مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکێکی سه‌پێندراوی ناسه‌رکه‌وتوو
له سایه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژی بارزانی و تاڵه‌بانی و له‌سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا، کورد وه‌کو نه‌ته‌وه ئیفلیج بووه، نایه‌کگرتوو و پارچه‌پارچه‌یه، که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد که‌سایه‌تیه‌کی تێکشکاوه، کۆنه‌په‌رستی قوڕگی کۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه، گه‌نده‌ڵی هه‌ناسه‌ی له کۆمه‌ڵگه بڕیووه، پره‌نسیپه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان تێکشکاون، ده‌سه‌لاتی بنهماڵیهیی و میلیتسگهرا له ئارادایه، کۆمپانیا و که‌سانی گه‌نده‌ڵی تورک و عه‌ره‌ب و بێگانه له کوردستاندا تهڕاتێنیانه، سامانی سروشتی هه‌رزانفرۆش ده‌کرێت، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دزرێت، نیشتیمان له‌ژێر ناو و بۆنه‌ی جۆراوجۆردا هه‌راج ده‌کرێت، به‌سیج و میت تهڕاتێنیانه، میتۆدی مافیایی سه‌رده‌سته، خزمخزمێنه، درۆ و ساخته، به‌رتیل و واسته ههڕمێنیهتی، کۆمه‌ڵگه بێبه‌رهه‌مه و خه‌سێندراوه، ….
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکێکی سه‌پێندراوی ناسه‌رکه‌وتوو
دوای شه‌ش ساڵ شه‌ڕ و ناکۆکی و کورد به‌کوشتدان و پێشێلکردنی کوشنده‌ی مافه‌کانی مرۆڤ و ئه‌نجامدانی تاوان له دوای رێککه‌وتننامه‌ی واشنتۆن له 1998 دا پارتی و یه‌کێتی له نیوان خۆیاندا ئاشتیان به‌ستووه و باشوری کوردستانیان دابه‌شکردووه. له دوای ئه‌و ڕێکه‌وتنه درێژه به‌دیارده‌ی ففتی ففتی و دوو به‌ڕێوه‌به‌ریی دراوه و هه‌ردوولا وه‌کو دوو پارتی به‌هێزی میلیتسگهرا خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌پاندووه. باشوری کوردستان به‌کرده‌وه به‌سه‌ر دوو ناوچه‌دا دابه‌شکراوه که هه‌ر یه‌کێکیان له‌ژێر چنگی لایه‌نێک دایه، به‌ڵام به دوو که‌لتوری رامیاری جیاوازه‌وه. له دوای روخانی سه‌دام له 2003 دا به‌پێی رێکه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان جه‌لال تاله‌بانی سه‌رۆکی ئێراق و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بووه.
لایه‌نه سه‌ربازی، ئابوری و رامیاریه‌کانی کوردستان به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌جۆرێ له جۆره‌کان له‌ژێرچنگی پارتی و یه‌کێتی و سه‌رۆک و بنه‌ماڵه‌کانیاندایه. سامان و داهاتی کوردستان له‌ژێر کۆنترۆڵی ئه‌وانه و له‌لایه‌ن ئه‌و دوو بنه‌ماڵه و پارته‌وه بۆ به‌هێزکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به‌کارده‌هێندرێت. به ڕێگه و میتۆدی جیاواز کۆمه‌ڵگه و مرۆڤه‌کانی گه‌ماڕۆدراون و کڕدراون. میتۆده‌کانی گه‌ماڕۆ و کڕین و به‌رتیل وه‌کو هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و موچه‌ی خۆڕایی زۆر باون. دیاره هێزه‌چه‌کداره‌کانی کوردستان که ناوی هێزی نیشتیمانیان لێندراوه و له‌ژێر ناوی جیاجیادا هه‌ن، سه‌ر به‌و دوو پارت و بنه‌ماڵه‌یه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان کار ده‌که‌ن. ئه‌و ستره‌کتوره بنه‌ماڵه‌یی و خێله‌کی و میلیتسگهرایه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی خستۆتهژێرچنگی خۆی مسۆگه‌ری مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌لاتداری کردووه و ده‌کات. بۆیه هه‌ڵبژاردن له‌ژێرسایه‌ی ئه‌و جۆره سیسته‌مه نادیموکراسیهدا پرۆسه‌یه‌کی به‌ناو هه‌لبژاردنه و رواڵه‌تییه، به‌ئه‌گه‌ری زۆر هه‌میشه له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارت و بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌بێت.
کوردستان دیموکراتیزه نه‌کراوه و پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیزه‌کردن له کوردستاندا له راستیدا بوونی نییه، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی دیموکراسی ده‌گوترێت ئه‌نجامی بوونی پرۆسه‌یه‌کی رواڵه‌تیی رامیاریی داسهپێنهرانهیه. دیاره پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی رواله‌تی و بوونی په‌رله‌مانی لاواز و بێده‌سه‌ڵات گوشاره ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان دروستیان کردووه، که ئه‌وان وه‌کو مۆدێلی دیموکراسی ناوچه‌که بانگاشه‌یان بۆ کردووه. له کوردستاندا هه‌رگیز هه‌لبژاردنێکی ئازاد، ده‌ستپاک و گونجاو به پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان نه‌بووه و رووی نه‌داوه. ئه‌و ستره‌کتوره داسهپێنهرهی که هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و رێکه‌وتنه دووقۆڵییه‌ی که هه‌یه وایکردووه ئه‌و دوو پارته پۆسته گرنگه‌کانی ده‌سه‌لاته جیاجیاکانیان لهژێرچنگدا بێت و پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش بۆ ئه‌و که‌سه بچێت که ئه‌وان به‌پێی رێککه‌وتن دیاریان کردووه. بۆیه سه‌رۆکبوونی مه‌سعود بارزانی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌ر له‌هه‌ر شتێک ئه‌نجامی ئه‌و رێکه‌وتنه دووقۆڵیه و ئه‌نجامی ئه‌و سیسته‌مه رامیارییه داسهپێنهرهیه، نه‌ک ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسی کراوه‌ی ره‌وا.
له هه‌ڵبژاردنی رابردوودا به‌هۆی لاوازبوونی یه‌کێتی و دروستبوونی گۆڕان به‌تایبه‌تی، پارتی نه‌یتوانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیدا هه‌بێت بۆیه له‌وێدا مه‌سعود بارزانی به‌رامبه‌ر به کاندیدی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن د. که‌مال میراوده‌لی دۆڕاندی، به‌ڵام پارتی له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌لاتی خۆیدا ساخته‌کاری بێسنوری ئه‌نجامدا و به‌مشێوه‌یه مه‌سعودبارزانی له‌رێگه‌ی ساخته‌کاریه‌وه کرایه‌وه سه‌رۆک، دواتر ئه‌وه ڕگه‌یه‌ندرا که 70% خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان پێداوه!؟ شایانی گوتنه به‌ده‌ستهێنانی سه‌دا حه‌فتای ده‌نگه‌کان له وڵاته دیموکراسیه‌کاندا ئه‌نجامێکه له راستیدا وه‌کو خه‌ون وایه. هه‌روه‌ها شایانی سه‌رنجدانه دکتۆر که‌مال میراوده‌لی به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌سعودبارزانی نه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و پارت و هێزه، نه که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن، نه سه‌رمایه و داهاتی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستاندا که‌چی توانی هه‌لبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی له ناوچه‌ی سلێمانیدا بباته‌وه. ئه‌وه‌ی که روویدا به‌ڵگه‌یه‌کی زیندووه که هێما بۆ توڕههلدانی سه‌رۆکی سه‌پێندراو و سیسته‌مه‌می بنه‌ماڵه‌یی و میلیتسگهرا ده‌کات له‌ئه‌گه‌ری ئازادبوونی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا.
دیاره له‌ژێرسایه‌ی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسی کراوه و ره‌وادا و به‌له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی پاکی و تاواننهکردن که بۆ خۆ پاڵاوتنی پۆسته گرنگه‌کانی وڵات له‌وانه پۆستی سه‌رۆکایه‌تی پێویستن، نه مه‌سعود بارزانی و نه زۆر له سه‌رکرده‌کانی دیکه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه یا ڕۆڵیان هه‌یه، مافی خۆ پالاوتنیان نه‌ده‌بوو، چونکه بێ‌تاوان نین. وه‌کو گوتمان له باشوری کوردستاندا مه‌سعود بارزانی وه‌کو سه‌رۆک سه‌پێندراوه‌ته سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و له دوای په‌سندکردنی ده‌ستوری ئێراقی له 2005 دا به فه‌رمی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه.
ئه‌گه‌ر گوتن له‌سه‌ر که‌سایه‌تی مه‌سعود بارزانی به‌کورتی بکه‌ین ده‌کرێ بلێین که ئه‌و که‌سایه‌تیه‌کی داخراو و کۆنسێرڤهتیو، له‌ژێر کاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌ره‌تا خۆی، بنه‌ماڵه، خێل و پاشان پارتی دایه. به‌پێی کردار‌و کرده‌وه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خێزان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌پله یه‌ک دێن. ئه‌و که‌سێکه گوتنه‌کانی له‌گه‌ڵ کرده‌وه‌کانی یه‌کناگرنه‌وه و به گوێره‌ی دڵی خۆی ئاخافتن ده‌کات، زۆرجار ئاخاوتنه‌کانی له گوتنی که‌سێکی ئاسایی نه‌خوێنده‌وار ده‌چن، له فاکت و راستیه‌کان راده‌کات یا خۆی له‌راستیه‌کان ده‌بوێرێ، زۆرجار بۆ خۆ دهربازکردن له به‌رپرسیارییه‌ک خۆی بهبێئاگا پیشان ده‌دات. وه‌کو ترادیسیۆنی بنه‌ماڵه‌که‌ی شوره‌یه‌کی کۆنسهرڤهتیوانهی زۆر بیرۆکراتیانه له نیوان ئه‌و و خه‌ڵک دروستکراوه و که‌س به ئاسانی ناتوانێ بیبینێ یا بیگاتێ. که‌سێکه که‌م ده‌رده‌که‌وێت و نایه‌ته ناو خه‌ڵک، ئه‌گه‌ر بشهێت وه‌کو سه‌رکرده دیکتاتۆره‌کان به سه‌دان چه‌کدار ده‌وره ده‌درێت و ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وی ده‌چتێ هه‌مووی ده‌خرێنه ژێر چاودێری هێزه چه‌کداره کانی. له روداوه گرنگه‌کاندا که ناچاری ده‌رکه‌وتن ده‌کرێت، به‌ڵێن ده‌دات به‌ڵام ئه‌و به‌لێنانه له گوتنی بۆش زیاتر نه‌بووین، بۆنمونه به‌ڵێنه لاوازه‌کانی که سه‌باره‌ت به چاکسازی دای. تائیستا نه‌بیندراوه له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی ئازادا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسانی ئازادی کورد (نه‌ک ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌خۆیان) دوانی دابێت یا چاوپێکه‌وتنی کردبێت، چونکه ئه‌و جگه له‌وه‌ی نایه‌وێ له “پایه‌که‌ی” خۆی بێته‌خواره، ناشیه‌وێ به‌ره‌ورووی ره‌خنه و پرسیاری وروژێنه‌ر ببێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و کیشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانه عه‌ره‌ب، تورک و بێگانه‌کاندا چاوپێکه‌وتن بکات. مه‌سعود بارزانی به‌پێی ترادیسیۆنی بنه‌ماڵه‌که‌ی و پارته‌که‌ی هه‌میشه ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی وه‌کو سه‌رکرده‌ی بێهاوتا و که‌موێنه و سه‌رۆکی خه‌باتی ڕزگاریخوازی کوردستان سه‌یری ده‌که‌ن و پێیداههڵدهدهن، هه‌روه‌کو ئه‌و دیارده‌یه به پلان و به‌رنامه دروستکراوه. مه‌سعود بارزانی ته‌نها سه‌رکرده‌ی پارتێکی کوردییه له باشوری کوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه‌دا به‌رده‌وامه. دیاره ئه‌و خۆی واپیشان ده‌دات که ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات ناکات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل ئه‌و ئه‌رکه‌ی گرتۆته ئه‌ستۆ، به‌ڵام له راستیدا خۆی و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر هۆکاره‌کانی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه گرنگه ئابوری و رامیاریهکاندا گرتووه، بۆنمونه ئه‌و خۆی سه‌رۆکی هه‌رێمه، نێچیره‌وانی برازای سه‌رۆکی وه‌زیرانه، مه‌سروری کوڕی سه‌رۆکی ده‌زگای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه، هه‌روه‌ها کۆنتراکته نه‌وتیه‌کانی ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی خۆیان له‌ژێرچاودێری و کۆنترۆلی ئه‌واندا کراون و ده‌کرێن. وه‌کو زۆر له سه‌رۆکه دیکتاتۆره‌کان که خۆیان وه‌کو سه‌رباز دهناسیێنن، مه‌سعود بارزانی وه‌کو پێشمه‌رگه‌ی ساده و ئاسایی خۆی پێناسه ده‌کات و گوتن له دیموکراسیبوونی خۆی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و له‌وه‌ته‌ی له کۆتایی 70 کانه‌وه کراوه‌ته سه‌رۆکی پارتی هه‌ر خۆی سه‌رۆکی پارتی بووه و ئاماده نه‌بووه پۆستی که‌متر له سه‌رۆکایه‌تی وه‌رگرێت واته ئه‌و نزیکه‌ی 35 ساڵه به‌کرده‌وه سه‌رۆکی پارتییه. له‌دوای رێکه‌وتنی ففتی ففتی 1992 دا، ئاماده نه‌بوو پۆستی سه‌رۆکی وه‌زیران و په‌رله‌مان وه‌رگرێت و بێته ناوجه‌رگه‌ی کاره گرنگه‌کان. جارێکیان فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی و که‌سایه‌تی نزیک له بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له وه‌لامی پرسیارێکدا، پێوابوو پۆستی سه‌رۆکی وه‌زیران یا په‌رله‌مان له که‌سایه‌تی مه‌سعود بارزانی که‌مده‌که‌نه‌وه بۆیه شیاوی ئه‌و نین. دوای دابه‌شبوونی باشوری کوردستان به‌سه‌ر به‌ره‌ی زره‌د و سه‌وزدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی زه‌رد بووه و که‌سی یه‌که‌م بووه. مه‌سعود بارزانی له ساڵی 1992 ـه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر شاری سه‌ری ڕه‌ش داگرتووه و داگیری کردووه، به جۆرێ له‌جۆره‌کان زۆر له خان‌و و زه‌ویه‌کانی سه‌ربه‌ند و ده‌وروبه‌ری هه‌روه‌ها زه‌ویه‌کانی نێوان هه‌ولێر و سه‌ربه‌ند به‌میتۆدی جیاواز له‌لایه‌ن ئه‌وان و ئه‌ندامانی خێلی بارزانی ئه‌وانه‌ی که سه‌ر به‌خۆیانن کڕاوه یا به‌جۆرێ له جۆره‌کان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
مه‌سعود بارزانی له‌گه‌لێ بۆنه‌دا کۆمه‌ڵێ وشه‌ی بریقاوه ڕیزده‌کات و ئاماژه به سه‌رکه‌وتووی ئه‌زموونی دیموکراسی کوردستان ده‌کات و ئاماژه به سه‌رکه‌وتوویی هه‌وڵه‌کانیان بۆ یه‌کخستنی دووبهرێوهربهرییهکهی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌کات. لێره‌دا پێویسته به‌کورتی هه‌ندێ له‌و خاڵه گرنگانه بخه‌ینه‌ڕوو که ئه‌و لێیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، هه‌روه‌ها سه‌رنجێکی هه‌ندێ له‌و دیاردانه ده‌ده‌ین که ئه‌و وه‌کو سه‌رۆک، هه‌روه‌ها پارتی و یه‌کێتی وه‌ک دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له کۆمه‌ڵگه‌ی باشوری کوردستاندا دایانهێناوه.
له‌ژێر سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا نه‌تواندرا دیموکراتیزه‌کردنی کوردستان هه‌نگاوه‌کانی بنێت، سیسته‌م و دامه‌زراوه ئاوتۆریتێر و نادیموکراسیه‌کان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه و له جێگه‌ی ئه‌واندا سیسته‌مێکی دیموکراسی و کراوه دابمه‌زرێت. ئه‌و نه‌یتوانی وا‌بکات ده‌ستورێکی پرۆفیشنال و بێلایه‌ن، دوور له کاریگه‌ری ئایدۆلۆژیا و ئایین له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زای بێلایه‌ن (نه‌ک که‌سانی سه‌ر به‌خۆیان) له‌ساڵی یه‌که‌می ده‌ستبه‌کاربوونیدا بنوسرێته‌وه و تاوتوێبکرێت و بخرێته گشتپرسیهوه. ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵک نه‌گه‌رایه‌وه و دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی ڕواڵه‌تییه. به‌مجۆره خێزان و پارتی زاڵ که پێشتر به زه‌بروزه‌نگ و هێزی چه‌ک ده‌سه‌ڵاتیان گرتبووه ده‌ست، درێژه‌یان به ده‌سه‌ڵاتیان دا، به‌هێزتر بوون و ده‌سه‌لاتیان به‌پێی ئاره‌زووه‌کانیان به‌کارهێناوه و ده‌هێنن.
له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له چه‌ک دابماڵدرێن و بکرێن به پارتی سڤیل و بێچه‌ک وه‌کو له‌وڵاته دیموکراسیه‌کاندا هه‌ن. هه‌روه‌ها نه‌تواندرا بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌لاتدار له هێزه چه‌کداره‌کانی پۆلیس و سوپا دووربخرێنه‌وه و بێلایه‌ن بکرێن، نه‌تواندرا هێزه‌کانی سه‌ر به سه‌رۆک و پارت که له‌ژێر ناوی جیاجیادا هه‌ن و به‌هێزی نیستیمانی ناوده‌برێن وه‌کو زێره‌ڤان، ئاسایش، پیشمه‌رگه و لیوای فلان و هێزی فڵان هه‌ڵبووه‌شێندرێنه‌وه و نه‌هێلدرێن. له‌جیاتی ئه‌وه په‌ره به دیارده‌ی میلیتسگه‌رایی و کۆکردنه‌وه‌ی هێزی زیاتر له‌لایه‌ن سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه له‌ژێر ناو و بیانووی جیاجیاوه دراوه. هه‌روه‌ها نه‌تواندرا ده‌زگاکانی ئاسایشی پاراستن و زانیاری که سه‌ر به هه‌ردوو پارت ده‌سه‌ڵاتدارن ههلبووهشێندرێنهوه، له‌جیاتی ئه‌وه ده‌زگای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دامه‌زرێندرا و هه‌ردوو ده‌زگا سیخوری و داپلۆسێنهرهکه ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر کرا و به‌هێزتر کران.
له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ودا هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی کانوندانان، به‌ڕێوه‌بردن و دادوه‌ری له‌یه‌کتر سه‌ربه‌خۆ نین و له ئاست بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌ربه‌خۆ نین، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه به‌جۆرێ له جۆره‌کان له‌ژێرچنگی بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتداردان. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری زۆر لاوازه، دڵنیای داد بوونی له کۆمه‌لگه‌د نییه. کۆمه‌ڵگه و مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه ئازاد نین و له‌ئاست سه‌رۆک، بنه‌ماڵه، به‌رپرسه‌کان و پارتی ده‌سه‌لاتداردا بێده‌سه‌لاتن.
له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا ده‌سه‌لات و به‌ڕیوه‌به‌رییه‌کی یه‌کگرتووی نیشتیمانی دروست بکرێت و دیارده‌ی دوو به‌ڕێوه‌به‌ریی و دابه‌شکردنی دووقۆڵی کۆتایی پێبهێندرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه درێژه به دیارده‌ی دوو به‌رێوه‌به‌ریی و دابه‌شکردنی دووقۆڵی له نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ژێر ناوی رێککه‌وتنی ستراتیژیدا درا و چووه ئاستی ترسناکتر. هه‌روه‌کو ئێستاش له سلێمانی یه‌کێتی فه‌رمانره‌وایه و له هه‌ولێر پارتی.
له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا په‌رله‌مان به‌هێزبکرێت و له پرسه چاره‌نوسسازه‌کاندا ببێته خاوه‌نی دوابڕیار. به‌مجۆره له‌بری ئه‌وه دیارده‌ی نابووتی و لاوازی پارله‌مان له ئاست سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و مه‌کته‌بی سیاسی پارتی ده‌سه‌ڵاتداردا به‌رده‌وامی پێدرا، هه‌روه‌ها بزری و بێدهسهلاتی په‌رله‌مان له ئاست بڕیاره سه‌روه‌ری و چاره‌نوسسازه‌کانی کوردستاندا، وه‌کو رێکه‌وتن و کۆنتراکته ستراتیژیه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه و بڕیاری هه‌لسوکه‌وتکردن به‌سامانی سروشتی، پرسه‌کانی ئاسایش، پرسه گرنگ و کێشه له‌سه‌ره‌کانی نێوان حکومه‌تی ئێراق و کورد هتد.
له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا یه‌کسانی له‌نێوان مرۆڤه‌کاندا له‌به‌رده‌م دادگادا هه‌نگاوی ئه‌وتۆی بۆ بندرێت، تا ئێستا دادگا نه‌یتوانیووه به‌رپرسێکی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ر به‌خۆیان یا ده‌سه‌ڵاتدارێکی بارزانی بداته دادگا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌میان هه‌یه له گه‌نده‌ڵی و پێشلێکاری دیکه نهئاڵابن. نه‌تواندرا مسۆگه‌ری ئازادی که‌سه‌کان بکرێت و پارێزگاری مرۆڤه‌کان له پیاده‌کردنی ئازادییه‌کاندا مسۆگه‌ر بکرێت. ده‌ستدرێژی و کرده‌ی مهرجئامێزی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامه، ره‌خنه‌گرانی ده‌سه‌ڵات هه‌یانه تیرۆرده‌کرێن، هه‌یانه ده‌فرێندرێن و له‌لایه‌ن هێزه‌چه‌کداره‌کانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئازار و ئه‌شکه‌نجه ده‌درێن. جگه‌له‌وه خه‌ڵکی ئاسایی و بێده‌سه‌ڵات زۆرجار به‌ره‌ورووی پرۆسه‌یه‌کی دادگایی ناره‌وا ده‌کرێنه‌وه و سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.
نه‌تواندرا یه‌کسانی له نێوان ئایینه‌کاندا مسۆگه‌ر بکرێت و ئایینه که‌مینه‌کان یا گروپه که‌مینه‌کان په‌راوێز نه‌کرێن و جوداکاریان له‌به‌رامبه‌ردا نه‌کرێت. پره‌نسیپ و تێگه‌یشتنه‌کانی ئایینی ئیسلام له‌ژێر ناوی ئایینی زۆرینه‌دا له بواری یاسادانان و بواره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕیوه‌بردن و هه‌موو کهناڵهگرنگهکانی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه زاڵه و کاریگه‌ری زۆری به‌ده‌ستهێناوه و هه‌یه. ئه‌ندامانی سه‌ر گروپه که‌مینه‌کان به‌ره‌وڕووی جوداکاری ده‌بنه‌وه و کێشه‌یان بۆ دروست ده‌کرێت.
له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و کرانه‌وه و پیشکه‌وتن ببردرێت، به بیروتێگهیشتنی سه‌رده‌میانه‌وه و مۆدێرن دهوڵهمهندبکرێت و لێکدانه‌وه راشیونال و زانستیه‌کان له بواره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ژیاندا ببنه بنه‌مای لێکداوه و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌کان. به‌پێچه‌وانه‌وه کۆمه‌ڵگه رۆژ له‌دوای رۆژ روو له داخراوی و پشووتهنگییه و لێکدانه‌وه نازانستیه‌کان زاڵترن و زیاتر رهگدادهکوتن. به‌مجۆره کۆنه‌پارێزی و کۆنسهرڤهتیزمی ئایینی و فیوداڵی بهسهرکۆمهلگهدا زاڵکرا به‌جۆرێک که هه‌رگیز له سه‌دساڵی رابردوودا باشوری کوردستان نمونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌دیووه. له سایه‌ی ئه‌و کۆنهپهرستییهدا رۆژانه له‌به‌رچاوی ده‌سه‌لات و داواکاری گشتیدا تاوان و پێشێلکاری دژ به ژنان به‌تایبه‌تی و که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌گشتی ئه‌نجام ده‌درێن.
له‌سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا نه‌تواندرا سیسته‌مێکی ئابوری نیشتیمانی که به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستان له‌به‌رچاو بگرێت بهێندرێته‌دی، له بودجه‌یه‌کی کراوه‌دا له گفتوگۆ و دانوستانێکی کراوه‌دا په‌سندی پرۆژه و هه‌نگاوه نیشتیمانیه‌کان بکرێت، کۆنترل و میکانیزمی جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کان به‌رنامه‌ی تۆکمه‌یان بۆ دابندرێت. هه‌روه‌ها بودجه له ده‌ستی حزب دووربخرێته‌وه به‌جۆرێک که نه‌تواندرێ داهاتی گه‌ل بۆ پرۆژه حیزبیه‌کان ببردرێت و به‌هه‌ده‌ربدرێت. جگه‌له نه‌بوونی کراوه‌یی له که‌ناله‌کانی داهات له کوردستاندا، بۆنمونه پاره و داهاتی سنوری برایم خه‌لیل چۆن و چه‌ند و بۆ کێ ده‌ڕوا و کێ ده‌یخوا شاراوه‌یه.
له سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا نه‌تواندرا بازاری ئازاد له کوردستاندا به‌شێوه دروست و ئازاده‌که‌ی بهێندرێته‌دی، پێشبڕکێی به‌کاربردن و به‌رهه‌مهێنان ئازاد بێت، سه‌رمایه به‌ئازادی بجوڵێت و مرۆڤه‌کان به‌ئازادی سه‌رمایه‌یان به‌کاربهێنن، پاوانکردن، قۆرغکردن و داگیرکردن و جوداکاری نه‌هێلدرێت. له‌جیاتی ئه‌وه درێژه‌درا به قۆرغکردنی بازرگانی و بازاڕی کوردستان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان، به‌مجۆره قۆرغکردن، پاوانکردن، ده‌ستبه‌سه‌راگرتن درێژه‌ی پێدرا. بۆنمونه دروستکردنی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی زه‌به‌لاح بۆ خۆیان جا چ راسته‌وخۆ له‌ژێر ناوی خۆیان یا له‌ژێر ناوی خه‌ڵکی دیکه‌دا. هه‌روه‌ها درێژه‌دان به جوداکاری به‌رفراوان له‌بواری کارکردن‌دا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای وابه‌سته‌یی حیزبی درێژه‌ی پێدرا.
له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نه‌تواندرا هێزه سه‌ربازیه‌کانی تورکیا که له کوردستاندا نیشتجێن له خاکی کوردستان دهرکرێنه ده‌ره‌وه. نه‌تواندرا کۆمه‌ڵگه له کاریگه‌رییه ئابووری و رامیاری و په‌روه‌رده‌ییه‌کانی تورک رزگاربکرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه تورکیا ده‌ستی باڵای له بازرگانیکردن به‌تایبه‌تی نه‌وت له کوردستاندا هه‌یه و هاوکاریه‌که چۆته ئاستێکی مه‌ترسیدار. بازرگانی نه‌وت و کۆنتراکت به‌ستن له‌م بواره‌وه له‌گه‌ل تورکیا راسته‌خۆ په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی خودی سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه هه‌یه. به‌سه‌دان کۆمپانیای تورکی له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه هاتوونه‌ته کوردستان و پرۆژه‌ی جه‌له‌بی و ساخته و نیوه‌چل پێشکه‌ش به کوردستان ده‌که‌ن و بێ‌سزا بۆی ده‌رده‌چن. تورکیا خاوه‌نی چه‌ندین به‌ناو زانستگه‌ی تایبه‌تی تورکییه (بۆنمونه “کولیه‌ی عیشق” که رووبه‌رێکی یه‌کجار گه‌وره‌ی له شاری هه‌ولێر داگیرکردووه) که راسته‌وخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تورکیا کار ده‌که‌ن هتد.
له سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا نه‌تواندرا دیارده‌ی به‌تاڵانبردن و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌کارده‌هێندرێت له‌ناوببردرێت. له‌جیاتی ئه‌وه هه‌وڵدراوه ئه‌و تاڵانی بهههدهربردنه له رێگه‌ی بهیاساییکردنیان ره‌وا بکرێن. هه‌روه‌ها نه‌تواندرا موچه‌ی به‌رتیل، موفته و خۆڕایی کۆتای‌یان پێبهێندرێت. نه‌تواندرا سنورێکی گونجاو بۆ ئه‌و هه‌موو خانه‌نشینه ساخته یا ناڕه‌وایه دابندرێت که به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار دروستی کردوون.
له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ودا دادگایه‌کی تایبه‌ت به تاوانی گه‌لکوژی و دژ به مرۆڤایه‌تی له کوردستاندا دانه‌مه‌زرا. جگه‌له‌وه مه‌سعود بارزانی دژی ڕاده‌ستکردنی تاوانباره کورده‌کان وه‌کو سه‌رۆک جاشه‌کانه که له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا له دادگای باڵای ئێراقی داواکراون، وه‌ستاوه و په‌نای داون یا ڕزگاری کردوون. هه‌روه‌ها هاوکاری هه‌ندێ له تاوانباره عه‌ره‌به‌کانی کردووه و ڕزگاری کردوون. له‌ژێرسایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا زۆر له کۆنه سه‌رۆک جاشه‌کان هایلایڤ ده‌ژین و ئه‌و ژیانه ئاغایانه‌ی ئێستا هه‌یانه له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا به‌خه‌ونیش نه‌یاندیبوو.
له سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا بره‌و به دروستکردنه‌وه‌ی خێلهکیزم و دیارده فیوداڵیهکان درایه‌وه. شێخ و ئاغاکان ده‌سه‌ڵاتی بالایان به‌ده‌سته و کاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. زۆر له کێخوا و ئاغاکان هه‌ر به‌ناو هه‌بوون، به‌ڵام دروستکرانه‌وه و بههیزکران و موچه‌ی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان کرا.
به‌کورتی له سایه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژی خۆی و تاڵه‌بانی و له‌سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ودا، کورد وه‌کو نه‌ته‌وه ئیفلیج بووه، نایه‌کگرتوو و پارچه‌پارچه‌یه، که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد که‌سایه‌تیه‌کی تێکشکاوه، کۆنه‌په‌رستی قوڕگی کۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه، گه‌نده‌ڵی هه‌ناسه‌ی له کۆمه‌ڵگه بڕیووه، پره‌نسیپه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان تێکشکاون، ده‌سه‌لاتی بنهماڵیهیی و میلیتسگهرا له ئارادایه، کۆمپانیا و که‌سانی گه‌نده‌ڵی تورک و عه‌ره‌ب و بێگانه له کوردستاندا تهڕاتێنیانه، سامانی سروشتی هه‌رزانفرۆش ده‌کرێت، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دزرێت، نیشتیمان له‌ژێر ناو و بۆنه‌ی جۆراوجۆردا هه‌راج ده‌کرێت، به‌سیج و میت تهڕاتێنیانه، میتۆدی مافیایی سه‌رده‌سته، خزمخزمێنه، درۆ و ساخته، به‌رتیل و واسته ههڕمێنیهتی، کۆمه‌ڵگه بێبه‌رهه‌مه و خه‌سێندراوه، سیخوڕی و میتۆدی به‌عسیانه باویه‌تی، ده‌ره‌به‌گایه‌تی باوی پهیداکردۆتهوه، کۆنه‌پارێزیی ئیسلامی زاڵه، بۆشایی نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند ئاسمان و رێسمانه، ژنان ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه و رۆژانه له‌سه‌ر ئازادی له‌دار ده‌درێن، تاوانبارانی گه‌لکوژی به‌ئازادی ده‌سوڕێنه‌وه و هایلایڤ ده‌ژین، کۆنه‌به‌عسیه‌کان به‌رزده‌کرێنه‌وه هتد. ئه‌و دیاردانه و زۆریتر له سایه‌ی فه‌رمانره‌وایی مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی یا داهێندراون یا گه‌شه‌یانکردووه و په‌ره‌یان پێدراوه.
لێره‌دا کۆتایی به ره‌خنه‌کان ده‌هێنین، چونکه ئه‌وه‌ی لێره‌دا نوسراوه زۆر زیاترن له‌وه‌ی که بۆ توڕههلدانی سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنه‌ر و نادیموکراسی پێویستن. ئه‌و خاڵانه‌ی نوسراون ته‌نها مشتێکی خه‌روارێکن، که هه‌مووی به‌جۆرێ له جۆره‌کان ده‌چنه خانه‌ی پیشێلکارییهوه وه‌کو پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی ئازادیه‌کان، پێشێلکردنی سه‌روه‌ریی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی هتد.
………………………………………
تێبینی: کورته‌ی ئه‌و وتاره بۆ رۆژنامه‌ی ئاوێنه ناردراوه.
سەرنج بنێرە