s Policy of Ethnic Cleansing. Jønkøping: Kitabi Arzan.

 

[ix]Tale ved Statsminister Jens Stoltenberg i Oslo Domkirke، Tale/innlegg | Dato: 24.07.2011, https://www.regjeringen.no/no/aktuelt/tale-ved-statsminister-jens-stoltenberg-/id651789/

 

 

 

 

 

 

 

[xii]Stanton, Gregory H., The 8 Stages of Genocide have now been revised and updated to 10 Stages of Genocide. You can find it here: http://genocidewatch.org/genocide/tenstagesofgenocide.html