خۆڕاگریی کۆبانێ و دەرهاویشتە ئەرێنیەکانی

ئەو بەرخۆدانە توانا و لێهاتوویی ژنانی سەڵماند و ژنانی کوردی وەکو ژنی ئازا و بەجەرگ و کۆڵنەدەر وێنەکرد. بۆیە ئەو بەرخۆدانە گرنگیی تایبەتی سەبارەت بە توانای ژنانەوە هەیە، چونکە توانای ژنان بەرزدەکاتەوە، بەمجۆرە پاشەکشە بە بیر و هزری پیاوسالاری دەکات. ئەوە دەسەڵمێنێ کە ژنان دەتوانن وەکو پیاوان بەشداری لە ئەرکەکانیاندا بکەن و بە باشترین شێوە بەئەنجامی بگەیەنن. ئەو لێهاتووییە هەموو ئەو بیر و هزرانە رەتدەکەنەوە کە ژن بە کەم و بێتوانا سەیر دەکەن و بیانوی نەزۆکانە بۆ جوداکاریان بەرامبەر بە ژنان لەسەر بنچینەی ئەو تێگەیشتنە کۆنەپارێز و پیاوسالارییە دەهێننەوە.

شاری کۆبانێ بۆ ماوەی ٣٥ رۆژ گەماڕۆدرا، لەلایەک تورکیا لایەکی گرتبوو و رێگەی هاوکاری لێگرتبوو، لە سێ لاوەش تیرۆریستانی رێکخراوی دەولەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەوریان دابوو و بەچەکی قورس و جۆراوجۆر هێرشیان بۆ دەهێنا، بەڵام دوور لە هەموو ئەگەر و پێشبینیەکانی کە کەوتنی کۆبانێیان چاوەڕوان دەکرد، ئەو شارە نەشکا و داگیرنەکرا.

بەرخۆدانی چاونەترسانە و کەموێنەی کۆبانێ ئاستی کوردی بەرزکردەوە و گرنگیی بەرخۆدانی کوردی بۆ مافەکانی لە ئاستی جیهاندا بەرزکردەوە. ئەو قارەمایی و بەرگرییە وایکرد سەرۆکەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دان بە قارەمانیەتی و ئازایەتی شۆڕشگێڕانی کۆبانی دابنێن کە دەکرێ بە ئەوە بە ئەرێنی بۆ دۆزی کوردان لە رۆژئاوا بەتایبەتی بشکێتەوە. ئەوەی لە کۆبانێ کرا بەرخۆدانێکی ناچاوەڕوانکراو و نابرواپێکەرە ئەوەش بەهۆی بوونی بیروباوەرێکی بەهێز و پۆڵاین هاتۆتەدی.

بەرخۆدانی کۆبانێ وەکو بەرخۆدان و بەرگری ئازایانە و چاونەترسانەی کچان و ژنانی کورد بەرامبەر بە دڕندەترین و بەربەریانەترین رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو و پێناسەکرا. ئەو بەرگریییە ئازایانەیە بە چەکی سوک و بێ گەیشتنی هاوکاریی دەرەکی، خۆڕاگرییەکی کەموێنە دەسەڵمێنی کە لە چاوەڕوانی زۆربەی چاودێرانی ناوچەکە و جیهاندا نەبوو. زۆربەی کۆمەڵگە و وڵاتانی جیهان هاوسۆزی خۆیان بۆ کۆبانی و بەرگریی قارەمانانەی ئەو شارە پێشاندا، بەلام نەیان دەتوانی یارمەتی و هاوکاریان بگەیەیەننە کۆبانێ، بۆیە هەموو ترسی کەوتنی کۆبانێیان هەبوو و پێیانوابوو ئیتر شۆڕشگێرانی کورد لە کۆبانێ فیشەک و پێداویستیەکانیان تەواو دەبێ و شارەکە لەلایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەبێ چاوەڕوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دیکەی تیرۆریستەکانی داعش بکەین. بەڵام ئازایەتی لەرادەبەدەری کچان و کوڕانی کۆبانی بە شەڕی گیانفیدایی و خۆنەویستانەیان نەیانهێشت ئەوە ڕووبدات. سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆریستاندا تۆمار کرد و دڵی دۆستانی کورد و هەموو مرۆڤایەتیان خۆش و ئارام کردەوە.

ئەو بەرخۆدانە توانا و لێهاتوویی ژنانی سەڵماند و ژنانی کوردی وەکو ژنی ئازا و بەجەرگ و کۆڵنەدەر وێنەکرد. بۆیە ئەو بەرخۆدانە گرنگیی تایبەتی سەبارەت بە توانای ژنانەوە هەیە، چونکە توانای ژنان بەرزدەکاتەوە، بەمجۆرە پاشەکشە بە بیر و هزری پیاوسالاری دەکات. ئەوە دەسەڵمێنێ کە ژنان دەتوانن وەکو پیاوان بەشداری لە ئەرکەکانیاندا بکەن و بە باشترین شێوە بەئەنجامی بگەیەنن. ئەو لێهاتووییە هەموو ئەو بیر و هزرانە رەتدەکەنەوە کە ژن بە کەم و بێتوانا سەیر دەکەن و بیانوی نەزۆکانە بۆ جوداکاریان بەرامبەر بە ژنان لەسەر بنچینەی ئەو تێگەیشتنە کۆنەپارێز و پیاوسالارییە دەهێننەوە. دیارە تیرۆریستانی داعش یەکێ لە رێکخراوە هەرە کۆنەپەرست و پیاوسالارەکانن کە ژن وەکو کەرستە سەیر دەکەن و بەکاری دەهێنن، ژن وەکو کەرستەی تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو سەیردەکەن، بۆیە تێکشکاندنی تیرۆریستانی تاریکپەرستی داعش لە کۆبانێ رەتکردنەوەی راستەوخۆی بیروباوەرەی ناتەواوی ئەوانە. ئەگەر ژن ئازاد بێت و ئاستەنگ و بەربەست ی جوداکارانەی لەبەردەمدا نەمێنێت چی لە پیاو کەمتر نییە و دەتوانێ شاکاری بەرز و جوان تۆمار بکات.

ئەو بەرخۆدانە وایکرد رۆژئاوا بەخۆیدا بچێتەوە و بیرلە دانپێنان بە مافی کوردان بکاتەوە، بیرلەوە بکەنەوە کە سەبارەت بە رێکخراوی رزگاریخوازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) بەخۆیاندا بچنەوە و بیرلەوە بکەنەوە کە پەکەکە لە لیستی تیرۆریستان دەربهێنن. ئەوەش وەرچەرخانێکە کە پێشتر رۆژئاوا ئامادەنەبوو خۆی پێیەوە خەریککات، دلی تورکیا بڕەنجێنێ. لەلایەکیتر ئەو بەرخۆدانە رووی راستەقینەی تورکیای باشتر بۆ جیهان دەرخست و تورکیای تووشی شکستێکی رامیاری دیکە کرد. ئەوە دەرکەوت کە تورکیا هەڵوێستی نەرێنی سەبارەت بە ئازادی کوردان هەیە و رێگەی نەدا هیچ هاوکارییەک بگاتە کۆبانێ لەگەل ئەوەی زۆر لە وڵاتانی جیهان داوایان دەکرد. تورکیا بۆ غەزە و ئیخوان موسلمینی میسر زۆر چاڵاک بوو و دژی رۆژئاوا وەستا بەڵام لە پێشێلکاری و تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش دژی خەڵکی بێتاوانی کوردانی شەنگال هەروەها کوردانی رۆژئاوا لە بن پاڵی سنورەکانی تورکیا نەک هەر بێ دەنگ بوو بەڵکو هاوکاریی تیرۆریستانی داعشی کرد.

ئەو بەرخۆدانە بەری بە کەوتنی کۆبانی گرت، بەمجۆرە بەری بە گەیشتنی تورکیا بە یەکێ لە ئامانجە گرنگە ناسیونالیستەکانی گرت. تورکیا هەر لەسەرەتای ئازادبوونی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هەوڵی تێکشکاندنی ئەو ئازادییە دەدات، سەرکەوتنی کۆبانی شکستی ئەو پۆلیتیکەیە بەشێوەیکی خراپتر لەوەی تورکیا چاوەڕوانی دەکرد. بەپێچەوانەی خواستەکانی تورکیا ئێستا پەکەکە و پەیەدە هاوسۆزیەکی جیهانیان بەدەست هێناوە.

تیرۆریستانی داعش لە رێگەی سەرپەڕاندن و کوشتن و بڕین پۆلیتیکی ترس و تۆقاندن لە رێگەی تۆرە کۆمەلایەتیەکان و راگەیاندنەکانیان بڵاودەکەنەوە، وەکو رێگەیەک بۆ رووخاندنی ورەی خەڵک و نەیارانیان سوودیان لەو پۆلیتیکە وەرگرتووە، توانیویانە درێژە بە داگیرکاری و تاوانەکانیان بدەن. بەڵام خۆڕاگریی کۆبانێ ئەو سیاسەتەی ترس و تۆقاندنەی تیرۆریستانی داعشی بۆ هەموو جیهان پووچەڵکردەوە و بەپێچەوانەوە کوردستانی لێ کردن بە دۆزەخ.

بژی بەرخۆدانی کۆبانێ و بژی خەباتی رەوای رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان.

2014-10-17

شاخەوان شۆڕش