نا بۆ سێدارە

لەسێدارەدانی لاوانی کورد و سەر بە گروپی ئێتنی دیکە لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، تاوانە دەرهەق بەو مرۆڤانە دەکرێت، کە هیچ کامیان لە دادگایەکی رەوادا کەیسەکانیان سەیری نەکراوە. دادگاکانی ئێران سەربەخۆ نین و بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزمەوە پەیوەستدارن. جگەلەوەی گرتن و لەسێدارەدان لەسەر داواکردنی ئازادی یا جودایی بیرورا و تاوانبارکردنیان بە پیلانگێری دژی ئاسایشی وڵات یا دژایەتی ئیسلام و خودا، پێشێلکردنی مافی ئەو مرۆڤانەیە

قەدەغەکردنی لەسێدارەدان پشتگیریەکی جیهانی هەیە و دەیان ساڵە لە ئەوروپا لەسیدارەدان نەماوە، بۆ نمونە لە دانیمارک لە سالێ ١٩٣٣ دا قەدەغەکرا و دوای جەنگی جیهانی دووەم وردە وردە لە زۆربەی وڵاتانی ئەروپا کۆتایی پێهێندرا. رێکخراوی گەروەی جیهانی هەن کە کار بۆ نەهێشتنی سزای کوشتن دەکەن لەوانە ئەمنستی Amnesty International و رێکخراوی “هاوپەیمانی جیهانی دژی سزای کوشتن” World Coalition against Death Penalty  کاری بەردەوام بۆ نەهێشتنی سزای کوشتن دەکەن. لەو وڵاتانەی سزای کوشتن بەبەرفراوانی پەیرەو دەکرێت لەوانە چین، ئێران، سعودیە، ئێراق، کۆریا و یەمەن لەریزی پێشەوەدان.

پێوسیتە خەڵکی کوردستان بەرێکخراو و پارتەکانیەوە دژی سزای کوشتن و لەسێدارەدان بوەستنەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی نەتەوەی کورد هەمیشە ژێردەستە بووە و بەهۆی ئەو سزایە نارەوایە ناڵاندوویەتی و بەسەدان هەزار مرۆڤی کورد لەسەر جودایی بیرورا و داوای ئازادی بوونەتە قوربانی ئەو سزایە، بۆیە ئەرکی لەپێشی ئازادیخوازانە کە هەوڵ بۆ نە‌هێشتنی ئەو سزایە بدەن.

دووەم ئەو سزایە دژی مرۆڤایەتی و بنچینەسەرەتاییەکانی مافی مرۆڤە بۆ ژیان. ژیان مافێکی بنچینەیی مرۆڤە و نەهێشتنی ژیان لەرێگەی سزای کوشتن دژی ئەو مافەیە. سەبارەت بە تاوانەکانی کەتن وەکو پیاوکوشتن، دزیکردن، قاچاغکردن، یا تاوانی دیکە چارەسەری تاوانەکانی کەتن لەرێگەی کوشتنەوە ناکرێت و تاوانەکانی کەتن زیاتر دەبن کەمتر نابنەوە.  سزای کوشتن چارەسەرێکە کە لە هۆکارەبنچینەییەکان ڕادەکات و نایەوێ لێیان بکۆڵیتەوە، چارەسەرێکە تێپەڕاندن و بازدانە بەسەر رووداو بێئەوەی هەروەستە لە ئاست هۆکارو باکگراوند و ئەنجام و دەرهاویشتەکاندا بکات. جگەلەوەی سزای کوشتن هیچ شانسێک بۆ کەسی تاوانبار ناهێلێتەوە کە خۆی چاکبکاتەوە. هەروەها ئەو خێزانەی کە مرۆڤەکەی لە رێگەی کوشتنەوە لەدەستداوە، کاریگەریەکی کوشندەی هەمیشەیی لەسەر بوونیدا دروست دەبێت و برینێکی هەمیشەیی لە دڵی ئەو خێزانەدا دروست دەکرێت. ئەو ڕووداوە دەکرێ ببێتەهۆی بەیەکجاری داڕمانی ئەو خێزانە یا دەکرێ ئەنجامی ترسناکی دیکەی لێبکەوێتەوە.

کوشتن بۆ هیچ تاوانێک چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە لەو هۆکارانە بکۆڵدرێتەوە کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی رووداو و تاوان، واتە کێشەکانی پشتی تاوانەکان لێیان بکۆلدرێتەوە و چارەسەر بکرێن. لەکۆمەڵگەیەکی رەوادا رێگە بەوە نادرێت بەچارەسەری سەرپێی و کاتی وەکو کوشتن سەیری چارەسەر بکرێت، بەڵکو چارەسەر بەناچاری دەبێ لە هۆکارەکان و کێشەکانی دەوری رووداوەکە و کۆمەڵگە بپێچێتەوە. کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی لە بوونی تاوانەکاندا بێبەری نین و ناتواندرێ پشتگوێ بخرێن و بێ بوونی بەپرسیاری سەیریان بکرێت. کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئاسایش و گوزەرانی مرۆڤەکانیدا بەرپرسیارە، بۆیە زۆر بەرپرسیارە لەوەی کە لە کۆمەڵگەدا روودەدات. بۆنمونە کێشەی ئاڵووێرکردن بە ماددەهۆشبەرەکان تەنها کێشەی کەسەکە نییە کە کارەکە دەکات، بەڵکو کێشەی کۆمەڵگەیە لەوە بپێچێتەوە بۆ ئەو کارە دەکرێت، بۆ ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا هەیە، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە چین و دەکرێ چی بکرێت تا ئەو دیاردەیە بنبڕبکرێت، یا ئەو کەسە لەو کارە دوورکەوێتەوە.  لەبەرچی لە کۆمەڵگەیەکی رێکوپێکدا کە دڵنیایی داد تیایدا پیادەدەکرێت ئاستی تاوان کەمە و لە کۆمەڵگەیەکی نارێکوپێکدا کە دڵنیایی دادی تێدا نییە ئاستی تاوان بەرزە.

لەسێدارەدانی لاوانی کورد و سەر بە گروپی ئێتنی دیکە لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، تاوانە دەرهەق بەو مرۆڤانە دەکرێت، کە هیچ کامیان لە دادگایەکی رەوادا کەیسەکانیان سەیری نەکراوە. هەروەکو دادگاکانی ئێران سەربەخۆ نین و بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزمەوە پەیوەستدارن. جگەلەوەی گرتن و لەسێدارەدان لەسەر داواکردنی ئازادی یا جودایی بیرورا و تاوانبارکردنیان بە پیلانگێری دژی ئاسایشی وڵات یا دژایەتی ئیسلام و خودا، پێشێلکردنی مافی ئەو مرۆڤانەیە بە دڕندانەترین شێوە، بۆیە دەبی بە تووندی ریسوا بکرێت. ئێران لەسەریەتی دەست لە چەوساندنەوە و کوشتوبڕی خەڵکی بێتاوان هەلگرێت، زیندانیان بێتاوان ئازاد بکات، سزای لە سێدارەدان هەڵگرێت، دان بە مافەکانی مرۆڤ، پرەنسیپەکانی ئازادی دەربڕین و مافی کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیەکانی وڵات بنێت.

شاخەوان شۆڕش

2013-11-10

سەیری ئەو لیکە بکە.

http://www.worldcoalition.org/iran-mass-executions-diplomacy-us-eu-retaliation-human-rights-violation.html