یەکخستەنەوەی ئاسایشی پارتی و یەکێتی لە کەرکوکدا!؟

کە دوای ١٠ ساڵ دەگوترێت پارتی و یەکێتی بڕیاری یەکگرتنی هێزەکانی ئاسایشیان لە کەرکوک داوە، ئەوە پیشانی دەدات کە کورد وەک نەتەوە چەند لاوازە، بەجۆرێک کە وابەستەیی خێڵ و حیزبی تائێستا لای سەرانی پارتی و یەکێتی لە وابەستەیی نەتەوە گرنگترە.

بە پێی هەواڵەکان پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە هێزەکانی ئاسایشی کەرکوک یەکخەنەوە.

کەرکوک لە ٢٠٠٣ دا ئازادکرا، بڕیاردرا بەپێی بڕیاری ٥٨ کە دواتر بووە ١٤٠ کێشەی سنور و کەرکوک تا کۆتایی ٢٠٠٧ تەواو چارەسەر بکرێت. قۆناغی گواستنەوە تێپەڕی و دەستوری هەمیشەیی پەسندکرا، حکومەتی ئێراق دروستکرایەوە و دەسەڵاتی نوێ لە ٢٠٠٥ دا هەلبژێردرا بەڵام هیچی ئەوتۆ بۆ کێشەی کەرکوک نەکرا. ساڵی  ٢٠٠٧ کۆتایی هات، بەڵام کێشەی سنور و کەرکوک هیچی بۆنەکرا. ئێستا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ یە کێشەی سنور و کەرکوک وەکو پێشوو چەقی بەستووە و ناجوڵێ. سەرۆک و حکومەتی هەرێم ناوە ناوە دەڵێن خەریکی چارەسەری ماددەی ١٤٠ ین، بەڵام ئەو گوتنە ١٠ ساڵە دەگوترێت و هیچی لێ شین نەبووە، بۆیە کەس متمانەی بەو گوتنانە نەماوە.

کە دوای ١٠ ساڵ دەگوترێت پارتی و یەکێتی بڕیاری یەکگرتنی هێزەکانی ئاسایشیان لە کەرکوک داوە، ئەوە پیشانی دەدات کە کورد وەک نەتەوە چەند لاوازە، بەجۆرێک کە وابەستەیی خێڵ و حیزبی تائێستا لای سەرانی پارتی و یەکێتی لە وابەستەیی نەتەوە گرنگترە. بۆیە سەیر نییە کە تائێستا گرنگترین کێشە بێچارەسەر ماوەتەوە.  کە ئیستا ئەو بڕیارە دەدەن گومان لەوەدایە کە ئەو بڕیارە لە روانگەی هوشیاریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە سەریهەڵدابێت، بەلکو واپێدەچێ ئەوە یەکێکە لەدەرئەنجامەکانی شکستی یەکێتی لە ناوچەی سەوزدا.

دیارە هێزەکانی ئاسایشی کوردستان بەگشتی سەر بە سەرۆک و پارتی دەسەڵاتدارن و بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەوان کاردەکەن بۆیە ئەوانە هێزی میلیتسی سەر بە پارتن نەک نیشتیمانی. جگەلەوە هێزی لەشێوەی ئاسایش تەنها لە سیستەمە داپلۆسێنەرەکاندا هەن، وەکو هێزی ئەمنی ئێراقی سەردەمی سەدام یا هێزی ئەمنی رژێمی سوریا هتد.. هێزەکانی پۆلیس دەتوانن و ئەرکی ئەوانە بە کاری پاراستنی ئاسایشی هاولاتی و وڵات هەلسن، هەروەکو لە وڵاتە ئازاد و دیموکراسیەکاندا ئەوهایە. لەلایەکیتر بوونی دوو هێزی ئاسایش لە شارێکی وەک کەرکوکدا سکەندالێکی زەقە بۆ سەرۆک  و حکومەتی بەناو هەرێم لەراستیدا. ئەگەر سەرۆک و حکومەتێک نەتوانن هێزەکانی پارێزگاری ئاسایشی شارێکی گرنگی وەک کەرکوک رێکبخەن، ئەوە ئاماژە بە بێتوانایی و ناسەرکوتوویی ئەو سەرۆک و دەسەڵاتە دەکات.

پێویستە ئەوەش بیربخەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر چەقبەستنی کێشەی سنور و کەرکوک هیچ هەلوێستی نەبووە، تەنها بۆ جارێکیش خۆی لەبەغدا توڕە نەکردووە. بەڵام لەسەر پارە  و کێشەی نەوت هێزی زێرەڤان و پێشمەرگە نێردرانە سنورەکان و بەرامبەر بە سوپای دیجلە وەستان!

شاخەوان شۆرش

2013-11-27