زمانی کوردی لەبەردەم ووشە بێگانەکاندا

کەس بەئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە خۆکردییە

هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا .. نالی

ئەو وتارە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە گۆڤاری هاڤیبوون کە لە ئەڵمانیا دەردەچوو بلاوکراوەتەوە. ئێستا لە رۆژی زمانی دایکدا بەپێویستم زانی دایبەزێنمەوە، هەروەکو ئەو کێشانەی لێرەدا گوتنیان لەسەر کراوە هەر زیندوون و کێشەکانی زمانی کوردی بەردەوامن.

بەرلەوەی بچمە ناو بابەتەکە، دەمەوێ ئەوە رابگەیەنم کەوا  ئەوەی لێرەدا باسی لێکراوە،  تێگەیشتن و بیروبۆچوونێکە لە روانگەی خوێندەوارێکی کوردەوە. واتە من وەکو خوێنەر یا خوێندەوارێکی کورد هاتوومەتە ناو بابەتەکە.

زمان یەکێکە لەفاکتەرە زۆر گرنگەکانی بەنەتەوەبوون، یا بەواتایەکیتر زمان یەکێکە لەبەها گرنگەکانی چەمکی نەتەوە (ناسیۆن)، بۆیە پێویستە لەلایەک بەچاوی بەرپرسی و وریایەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت لەگەل زماندا بکرێ، لەلایەکیتر پارێزگاری، پاککردنەوە و پاکڕاگرتن، هەروەها گەشەپێکردن و پێشخستنی زمان ئەرکێکی لەپێشی زمانزانەکانە. لەو بارودۆخەی ئەمڕۆماندا کەدەزگایەکی یا ناوەندێکی سەرەکی نییە ئەم ئەرکەی زمان بگرێتە ئەستۆ و بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکرابێ، بۆیە دەکرێ بگوترێ ئەمە ئەرکی سەرشانی هەموو ئەو نووسەر و روناکبیرانەیە کە بەتەنگ زمانی کوردیەوە دێن و لە ئازارەکانی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی دەگەن. لێرەدا نەمویست گشتگرانە بلێم هەموو نووسەر و روناکبیرێک، چونکە رەنگە نووسەر هەبێ ئەمە بەگرفتی خۆی نەزانێ، یا کێشەی نەتەوایەتی هێندە لاگرنگ نەبێ.  مەبەستم هەموو ئەوانەیە کە بەشێوەیێ لەشێوەکان لەئازارەکانی نەتەوەی کورد دەدوێن و هەوڵی بۆ دەدەن. ئەرکی سەرشانە چونکە ئەمە بەشێکی گرنگی خەباتی رزگاری نەتەوایەتییە. بەواتایەکیتر ئێمە وەکو نەتەوەیەکی ژێردەست کەوتووینەتە بەر شاڵاوی تواندنەوە لەهەموو ئەو بوارانەی کەبەهای گرنگن بۆ نەتەوە (ناسیۆن)  و بەنەتەوەبوونمان. بۆیە خەباتی نەتەوایەتیمان پێویستە لەهەموو بوارەکانەوەبێ و لەهەموو بوارەکانەوە بەرەنگاری ئەم تواندنەوەو پاکسازییە ببێتەوە، کە نەتەوە داگیرکەرە باڵادەستەکان پیادەی دەکەن.

دیارە بەهاکانی نەتەوە زۆرن، گرنگەکانیان: زمان، خاک، مێژوو، ئایین، ترادیسیۆن و کەلتووری هاوبەش، هەستی نەتەوایەتی هاوبەش. وەک دیارە بەهای تریش هەن کەبۆ بەنەتەوەبوون گرنگن، هەندێکیان گەر لەزمان گرنگتر نەبن چیان لەزمان کەمتر نییە. هەر یەکێک لەم بەهایانە پێویستیان بەگرنگی پێدانی تایبەت هەیە.

بەهۆی ئەم ماوە دوورودرێژەی ژێردەستەیی کوردستان، زمانی کوردی هەرگیز نەیتوانیوە ببێتە زمانی سەرەکی واتە زمانآ کە لەبوارەکانی نووسین، زانست و دەسەڵاتدا جێگای یەکەمی پێبدرێ. بەکورتی لەم ماوەیەی ژێردەستیەدا زمانەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی زمانی باڵادەست بووینە، هەرچی زمانی کوردییە رێزی نەگیراوەو کەم بایەخ ماوەتەوە. ئەم کەم بایەخیەی زمانی کوردی لەبوارەکانی رامیاری، ئابووری، ئایین و کۆمەڵایەتیدا وایکردووە گەلـآ لەنووسەرانی یا “روناکبیرانی” کوردی ئەم سەردەمانە بایەخ بەزمانی کوردی نەدەن.  ئەمە وامایەوە تا لەسەدەی حەڤدەهەمدا، هۆزانڤان و رۆشنبیر خانی بە هۆنراوە کوردیەکانی بانگی یەکگرتنی نەتەوەی کوردی کردو هەوڵیدا سەنگایی و کەسایەتی مرۆڤى کورد بەرزبکاتەوە، هەروەها لەسەدەی نۆزدەهەمدا هۆزانڤان و رۆشنبیر نالی بریاریدا هۆنراوەکانی خۆی بەزمانی کوردی، زمانی سادە و شیرینی خەڵک بهۆنێتەوە. کە دەفەرموێ:

 

کەس بەئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە خۆکردییە

هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا

ئەو زانیاریانەی بەدەستەوەن ئەوە دەرئەخەن کەهەوڵی رۆشنبیرانی کورد بەمەبەستی بەرزکردنەوە و زندووکردنەوەی زمانی کوردی لەسەردەمی ئەوانەوە دەست پێدەکات. ئەو هەوڵە پیرۆزەی زندووکردنەوە و پێشخستنی زمان لەو ساتەوە درێژەی هەیە، بەڵام بەهۆی باڵادەستی نەتەوە داگیرکەرەکان لەوساوە تا ئەمرۆ، ئەم هەوڵە کۆسپی زۆری بۆ دروستکراوە و هەندێجار تارادەیەکی کوشندە سەرکوتکراوە.

دیارە بەهۆی زیاتر هوشیاربوونەوەی نەتەوەی کوردو دەستکردن بەخەباتی رزگاری نیشتیمانی، زمانی کوردی بەگشتی بەرەو بوژانەوە و گەشانەوە هەنگاوینا. لە پەنجاکان، شێستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا زمانی کوردی بەتایبەتی لە خوارووی کوردستاندا و بەهۆی ئەو ئازادیە کەمەی کەپێی رەوابینرا، زۆر بەرچاوانە گەشەیکرد. ئەو شێوە نووسینەی کە ئەمڕۆ لەخواروو و رۆژهەڵاتی کوردستان پەیرەو دەکرێ، لەچاکە و کۆششی نووسەران و روناکبیرانی ئەوساوەیە. ئەوان توانیان بنچینەیەک بۆ رێزمانی کوردی دابرێژن و تارادەیەکی باش گەشە بەزمانەکە بکەن. بەڵام هەوڵەکەیان کەموکوڕی و هەڵەشی تیا هەبووە، ئەمەش شتێکی چاوەروانکراوەو هیچ کارێکی بابەتی و زانستیانە نییە بێکەموکوری بێت. بۆیەش زمان وەک هەر بوارێکیتری زانستی، بەردەوام پێویستی بەچاککردن و گەشەپێکردن هەیە. نموونەی ئەو هەڵانەی کەوتنە ناو زمانی کوردی، دەتوانرآ لەچەند لایەنێکەوە سەیر بکرێن، لەوانە:

  1. هێنانی هەندێ ووشەی عەرەبی و چەسپاندنی لەناو زمانی کوردی. ئەو ووشانە گەلێکیان بەرامبەریان بەکوردی هەیە کە دەبووایە بەهیچ شێوەیەک ووشە عەرەبیەکە زاڵنەکرێتە سەر کوردیەکە، نمونە: حیزب، شاعیر، شیعر، سیاسەت هتد.

  2. هێنانی هەندێ ووشەی عەرەبیتری وەک بۆ نمونە: وەزیر، وەزارەت، حکومەت، دەولەت هتد.. رەنگە هێنانی ئەو ووشە عەرەبیانە ئەوەبووبێ کە لەلایەک ووشەی کوردی بەرامبەر نەبووە، لەلایەکیتر دەستیان نەگەیشتووەتە سەرچاوەی رەسەنی ووشە هاتووەکە، تاکو بتوانن ووشەکە وەکو سەرچاوە رەسەنەکە بەکار بهێنن، ئیتر بەهەر هۆیەکبێ ئەم ووشانە هاتنە ناو زمانی کوردی و جێگایان پێدرا، کەدەکرا ئەو ووشانە وانەبن.

  3. وەرگێڕانی کتومتی ووشەیی بۆ ووشەیەکی بێگانە بەتایبەتی عەرەبی، واتە دۆزینەوەی ووشەیەک کە واتای ووشەکە وەک ووشە بدا. لەروانگەیەکی بابەتیانەوە، یەکەم: وەرگێڕان چاکتر وایە بۆ ووشە رەسەنەکە بکرێ، واتە وەرگێڕان بۆ ئەو ووشەیەی کەئۆرگیناڵە، نەک ووشەیەکی وەگێڕدراو. دووەم: چاکتروایە زیاتر بیر لەفەرمانی ووشە بێگانەکە یا فەرمانی ئەو کارە بکرێتەوە کەووشەکەی بۆ بەکاردەهێنرێ، ئەوجا ووشەیەکی کوردی بۆ دابنرێ کەگونجاوبێ لەگەل فەرمانەکە و پڕبەپیستی کارەکەبێ.

پێویستە بگوترێ کەوا ئەو گەشەکردنەی زمانی کوردی لەخوارووی کوردستاندا لەزۆر کاتدا لەژێر سایەو چاودێری داگیرکەردا بووە، بۆیە کۆسپ خراوەتە بەردەمی دڵسۆزانی زمان و تەنگوچەڵەمەیان بۆ دروستکراوە. دیارە ئەو ئازادیەش کەپێیان رەوابینراوە، سنوورداربووە.

زمان یەکێکە لەو بەهایانەی نەتەوە کەوا بەردەوام لەگۆراندایە، ئەمەش زمانی کوردی وەک هەر زمانێکیتر دەگرێتەوە. ئەم پڕۆسیسی گۆرانکاریە پەیوەستدارە بەگۆڕانە کۆمەڵایەتی، ئابووری، رامیاری و ئایینیەکان. بەهۆی ئەم گۆرانکاریانە، کە بەتایبەتی لەبوارەکانی تەکنەلۆژیاو میدیادا زیاتر بەرچاودەکەون مانگانەو ساڵانە بەدەیان و سەدان ووشەی نوێ دەهێننە ئاراوە. هاتنی ئەو ووشەو چەمکە نوێیانە ئەوە دەخوازن کەوا هەر نەتەوەیەک لەفەرهەنگی ساڵانەی خۆیدا تۆماریان بکا، جا بەو شێوەیەی کە لەلایەن زمانزانانی ئەو شوێنە پەسند دەکرێن. پاشان ئەو فەرهەنگە نوێییە بکەوێتە بەردەستی خوێندەوارانی ئەو وڵاتە، تاکو خوێندەواران بتوانن سوود لەووشە نوێکان بەشێوەیەکی راست و دروست وەربگرن، واتە چ شێوازی نووسین یا گوتن. بەم شێوەیە فەرهەنگەکە دەبێتە ستانداردێک بۆ زمانەکە.

بۆ نمونە لەدانیمارک هەرکاتێ خوێندەوارێک رووبەرووی ووشەیەکی نوێ دەبێتەوەو لەشێوازی نووسین و گوتنی هەرەوەها واتای ووشەکە ناگا، یەکسەر پەنادەباتە بەر فەرهەنگەکەی و چی لەفەرهەنگەکەدا نووسراوە ئەوە پەیرەو دەکا.

واتە ووشەکە جگە لەوەی کەواتاکەی روونکراوەتەوە، بە دانیمارکی کراوەو ئامادەیە بۆ بەکارهێنان. ئەو ووشانە لەزۆربەی بارەکاندا وەکو سەرچاوە ئۆرگیناڵەکە واتە رەسەنەکە بەکاردەهێنرێن. گەر ووشەیەکی دانیمارکیشی بۆ دابنرێ، ئەوا زیاتر بیر لەفەرمانی یا ئەرکی ووشەکە دەکرێتەوە، نەوەکو وەرگێڕانێکی وشک و کتومتی ووشەیی.

دیارە لەوڵاتێکی وەک دانیمارک بەسەدان پسپۆڕ و شارەزای زمان هەیەو زۆربەشیان پشتگیری ئەم پڕۆسیسە دەکەن. خوانەخواستە من بەراوردی دانیمارک و کوردستان وەکو یەک ناکەم و ناڵێم توانای ئێمە وەکو ئەوانە، بەڵام باشە پیاو بزانێ، چۆن نەتەوەیەکی هۆشیار هەڵسوکەوت لەگەڵ زمانەکەی خۆیدا دەکات و بەرەوپێشی دەبا.

بە هۆی ئەوەی نەتەوەی کورد لەزۆرکاتی مێژوودا ژێردەست بووە، بەهەمان شێوەش زمانەکەی نەیتوانیوە هەناسەیەکی ئازادانە هەڵکێشێ، بۆیە گەلـێ ووشە هەن بەتایبەتی لەبوارە زانستیەکاندا نوێ نین و دەگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی رابردوو، بەڵام بۆ ئێمە نوێن و ئێستا زمانی کوردی پێیان ئاشنا دەبی. جا ئەو ووشە کۆنانەی کەبۆ کورد نوێن، هەروەها ووشە نوێکان کە بەردەوام لەزیادبووندان، هەموویان وەک شاڵاوێک روویان لە زمانەکەمان کردووە. ئێ زمانی کوردیش دەبێ پێشوازی لەم ووشەو چەمکە نوێیانە بکا، گەر بیەوێ بەتێروتەسەلی لەبوارە زانستیەکان و گۆڕانکاریەکانی دەوروبەری بگاو لەکاروانی گەشەکردنی زمانەکانیتری جیهان دانەبڕێ.

دیارە پێداویستیەکانی سەردەم ئەوەیان سەپاندۆتە سەر زمانی کوردی، زمانی کوردیش بە شێوەیێ لەشێوەکان ئەو ووشەو چەمکە نوێیانەی تاڕادەیەک وەرگرتووەو وەردەگرێ، بەڵام تاڕادەیەک بەشێوەیەکی چەوت و ناگونجاو.

شایانی گوتنە جگە لەو ووشە نوێیانە، گەلێجار ووشەی عەرەبی بەبێ هیچ هۆیەکی هۆشمەندانەو گونجاو،  لەناو زمانی کوردیدا زۆردیار و زەقن. ئەمەش لەهەموو لایەنەکانی راگەیاندنی کوردیەوە بەراشکاوی دەکەونە بەرچاو، بۆنمونە لەکەناڵی تەلەڤیزیۆن، رادیۆ، گۆڤارو رۆژنامە، کۆرو سیمینار، ووتەی مامۆستای زانکۆکان، ووتەی بەرپرسی پارتەکان هتد.. .

ئەو دیاردەیەی هاتنی ووشەی عەرەبی بەم شێوە بەربڵاوە بۆ ناو زمانی کوردی، گەیشتووەتە ئاستێ کەئێستا لەناو هەڵبەستی کوردیش دەکەونە بەرچاوو بۆتە مۆدیل! ئەمە ئەوە دەردەخا کەراگەیاندنی کوردی و مروڤی کورد تا چ  رادەیەکی زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری بیر و راگەیاندنی عەرەب و زمانی عەرەبی.

ئەو ووشە عەرەبیانە زۆرناڕەوایانە دەهێنرێن و لە شوێنی ووشە کوردیەکاندا دەسەپێنرێن. لەهەندێ باردا ووشەی کوردی گونجاو هەن کەچی ووشە عەرەبیەکە جێگەی ووشە کوردیەکە داگیردەکا. لەراستیدا هێنانی ووشەی عەرەبی و دانانی لەشوێنی ووشەی کوردی بەعەرەبکردنی زمانی کوردییە. نمونەی ئەو ووشانە: ئەقلیم، مەراسیم، ئیشکالیات، فکری، عەقل، مەکتەب، قسم، تەمەننا، مەنفا، متابەعە، حالەت، خەلیج، فەزا، عەلمانی  هتد.. .

دیارە نمونەی لەم جۆرە ووشانە زۆرن، شایانی باسە ئەم ووشانە هەرهەموویان بەرامبەریان بەکوردی هەیە و ووشە کوردیەکانیش زۆر بەتام و چێژترن. بەکورتی هەرچۆنی بێ و بەهەر شێوەیەکبێ چاکترن و گونجاوترن چونکە کوردین.

دیاردەیەکیتر کەبەتایبەتی لەبابەت و لێکۆڵینەوە زانستیەکاندا دەکەونە بەرچاو، ئەوەیە هەندێ ووشە راستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە دەهێنرێ و بەسەر زمانی کوردیدا دەسەپێنرێ. ئەو ووشانەش لەبنچینەدا لەزمانیترەوە بەتایبەتی ئینگلیزی، فەرەنسی و زمانە ئەوروپیەکانیتر سەریان هەڵداوە. عەرەب هاتووە ئەو ووشانەی بەگوێرەی تێگەیشتنی زمانەکەی خۆی وەرگێڕاوەتە سەر عەرەبی و بۆخۆی بەکاریدەهێنێ، کوردەکەش رێک و راست دەچێ ئەم ووشە وەرگێڕدراوە عەرەبییە دەهێنێتە ناو زمانەکەی خۆی وەکو ئەوەی زمانە عەرەبییەکە سەرچاوەی رەسەنی ووشەکەبێ. نمونە: نوخبە، مەدەنی، مەعریفە، ئەخلاقی، عەقلانیەت، نەوعیەت هتد.. . پێویستە بگوترێ ئەم ووشە عەرەبیانە تێگەیشتنێکی عەرەبی دەگرنەخۆیان، کەکوردەکە بێ یەکودوو وەریدەگرێ، ئەم تێگەیشتنە عەرەبیەش لەگەل خۆیدا دەهێنێتە ناو زمان و جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد. یا هەندێ جار کوردەکە هەڵدەستێ بەوەرگێڕانی ووشە عەرەبییەکە کە خۆی ووشەیەکی وەرگێڕدراوە، واتە کوردەکە ووشەکە بۆ جاری دووەم وەردەگێڕێ کەرەنگە ببێتەهۆی زیاتر دوورکەوتنەوە لەمەبەستی سەرەکی ووشە رەسەنەکە خۆی. بۆنمونە کورد هەندێجار لەجیاتی ووشەی عەرەبی “نوخبە” کەخۆی ووشەیەکی وەرگێڕدراوە، ووشەی هەڵبژاردە بەکاردەهێنێ. رەنگە ووشەی هەڵبژاردە زۆر ناگونجاو نەبێ، بەڵام باشترین ووشەش نییە.

دیارە عەرەب چی بۆخۆی بەکاردەهێنێ و چۆن ووشە وەردەگێڕێ لای من گرنگ نییە، بۆیە نامەوێ بچمە ناو ئەوەی ئایا ئەم ووشەیە گونجاوە یا نا. ئەوەی لای من گرنگە ووشە کوردیەکەیە. ووشەی “هەڵبژاردە” ووشەیکی پانوپۆڕەو دەکرێ گەلـێ واتای بۆ دابنرێ. مەبەست لە هەلبژاردە چییە؟ بەهەڵبژاردەی تیپی تۆپی پێی وڵاتیش دەگوترێ هەڵبژاردە. ئایا ئەوانە خەڵکێکن بەدەنگدان هەڵبژێردراون؟ ئایا ئەوانە هەڵبژێردراون لەلایەن دەزگایەکی یاساییەوە؟ ئایا ئەوانە سەر بەگروپێکی تایبەتن؟ رەنگە ووشەی “هەڵبژاردە” واتایتری لەلایەن خوێنەرەوە بخرێتە پاڵ. بەڵام ئایا ووشەکە لەبنچینەدا چییەو سەرچاوەکەی لەکوێییە؟

ووشە ئۆرگیناڵەکە خۆی “ئێلیت”ـە (Elite) کە لەبنچینەدا ووشەیەکی فەڕەنسیەو لەسەدەکانی رابردووەوە سەری هەڵداوە. واتای ووشەی ئێلیت بەکورتی: باشترین و زیرەکترین بەش لەناو گروپێکی دیاریکراودا. واتە ئێلیت دەکرێ بەباشترین و زیرەکترین کەسانی ناو گروپێکی سەربازی بگوترێ! بەهەمان شێوە دەتوانرێ بەباشترین و زیرەکترینی نێوان گروپێکی یاریزانانی بالە بگوترێ! یا بەباشترین و زیرەکترینی نێوان دەستەیەکی بازرگان بگوترێ، یا بۆ بەدەسەڵاتترین کەسانی گروپێک بەکاربهێندرێ!

بەکورتی ئێلیت لەهەموو بارودۆخێکدا پەیوەستدارە بەگروپێکی دیاریکراوەوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەئێلیت دادەنرێن مەرج نییە هەڵبژێردراوبن، مەرج نییە بەڵگەنامەی ئەکادیمیان هەبێ.

ووشەی ئێلیت یەکێکە لەو ووشانەی کە بوونەتە نێونەتەوەیی و گەلـێ لەنەتەوەکانی جیهان وەکو خۆی بەکاری دەهێنن. ئەو نەتەوانە هەندێکیان خاوەنی زمانی دەوڵەمەندن، هەروەها خاوەنی بەهەزاران شارەزا و زانای زمانن. ئەوان بەو پشت ئەستووری و دەوڵەمەندیەی خۆیان، ئەوەیان لاپەسندە، ووشەکە وەک خۆی وەرگرن. دیارە ئەوان دوای توێژینەوەو هەڵسەنگاندنێکی زۆر ئەم رێگایەیان هەڵبژاردوە. بۆیە باشتر وایە ووشەکە وەکو خۆی بەکاربهێنرێ، چونکە ووشەکە وەکو خۆی واتا پڕبەپێستەکە دەدا بەدەستەوە.

ئەم ووشەی ئێلیتە کوردی نییەو بێگانەیە بەزمانی کوردی، بەڵام لەبەرئەوەی لە گەلـێ بواری زانستیدا رۆڵی دیار دەبینێ، بۆیە زمانی کوردی پێویستی پێی هەیە. وەرگرتنی ووشەکەش بەشێوە ئۆرگیناڵەکەی دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی. جا ئەم پێوەرە یا ئەم رێگاچارەیە بۆ هەموو یا زۆربەی ووشەی لەم جۆرە دەکرێ گونجاوبێ.

بەڵام وەرگرتنی ووشەی “نوخبەی” عەرەبی کە خۆی وەرگێڕدراوی ووشەی ئێلیتە، دەبێتە هۆی شێواندنی زمانی کوردی، چونکە ووشەکە: یەک ئۆرگیناڵەکە نییە. دوو خۆی وەرگێڕدراوە. سێ تێگەیشتنێک دەگرێتە خۆی کەکوردی نییە بەڵکو تێگەیشتنێکە سەرچاوەکەی نەتەوەی باڵادەستی عەرەبی داگیرکەرە.

راستر وایە ئەو ووشانەی ئەنتەرناسیونالن واتە نێونەتەوەیین وەکو خۆیان بهێنرێنە ناو زمانی کوردی، ئەگەر ووشەی کوردیشیان لە بەرامبەر بۆدابنرێ، ئەوا پێویستە لەبەر رۆشنایی واتای ووشە رەسەنەکەوە بێت، نەوەکو ووشەیەکی وەرگێردراو.

لەخراپترین باردا گەر ووشەیەکی کوردی بۆ ئەرکێک دانرا، ئەوا ئەو ووشە کوردییە، هەرچۆنێکبێ زۆرچاکترە لە ووشەیەکی عەرەبی، کە ووشەی نەتەوەیەکی بێگانەی داگیرکەرەو لەم کەلتوورەش سەرچاوە دەگرێ. بۆنمونە ووشەی هەڵبژاردە هەرچۆنێکبێ چاکترە لە نوخبەی عەرەبی، لەگەل ئەوەی ووشەکە دەکرێ رەخنەی لێبگیرێ.

نمونەیەکیتری وەرگێڕان لە ووشە وەرگێڕدراوە عەرەبیەکەوە: “گەماڕۆی زیرەکانە” کە لە “عقوبات زەکیە”ی عەرەبیەوە وەرگێڕدراوە. ووشەکە خۆی (Smart-sanction) سمارت سانکشیۆنی ئینگلیزییە. لەراستیدا ووشەی سمارت واتایەکی کتومتی زیرەک نییە، بەواتایەکیتر زیرەک واتای تەواوی سمارت نادا بەدەستەوە. سمارت لەسەرووی زیرەکیدایە، سمارت دەکرێ بۆ رێکوجوان بەکاربهێنرێ، سمارت دەکرێ بۆ کاری ناکاوی ژیرانە بەکاربهێنرێ. بۆیە زۆرجار کەوتنە ناو هەڵەیە گەر وەرگێڕان لە ووشەیەکی وەرگێڕدراوی عەرەبیەوە بکرێ.

پێویستە بگوترێ، ئەو ووشانەی سەرچاوەکەیان عەرەبەو ووشەکە هی ئەوانە بۆ نمونە: قورئان، فەتوا، غەزا هتد. ئاساییە وەک خۆیان بەکاربهێنرێن یا بکوردێندرێن، بۆیە مەبەست لەو جۆرە ووشانە نییە، مەبەست لەو ووشانەیە کە بەعەرەبی کراون و لە بنچینەدا عەرەبی نین.

ئەو ووشانەی ئاسان نییە ووشەی کوردیان بۆدابنرێ، راستتروایە ووشەکان وەکو سەرچاوە رەسەنەکە بەکاربهێنرێن، هەروەها ئەو ووشە عەرەبیانەش کە تائێستا بەکاردەهێنرێن پاکبکرێنەوەو بەووشە رەسەنەکان جێگایان پڕبکرێتەوە. واتە بۆنمونە لەجیاتی ووشەی مەدەنی عەرەبی،  (Civil) سیڤیل دابنرێ. لەجیاتی ئەخلاقی عەرەبی (Moral) مۆڕال بەکاربهێنرێ، ئیتر بەمجۆرە.

هەروەها ئەو ووشە عەرەبیانەی کەووشەی کوردیان لەبەرامبەردا هەیە، کە لەڕاستیدا گەلێجار ئەو ووشە عەرەبیانە شوێنی ووشە کوردیەکانیان داگیرکردووە، ئەو ووشانە پێویستە تووڕهەڵدرێن و زمانی کوردیان لـێ پاک بکرێتەوە.

جیا لەو گرفتانەی سەرەوە، کێشەیەکیتر کە زمانی کوردی تێیکەوتووە، کێشەی شێوەی نووسینە. واتە ئەو شێوەیەی ووشە سادەو لێکدراوەکانی پێدەنووسرێ. ووشە کوردیەکان بەشێوەی جیاجیا دەنووسرێن، هەندێ گۆڤارو رۆژنامە بەشێوەی تایبەت بەخۆیان دەنووسن. مافی ئەوەیان بەخۆیانداوە وەکو ناوەندێکی شارەزاو پسپۆڕی زمان هەڵسوکەوت بکەن. بۆ نمونە: ووشەی “چی بکرێ” . هەندێ دەنووسن چی بکرێ،  هەندێکیتر دەنووسێ چیبکرێ. دیارە ئەمە ووشەیەکی لێکدراوە. هەندێ ووشەکان لەیەکتر جیا دەکەنەوە، هەندێ بەیەکیانەوە دەنووسێنن. نمونەیەکیتر بەکارهێنانی پیتی “و” لە هەندێ ووشەدا، هەندێ یەک “و” دەنووسن، وەکو ووشەی “کردوە”. هەندێ دوو “و” دەنووسن، واتە “کردووە”  هتد.. . لەم دواییانەدا هەندێ سێ “و” بەدوای یەکدا ریزدەکەن لەهەندێ ووشەدا! من لەراستی یا چەوتی ئەو شێوە نووسینانە نادوێم، بەڵام ئەمە گرفتێکی زمانەکەمانەو پێویستی بەچارەسەر هەیە. چونکە ئەمە بووەتە هۆی سەرلێشێواندنی خوێنەری کورد،  خوێنەر دەپرسێ ئایا کام شێوە نووسین راستترەو کام شێوە نووسین پەیڕەوبکرێ چاکترە؟!

دیارە لەبەر نەبوونی دەزگایەکی یا ناوەندێکی سەرەکی کەوا بۆ رێزمانی کوردی تەرخان کرابێ، بەشێوەیێ کەئەرکی پاککردنەوەو پاکڕاگرتن، گەشەپێکردن و مۆدێرنکردن هەروەها شێوازی نووسینی زمانی کوردی بگرێتە ئەستۆ، زمانی کوردی تووشی ئەو کێشانەو کێشەیتر بووە.

پێویستی هەبوونی ناوەندێکی ئاوا، جا ئەو ناوەندە ناوی ناوەندی رێزمانی کوردی بێ یا ناویتر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەبوونی ئەو ناوەندە یەکێ لەپێداویستییە زۆر لەپێشەکانە. ئەمەش پەیوەندی بە نەتەوەو گشت هەیە، بۆیە گەورەترە لە بەرژەوەندی تایبەتی ئەو پارت و ئەم پارت یا ئەو دەزگا و ئەم ناوەند.

ئەمڕۆ لەکوردستاندا دوو دەسەڵات هەن، کەهەردووکیان وەکو دەوڵەت توانای زۆریان هەیە، واتە توانای دارایی، جێگا، خەڵک و کەرستەیتری پێویست، بۆیەش ئەوان دەتوانن و پێویستە لەسەریان ئەم دەزگایە دروست بکەن. وە پێویستیشە ئەم کارە شارەزا و زمانزانانی دەرەوەو ناوەوە بگرێتە خۆی و یەکگرتووبێ، تاکو ئەم دەزگایە رەوایەتیەکی سەرتاسەر یا بەلایەنی کەم زۆربە وەربگرێ و کارەکانیان ببێتە ستاندارد بۆ خوێندەوارانی کورد لە ناوەوە و دەرەوەدا.

بە هەبوونی ئەم جۆرە ناوەندە یا دەزگایە دەتوانرێ ئەم کێشانەی کەزمانی کوردی لە خواروو و رۆژهەڵاتی کوردستاندا تووشی بووە چارەسەر بکرێ.

بۆ نمونە بە دەرکردنی فەرهەنگێکی ساڵانەی کوردی – کوردی وەک بۆ نمونە فەرهەنگی ساڵانەی ئۆکسفۆردی ئینگلیزی – ئینگلیزی، زۆربەی ئەم گرفتانە نامێنن. واتە فەرهەنگێکی ساڵانە کەووشە نوێکان بگرێتەخۆی، واتاکانیان بۆ خوێنەر روونکاتەوە، رۆڵ و تایبەتمەندی رێزمانییان روونکاتەوە، هەرەوها شێوەی نووسینیان بەخوێنەر بگەیەنێ، تاکو خوێنەر بتوانێ بەشێوەیەکی گونجاو و راست بەکاریان بێنێ.

لەبەرئەوەی گۆڕانی زمان شتێکی جیانەکراوەیە لەو گۆڕانکاریانەی جیهانی ئەمرۆدا، دەرکردنی فەرهەنگی ساڵانە کارێکی پێویستی لەپێشی هەر ناسیۆنێکە. دیارە لە زۆربەی وڵاتان دەرکردنی فەرهەنگی ساڵانە زۆر سروشتییە. راستە کورد توانای ئەو وڵاتانەی نییە، بەڵام ئەم کارە دەکرێ گەر مەبەست و ویست هەبێ.

   

……………………………………………….  

  • ئەم بابەتە لەژمارە 11 ی گۆڤاری هاڤیبوون بڵاوکراوەتەوە

  • ئەو وتارە سودی لە وتارێکی شاعیر عەبدوڵا پەشێو وەرگرتووە کە ئەوسا لە هەفتەنامەی میدیا بلاوکرابۆوە. وتارەکە سەرنجی راکێشام و بەپێویستم زانی لە روانگەی خۆمەوە لە بابەتەکە بدوێم، ئەو دوو دێرەی ناڵی شاعیر لە وتارەکەی پەشێو وەرگیراوە.