هه‌ڵه‌یه 21 ی 8 بکرێته رۆژی دادوه‌ریی له کوردستان
ژماره‌یه‌که‌ی زۆر له رێکخراوه مرۆڤدۆست و هونه‌ریه‌کان و بواری دیکه که خۆی له 80 رێکخراو ده‌دات پشتیوانی ده‌که‌ن له‌وه‌ی که رۆژی 21 ی ئاب کە دەستپێکی دادگایی دۆسیەکانی گەلی کوردە لە دادگای باڵای تاوانەکان بکرێت بە رۆژی دادپەروەری لە کوردستان. رۆژی سێشه‌ممه 20ی ئاب به‌به‌شداری نزیکه‌ی 120 که‌سایه‌تی له دادوه‌ر و پارێزه‌ران و که‌سوکاری قوربانیان و چالاکوانان و نوێنه‌رانی حکومه‌ت کۆنفرانسی رۆژی دادپه‌وه‌روه‌ری به‌ڕێوه‌چوو. دیاره ئارگومێنتی ئه‌و هه‌وڵه ئه‌وه‌یه که له‌و رۆژه‌دا تاوانباران درانه دادگا و پاشان سزادران.
رێزم بۆ هه‌ر هه‌ولێک هه‌یه که مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی پرسی قوربانیان هه‌یه یا سوودی بۆ ئه‌و پرسانه هه‌یه که به تاوانه‌کانی دژ به مرۆڤایه‌تی و گه‌لکوژی په‌یوه‌ستدارن، یا مه‌به‌ستی هوشیارکردنه‌وه‌یه له‌و بوارانه‌وه. به‌ڵام له راستیدا من گومانم له‌وه‌دا هه‌یه که ئه‌و هه‌موو رێکخراو و دادوه‌ر و پارێزه‌ر و که‌سایه‌تییه له دادگاکه و کرۆکی پرۆسه‌ی دادگاییکردنه‌کان و کێشه‌کانی گه‌یشتبن. زۆر له‌وانه‌ی که واژووی ئه‌و بانگه‌وازه‌یان کردووه واپێده‌چێ تاوتوێیه‌کی ئه‌وتۆیان له‌باره‌یه‌وه نه‌کردووه یا سۆزدارانه به‌هۆی هه‌ندێ ئه‌نجامی دادگاکه یه‌کسه‌ر پشتگیری هه‌وڵه‌که‌یان کردووه و چاویان له سکهندال و که‌موکوڕی و کێشه‌کانی دادگاکه پۆشیوه یا هه‌ر هه‌ستیان پێنه‌کردووه. جێگه‌ی بیرخستنه‌وه‌یه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و رێکخراوه لایه‌نگره‌کانی کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ دادگاکه و که‌موکوڕیه‌کانی نه‌بووه و له زۆر بۆنه‌دا به دادگاکه‌یان هه‌ڵداوه، هه‌روه‌کو ئه‌وان به‌شێک بوون له پرۆسه‌یه‌کی رامیاری و ئامانجێکی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا هه‌بووه.
به‌ڵام ئایا کێشه‌کانی دادگای ئێراقی چی بوون و له‌به‌رچی بۆ کورد ناره‌وا و ناگونجاو بوو؟ دادگای باڵای تاوانه‌کان که ده‌رهاویشته‌ی پرۆسه رامیاریهکهی دوای روخانی سه‌دام بوو، بۆ کورد کۆمه‌ڵێ کێشه‌ی هه‌بوو و له هه‌ندێ روانگه‌وه وه‌کو ناڕه‌وا و بهناگونجاو داندرا. دواتر ده‌رئه‌نجامه‌کانی دادگا که که‌موکوڕی و کێشه‌ی زۆریان هه‌بوو پشتراستی ئه‌و ناره‌وایی و ناگونجاویهیان کرده‌وه. دادگاکه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ره‌خنه‌ی لایه‌نگیری لێ‌گیرا و وه‌کو دادگای لایه‌نی براوه له‌لایه‌ن رێکخراو و شاره‌زاکانی سه‌یرکرا.
دادگاکه دامه‌زرا بێئه‌وه‌ی پرس به خه‌ڵکی قوربانی بکرێت و بیر له تایبه‌تمه‌ندی گه‌لی کورد و تاوانه‌کانی که دژیان کرابوو بکرێته‌وه. دادگاکه له راستیدا به‌سه‌ر خه‌لکدا سه‌پێندرا بێئه‌وه‌ی خه‌ڵک مافی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش به هاوکاری و یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد. دادوه‌ران و پارێزه‌رانی ئێراقی توانا و شاره‌زایی گونجاویان بۆ دادگایه‌کی له‌و شێوه‌یه نه‌بوو، کێشه‌ی بێلایه‌نیان هه‌بوو، جگه‌له‌وه‌ی دادگاکه کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو. دادگاکه سوودی له یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ژینۆساید وه‌رگرت، به‌ڵام وه‌کو دادگایه‌کی ناسیونالی ئێراقی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراقه‌وه و له‌ژێرسایه‌ی یاسا ئێراقیه‌کان به‌ڕێوه‌چوو. که‌یسه‌کان پرۆفیشنالانه نهدرانهبهر لێکۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌رانه و بێبه‌شکران له پرۆسیه‌کی تێروته‌سه‌لی به‌توانا و ئاست به‌رز. ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ده‌یانتوانی دادوه‌ر بگۆڕن و لاده‌ن. ره‌وتی دادگا ره‌چاوی ره‌وتی پرۆسه‌ی رامیاری له قۆناغی گوستنهوهدا ده‌کرد و هه‌وڵی ئه‌نجامێکی ده‌دا که له‌گه‌ڵ په‌یامه‌کانی ره‌وته‌که گونجاو بوون.
دادگایی تاوانباران له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال به زمانی عه‌ره‌بی و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ری عه‌ره‌بی دادگاییه‌کان به‌ڕێوه‌چوون. به‌مشێوه‌یه ئه‌ندامانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی زۆرینه که له کێشه ناوخۆیه نه‌ته‌وه‌یی و ئهتنیهکاندا بێلایه‌ن نه‌بوون دادگایه‌که‌یان به‌ڕێوه‌برد. دادوه‌ره کورده‌کان هه‌مان ئه‌و کێشه‌ی بێلایه‌نی و بێتواناییهیان سه‌باره‌ت به که‌یسی عه‌ره‌به‌کان هه‌بوو. دادگاکه که‌یسه گرنگه‌کانی گه‌لی کوردی له‌گه‌ڵ که‌یسه‌کانی دیکه تێکهلوپێکهڵ کرد و وایان لێ‌کرا که به‌یه‌که‌وه نه‌به‌سترێنه‌وه. له‌ناو دادوه‌ره‌کان دادوه‌ر هه‌بوو راسته‌وخۆ سۆزداریان بۆ رژێمی به‌عس ده‌نواند و کۆن ئه‌ندامی به‌عس بوون. له دادگادا نۆرمه عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان زاڵ بوون. پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان له دادگاییه‌کاندا گرنگی تایبه‌تیان هه‌بوو و ناوه ناوه ئاماژه‌یان بۆ ده‌کرا. که‌سه عه‌ره‌به به‌شداره‌کان له‌ژێرکاریگه‌ری نۆرم و پره‌نسیپه عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کاندا بوون. دادگا به‌رگری له پرسی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئیراق ده‌کرد و به‌رزی راده‌گرت ده‌کومێنته‌کان و چۆنیه‌تی به‌کارهێنانیان، هه‌لبژاردنی ژماره و چۆنایه‌تی دیته‌ران له‌لایه‌ن دادگاوه له‌ژێر کاریگه‌ری له‌ژێرکاریگه‌ریی به‌رژه‌وه‌ندییه عه‌ره‌بی و ئێراقیه‌کاندا بوون. ئه‌وانه هه‌مووی به‌های بێلایه‌نی دادگا داده‌ماڵن. که‌سوکاری قوربانیان و دیته‌ران و یاداشتکهران له زمانی عه‌ره‌بی نه‌ده‌گه‌یشتن و وه‌رگێرانه‌کان جێگه‌ی ره‌خنه بوون. دیاره ئه‌وه‌ی تاوانی گه‌لکوژی له دژیان ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاتدارنی عه‌ره‌ب بوون، دادگایی‌کردن و پرۆسه‌که دیسان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌به‌وه به‌ڕێوه‌چوون. دیاره کورد نه‌بێ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی قوربانی تاوانی گه‌لکوژی ئه‌وه قبوڵ ناکات.
پێشخستنی دۆسیه‌ی دوجه‌یل به‌مه‌به‌ست بوو و دواتر ده‌رکه‌وت مه‌به‌ست زوو کوشتن و له‌ناوبردنی سه‌دامی دیکتاتۆر بوو، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر تاوانی دوجه‌یل سزای هه‌لواسینی درا و له‌ماوه‌ی 30 رۆژدا درایه ده‌ست گروپی موقته‌دا سه‌در و ئه‌وان هه‌ڵیانواسی، که وه‌کو سکه‌ندالێکی دادگاکه تۆمارکرا. کوشتنی سه‌دام له‌سه‌ر دۆسیه‌ی دوجه‌یل و به‌مجۆره بێبه‌ریکردنی له تاوانه‌کانی ئه‌نفال زیانی زۆری به که‌یسی گه‌لکوژی ئه‌نفال و کورد گه‌یاند. دادگاکه هه‌وڵیدا نهێنیه‌کان ئاشکرا نه‌کرێن و بنجوبناوانی کێشه‌کان به‌ده‌رنه‌که‌ون، هه‌وڵیدا ئێراق وه‌کو ستات له تاوانه‌که بێبه‌ری بکات و هه‌روه‌ها تاوانه‌کانی به‌که‌س کرد و له‌بۆته‌ی کرداری پارت و که‌س کۆیکردنه‌وه. هه‌روه‌کو ئێراق وه‌کو ستات تۆمه‌تی نه‌خرایه پاڵ و تاوانبار نه‌کرا، به‌مجۆره ئێراق له تاوان ده‌ربازکرا. دیاره عه‌ره‌ب هه‌رگیز ئه‌وه ناکات و ناخوازێ ئێراق وه‌کو تاوانبار له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا ده‌ربخرێت، هه‌روه‌کو داوای لێبووردن ره‌تده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ئه‌رکی کوردبوو ئه‌و پرسیاره به‌رزکاته‌وه، بۆنمونه بۆسنیه‌کان له‌که‌یسی گه‌لکوژی سرێبرهنیسیا هه‌وڵی تاوانبارکردنی ستاتی سربیان دا. به‌ڵام نوێنه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌مباره‌یه‌وه مێش مێوانیان نه‌بوو.
جێگه‌ی سه‌رنجدانه که تێکه‌ڵکردنی که‌یسه‌کانی کورد و پاشوپێش پێکردنیان، بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوانیان و هۆکاره‌کانی روودانیان لهیهکتربترازێندرێن، به‌جۆرێک بکرێنه به‌شێک له کێشه‌کانی دیکه‌ی ئێراقیه‌کان، به‌مجۆره داماڵینی کورد له کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی و په‌یوه‌ندی تاوانکاریه‌کان له‌مباره‌یه‌وه، واته شێواندن و لێکترازاندنی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی تاوانکاریه‌کان و وابه‌سته‌ییان به‌یه‌که‌وه. به‌مشێوه‌یه دادگاییه‌کان وه‌کو کیشه‌ی کورد کرایه کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی و له په‌یوه‌ندییه مێژوویی و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کێشه‌ی نێوان دوو نه‌ته‌وه و کاردانه‌وه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان دوورخرایه‌وه. دادگاکه ئێراقی وه‌کو ستاتی خاوه‌ن یاسا و سه‌روه‌ری پێشاندا، گرنگی به ره‌وایه‌تی یه‌کپارچه‌یی ئێراقدا و کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته و چه‌وساوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ناسونالیستی سه‌یری نه‌کرا. جێگه‌ی سه‌رنجدانه به‌عه‌ره‌بکردن ئه‌و تاوانه‌ی کورد هه‌میشه ئازاری به‌ده‌سته‌وه کێشاوه، وه‌کو چه‌مکێکی تاوان سه‌یری نه‌کرا و یاسای تایبه‌تی بۆ دانه‌ندرا، به‌ڵکو به شیوه گشتیه‌که خرایه پاڵ پاکتاوی ره‌گه‌زی و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی.
یه‌کێ لهسکانداڵهکانی دیکه‌ی دادگاکه راگرتنی سزای له‌سێداره‌دانی سوڵتان هاشم و فه‌رحان موتله‌گ بوو به‌هۆی ده‌ست تێکه‌ڵاوکردنی ده‌سه‌ڵاتدارنی ئێراقی به کورد و عه‌ره‌به‌وه. هه‌روه‌ها نه‌بوونی توانای دادگا له گرتن و راکێشانی داواکراوه تۆمه‌تباره‌کان بۆنمونه سه‌رۆکجاشه‌کان و ئه‌فسه‌ره پله‌به‌رزه عه‌ره‌به‌کان. پشتگوێخستنی گرتن و داگاییکردنی حه‌جاج له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی رزگاربووان ئاماژه‌یان به تاوانه‌کانی ئه‌و کرد و داوای دادگاییان ده‌کرد هتد.
جێگه‌ی بیرخستنه‌وه‌یه که کورد کێشه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له‌سه‌ره‌تا دروستکردنی ئێراق و به‌زۆر لکاندنی باشوری کوردستان به ئێراقه‌وه هه‌یه، کۆمه‌لێ ناره‌وایی مێژوویی له‌مباره‌یه‌وه هه‌ن، ئێراق وه‌کو ستات به کورد نامۆبووه و کورد هه‌رگیز ئێراقی وه‌کو ستاتی تایبه‌تی خۆی سهیرنهکردووه، به‌ڵکو وه‌کو داگیرکه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی ناره‌وا سه‌یری ئێراق و ده‌سه‌لاتی عه‌ره‌بی کردووه. بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه له‌لایه‌ک دادگاکه بۆ کورد دادگایه‌کی ناسیونال نییه، هه‌روه‌کو ئه‌و جۆره دادگایه ئه‌و ناوه‌ی لێده‌ندرێت، له‌لایه‌کیتر ئێراق و عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد بێلایه‌ن نین. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ی خاکداگیرکراو بووه، بۆیه ره‌وا نییه ئێراق وه‌کو ستاتی سه‌پێندراو و بکه‌ری تاوانی گه‌لکوژی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی باڵا ده‌ست پرۆسه‌ی دادگایی‌کردنی ئه‌و تاوانکاریانه بگرنه‌ده‌ست که دژ به کورد کراون.
پرۆسه‌ی رامیاری دوای سه‌دام و داننانی کورده ئێراقچیهکان به ئێراق وه‌کو وڵاتی خۆیان و ملکه‌چیان بۆ سه‌روه‌ریه‌کانی ئێراق و بانگاشه‌ی برایه‌تی و هتد.، یا بێتاوانی ده‌سه‌لاتدارانی نوێ له تاوانه‌کان، ناتوانن عه‌ره‌ب و ئێراق سه‌باره‌ت به‌و خاڵانه‌ی گوتران نێوترال و بێلایه‌ن بکه‌ن. پرۆسه‌که زۆر له‌وه ئالۆزتره که ئه‌و هه‌وڵه لاوازانه بتوانن بیگۆڕن. راسته دادگاکه دانی به‌بوونی تاوانی ژینۆساید دانا و سزای به‌سه‌ر هه‌ندێ تاوانبار سه‌پاند، به‌ڵام ئه‌وه نابێته‌هۆی ره‌شکردنه‌وه‌ی لایه‌نه نه‌رێنی و خراپه‌کانی دادگاکه که ئاماژه‌مان بۆکردن. ده‌رهاویشته‌کانی پرۆسه رامیاریه‌کان ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نی رامیاری جۆرێک له پشتگیری به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که له‌لایه‌نه قانونیهکه پهسنددهکرێن و مه‌رجه‌کانی بێلایه‌نی و ئۆپژهکتیڤی پڕده‌که‌نه‌وه.
به‌کورتی دادگای بێلایه‌نی ره‌وا بۆ دادگایی‌کردنی تاوانباران سه‌باره‌ت به تاوانکاریه‌کانی که ده‌سه‌لاتی عه‌ره‌بی ئێراقی دژ به کورد ئه‌نجامیان داوه، دادگایه‌کی بێلایه‌نی ناعه‌ره‌بی نێونه‌ته‌وه‌ییه وه‌کو ئه‌وه‌ی بۆ یوگوسلاڤیا یا رواندا دامه‌زرا. واته ده‌بوایه دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی پرسی تاوانکاریه‌کانی دژی کورد بگرێته ئه‌ستۆ نه‌ک ئه‌و ستاتهی که خۆی تاوانه‌کانی ئه‌نجام داوه یا ئه‌ندامانی سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی که له تاوانه‌کاندا به‌رپرسیار و تاوانباره. تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کێشه‌ی کورد ئه‌وه ده‌خوازن.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه پوخته‌ی بیرهێنانه‌وه‌یه‌کی خێران که به‌کورتی ئاماژه‌مان بۆ کردن. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه هه‌ڵه‌یه رۆژی 21 ئۆگوست بکرێته رۆژی دادوه‌ری له کوردستاندا، ئه‌گه‌ر پشتگیری ئه‌و رۆژه وه‌کو رۆژی دادوه‌ی له کوردستاندا بکرێت، په‌سندی ئه‌و نارهواییانه ده‌کرێن که به‌رامبه‌ر به کورد له دادگاکه‌دا کران یا به‌سه‌ر کوردا سه‌پێندران.
شاخه‌وان شۆڕش
23ی ئۆگوستی 2013
سەرنج بنێرە