١٧ ی فێبریوەری، ڕاپەرین دژی گەندەڵی و ناڕەواییەکانی دەسەڵاتداران

تا کوردستان دیموکراتیزە نەکرێت و نەبێتە خاوەن دەستورێکی مۆدێرن و سیستەمێکی دیموکراسی و نیشتیمانی رەوا، تا کوردستان لە چەکداری میلیتس و مافیا چۆڵ نەکرێت خەباتی خەڵک و ناسیۆن دژی ناڕەواییەکان بەردەوام دەبێ و ئەگەرەکانی راپەرینی گەورەتر بەکراوەیی دەمێنێتەوە

هەوێنی خۆپیشاندان و راپەرینی ١٧ فێبریوەری دژی جودارکاری و پەراوێزکردن، گەندەڵی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، تاوان و ناپاکیەکانی دەسەڵاتداران بوو، لە وڵاتێکی بێ دەستور و بێ سیستەمدا کە بنەماڵە و مافیای خاوەن میلیتس دەستیان بەسەردا گرتووە، لە وڵاتیکدا کە دڵنیایی داد بوونی نییە و مافەکانی مرۆڤ رۆژانە پێشێل دەکرێن، دیدوبۆچوونە خێڵەکی و کۆنەپارێزە نازانستیەکان قورگی کۆمەڵگەیان گرتووە.

جێگەی سەرنجە ڕاپەڕینی ١٧ ی فێبریوەری لە هەمانکات و سەردەمی وڵاتانی عەرەبی روویاندا، ئەوەش کاریگەری ئەو شەپۆڵە نارەزاییە دەردەخات کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دژی چەوساندنەوە و نارەواییەکانی بنەماڵە دەسەلاتدارەکان هاتە کایەوە. لە باشوری کوردستاندا سیستەمی بنەماڵەیی و میلیتسگەرایی بە زۆر خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە، جگەلە تایبەتمەندیەکانی کە هەن کۆمەڵێ لەو کێشە و دیاردانەی هەیە کە لە وڵاتانی سیستەم بنەما ڵەیی و نادیموکراسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەن.

راپەڕینی ١٧ ی فێبریوەری بە خوێن نوسرایەوە و قوربانی بەخشی، بۆیە نە قوربانیان و نە ڕاپەرینەکە لە یاد ناکرێن. جگەلەوەی بەڵێنی بۆشی چاکسازی دەسەڵاتداران و پەنادانی تاوانباران، کۆمەڵگەیان هێندەیتر لە بێباکی و لوتبەرزی دەسەڵات نائومێد کردووە.

لە ماوەی پیشوودا بنەماڵەی بارزانی و سەرانی یەکێتی بە رێکەوتنی نێوانیان پێشیان بە دیموکراتیزەکردنی کوردستان گرت، ئێستاش پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان کە پشت بە ئەنجامی ساختەی هەلبژاردن دەبەستێت، پارێزگاریکردنی ئەو رەوتە نادیموکراسیەیە کە پێشتر سەپێندراوە، هەروەها رێکەوتنی کۆمەلێک بازرگان و دەسەڵاتداری گومانلێکرا و تاوانبارە لەسەر پۆست و داهات لەژێرناوی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانیدا. چاوەڕوانناکرێ ئەو رێکەوتنە لەوانەی پێشتر چاکتر بێت. ئەو رێکەوتنە نکۆڵیکردنێکی بەکۆمەڵە لە پەسندکردنی بنەماکانی دیموکراتیزەکردن، کە تورهەڵدانی گەندەڵ و تاوانکاران، هەڵتەکاندنی رەگوڕێشەی سیستەمی فیودالی و بنەماڵەیی و میلیتسگەرایی دەخوازێت. 

تا کوردستان دیموکراتیزە نەکرێت و نەبێتە خاوەن دەستورێکی مۆدێرن و سیستەمێکی دیموکراسی و نیشتیمانی رەوا، تا کوردستان لە چەکداری میلیتس و مافیا چۆڵ نەکرێت خەباتی خەڵک و ناسیۆن دژی ناڕەواییەکان بەردەوام دەبێ و ئەگەرەکانی راپەرینی گەورەتر بەکراوەیی دەمێنێتەوە. 

شاخەوان شۆرش

2014-2-17