عەوڵا سور داستانێکی کەموێنە

عەوڵا سوری فەرماندە شریخە و گرمەی هەورەتریشقە بوو، توڕەیی لەبنەهاتووی کێوەڕەش بوو ئاراستەی دوژمنی داگیرکەر دەکرا. هەڵۆی چاونەترسی رەوەز و شاخەکان بوو ژیر و ئازایانە شوێنی دوژمنی هەڵدەگرت. عەوڵا سور داربەڕووێکی چڕوپری رەگداکوتاوی بناری شاخ بوو و سەری بە خاکی بەرپێی بەرزبوو. ئەو لە زستانا وەکو بەفر سپی و لە بەهەرا وەکو گیا سەوز بوو، لەگەڵ پایز زەرد هەڵدەگەرا و لەگەل بارانی زستاندا دەڕژایە سەر دەشت و بنارەکانی پشدەر و بیتوێن.

عەوڵا سور داستانێکی کەموێنە

لە سەردەمی خەباتی چەکداریی رزاگریخوازی لە باشوری کوردستاندا ناوە ناوە پێشمەرگە و سەرکردەی ئازاو چاونەترس سەریان هەڵداوە و سەرنجی ناوچە و وڵاتیان بەلای ئازایەتی و قارەمانیی خۆیاندا راکێشاوە. سەختە بتوناندرێ هەروائاسان بەراورد لە نێوان ئەو پێشمەرگە و پارتیزانە پاڵەوانانەدا بکرێت کە سەریان هەڵداوە و رووپەخشی خەباتی چەکداریان بە چاڵاکی بوێرانەی کەموێنە نەخشکردووە. عەوڵا سور یەکێ لەو فەرماندە هەرە ئازایەنە بوو کە تەمەنی خەباتی شۆڕشگێرانەی زۆر کورت بوو، بەڵام ئەستێرەیەکی گەشاوەی کۆڵنەدان و خەباتە و داستانێکی کەموێنەیە لە میژووی کوردایەتیدا.

عەوڵا سور کوڕە جوتیارێکی ستەمدیدەی ناوچەی پشدەر و بیتوێن و بناری کێوەڕەش بوو. بەمەینەتی و ئازاری جوتیارەکانی ناوچەکە گۆش و پەروەردەبوو، لەگەڵ ستەم و نارەوایی ئاغاکان و دەرەبەگاکانی ناوچەکە گەورەبوو و لەوێوە فێری بەرخۆدان و خەبات دژی نارەوایی و زۆرداری بوو. عەوڵا سور خەم و ئازاری کرێکار و جوتیارانی ناوچەکەی لەکۆڵکردبوو، کە دەستی دایە چەک ئەو ئازارەی تێکەڵی ئازاری نەتەوە ژێردەسەتەکەی کرد و لە هەناو و بۆتەی کوردایەتیدا گۆشی کرد. خەباتی رزگاریی ئەو رزگارکردنی چینی کرێکار و جوتیاران لەدەستی دەرەبەگ و ستەمکارانی فیودال، هەروەها رزگارکردنی نەتەوەی ژێردەستی کورد لە چنگی وڵاتی داگیرکەری ئێراق بوو.

عەوڵا سوری فەرماندە شریخە و گرمەی هەورەتریشقە بوو، توڕەیی لەبنەهاتووی کێوەڕەش بوو ئاراستەی دوژمنی داگیرکەر دەکرا. هەڵۆی چاونەترسی رەوەز و شاخەکان بوو ژیر و ئازایانە شوێنی دوژمنی هەڵدەگرت. عەوڵا سور داربەڕووێکی چڕوپری رەگداکوتاوی بناری شاخ بوو و سەری بە خاکی بەرپێی بەرزبوو. ئەو لە زستانا وەکو بەفر سپی و لە بەهەرا وەکو گیا سەوز بوو، لەگەڵ پایز زەرد هەڵدەگەرا و لەگەل بارانی زستان دەڕژایە سەر زەویەکانی دەشت و بنارەکانی پشدەر و بیتوێن. عەولا سور جوتیارێکی گیانبەختکردووی ئازا، سادە و پاک بوو. ئەو نمونەی پێشمەرگەیەکەی رەوشتبەرز و خاوەن پرەنسیپی بەرزی خەبات بوو.  ئەو کەم ژیا و کەڵ ژیا، ئاخر ئەو لوتکەی ئازایەتی بوو.

عەوڵا سور لە چالاکی و ئازایەتیدا کەم وێنە بوو، هەر کە ئیوارە دادەهات و تاریکی باڵی دەکێشایە سەر ناوچەکە، سەرباز و جاشی ناوچەکە ترسی هەڵمەتەکانی عەوڵا سور تەنگی پێهەڵدەچنین. دەڵێن ئەوسا لە ناوچەکەدا منداڵی ناو لانکیان بەناوی عەوڵا سور دەنواند!

خوالیخۆشبوو موحسین بایز کە ئەوسا جێگری فەرماندەی هەرێم بوو، دەیگێرایەوە، “کە بۆ چاڵاکی دەچووین، عەوڵا سور ئارپیچیەکەی دەخستەسەرشان و پێش هەموومان دەکەوت، کە پێشمەرگەکان ئەویان بەو شێوەیە دەبینی ئیتر ئەوانیش ورەیان بەرزدەبۆوە و دەبوون بە ئاگر”.

لەبەهاری ١٩٨١ دا شەری براکوژی لەنێوان یەکیتی و سۆسیالیست هەلگیرسا. عەوڵا سور دژی شەر بوو. عەوڵا سور کوڕە جوتیار و فەرماندەی هەرێمی ١٤ ی کێوەڕەش ئامادەی شەری براکوژی لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی نەبوو بۆیە لە کۆتایی هاوینی ١٩٨١دا گەڕایەوە ناوچەی دۆڵەرەقە و لایوابوو هیزەکانی یەکیتی تێی دەگەن، لەگەڵ ئەوەی هاوڕییانی زۆریان داوالێکرد نەگەریتەوە بۆ دۆڵەرەقە و ئەوێ جێگەی مەترسییە. بەڵام ئەو سوڕ بوو لەسەر گەڕانەوە و بەجۆرێ لەجۆرەکان دانیشتن..

عەوڵا سوور پارتیزانی ناوچەی بیتوێن و کێوەڕەش، لە ٢٨ ی ئۆکتۆبەری ١٩٨١ دا لە دٶلەڕەقە هێزەکانی یەکێتی دەوریاندا و تادوا فیشەک شەڕیکرد، حەوت کەس لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی کوژران، لە کۆتاییدا لەسەر بەڵینی شەرەف خۆی دایە دەست هێزەکانی یەکێتی کە نەوشێروان مستەفا سەرپەرشتی دەکردن. بەڵام نەوشێروان مستەفا بەدەستی خۆی گوللەبارانیکرد. کاتێ ئەو پاڵەوانە گوللەبارانکرا، سەرباز و جاشەکانی دوژمن ئاهەنگیان لە خۆشیان گێرا. نەوشێروان مستەفا ئەوسا دەیویست حسک لە ناوچەکەدا پاککاتەوە بۆیە بەهێزێکی زۆرەوە دەوری عەولا سوری گرت و پاشان ئەو قارەمانەی بە دیلی لەناوبرد. دیارە ئەو بەو کارەی لەوێ ئامانجی خۆی پێکا و سۆسیالست لەدوای نەمانی عەوڵا سور لەو ناوچەیەدا کوێربووەوە.

کاک غازی یەعقوب سەبارەت بە عەوڵا سور دەڵێ: سلاو بۆ گيانى نه مران، بەراستى عەوڵا سور قارەمان بوو، بەر لەو كاته من بەرپرسى سياسى سنوورى هەرێمەكه بووم، ماوەيەكى باش لەگەڵ شەهيد عەولا سور بووم، خۆشەويستيەكى بێ سنوورى بۆ جوتيار و هـەژارانى دەڤەرەكه هەبوو، زۆر دژى ستەمكار بوو وەك كوره جوتياريك تەحەداى سواراغاى دەكرد. قسەیەكى جوانی هەبوو هەموو جارێ دووبارەى دەكردەوە، دەيگوت “بەگەنجى بارەدارێكم له چيا كۆكردەوه بۆمالى باوكی سواراغام برد له بەرامبەر قەنده شەكرێكدا، كەچی نەشياندامێ”.  سواراغا زۆر داخلەدڵ بوو بۆ له ناوبردنى عەوڵا سور بەڵام جورئەتى نەدەكرد. جا شەهيدكردنى وێراى خالەكانى دیکە، جێبەكردنى خواستى سوارائاغا بوو، زۆر جار چەپی درۆزن بيئاگا له خزمەتى داگيركاردایە.

سوارائاغا کە ئەو کاتە سەر بە یەکێتی بوو، خاوەنی هێزیكی زۆر گەورە بوو لە ناوچەی دۆڵە رەقە. عەوڵا سور لە ناوچەکەدا تاکە رکابەری بوو کە هێزی دیاری هەبێت. جگەلەوەی ناوبانگی ئازایەتی و چاڵاکیەکانی عەوڵا سور وایانکردبوو کە عەوڵا سور زۆر بەرزبکەنەوە.  وەکو کاک غازی ئاماژەی پێدەکات نەمانی عەوڵا سور ئاواتێکی دیاری سواراغا بووە، کە سکرتێری ئەوسای کۆمەڵەی مارکسی و لینینی رەنجدەرانی کوردستان بۆی جێبەجێکرد.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، کە تاوانەکانی شەری براکوژی نابێ لەبیربکرێن و پێویستە لەسەر ئەو لایەنانەی لە براکوژی بەشداریان کردووە داوای لێبوردن لە گەل بکەن، هەروەها ئەو تاوانبارانەی کە راستەوخۆ تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە دادگاییبکرێن و سزای رەوایان بۆ ببڕدرێتەوە. ئەوە دەربڕینی رقوکینە نییە و تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی پێویستی گەیشتنە بە دادوەری لە چوارچیوەی کانوندا. ئەو پرۆسە دادوەرییە پرۆسەیەکی ڕەوای دانپێندراوە لە ئاستی جیهانیدا.

شاخەوان شۆڕش

2014-2-7