کوردانی رۆژئاوا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تاوانی گه‌لکوژیدا
فه‌توای به‌ره‌ی نوسره: “کورد کافرن، بۆیه کوشتنیان، بردنی ژنه‌کانیان و تالانکردنی ماڵه‌کانیان حه‌ڵاڵه”.
کوردانی رۆژئاوا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تاوانی گه‌لکوژیدا
گروپه تیرۆریسته ئیسلامیه‌کانی به‌ره‌ی نوسره و ده‌وله‌تی ئیسلامی سه‌ر به قاعیده و سوپای سوریای ئازاد به‌ره‌ی رژێمی ئه‌سه‌دیان جێهێشتووه و شه‌ڕێکی به‌ربه‌ریانه‌ی گهلکوژکارانهیان دژی کوردانی رۆژئاوا ده‌ستپێکردووه. ئه‌و گروپه ئیسلامیانه که زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن و خه‌ڵکی دیکه‌ی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌کانی تریان تێدایه هاتوون بۆ جیهادکردن، ئیستا به‌ره‌یه‌کی دیکه‌یان دژی کورده‌کان کردۆته‌وه و جیهاد دژی کورد ده‌که‌ن. له‌دوای بێئومێدبوونیان له شکاندی هێزه کوردیه‌کانی سه‌ر به یه‌په‌گه فه‌توای له‌ناوبردنی کوردیان ده‌رکرد و کوردیان وه‌کو کافر ناوزه‌د کرد. له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌ده‌یان پیاو و ژن و منداڵی کوردیان ناره‌وا کوشتووه، به‌سه‌دان مرۆڤی کوردیان ده‌ستبه‌سه‌ر کردووه. شه‌ڕ به‌رده‌وامه و تاوانکاریه‌کان به‌رده‌وامن. ناوچه کوردیه‌کان له هه‌موولایه‌ک گه‌ماڕۆ دراوه و خه‌ڵک رێگه‌ی ده‌ربازبوونیان لێگیراوه. سنوری رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن پارتیه‌وه تا 15 ی ئۆگوست به‌رووی په‌نابه‌رانه‌وه داخرابوو. دوای گوشاری زۆر پارتی سنوره‌که‌ی کرده‌وه و به هه‌زاران په‌نابه‌ر سنوریان بڕی. خه‌ڵکی کوردستان له رۆژئاوای کوردستان له بارێکی زۆر مه‌ترسیداردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تاوانی پاکتاوکردن و گهلکوژیدان. دیاره فه‌توای له‌ناوبردنی کوردان جۆرێکه له کاردانه‌وه‌ی تووندرهوان به‌رامبه‌ر له‌لایه‌ک زیانلێکهوتنیان له‌به‌ره‌کانی شه‌ردا له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه، له‌لایه‌کیتر له‌به‌ر ملنه‌دانی بێمه‌رجی کوردان بۆ سوپای ئازاد و ئیسلامیه‌کان. دیاره سوپای ئازاد دان به‌مافی کوردان نانێت و نکۆڵی لێده‌کات.
به‌ڵام ئه‌و فه‌توایه چی له خۆ ده‌گرێت و چیمان پێده‌ڵێت؟ ئیسلامیه توندره‌وه‌کان جگه‌له‌وه‌ی باوه‌ریان به‌وه‌یه که ده‌بێ شه‌ریعه حوکم بکات و وڵاتێکی ئیسلامی نزیک له سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ئیسلام و خه‌لیفه‌کان دروستبکه‌ن، به‌ڵکو باوه‌ریان به هه‌مان ئه‌و بیروا کۆنانه‌ی جیهادکردن هه‌یه که له‌سه‌رده‌می هێرش و داگیرکاریه‌کانی له‌شکری ئیسلام بۆ سه‌ر خه‌ڵکی سه‌ر به ئایین و باوه‌ری دیکه که له‌سه‌ده‌ی حه‌فته‌مدا پیاده ده‌کران. ئه‌وسا ئه‌وانه‌ی که ئایینی ئیسلامیان ره‌تده‌کرده‌وه به کافر ناوزه‌د ده‌کران و هێرشیان ده‌کرایه سه‌ر، پاش ئه‌وه‌ی دوژمن له‌ناوده‌بردرا، ژن و منداڵ و که‌لوپه‌ل هه‌مووی وه‌کو غه‌نیمه‌ی شهڕسهیردهکران و ده‌بردران[i]. کوشتاری کافران که له شه‌ڕی به‌دره‌وه ده‌ست پێده‌کات و دواتر سنوری دورگه‌ی عه‌ره‌بی بڕی و په‌لی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و سه‌رووی ئه‌فریکا هاویشت به پێی قورئان ره‌وا کراوه[ii] و به ئه‌رک داندراوه. ئه‌وسا نه‌ته‌وه بوونی نه‌بوو و ئایین گرنگترین فاکته‌ری ناکۆکی، شه‌ڕ و له‌ناوبردن بوو. دیاره جه‌نگ و پێکدادانه ئایینیه‌کانی پیش‌تر و دواتر له نێوان کرستیانه‌کان خۆبه‌خۆیی، ئیسلام خۆبه‌خۆیی، جوو و ئیسلام یا کرستیان و ئیسلام یا ئایینی دیکه ئه‌وانیش دڕنده‌یی بێهاوتایان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناوه. بۆیه لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه رق و کینه له روداوه مێژووییه کۆنه‌کان دروستبکرێت، به‌ڵکو خستنه‌رووی راستییه مێژوویه‌کانه وه‌کو خۆی که لێره‌دا په‌یوه‌ندی به بابه‌تی وتاره‌که هه‌یه. گرنگه لێره‌دا به‌چاوی بێلایه‌ن سه‌یری ناکۆکیه‌کانی نێوان ئایینه‌کان له مێژوودا بکه‌ین و هه‌روه‌ها دان به‌و مێژووه وه‌کو خۆی بنێین. هه‌رچۆنی بێت ئیسلامیه تووندره‌وه‌کان وه‌کو چۆن رادیکالانه بۆ گوتن و یاسا و رووداوه‌کانی سه‌ره‌تای ئیسلام ده‌گه‌ڕینه‌وه و لێکیده‌ده‌نه‌وه، به‌وشێوه‌یه و له‌و روانگه‌یه‌وه کورد به کافر داده‌نێن و جیهاده‌که‌یان به‌و جیهاده‌ی ئه‌وسا ده‌چوێنن. له‌راستیدا گه‌رانه‌وه بۆ تێگه‌یشتنی داخراو و پشووته‌نگی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کێشه‌یه‌کی کوشنده‌ی مرۆڤایه‌تییه، که ده‌ریده‌خات جیهانی موسوڵمان نه‌یتوانیووه ئه‌و مێژووه تێپه‌رێنێت و له‌مباره‌یه‌وه له‌قه‌یراندایه.
به‌پێی ئه‌و ئاخافتن و گوتنانه‌ی له ئیسلامیه‌کانه‌وه ده‌بیسترێن لای ئه‌وان کورده‌کان ناتواندرێ بڕوایان پێبکرێت، کێشه بۆ شۆڕش دروست ده‌که‌ن و به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م سه‌رکه‌وتندا، به‌کرێگیراوی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکان. کورده‌کان میکرۆبن، ناپاک و دوژمنی شۆڕشی عه‌ره‌ب و خودان. به‌مپێیه لای ئه‌وان کورده‌کان خه‌ڵکێکی نه‌خوازراون له کۆمه‌ڵگه‌ی په‌سندکراودا، بۆیه به له‌ناوبردنیان کۆمه‌ڵگه له‌و ده‌رد و کێشه‌یه ڕزگاری ده‌بێت. ئه‌و فه‌توایه‌ی که له‌ناوبردنی کوردان ره‌وا ده‌کات دوای ئه‌و تێگه‌یشتن و دانپێنانه دێت. به‌وواتایه سه‌ره‌تا به‌ها مرۆییه‌کان له کورده‌کان داده‌ماڵن له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌کو ناپاک و کافر داده‌ندرێن واته ده‌کرێنه بوونه‌وری نامرۆڤ، به‌مجۆره پرۆسه‌ی نامرۆڤاندنهکه ده‌چه‌سپێنن. که ئه‌و هه‌نگاوانه چه‌سپێندران و په‌سندکران که کوردان وه‌کو بوونه‌وه‌ری بێبه‌ها و بێ‌نرخ وه‌کو میکرۆب یا نه‌خۆشی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی دانپێندراو داندران ره‌واکردنی له‌ناوبردنیان وه‌کو چاره‌سه‌ری ره‌وای کۆتایی په‌سندده‌کرێت و دانیپێدادهندرێت. چاره‌سه‌ری جیهادیه‌کان جۆره لهناوبردنێکه که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میتۆده کۆنه‌که‌ی جیهادکردن، به‌مجۆره کوشتنی شه‌ڕکه‌ره‌کان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژن و منداڵی کورده‌کان وه‌کو غه‌نیمه‌ی شه‌ڕ. به‌مجۆره ئیسلامییه جیهادیه‌کان جگه‌له سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنان و لهناوربردنی توخمی نێر به‌تایبه‌تی، ده‌یانه‌وێ ژن و کچه‌کان بکه‌نه “جاریه” واته به کۆیله‌یان بکه‌ن و له‌زه‌تی به‌پێی ئاره‌زووه‌کانیان لێوه‌رگرن و چونیان بوێ وایان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.
به‌ڵام کورده‌کان زۆرینه‌ی ره‌هایان موسوڵمانن، چۆن ده‌کرێ وه‌کو کافرسهرکرێن و فه‌توای له‌ناوبردنیان بدرێت؟ وه‌کو گوتمان کورده‌کان نه‌چوونه ژێرباری سوپای ئازاد و ئیسلامیه‌کان، ناوچه‌که‌یان له سه‌پاندنی ده‌ستوری شه‌ریعه پاراست و خۆیان به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌که‌یان گرته‌ده‌ست. هه‌روه‌ها وه‌کو گوترا لای ئه‌وان کورده‌کان جێگه‌ی باوهرنین و ناپاکن، دژی شۆڕشی عه‌ره‌بی، ئیسلام و خودان، بۆیه تاوانبارن و ئیسلامی راسته‌قینه نین. وشه‌ی ناپاک ده‌توانێ کوشتن و له‌ناوبردن له روانگه ناسیونالیستییه تووندرهوهکه ره‌وا بکات، وشه‌ی کافر ده‌توانێ کوشتن و له‌ناوبردن له روانگه لایه‌نه ئیسلامییه تووندرهوهکه رهوابکات، به‌مشیوه‌یه مۆرلێدانی کورده‌کان وه‌کو ناپاک و کافر له یه‌ک کاتدا له‌لایه‌ک به دژی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست دایانده‌نێت و بههامرۆیهکانیان لێداده‌ماڵێت، له‌لایه‌کیتر به‌ها ئیسلامیه‌کانیان لێدادهماڵێ. دیاره بۆ ئیسلامیه جیهادیه‌کان کوشتنی کافر ئه‌رکێکی ئیسلامی ره‌وایه.
پێویسته سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت که ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی که فه‌رمانره‌وایی سوریای له نیوسهدهی ڕابردوودا کردووه، کورده‌کانی بێبه‌زه‌ییانه چه‌وساندۆته‌وه و له که‌مترین ماف بێبه‌شی کردوون. ته‌نانه‌ت له وڵاتی خۆیاندا مافی هاونیشتیمانیان پێرهوا نه‌بیندراوه و وه‌کو میوان سه‌یرکراون. عه‌ره‌به‌کانی سوریا به‌هه‌موو جۆر و لێکدانه‌وه رامیاریه‌کانه‌وه که‌م یا زۆر که‌توونه‌ته ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بیرکردنه‌وه پشووتهنگه نه‌ته‌وه‌ییه. هه‌روه‌ها ئیسلامیه سوریه‌کان له‌م بیرکردنه‌وه‌یه بێبه‌ری نین. هه‌روه‌کو ئه‌وان له‌گه‌ڵ ناسیونالیسته عه‌ره‌به‌کان که له سوپای ئازاددان ره‌تی داننان به‌مافی کوردیان کرده‌وه. به‌گشتی عه‌ره‌به ناسیونالیسته‌کان پێشتر له بۆنه‌ی جیاجیادا کوردیان وه‌کو به‌کرێگیراوی ئیسرائیل و ئیمپریالیزمی رۆژئاوا، ناپاک و دژ به شۆڕشی عه‌ره‌بی تۆمه‌تبارکردووه. له‌لایه‌کیتر ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی وه‌کو به‌عسیزم و ناسیونالیزمه سه‌وزه‌که‌ی قه‌زافی، یا ناسیونالیسته‌کانی میسر هه‌میشه ئاماژه‌یان به قورئان و گوتن و کرداره‌کانی پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان کردووه و سه‌رده‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئیسلام و فراوانکردنی سنوری ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام له سه‌ده‌ی حه‌فته‌م و دواتردا به سه‌رده‌می زێڕینی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب داناوه و پێیانوایه ئیسلام له گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا ده‌ستی باڵای هه‌بووه. هزر و لێکدانه‌وه ئیسلامیه‌کان له هه‌ناوی ناسیونالیسزمی عه‌ره‌بیدا هه‌ن و هه‌وڵی گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه زێڕینه‌ی عه‌ره‌ب له شێوه‌ی مۆدێرن و نوێ‌دا به‌کرده‌وه دراوه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. شایانی گوتنه عه‌ره‌به‌کان به‌ر له ئیسلام رۆڵێکی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر هاوکێشه ناوچه‌یی و جیهانیه‌کاندا نه‌بوو و زیاتر له گروپی کۆچه‌ر و به‌ده‌وی پێکهاتبوون، خه‌ڵکه نیشتهجێکهیان له دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوون. سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام ئه‌و بارودۆخه‌ی سه‌رتاپا گۆڕی و بنچینهگرنگهکانی ناسیۆنبوونی بۆ عه‌ره‌ب داڕشت و وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و هه‌لبژێردراو به‌رزیکرده‌وه. ئه‌و به‌رزکردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانه بوو که وایکرد عه‌ره‌ب له سه‌ده‌کانی دواتردا ببنه خاوه‌نی ئیپراتۆریهت و ده‌سه‌ڵاتی گرنگ له هاوکێشه ناوچه‌یی و جیهانیه‌کاندا. نوسه‌ری کتێبی “مێژووی ئیسلامی سیاسی له محه‌مه‌ده‌وه تا ئیستا” ئه‌نتۆنی بلاک [iii]Antony Black بۆنمونه ده‌نوسێت “محه‌مه‌د و هاوکارانی یه‌که‌م که‌س بوون که ئومهیهکی (گه‌ل، نه‌ته‌وه) نوێیان به‌یه‌که‌وه‌نا و له‌یه‌ک کاتدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌بوونی عه‌ره‌بی و جۆرێک له کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییان هێنایه‌دی”. ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و ئیسلام سۆزداری هاوبه‌شیان هه‌یه، تێگه‌یشتنی هاوبه‌شیان تا راده‌یه‌کی زۆر بۆیه‌کتر و ده‌وربه‌ر هه‌یه و له بۆته‌ی یه‌کتردا تواونه‌ته‌وه، به‌جۆرێک که لێکترترازانیان زۆر سه‌خته. ده‌کرێ جۆری گه‌رانه‌وه بۆ هزر و لێکدانه‌وه‌کان به‌پێی روانگه ناسیونالیستیهکه یا ئیسلامیه‌که بگۆڕێت یا بنیادنانی سیسته‌م و مۆدێله نمونه‌ییه‌که‌ی هه‌ریه‌که‌یان جودایی دیار به‌خۆیانه‌وه بگرن، به‌ڵام هیچ کامیان نهیانتوانووه یه‌کتر له‌بنچینه‌دا ره‌تکه‌نه‌وه. به‌مجۆره ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی کاریگه‌ری له‌سه‌ر بیر و هزری مرۆڤه عه‌ره‌به سوریه‌کان و ئیسلامییه عه‌ره‌به‌کاندا یا مرۆڤی عه‌ره‌ب به‌گشتی که‌م یا زۆر هه‌یه.
له‌و که‌یسه‌ی کورده‌کانی رۆژئاوای کوردستان پێکچونیکی سه‌رنجڕاکیش هه‌یه له‌گه‌ڵ که‌یسی ئه‌فریکاییه موسوڵمانه‌کانی دارفور که تاوانی گه‌لکوژیان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به جه‌نجه‌ویده‌کان و ستاتی سودانیه‌وه له سالی 2004 دا له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نجامدرا[iv]، به‌ڵام به‌شێوه‌ی دیکه و له هه‌لومه‌رجی دیکه‌دا. دارفوریهکان کوژران له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب نه‌بوون ئه‌گه‌رچی وه‌کو عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سودان موسوڵمانیش بوون. ئه‌وان کوژران له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌فریکایی ناعه‌ره‌ب بوون. به‌ره‌ی نوسره و ده‌وله‌تی ئیسلام رۆڵێکی وه‌کو عه‌ره‌به میلیتسه جه‌نجه‌ویده‌کان ده‌بینن. عه‌ره‌به جه‌نجه‌ویده‌کان کاره چڵکن و خراپه‌که‌یان بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سودان کرد، هه‌رچی به‌ره‌ی نوسره و ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه کاره چه‌په‌ڵ و خراپه‌که بۆ سوپای ئازادی سوریا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. دیاره ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیسلامیه جیهادیانه ده‌یکه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیاش دایه، بۆیه سه‌یر نییه که تورکیا له‌ئاست کوشتوبڕی کوردان‌دا بێده‌نگه، یا به‌جۆرێ له جۆره‌کان هاوکاری جیهادیه‌کان ده‌کات. هه‌روه‌کو تورکیا پاڵپشتی گرنگی سوپای ئازاده و هاوکاریان ده‌کات، ئیسلامییه جیهادیه‌کان به‌شێکن له سوپای ئازاد.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕامانه فه‌توای له‌ناوبردنی کوردان له‌سه‌ر جودایی ئایین نییه وه‌کو له جیهادی کۆنی ئیسلامدا فاکته‌ری به‌رزکراوه‌ی هێرشه‌کان بوون، فه‌تواکه دژی هیج گروپێکی ئه‌تنی دیکه نییه جگه‌له ئه‌ندامانی سه‌ربه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نه‌بێت. کورده‌کان ده‌بێ بکوژرین له‌به‌رئه‌وه‌ی کوردن، ژن و منداڵه‌کان ده‌بێ وه‌کو غه‌نیمه‌ی شه‌ڕ ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت چونکه سه‌ر به گه‌لی کوردن. ئه‌وه‌ی له ناوه‌رۆکی فه‌تواکه‌دا ده‌خوێندرێته‌وه عه‌ره‌به ئیسلامیه جیهادیه‌کان ویستی پڕاوپڕی له‌ناوبردنی کوردیان له‌به‌ر وابه‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان هه‌یه، ئه‌وه‌ش ئه‌و ویسته تایبه‌ت و دانپێندراوهیه که تاوانی گه‌لکوژی ده‌یخوازێت.
شاخه‌وان شۆڕش
17ی ئۆگۆستی 2013
[i] The History of Zoroastrians after Arab Invasion; Alien in Their Homeland available at http://www.cais-soas.com/CAIS/History/Post-Sasanian/zoroastrians_after_arab_invasion.htm
[ii] AL-ANFAL (SPOILS OF WAR, BOOTY), Translations of the Qur’an, Chapter 8: Source: University of Southern California, available at http://www.usc.edu/dept/MSA/quran/008.qmt.html
[iii]Black, Anthony (1996), The History of Islamic Political thought: from the prophet to the present, p. 12.
[iv] Read more at http://en.wikipedia.org/wiki/Janjaweed
سەرنج بنێرە