کورد له دووڕیانی کێشه‌کانی سیسته‌می نوێی رامیاری ئێراقدا
هه‌وڵدان بۆ رێککه‌وتنی دیکه له ژێر که‌شی بێمتمانه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌کاندا یا به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان پینه‌کردنی کێشه‌کان و تێپه‌ڕاندنیان خۆشباوه‌ڕی، فێڵ له‌خۆکردن و فێل له‌یه‌کتر کردنه، که نه‌ک ته‌نها دواخستنی کێشه‌کانه، به‌ڵکو درێژه‌دانه به نکۆڵیکردن له گه‌رانه‌وه بۆ فاکته‌ره نه‌رێنییه بنچینه‌ییه‌کان که هۆکاری کێشه‌کانی ناو ئێراقن.
له‌و وتاره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه کێشه و فاکته‌ره بنچینه‌ییه نه‌رێنیه‌کانی ستاتی ئێراق و چاره‌سه‌ره ئه‌مه‌ریکاییه‌که به‌گشتی، هه‌روه‌ها سه‌یری تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێراقدا له‌به‌ررۆشنایی ئه‌و چاره‌سه‌ره‌دا ده‌که‌ین.
گه‌لێ له کێشه گرنگه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیه‌کانی ناو ئێراق له سه‌ره‌تای دروستکردنی ئێراقه‌وه ده‌ست پێدکهن. کۆلۆنیالیسته‌کان ئێراقیان دروستکرد و سنوره‌کانی ئێراقیان سه‌پاند، باشوری کوردستانیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به ئیراقه‌وه لکاند. ده‌سه‌لاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز عه‌ره‌به سوننه‌کانی به‌سه‌ر پێکهاته‌کانی دیکه‌دا به‌رزکرده‌وه‌و و زاڵکرد. هه‌رله‌و ساوه کێشه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی که‌مینه‌ی سوونه و زۆرینه‌ی بێدهسهلاتی شیعه ده‌ستیان پێ‌کرد. سه‌باره‌ت به کورد دوای لکاندنی باشوری کوردستان (ویلایه‌تی موسل) به ویلایه‌ته‌کانی به‌غدا و به‌سرا ده‌سه‌لاتی داگیرکه‌ری ئینگلیز هه‌موو هاوکاریه‌کی ده‌سه‌لاتی عه‌ره‌بی ئێراقی بۆ سه‌قامگیربوونی ستاتی ئێراق کرد، به‌مجۆره هه‌وڵه‌کانی ئازادی کوردستان له‌لایه‌ن ئینگلیز و عه‌ره‌به‌وه سه‌رکوتکران. به‌مشێوه‌یه کورد له باشوری کوردستاندا که له ساڵی 1920 دا له‌ئه‌گه‌ری جێبه‌جێکردنی رێکه‌وتنی سیڤه‌ردا له‌سه‌ربه‌خۆیی نزیک بوو، دوای لکاندنی به ئێراق و سه‌پاندنی سنوره نوێکان نه‌ک هه‌ر به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆیی پاشه‌کشه‌ی پێکرا و له گۆڕنرا به‌ڵکو کورد له‌که‌مترین ماف بێبه‌شکرا و ئیتر خه‌ڵکی کوردستان کرانه ئێراقی و له ئێراقیشدا بوونه نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته. ئێراق به‌شێکی کوردستانی خرایه بنده‌ست و ئه‌رکی داگیرکاریی کۆلۆنیالیستی رۆژئاوایی گرته ئه‌ستۆ، بۆیه ئێراق له‌و رۆژه‌وه ده‌سه‌لاتی داگیرکه‌ری باشوری کوردستان بووه.
کیشه گرنگه‌کانی نێوان گروپه ناکۆکه‌کان له‌سه‌ره‌تا و دواتر ئه‌وانه بوون: بوونی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری یا ئاوتۆریتێری، سیسته‌می سه‌ربازی، سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی، سیسته‌می یهکپارتی، ئایدۆلژۆیا یا بیروباوه‌ڕی تووندڕه‌و، سه‌رکرده‌ی تووندڕه‌و، به‌رزکردنه‌وه‌ی گروپێک به‌سه‌ر ئه‌وانیتر، په‌راوێزکردنی نه‌ته‌وه و گروپهئهتنیهکان، نایه‌کسانی له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتدا، نایه‌کسانی له دابه‌شکردنی ساماندا، لاوازی ناسنامه‌ی ستات، گۆڕینی دیمۆگرافیا و سنور، سنوردارکردن یا ڕێگه‌گرتن له مافه که‌لتوریه‌کان، نه‌بوونی مافه رامیاریه‌کانی نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه چه‌وساوه‌کان، نه‌بوونی دڵنیایی داد، نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی دادگا، نه‌بوونی پارله‌مانی ده‌سه‌لاتدار و راسته‌قینه و به‌مجۆره نه‌بوونی دابه‌شکردنی سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کانوندانان، به‌رێوه‌بردن و دادوه‌ری له سێ یه‌که‌ی سه‌ربه‌خۆدا، نه‌بوونی متمانه له نیوان پێکهاته‌کاندا، ناکۆکی هه‌میشه‌یی، بۆنه و بڕیاری ناڕه‌وای مێژوویی، بوونی هه‌میشه‌ی دیلامای ئاسایشی ناو ستات.
ئه‌وکێشانه‌ی سه‌ره‌وه که ئاماژه‌مان بۆ کردن هه‌مووی به‌خه‌ستی سه‌باره‌ت به کورد هه‌بوون. به‌ڵام کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا هه‌ر ئه‌و کێشانه نه‌بوون، به‌ڵکو کورد کێشه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و کێشه‌ی داگیرکردنی خاک هه‌روه‌ها کێشه‌ی هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که به داگیرکارییه‌وه به‌ند بوون له‌گه‌ڵ ئێراقدا هه‌بوو، بۆیه کێشه‌ی کورد خۆی له کێشه‌ی عه‌ره‌بی شیعه جیاده‌کاته‌وه. خه‌ڵکی کوردستان هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بکردن و تواندنه‌وه‌یان درا و له‌ژیر فه‌رمانڕه‌وایی رژێمی به‌عسدا چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد گه‌یشته لوتکه و هه‌ولی له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له تاوانی گه‌لکوژیه‌کانی فه‌یلیه‌کان، بارزانیه‌کان و ئه‌نفالدا درا، به‌مجۆره نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێراقدا له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی نه‌مان و له‌ناوچووندا بوو.
به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا رژێمی سه‌دام له ئه‌پریلی ساڵی 2003 دا رووخێندرا، پلانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆپۆزیسیۆن که ئه‌مه‌ریکا کۆیکردبوونه‌وه بۆ سیسته‌می رامیاری دوای سه‌دام تیۆریانه بریتی بوو له دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی که هه‌موو پێکهاته‌کان به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا به‌پێی رێژه‌ی خۆیان بکه‌ن و سامانی ئێراقیش به یه‌کسانی دابه‌ش بکرێت. سیسته‌می فره‌پارت و پلورالیزم بێتهئاواره. سه‌رکرده‌ی تووندڕه‌و بێده‌سه‌ڵات بکرێت یا له‌رێگه‌ی ده‌سه‌لات و پاره‌وه که‌مۆ بکرێن. هاوڵاتیان له‌به‌رده‌م دادگادا یه‌کسان بن، ماف و ئازادی که‌سه‌کان وه‌کو هاوڵاتی ئێراقی مسۆگه‌ر بکرێن.
به‌کرده‌وه جۆرێک له سیسته‌می نیمچهفیدرالی یا فیدرالی بۆ چاره‌سه‌ری جودایی پێکهاته‌کانی ئێراق له ده‌ستوردا دارشترا و گۆڕدرا و به‌شێوه‌یه‌کی دیکه داڕشترایهوه و نیازی ئه‌وه هه‌بوو ده‌ستکاری هه‌ندێ له خاڵه‌کانی ده‌ستور بکرێته‌وه. کێشه‌کانی سامان، سنور، دابه‌شکردنی ده‌سه‌لات و جیاکردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌لاته‌که هتد. له‌ده‌ستوردا نوسران. به‌مجۆره هه‌وڵدرا ئه‌و کێشانه‌ی که له‌ئێراقدا هه‌بوون له‌م رێگه‌یه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن. بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ناکۆکی ناوچه تێکه‌ڵه‌کان و سنور له نیوان کورد و عه‌ره‌بدا له مادده‌ی 58 پاشان 140 دا چاره‌سه‌ره‌که‌ی (که کێشه‌ی تێدایه و ره‌خنه‌ی زۆر هه‌لده‌گرێت) له ده‌ستوردا نوسرا. به‌هێزکردنی ناسنامه‌ی هاوبه‌شی ئێراقیانه و تێگه‌یشتنێکی ئه‌رێنیانه له نێوان گروپ و نه‌ته‌وه‌کاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی وابه‌سته‌یی چاره‌نوسی هاوبه‌ش له ستاتی ئێراقدا ئامانجی گرنگی سیسته‌می رامیاری دوای سه‌دام بوو و کاری بۆ کرا. له‌بیرمان نه‌چێت بنچینه گرنگه‌کانی دروستکردنی ئێراق له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا که ده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز دایڕشتبوون پارێزگاری کران، به‌ڵام ئه‌وجاره ئه‌مه‌ریکا پێوابوو دروستکردنی جۆره سیسته‌مێکی رامیاری ئه‌وها که ئاماژه‌مان بۆیکرد، ده‌توانێ سه‌رکه‌وتوو بێت، سه‌روه‌ری و یه‌کێتی ئێراق بپارێزێت و ببێته “نمونه” بۆ ناوچه‌که.
ده‌سه‌لاتی ئه‌نجومه‌تی کاتی کۆتایی هات، عه‌لاوی رۆیی و جه‌عفه‌ری هات، قۆناغی گواستنه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌لبژاردنی 2005 دا گوترا کۆتایی هات و مالیکی هات، هه‌لبژاردنی نوی له ساڵی 2011 داکرایهوه و دوای دواکه‌وتنێکی زۆر جارێکی‌تر مالیکی کرایه‌وه سه‌رۆکی وه‌زیران. ئه‌مه‌ریکا له کۆتایی ساڵی 2011 دا هێزه‌کانی خۆی کشانده‌وه و بانگاشه‌ی بهدیهێننای ئه‌رکی خۆیان له ئێراقداکرد. له‌راستیدا ئه‌مه‌ریکایه‌کان ده‌زانن ئێراق که‌وتۆته چ گێژاوێکی رامیاریه‌وه، ئه‌مه‌ریکا له کاتێکی گونجاو ده‌گه‌ڕا تا هێزه شه‌رکه‌ره‌کانی خۆی بکشێنیته‌وه و بانگاشه‌ی ته‌واکردنی ئه‌رکه‌که‌ی له ئێراقدا بکات.
ئێستا سه‌ره‌تای ساڵی 2012 یه واته زیاتر له 9 ساڵ به‌سه‌ر روخانی رژێمی به‌عسدا تێپه‌ڕیووه، قۆناغی گواستنه‌وه گوایه تێپه‌ڕیووه، به‌ڵام کێشه گرنگه‌کان تاڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌رنه‌کراون، جگه‌له‌وه‌ی کێشه‌ی دیکه‌ش هاتوونه‌ته ئاراوه، هه‌موو ئه‌و کێشه ناوخۆییانه وایان کردووه بارێکی ناسه‌قامگیری رامیاری ده‌ست به‌سه‌ر ئێراقدا بگرێت. تائێستا له ئێراقدا نه‌تواندراوه ئارامی و ئاسایش مسۆگه‌ر بکرێت. له‌رۆژی یه‌که‌مه‌وه تا رۆژی ئه‌مرۆ به‌رده‌وام ته‌قینه‌وه و کاری تیرۆریستی و تێکده‌رانه هه‌بووه. زیاتر له سه‌د هه‌زار که‌س بوونه‌ته قوربانی ناکۆکییه ناوخۆییه‌کان و کاره تیرۆریستیه‌کان.
پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراق له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی که وا‌بکات هه‌موو پێکهاته‌کان به‌شداری ده‌سه‌ڵات بکه‌ن، تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ بوو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا که به‌ر له‌و سیسته‌م گۆڕینه‌ی ئێراق سیسته‌می دیموکراسی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی بوو، بۆیه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌که نواند و به‌جۆرێ له جۆره‌کان پیشانیدا که ده‌کرێ هاوڵاتیان له رێگه‌ی هه‌لبژاردنه‌وه نوێنه‌رانی خۆیان هه‌لبژێرن، پیشاندرا که ده‌کرێ له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵات ئالوگۆڕی پێبکرێت. ئه‌وه ئه‌گه‌ر به رواڵه‌ت و بێ ووردبوونه‌وه سه‌یری پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌که و هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین.
به‌ڵام بینینی سه‌رکه‌وتنی یا ژێرکه‌وتنی ئه‌و پرۆسه رامیارییه‌ی دوای سه‌دام له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌روا سانا نییه، به‌بێ قووڵبوونه‌وه له فاکتهرهبنچینهییه نه‌رێنیه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کانی چاره‌سه‌ریان له سایه‌ی سیسته‌مێکی ئه‌وهادا. بۆیه پرسیاره‌کان زۆرن وه‌کو ئایا پێکهاته‌کانی ناو ئێراق له هه‌ڵبژاردنی چاره‌نوسی رامیاریاندا ئازاد بوون؟ ئایا گرنگی به فاکته‌ره مێژژویهکان درا؟ ئایا کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ی چه‌وساوه سه‌یری کرا و له‌م چوارچێوه‌یه‌وه چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌که‌ی داندرا؟ ئایا تواندرا سیسته‌مێکی رامیاری دیموکراسیانه دروست بکرێت؟ ئایا تواندرا سیسته‌مێکی فیدرالی پێکبهێندرێت؟ ئایا ئه‌و چاره‌سه‌ره رامیاریهی دوای سه‌دام له‌گه‌ڵ ئاوات و داخوازیه‌کانی پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنی و ئایینهیکانی ناو ئێراق گونجاون؟ قۆناغی گواستنه‌وه چۆن ئه‌نجامدرا و کێشه‌کانی چی بوون؟ ئایا فاکته‌ره نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیه‌کان لاوازکران و ئێراقیبوون خۆی له بیروهزری خه‌لکیدا خۆشه‌ویستانه چه‌سپاند؟ ئایا سه‌رنجی ئه‌گه‌ری ده‌رهاویشته‌کانی سیسته‌می رامیاری ئێراق درا و تێیگه‌یشتن؟ به‌رده‌وامی ناکۆکیه‌کان له‌به‌رچی؟ ئه‌وانه و گه‌لی پرسیاری دیکه هه‌ن که پێویستیان به وه‌لام هه‌یه.
ته‌نگژه‌کانی نێوان پێکهاته‌کانی ئێراق له هه‌ڵکشاندان. گروپه‌کان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتیان له ده‌وری خۆیاندا داوه و ده‌ده‌ن. مالیکی (پارتی ده‌عوه) هه‌وڵی به‌هێزکردنی ده‌سه‌لاتی خۆی له ناوه‌ندا ده‌دات و دژی هه‌ندێ له خاڵه‌کانی ده‌ستوره. هه‌ندێ لایه‌نی دیکه هه‌روا. وه‌زاره‌ته‌کان دلسۆزی گروپه‌کانن و ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌که‌ن. هێزه میلیتسهکان ده‌سه‌ڵاتیان زۆره. بێمتمانه‌یی له نێوان پێکهاته سه‌ره‌کیه‌کانی ئێراق له ئاستێکی به‌رزدایه. ئێستا به‌هۆی تۆمه‌تبارکردن و داواکردنی جێگری سه‌رۆک کۆمار تاریق هاشمی کۆنه به‌عسی له‌لایه‌ن نوری مالیکیه‌وه له‌لایه‌ک وه هه‌ره‌شه‌ی کشانه‌وه سوننه‌کان له پارله‌مانی ئێراقی له‌لایه‌کیتر کێشه‌ی نێوان لایه‌نی شیعه و سوننه چۆته ئاستێکی تووندتر له پێشوو. لایه‌نی کوردی په‌نای هاشمیان داوه و له کرده‌وه‌کانی مالیکی رزای نین. جگه‌له‌وه‌ی خۆیان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ مالیکی زۆره. متمانه‌ی نێوان سه‌رکرده و گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیه‌کان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی شیعه و سوننه هه‌روه‌ها کورد له ئاستێکی نزمدایه، که‌س بڕوای به‌ویتر نییه، به‌رواڵه‌ت هه‌موو خۆیان وه‌کو دڵسۆزترین لایه‌نی ئێراقی پیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌راستیدا هه‌ر لایه‌نه کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی ده‌کات. جێگه‌ی سه‌رنجه لێره‌وله‌وێ له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه کیشه‌کانی ناو ئێراق وه‌کو کیشه‌ی نێوان سه‌رکرده ئێراقیه‌کان یان دیکتاتۆربوونی مالیکی سه‌یرده‌کرێت. به‌ڵام ئایا به‌راستی کێشه ناوخۆییه‌کانی ئێراق مالیکی و به‌رپرسانی دیکه‌ن یا ئه‌و پرسیاره بێوهڵامانهن که پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کردن.
پێداگرتن له‌سه‌ر بنچینه چه‌وته‌کانی ستاتی ئێراق، پشتگوێخستنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی کوردستان له ئه‌گه‌ره‌کانی مافی چاره‌نوسدا، هه‌نگاوی یه‌که‌می چه‌وت بوو. سه‌پاندنی سیسته‌مێکی رامیاری به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یدا له‌ژێر ناوی دیموکراتیزه‌کردن و دروستکردنه‌وه‌ی ستاتدا به‌بێ رێگه‌دان به گوتن له‌سه‌ر مافی چاره‌نوس، هه‌ڵگری ئه‌و فاکته‌ره سهپێنهرهیه که بنکۆڵی بنچینه گرنگه‌کانی ئه‌گه‌ره‌کانی به‌یه‌که‌وه‌ژیان لهستاتێکدا ده‌که‌ن. مه‌ترسیه‌که گه‌وره‌تره ئه‌گه‌ر له ستاتدا چه‌ند نه‌ته‌وه و گروپی ئه‌تنی ناکۆک به‌درێژایی مێژووی ستات هه‌بن. قۆناغی گواستنه‌وه ده‌ستیپێکرا، نوێنه‌ری لایه‌نه جیاجیاکان که خۆیان وه‌کو نوێنه‌ری خه‌لکی ئێراق پیشان ده‌دا، کێشه‌ی ره‌وایی نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بوو، ئه‌و به‌ناو نوێنه‌رانه بۆ خه‌ڵک نه‌گه‌رانه‌وه و پیاده‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان کرد بۆیه له‌سه‌ر پرۆسه‌یه‌ک رێککه‌وتن که له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان گونجاو بوون. قۆناغی گواستنه‌وه به زۆر تێپه‌ڕێندرا و هه‌ڵه‌ی زۆری تێدا کرا. ده‌ستور کێشه‌ئامێز و ناڕوون داڕشترا، هه‌رگیز خاڵی کۆتایی بۆ دانه‌ندرا و ئێستاش هه‌ندێ لایه‌ن به‌نیازن بیگۆڕن. سیسته‌می رامیاری نوێی ئێراق به‌کێشه و که‌موکوڕیه‌کانیه‌وه هه‌وڵیدا سنوری نێوان گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیه‌کان ته‌نک بکات و ناسنامه‌ی گشتی ئێراقی ورده‌ورده زاڵبکرێت، به‌مجۆره هه‌ست و ناسنامه‌یه‌کی هاوبه‌شی به‌هێزی ئێراقی دروست بکرێت. ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و رێککه‌وتنه ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ناسه‌رکه‌وتوویی ئه‌و هه‌وڵه‌یان ده‌خه‌نه‌ڕوو.
سیسته‌می فیدرالی هه‌رگیز ته‌واو له دایک نه‌بوو، له رۆژی یه‌که‌مه‌وه دژایه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نه‌وه کرا. ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا دوای 9 ساڵ هه‌یه سیسته‌مێکی ته‌واو فیدرالی نییه، به‌پێی دیدی هه‌ندێ له شاره‌زایان ئه‌و سیسته‌مه بهفیدرالی داناندرێت، چونکه له ئێراقدا پارله‌مانی نوێنه‌رانی به‌شه‌کان/هه‌رێمه‌کان بوونی نییه. له‌م سیسته‌مه‌دا بێ بوونی پارله‌مانی نوێنه‌ران و بوونی مافی فیتۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی که‌مینه یا هه‌رێمی فیدرال لهمترسیدان. دروستکردنی ئه‌نجوومه‌نی ستراتیژی یا نمونه‌ی له‌و شیوه‌یه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ناتوانی ئه‌و بۆشاییه پڕبکاته‌وه، چونکه ئه‌و دوو ده‌زگایه جودایی زۆریان هه‌یه. دیاره له باره‌ی بوونی سیسته‌می فیدرالی به‌شێوه ته‌واوه‌که‌ی، هه‌روه‌ها له‌باری بوونی مافی ڤیتۆدا مه‌رج نییه ئه‌و سیسته‌مه بتوانێ گه‌ره‌نتی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی که‌مینه بکات. ئه‌وه بابه‌تێکی تره و لێره وازی لێدێنین.
دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سامان هه‌میشه کێشه‌ی له‌سه‌ره و بێمتمانه‌ییه‌کی زۆر له نیوان گروپه‌کاندا هه‌یه. ئێستا به‌هۆی زۆرینه و که‌مینه ئه‌و جوداییه له روویه‌کی دیکه‌وه خۆی پیشان ده‌دات. په‌راوێزکردنی که‌مینه‌کان به‌رده‌وامه. پارله‌مانی ئێراقی که له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراسی نوێنهرایهرهتی پێکهێندراوه ناتوانێ پره‌نسیپی زۆرینه له بڕیاره گرنگه‌کانیدا به‌کار بهێنێت. دیلامای ئاسایش له نیوان پێکهاته سه‌ره‌کیه‌کاندا به‌رده‌وامه به‌هێزبوونی لایه‌نێک هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئه‌ویتر. جوداکاری جۆراوجۆر له‌ئاستی به‌رز و نزمدا به خه‌ستی هه‌یه. دادگاکان سه‌ربه‌خۆ نین و له‌ژێرکاریگه‌ری ده‌سه‌لاتداران دان. سه‌رباری ئه‌وانه گه‌نده‌ڵی و تالانی سامانی گشتی به‌خه‌ستی له هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌یه و سیسته‌می رامیاری ئێراقی ئیفلیج کردووه.
سه‌باره‌ت به کورد و تایبه‌تمه‌ندی کێشه‌ی کورد له ئێراقدا، گه‌رانه‌وه بۆ فاکته‌ره مێژوویه‌کان و لکاندنی کوردستان به ئێراق دوور و نزیک نه‌کرا و تاوتوێکردن له‌ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی کوردستان یا جیابوونه‌وه‌ی نه‌کرا. سنوری ئێراق به‌هاوکاری بارزانی و تاله‌بانی سه‌پێندرایه‌وه، به‌جۆرێ له جۆره‌کان ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد هه‌مان ڕۆڵی ئه‌و سه‌رۆک هۆزانه‌یان بینی که له‌سه‌ره‌تای دروستکردنی ئیراقدا پشتیان له گه‌له‌که‌یان کرد و په‌سندی سه‌روه‌ری ئێراقیان به‌سه‌ر کوردستاندا بۆ ده‌سه‌لاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز کرد. له‌چاره‌سه‌ری سنوردا ئاماژه به فاکته‌ره مێژوویه‌کان و سنوری مێژوویی کوردستان نه‌کرا، به‌ڵکو به مادده‌ی 140 به‌سترایه‌وه. کێشه‌ی کورد وه‌کو کێشه‌ی نێوان به‌شێکی گه‌لی ئێراق و رژێمی دیکتاتۆر سه‌یری کرا، به‌مپێیه چاره‌سه‌ر له گۆڕینی رژێمی دیکتاتۆر به رژێمێکی نادیکتاتۆر بیندرا. سه‌رکرده‌کانی پ.د.ک و ی.ن.ک هه‌میشه جه‌ختیان له‌سه‌ر کردۆته‌وه که ئه‌وان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ رژێمدا هه‌بووه, هه‌روه‌کو تاله‌بانی و بارزانی پێیان وایه له ساته‌کانی دروستکردنی ئێراقدا کورد خۆی ئێراقی هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام له مافه‌کانی بێبه‌شکراوه. به‌مجۆره کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته چاره‌سه‌ری بۆ دانهدرا، دیارکردنی مافی چاره‌نوس به‌ده‌ستور نه‌کرا و رێگه‌ی نه‌درا، سامانی سروشتی کوردستان تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تی نه‌درایێ، هێزی به‌رگری کوردستان پێگه‌ی تایبه‌تی نه‌درایێ، په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تی نه‌درایێ، هێزی ناوخۆ و دارایی کوردستان به‌هه‌مان شێوه تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تیان نه‌درایێ، هه‌روه‌ها گه‌ره‌نتی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوردستان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان گوێیان پێنه‌درا. کورد له ئێراقدا خۆبه‌رێوه‌به‌ریه‌کی ناوچه‌یی له چوارچێوه‌ی جۆرێک له سیسته‌مێکی لاوازی “نیمچهفیدرالیدا” هه‌یه، ناوه‌ند له پرسه گرنگ و چاره‌نوسسازه‌کاندا دوابڕیاری به‌ده‌سته. دیاره له سیسته‌می فیدرالیدا ئاساییه ناوه‌ند له پرسه‌کانی دارایی، ده‌ره‌وه، به‌رگری، ئاسایش، سامانی سروشتی خاوه‌نی دواوته بێت. چونکه په‌سندکردنی سیسته‌می فیدرالی واتای گه‌راندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند.
جگه‌له‌و کێشانه‌ی ناو ئێراق که پێشتر ئاماژه‌مان بۆکردن، کورد کێشه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیا و سنوری هه‌یه. کێشه‌که له باره نوێکه‌یدا که له‌دوای رووخانی سه‌دامه‌وه ده‌ستپێده‌کات سه‌رچاوه له‌وه ده‌گرێ که ده‌سه‌ڵاتدارانی ی.ن.ک و پ.د.ک پێیانوابوو چاره‌سه‌ری ده‌ستوریانه کێشه‌که ده‌بڕێنێته‌وه و له‌مباره‌یه‌وه بڕوایان به ده‌سه‌لاتی عه‌ره‌بی هه‌بوو. کێشه‌ی سنور وه‌کو کێشه‌یه‌کی ناو ئێراق چاره‌سه‌ره‌که‌ی خرایه ژێرسه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، به‌مجۆره کێشه‌که وه‌کو کێشه‌ی له‌مێژینه‌ی نێوان دوو نه‌ته‌وه نه‌خرایه ژێرچاودێری کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی و چاره‌سه‌رێکی نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی بۆ دانه‌ندرا. سه‌باره‌ت به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بارگرژی ناوچه سنوریه‌کان لایه‌نی کوردی و عه‌ره‌بی یه‌کتری له‌مباره‌یه‌وه تاوانبار ده‌که‌ن. ماوه‌یه‌که کورده گه‌ڕاوه‌کان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌کانی سه‌عدیه، جه‌له‌ولا و خانه‌قین به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌ره‌ورووی هه‌ڕه‌شه، راونان و تیرۆر ده‌بنه‌وه و هه‌ندێکیان ناچاری بارکردن کراون. ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌یه‌وێ هێزه چه‌کداره‌کانی خۆی بۆ پاراستنی خه‌ڵکه‌که ره‌وانی ناوچه‌کان بکات، به‌ڵام به‌غدا رێگره. له که‌رکوک و ناوچه کوردیه‌کانی دیکه‌ی ژێرده‌ستی به‌غدا کێشه ئایینی، ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان زۆرن. چاره‌سه‌ری ده‌ستوریی ماده‌ی 140 که ده‌بوایه له کۆتایی 2007 دا ته‌واو بکرێت، تاراده‌یه‌کی زۆر هه‌ڵپه‌سێردراوه، ئه‌وه ساڵی 2012 یه بڕگه‌کانی ماده‌که جێبه‌جێ نه‌کراون و رۆژله‌دوای رۆژ ره‌شبینی له جێبه‌جێکردنیان زیاترده‌بێت. جگه‌له سنور کێشه‌ی سامانی سروشتی و چۆنیه‌تی دابه‌شکردن و خاوه‌نداریه‌تی له‌لایه‌ن هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه هه‌یه هتد. ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم ده‌یانه‌وێ خۆیان له به‌ستنی کۆنتراکته‌کاندا که کردوویانه ناوه‌ند په‌سندی بکات، هه‌رچی ناوه‌نده به‌پێچه‌وانه‌وه پێیوایه هیچ رێکه‌وتنێک به بێ ره‌زامه‌ندی ناوه‌ند ره‌وایه‌تی نییه.
کاتی خۆی له‌سه‌روبه‌ندی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا ئاماژه‌مان به‌و مه‌ترسیانه کرد که ئێستا به‌زیندوویی هه‌ن.[i] به پێی فاکته‌ره مێژوویه‌کان و رێکهوتنهجیهانیهکان سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ و گه‌لان نه‌ته‌وه‌ی کورد مافی هه‌بوو و به‌ڵگه‌ی گونجاوی هه‌بوو نه‌چێته‌وه ناو ئێراق. به‌پێچه‌وانه‌وه پرس به خه‌ڵکی کوردستان له مانه‌وه له ئێراقدا نه‌کرا و سنوری ستاتی ئێراق به‌سه‌ر کوردا سه‌پێندرایه‌وه، دیاره جگه له فاکته‌ره ده‌ره‌کیه‌کان، سه‌رۆکه‌کانی پ.د.ک و ی.ن.ک له پشتگوێخستنی خه‌ڵکی کوردستان له‌مافی هه‌ڵبژاردنی چاره‌نوسی رامیاریاندا بهرپرساریی سه‌ره‌کین، هه‌وه‌کو ئه‌وان دژی گشتپرسی له‌سه‌ر مافی چاره‌نوس له ریفهراندهمێکدا وه‌ستانه‌وه. بارزانی و تاڵه‌بانی گوتیان ئێمه بڕیاری مافی چاره‌نوسمان وه‌کو مافی فیدرالی له ئێراقدابهکارهێناوه.[ii]
هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی ناو ئێراق که ئاماژه‌مان بۆکردن به‌ڵگه‌ن بۆ ناسه‌رکه‌وتوویی ئه‌و سیسته‌مه رامیاریهی که ئه‌مه‌ریکا و ئۆپۆزیسیۆن به عه‌ره‌ب و کورده‌وه کاریان بۆ کرد و به‌سه‌ر ئێراقیاندا سه‌پاند. کێشه‌کانی ناو ئێراق نائاماده‌یی و ناگونجاوی لایه‌ن و گروپه ئێراقیه‌کان بۆ سیسته‌مێکی له‌و جۆره پیشان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها نامۆیی ئه‌و سیسته‌مه به خواست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پێکهاته‌کانی ناو ئێراق پیشان ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به کورد کێشه‌کان ناسه‌رکه‌وتوویی و ناگونجاوی ره‌وت و ستراتیژی ئۆتۆنۆمیخوازیی کورده ئێراقچیهکان سه‌باره‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی ناسیۆنی کورد پیشان ده‌ده‌ن. واته له‌لایه‌ک ئه‌و کێشانه ئه‌سته‌می به‌دیهێنانی ئامانجه ئۆتۆنۆمیخوازه‌کان پیشان ده‌ده‌ن، له‌لایه‌کی دیکه کورتهێنانی داوا ئۆتۆنۆمیخوازه‌کان له ئاست به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستان پیشان ده‌ده‌ن.
هه‌وڵدان بۆ رێککه‌وتنی دیکه له ژێر که‌شی بێمتمانه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌کاندا یا به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان پینه‌کردنی کێشه‌کان و تێپه‌ڕاندنیان خۆشباوه‌ڕی، فێڵ له‌خۆکردن و فێل له‌یه‌کتر کردنه، که نه‌ک ته‌نها دواخستنی کێشه‌کانه، به‌ڵکو درێژه‌دانه به نکۆڵیکردن له گه‌رانه‌وه بۆ فاکته‌ره نه‌رێنییه بنچینه‌ییه‌کان که هۆکاری کێشه‌کانی ناو ئێراقن. ئه‌و کێشانه‌ی که هه‌وڵی چاره‌سه‌ری کاتی یا دواخستنی چاره‌سه‌ریان ده‌درێت ده‌کرێ له باری تایبه‌ت و ناکاییدا بته‌قنه‌وه و ئه‌نجامی ترسناک له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنن.
ده‌بواییه 85 ساڵ چه‌وساندنه‌وه و هه‌ره‌شه‌ی نه‌مان کورده ئێراقچیهکان له نیازی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به کورد بگه‌یه‌نن. 9 ساڵ ته‌مه‌نی سیسته‌می رامیاری دوای سه‌دام بۆ تێگه‌یشتن له سه‌رکه‌وتوویی یا ناسه‌رکه‌وتوویی ئه‌و سیسته‌مه زۆر زیاتره له‌وه‌ی که پێویسته. کورده ئۆتۆنۆمیخوازه‌کان به‌درێژایی مێژوویان خه‌باتیان بۆ مافی ئۆتۆنۆمی کرد و دوای ڕوخانی سه‌دام پێیانوابوو مافی خۆبه‌رێوه‌به‌ری له‌سایه‌ی سیسته‌می فیدرالیدا باشترین چاره‌سه‌ره، به‌ڵام ئێراقی دوای سه‌دام ئاماژه به سه‌رکه‌وتن ناکات. ئه‌زموونی دوای سه‌دام ناسه‌رکه‌وتوویی سه‌پاندنی هێشتنه‌وه‌ی کوردستان له چوارچێوه‌ی ئێراقدا له‌ژێرناوی ئێراقی نوێ و “فیدرالیدا” پیشان ده‌ده‌ن.
شین و گریانی لایه‌نی کوردی (کورده ئێراقچیهکان به‌گشتی) بۆ ئێراق و چاره‌سه‌ر له چوارچێوه‌ی سیسته‌می رامیاری سه‌پێندراودا، له‌کاتێکدا کێشه گرنگه‌کانی به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه و ره‌شبینی زۆر له چاره‌سه‌ریاندا هه‌یه، جگه‌له‌وه‌ی راکردنه لهبهرهورووبوونهوهی پرسه بنچینه‌ییه‌کان، لاوازی و بێتوانایی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه له ئاستی ئێراقدا پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می دوای سه‌دام تائێستا سه‌باره‌ت به پێشێلکاریه‌کان و جێبه‌جێنه‌کردنی پرسه‌گرنگه‌کان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردمان دیت، زالکردنی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌ڵاتداره، کاردانه‌وه‌کان پاسیڤ و ناکاریگه‌رن، خۆشباوه‌ڕی و فێڵ له‌خۆکردنه، هه‌نگاوی ناگونجاو و چه‌وته، نه‌زانی و بێئاگاییه، چاوپۆشیکردنه، هیواخواستنی ئه‌کته‌رێکی پاسیڤی ته‌ماشاکه‌ره، گوتنی بێبنه‌ما و پهپولیستانهیه، بێ پلانی و ئهلتهرناتیڤییه، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی برای گه‌وره‌ی عه‌ره‌به و خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ره نیوه‌چل و کاتییه ئێراقیه‌کان. بۆنمونه مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی به‌ناو هه‌رێم به پێشنیار و پلانی تایبه‌تی ئێراقیانه دڵسۆزی خۆی بۆ ئێراق به‌یان ده‌کات و ده‌یه‌وێ خۆی وه‌کو رزگارکه‌ری ئێراق پیشان بدات.
نه‌ته‌وه‌ی به‌هێز له دوای بشتگوێخستنی داخوازیه‌کانی، په‌راوێزکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها هه‌وڵی پاکتاوکردنی و تاوانی گه‌لکوژی ناچێته‌وه ناو چوارچێوه‌ی ستاتی سه‌پێندراو، به‌ڵکو له‌یه‌که‌م ده‌رفه‌تدا رێگه‌ی خۆییبوون ده‌گرێ و ستاتی تایبه‌ت به‌خۆی به‌پێی پره‌نسیپه جیهانیهکان پێکده‌هێنێت. نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌موو ئه‌و مه‌رج و به‌هایانه‌ی هه‌یه که بتوانێ ببێته نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌هێز. به‌ڵام ئایا بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌وها لاوازه، له ئێراقدا گیری خواردووه و جگه له مانه‌وه له ئێراق رێگه‌یه‌کی دیکه شک نابات؟ فاکته‌ره گرنگه‌کانی که وایانکرد کورد له ئێراقدا بمێنێته‌وه کورد وه‌کو نه‌ته‌وه پارچه و لاواز بوو، ده‌مڕاست و نوێنه‌ره‌کانی ئێراقچی و ئۆتۆنۆمیخواز بوون. سووربوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌سه‌ر مانه‌وه له‌ئێراقدا و هه‌وڵی چاره‌سه‌ر له‌م چوارچێوه سه‌پێندراوه‌دا له‌دوای چه‌قبه‌ستنی جێبه‌جێکردنی بڕیار وبهڵێنهکان، پشتگوێخستنی داواکاریه‌کان، بوونی پێشێلکاری له ئاستی نزم و به‌رزدا بێتوانایی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ده‌خه‌نه روو. ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا چیدیکه به ده‌سه‌ڵاتی کوردی پیشان بده‌ن و چه‌ند ساڵی دیکه به‌سه‌ر ئه‌و چاوشلکانێیهی عه‌ره‌ب و کوردا تێپه‌ڕێ، تا تێبگه‌ن که ده‌بێ به دوای ئه‌لته‌رناتیڤی دیکه‌دا بگه‌ڕێن؟
سیسته‌می نوێی رامیاری ئێراق نه‌یتوانیوه و به‌ئه‌گه‌ری زۆر ناتوانێ له ئاستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوردستاندا بێت، کێشهگرنگهکان هه‌مووی چه‌قیان به‌ستووه، ئێراق نوقمی کێشه بووه و دوارۆژێکی روونی بۆ کورد پێ نییه، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوردستان له ئێراقی نوێ‌دا که زیانیان به‌رکه‌وتووه ناتواندرێ مسۆگه‌ر بکرێن، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت، ده‌بێت بیر له ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیکه بکرێته‌وه.
سه‌ختی و به‌رده‌وامی کێشه‌کانی ناو ئێراق که ئاماژه‌مان بۆیان کرد، گۆڕانێکی بنچینه‌یی له سیسته‌می رامیاری دوای سه‌دام ده‌خوازن و گه‌رانه‌وه بۆ هه‌نگاوه نهرنییه بنچینه‌ییه‌کان پێویست ده‌که‌ن. ئاڵۆزی و سه‌ختی کێشه‌که پێویستی ده‌که‌ن که تابوه‌کان بشکێندرێن و بیر له لێکدانه‌وه و دیسکۆرسه‌کانی دیکه بکرێنه‌وه. پێویسته بیر له سیسته‌می رامیاری ئێراق له روانگه‌ی خواست و ئاره‌زووی نه‌ته‌وه و گروپه ئهتنیهکانهوه بکرێته‌وه، دان به جوداییه ئه‌تنی، ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بنرێت، هه‌نگاوه‌کان بنچینه لهسهرفاکتهره مێژوویه‌کانه‌وه بگرن و لێره‌وه بیر له سیسته‌مێکی گونجاو که بتوانێ ئاشتی و ئارامی له نێوان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی شیعه، سوننه و کورد بێنێته‌دی. هه‌له‌ی کوشنده هه‌میشه ئه‌وه بووه که هه‌وڵدراوه ئێراق وه‌کو یه‌که‌یه‌کی بێکێشه و یه‌ک گه‌ل سه‌یر بکرێت، به‌جۆرێ له جۆره‌کان نکۆڵی له فره‌نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنی و ئایینی بوون کراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مێژووی ئێراق وێنه‌یه‌کی ته‌واو جیا ده‌داته ده‌ست. پێویسته و ده‌بێ پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنی و ئایینیه‌کان له هه‌ڵبژاردنی چاره‌نوسیاندا ئازاد بکرێن، چونکه سه‌پاندنی سیسته‌می رامیاری به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ناتوانێ ببێته‌هۆی ئاشتی ئه‌رێنیانه. ئه‌وه ئه‌گه‌ر بیر له دوارۆژێکی ئاشتیانه له نێوان نه‌ته‌وه و گروپه ئه‌تنی و ئایینیه‌کان ده‌کرێته‌وه، له‌مباره‌دا له باری جیابوونه‌وه‌ی به‌شێک له ئێراق ئه‌و به‌شه ئازاد ده‌کریت و دیموکراسیانه چاره‌سه‌ری بۆ داده‌ندرێت. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو پێکهاته‌کان بڕیاری مانه‌وه له ئێراقدا بده‌ن، ئه‌وه له‌و باره‌دا ره‌وایه‌تی ستات به‌هێز ده‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌ک به‌رز راده‌گیرێت.[iii]
ریالیستانه‌یه لایه‌نی کوردی به‌رنامه و پێشنیاری تایبه‌ت به‌خۆی به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی ئاماژه‌مان بۆ کردن بۆ ئه‌و باروودۆخه بخاته‌ڕوو. ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی شیعه و سوننه سه‌ره‌ڕای ناکۆکی له‌مێژینه‌ی نێوانیان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له بۆته‌ی ئێراقدا ده‌بیننه‌وه، ده‌توانن له گشتپرسیهکدا ئه‌و بڕیاره بده‌ن و ره‌وایه‌تی له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پێبدرێت. کورد هه‌میشه به ئێراق نامۆ بووه، بۆیه ده‌بێ له‌رێگه‌ی گشتپرسیه‌کی پاک و ئازادانه‌دا ئاراسته‌ی چاره‌نوسی رامیاری خۆی بداته ده‌ستی خه‌ڵکی کوردستان. خه‌ڵکی کوردستان بڕیار له‌سه‌ر چی بده‌ن پێویسته ئه‌و رێگه‌یه بگرترێتهبهر سه‌ره‌رای سه‌ختی رێگه‌که.
ئه‌گه‌ر پێشنیاری له‌و جۆره له لایه‌ن عه‌ره‌به شیعه و سوننه‌کان ره‌تبکرێته‌وه، پێویسته گشتپرسی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی کوردستان سازبکرێت. ئه‌و رێگه‌یه بگرتێتهبهر که خه‌لک هه‌ڵیده‌بژێرێت. له‌ئه‌گه‌ری بڕیاری جیابوونه‌وه‌دا ده‌بێ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی سنور له‌ژێر چاودێری کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بێت و له‌و رێگه‌یه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت.
له کۆتاییدا ده‌بێ ئاماژه به‌و راستییه بکه‌ین، که کورد له باشوری کوردستاندا وه‌کو نه‌ته‌وه ئێستاش به‌هێز نییه و لاوازه، هۆکه‌ش پارتی و یه‌کێتین که کوردستانیان ئیفلیجکردووه و تواناکانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان زۆر لاواز کردووه (به‌ڵگه: دووبهڕیوهبهری و پارچه‌کردنی وڵات، باڵاده‌ستی پارتی خاوه‌ن میلیتس، خێڵه‌کیزم، جوداکاری له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا، رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان و ملکه‌چی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان، قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات و سامانی وڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، ئاستی به‌رزی گه‌نده‌ڵی و تاڵان له ئاستی به‌رز به‌تایبه‌تی و له ئاستی نزمدا به‌گشتی هتد.). ئه‌گه‌ر کورد وه‌کو نه‌ته‌وه به‌هێز بوایه ده‌کرا چیترگوێ به ئێراق و کێشه‌کانی ناو ئێراق نه‌دات له‌و روانگه‌یه‌وه هه‌وڵی جیابوونه‌وه‌ی دیموکراسیانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی گشتپرسی ئازادانه له‌سه‌ر دیارکردنی چاره‌نوسی رامیاری بدرێت. درێژه‌دان به مانه‌وه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێراقدا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و ئیفلیجبوونهی نه‌ته‌وه کورد ده‌گه‌ڕیته‌وه.
[i] سه‌یری ئه‌و وتاره بکه: کورد تا له چوارچێوه‌ی ئێراقدا بێت براگچکهیه http://kadirshorsh.com/Kurd%20le%20Eraqda%20ple%20due.pdf
[ii] سه‌یری ئه‌و وتارهبکه: مافی چاره‌نوس و به‌کارهێنانی وه‌کو فیدرالی http://kadirshorsh.com/Mafi%20charenus%20u%20bekarhenani%20..24.1.05.pdf
[iii] له وتاری “مافی چاره‌نوس و به‌کارهێنانی وه‌کو فیدرالی” ئاماژه‌م به پێشنیارکه‌ی ویل کوملیکا کردووه که ده‌ڵی پێویسته وه‌کو کیشه‌ی ره‌وایه‌تی سه‌یری جودایی نه‌ته‌وه‌کان و مافی که‌مینه بکرێت و ده‌بێ له مافی چاره‌نوسیاندا ئازادبکرێن. Kymlicka, Will. (2002), Justice and Security in the Accommodation of Minority Nationalism:
Comparing West and Eastern Europe, http://ptw.uchicago.edu/kymlicka02.pdf.
بۆ سه‌یری بابه‌تی زیاتر له‌سه‌ر کورد و ئێراق کلیکی ئه‌و ئه‌دره‌سه بکه: http://kadirshorsh.com/Shaxewan.htm یان http://kadirshorsh.com
سەرنج بنێرە