کەناڵی NRT و چاوپێکەوتنی قاسماغا

کەناڵی نالیا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو تاوانبارە دەکات و راکانی ئەو بڵاودەکاتەوە. تاوانبار هەرچەندی تاوانبار بێت، مافی خۆیەتی رای خۆی دەربڕێت. بۆیە کێشە ئەوە نییە ئەو تاوانبارە ڕای خۆی دەردەبڕێت، کێشە ئەوەیە چۆن و بەچی شێوەیەک، بەپێی چ رۆژەڤێک. بۆیە دەکرێ پرسیار بکرێت مەبەست لە نیازی ئەو کەنالە چیە و دەیەوێ چی بەخەڵک بڵێت و پەیامەکەی چییە.

کەناڵی NRT و چاوپێکەوتنی قاسماغا

قاسم ئاغا یا قاسمەکۆر هەروەکو خەڵکی شاری کۆیە بەمشێوەیە ناوی دەهێنن، یەکێ لەو سەرۆک جاشانە بوو کە زۆر دژی پێشمەرگە و کەسوکاریان و خەڵکی خەباتگێر بوو، لە کوشتنی پێشمەرگە درێغی نەکردوە و بەشداری گرنگی ئەنفالی کوردی کردووە، دواتر لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١ هاوکاری رژێمی روخاوی کرد، ئەو تاوانبارە لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە بەتایبەتی مەسعود بارزانی پشتگیری راستەوخۆی کرا و تا ئێستا دەکرێت، ژیانێکی باش دەباتەسەر، موچەی بۆ بڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە دادگای باڵای تاوانەکانی بەغدا داواکراوە، بەڵام ناچێتە دادگا، چونکە مەسعود بارزانی پەنای داوە و پستگیری دەکات.

کەناڵی نالیا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو تاوانبارە دەکات و راکانی ئەو بڵاودەکاتەوە. تاوانبار هەرچەندی تاوانبار بێت، مافی خۆیەتی رای خۆی دەربڕێت. بۆیە کێشە ئەوە نییە ئەو تاوانبارە ڕای خۆی دەردەبڕێت، کێشە ئەوەیە چۆن و بەچی شێوەیەک، بەپێی چ رۆژەڤێک. بۆیە دەکرێ پرسیار بکرێت مەبەست لە نیازی ئەو کەنالە چیە و دەیەوێ چی بەخەڵک بڵێت و پەیامەکەی چییە.

دیارە گرنگە هەر تاوانێک کەروویداوە لە چەند لایەن و دیدێکەوە سەیربکرێت، لە دیدی تاوانبار و لایەنگرانی تاوانەکە، هەروەها قوربانیان و لایەنگرانی قوربانیان، هەروەها خەڵکی شارەزا و بێلایەن، تاوەکو بتواندرێ وێنەیەکی گونجاو لەسەر تاوانەکە دروستبکرێت و بتواندرێت بێلایەنانە پەنجە بۆ تاوانەکە و فاکتەکانی تاوانەکە درێژبکرێت.

بۆیە ئەگەر کەنالی نالیا لایەنی قوربانی پشتگوێ بخات و چاوپێکەوتنەکە یەک لایەنە و بێ وەلام بێت، ئەوا وادەکات کە گێرانەوەکە لاینەگر بێت، بەمجۆرە لایەنی ئۆبژەکتیڤبوونی خۆی لەدەست دەدات. بۆیە کەناڵی ناڵیا لەمبارەدا بەرپرسە لە چەواشەکردنی راستیەکان و پێ لە هەستی کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی کوردستان دەنێت. نالیا کارێکی گرنگ دەستپێدەکات، بەڵام دەبێ بزانێ ئەو بابەتە چەند هەستیارە و دەست لەچی دەدات، چونکە قاسم ئاغا بەپشتگیری دەسڵاتی نەزۆکی کوردی ئەو تاونبارەیە کە پەنادراوە، ئازادانە دەسوڕیتەوە و دادگا و رەوایەتی ژێرپێی خۆی دەخات. ئەو بەمجۆرە زڕت لە خەباتگێران و کەسوکاری قوربانیان هەڵدەکێشێت، لە کاتێکدا کەسوکاری قوربانیان تینوی دادگاییکردنی ئەو تاوانبارە و تاوانباری دیکەی وەکو ئەون، خەڵکی قوربانی تینوی گەیشتنە بە دادوەری.

بەپێی پرۆسەیەکی رەوای دادوەری دەبێ قاسم ئاغا و هەموو سەرۆک جاشەکانی دیکە بدرێنە دادگا و دادگا سزایان بۆ دیار بکات. ئەوە پرۆسەیەکی رەوای جیهانییە و بەبێ بوونی ئەو پرۆسەیە دادپەروەری نایەتە دی. ئەو پاساوانەی مەسعود بارزانی جارە جارە لەمبارەیەوە دەیانهێنێتەوە دژایەتی دادوەری و بەرژەوەندیەکانی گەلە. ئەوان کاتی خۆی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان نەوەکو گەل ئەو سەرۆک جاش و سەرۆک خێلانەیان گرتەخۆیان، ئێستاش هەمان بەرژەوەندی ئەوان رێگە بە گەیشتن بەدادوەری دەگرێت.

دەبوایە ئێستا ئەو تاوانبارە لە زیندان بوایە، کە بە ئازادی دەسورێتەوە شانازی بە جاشایەتی و ناپاکیەکانی خۆی دەکات، هەر ئازاردانی کەسوکاری قوربانیان نییە، هەر سوکایەتی بە دادوەری نییە، بەڵکو سوکایەتیە بەو دەسەڵاتە نانیشتیمانیەی لە کوردستاندا هەیە.

شاخەوان شۆرش

22-3-2014