ئۆپۆزیسیۆن: کێشه و جوداییه‌کان
ئۆپۆزیسیۆن کۆمه‌ڵێ کێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه، جگه له جودایی به‌رفراوانی بیروباوه‌ڕ که خۆیان له جودایی دیموکراسی‌خوازی و کۆنه‌پارێزی ئایینی‌دا ده‌بیننه‌وه، له‌به‌ر له‌که‌داری رابردووی به‌رپرسانی ئۆپۆزیسیۆن له پێشێلکاری رابردوودا هه‌روه‌ها کۆنه‌پارێزی و په‌ڕگیری ئیسلامیسته‌کان، گومان له توانایان له بردنی کۆمه‌ڵگه بۆ هه‌وارێکی دیموکراسی و کراوه‌دا دروست ده‌که‌ن. هۆکاری نه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیڤی دیکه، له‌به‌ر پۆلیکتیکی داخراوی نادیموکراسیانه، گه‌مارۆ بۆ سه‌ر پارتی دیکه‌ی بیروباوه‌ر جیاواز، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی کۆمه‌ڵگه و داموده‌زگاکانیه‌تی له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌یه
له 17ی فێبریوه‌ریه‌وه خۆپیشاندانی خه‌ڵک دژی ده‌سه‌ڵاتی دووبهرێوهبهریی ی.ن.ک و پ.د.ک به‌تایبه‌تی له سلێمانی ده‌ستی پێ‌کرد و هه‌ر له‌وێش زۆرترین و به‌هێزترین پشتگیری هه‌بوو، له ناوچه‌ی دیکه‌ی ژێرده‌ستی ی.ن.ک خۆپیشاندان هه‌بوون به‌ڵام لاواز بوون و به‌م قه‌واره‌یه‌ی سلێمانی نه‌بوو. له هه‌ولێر و ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پ.د.ک خۆپیشاندان له‌لایه‌ن پ.د.ک ـه‌وه قه‌ده‌غه‌کرا و رێگه به گردبوونه‌وه‌ی ئاشیتیانهی خه‌ڵک نه‌درا. هێزه‌کانی سه‌ر به پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌م ماوه‌یه‌دا پیشێلکاری زۆری مافه‌کانی مرۆڤیان کرد و خه‌ڵکیان کوشت. ئێستا به‌گشتی خۆپیشاندان قه‌ده‌غه‌یه و خه‌ڵک مافی گردبوونه‌وه‌یان نییه.
خۆپیشانده‌ران خه‌لكی جیاوازی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه بوون، به‌ڵام زۆرینه‌یان هه‌وادار و لایه‌نگرانی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی بوون. لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو رووی خۆپیشاندانه‌که‌یان به‌لای خۆیاندا شکانده‌وه، به‌شێوه‌یێ که خۆپیشاندانه‌که له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه زیاتر به ناره‌زایی گروپه ئیسلامیه‌کان ده‌چوو، ئه‌وه‌ش گه‌لێ پرسیاری لای خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌کان دانا.
مه‌به‌ستی ئه‌و وتاره سه‌رنجدانه له چۆنیه‌تی، کێشه، هه‌نگاوه‌کان و توانای لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌لی ئیسلامی.
گۆڕان: بزوتنه‌وه‌ی گۆران وه‌کو رێکخراوێکی سیکولار و دیموکراتیخواز خۆی وێنه‌ده‌کات، له‌لایه‌ن نه‌وشێروان مسته‌فاوه سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت. زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی گۆڕان پیش‌تر ئه‌ندام و لایه‌نگری یه‌کێتی بوون که له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه و راگه‌یاندنی گۆڕان له‌لایه‌ن نه‌وشێروان و هاورێیانی ئه‌ودا له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا خۆیان دۆزیه‌وه. نه‌وشێروان مسته‌فا و ئه‌وانه‌ی دیکه که تا کاتی جیابوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی بوون به‌شداری که‌م یا زۆر، راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆی زۆر له‌و پێشێلکاریانه‌یان کردووه که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیتی و پارتی له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندی پارت و گه‌لدا چ له‌لایه‌ن یه‌کێتی یا ده‌سه‌لاتی ففتی ففتی یه‌کێتی و پارتی ئه‌نجام دراون. له‌لایه‌کیتر نه‌وشێروان مسته‌فا یه‌کی له پیاوکوژه ناسراوه‌کانی شه‌ری براکوژی بووه و مێژووه‌کی ره‌شی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه، بۆنمونه نه‌وشێروان مسته‌فا به ده‌ستی خۆی راسته‌وخۆ عه‌وڵلا سور فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 14ی حزبی سۆسیالستی کوردستانی له ساڵی 1982 دا پاش خۆدانه‌ده‌ستی به دیلی گوله‌باران کرد. عه‌وڵا سور یه‌کێ له پێشمه‌رگه هه‌ره ئازاکانی خه‌باتی چه‌کداری دوای هه‌ره‌سی خه‌باتی چه‌کداری ئه‌یلول بوو. ئه‌وانه‌ی دیکه که له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی دابوون هه‌ندێکیان له کاتی خه‌باتی چه‌کداری و هه‌ندێکیان له دوای رزگاری باشوری کوردستان له چنگی رژێمی به‌عس تۆمه‌تی پێشێلکاریان که‌م یا زۆر ده‌خرێته‌پاڵ.
جێگه‌ی سه‌رنجدانه دروستبوونی گۆڕان و هه‌نگاوه‌کانی وه‌کو لایه‌نێکی ئۆپۆزیسیۆن و ره‌خنه‌گرتن له پیشێلکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ففتی ففتی پارتی و یه‌کێتی سه‌رنجی خه‌ڵکی به‌لایخۆیدا به‌رچاوانه رکێشا، ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی بێلایه‌ن گۆڕان و داواکاریه‌کانیان به گونجاو و سه‌رده‌میانه بێنی و روویان تێکرد، ئه‌م پشتگیرییه له هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستاندا ره‌نگی گونجاوی دایه‌وه، ئه‌گه‌ر ساخته‌کاری پارتی له هه‌ولێر و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ژێرده‌ستی نه‌بووایه، ره‌نگه ئێستا هاوکێشه‌ی هێزه رامیاریه‌کانی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی دیکه ده‌بوو. ئه‌وسا له‌گه‌ڵ ئه‌و باکگراونده لهکهدارهی که سه‌رۆک و هه‌ندێ له سه‌رکرده‌کانی گۆڕان هه‌یانبوو بزوتنه‌وه‌ی گۆران له ههرمێندا بوو. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و لایه‌نه سه‌ره‌کیه بوون که توانیان دژ به‌خواستی رێککه‌وتنی ففتی ففتی پارت و یه‌کێتی ئۆپۆزیسیۆن له پارله‌مانی کوردستان دروست بکه‌ن و روویه‌کی جیاواز بده‌نه پارله‌مانه لاواز و بێده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کوردستان. ئه‌و بۆشاییه ڕامیارییه‌ی که به‌هۆی نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن هه‌بوو ئێستا ئه‌گه‌ری پڕکردنه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا. به‌ڵام توانای گۆڕان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌نده نه‌بوو که بتوانێ رێگه له زۆربه‌ی بڕیاره‌کانی پارله‌مان بگرێت. ئۆپۆزیسیۆن له‌به‌ر که‌می ئه‌ندامانیان له پارله‌ماندا له ئاست پارتی و یه‌کێتی له پارله‌ماندا لاواز بوون.
گۆڕان له دوای هه‌لبژاردنه‌که‌دا په‌سندی ئه‌نجامی ساخته‌ی هه‌لبژاردنی کرد، به‌مجۆره گۆران ره‌وایه‌تی دایه‌وه ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنه‌ری ففتی ففتی بارزانی و تاڵه‌بانی. دیاره گۆڕان ئه‌گه‌ر توانایه‌کی سه‌ربازی هه‌بوایه یا ئه‌گه‌ر بیزانیبایه به ره‌تکردنه‌وه درێژه به مانه‌وه و به‌هێزی خۆی ده‌دات واپێده‌چی هه‌روائاسان ئه‌نجامی هه‌لبژاردنی په‌سند نه‌ده‌کرد، واپێده‌چێ به‌رژه‌وه‌ندییه رێکخراوه‌یی و تایبه‌تیه‌کان ئه‌وه‌یان خواست ملکه‌چی هه‌لبژێرن. دیاره گۆڕان له‌م کۆمه‌لگه‌یه‌دا دروست بووه و سه‌رکرده‌کانی په‌روه‌رده‌ی که‌لتوری رامیاری به‌تایبه‌تی ناو یه‌کێتین. ئه‌گه‌ر گۆڕان خۆنه‌ویست بایه و مه‌به‌ستی گۆڕانی رادیکالانه‌ی بنه‌ره‌تیانه‌ی سیسته‌می رامیاری بایه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆر بوو که ره‌تی هه‌لبژاردنی ساخته و باره سه‌پێندراوه‌که بکاته‌وه و داوای دیموکراتیزه‌کردن و گۆڕانی بنه‌ره‌تی بکات. به‌ڵام دیاره گۆران ئه‌و که‌رسته‌یه نه‌بوو بتوانێ ئه‌وه بکات. کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی د. که‌مال میراوده‌لی که زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی له ناوچه‌کانی سلێمانی و رانیه به‌ده‌ستهێنا، تاکه که‌س بوو که ره‌تی ئه‌نجامی ساخته‌ی هه‌لبژاردنی کرده‌وه، به‌ڵام ته‌نیا بوو و چی بۆ نه‌کرا.
سه‌رۆکی گۆڕان نه‌وشێروان مسته‌فا ئاماده نه‌بوو ببێته ئه‌ندامی پارله‌مان بۆیه نه‌چووه پارله‌مان هه‌روه‌کو بارزانی و تاله‌بانی که نه‌پێشتر و نه‌ئێستا ئاماده‌نین ببنه ئه‌ندام یا سه‌رۆکی پارله‌مان، چونکه ستاتوس و ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مان قورساییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه و نییه. گۆڕان په‌سندی ئه‌نجامی ساخته‌ی هه‌لبژاردنیان کرد، دواتر پشتگیری جه‌لال تالهبانیان وه‌کو کاندیدی کورد بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئێراق کرده‌وه. ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی که‌وت واپێده‌چێ ههرئهوهندهشیان ره‌چاو ده‌کرد که رێگه‌یان بدرێت ببنه ئۆپۆزیسیۆن و وه‌کو لایه‌نێکی گرنگی ئۆپۆزیسیۆن شوێنیان له پارله‌مان هه‌بێت و له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌وڵی گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان بده‌ن. گۆڕان ئه‌وه‌ی ده‌ست که‌وت، به‌ڵام سه‌رۆک و ده‌سه‌لات و سیسته‌می دووبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌پێنه‌ری تاله‌بانی و بارزانی تاراده‌یه‌کی زۆر وه‌کو خۆی مایه‌وه.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دواتر له هه‌ڵبژاردنی ئێراق ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی کوردستانی جارێکی‌تر به‌چاوی خۆی نه‌بینیه‌وه، به‌ڵکو پاشه‌کشه‌ی کرد، دواتر له ئاستی ئێراقدا له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتیه‌وه پهراوێزکران. ده‌کرێ بڵێین گۆڕان لوتکهبوونی خۆی له هه‌ڵبژاردنی کوردستاندا بینی و له هه‌لبژاردنی دواتری ئێراق تووشی پاشه‌کشه بوو. سنوری به‌رفراوانبوونی گۆڕان لێره‌وه وه‌ستا و هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ک پاشه‌کشه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی. ئێستا گۆڕان ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه گرتووه که هه‌ندێ له چاودێران پیشبینیان ده‌کرد، وه سنوری ده‌سه‌لاتی گۆڕان ناوچه‌کانی سلێمانیی بوو و ئێستاش قورسایه‌که‌ی له‌و ناوچانه‌دایه. ئێستا دوای دوو ساڵ چاڵاکی و بوون، خه‌ڵک باشتر ده‌توانن وێنه‌یه‌ک له‌سه‌ر گۆڕان دروست بکه‌ن.
دیاره بزوتنه‌وه‌ی گۆران به کۆمه‌ڵێ به‌رنامه‌ی گونجاو هاته ناو گۆڕه‌پانی رامیاری باشوری کوردستانه‌وه، به‌لام شکستی گۆران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نه‌وشێروان مسته‌فا و هه‌وادارانی کۆنی ئه‌ون، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانن داهێنه‌ری گۆڕانن. رابردووی سه‌رکرده‌کانی گۆڕان به‌تایبه‌تی نه‌وشێروان مسته‌فا وه‌کو فاکته‌رێکی دیاری نه‌رێنی هه‌میشه به‌سه‌ر گۆرانهوهیه و ده‌ست له بزوتنه‌وه‌که ده‌وه‌شێنێ. به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌ر رابردووی له‌که‌داری نه‌وشێروان مسته‌فا و هاوکارانی، ئاماده نین پشتگیری ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بکه‌ن، هه‌رچه‌نده ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی ففتی ففتی یه‌کێتی و پارتی گه‌نده‌ڵ و پیشێلکارن. هه‌روه‌کو زۆریان ده‌ڵێن “نه‌وشێروان مسته‌فا خۆی تاوانباره، جێگه‌ی متمانه نییه و چۆن ده‌توانێ له‌وانه باشتر بێت”.
له‌گه‌ڵ راپه‌رینی گه‌لانی چه‌وساوه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان دژی رژێمه دیکتاتۆره‌کان، بزوتنه‌وه‌ی گۆران به کۆمه‌ڵێ داواکاری هه‌لوێستی له ده‌سه‌ڵاتی ففتی ففتی پارتی و یه‌کێتی وه‌رگرت و داوای هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تی کرد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گۆران به‌ئه‌گه‌ری زۆر له بنچینه‌دا ئه‌نجامی کاردانه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه بوو که دوای په‌سندکردنی ئه‌نجامی هه‌لبژاردن و حکومه‌ت و پارله‌مان له نێوان ئه‌وان و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی سه‌ریان هه‌ڵدا. له کوردستاندا گه‌مارۆی هه‌مه‌جۆره‌ی ئه‌و پاراتانه بۆسه‌ر گۆڕان به‌رده‌وام بوون، ئه‌ندامانی گۆڕان له پارله‌ماندا له زۆربه‌ی بڕیاره‌کاندا کاریگه‌ریان نه‌بوو، بۆ نمونه ده‌سه‌لات گه‌نده‌ڵی له‌به‌رچاوی ئه‌وان به‌قانون ده‌کرد و ره‌وایه‌تی پێده‌دان ئه‌وانیش له‌مباره‌یه‌وه جگه له ره‌خنه‌کانیان هیچیان پێنه‌ده‌کرا. له ئاستی ئێراق پهراوێزکران و ستاتوسیان به‌م شیوه‌یه نه‌بوو که خۆیان ده‌یانخواست. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر داواکاریه‌کانی گۆڕان له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و پێشێلکارییه، خۆ پیشێلکاریه‌کانی ده‌سه‌لات شتێکی نوێ نه‌بوون ئه‌وان خۆیان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیان په‌سندکرد و رێگه‌یان بۆ درێژه‌دان به‌م پیشێلکاریانه کرده‌وه. بۆیه گومان له‌وه‌دایه که گۆڕان هه‌لوێستی ئه‌وها ده‌بوو، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی به‌و ده‌رده‌یان نه‌بردبایه. به‌کورتی په‌راوێزکردن و گه‌ماڕۆکانی سه‌ر گۆڕان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتنی ئه‌گه‌ری گونجاویی داواکاریی رادیکالانه به‌هۆی راپه‌رینی خه‌ڵکی ژێرده‌سته‌ی و وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان دژی سیسته‌مه دیکتاتۆره‌کان، وه سه‌رنجراکێشانی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌لایه‌ن ئازایی و سه‌رکه‌وتنی راپه‌رینی خه‌ڵکی بۆنمونه تونس و میسر، ئه‌وانه به‌ئه‌گه‌ری زۆر هۆکاری هه‌وڵه‌کانی گۆڕان و ئه‌وانیتر بۆ چاکسازی بنه‌ره‌تیانه بوون. له‌بیرمان نه‌چیت گۆران و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی داوای چاکسازی بنه‌ره‌تیانه ده‌که‌ن، داوای گۆڕانی بنه‌ره‌تیانه ناکه‌ن. نه له‌کاتی هه‌لبژاردن و نه‌ئێستا خۆیان له قه‌ره‌ی وازهێنانی سه‌رۆک ناده‌ن و داوای رۆیشتنی راسته‌وخۆی سه‌رۆک ناکه‌ن.
له روانگه‌ی سیسته‌می پارلهمانتاریزمهوه (پارله‌مانتاریزم: له‌م سیسته‌مه‌دا حکومه‌ت ده‌بێ زۆرینه‌ی پارله‌مانی له‌پشته‌وه بێت یا لانی که‌م نابێ زۆرینه‌ی پارله‌مان دژی بن.) ئه‌و داواکارییه‌ی گۆڕان ده‌کرێ وه‌کو ده‌رچوون له رێکه‌وتنه پارلهمانتاریهکهی که خۆیان دوای هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ری رێککه‌وتن سه‌یر بکرێت. له چوارچێوه‌ی سیسته‌می پهرلهمانتاریانهدا ئۆپۆزیسیۆن بۆ خستنی ده‌سه‌ڵاتی به‌ریوه‌بردن و هێنانی هه‌لبژاردنی نوێ ده‌کرێ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی پارله‌مان دژی بوونی ده‌سه‌ڵات بدات، به‌مجۆره ده‌سه‌لات پشتگیری زۆرینه له‌ده‌ست ده‌دات، متمانه له ده‌سه‌ڵات دهسندرێتهوه، هه‌لبژاردن و حکومه‌تی نوێ ناچار ده‌کرێت. ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت نه‌یه‌وێ چاوه‌ڕوانی کاتی هه‌لبژاردنی دیارکراو بکات. له هه‌لبژاردنه‌که‌دا ئه‌وان ده‌یانتوانی ئه‌نجامی ساخته‌ی ده‌سه‌لات ره‌تکه‌نه‌وه و داوای چاکسازی بنه‌ره‌تی یان ئه‌گه‌ر توانا و تێگه‌یشتنی گونجاویان هه‌بووایه داوای گۆرینی بنه‌ره‌تیانه و دیموکراتیزه‌کردنی کوردستان بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌وان له داواکاریه‌کانیاندا کردیان دژی هه‌نگاوی یه‌که‌می خۆیانه. چونکه نه پیش‌تر، نهئهوسا و نه ئێستا له کوردستاندا پرۆسه‌ی دیموکارتیزهکردن بوونی نه‌بووه. وه ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی له‌ماوه‌ی 20 ساڵی فهرمانرهواییاندا دروستیان کردووه یا دوای روخانی به‌عس پێکیان هێناوه و وه‌کو مۆدێلێکی دیموکراسی به خه‌لکی ده‌فرۆشن جگه له فه‌رمانره‌واییه‌کی دیسپۆتیانه هه‌رگیز سیسته‌می دیموکراسی نه‌بووه و نییه. به‌شێوه‌یه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات گونجاو بایه و به‌پێی پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان بجولابایهوه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێ گۆڕان یا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کیتر له رێککه‌وتنه دیموکراسیه‌که لای بدابایه و ده‌ستی به پیشێلکاری و فه‌رمانره‌وایی نادیموکراسیانه بکردبایه، ئه‌وا ده‌کرا بگوترێت گۆران ناچار بوو و ده‌بوایه داوای چاکسازی بنه‌ره‌تیانه له بۆته‌ی هه‌لوه‌شانده‌نه‌وه‌ی حکومه‌ت و پارله‌مان له ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان، له ناو خه‌ڵکه‌وه و به پشتگیری خه‌ڵکه‌وه بکه‌ن. دیاره گۆران نه ئه‌وسا و نه‌ئێستا داوای گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیانه ناکه‌ن، واته گۆڕان ده‌یه‌وێ ریفۆرم بکات (هه‌روه‌کو بهپرسهکانیان له چه‌ندین بۆنه‌دا گوتوویانه) نه‌ک هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌م و دیموکراتیزه‌کردن وه‌کو دوای رووخان یا هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌مه دیکتاتۆره‌کان له هه‌ندێ وڵات‌دا رووده‌ده‌ن.
دیاره ده‌رچوونی گۆڕان له رێککه‌وتنه پارلهمانتاریهکه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که ئه‌و مافه‌یان نییه، یا ده‌بێ گه‌ماڕۆکانی سه‌ریان تووندتر بکرێن و پێشێلی مافه‌کانیان بکرێت. چاوسورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر ئه‌و داواکاریانه، پشووته‌نگی و ئاستی نزمی تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات پیشان ده‌دات. ئه‌و پیشیلکاریانهی ده‌سه‌ڵات دژی ئه‌وان و لایه‌نه‌کانیتر و ڕێکخراو و که‌سه‌کان که له‌م ماوه‌یه‌دا کران هه‌مووی ده‌چنه‌خانه‌ی تاوان و ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری هه‌بووایه ده‌بوو تاوانه‌کان بدرێنه دادگا.
بیروباوه‌ری گۆڕان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ جیاوازن، گۆڕان خۆی وه‌کو رێکخراوێکی سیکولاری لیبرال دیموکرات یا سۆسیال دیموکرات پیشان ده‌دات هه‌رچی یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵن ئه‌وانه دوو لایه‌نی ئیسلامیستن و هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی سیسته‌می ئیسلامیانه ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌توانن هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندن و سه‌پاندنی ده‌ستور و نۆرم و دیارده ئیسلامیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ده‌ن. بۆیه رێککه‌وتنی گۆران له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌کان ده‌کرێ سنوردار بێت و خۆ له‌و پرسیارانه نه‌دات که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان یه‌کناگرنه‌وه. هه‌روه‌کو له خاڵه هاوبه‌شه‌کانی خۆیاندا ئاماژه به‌و دیاردانه ناکرێن که ده‌کرێ پرهسنسیپهکانی ئیسلام به‌لاوه بنێت. جگه‌له‌وه‌ی ناروونی به هه‌لوێستی گۆڕان سه‌باره‌ت به سیکولار بوون و رۆلی ئایین له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه. سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌ربرینێکی له شێوه‌ی ئه‌وه هه‌یه که له ده‌ستوری ئێراقیدا هه‌یه، هه‌وه‌کو له دیدارێکدا ده‌یگوت ئه‌وان کارێ ناکه‌ن یا بڕیارێ ناده‌ن که دژی سه‌وابیته ئیسلامیه‌کان بێت. گۆڕان پۆلیتیک ده‌کات و کاریگه‌ری که‌لتوری رامیاری یه‌کێتی به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه، بۆیه بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجام ده‌کرێ رێککه‌وتن و هه‌نگاوی وا بنێت که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه بانگاشهبۆکراوهکانیان ناته‌با بن.
جگه له‌و کێشانه سه‌باره‌ت به کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌نگاوه‌کانی لاوازن، ئێراقچیهتیان تێدا هه‌یه، جگه‌له‌وه جار جاره نزیکبوونه‌وه‌یان له لایه‌نه شۆڤینیسته عه‌ره‌بیه‌کان پرسیار له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌وان سه‌باره‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان داده‌نێت. ئه‌وان گوتیان پارتی و یه‌کێتی ئێراقچین و کێشه‌ی کوردیان هێناوه‌ته ئاستی کێشه‌ی پارت و سیسته‌م. ئه‌وه‌ی ئه‌وان پیشانیان داوه جگه له یه‌کدوجار ره‌خنه و به‌رگری له کورده‌کانی پارچه‌کانیتر وێنه‌یه‌کی ئاشکرا سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان پیشان ناده‌ن. له هه‌نگاو و بڕیاره‌کانیاندا بیری هه‌لوێستی نه‌ته‌ته‌وه‌یی ده‌کرێت.
یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی: هۆکاری دروستبوونی ئه‌و پارتانه نه به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌کانه، نه مافه‌کانی مرۆڤه، به‌ڵکو ئیسلامیزه‌کردنی خه‌ڵکی کوردستانه. پێشتر تا هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌و خواسته هه‌رگیز ده‌رهاویشته‌ی کێشه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد یا مرۆڤه‌کانی کۆمه‌لگه‌ی کوردی نه‌بووه. ئه‌و لایه‌نه ئیسلامیانه‌ی که هه‌بوون و دواتر له نه‌وه‌ته‌کان دروست بوون، به خواستی کۆمه‌ڵیک ئێلێتی ئیسلامیست به یارمه‌تی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌وه دروست بوون. بۆیه ئیسلامیه‌کان له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیاندا به به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمایهکانهوه نامۆبوون. یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ ده‌رهاویشته‌ی ناکۆکی و ململانێکانی لایه‌نه ئیسلامیه‌کانی پێشترن. ئه‌و پارتانه و پارتی دیکه‌ی ئیسلامیست له‌لایه‌ن وڵاتان و رێکخراوه ده‌سته‌خوشکه‌کانیان له‌سه‌ره‌تاوه هاوکاری کراون. هۆکاری خۆڕاگرتن و مانه‌وه‌ی ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی بۆ یارمه‌تی و پشتگیری ده‌ره‌وه ده‌گه‌رێندرێته‌وه. تا دروستبوونی ئیسلامیه‌کان نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌رگیز کێشه‌ی ئایینی ئیسلامی نه‌بووه، خه‌ڵک ئازاد و ئاره‌زوومه‌ندانه پیاده‌ی ئایینی ئیسلامیان کردووه. بۆیه ئیسلامیزه‌کردنی مرۆڤی کورد له ده‌ره‌وه (ئێران و وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی ناوچه‌که) هێنرا و به‌سه‌ر کوردستاندا سه‌پێندرا.
یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و لایه‌نه ئیسلامیه‌کانی دیکه توانیوانیه کاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا بنوێنن و کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و کۆنه‌پارێزی ببه‌ن، دیارده، نۆرم و پره‌نسیپه ئیسلامی و عه‌ره‌بیه‌کان له کۆمه‌لگه‌دا به‌هێز بکه‌ن، له‌به‌رامبه‌ری ئه‌وه‌دا رێگه‌گرتن و کۆسپ دروستکردن بۆ کرانه‌وه و ئازادیه‌کانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز بکه‌ن، کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مافه‌کانی مرۆڤ بخرێنه دواوه یا دژیان بوه‌ستنه‌وه. به‌هۆی به‌هێزی ئه‌و کۆنه‌پارێزییه ئایینه‌ی که ئه‌و لایه‌نه ئیسلامیانه ده‌ستی باڵایان له پێگهیاندیدا له کۆمهڵهگدا هه‌یه، پیشێلکردن و ده‌ستێوه‌ردان له مافی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه له ئازادی که‌سه‌کان له‌ژێر ناوی دابونه‌ریت یا رێتواله ئیسلامیه‌کاندا که‌م یا زۆر هه‌یه. ئه‌و پارتانه توانیویانه ره‌گی داخوازیه ئیسلامیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا بچه‌سپێنن و هه‌وڵدان بۆ حوکمی شه‌ریعه یا به‌پێی پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا بکه‌نه داخوازی و ئاواتی ژماره‌یه‌کی دیاری خه‌ڵک، که پێشتر نه‌بوو یا زۆر به لاوازی هه‌بوو. ئه‌و پارته ئیسلامیستانه ده‌یانه‌وێ پره‌نسیپ و نۆرمه‌کانی ئایین و خوداپه‌رستی بخرێتهسهرووی هه‌موو داخوازی و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ و کۆمه‌لگه. تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌کان، بریاره‌کان و کانونهکان له دیدی ئیسلامیانه‌وه بێت، چونکه لای ئه‌و پارتانه تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌یه‌ک نییه له بیر و هزره ئایینیه‌که‌ی ئیسلام په‌سندتر و گونجاوتر بێت. هه‌روه‌ها به‌تووندی دژی ره‌خنه‌گران یا لێکدانه‌وه سیکولاره‌کان ده‌وه‌ستنه‌وه، تۆمه‌تی جۆراوجۆر ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له ئایین ده‌گرن یا نایانه‌وی پیاده‌ی ئایین بکه‌ن، مافیان لێره‌و له‌وێ پیشێل ده‌که‌ن. ئه‌و سیسته‌مه کانونیهی ئێستا له باشوری کوردستاندا هه‌یه که کۆنه‌پارێزی پ.د.ک به‌سه‌ریدا زاڵه تاراده‌یه‌کی دیار به‌لای ئه‌م داخوازیه ئیسلامیانه‌دا ده‌شکێنێته‌وه.
یه‌کگرتوو خۆی وه‌ک پارتێکی میانڕه‌و پیشان ده‌دات، هه‌وڵی چه‌سپاندنی سیسته‌می ئیسلامی ده‌دات. دژی کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و سیکولاریزمه. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیا و پارتی ئیسلامی فه‌رمانڕه‌وا به‌هێزه و تورکیا وه‌کو مۆدێلێک سه‌یرده‌کات. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران و ستات و رێکخراوه ئیسلامهیهکانی ناوچه‌که و جیهان هه‌یه. کۆمه‌لی ئیسلامی له یه‌کگرتوو تۆخترن و هه‌وڵی چه‌سپاندنی سیسته‌می شه‌ریعه ده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ستاته ئیسلامیه‌کان بۆنمونه ئێران هه‌یه. هه‌ردوولا هاوکاری و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ گه‌لێ له‌رێکخراوه ئیسلامیسته‌کانی جیهان هه‌یه. زۆر له میتۆده‌کانی کارکردنیان بۆنمونه راکێشانی منداڵی هه‌ژاران به‌به‌رتیل و به‌مجۆره ئیسلامیزه‌کردنی خێزانه‌که له‌ژێر ناوی یارمه‌تی و هاوکاری له‌لایه‌ن حه‌ماس و لایه‌نی ئیسلامیستی دیکه پیاده ده‌کرێن. بۆیه یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی ئایینی ئیسلام وه‌کو ئایدۆلۆژیا و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری له‌سایه‌یه‌وه ئامانجی ستراتیژی و سه‌ره‌کییه. به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له دوای به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازییه ئیسلامیه‌کانه‌وه دێن. مافهگهردوونیهکانی مرۆڤ دانیان پێنانرێت، به‌ڵکو ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وان ئه‌و مافانه‌یه که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌کانی ئیسلام دێنه‌وه هه‌روه‌کو له رێکخراوی کۆنگره‌ی ئیسلامی‌دا هاتووه.
ئه‌و لایه‌نه ئیسلامیانه که به‌شێکی ئۆپۆزیسیۆن پێکده‌هێنن، وه‌کو گۆڕان په‌سندی ئه‌نجامی ساخته‌ی هه‌لبژاردنیان کرد بۆیه هه‌مان لێکدانه‌وه و به‌رئه‌نجام بۆ ئه‌وان گونجاوه که بۆ گۆڕانمان هه‌بوو. ئه‌وانه وه‌کو گۆڕان داوا ده‌که‌ن که‌وا گه‌نده‌ڵی و زالیی پارت به‌رسه‌ر حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه نه‌مێنێت. ئه‌وه‌ی ئه‌وانه له گۆڕان جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وانه له‌گه‌ڵ مافه گه‌ردوونیه‌کانی مرۆڤ نین، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ کۆیلایه‌تی بۆ الله و ئه‌و مافانه‌ن که ئایینی ئیسلام په‌سندی کردووه. بۆیه داواکاریه‌کانی ئه‌وانه بۆ چاکسازی ئازادیه‌کانی مرۆڤ له‌به‌ر رۆشنایی مافهگهردوونیهکانی مرۆڤ ناگرێته‌وه. بۆ ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌پارێزی پارتی گونجاوه ئه‌گه‌ر چاکسازی له خۆیدا بکات. بۆیه به‌هیزبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌کان ئازادی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵکه، وه‌کو ئه‌و مافانه‌ی که له جارنامه‌ی مافه گه‌ردوونیه‌کانی مرۆڤدا هاتووه، له‌گه‌ل خۆیدا ناهێنێت.
سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌کان، خۆپیشاندانه‌که‌ی سلێمانی و هه‌له‌بجه له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی پارته ئیسلامیه‌کانه‌وه تاراده‌یه‌کی زۆر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، بۆیه لێره‌وه نامۆیی داواکاریه‌کان سه‌باره‌ت به ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ و وه مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ورده ورده ده‌رکه‌وتن. دیاره مه‌به‌ست لێره‌دا ته‌نها له گوتن و هه‌لسوکه‌وتی ئیسلامیست و لایه‌نگرانی ئه‌وانن. کاتێ له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له وڵاتانی موسوڵمان له بێده‌نگیان له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال به ئه‌لاهوئه‌کبه‌ر خاوه‌نی وته دوورخرایه‌وه، ده‌رزی گه‌وره‌ی نێوان په‌یامی ئیسلامیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مرۆڤایه‌تیه‌کان ته‌واو ده‌رکه‌وتن. ئه‌وه پیشاندانی پشووته‌نگی و بێتۆلهرانسی به‌رامبه‌ر به راستیه‌کی بهلگهنهویست بوو. ئهڵاهوکهبهرهکهی ئه‌وان ده‌نگی ئه‌نفالی تێدابوو، زیڕه‌ی داگیرکارانه‌ی که‌لتوری عه‌ره‌بی تێدا بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه له بێده‌سه‌ڵاتیدا ئه‌وها دژی فاکته مێژوویه‌کان و ئازادی ده‌ربڕین بووه‌ستنه‌وه تووڕیان هه‌ڵده‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر هه‌بێت بێگومان زیان به مافه‌کانی مرۆڤ و به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانیه‌کان ده‌گه‌یه‌نن.
نوێژی به کۆمه‌ڵی هه‌ینی و وتار خوێنده‌نه‌وه به زمانی عه‌ره‌بی، ده‌ربڕی نه‌بوونی ئه‌وه نین که ئایین قه‌ده‌غه‌یه و نوێژی هه‌ینی قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌وانه هه‌مووی زۆر به زیاده‌وه له کوردستاندا هه‌ن. ئه‌و دیارده‌یه له‌لایه‌ک لاساییکردنه‌وه‌ی راپه‌رینی خه‌ڵکی وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانه به‌شیوه‌یه‌کی چه‌وت، هه‌روه‌ها وێنه‌کردنی راپهرینهکهیه وه‌کو راپه‌ڕینی ئیسلامیانه دژی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکاریه‌کان. عه‌ره‌ب خاوه‌نی زمان و که‌لتوری خۆیانن ئه‌وه‌ی بۆ عه‌ره‌ب گونجاوه ده‌کرێ بۆ کورد وانه‌بێ. راپه‌رینی خه‌ڵک له ولاته عه‌ره‌بیه‌کاندا راپه‌رینی ئیسلامیانه نییه دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئیسلام و رێتواله‌کانی، به‌ڵکو راپه‌رینه دژی گه‌نده‌ڵی و زۆرداری سیسته‌مه رامیارییه‌کان، وه ئه‌و شۆڕشه‌ی ئێستا به‌به‌رفراوانی له وڵاتانی عه‌ره‌بدا رووده‌ده‌ن، ئه‌نجامی خه‌باتی ئیسلامیه‌کان و ئیسلامیزم نییه، به‌ڵکو به‌هۆی په‌ڕینه‌وه و گه‌یشتنی ره‌وشی دیموکراسییه بۆ ناو گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان، داواکاریه‌کانیان ئازادی، یه‌کسانی، کرانه‌وه و دادوه‌رییه، داواکاریه‌کانیان دیموکراتیزه‌کردنه ئه‌و سیسته‌مه‌ی که له‌گه‌ڵ ئیسلامیزم نایه‌ته‌وه. به‌کارهێنانی چه‌مک و به‌ها عه‌ره‌بیه‌کان له کوردستاندا به‌گرنگ نه‌زانین و بێبه‌هاکردنی زمانی کوردی و به‌هاکانی نه‌ته‌وه‌ی کورده، به‌لاوه‌نان و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له فاکته‌ره‌کانی هۆکاری ناره‌زایی خه‌ڵک له ده‌سه‌ڵاتدا. کورد پێویستی به‌وه نییه به‌عه‌ره‌بی هاوار بکات تاکو ڕاپه‌رین یا ناره‌زایی خۆی له سیسته‌مه رامیارییه سه‌پێندراوه‌که ره‌وا بکات. خنکاندنی هه‌وڵه ئازادیخوازه‌کانه ئه‌گه‌ر بیر و هزری کۆنه‌پارێز و ئایدۆلۆژیانه‌ی پشووته‌نگ و نادیموکراسی هاورده بۆ ره‌واکردنی خه‌باتی دیموکراسی و پێشکه‌وتووخوازانه به‌کاربهێندرێت. سه‌یرکه‌ن ئیسلامیزم چی بۆ ئێران و سودان داهێناوه، چاوه‌روانی ئه‌وه‌ش ناکرێت له کوردستاندا چی باشتری بۆ کورد پێبێت. ئیسلامیزم بیروباوه‌رێکی هاورده‌یه و به کێشه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد نامۆیه، ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌کان ده‌یکه‌ن هه‌وڵی سه‌پاندنی ئه‌و بیروباوه‌ره هاوردهیهیه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا. له ئه‌نجامی تاراده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ئایدۆلۆژیایه ئیسلامیه‌دا له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردوودا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ده‌ردی نه‌زانی، داخراوی و پشووته‌نگی و نه‌بوونی ئازادیه‌کانه‌وه ده‌ناڵێنێ.
پێویسته بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا خۆماڵی بێت و ره‌نگ له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و رامیاریه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بداته‌وه، نه‌ک داواکاریی هاورده بهێندرێت و به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێندرێت. ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک ده‌بێ هه‌لقوڵاوی داوا ره‌واکانی خه‌ڵک بێت و ره‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵکی کوردستان بداته‌وه.
له کۆمه‌ڵگه دیموکراسیه‌کاندا مرۆڤه‌کان له پیاده‌کردنی ئاییندا ئازادن ، ئه‌وه مافی سروشتی خۆیانه. له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا مرۆڤه‌کان ئازادن له‌وه‌ی پیاده‌ی ئایینی ئیسلام ده‌که‌ن یا نا. ئه‌وه مافی سروشتی خۆیانه. ئایین تێگه‌یشتنێکی تایبه‌تی مۆرالیانهیه له روانگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه. ئایینه‌کان جوادییان له لێکدانه‌وه و بیروباوهرهکانیاندا هه‌یه و ده‌بێ یه‌کسانانه له‌لایه‌ن ستاته‌وه هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکرێت. سه‌رخستنی یه‌کێک و به‌لاوه‌نانی یه‌کێکیتر له‌ژێر ناوی که‌مینه و زۆرینه‌دا پێشێلکردنی پره‌نسیپی ئازادی ئایین و یه‌کسانییه. ئایین له کۆمه‌ڵگه ئازاده‌کاندا په‌یوه‌ندی به ئازادی تاکه‌وه هه‌یه، له ستات جیا ده‌کرێته‌وه و دیدی ئایینی تێکه‌ڵی بڕیاره کانونی و رامیاریه‌کانی وڵات ناکرێت. ئایینه‌کان سه‌روه‌ری و مافی بوونیان بێلایه‌نانه هه‌یه. کاتێ دامه‌زراوه ئایینیه‌کان وه‌کو مزگه‌وت و ده‌سه‌ڵاته که‌سی و ناکهسیهکان بۆ گه‌یشتن به ئامانجێکی رامیاری به‌کارده‌هێندرێن، هه‌روه‌کو له کوردستاندا ده‌کرێت و مه‌به‌ست چه‌سپاندنی بیروباوه‌ر و ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزمه، ئه‌وه سنوربه‌زاندنه و پێشێلکردنی مافی پیاده‌کردنی ئایینه به‌شێوه بێلایه‌نه‌که‌ی. خراپبه‌کارهێنانی ئایین و دامه‌زراوه ئایینیه‌کانه بۆ مه‌به‌ستی رامیاری و سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیا که لێره‌دا ئیسلامیزمه. شکاندنی ئه‌و سه‌روه‌رییه بێلایهنهیه که ئایین له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌تی.
له کۆتاییدا پێویسته بڵێین که کوردستان له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیسپۆتیانه‌ی ففتی ففتی یه‌کێتی و پارتی له هه‌موو بواره‌کاندا نووقمی پێشێلکارییه. ئه‌و باره ناله‌باره رامیارییه‌ی که له کوردستاندا هه‌یه، ئه‌وان به‌رپرسیاری سه‌ره‌کین لێی. ئۆپۆزیسیۆن بیروباوه‌ڕی هه‌رچی بێت، مافی خۆیه‌تی خۆپیشاندان بکات یا پرۆتستۆ ئاشتیانه پیشان بدات. رێگه‌گرتن له خۆپیشاندانی ئاشتیانه، یا کوشتن و راونان، تیرۆرکردن، ئازاردان و زیندانیکردن له‌به‌ر جیاوازی هه‌لوێست و بیروباوه‌ر پێشێلکردنی کوشنده‌ی مافه‌کانی مرۆڤه.
ده‌سه‌لاتی یه‌کێتی و پارتی سیسته‌مێکی ناڕه‌وای ففتی ففتیان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا سه‌پاندووه، هه‌موو شتێکه ته‌نها دیموکراسی نییه. ئۆپۆزیسیۆن کۆمه‌ڵێ کێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه، جگه له جودایی به‌رفراوانی بیروباوه‌ڕ که خۆیان له دیموکراسیخواز و کۆنه‌پارێزی ئایینی‌دا ده‌بیننه‌وه، له‌به‌ر له‌که‌داریان له پێشێلکاری رابردوودا هه‌روه‌ها کۆنه‌پارێزی و په‌ڕگیری ئیسلامیسته‌کان گومان له توانایان له بردنی کۆمه‌ڵگه بۆ هه‌وارێکی دیموکراسی و کراوه‌دا دروست ده‌کات. هۆکاری نه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیڤی دیکه، له‌به‌ر پۆلیکتیکی داخراوی نادیموکراسیانه، گه‌مارۆ بۆ سه‌ر پارتی دیکه‌ی بیروباوه‌ر جیاواز، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی کۆمه‌ڵگه و داموده‌زگاکانیه‌تی له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌یه.
به‌ڵام ئه‌وه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که نابێ ده‌ستکاری ئه‌و سیسته‌مه دیسپۆتیانهیه بکرێت که یه‌کێتی و پارتی پێکێان هێناوه، کوردستان وه‌کو هه‌ر ولاتێکی دیکه‌ی نادیموکراسی ده‌بێ دیموکراتیزه بکرێت، ڕێگه چاره‌یه‌کی دیکه نییه. بهواتایهکیتر ده‌بێ ئه‌و سیسته‌مه رامیارییه ناره‌واییه له‌بنه‌ره‌ته‌وه ههلبوهشێندرێتهوه، ده‌ستوری نوێ له‌به‌ر رۆشنایی پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان و مافه گه‌ردوونیه‌کانی مرۆڤ دابڕێژرێت، ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره بکرێت، هه‌ڵبژاردنی ئازاد و کراوه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بکرێت و حکومه‌تی نوێ دروست بکرێت. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه ئازاد بێت، پارت و رێکخراوی گونجاو و پێشکه‌وتووخواز سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و یارمه‌تیده‌ری دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراسی و کراوه به‌ئه‌گه‌ری زۆر ده‌بن.
شاخه‌وان شۆڕش
14ی مای 2011
سەرنج بنێرە