ڕووداوه‌کانی بادینان: پێشێلکاریه‌کان له‌سایه‌ی فیتی ده‌سه‌لات و کۆنه‌پارێزی ئایینی‌دا
گوتن زۆرن له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی ئه‌و رووداوانه‌ی به‌هدینان، که زیاتر باره‌که بۆ سیناریۆ رامیاریه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کگرتوو ده‌به‌ن. بێگومان بوونی مه‌به‌ستی رامیاری له‌پشتی بارودۆخه‌که، جگه‌له‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر نین بۆ تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی هاولاتیان، به‌لكو قوربانیان وه‌کو سووته‌مه‌نی ویسته ڕامیاریه‌کان زیانلێکه‌وتووی سه‌ره‌کی ده‌بن
هه‌ڵکوتانی خه‌ڵک به هاندانی مه‌لای مزگه‌وت یا خه‌لکی دیکه بۆسه‌ر دوکانی مه‌یفرۆشی، ئارایشتگه، شوێنی مه‌ساج و شوێنی دیکه له زاخۆ و هه‌ندێ شارۆچکه‌ی دیکه، هه‌روه‌ها هێرشکردنه‌سه‌ر و سوتاندنی هه‌ندێ له باره‌گاکانی یه‌کگرتووی ئیسلامی، بوونی ئه‌و ڕووداوانه هه‌مووی له بزریی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایشی ده‌سه‌ڵات، پاشان گرتنی گه‌لێ له ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو گه‌لێ پرسیاریان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناپێشهوه. دیاره له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوانه‌دا ئاماژه بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر که‌مینه‌ی کریستیان و ئێزدی کراوه.
سه‌رۆکی پارتی و هه‌رێم ده‌لێ ئێمه ئاگاداری هیچ نه‌بووین، ده‌بێ به زووترین کات لیژنه‌یه‌ک پێکبهێندرێت. یه‌کگرتوو به‌هه‌مان شێوه ده‌ڵێن ئێمه هیچ په‌یوه‌ندیمان به رووداوانه‌وه نییه و پارتی پلانی دژی یه‌کگرتوو هه‌یه.
به‌ر له‌هه‌ر شتێ پێویسته ئه‌وه بڵێین که هێرشکردنه‌سه‌ر دوکانی هاوڵاتیان له‌به‌ر ئارایشتکردن، مه‌یفرۆشتن یا مهساژکردن، پێشێلکردنی مافی کار و مافی ئازادی ئه‌و هاوڵاتیانه‌یه، ئه‌وه تاوانه دژ به‌و هاوڵاتیانه ئه‌نجام دراوه. ئهگهرکاری له‌شفرۆشی له شوێنه‌کانی مهساژکردندا ده‌کرێن، ئه‌وه چاره‌سه‌ری به به‌سه‌ردادان و سوتاندنی ئه‌و شوێنانه ناکرێت، به‌ڵکو ئه‌وه کێشه‌ی ده‌سه‌لاته و ده‌بێ له رێگه گونجاوه قانونی و دادوه‌ریه‌کانه‌وه چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. له‌شفرۆشی له کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهانی سێیه‌مدا یه‌کسانه به پێشێلکردنی بێئهملاوئهولای مافی ئه‌و ژنانه‌ی که بۆ له‌شفرۆشی به‌کارده‌هێندرێن و له‌گه‌لێ باردا وه‌کو کۆیله به‌کارده‌هێندرێن. بۆیه بوونی ئه‌و دیارده‌یه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که دڵنیایی دادی تێدا ده‌سته‌به‌ر نه‌کراوه، ره‌نگ له پێشێلکاریی رێگه‌پێدراو و کوشنده‌یی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌وه.
هه‌روه‌کو له وتاری دیکه‌شدا نوسیومه لێگه‌رانی یا پێدانی ده‌سه‌لاتی زۆر به مه‌لاکان و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه رامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کان کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که ئه‌مرۆ له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو پارچه‌ی پارتی و یه‌کێتی تووشی کوردستان بووه. هه‌ندێ یا گه‌لێ له مه‌لاکان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه ده‌ست تێکه‌ڵی هه‌ندێ بابه‌ت یا ئازادی که‌سه‌کان ده‌که‌ن، که دووره له ئه‌رکی بنچینه‌یی ئایینی خۆیان. گه‌لێ له مه‌لاکان سه‌ر به لایه‌نێکی رامیارین (ئیسلامی و نائیسلامی) که‌چی رێگه‌یان دراوه له مزگه‌وته‌کاندا خوتبه بده‌ن و وتاری هه‌ینی بخوێننه‌وه، لهبزری یا به‌پشتگیری ده‌سه‌ڵات خه‌ڵکی ساده‌ی کوردستان ده‌خرێنه ژێر تێگه‌یشتنێکی رامیاری تایبه‌ت یا بۆ لای بیروباوه‌رێکی تایبه‌ت هانده‌درێن. به‌تایبه‌تی کاتێ مه‌لاکان سه‌ربه لایه‌نێکی ئیسلامین ئه‌وه باره‌که خراپتره. له ئه‌نجامی ئه‌و دیارده‌یه‌دا که هه‌یه مه‌لاکان بۆنمونه فه‌توا دژی نوسه‌ر، رۆژنامه، که‌ناڵی راگه‌یاندن، یا مه‌یفرۆشی و شتیدیکه ده‌رده‌که‌ن، راسته‌وخۆ خه‌ڵک دژی بابه‌تێک یا دیارده‌یه‌ک یا جۆره که‌سانێک هان ده‌ده‌ن.
به‌سه‌ردادانی شوێنه پیشه‌ییه‌کانی که‌له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌کانی ئیسلام نایه‌نه‌وه ئه‌وجا به هۆی هاندانی مه‌لایه‌کی مزگه‌وت بێت، یا به‌رهه‌می درێژه‌ی پرۆسه‌ی ئیسلامیزه‌کردنی پارت و رێکخراوه ئیسلامیه‌کان بێت، ره‌نگ له داخراوی، پشووته‌نگی و کۆنه‌په‌رستی کوێرانه ده‌داته‌وه، ئاماژه‌یه به گرتنه‌ده‌ستی کێشه له‌ده‌ستی خۆ و ژێرپێخستنی کانون و دادگا له‌هه‌مان کاتدا. واته ئیتر پێویست به گه‌رانه‌وه بۆ دادگا و ده‌سه‌ڵاتی په‌یوه‌ستدار له چاره‌سه‌ری کێشه‌کاندا ناکرێت، به‌ڵکو سزاکه راسته‌وخۆی له دیدی باوه‌رێکی ناشارستانی پشووتهنگهوه به‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌دا ده‌سه‌پێندرێت که کاره نهخوازراوهکهیان کردووه. نه‌بوونی سیسته‌می ره‌وای داد له کوردستاندا به‌هیچ جۆرێک ئه‌و پێشێلکاریانه ره‌وا ناکه‌ن.
به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان زیان گه‌یاندن به که‌مینه ئایینیه‌کانی وه‌کو کریستیانه‌کان یا ئێزدیه‌کان یا هه‌ر ئاینێکی دیکه، پێشێلکردنی مافی ئایینی و ئازادی ئه‌و ئایینانه‌یه، وه له‌چه‌ند لایه‌نه‌وه پێشێلکردنی مافی مرۆڤی که‌سه‌کانی سه‌ر به‌و ئایینانه‌یه. که‌مینه ئایینیه‌کان له‌سایه‌ی ده‌ستور و سیسته‌می نوێی ئیسلامئامێزی ئێراقی و کوردی کیشه‌ی نایه‌کسانیان هه‌یه و لاوازن له ئاست ئایین و کۆمه‌لگه‌ی ئیسلامدا. چه‌ندین ساله له شاره عه‌ره‌بیه‌کانی ئێراقدا تووشی راونان و ئازاردان و کوشتن هاتوون، به‌هه‌زارانیان ماڵ و ولاتیان جێهێشتووه و ئێستا ئاواره‌ن، زۆر له‌وانه هاتنه کوردستان. له باشوری کوردستاندا جوداکاری و په‌راوێزکردن پێشتر به‌رامبه‌ر به‌وانه که‌م یا زۆرههبووه، به‌ڵام ڕاونان، به‌سه‌ردادان و کوشتن نه‌بووه، ئێستا که کارده‌گاته به‌سه‌ردادان و زیانگه‌یاندنی راسته‌وخۆ باره‌که به‌ره‌و مه‌ترسی گه‌وره ده‌بات. له‌ژێر هه‌ر ناوێک و به‌هۆی هه‌ر هۆکارێکه‌وه بێت، هێرشکردنه‌سه‌ر که‌مه ئایینه‌کان پێشێلکاری کوشنده‌ی مافه‌کانی مرۆڤه. روودانی پیشێلکاری له‌م ئاسته‌دا بۆ کوردستان و خه‌لکه‌که‌ی له‌هه‌موو لایه‌نه‌که‌وه زیانبه‌خشه و ئه‌نجامی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه.
گوتن زۆرن له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی ئه‌و رووداوانه‌ی به‌هدینان، که زیاتر باره‌که بۆ سیناریۆ رامیاریه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کگرتوو ده‌به‌ن. بێگومان بوونی مه‌به‌ستی رامیاری له‌پشتی بارودۆخه‌که، جگه‌له‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر نین بۆ تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی هاولاتیان، به‌لكو قوربانیان وه‌کو سووته‌مه‌نی ویسته ڕامیاریه‌کان زیانلێکه‌وتووی سه‌ره‌کی ده‌بن. له‌مبارانه‌دا فاکته‌ری شاراوه هه‌ن، زێده‌ڕۆیی و لایه‌نگیری له گوزارشت و روونکردنه‌وه‌کاندا هه‌ن، چاره‌سه‌ریش ئه‌گه‌ر هه‌رگیز چاوی به تروسکایی بکه‌وێت، ئه‌وه هه‌رگیز بێلایه‌ن و ده‌ستپاکانه نابێت.
هێرشکردنه‌سه‌ر یا سوتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوو له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی پارتیه‌وه، وه گرتنی ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو له‌شوێنی جیاجیا و دوور له شوێنی رووداوه‌که له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایش، زێره‌ڤان و پاراستنی پارتی له‌گه‌ڵ رووداوه‌کانی زاخۆ تێکناکه‌نه‌وه و ئاماژه به هه‌وڵی لێدانی یه‌کگرتوو له‌لایه‌ن پارتیه‌وه ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لات ره‌وا و نیشتیمانی بێت، ناچێ به‌بێ هیچ لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونێک باره‌گا بگرێ، بسووتێنێ و ئه‌ندامانی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن بگرێت، یا ره‌شبگیری ده‌ست پێ‌بکات و هه‌رکه‌سێ به‌دڵی نه‌بوو بیگرێت. له‌ئه‌گه‌ری بوونی ده‌سه‌ڵاتی ره‌وادا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه که‌سه به‌شداره تۆمه‌تباره‌کان له گه‌رمه‌ی رووداوه‌کان ده‌ستگیر ده‌کرێن، ده‌درێنه دادگا و لێپرسینه‌وه‌ی پۆلیس، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تی شاره‌زای بێلایه‌ن که سه‌ر به ده‌زگا تایبه‌ته‌کانی ساخکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانن، لیكۆڵینه‌وه له بنجوبنه‌وانی رووداوه‌کان و تاوانه‌کان ده‌کرێت.
له ناوچه‌ی بادینان پارتی ده‌سه‌لاتێکی دیسپۆتیانه‌ی به‌ده‌سته و جگه له پارتی هیچ هێزێکی دیکه نییه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌رێوه‌بردن و کانونداناندا هه‌بێت. ئه‌و هێزانه‌ی ناومان هێنان هه‌مووی سه‌ر به پارتین و وه‌کو هێزی نیشتیمانی ده‌جوڵێنه‌وه، هه‌موویان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارتی کارده‌که‌ن و پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاتی پارتین. ده‌زگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی سه‌ربه دادگا یا پۆلیس نییه بتوانێ له راستی رووداوه‌کان بپیچێتهوه و تاوانبارانی راسته‌قینه ده‌ستگیربکات و بیانداته دادگا.
له دوای خۆپیشاندانه‌کانی 17ی فێبریوه‌ری سلێمانی، پارتی له‌رێگه‌ی سه‌رکوتکردن و زه‌بروزه‌نگه‌وه لێنه‌گه‌ڕا خۆپیشاندان له‌ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی ئه‌ودا رووبده‌ن و کۆنرتۆلی ته‌واوی بارودۆخه‌که‌ی کرد. به‌ڵام که ئاژاوه‌که‌ی زاخۆ ده‌ستی پێ‌کرد، دوکان و بژیوی هاوڵاتیان تێکدرا و سوتێندرا، هێزه‌کانی پۆلیس یا ئاسایس بزربوون! ئه‌وه پرسیار له‌سه‌ر دروستبوونی رووداوه‌که و په‌ره‌سه‌ندی رووداوه‌که به‌و ئاراسته‌یه‌ی که چوو دروست ده‌که‌ن. پاشان گرتن و سوتاندن له سایه‌ی هێزه‌کانی پارتیه‌وه، کردارێکن بێ یه‌کودوو بۆ ئه‌وان ده‌گه‌رێندرێنه‌وه، پارتی وه‌کو ده‌سه‌لات له‌و ڕووداوانه له‌سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی به‌رپرسیاره. ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌لایه‌ک نه‌یتوانیووه ئاسایش و سامانی هاوڵاتیان بپارێزێت، له‌لایه‌کیتر هاریکاری پێشێلکاریه‌کانی کردووه، له‌لایه‌کیتر خۆی به پێشێلکاری هه‌لساوه.
یه‌کگرتوو پاکانه بۆ خۆیان ده‌که‌ن و خۆیان له‌و ئاژاوه و پێشێلکاریانه‌ی به‌رامبه‌ر به هاولاتیانی ناموسڵمان کران بێبه‌ری ده‌که‌ن. به‌ڵام ئایا یه‌کگرتوو بێتاوانه؟ یه‌کگرتوو و لایه‌نه ئیسلامیه‌کانی دیکه له دوای 90 ـه‌کانه‌وه ساڵانێکی زۆره کار بۆ کۆنه‌پارێزکردنی ئایینیانه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن، خه‌ڵک دژی دیارده و پره‌نسیپه نائیسلامیه‌کان هان ده‌ده‌ن، ده‌ستیان خستۆته ناو کاروباری زۆرخێزانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، له مزگه‌وته‌کاندا له‌رێگه‌ی مه‌لاکانیانه‌وه رۆژانه له‌سه‌ری خه‌ڵک ده‌خوێنن و به‌ره‌و کۆنه‌په‌رستی و داخراوی ئایینی، به‌ره‌و پشووته‌نگی هانیان ده‌ده‌ن، دژی ئازادی که‌س و کۆمه‌ڵگه‌کان هانیان ده‌ده‌ن، له‌رێگه‌ی به‌رتیل له‌ژێر ناوی یارمه‌تی خه‌ڵک یا منداڵه بێباوکه‌کان ده‌که‌نه ئیسلامی هتد. بۆیه که کۆمه‌ڵگه گه‌یشته ئه‌و ئاسته کۆنه‌پارێزی و پشووتهنگییه ئایینیه‌ی که ئه‌مرۆ له کوردستاندا ده‌یبینن، مه‌ترسیه‌کانی زیان گه‌یاندن و هێرش بۆسه‌ر دیارده نائیسلامیه‌کان ده‌چنه ئاستێکی ترسناک و روودانیان به‌دوور نابیندرێت. ئه‌و کردارانه له‌گه‌ڵ ئیسلامیزهکردندا نامۆنین. بۆیه یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه و ئه‌وانیتر له‌و پیشێلکاریانه له‌راستیدا بێبه‌ری نین. گه‌لێ له کاروکرده‌وه‌کانی ئیسلامیه‌کان وه‌کو ئاماژه‌مان بۆکردن هه‌موویان به‌جۆرێ له جۆره‌کان له ئاستی جواروجۆره‌وه پێشێلکارین له مافه‌کانی مرۆڤ. ده‌سه‌ڵاتی پارتی وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێکی فیودال و کۆنه‌پارێزی بنه‌ماڵه‌یی پشتگیری ئه‌و کرده‌وانه‌ی پاسیڤانه یا ئه‌کتیڤانه کردووه. بزری ده‌سه‌ڵات واتای پشتگیری پاسیڤانه‌ی ده‌سه‌لات ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌وجا پارتی به‌مه‌به‌ست ئه‌و کاره ده‌کات، ئه‌وه به‌گرنگ نازانێ و بێباکه له ئاستیدا، هه‌ژاره و لێی نازانێ یا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کی دیکه بێت، به‌رپرسیاری زۆری ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی له ئه‌ستۆدایه.
له رووداوه‌کانی زاخۆ جگه‌له زیانگه‌یاندن به پیشه و سامانی هاوڵاتیان به‌مجۆره پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ لهسهرجودایی ئایین یا بیروباوه‌ر، ئه‌وه‌ی پیشانداین که یه‌کگرتووی ئیسلامی هه‌وڵی خۆپه‌ڕاندنه‌وه له پیشێلکاریه‌کان ده‌دات و خۆی وه‌کو بێ‌تاوان و قوربانی سه‌ره‌کی پیشان ده‌دات، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووداوانه مه‌ترسییه سه‌ره‌تاییه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی بیری کۆنه‌پارێزی و پشووته‌نگی ئایینی یه‌کگرتوو و ئیسلامیه‌کانی پیشان داین. کاردانه‌وه‌ی پشووتهنگانه و ناشارستانیانه‌ی پارتی ده‌سه‌لاتدار هێلێکی نوێی راستوچه‌پی به‌سه‌ر ئومێدی چاکسازی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆندا هێنا. تووندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی تاکره‌و و میلیتسیانهی پارتی پیشانداینه‌وه و مێژووی ده‌ستدرێژیه‌کانی ئه‌و پارته‌ی بۆسه‌ر که‌س و رێکخراوه‌کان بیرهێناینه‌وه.
له کۆتاییدا پێویسته ئه‌وه بڵێین که ڕوونکردنه‌وه‌ی گونجاو، لێکؤلینه‌وه‌ی گونجاو، گرتن و سزادانی تاوانبارانی راسته‌قینه له هه‌موو به‌ره‌یه‌که‌وه، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ کێشه‌که له کوردستانی ئه‌مرۆماندا نایه‌نه‌دی، هه‌روه‌کو له‌تاوانه‌کان و رووداوه‌کانی دیکه‌ی رابردوو هه‌رگیز نه‌هاتنه‌دی.
شاخه‌وان شۆڕش
18ی دیسه‌مبه‌ری 2011
سەرنج بنێرە