گرتنی شەنگال لەلایەن داعشەوە کارەسات و سکەنداڵە

شکان و هەڵاتنی ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون سکەنداڵە بۆ ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی هەرێم و میدیاکانی سەربە دەسەڵات پروپاگەندەی بەهێزیی و بەتواناییان بۆ کردووە. سکەنداڵە بۆ کورد رێگە بدات هێزێکی وەکو داعش بێتەناو شارێکی هەستیار و گرنگی کوردستان، لەکاتێکدا دەزاندرێت هەموو خەڵکی دانیشتوانی شار و کەلتور و فەرهەنگی دەکەوێتە لێواری لەناوبردن و مەتریس ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی هەیە. جێهێشتنی بێ تەقە و هەلاتن و شار بەجیهێشتن ئاماژەیە بەهێزێک کە ئامادە نییە هاونیشتیمانانی لە لەناوبردن بپارێزێت ، بۆیە بێ پشتیوانیلێکردن بۆ گەلکوژکارانی جێهێشتن، ئاماژە بە نائامادەیی و بێتوانایی ئەو هێزانە دەکەن. ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە ئەو هێزانە بەهیچ جۆرێک ئامادەی شەر و بەرگری نین، هۆکارەکانی ئەو هەڵاتنە زۆرن..

گرتنی شەنگال لەلایەن داعشەوە کارەسات و سکەنداڵە

هاتنی هێزەکانی داعش بۆ شەنگال و جێهێشتنی لەلایەن هێزی بەناو پێشمەرگەوە کارەساتە لە روانگە مۆرڤایەتیەکەوە و سکەندالە لە روانگە نەتەوەییەکەوە. گەیشتنی هێزی چەتەکانی داعش بۆ شەنگال و دەورووبەری بێگومان وادەکات کە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی وەکو رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی رووبدەن، کەلتور و شارستانیەتی ئێزدیەکان تێکبشکێندرێ و لەناوببردرێت، هەروەکو ئیسلامیستەکانی داعش هەلگری بیرورایەکی تووندرەوی گەلکوژکارانەن و لەسەر جودایی ئایین یا نەتەوە ویستی لەناوبردنیان بە زیندوویی هەیە، دژی هەموو فەرهەنگ و کەلتور و شارستانیەتێکن کە لەگەڵ تێگەیشتنی ئەوان یەک نییە، ئەوان هەموو ئەوانەش لەناودەبەن کە لەگەڵ بیروباوەری ئەواندا تەبا نین. رێگەدان بەخەڵک بە رۆیشتن لەبری کوشتن کە لەموسڵ روویدا، سنوری تاوانەکەی لە ئاستی پاکتاوی رەگەزی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هێشتەوە، بەڵام لەناوبردی گۆڕی پیاوچاک و پەرستگا جۆرێکە لە ژینۆسایدی کەلتوریی. دیارە تیرۆریستە ئیسلامیستەکان بە بیروهزرێکی گەلکوژکارانەوە هێرش دەکەنە سەر ئێزدیەکان، بەمجۆرە بەمەبەستی لەناوبردنی خۆیان و ئایینەکەیان هێرشیان دەکرێتەسەر. بەپێی هەواڵەکەن ئەو ئێزدییە سڤیلانەی دەستبەسەرکراون پیاو و کورەکانیان لەنێوبردروان و ژن و منداڵەکانیش وەکو غەنیمەی جەنگ کۆیلەکراون. ئەوەش ئەنجامدانی بەکردەوەی تاوانی گەلکوژییە. 

شکان و هەڵاتنی ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون سکەنداڵە بۆ ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی هەرێم و میدیاکانی سەربە دەسەڵات پروپاگەندەی بەهێزیی و بەتواناییان بۆ کردووە. سکەنداڵە بۆ کورد رێگە بدات هێزێکی وەکو داعش بێتەناو شارێکی هەستیار و گرنگی کوردستان، لەکاتێکدا دەزاندرێت هەموو خەڵکی دانیشتوانی شار و کەلتور و فەرهەنگی دەکەوێتە لێواری لەناوبردن و مەتریس ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی هەیە. جێهێشتنی بێ تەقە و هەلاتن و شار بەجیهێشتن ئاماژەیە بەهێزێک کە ئامادە نییە هاونیشتیمانانی لە لەناوبردن بپارێزێت ، بۆیە بێ پشتیوانیلێکردن بۆ گەلکوژکارانی جێهێشتن، ئاماژە بە نائامادەیی و بێتوانایی ئەو هێزانە دەکەن. ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە ئەو هێزانە بەهیچ جۆرێک ئامادەی شەر و بەرگری نین، هۆکارەکانی ئەو هەڵاتنە زۆرن لەوانە گەندەڵی هەمەجۆر کە لەناو ئەو هێزەدا هەن، نەبوونی ستراتیژی وردی شەر، نارێکخراوەییبوونی سەربازیی، نەبوونی سەرکردایەتی گونجاو و پاڵپشتی و چەکی پێوستی قورس. هەموو ئەو وێنانەی لە بەرەکانی جەنگەوە سەبارەت بە جموجۆڵەکانی پێشمەرگەوە دەبیندرێن هەموو ئاماژە بە رەوتێکی نارێکخراوەیی سەربازی دەکەن، جموجۆڵەکان فەلاحیانەن و خێڵەکیانەن. ئەو گوتنەی سەبارەت بە هاتنی چەکی نوێ و پێشکەوتوو لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کرا، ئەوەش ئاماژە بە نائامادەیی ئەو هێزە سەربازییە دەکات کە کورد هەیەتی. دەبوایە ئەو هێزە بەر لە چەندین ساڵ پڕ چەک و ئامادەبن، مەگەر کورد لە لایەن ئێراقەوە پێشتر ژینۆساید نەکرا. ئەو رێکەوتنە دەستورییەی سەبارەت بە هێزی سەربازی کوردستان لەچوارچێوەی ئێراقدا کراوە، لاوازبوو و ناتوانێ کورد لە بواری بەرگریەوە بەگونجاوی بەهێز بکات، ئەوە زیان بوو بۆ کورد و بەرپرسیارەکەشی بۆ سەرکردەکانی کورد دەگەڕێتەوە. بەڵام کورد وەکو پەتای میلیتسگەرایی و دووپارچەیی زیانیان بە توانا سەربازیەکانی گەیاندووە خۆیشی بەشێکی گرنگ و سەرەکی هۆکاری لاوازیەکەیە. لەوەتەی داعش ئێراقی بە کردەوە لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە، ئەگەر پێشتریش ئامادەیی تەواویان نەبوو، دەتواندرا دەستوبرد بکەن و هێزی شەرکەری گونجاو بنێرنە ناوچە سنورییە هەستیارەکان. بەڵام وەکو دەبیندرا خۆهەلخەڵەتاندنێکی زۆر سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە هەبوو و بەرزکردنەوەیەکی ناڕیالیستانە هەبوو. شەرەکانی جەلەولا و هەڵاتن و شکانی پێشمەرگە لە شەنگال ئاماژە بە کێشەی گەورەی سەربازیی دەکەن و ئاماژە بە نەبوونی سەرکردایەتی گونجاو دەکەن. هێزی بڕوابەخۆی ورەبەرز بە چەکی سوک توانای هەیە هێزێکی وەک داعش رابگرێت، هێزەکانی یەپەگە لە رۆژئاوا ئەوەیان سەڵماندووە. دیارە ئەگەر هێزی رێکخراوەیی نیشتیمانی و سەربازیی مۆدێرن ئامادەکرابووایە داعش ئەو هێزە نەبوو بتوانێ خۆی بگرێت.

هاتنی شەڕڤانەکانی یەپەگە جێگەی دەستخۆشییە و پێوستە بە هاوکاری و هەماهەنگی بێت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە. پێوستە ئەو هاوکارییە سوودی لێوەربگیرێت و بۆ داهاتوو زیرەکانە بەکار بهێندرێت. بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان تەبایی و هاوکاریی لەسەر بنچینەی گیانی لەخۆبوردەیی دەخوازن.

پێوستە سەرکردایەتی هێزە سەربازیەکان بە جدی لەو بارودۆخە بڕوانن، ئەو هێزانەی کە بێشەر هەڵاتوون سزا بدرێن و هێزی دیکەی ئامادە بنێردرێن بۆ بەرەکانی جەنگ.

لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو قارەمانانەی بەتایبەتی خەڵکی گوندەکان کە بێ پستگیری شەڕیان کرد و گیانیان لەدەستدا.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو مرۆڤانەی بەناهەق لەلایەن چەتەکانی داعشەوە گیانگەشکران

سەری ڕێزم بۆ ئەو ژن و منداڵانەی بوونەتە قوربانی تاوانی پاکتاو و گەلکوژی

 

شاخەوان شۆڕش

4/8/2014