هەڵە و کێشەکانی چارەسەر لە روانگەی چارەسەری نەخۆشێکدا

نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ دواكه‌وت چونكه‌ ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ی به‌ ملیۆنان دۆلاری تێچووه‌ ساده‌ترین tube ی ئازمایشی خوێنی لێنه‌بوو. ناچار نه‌خۆشه‌كه‌ چوو له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پاره‌ی خۆی ئازمایشه‌كه‌ی ئانجام دا .چوونی ئه‌م نه‌خۆشه‌ قورسه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ زۆر مه‌ترسی داره‌ .نه‌خۆشه‌كه‌ بۆی هه‌بوو خوو بگرێ واته‌ په‌ركه‌می بێتێ یان بكه‌وێ و بمرێ .

به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ٣ ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا كارمه‌ندێكی به‌ڕێز و خۆشه‌ویستی زانكۆی سۆران توشی نه‌خۆشیه‌كی كت و پڕی مێشك بوو و وا پێویستی كرد كه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی خێرای سه‌ری بۆ بكرێت له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ نوێكانی شاری هه‌ولێر . سوپاسی دكتۆر ی به‌ڕێز ده‌كه‌ین كه‌ له‌كاتی پێویستا نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ی بۆ نه‌خۆشه‌كه‌مان ئه‌نجام دا. خۆشبه‌ختانه‌ ته‌ندوستی برای كارمه‌ندمان جێگیره‌ و به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ده‌چێت .

من ئه‌م تێبینیانه‌ی خواره‌وه‌م له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ هه‌بوو و حه‌زده‌كه‌م ئێوه‌ی به‌ڕێزیشی لێ ئاگادار بكه‌مه‌وه‌ به‌ هیوای چاكتر كردنی ڕه‌وشی ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌مان.

 ئه‌شیعه‌ی مێشك واته  CT scanning بۆ نه‌خۆش گیرا به‌ پاره‌ی خۆی، به‌ڵام حكومه‌تمان هه‌ژار نیه‌. وه‌ڵامه‌كه‌یان له‌ نه‌خۆش نه‌گه‌یاند ، به‌ڵام دكتۆر گوتی تۆ ده‌بێ هه‌ر ئێستا داخلی نه‌خۆشخانه‌ بیت و له‌گه‌ڵ نه‌شته‌رگه‌رێك قسه‌ بكه‌یت.

ته‌ندوستی نه‌خۆش مولكی نه‌خۆشه‌ بۆیه‌ پێویست بوو نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ هێمنانه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئاگاداربكرێته‌وه‌ نه‌ك زراو ڕێژی كه‌ن به‌بێ بنه‌ما تا ده‌گاته‌ لای نه‌شته‌رگه‌ر.

 ~ له‌به‌رده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ نه‌خۆش و براكه‌ی ڕه‌زیلكران تا ڕێگه‌یان پێدرا بچنه‌ ژووره‌وه‌ . ئه‌و دكتۆره‌ی یه‌كه‌م جار نه‌خۆشه‌كه‌ی بینی ده‌بوایه‌ به‌ ته‌له‌فۆن نه‌خۆشخانه‌ و پیاوانی به‌رده‌رگا ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ له‌ هاتنی ئه‌م نه‌خۆشه‌ .

 ~نه‌خۆشه‌كه‌ نزیكه‌ی كاتژمێرێك چاوه‌ڕوان بوو تا دكتۆری بینی .ده‌بێ دڵی ئه‌م نه‌خۆشه‌ چی كردبێت له‌م كاتژمێره‌یا و نازانێ ده‌رده‌كه‌ی چیه‌.

 ~وێنه‌كان ده‌بوایه‌ به‌ Viber بۆ نه‌شته‌رگه‌ر بنێردرێن ،به‌ڵام خه‌ت نه‌بوو!

به‌ ڕای من نه‌شته‌رگه‌ری ئێشكگر ده‌بوایه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوایه‌ نه‌ك له‌ عیاده‌كه‌ی خۆی.

 ~نه‌شته‌رگه‌ر و به‌تایبه‌ت دكتۆرێكی هاوڕێی هاتنه‌ لای نه‌خۆش به‌بێ سڵاو و خۆناساندن كه‌وتنه‌ پرسیار له‌ نه‌خۆش! بۆیه‌ نه‌خۆش نه‌یده‌زانی ئه‌و بابایانه‌ كێن لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن !

بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی نه‌خۆش زۆر پێویسته‌ دكتۆر وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشا بكات ، لێكتێگه‌یشتنیش یارمه‌تی دكتۆرده‌دات كه‌ سه‌ر له‌ ده‌ردی نه‌خۆش ده‌ربكات و بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ش نیوه‌ی چاره‌یه‌.

 ~نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ دواكه‌وت چونكه‌ ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ی به‌ ملیۆنان دۆلاری تێچووه‌ ساده‌ترین tube ی ئازمایشی خوێنی لێنه‌بوو. ناچار نه‌خۆشه‌كه‌ چوو له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پاره‌ی خۆی ئازمایشه‌كه‌ی ئانجام دا .

چوونی ئه‌م نه‌خۆشه‌ قورسه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ زۆر مه‌ترسی داره‌ .نه‌خۆشه‌كه‌ بۆی هه‌بوو خوو ی بگرێ واته‌ په‌ركه‌می بێتێ یان بكه‌وێ و بمرێ .

نه‌خۆش نه‌یتوانی چاوه‌رێی ئه‌نجامی ئازمایشه‌كه‌ بكات گه‌ڕایه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ .برایێكی نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌ ،به‌ڵام له‌ به‌رده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ ڕێگه‌ی پێ نه‌درا بێته‌ ژووره‌وه‌ تا دكتۆری ئێشكگر هاته‌ وه‌ڵام .به‌ڵام ده‌رگاوانێكیان زۆر بێ ڕه‌وشتانه‌ خۆی له‌ دكتۆره‌كه‌ توڕه‌ كرد،دكتۆره‌كه‌ نه‌رمی نه‌نواندبایه‌ لێیده‌درا .

نه‌بوونی كه‌ره‌سه‌ی پێویست له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌م و كورتی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌.

 ~نه‌خۆشه‌كه‌یان ڕاخسته‌ سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یێكی خوێناوی كه‌ به‌ كاغه‌زێكی پیسی به‌كارهاتوو داپۆشرابوو .

بۆده‌بێ نه‌خۆشخانه‌یێكی وا مۆدێرن شۆرینگه‌ی تایبه‌تی خۆی نه‌بێت.بۆ ده‌بێ كه‌سێك نه‌بێ ئه‌م كاغه‌زه‌ پیسانه‌ بگۆڕێ . زۆرێك له‌ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كورد نین له‌ كاتێكا من دڵنیام كه‌ به‌ده‌یان بندیوار له‌په‌رێزی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌خۆن.

 ~ كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌ داوای له‌ نه‌خۆش كرد بچێ ١ بوتڵ خوێن ئاماده‌ بكات ،نه‌وه‌ك له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری خوێنی له‌به‌ربڕوات !

ئه‌مه‌ ئه‌ركی نه‌خۆشخانه‌یه‌ نه‌ك نه‌خۆش.

١ بوتڵ خوێنی بۆ ئاماده‌كرا و داوای لێكرا كه‌ به‌زوترین كات ٢ بوتڵ خوێن له‌ بری ١ بوتڵه‌كه‌ بداته‌وه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌.

نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌بوایه‌ پرسی پێ بكرێت كه‌ ئایا ئاماده‌یه‌ له‌ بری یه‌ك بوتڵ دوو بوتڵ خوێن ببه‌خشێ .

 ~ خۆشبه‌ختانه‌ و به‌ یارمه‌تی دكتۆر و په‌رستاره‌كان نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ ته‌واو بوو .له‌ پڕێكا ئافره‌تێك وه‌ده‌ركه‌وت و ووتی بێنن به‌تانی بێنن ، نه‌تان هاوردووه‌ ! گه‌ره‌كه‌ بچن له‌ماڵ به‌تانی بێنن !

نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه‌ به‌ده‌یان ملیۆن دۆلاری تێچووه‌ ده‌بوایه‌ به‌تانی پاكی خۆی هه‌بوایه‌.به‌تانیێك جا له‌ماڵێكه‌وه‌ بهێنرێت یان له‌ كارگه‌وه‌ بهێنرێت بێگومان به‌ هه‌زاران میكرۆب ته‌نراوه‌ . له‌ هه‌موو جیهان كارمه‌ندی ته‌ندرووستی نابێت ئه‌نگوستیله‌ و خه‌ناوكه‌و بازن و هتد له‌ كاتی كاركردن به‌كاربهێنن بۆئه‌وه‌ی ڕاده‌ی میكرۆبی نه‌خۆشخانه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ .ڕه‌چاو كردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌سه‌دا ٦٥ ی نه‌خۆشییه‌كانی كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تووشی خه‌ڵك دێن كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

 ~كه‌س و كاری نه‌خۆش ده‌بێ هه‌ر خۆیان نه‌خۆشه‌كه‌ له‌قه‌ره‌وێله‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌وه‌ڵه‌یێكی تر بگوازنه‌وه‌ له‌كاتێكا ئه‌مه‌ كار و ئه‌ركی كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌یه‌ .

 ~كه‌س و كاری نه‌خۆش ده‌بێ بچن په‌رستاری ژووری ئیمێرژنسی ،كه‌ به‌ته‌نییایه‌، ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ و داوای لێبكه‌ن كه‌ بێت نه‌خۆشه‌كه‌ بباته‌ ژووره‌كه‌ی خۆی!

ئه‌م كاره‌ ده‌بوایه‌ پێش نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ ڕێكبخرایه‌.ته‌له‌فۆنیش بۆ ئه‌م كاره‌ سوودی هه‌یه‌ .

 ~ ژوڕناڵی )ته‌به‌له‌) ی نه‌خۆشه‌كه‌و ڕاچێته‌یه‌كیان دایه‌ كه‌س و كاری نه‌خۆش و داوایان لێكردن بچن ده‌رمان له‌ ده‌رمانخانه‌كه‌ بهێنن !

له‌ هه‌موو دنیای شارستان ئه‌مه‌ كارێكی زۆرنابه‌جێیه‌ و تاڕاده‌یه‌ك تاوانیشه‌ .كه‌سانێك هه‌رچه‌ند له‌نه‌خۆشه‌كه‌ش نزیك بن بۆیان هه‌یه‌ ده‌سكاری ده‌رمانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ به‌كاره‌سات ته‌واو بێت، من باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رمانه‌ ده‌ستنه‌كه‌وێ كێ بڕیار ده‌دات كام ده‌رمانی تر هه‌ڵبژێرن بۆ نه‌خۆش .

 ~دكتۆرێك هات سه‌ردانی قاوشه‌كه‌ بكات ، ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت له‌ نه‌خۆشه‌كان نزیك نه‌كه‌وته‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ په‌رستاره‌كه‌ پرته‌پرتێكی لێهات و ڕۆیشت .

ئه‌مانه‌و كۆمه‌ڵێك وورده‌ سه‌رنجی تر .

ئه‌م كه‌موكورتیانه‌ ده‌بێ باسبكرێن چونكه‌ من دڵنیام به‌ ده‌ستباری هه‌موو لایه‌ك ئێمه‌ش ده‌توانین كه‌م و كورتیه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌كانیش بكه‌ینه‌ مایه‌ی دڵنیایی خه‌ڵك .

هیپۆكرات پێش زێتر له‌ سێ هه‌زار ساڵ فه‌رموویه‌تی دكتۆر به‌ر له‌ر هه‌ر شتێ ده‌بێ وریا بێ زیان به‌ نه‌خۆش نه‌گه‌یه‌نێت .هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی ئه‌گه‌ر دكتۆرێك توانای قسه‌كردنیشی له‌گه‌ڵ نه‌خۆش هه‌بێت ئه‌و دكتۆره‌ وه‌ك خواوه‌ند وایه‌ .

د. کامەران شۆڕش

نۆڤەمبەری 2013