٤٩ ملیۆن دینار بۆ پەرلەمانتاران و گەندەڵی بەیاساییکراو

وەرگرتنی ٤٩ ملیۆن دینار لەلایەن پارلەمانتارانی خۆلی سێیەم، وەرگرتنی پارەیە لە چوارچێوەی گەندەڵییەکی بەیاساییکراودا لە وڵاتێکدا کە گەندەڵی و بەهەدەربردنی سامانی گەل برست و هەناسەی لەبەر کۆمەڵگەدا بڕیوە. ئەو پارەیە دزیەکی بە ئاشکرای بەیاساییکراوە کە ئەزمونی بەناو دیموکراسی هەرێمی کوردستان بەرهەمی هێناوە. پەرلەمانتار کە کاتی خۆی تەواوکرد و دەرنەچووەوە لەسەریەتی بارگەی خۆی بپێچێتەوە و بچێتەوە سەرکاری پێشووی یا کارێکی دیکە بۆخۆی بدۆزێتەوە. پێدانی برێکی زۆر پارە پێیان یا خانەنشینکردنیان جگە گەندەڵی و بەهەردەربردنی سامانی گەڵ شتێکی دیکە نییە.

لەلایەکیتر گومان لەوەدا نییە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەلبژاردنەکان گەمارۆدراون و ئەنجامەکانیان ساختەن. زۆر لە ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی گەل نین و بەدرۆ و ساختە گەیشتوونەتە ئەوێ. پەرلەمان لاواز و نابووتە و هیچ بڕیارێکی گرنگی بەدەست نییە. پەرلەمان هەمیشە وەکو دەزگای مرۆکردنی بریارەکانی کاکە و مامە بووە. بۆ کاکە و مامە کاتی خۆی شەرمیان بەخۆ بوو ببنە ئەندامی پەرلەمان؟ بۆ کورەکانی بارزانی یا بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی نابنە ئەندامی پەرلەمان؟ لە وڵاتانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریدا سەرۆکی وەزیران و وەزیرەکان و سەرۆک و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو پەرلەمان بەئاگاداری میدیا و خەڵک دیبات دەکەن و مشتومڕ دەکەن و لەسەر بڕیارەکان رێکدەکەون. تا پەرلەمان قورسایی خۆی وەرنگرێت و نەبێتە چەقی دەسەڵاتی وڵات، شتێک نییە بەناوی دیموکراسی و نوێنەرایەتی گەل.  

شاخەوان شۆڕش

2013-11-3