هه‌ژاری و بێبه‌رنامه‌یی له ئه‌گه‌ری مانه‌وه و رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا
ئایا کێشه‌ی سه‌ره‌کی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ئه‌گه‌ری رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا ئه‌وه‌یه یا ئه‌گه‌ری ناکۆکی نه‌ته‌وه‌یی نێوان کورد و عه‌ره‌به؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا بکشێته‌وه کێشه بۆ کورد دروست نابێت؟ ئایا له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکادا ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی له به‌ڵێنه‌کانیان پاشگه‌زنابنه‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر ببێته شه‌ڕ هێزه میلیتسیه‌کانی سه‌ر به پارت ده‌توانن به‌رگری له هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن؟ ئایا له‌سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم نییه راسته‌وخۆ جه‌خت له‌سه‌ر کیشه‌ی کورد و به‌غدا، ئاست و چۆنیه‌تی به‌رگری کوردستان بکاته‌وه؟
سه‌ره‌تا پێویسته بگوترێت که چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ریکا تا ئێستا نه‌یتوانیووه ئارامی و ئاشتی بۆ ئێراق بێنێته‌دی، ناکۆکی ئایینی، ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌یی به‌به‌رده‌وامی هه‌بووین. تائێستا زیاتر له سه‌د هه‌زار که‌س بوونه‌ته قوربانی ئه‌و ناکۆکییه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا به‌م باره ئێراق به‌جێبهێلێت، ئه‌گه‌ری هه‌ڵکشانی تووندووتیژی زۆره، جگه‌له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ناکۆکی نیوان کورد و عه‌ره‌ب هه‌یه و ئه‌گه‌ره‌کانی لێکترازان زیاتر ده‌کات. ئه‌گه‌ری ده‌ستیوه‌ردانی زیاتری ده‌ره‌کی هه‌یه. ئێستا کێشه‌کانی کورد و عه‌ره‌ب له ناوچه کوردیه‌کانی ژێرده‌ستی ئێراق له زیادبووندان. جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 پشتگوێخراوه. کورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داهاتوودایه، به‌و هێزه سه‌ره‌تاییه میلیتسانه‌یه‌ی پێکهێنراوه واپێناچێ بتوانێ به‌رگری له کوردستان بکات.
له رۆژی 6ی سه‌پته‌مبه‌ر مه‌سعود بارزانی گوتنی له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌ت کرد، لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌مه بابه‌تی مانه‌وه یا رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئێراقدا، له‌درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌دا سه‌رنج ده‌ده‌مه ستاتوسی کورد و توانای کورد له ئه‌گه‌ری رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا.
مه‌سعود بارزانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ڵێ: “مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هێشتا پێویستە، بەنەمانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق شەڕی ناوخۆ و دەست تێوەردانی دەرەکی و کێشەی تائیفی زۆر دەبێت، ئەمەش لەبەر رەوشی عێراق چونکە تاکو ئێستا هێزەکانی عێراق ئەو توانایەیان نیە بتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن، ئەگەر نا پێش روخانی رژێمی بەعس لەکوردستان هێزی ئەمەریکا نەبووە و ئێمەش پێویستمان پێ نەبووە، لەبەر ئەوە بۆ ئەو بابەتە پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و ئەمەریکا بکرێت، بەمەرجێک سیادە و بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاو بگیرێت … بەجۆرێک چۆن دەتوانن یارمەتی هێزەکانی عێراق بدەن تاکو بتوانن بگەنە ئاستێک میللەت و خەڵکی عێراق بپارێزن ئەگەر ئەو رێککەوتنە کرا چ بەر هەرێم بکەوێت ئێمە ئامادەین، ئەگەریش رێککەوتنیان نەکرد، دەبێ خۆیان وەڵامی خەڵکی عێراق بدەنەوە”.[i]
به‌کورتی به‌پێی ئه‌و گوتنه حکومه‌تی هه‌رێم پێویستی به هاوکاری و یارمه‌تی پیش‌تر نه‌بووه، وه ده‌یه‌وێ بڵێت ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکشینه‌وه ئه‌وان کیشه‌یه‌کیان نابێ. ئه‌و زۆر له خه‌می سه‌روه‌ری و ئاسایشی ئێراقدایه و پێیوایه ده‌بی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا زیاتر بمێننه‌وه و هاوکاری هێزه‌کانی ئێراق بکه‌ن، ئه‌مه‌ریکا و ئێراق له‌سه‌ریانه له‌سه‌ر ئه‌وه رێکه‌ون و هه‌ر رێکه‌وتنێک که ئه‌مه‌ریکا و ئیراق بیکه‌ن بارزانی ئاماده‌یه! ئه‌و گوتنه له گوتنی سه‌رۆکی هه‌رێمێک ناچێ، که کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئێراق له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ئێراقدا هه‌بووه وه پارێزگاریی نێونه‌ته‌وه‌یی له 1991ـه‌وه رۆلی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له پارێزگاری ئه‌و هه‌رێمه له‌هێرشی ئێراق و پاشان وه‌ده‌رنانی هێزه‌کانی رژێمی ئێراق هه‌بوو. به‌لام له هه‌مانکاتدا واده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان پشتگوێخراون و له‌و رێکه‌وتنه‌دا شوێنیان نییه. له‌لایه‌کیتر گه‌واهی ئه‌وه ده‌دات که کیشه‌ی کورد له ئێراقدا وه‌کو کێشه‌ی نێوان دوو نه‌ته‌وه، کیشه‌ی نیوان کوردی چه‌وساوه و نه‌ته‌وه‌ی یا ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی چه‌وسێنه‌ر سه‌یری نه‌کراوه و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری نه‌ندراوه، بۆیه پێویستیه‌کانی پارێزگاری نه‌ته‌وه‌ی که‌مینه‌ی چه‌وساوه گرنگی پێ‌نادرێت.
پێویسته بیریبخه‌ینه‌وه که هه‌ردوو پارتی پ.د.ک و ی.ن.ک له ئاستی گۆڕانه‌کانی ساڵی 1991 دا نه‌بوون، له دوای هه‌لبژاردنی 1992 باشوری کوردستانیان کرده دوو به‌ش، ففتی ففتی رێکه‌وتن، پاشان که‌وتنه کوردکوژی و تاوانی زۆریان دژی خه‌ڵک ئه‌نجامدا، دژی یه‌کتر پێشی ئێران و تورکیا که‌وتن، کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له 31ی ئۆگستی 1996دا مه‌سعود بارزانی به هاوکاری سوپای سه‌دام هه‌ولێری داگیرکرد. له ساڵی 1998 دا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکادا رێکه‌وتنیان پێکرا و گه‌رانه‌وه بۆ جۆرێک له رێکه‌وتنی ففتی ففتی، وه تا ئێستا باری دوو ده‌سه‌ڵاتی و دوو به‌ڕیوه‌به‌ریی کۆتایی پێ نه‌هاتووه.
رێکخستنه‌وه‌ی کوردستان له دوای 1998ـه‌وه به هاوکاری ئه‌مه‌ریکا کرا له کاتێکدا بوو که پارێزگاری به‌رده‌وامی رۆژئاوا به‌سه‌ر کوردستانه‌وه هه‌بوو. دوای رووخانی سه‌دام هه‌رێمی کوردستان خرایه‌وه سه‌ر ئێراق و پارێزگاری ئه‌و پارچه‌یه‌ش له ئه‌ستۆی هێزی داگیرکه‌ری ئه‌مه‌ریکا بوو. بۆیه دوای کۆره‌وه‌که پ.د.ک و ی.ن.ک به هێزوبازووی خۆیان کوردستانیان له چنگی به‌عس ده‌رنه‌هینا، وه ئه‌و ئارامییه ففتی ففتییه‌ی که تا رووخانی سه‌دام پێکیان وه‌نابوو له‌ژیر پارێزگاری رۆژئاوادا بوو و سوپای ئیراق بۆی نه‌بوو هێرش بکاته سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌که‌وتنه سه‌رووی زۆنی 36.
به‌پێی گوتنه‌که مه‌سعود بارزانی زۆر په‌رۆشی ئێراقه و زۆر نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه که رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌بێته هۆی زیادبوونی ناکۆکی ناوخۆیی ئێتنی! ئه‌وه راسته، ئه‌و مه‌ترسیه به راشکاوی هه‌یه، به‌ڵام ئایا کێشه‌ی سه‌ره‌کی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ئه‌گه‌ری رۆیشتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا ئه‌وه‌یه یا ئه‌گه‌ری ناکۆکی نه‌ته‌وه‌یی نێوان کورد و عه‌ره‌به؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا بکشێته‌وه کێشه بۆ کورد دروست نابێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ببینن کورد پارێزگاری ده‌ره‌کی نییه یا ئه‌مه‌ریکا هێنده گرنگی به کورد نادات، له به‌ڵێنه‌کانیان پاشگه‌زنابنه‌وه و شه‌ڕ به کورد نافرۆشن؟ ئایا ئه‌گه‌ر ببێته شه‌ڕ هێزه میلیتسیه‌کانی سه‌ر به پارت ده‌توانن به‌رگری له هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن؟ ئایا له‌سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم نییه راسته‌وخۆ جه‌خت له‌سه‌ر کیشه‌ی کورد و به‌غدا، ئاست و چۆنیه‌تی به‌رگری کوردستان بکاته‌وه؟ له‌به‌رچی بارزانی ناوی ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ناکۆکی نه‌ته‌وه‌یی نێوان کورد و عه‌ره‌ب یا کورد و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ناهینیت؟ ئایا هێشتا بڤه‌یه ناوی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه له کیشه‌کانی ناوئێراقدا بهێندرێت؟ ئایا به‌هێزکردنی سوپای ئێراق له کاتێکدا که ئه‌و هاوکاری و به‌هێزکردنه به کورد نادرێت له چی و کوێی به‌رژه‌وه‌ندی کورد دایه؟
دیاره ئه‌و هێزه‌ی دوولایه‌نیه‌ی پ.د.ک و ی.ن.ک پێکیان هێناوه وابه‌سته‌ی پارتن هه‌ریه‌که‌یان بۆ پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی ناوچه‌که‌یان کار ده‌کات. ئه‌و هێزانه له ئاست ئه‌وه‌دا نین بتوانن به‌رگری له وڵات بکه‌ن. ئه‌وانه هیزی نیشتیمانی و سوپایی له‌سه‌ر بنچینه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی پێداویستی ستاتدا رێکنه‌خراون. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هێنده بیر له به‌هیزکردنی هێزه‌کانی ئێراق بکاته‌وه، ده‌بوایه ئه‌و گرنگی به به‌هیزکردنی هێزی به‌رگری کوردستان له‌سه‌ر بنچینه‌ی توانای به‌رگری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری شه‌ر و هێڕشی ئێراق، ئێران و تورکیا بکاته‌وه. ده‌بوایه هێزه چه‌کداره‌کان و سوپا له‌بنده‌ستی پارت ده‌ربهێندرێت و هێزه‌کانی سوپا و به‌رگری نیشتیمانی هێزی نیشتیمانی بێلایه‌ن بن. ده‌بوایه له رۆژی یه‌که‌مه‌وه داوای هاوکاری و یارمه‌تی بۆ دروستکردن و پێگه‌یاندنی ئه‌و هێزه بکه‌ن که نه‌یانکرد، وه ئێستا دره‌نگه. بڕواکردن به توانای به‌رگری به‌رله‌به‌رچاوگرتنی چۆنیه‌تی هێزه‌چه‌کداره‌کانی سه‌ر به دوو ده‌سه‌لاته‌که، خۆلادانه له راستی و فاکته‌کان.
پاشان به‌گوتنی ئه‌و ئه‌مه‌ریکا و ئێراق ده‌بێ خۆیان رێکه‌ون ئه‌گه‌ر چی به‌ر هه‌رێم بکه‌وێت، ئه‌وه ئه‌وان ئاماده‌ن په‌سندی بکه‌ن!؟ ئه‌مه‌ریکا و ئێراق له ساڵی 2008 دا رێکه‌وتنیان له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئێراق بۆ کۆتایی 2011 کرد. له‌و رێکه‌وتنه‌دا ناوی کورد و پارێزگاری له خه‌ڵکی کوردستان نه‌هاتووه، کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی جودا و هه‌ستیاری ئێراق هیچی له‌سه‌ر نه‌گوتراوه (پاشی ئه‌وه شتێک گوترا گوایه له خالێکێ زیادکراودا به‌ڵێنی پارێزگاری سیسته‌می “فیدرالی” دراوه، من ئه‌وه‌م به نوسین نه‌بینیووه)[ii]. دیاره له‌و رێکه‌وتنه‌دا کورد وه‌کو ئیراقی و هاولاتی ئێراقی سه‌یری کراوه. ئێراق وه‌کو ولاتێکی بێکێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت و هاوکاری له پارێزگاری ئێراق له داهاتوودا رێکه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه، ئه‌گه‌ر کورد شتێکی له‌وه به‌ر بکه‌ویت وه‌کو هاوڵاتیانی ئێراق بۆیان ده‌کرێت. جگه‌له‌وه‌ی ده‌کرێ هه‌نگاوی دوورکه‌وتنه‌وه له ناوه‌ند له‌لایه‌ن کورده‌وه دژ به به‌رژه‌وه‌ندی ئێراق سه‌یری بکرێت. ئه‌و رێکه‌وتنه کراوه، دیار نییه رێکه‌وتن له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌یه. باراک ئۆباما له وته‌ی UN له 21 ی سه‌پته‌مبه‌ری 2011 دا گوتی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا تا کۆتایی ساڵی 2011 له ئێراق ده‌کشێنه‌وه.
سه‌رانی ده‌سه‌لاتی هه‌رێم ئه‌وسا ئه‌و بابه‌ته‌یان ورد نه‌کرده‌وه و روونیان نه‌کرده‌وه کیشه‌کانی کورد له‌م ته‌ریککردنه چییه. ڕوونیان نه‌کرده‌وه بۆ ئه‌وان له‌م رێکه‌وتنه‌دا بزرن، بۆ کورد له‌م رێکه‌وتنه پشتگوێخراو و هۆکاری نه‌بوونی جێپه‌نجه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی چی بوو. ئه‌مه‌ریکا و ئێراق رێکه‌وتن و گرنگیان به کورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌دا. ئه‌وان له‌و رێکه‌وتنه پێشانیاندا چه‌ند په‌رۆشی کوردن! ئه‌وسا سه‌رانی هه‌رێمی کوردستان به‌لاوه‌نران، واپێده‌چێت سه‌رانی هه‌رێم ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی بێ. ئێستا سه‌رۆکی هه‌ریم و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له ئه‌گه‌ری رێکه‌وتنێکی نوێ‌دا بێ مه‌رج و پلانن، چاره‌نوسی کورد دووباره بۆ ویژدانی عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریکا جێده‌هێلن.
شاخه‌وان شۆڕش
22ی سه‌پته‌مبه‌ری 2011
[i] په‌یامنێر، 6ی سه‌پته‌مبه‌ر 2011: کوردستانی – مەسعود بارزانی: مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێویستە
[ii] سه‌یری ئه‌و وتاره “کورد و رێکه‌وتنی نیوان ئه‌مه‌ریکا و ئێراق” لێره‌دا بکه: http://kadirshorsh.com/?p=107
سەرنج بنێرە