ئه‌نفال: تێگه‌یشتن، پێناسه و ناساندن له‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکه‌وه
ئه‌نفال واته ڕه‌واکردنی ئایینیانه و ئایدۆلۆژیانه‌ی داگیرکردن، تاڵانکردن، سوتاندن، کاولکردنی خاکی خه‌ڵکی نه‌خوازراو، هه‌روه‌ها پاکتاو و ڕهگبڕینهوه، ڕاونان، کوشتن، گرتن، ده‌ستدرێژیکردن و کۆیله‌کردنی مرۆڤه نه‌خوازراوه‌کان، که مافی ژیانیان له‌به‌ر جودایی ئایین یا ڕه‌گه‌ز له‌لایه‌ن هێزی داگیرکه‌ر لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، ڕه‌وا ده‌کات.
ئه‌نفال: تێگه‌یشتن، پێناسه و ناساندن له‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکه‌وه
“ئه‌نفال به‌زۆر ڕوحکێشانی هه‌زاران که‌سه بێ ئه‌وه‌ی خوا بڕیاری مه‌رگیانی دابێ، ئه‌نفال یانی به‌زۆر مران”
فه‌ره‌ج محه‌مه‌د عه‌زیز، ڕزگاربووی گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان[i]
گومان له‌وه‌دا نییه که‌م یا زۆر له‌سه‌ر ئه‌نفال گوتراوه و نوسراوه، به‌تایبه‌تی له بواری گوزارشته‌وه. به‌هه‌مان شێوه سه‌باره‌ت به پێناسه و ناساندنی ئه‌نفال گوتراوه و نوسراوه. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا نوسراوه پێناسه و ناساندنی چه‌مکی ئه‌نفاله، به‌ڵام ناساندن و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌که له چه‌ند ڕوانگه و گۆشه‌نیگایه‌که‌وه، له چه‌ند سه‌رده‌مێکه‌وه، به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به واتا و ناساندنێکی ته‌واو. لێره‌دا گوزارشتی چۆنیه‌تی ڕوودانی کاره‌ساته‌کان و ورده‌کاریه‌کان له‌مباره‌یه‌وه ناکرێت.
ئه‌نفال له بیر و تێگه‌یشتنی خه‌ڵکی کوردستاندا
له کاتی ده‌ستپێک و هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا که به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان له 23 ی فێبریوه‌ری 1988 دا ده‌ستی پێ‌کرد و له 6 سێپته‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا کۆتایی هات، زۆرینه‌ی خه‌ڵک هێنده بیریان له ناوی هێرشه دڕندانه‌که نه‌ده‌کرده‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی بیریان له چاره‌نووسی که‌سوکار، کوشتنه‌کان، گرتنه‌کان، ده‌ستدرێژییه‌کان، سوتاندن و کاولکردنی گوند و دێهاته‌کان ده‌کرده‌وه. خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی بێ ده‌سه‌ڵات و بێ ئومێد چاوه‌ڕوانی داهاتویه‌کی ڕه‌شیان ده‌کرد و له قه‌یرانی چاره‌نوسدا ده‌ژیان. ئه‌وسا کێ بیری له ناو و پێناسه‌ی ئه‌نفال ده‌کرده‌وه. که‌م که‌س هه‌بوو بزانێ ئه‌و هێرشه له ژێرناوی ئه‌نفالدا ده‌کرێت. بۆنمونه دیته‌ری ڕزگاربووی گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان (فه‌ره‌ج محه‌مه‌د عه‌زیز) ده‌ڵێ “ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵک گیرا و گونده‌کانیان سوتاند نه‌مان ده‌زانی پێی ده‌ڵێن چی، به‌ڵام کاتێ من گه‌ڕامه‌وه ئه‌یانووت ئێوه ئه‌نفالن”. زۆرینه‌ی خه‌ڵکی باشوری کوردستان دوای کاره‌ساته‌که به ناوی وشه‌ی ئه‌نفال سه‌باره‌ت به هێرشه ژینۆسایدیهکهی ساڵی 1988 ئاشنابوون.
وشه‌ی ئه‌نفال شوێنێکی زۆر تایبه‌ت و شازی له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا و له بیر و لێکدانه‌وه‌ی خه‌ڵکدا بۆخۆی کردۆته‌وه. گه‌وره‌یی و دڕنده‌یی کاره‌ساته‌که له بیره‌وه‌ری مرۆڤه‌کاندا کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه و ئێشێکی هه‌تاهه‌تایی له‌گه‌ڵدایه، بۆیه‌ش گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که له‌نێوان که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا هه‌تاهه‌تاییه. خه‌ڵکی کوردستان لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان سه‌باره‌ت به واتای چه‌مکه‌که پێکهێناوه. ئه‌و واتا و لێکدانه‌وه‌یه‌ی که زۆر باوه و دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌وجا چ به نوسین یا گوتن، ئه‌وه‌یه وشه‌ی ئه‌نفال واتای “کوردکوشتن” یا “له‌ناوبردنی کورد“ی وه‌رگرتووه یا ڕێک له جیاتی وشه‌ی “کوشتن یا کۆمه‌ڵکوژی” به‌کارده‌هێندرێت. به‌شێوه‌یه‌ک چه‌مکی ئه‌نفال بۆ هه‌موو کوردکوژییهک یا کۆمه‌ڵکوژییه‌کی کوردان به‌کارده‌هێندرێت. گه‌لێ له‌و کاره‌ساتانه‌ی پێشی 88 ڕوویانداوه، بۆنمونه کوشتوبڕی حه‌ڕه‌س قه‌ومیه‌کانی ساڵی 63، بۆردومانی قه‌ڵادزێی ساڵی 74، پاکتاوی فه‌یلیه‌کان له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 70 و 80 کان، بارزانییه‌کان له ساڵی 83 هتد. ئێستا له‌گه‌لێ گوتن و نوسیندا چه‌مکی ئه‌نفالیان ده‌خرێته پاڵ. به‌هه‌مان شێوه وشه‌ی ئه‌نفال بۆ کاره‌سات و کوردکوژییه‌کانی دوای 88 و ئێستا به‌کارده‌هێندرێت. هۆکاری ئه‌و ڕه‌وش و تێگه‌یشتنه ده‌کرێ زۆربن، گرنگترینیان واپێده‌چی هه‌وڵی پیشاندانی ئاستی کوشنده‌یی و گه‌وره‌یی کوردکوژییهکانه یا کاره‌ساته‌کانه، هه‌وڵدانه بۆ پێکچواندنی کاره‌ساته‌کان به کاره‌ساتی ئه‌نفال، هه‌وڵدانه بۆ بڵاوکردنه‌وه و گه‌یاندنی کاره‌ساته‌که به کۆمه‌ڵگه و ده‌روبه‌ر.
شایانی گوتنه بۆ هه‌ندێک خه‌ڵک واتای ئه‌نفال ئه‌و تێگه‌یشتنه تێده‌په‌ڕێنێت و بۆ سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌نفال ده‌گه‌ڕێته‌وه و ناڕه‌وایی و کاره‌ساتێکی مێژووی دێرینی له‌بیرکراو دێنێته‌وه به‌رگوتن و سه‌رنج.
ئه‌نفالی ئیسلام و واتای بوونی له سه‌ره‌تای په‌یدابوونیدا
وشه‌ی ئه‌نفال ناوی سوڕه‌تی 8 ی قورئانه و له 75 ئایه‌ت پێکهاتووه. وشه‌که به‌واتای تاڵان یا تاڵانی شه‌ڕ دێت. وشه‌کانی ئه‌و سوڕه‌ته وته‌ی خوای موسوڵمانانه. هه‌ندێ له ئایه‌ته‌کان له جه‌نگ و تاڵانی جه‌نگ ده‌دوێن. له‌و ئایه‌تانه‌دا خوا داوا له (محه‌مه‌د) پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان و هاوکارانی ده‌کات دژی بێباوه‌ڕان (ناموسڵمانان) بجه‌نگن تاکو سه‌رکه‌وتنی ته‌واو به‌ده‌ست ده‌هێنن. سه‌رکه‌وتنی ته‌واو واتای شکاندنی دوژمن، له‌ناوبردنی ناموسڵمانان یا ملکه‌چپێکردن و ناچارکردنیان به بڕواهێنان به ئایینی ئیسلام بووه. به‌مجۆره سوڕه‌تی ئه‌نفال ڕه‌وایه‌تی داوه‌ته کوشتار و تاڵان‌کردنی دوژمنه ناموسڵمانه‌کان و بۆ ڕه‌واکردنی به‌زۆر به‌ئیسلامکردنی ناموسڵمانان هاتووه. تاڵان: ژن، ئاژه‌ڵ، سامان، شتومه‌ک و که‌رسته‌ی ناو ماڵ و شتی دیکه‌ی گرتۆته‌وه.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له پووخته‌ی مه‌به‌ستی سوره‌تی ئه‌نفال، واباشه ئاماژه به هه‌ندێ ئایه‌تی سوڕه‌ته‌که به‌کورتی بکه‌ین[ii]. بۆنمونه له ئایه‌تی یه‌که‌مدا هاتووه، “پرسیاری تاڵانی جه‌نگ ده‌که‌ن، بڵێ تاڵان له خودا و پهیامبهرهوهیه. له خودا بترسه…. ملکه‌چی خودا و په‌یامبه‌ر به”.
له ئایه‌تی حه‌فته‌مدا هاتووه، “بۆ خۆتی ببه، خودا به‌ڵێنی پێدای یه‌کێک له‌و دووانه (دوژمن) ده‌بێ بۆ تۆ بێت، تۆ ده‌تویست یه‌کێکی بێچه‌ک بۆ تۆ بێت، به‌ڵام خودا ویستی به‌پێی وشه‌کانی، ڕه‌وایه‌تی بداته ڕاستی و ڕه‌گی بێباوه‌ڕان ببڕێته‌وه”.
له ئایه‌تی دوازده‌هه‌مدا هاتووه، “من له‌گه‌لتام، خۆڕاگری بده بڕواداران، من ترس و تۆقاندن ده‌خه‌مه دڵی بێباوه‌ڕان، ملیان ببڕه و هه‌موو په‌نجه‌کانیان ببڕه”.
له‌ئایه‌تی سێزده‌هه‌مدا هاتووه، “ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان دژی خودا و په‌یامبه‌ر وه‌ستان، ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێک دژی خودا و په‌یامبه‌ر بوه‌ستێت، خودا له سزادان تونده”.
له ئایه‌تی سیوحهفتهمدا هاتووه، “بۆ ئه‌وه ڕه‌نگه خودا خاوێن و پیس له‌یه‌کتر جودابکاته‌وه، پیسه‌کان یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک کۆبکاته‌وه و بهاوێته سه‌ریه‌ک و فڕێیانداته دۆزه‌خ. ئه‌وانه ئه‌وانه ده‌بن که دۆڕاندیان”.
له ئایه‌تی پهنجاودووههمدا هاتووه، “وه‌کو خه‌ڵکی فیرعه‌ون و ئه‌وانه‌ی پێشی ئه‌وان، هێمای خودایان ڕه‌تکرده‌وه، خودا‌ش له‌سه‌ر تاوانه‌کانیان سزای دان، خودا به‌هێزه و له سزادان تونده”.
له ئایه‌تی شێستوپێنجهمدا هاتووه، “ئۆه پێغه‌مبه‌ر! به بڕواداراندا هه‌ڵبڵێ و هانیان بده بۆ شه‌ڕ. پشووت درێژ بێت، ئه‌گه‌ر بیستت لهدهوردابن، دووسه‌د که‌س ده‌شکێنن، ئه‌گه‌ر سهدبن هه‌زار بێباوه‌ڕ ده‌شکێنن، چونکه ئه‌وانه خه‌ڵکێکن تێناگه‌ن”.
ئه‌نفال یه‌که‌مجار له ساڵی 624 ی زایینی دژی عاره‌به ناموسڵمانه‌کانی دورگه‌ی عاره‌ب به‌کارهاتووه. ئیسلامه‌کان به خه‌ڵکی ناموسڵمانیان گوتووه بێباوه‌ڕ و وه‌کو بێباوه‌ڕ سه‌یریان کردوون (سه‌باره‌ت به کریستیان و جوو هه‌ڵوێستی بگۆریان هه‌بووه)، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و خه‌ڵکه ناموسڵمانه بێباوه‌ڕ نه‌بوون، به‌ڵکو خاوه‌نی ئایین و ڕیتوالی (ڕیتوال: پیاده‌کردنی سیسته‌ماتیکی و به‌رده‌وامی نۆرم و یاسای ئایینی) تایبه‌ت به‌خۆیان بوون.
هێرشی ئه‌نفالی له‌شکری عاره‌به موسڵمانه‌کان له ساڵی 637 ی زایینی‌دا گه‌یشته کوردستان و ئێران، له‌دوای چه‌ندین شه‌ڕ و پێکدادانی خوێناوی، له‌شکری کورد و فارسه‌کانی ئیمپراتۆری ساسانی ده‌روه‌ستی عاره‌بان نه‌هاتن و شکان. ئه‌وه‌ی نه‌بووه ئیسلام، یا هه‌ڵات و وڵاتی به‌جێهێشت یا له‌ناوبردرا، ئه‌وه‌ی دیکه ملیان پێکهچکرا و به‌ناچاری بوونه ئیسلام. له‌شکری عاره‌بی ئیسلام وه‌کو هه‌ر شوێنیکی دیکه‌ی داگیرکراو تاڵانی کوردستانی کرد. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ئایینی مهزداییهوه هه‌بوو وه‌کو باوه‌ڕ، ڕیتوال و خوداپه‌رستی، نۆرم و یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مووی له‌نێوبردرا.
ئه‌وه‌ی ئه‌وسا له‌شکری داگیرکه‌ری ئیسلام کردی، پاکتاوێکی ئایینی و که‌لتوری بوو. ژهنۆسایدی مهزداییهکان بوو و عاره‌به ئیسلامه‌کان توانیان سه‌رکه‌وتوانه تۆوی مهزداییهکان له میزۆپۆتامیادا ببڕنه‌وه. هێرشی ئه‌نفالی ئه‌وسا گه‌لانی کورد و فارسی ناچارکرد واز له ئایینی مه‌زدایی و باوڕه‌کانی تر، که‌لتوری خۆیان و باپیرانیان بێنن، په‌سندی که‌لتور و ئایینی ئیسلامی عاره‌بان بکه‌ن. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی داگیرکردنه‌که له‌ناوبردنی شارستانیایهکی زیاتر له هه‌زار ساڵه بوو.
به‌پێی ڕوودا و مه‌به‌سته‌کانی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌نفال، ده‌کرێ بڵێین، ئه‌نفال ئه‌و سوڕهتهیه که له‌لایه‌ن خودای ئیسلامه‌وه به‌مه‌به‌ستی ڕه‌واکردنی به‌ئیسلامکردنی ناموسڵمانان دابه‌زیووه، خودای ئیسلام پشتگیری و هانی پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان و هاوکارانی له جه‌نگی پاکتاوی ئایینی و ئیسلامیزهکردندا ده‌کات و ده‌دات، هه‌روه‌ها ڕه‌وای ڕهگبڕینهوه، کوشتار و تاڵانی دوژمنانی ئیسلام و ئه‌وانه‌ی ڕه‌تی باوه‌ڕهێنان به ئیسلام ده‌که‌نه‌وه، ده‌کات.
ئه‌نفالی ڕژێمی به‌عسی ئێراق
پارتی به‌عسی عاره‌بی سۆسیالست، که له کوده‌تای دووه‌میدا له ساڵی 1968 ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی گرته ده‌ست، پیاده‌ی ئایدۆلۆژیایه‌کی پان عاره‌بی، تاکڕه‌و و تۆتالیتاری ده‌کرد که ئایدۆلۆژیای به‌عس بوو. له ڕوانگه‌ی ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌وه، ده‌بێ هه‌موو وڵاتانی عاره‌ب یه‌کبگرن و یه‌ک گه‌لی عاره‌ب یا ئومه‌ی عاره‌بی له که‌نداوی فارسه‌وه تا ده‌ریای هێمن پێک بهێنن. ئه‌و گه‌له عارهبهش ده‌بێ به‌عسی بێت. چونکه تهنهاعارهب بوون به‌س نییه، مرۆڤی عاره‌ب تاکو نه‌بێته به‌عسی، لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتنێکی به‌عسیانه نه‌گرێته‌خۆی، به‌مجۆره له دید و ڕوانگه‌یه‌کی به‌عسیانه نه‌ڕوانێته ژیان، ئه‌و مرۆڤه عاره‌به ناتونێت بگه‌ڕێته‌وه چوارچێوه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆی و پاک نابێته‌وه[iii].
له ڕوانگه‌ی ئایدۆلۆژیای به‌عسه‌وه، به‌عس له شۆڕشێکی بێپسانهوه دایه و ده‌بێ به‌ر له‌هه‌ر شتێ ئیمپریالیست و زایۆنیسته‌کان له خاکی عاره‌ب ده‌ربکات، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له خاکی عه‌ره‌بدا ده‌ژین ده‌بێ پشتگیری و به‌شداری شۆڕش بکه‌ن. ئه‌وه‌ی پشتگیری نه‌کات یا ناته‌بابێت له‌گه‌ڵ شۆڕش و ئامانجه‌کانی، ئه‌وا ئه‌وانه به خه‌ڵکانی دژ به شۆڕش و ناپاک ده‌ناسرێن.
سه‌رکردایه‌تی پارتی به‌عس بۆنمونه مشیل عه‌فله‌ق، سه‌دام حوسێن و هیتر باشوری کوردستانیان به خاکی عاره‌ب زانیوه. مشیل عه‌فله‌ق کوردی به به‌شێک له گه‌لی عاره‌ب داناوه[iv]. به‌مجۆره کورد له‌سه‌ری بووه به‌شداری و پشتگیری شۆڕشی به‌عس بکات، ببێته به‌عسی و له بۆته‌ی گه‌لی عاره‌بیدا ئاوێته بێت.
پشتگیری نه‌کردنی شۆڕش و خۆجوداکردنهوهی کوردان، هه‌ره‌ها داواکاری مافی ئێتنی و ناسیونالیستانه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به ده‌ستی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم داندراوه. بۆیه‌ش گه‌لی کوردستان وه‌کو خه‌ڵکێکی دژ به شۆڕش و دژ به گه‌لی عاره‌ب ناسراون، به‌مشێوه‌یه وه‌کو خۆفرۆش و ناپاک سه‌یریان کراوه. بۆیه تواندنه‌وه‌ی یا له‌ناوبردنی ئه‌و به‌شه ناپاک و نه‌خوازراوه به‌پێی ئایدۆلۆژیای به‌عس ڕهواکراوه.
پارتی به‌عس له‌سه‌ره‌تای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیه‌وه زۆر شێلگیرانه کاری بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی پان-ناسیونالیستانه‌ی خۆی کردووه. که‌رسته و میکانیزمی پاکتاوکردنی دامه‌زراند و ئۆرگانیزهکرد. ده‌ستی به‌سه‌ر سوپا داگرت و میلیتسی سه‌ر به پارتی دروستکرد. ده‌زگایه‌کی بیرۆکراسیانه‌ی ئاڵۆز و تۆقێنه‌ری چه‌ند سه‌ره‌ی ئاسایش و که‌نترۆلی دروستکرد. به‌مه‌به‌ستی ڕه‌واکردنی پاکتاو و کرداری ژینۆساییدیانه، پرۆگرامی سیسته‌ماتیکی بۆ گه‌شه‌پێکردنی مه‌نتالی پاکتاوکردن و گهلکوژیانه بۆ ئه‌ندامانی به‌عس داڕشت. ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ش سه‌رچاوه‌که‌ی ئایدۆلۆژیای به‌عس بوو. ئه‌ندامان و هه‌وادارانی به‌عس سۆسیالیزهکران و میلیتسهکانی پارت له ده‌زگا تایبه‌ته‌کانی پارت فێری کوشتن و ئازاردان کران. هاوکات پرۆگرامی نامرۆڤاندنی گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئێتنییه نه‌خوازراوه‌کان (به‌تایبه‌تی کورد) پیاده‌کرا[v]. ئه‌و پرۆسه‌یه نه‌خشه بۆکێشراو بوو و ساڵانێکی زۆر کاری بۆ کرا. میکانیزمی گه‌لکوژی ئۆرگانیزهکرابوو و ئاماده‌ی پاکتاو له هه‌ر کاتێکدا بوو.
ناسیۆنی کورد که لای به‌عس خۆفرۆش و ناپاک بوون، به‌مجۆره ته‌ڵخی پیسی ناو ئێراق بوون، ده‌بوایه له ده‌رفه‌تی جیاجیادا پاک بکرێنه‌وه. ڕژێمی به‌عس به‌پێی بورای ڕه‌خساو ورده ورده ده‌ستی به‌و پاکتاوه کرد. بۆنمونه به‌عاره‌بکردنی ناوچه کوردستانیه سنورییه‌کان، پاکتاوی فهیلهکان له 70 و 71 دا، گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یهزیدیاکان دواتر، پاکتاوی بارزانیه‌کان دواتر تا گه‌یشته کوشتوبڕی ئاشکرای دانیشتووی گوند و دێهاته‌کانی کوردستان له ساڵی 1985 به‌دواوه. ئه‌وه‌ی ڕێگاخۆشکه‌ری پاکتاوه‌کان بوو، سه‌ره‌تا بوونی شه‌ڕی پێشمه‌رگه – ڕژێم، پاشان شه‌ڕی ئێراق – ئێران بوو. تێگڵانی پارته کوردستانیه‌کان له جه‌نگی ئێراق – ئێران و یارمه‌تی وه‌رگرتن له ئێران، زیاتر بیانووی پاکتاو و گه‌لکوژی دایه ڕژێمی سه‌دام. لای به‌عسیه‌کان کورده‌کان تهلخێکی پیسی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێراق بوون، بۆیه‌ش پاککردنه‌وه و تواندنه‌وه‌یان ده‌مێک بوو کاری بۆ ده‌کرا. تێگڵانی کورد له جه‌نگی ئێراق و ئێران و هاوکاری کردنی سوپای ئێران، ڕه‌وایه‌تی جێبه‌جێکردنی گه‌لکوژی و پاککردنه‌وه‌ی کوردی له تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رکرده به‌عسیه ناسیونالیسته پان عارهبیستهکان به‌هێزتر کرد. ئه‌وان له‌و باره‌دا ده‌یانتوانی به به‌ڵگه‌وه خۆفرۆشی کورد بۆ خۆیان و هه‌وادارانیان بسهڵمینن، به‌مجۆره ڕه‌وایه‌تی بده‌نه پێویستکردنی پاکتاوی کورد. له‌لایه‌کی دیکه ڕژێمی ئێراق بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وت، که‌وا خه‌ڵکی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان به گروپی ڕامیاری و یاخی و دژ به ستات بناسێنێت، به‌مجۆره شه‌ڕکردن و له‌ناوبردنیان ڕه‌وا بکات. به‌ئه‌گه‌ری زۆر ڕژێمی به‌عس زانیویه‌تی کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی گروپی ڕامیاری ناچیته خانه‌ی گه‌لکوژی به‌پێی پێناسه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان. هه‌روه‌ها به‌عس له‌و باره‌دا ویستوویه‌تی ئه‌و هێرش و کوشتاره وه‌کو به‌رگری له یه‌کێتی وڵات و ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تی به جیهان پیشان بدات.
جه‌نگی نێوان کورد و رژێم هه‌روه‌ها ئێران و ئێراق، هه‌ڵێکی باشیان له هه‌ڵمه‌تی گهلکوژانهی ساڵی 1988 بۆ رژێمی ئێراق ڕه‌خساند. وه‌کو گوترا مه‌نتالی گهلکوژانه په‌روه‌رده و پێگهیهندرا بوو، میکانیزمی جێبه‌جێکردنی گه‌لکوژی ئۆرگانیزه و خاوه‌ن ئه‌زمون بوو. جه‌نگه‌کانیش هه‌ڵی جهبهجێکردنی به‌کرده‌وه‌ی تاوانه‌که‌یان ڕه‌خساند.
جه‌نگ ناوه‌خۆ یا له‌گه‌ڵ وڵاتی دراوسێ هه‌میشه فاکته‌ری تهقێنهرن و له پاکتاوکردنی خه‌ڵکی ژێرده‌سته یا نه‌ویستراودا ڕێگا بۆ گهلکوژان خۆشده‌که‌ن. له مێژوودا ئه‌وه سه‌باره‌ت به زۆر ژه‌نۆساید وابووه. بۆنمونه جه‌نگ ڕێگای بۆ له‌ناوبردنی یه‌کجاری جوله‌که‌کانی ئه‌ڵمانیا، ئهرمهنیاکانی تورکیا، موسڵمانه‌کانی بۆسنیا هتد. خۆشکرد.
هه‌نگاوی ڕاشکاوی پاکتاوی ئه‌و ناوچانه‌ی که به ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان ناوزه‌د کران، له ساڵی 1985 وه ده‌ستی پێ‌کرد، کاتێ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ده‌هاتێ دیارکران، گه‌ماڕۆیان خرایه‌سه‌ر و خهڵکهکیشی گه‌لێ مافی سه‌ره‌تاییان لێسه‌ندرایه‌وه و وه‌کو یاخی یا هاوکارانی یاخیان سه‌یریان کرا[vi]. له‌ساڵی 1987 دا کاتێ (عه‌لی کیمیاوی) بڕیاری کوشتنی هه‌موو ئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هه‌موو جۆره چه‌کێک ده‌رکرد[vii]، ئه‌وه جێبه‌جێکردنی دواقۆناغی پلانێکی گهلکوژانهی دیاریکراو بوو، ئه‌ویش پاکتاوی خه‌ڵکی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان بوو. ئه‌و بڕیاره “چاره‌ی یه‌کجاری” گروپه خه‌ڵکێکی نه‌خوازراو بوو. چاره‌ی یه‌کجاریش له‌ناوبردنی مرۆڤه بێ‌نرخ و نه‌ویستراوه‌کان له ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان بوو. مه‌به‌ستی سه‌ره‌تای ڕژێمی ئێراق پاکردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه به‌رفراوانه شاخاوی و گرنگانه له مرۆڤ بوو. له‌ناوبردنی دانیشتوانه‌کانی وایده‌کرد که‌سێ نه‌مێنێت بگه‌ڕێته‌وه یا بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچانه له داهاتوودا. واته وشککردنی ئاوه‌دانی له‌و ناوچانه و به‌مجۆره ڕێگاگرتن له دروستبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه‌دا به‌یه‌کجاری. ئه‌وه مه‌به‌ستی له‌پێشی ئه‌نفال بوو. دیاره پاشی ئه‌و هه‌نگاوه کهنتڕۆڵ و هه‌ڵسوکه‌وتی پاکتاوکارانه له‌دژی خه‌ڵکی کوردستان له شاره‌کان و ئۆردوگا زۆره‌ملێکاندا ده‌تواندرا ئاسانتر جێبه‌جێ بکرێت.
سوپای ئێراق به هاوکاری هێز و یه‌که تایبه‌ته‌کان و هه‌زاران جاشی کورد، به‌و توانا گه‌وره سوپاییه‌ی که له‌بواری کۆمه‌ڵکوژیدا هه‌یبوو، توانی به دڕندانه‌ترین شێوه گهلکوژییهکهی ئه‌نفال ئه‌نجام بدات. ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان بسوتێنێ، کاول و تاڵان بکات و له مرۆڤ پاکیان بکاته‌وه. به‌مشێوه‌یه ڕژێمی ئێراق توانی له به‌دیهێنانی ئامانجی نزیکیدا له ساڵی 1988 دا سه‌رکه‌وتووبێت، به‌ڵام ته‌مه‌نی له کوردستاندا هێنده درێژ نه‌بوو بتوانێ به ئامانجه ستراتیژیه‌کانی بگات.
به‌کارهێنانی ناوی سوڕه‌تی ئه‌نفال له‌و هێرشه گهلکوژانهیهی به‌عس دژی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌روا له‌خۆڕا نه‌بووه. پارتی به‌عس وه‌کو پارتێکی سیکولار ناوی ڕۆیشتووه، به‌ڵام نه سه‌رکرده‌کانی پارته‌که نه ئایدۆلۆژیاکهش بێبه‌ری نه‌بووین له بیرۆکه و هزری ئیسلامی. پارتی به‌عس هه‌رگیز ئه‌و سیکولاره نه‌بووه که له ڕۆژئاوادا پیاده کراوه و ده‌کرێت، سه‌رکرده‌کانیشی بڕوایان به‌و سیکولاریزمه نه‌بووه. دامه‌زرێنه‌ران و سه‌رکرده‌کانی به‌عس شانازیان به سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام کردووه و وه‌کو سه‌رده‌می زێڕینی عاره‌ب سه‌یریان کردووه. ئه‌وان له گه‌وره‌یی و سه‌رکه‌وتوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا سوودیان وه‌رگرتووه و بیرۆکه‌ی پاکبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تی سه‌رچاوه‌ی له‌وێوه وه‌رگرتووه. دیاره مه‌به‌ستیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سیسته‌می خه‌لیفه نه‌بووه، مه‌به‌ست ژیاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی و گه‌وره‌یی گه‌لی عاره‌ب به‌شێوه‌یه‌کی به‌عسیانه بووه. رژێمی به‌عس به شانازیه‌وه سوودی له مێژووی عاره‌بی ئیسلام وه‌رگرتووه و ناوی شه‌ڕ و سه‌رکرده‌کانی ئیسلامی له شه‌ڕ و هه‌نگاوه‌کانی خۆیدا به‌کار هێناوه. دیاره ڕژێمی به‌عس خۆی به پارێزه‌ری ئومه‌ی عاره‌بی زانیوه و سه‌رکرده‌کانیان وه‌کو سوارچاکه‌کانی ئیسلام خۆیان پێناسه‌کردووه، چونکه سه‌رکرده به‌عسیه‌کان خۆیان به نه‌وه‌ی ئه‌وان و درێژه‌پێده‌ری په‌یامی ئه‌وان داناوه.
به‌کارهێنانی ناوی ئه‌نفال، بۆ ڕه‌واکردنی له‌ناوبردنی کوردان (که وه‌کو خۆفرۆش و دژه‌شۆڕش سه‌یرکراون) له‌لایه‌نی مۆرالیهوه بووه. ئه‌و هه‌وڵه وه‌کو به‌شێکی ڕهواکردنه گشته‌که بووه. ئه‌وه به‌شێک بووه له په‌روه‌رده مهنتالیه ژینۆسایدیه به‌رفراوانه‌که. به‌عس ویستوویه‌تی کوشتاری خه‌ڵکی کوردستان له‌ڕوانگه‌ی ئایینیهوهش ڕه‌وا بکات. به‌مشێوه‌یه به‌عس کوردی به بێباوه‌ڕانی یا ناموسڵمانانی سه‌رده‌می سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام چواندووه. چۆن له‌لایه‌ن عاره‌به ئیسلامه داگیرکه‌ره‌کان کوشتن، ڕهگبڕینهوه و تاڵان‌کردنی ناموسڵمانان ڕه‌وابووه و له‌لایه‌ن خواوه ڕهواکراوه، به‌مشێوه‌یه‌ش کورده‌کان که دژی شۆڕشن و خۆفرۆشن، ڕه‌وایه بکوژرێن، تاڵانکرێن و ڕهگبڕکرێن. ئه‌نفالی سه‌رده‌می ئیسلام له‌لایه‌ن له‌شکری عاره‌به‌وه کرایه سه‌ر کورد، ئه‌وجاره‌ش سوپای عاره‌به هێرش ده‌کاته سه‌ر کورد. به‌عس خه‌ڵکی کوردستانی چ له سه‌رده‌می ئیسلامدا چ له سه‌رده‌می خۆیدا به یه‌کچاو سه‌یر کردووه و به خه‌ڵکێکی نه‌ویستراو و دژهعارهب دایناون. ڕژێمی به‌عس به‌کرده‌وه گه‌لێ له‌و تاڵان، تاوانکاری و دیاردانه‌ی دووباره کرده‌وه که له هێرشی عاره‌به ئیسلامه‌کان ڕوویاندابوو. دیاره مه‌به‌ست و ئامانجی هێرشه‌کان جیاواز بوون، مه‌به‌ستی به‌عس له‌ناوبردنی ناسیۆنی کورد بوو له باشوری کوردستاندا، هه‌رچی عاره‌به ئیسلامه‌کان بوون مه‌به‌ستیان له‌ناوبردنی مهزدایزم و په‌یڕه‌وکه‌رانی ئه‌و ئایینه و ئایینی دیکه بوو، تاڵانیان بوو، به‌ئیسلامکردن و سه‌پاندنی نۆرم و ڕیتوالی عاره‌بی و ئیسلامی به‌سه‌ر خه‌ڵکه ژێردهستکراوهکان بوو.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له 88 له کوردستاندا ڕوویدا و به‌پێی مه‌به‌سته‌کانی هێرشی ئه‌نفالی به‌عس، ئه‌نفال ئه‌و زنجیره هێرشه سه‌ربازیه گهلکوژانهیه بوو که به چه‌کی قوڕس، چه‌کی کیمیاوی و کۆمه‌ڵکوژ له‌لایه‌ن سوپای ئێراقه‌وه له 23 ی فێبره‌وه‌ری تا 6 ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1988دا کرایه سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی باشوری کوردستان (ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان) به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی خه‌ڵکه‌که و پاککردنه‌وه‌ی ناوچه‌کان له مرۆڤ. له‌میانه‌ی هێرشه‌که‌دا سوتاندن، کاولکردن و تاڵان‌کردنی گوند و دێهاته‌کان، کوشتنی گه‌وه‌ره و بچوکی مرۆڤه‌کان یا گرتنیان و پاشان بهکۆمهڵکوشتنیان به‌بڕیاری ڕژێم ڕه‌وا کرابوو.
دیاره ئه‌نفال ده‌رهاویشته‌ی لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتنی ئێ‌لیتی ده‌ستڕۆیشتووی په‌ڕگیری کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ده‌وی و خێڵه‌کیانه‌ی دورگه‌ی عاره‌به له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ئیسلامدا. ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ردوو تاوانکاریه‌کان بکه‌ین، هه‌روه‌ها له خاڵی هاوبه‌شیان وردبینه‌وه، سه‌باره‌ت به کوردستان له‌هه‌ردوو باردا، ئه‌و هێزه‌ی به هێرش و تاوانکاریه‌کان هه‌ڵده‌ستێت، هێزێکی بێگانه‌ی داگیرکه‌ره. هێزه‌که‌ش له‌هه‌ردوو باردا له‌شکری داگیرکه‌ری عاره‌بن. له‌هه‌ردوو باردا خه‌ڵکێک نه‌ویستراون و کراونه‌ته ئامانجی هێرش، کوشتن و تاڵانکردن و ده‌ستبه‌سه‌ریان ڕهواکراوه (ئه‌وجا چ له‌به‌ر بڕوای ئایینی یا وابه‌سته‌ی ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه). له‌هه‌ردوو باردا پاکتاوکردن ڕه‌وا کراوه. له‌هه‌ردوو باردا خه‌ڵکێک وه‌کو ته‌لخ یا خاڵی پیس و ناپاک سه‌یرده‌کرێن و پاککردنه‌وه‌یان به پێویست ده‌زاندرێت.
له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌دا و سه‌باره‌ت به کوردستان ده‌کرێ پێناسه‌ی ئه‌نفال گشتگرانه بۆ هه‌ردوو بار پوختکهین و بڵێین: ئه‌نفال واته ڕه‌واکردنی ئایینیانه و ئایدۆلۆژیانه‌ی داگیرکردن، تاڵانکردن، سوتاندن، کاولکردنی خاکی خه‌ڵکی نه‌خوازراو، هه‌روه‌ها پاکتاو و ڕهگبڕینهوه، ڕاونان، کوشتن، گرتن، ده‌ستدرێژیکردن و کۆیله‌کردنی مرۆڤه نه‌خوازراوه‌کان، که مافی ژیانیان له‌به‌ر جودایی ئایین یا ڕه‌گه‌ز له‌لایه‌ن هێزی داگیرکه‌ر لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، ڕه‌وا ده‌کات.
ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ردوو ئه‌نفاله‌که‌ی ئیسلام و به‌عس بکه‌ین، به‌بێ گوێدانه باوه‌ڕی هانده‌ر یا جۆری ڕه‌واکردن، به‌بێ گوێدانه سه‌رده‌می داگیرکاریه‌کان و مه‌به‌ستیان، هه‌ردوو کوشتار، داگیرکاری و تاڵانکاریه‌کان تاوانن دژ به مرۆڤایه‌تی و هه‌ردوو کوشتاریش ده‌چنه خانه‌ی تاوانی ژهنۆسایید. هه‌ردوو تاوانیش کاره‌ساتی گه‌وره‌ن له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویان داوه.
له‌شکری ئیسلام له ئه‌نفاله‌که‌ی خۆیدا ته‌واو سه‌رکه‌وتوو بوو، ڕه‌گی مهزدایزم و مهزدایهکانی بڕیه‌وه، به‌ڵام ڕژێمی به‌عس نه‌یتوانی ناسیۆنی کورد له‌ناو ببات، پلانی گهلکوژانهی خۆی بۆ ته‌واو نه‌کرا، بۆیه ته‌واو سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌عس له 1991 به‌دواوه نابووتکرا، ئه‌و هێزه‌ی نه‌ما و نه‌یتوانی له‌پلانه گهلکوژانهکهی خۆی به‌رده‌وام بێت. ئه‌گه‌ر به‌عس به‌هێز بمابایه، به‌ئه‌گه‌ری زۆر گه‌لکوژیه‌که‌ی ئه‌نفال دوا پاکتاوی ڕژێمی به‌عس نه‌ده‌بوو و ئه‌گه‌ری کاره‌ساتی گه‌وره‌تر سه‌باره‌ت به بوونی ناسیۆنی کورد له باشوری کوردستاندا هه‌بوو.
شاخه‌وان شۆڕش
5.4.2006
[i]عارف قوربانی، “له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر، فه‌ره‌ج ئه‌و ئه‌نفالکراوه‌ی دوای گوله‌بارانکردنی له گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه گه‌یشته واشنتۆن”، کوردستان نێت، 8.2.2004.
[ii] بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی سوڕه‌تی ئه‌نفال سه‌یری: http://www.usc.edu/dept/MSA/quran/008.qmt.html
Brooks, David, 2002,”Inside Saddam’s mind”, Essay, pp.5, [iii]
http://www.aijac.org.au/review/2002/2712/essay2712.html
[iv] مشیل عه‌فله‌ق، 1970، “مه‌سه‌له‌ی کورد و شۆڕشی عاره‌بی”، له “فی سبیل البعث”، به‌شی 5، چاپته‌ری 1، لاپه‌ره. 36-38. سه‌یری
http://albaath.online.fr/VolumeV-Chapters/index-VolumeV.htm
Markusen, Eric ) 2003(, “Genocidal Mentatlities”, The Aegis Review on Genocide, Vol. 1, No. 1. [v]
[vi] . سه‌یری ده‌کومێنتی 11 له په‌رتوکی “ئه‌نفال، کورد و ده‌وڵه‌تی عێراق”، نوسینی شۆڕش حاجی ڕه‌سول، 2003، لاپه‌ره 209.
[vii] سه‌یری ده‌کومێنتی 14 بکه له
Human Right Watch, 1994, ”Bureaucracy of Repression: The Iraqi Government in Its Own Words”
سەرنج بنێرە