کەرکوک و کەمتەرخەمیەکان
ئێستا نییە کەرکوک بۆتە یەکێ لەو شوێنانەی کە زوو زووە کاری تیرۆریستی لێ ئەنجام دەدرێت، ئەوجا چ لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانی ناو ئێراق یا گروپە ئیسلامیستە تیرۆرسیتەکانەوە بێت. کەرکوک شارێکە بۆ کورد گرنگترین ستاتوسی هەیە، بەڵام لەلای دەسەڵاتی کوردیەوە لەبەر ململانێی حیزبی و بێسەروبەری دەسەڵاتی کوردی پەرواێزخراوە.
ئێستا نییە کەرکوک بۆتە یەکێ لەو شوێنانەی کە زوو زووە کاری تیرۆریستی لێ ئەنجام دەدرێت، ئەوجا چ لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانی ناو ئێراق یا گروپە ئیسلامیستە تیرۆرسیتەکانەوە بێت.
کەرکوک شارێکە بۆ کورد گرنگترین ستاتوسی هەیە، بەڵام لەلای دەسەڵاتی کوردیەوە لەبەر ململانێی حیزبی و بێسەروبەری دەسەڵاتی کوردی پەرواێزخراوە، بۆ نمونە تائێستا لە کەرکوکدا دوو هێزی ئاسایشی سەر بە یەکێتی و پارتی هەن. ئەوەش لاوازی و ناهوشیاری کورد وەکو نەتەوە وێنە دەکات. کەرکوک دەبوایە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان بێت، ئەگەر دەسەڵاتی کوردی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوایە. ستاتوسی گرنگی کەرکوک پێویستی دەکات کە هەرچی ناتەبایی و جوادیی لەنیوان پارتەکاندا هەیە بخرێتە دواوەی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکە، کە گرنگی پێدانی کەرکوکە لەلایەنی ئاسایش و رامیاری و ئابوریەوە. جودایی دەکرێ هەمیشە هەبێت، بەڵام لەسەر کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا نابێ کاریگەری هەبێت. ئەوە دوو پارچەییەی کە پارتی و یەکێتی لە زۆر بواردا لەوانە سەبارەت بە کەرکوک دروستیان کردووە، ئاماژە بە ناهوشیاریی نەتەوەیی دەکەن.
سەبارەت بە خودی کارە تیرۆریستیەکەی رۆژی ٤ ی دیسێمبەر و بەشداری بەرەی نوسرە لە هێرشەکەدا، ئەوە دووپاتی هاوکاریکردنی یەکتری گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە قاعیدە دەکەنەوە، دووپاتی بوونی مەترسی لەسەر ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان دەکەنەوە، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە باری ئاسایشی گەلێ ناوچە لەوانە کەرکوک لەرزۆکە و کێشەی زۆرە.
مشتومڕو بلاوکردنەوەی هەواڵی دژ بەیەک، یا هەوڵدان بەخۆییکردنی سەرکەوتنی هێزەکانی ئەو لایەن و ئەو لایەن، پیشاندانی ئەو ماڵوێرانییە کە ئەو دوو پارتە بەسەر کوردیاندا هێناوە، پێشاندانی ئاستی نزمی بیرکردنەوەی بەرپرسانی ئەو دوو پارتەیە.
سەبارەت بەوەی گوایە لەنێو تیرۆریستەکاندا دوو کوردی هەلەبجە هەن و لەو هێرشەدا کوژراون، ئەگەر ئەوە راستبێت، ئاماژە بە بوونی کێشەی پاشکەوتوویی و ناهوشیاری کۆمەڵگەی کوردی دەکەن، ئاماژە بە ناسەرکەوتوویی دەسەڵاتی کوردی لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هوشیار و سەردەمیانەدا دەکەن. من کێشەکە لەو دوو گەنجە تووندرەوەدا نابینم بەڵکو لەکۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینم. ئەگەر کۆمەڵگە هۆشیار و تەندروست بێت، گەنجیش ئەرک و مافەکانی دیار دەبێت و ناکەوێتە داوی تووندڕەو و تیرۆریستانەوە. ئەرکی دەسەڵاتدارانە لە هۆکارەکانی پشتی ئەو دیاردەیە بکۆڵنەوە و بزانین ئەوان واتە دەسەڵات و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە لەچی نەگەیشتوون و لەچی لەپاشن؟ کێشەکان چین و دەبێ بۆ نەوەی داهاتووی کۆمەڵگە چی بکرێت؟ هۆکارەکانی دروستبوونی تووندەڕەوی ئایینی چین؟ ئەرک و پێداویستیەکانی دامەزراوەکانی کۆمەلگە و ئەندامانی چین؟ هتد.
شاخەوان شۆڕش
2013-12-4
سەرنج بنێرە