ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان هێورکردنەوەی زامەکان

 

دەبێ دوای ئازادکردنی کوردستان لە چەتەکانی داعش ئەو شکستە  دەرئەنجامی رادیکالانەی هەبێت، ئەگەرنا دەبێ چاوەڕانی دووبارەبوونەوەی تاوان و کارەساتەکان بین

رزگارکردنی دەڤەری ئێزدیان دوای چوار مانگونیو لە چاوەڕوانی لە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش هەواڵێکی گرنگە و هێورکردنەوەی ئازاری نەتەوەیەکە. بەڵام  راگواستنی بەسەدان مرۆڤی دەستبەرسەرکراوی ئێزدی بە لۆری و پاس بۆ سوریا کە تەنها نزیکی ١٠-١٥ کیلۆمەتر لە هێزەکانی پێشمەرگەر دووربوون شەرمێکی دیکەی گەورەیە بۆ کورد.

هیچلەباری و نابووتی ئەو هێزانەی بەرەی زەرد بوون کە وایکرد ئێزدیەکان بەرەڕووی تاوانی لەناوبردن بوونەوە و کارەساتی جەرگبڕی بەسەر هەزاران خێزانی ئێزدی هێنا، نابووتی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە چەندین هەفتە دواتر لەبەرچاوی ئەوان و هەموو جیهان خەڵکی سڤیلی گوندە دەورەدراوەکان بەکۆمەڵ گولەباران کران و کچ و ژنەکانیان بۆ سوریا ناردران. لاوازی هێزەکانی پێشمەرگەیە کە تائێستا نەیتوانی گروپێکی تووندرەی دڕیندە لە خاکی کوردستان وەدەرنێت. هەموو ئەو گوتنانەی کە دەلێ داعش چەکی نوێی هەیە و پێشمەرگە چەکی کۆنی هەیە، قڕانێکی قەڵب ناهێنیت، هێزە کوردیەکان هەموو ئەو چەکانەیان هەبوو کە نەهێڵن داعش یەک بست بێتە ناو خاکی کوردستان، بەڵام نە هێز هێز بوو، نە باوەڕ و ورە هەبوو و نە سەرکردایەتی.

دەبێ دوای ئازادکردنی کوردستان لە چەتەکانی داعش ئەو شکستە  دەرئەنجامی رادیکالانەی هەبێت، ئەگەرنا دەبێ چاوەڕانی دووبارەبوونەوەی تاوان و کارەساتەکان بین.

سەری ڕێزم بۆ گیانی پاکی پێشمەرگە و گەریللاکان

شاخەوان شۆڕش

21-12-2014