پەیامی سوار

لە یادی ٣١ ساڵەی کۆچی دوایی قادر شۆڕشدا  ئەم هۆنراوەیە پێشکەشە..

پێشمەرگەیێ،  پیرکاروانێ

لەزەردەی خۆرئاوا،  بە بناری سەفیندا

درشت و نەرم  هەنگاوی دەنا

دەڵێن؛  سەفین  هەموو جارێ

بۆئەو سوارە     

سروودێکی  یاخی  دەچڕێ ..

پەیامی  سوار      

دەوروبەر ماتەو   

تاریکی شەو  ئەنگوستەچاوە

پێشمەرگەیێ،  سوارێکی شاخ

لەبەردەم  بڵێسەی  گڕێکی  بچوک

لەگەردنی  لوتکە   

لەگەڵ  ئاوەگرد  سکاڵای بوو

دەڵێن؛  ئەو سوارە   

تاقە سوارە  کەئاوەگرد  گوێی  بۆشلکا ..

 *****

 

پێشمەرگەیێ،  پیرکاروانێ

لەزەردەی خۆرئاوا،  بە بناری سەفیندا

درشت و نەرم  هەنگاوی دەنا

دەڵێن؛  سەفین  هەموو جارێ

بۆئەو سوارە     

سروودێکی  یاخی  دەچڕێ ..

*****

 

پێشمەرگەیێ،  سوارێکی  چیا

لەژێر  ئاسمانی زیوینی  بەربەیاندا   

چووە شارو  لەبەردەرکی  قەرات  وەستا

دەڵێن؛ قەرات  لەو ساتەدا

باس  لەئازارەکانی  خۆی دەکا

گەواهی  ڕاستگۆیی  ” عەبدولخالیق مەعروف ”  دەدا..

*****

 

ئەوێ شەوێ،  هەمان سوار

هاتە بەردەم  منارەکەی  خانەقا

دەڵێن؛  چونکە لەو ساتەدا

لەق لەقە بەفرینەکە 

سوڕێکی مەند

بەدەوری لانەی جێماوی  دەکا

هاتووەو سۆراخی

هاوسەری  وونبووی  دەکا  

سواریش،  پاکانەی  شاری  بۆدەکا..

 *****

 

هەر ئەو  سوارە

هەموو شەوێ  بەر لەخەوتن

چاو لێکنانێ

هەتا یەک بەیەکی شەهیدانی  شار   

درشت و وورد  بەسەر نەکا

دەڵێن؛  ئاخر  ئەو  سوارە

بڕوای  بەهەوڵ و کۆششە

کوڵاوی  ناو شۆىشە

ئاخر  ئەو  سوارە   

هەڤاڵ  قادر شۆڕشە

*****

                                        

دانیمارک  1997