8 ی مارس خەباتێکی نەپساوە بەرەو ئازادی و یەکسانی

لە کوردستاندا بەگشتی ژنان رۆژانە بەرەوڕووی چەوساندنەوە و جوداکاری دەبنەوە، رۆژانە بەروەرووی تیرۆر و کوشتن دەبنەوە. بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان یەکێ لەو کۆمەڵگانەیە کە خەباتی ژنان بۆ ماف و ئازادیەکانیان بە رێگەیەکی سەختدا دەروات و کۆسپی زۆری لەبەردەمدایە. مۆدێرنکردنی کۆمەلگە و کرانەوە لەسەر بنچینەی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسیەکان تاکە رێگەی راستی کۆمەڵگەی کوردستانە کە دەتوانێ کۆمەلگە بگەیەنێتە هەوارێکی تاڕادەیەکی باش ئارام و یەکسانخواز و ئازادیخواز.

8 ی مارس خەباتێکی نەپساوە بەرەو ئازادی و یەکسانی

رێزو خۆشەویستی بۆ ژنانی ئازادیخواز لە کوردستان و جیهاندا
ئەو رۆژە لە ژنانی کوردستان و جیهان پیرۆزبێت

8 ی مارس کە وەکو رۆژی ژنان ناسراوە و هەموو ساڵێک لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە و دروشم بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان بەرزدەکرێنەوە بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان خۆپیشاندان و پرۆتستۆ بەم بۆنەیە بۆ یەکەمجار لە 3  ی مانگی مای ساڵی 1908 دا لە شاری شیکاگۆ سازکرا.

لە ئۆگۆستی 1910 دا لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ژناندا کە لە کۆپنهاگن بەسترا لەوێدا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەلایەن کەسایەتی سۆسیالیستی ئەلمان لویس زیتچ Luise Zietz و دواتر کلارا زیتکین Clara Zetkin پێشنیارکرا کە ساڵانە رۆژێکی نێونەتەوەیی بۆ ژنان دیاربکرێت. ئەوسا هیچ رۆژێک دیار نەکرا. پاشان لەلایەن 100 نوێنەری 17 وڵات ئەو بیرۆکەیە  پەسندکرا. ستراتیژی ئەوان ئەوە بوو لەو رۆژەدا داوای یەکسانی مافەکان لەوانە یەکسانی دەنگدان لەهەڵبژاردندا بکرێت. ساڵی دواتر لە 19ی مارسی1911  دا لە ئۆتریش و دانیمارک و ئەلمانیا و سویسرا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورە بۆ یەکسانی مافەکان و ئازادی ژنان روویاندا. لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنان لە ساڵی1914  دا کە لە 8 ی مارسدا بەسترا، وەکو دەڵێن لەبەر ئەوەی یەکشەم بووە. ئەوسا لە ئەڵمانیا سەردێری دروشمەکان ئازادی ژنان لە دەنگداندا بوو. لە ساڵی 1918 دا ژنانی ئەڵمانیا بەو مافە گەیشتن. لەوساوە واتە 100 ساڵ لەمەوبەر لەو رۆژەوە 8 ی مارس بە رۆژی ژنان ناسراوە لە هەموو جیهاندا دانی پێدا دەندرێت و یادی دەکرێتەوە.

لە رۆژی ژناندا دروشمەکانی یەکسانی لە ماف و ئازادیدا و یەکسانی لەنیوان ژن و پیاودا لە کۆمەڵگەدا داوایان کراوە و دەکرێتەوە، لەبەرئەوەی ژنان بەهۆی جوداکاری و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی، ئابوری و رامیاری لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بەتایبەتی نادیموکراسیەکاندا ئازار دەچێژن. لە وڵاتە پێشکەوتووە دیموکراسیەکانی رۆژئاوادا زۆر لە کێشەکان چارەسەر کراون بەڵام هێشتا کێشەی یەکسانی بەتایبەتی لەبواری موچە و دەسەڵاتدا بەجۆرێ لە جۆرەکان هەر هەن، چەوساندنەوە و دەستدرێژی لەلایەن پیاوانەوە هەن.

خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان لە وڵاتانی کۆنەپارێز و نادیموکراسیدا رێگەکەی زۆر سەختە و ئەگەری هەموو جۆرە کاردانەوەیەکی دڕندانە لەبەرامبەر ژنانی ئازادیخوازدا هەیە. لەو وڵاتانەدا بەتایبەتی وڵاتە موسوڵمانە کۆنەپارێزەکاندا ژنان لە زۆربەی مافەکانیان بێ بەشن، بۆیە ئاستی چەوساندنەوەی ژنان زۆر بەرزە و ساڵانە بەسەدان ژن دەبنە قوربانی دەستی دەرهاویشتەکانی کۆنەپارێزی ئایینی و کەلتوری و پیاوسالاری. کوشتی ژنان لەسەر شەرەف تا ئێستا دیاردەیەکی زۆر دیارە و ئەو تاوانکارییە رۆژانە روودەدات. پێشیلکاری مافی ژنان دەکرێ یاساییانە یا نایاساییانە بێت، ئەوە بەپێی وڵات و کۆمەلگە دەگۆڕێت. دەکرێ پیشێلکاری و چەوساندنەوە بەپێی یاسا لەوڵاتدا رەوا کرابێت. دەکرێ رەوتی کۆنەپارێزی و پیاوسالاری ئایینی و کەلتوری کۆمەڵی یاسای نەنوسراوەیان سەپاندبێت و لە کۆمەلگەدا پیادە دەکرێن.

لە کوردستاندا بەگشتی ژنان رۆژانە بەرەوڕووی چەوساندنەوە و جوداکاری دەبنەوە، رۆژانە بەروەرووی تیرۆر و کوشتن دەبنەوە. بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان یەکێ لەو کۆمەڵگانەیە کە خەباتی ژنان بۆ ماف و ئازادیەکانیان بە رێگەیەکی سەختدا دەروات و کۆسپی زۆری لەبەردەمدایە.

گومان لەوەدا نییە بە هەوڵ و خەباتی ژنان و هەموو ئازادیخوازانی کۆمەڵگە دەکرێ دەستەبەری مافی زیاتر وزیاتری ژنان لە کوردستاندا بکرێت، بۆیە هەوڵ و تێکۆشان لەو بوارەوە ئەرکی لەپێشی هەموو ئازادیخوازانە.

مۆدێرنکردنی کۆمەلگە و کرانەوە لەسەر بنچینەی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسیەکان تاکە رێگەی راستی کۆمەڵگەی کوردستانە کە دەتوانێ کۆمەلگە بگەیەنێتە هەوارێکی تاڕادەیەکی باش ئارام و یەکسانخواز و ئازادیخواز.

بژی ئازادی و سەربەخۆیی ژن
بژی ئازادی و یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا
بژی مافەکانی مرۆڤ

شاخەوان شۆڕش

8-3-2014

سەرچاوە:
International Women’s Day

http://en.wikipedia.org/wiki/International_Women’s_Day