تیرۆریزم و خه‌بات له‌سایه‌ی به‌زه‌یی به‌رژه‌وه‌ندییه عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کاندا
به‌کورتی خودی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یا که‌مینه ژیرده‌سته‌کان به‌یه‌کچاو له‌به‌ررۆشنایی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناومان هێنان سه‌یریان ناکرێت، به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان چ ناسیونالیستی یا ئایینی یا رامیاری پارتگه‌را یا تایبه‌تی جۆری هه‌لوێسته‌کانی ئه‌وانه دیار ده‌که‌ن، که جوداکاری و دووروویی له هه‌ڵوێست، له بریار و هه‌نگاوه‌کاندا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که له روانگه‌ی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و مۆرالییه مرۆڤدۆسته‌کانه‌وه ناره‌وایه، که زیانی کوشنده به گه‌لانی چه‌وساوه و ژێرده‌سته ده‌گه‌یه‌نێت و رێگه‌خۆشکه‌ره بۆ به‌رده‌وامی تاوانکاریه‌کان.
له‌م وتاره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه ئه‌م دووروویی، جوداکارییه‌ی که به‌رامبه‌ر به خه‌لکی ژێرده‌سته‌ی کورد له پارچه داگیرکراوه‌کانی کوردستان و رێکخراوه ئازادیخوازه‌کانی کورد یا گه‌لانی دیکه‌ی ژێرده‌سته له‌لایه‌ن وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کان، کورده ئێراقچیهکان، مه‌لا ئیسلامی و لایه‌نه ئیسلامیه‌کانه‌وه ده‌بیندرێن. سه‌رنج ده‌ده‌ینه ئه‌و لاوازیه‌ی که به‌رپرسه کورده‌کان له‌م رووه‌وه هه‌یانه. لێره‌دا له هۆکاره‌کانی ئه‌و دووروویی و جوداکاری و لاوازیه هێنده نادویین، به‌ڵکو ته‌نها ئاماژه به هه‌ندێ دیارده سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌که ده‌که‌ین. سه‌رنجی سه‌ره‌کی ئه‌م بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ی کورد و عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینن.
واباشه به‌ر له‌وه‌ی بێننه سه‌ر ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که به‌کورتی سه‌یرێکی پێناسه‌ی تیرۆریزم بکه‌ین. دیاره ئه‌م چه‌مکه کێشه‌ئامێزه، ته‌بایی گشتی له‌سه‌ریدا نییه، بۆیه پێناسه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌کریت. ره‌نگه پێناسه‌که‌ی UN گونجاو بێت وه‌کو وا داڕشتراوه که زۆرترین لایه‌ن بگرێته‌وه. به‌پێی پێناسه‌که‌ی UN “تیرۆریزم میتۆدێکه بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن له‌رێگه‌ی کرده‌ی تووندوتیژی دووباره‌دا که له‌لایه‌ن که‌سانی یاخی و نیمچهیاخی، گروپ یا ستات ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌نجامدانی ئه‌م کردارانه له‌به‌ر هۆکاری کهتنکاری، رقههبوون به‌رامبه‌ر به لایه‌نی دیکه، یا رامیارین. به‌پێچه‌وانه‌ی پیاوکوژی، تووندوتیژیی راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی سڤیل گرنگترین ئامانج نییه. له کۆی گروپێکدا که ئامانجن ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌بنه قوربانی تووندووتیژیهکه به‌رێککه‌وت هه‌لده‌بژێردرێن یا هه‌لده‌بژێردرێن چونکه واتایه‌کی سیمبۆلیان بۆ کۆی گروپی مه‌به‌ست هه‌یه وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌کی گه‌یاندنی په‌یام”[i].
به‌پێی پێناسه‌ی ئیسکلۆپێدیای گه‌وره‌ی دانیمارکی “تیرۆریزم تووندوتیژییه به‌رامبه‌ر که‌سانی سڤیل (که‌سانی بێکهیس) که له‌لایه‌ن که‌س، گروپ و رێکخراو ئه‌نجام ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی گۆڕانکاری رامیاری یا دروستکردنی ئاگایی و سه‌رنجراکێشان سه‌باره‌ت به په‌یامێکی ئایینی یا رامیاری. تیرۆریزمی ستات به‌کارهێنانی تووندوتیژییه له‌لایه‌ن ستاته‌وه دژی خه‌ڵکی خۆی یا خه‌ڵکی ولاتی دیکه به‌مه‌به‌ستی پارێزگاری رژێم یا ناردنی په‌یامێکی رامیاری بۆ لایه‌نی سێیه‌م”[ii].
به‌کورتی تیرۆریزم هێرش و زیانگه‌یاندنه به خه‌ڵکی سڤیلی کۆمه‌لگه‌یه‌ک بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن له کۆمه‌ڵگه‌که‌دا، به‌مجۆره کارتێکردنی لایه‌نه سه‌ره‌کیه دژه‌که بۆ به‌دیهێنانی ئامانجێکی رامیاری یا ئایینی یا ئامانجی تر وه‌کو ئامانجی سه‌ره‌کی. خه‌لکه سڤیله قوربانیه‌که وه‌کو که‌رسته‌ی تۆقاندن بۆ پێکاندنی مه‌به‌سته سه‌ره‌کیه‌که به‌کارده‌هێندرێن. بۆنمونه رێکخراوی ئیسلامی حه‌ماس بۆمب له‌ناو گه‌ره‌که جووه‌کان ده‌دات و خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژێ تاکو ترس و تۆقاندن له کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسرائیلی‌دا به‌گشتی دروستبکات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه وا‌بکات ده‌سه‌لاتی ئیسرائل ناچار بکات مل بۆ داوا رامیاریه‌کانی ئه‌وان بدات. یا به‌پێچه‌وانه ئیسرائیل خه‌ڵکی سڤیل تۆپباران ده‌کات، تاکو ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی ناچاری هه‌نگاوێک بکات، واته کوشتنی سڤیل بۆ پێکانی ئامانجی راماریی به‌کار ده‌هێنیت. یا تورکیا تۆپبارانی کوردستان ده‌کات و خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژێ تا گوشار بخاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و ناچاری بکات مل بۆ داواکاریه‌کانی تورکیا سه‌باره‌ت به له‌ناوبردنی پ.ک.ک بدات. یا گوندێک له‌گه‌ڵ خاک ته‌خت ده‌کات و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کوژێ، ده‌گرێ و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌کات تا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و شۆڕشگێره کورده‌کان ناچاری هه‌نگاوێک یا بریارێک که تورکیا ده‌یخوازێ بکات. دیاره ده‌کرێ هۆکاری دیکه‌ش له‌پشتی ئه‌م جۆره کردانه‌دا هه‌بن، له‌م کرداره تیرۆریستیانه‌دا ده‌کرێ مه‌به‌ست پێکاندنی دوو ئامانج بێت له‌یه‌ک کاتدا، یه‌که‌م له‌ناوبردنی هه‌ندێک یا کۆمه‌ڵێک که‌س له‌و لایه‌نه‌ی که رق و دژایه‌تی راسیسزمانه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکه سڤیله‌که هه‌یه، له‌لایه‌کیتر به‌کارهێنانی کوشتنی ئه‌وانه بۆ کارتێکردنی لایه‌نی سه‌ره‌کی سێیه‌م که لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره یا بڕیار به‌ده‌سته.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پ.ژ.ک یا په‌ژاک) دوو پارتی کوردین خه‌بات بۆ ئازادی خه‌ڵکی کوردستان له‌ژێر ده‌ستی ستاته داگیرکه‌ره‌کانی تورکیا و ئێران دا ده‌که‌ن. ئه‌و پارتانه خه‌باتی چه‌کداریان ده‌ست پێکردووه و چاڵاکی دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ستاتی داگیرکه‌ر ده‌که‌ن. چالاکیه‌کانیان زیاتر ئاراسته‌ی ده‌سه‌لات و هێزه سه‌ربازیه‌کانه. ئه‌و پارتانه له‌هه‌ڵه بێبه‌ری نین و جار جاره خه‌ڵکی سڤیل له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه تووشی زیان بووه. به‌لام خه‌ڵکی سڤیل ئامانجی هێرشی ئه‌وان نین، وه کاری خۆکوژی و تێکده‌رانه دژی خه‌ڵکی سڤیل ئه‌نجام ناده‌ن تاکو وه‌کو که‌رسته بۆ پیکاندنی مه‌به‌ست و کارتێکردنی ستاتی داگیرکه‌ر به‌کاریان بهێنن.
بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له فه‌له‌ستین خه‌بات بۆ رزگاری گه‌لی عه‌ره‌ب له فه‌له‌ستین له ژێرده‌ستی ئیسرائیل ده‌کات، حه‌ماس له‌هه‌مان کاتدا خه‌بات بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی ئیسلامی ده‌کات، بۆیه خه‌باتی حه‌ماس نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه. چاڵاکیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس دژی ئیسرائیلیه‌کانه به‌گشتی، هێزی سه‌ربازی و خه‌ڵکی سڤیل ئامانجی هێرشه‌کانی ئه‌وانن. کاری خۆکوژی و تێکده‌رانه دژی جووه سڤیله‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌یانکوژن، ئه‌مجۆره کردارانه به‌شێکی دیاری میتۆدی چاڵاکیهکانیانه. حیزبوللای لوبنانی که له خوارووی لوبناندا به‌هێزن، خه‌بات بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی ئیسلامی له لوبناندا ده‌که‌ن، دژی ئیسرائیل وه‌کو داگیرکه‌ری خاکی عه‌ره‌ب و ئیسلام خه‌بات ده‌که‌ن. ئه‌وان وه‌کو حه‌ماس شه‌ڕ دژی جووه‌کان ده‌که‌ن و له کوشتنی خه‌ڵکی سڤیلی ئیسرائیل سڵ ناکه‌نه‌وه. هه‌ردوولا خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژن و وه‌کو که‌رسته‌ی بهدیهێننای ئامانجی رامیاری به‌کاریان ده‌هێنن. هه‌روه‌ها ده‌کرێ هۆکاری راسیستانهش له پشتی کرده‌وه‌کانیاندا هه‌بن و کوشتنه‌که له هه‌مان کاتدا ئامانجێکی سه‌ربه‌خۆ بێت.
پێویسته ئه‌وه بیربخه‌ینه‌وه که ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لیستی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و رێکخراو و پارتانه‌ی به تیرۆریستیان ده‌ناسن هه‌یه. ئه‌مه‌ریکا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان له‌مباره‌یه‌وه ده‌که‌ن، بۆیه دیدی ئه‌وان له‌مباره‌یه‌وه خه‌وشداره. ئه‌روپا که‌مێ له ئه‌مه‌ریکا له‌مباره‌یه‌وه باشترن و دیدی ئه‌وان بۆ تیرۆریزم گونجاوی پێوه‌دیاره، به‌ڵام له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌مه‌ریکا دان. ئه‌و رێکخراوانه‌ی ناومان هێنان هه‌موویان له لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپادان.
له روانگه‌ی ئه‌م پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌ردوو پارتی حه‌ماس و حیزبوڵلا کاری تیرۆریستانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه ده‌کرێ وه‌کو تیرۆریست سه‌یربکرێن، چونکه خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژن و وه‌کو که‌رسته بۆ پێکاندنی ئامانجی سه‌ره‌کیان به‌کاریان ده‌هێنن. هه‌رچی پ.ک.ک و په‌ژاکن ئه‌وانه هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر هێزی سه‌ربازی، کوشتن و زیانگه‌یاندن به خه‌ڵکی سڤیل ئامانجی ناراسته‌وخۆ یا راسته‌وخۆی ئه‌وان نین. بۆیه ئه‌وانه کاری تیرۆریستانه ئه‌نجام ناده‌ن.
حه‌ماس و حیزبوڵلا له‌لایه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌بێت، زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کانه‌وه پشتگیری ده‌کرێن، چاڵاکیه‌کانیان که زۆرجار کوشتنی خه‌ڵکی سڤیله پشتگیری به‌شێوه‌ێک له شێوه‌کان ده‌کرێن. هه‌رچی پ.ک.ک ـه‌یه به‌پێچه‌وانه‌وه (ره‌نگه لیبیا) هیچ وڵاتێکی موسوڵمان سۆزی بۆ خه‌باتی ئه‌وان نییه. تا ئێستا نه‌بیندراوه هیچ وڵاتێک له وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کان له‌سه‌ر تاوانکاریه‌کانی دژ به کورد ده‌کرێن دژ به تورکیا ده‌نگیان کردبێت. شایانی بیرخستنه‌وه‌یه هه‌لوێستی ئه‌وانه هه‌ر بۆ کورد وانییه به‌ڵکو بۆ نه‌ته‌وه ژێرده‌سته موسوڵمانه نهعهرهبهکان که له ولاته موسوڵمانه‌کاندا ژێرده‌سته‌ن هه‌مان هه‌ڵوێستی نه‌رێنیان هه‌یه، بۆنمونه ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانانه تائێستا پرۆتستۆی تاوانی پاکتاوی ره‌گه‌زی و گه‌لکوژی دارفورییه موسوڵمانه‌کانیان له سودان نه‌کرد و دژی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سودان هیچ کرده‌وه‌یه‌کیان نه‌نواند، به‌پێچه‌وانه‌وه راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ پشتگیری عومه‌ر به‌شیر و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سودان ده‌که‌ن.
وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کان پشتگیری گه‌لی بۆسنه‌یان کرد و دۆزی موسوڵمانه بۆسنیه‌کان هه‌میشه له ئهگێندهیان دابوو، چونکه بۆسنه موسوڵمانه‌کان له‌لایه‌ن ستاتێکی کریستیان ده‌چه‌وسێندرانه‌وه و ژێرده‌سته بوون. نمونه‌کانی پێشوو و ئێستا ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که ئه‌م ولاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانانه کاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به وڵاته نهموسوڵمانهکان له ئه‌گه‌ری چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی موسوڵماندا هه‌یه، به‌لام چاوپۆشی له چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لانی موسوڵمان یا نهموسولمان له وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کاندا ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئاستی تاوانکاریه‌کان بگه‌نه ئاستی تاوانی گه‌لکوژی. بۆنمونه پشتکردنه کورد و دارفوریهکان له تاوانی گه‌لکوژی له دژیاندا. جگه‌له‌وه سه‌باره‌ت به تاوانکاریه‌کانی که به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه و که‌مینه ژێرده‌سته نهموسوڵمانهکان له وڵاتانی دیکه له جیهاندا ده‌نگیان نییه.
ئێراق یه‌کێ له‌و وڵاتانه‌یه که سۆزداری بۆ حه‌ماس و حیزبوڵلا هه‌یه، که ئه‌گه‌ر به ئاشکرا پشتگیریانی نه‌کردبێ، هه‌رگیز وه‌کو تیرۆریست ناوزه‌دی نه‌کردوون. بۆ ئێراق ئیسرائیل داگیرکه‌ری خاکی عه‌ره‌به، بوونی خه‌باتی حه‌ماس و فه‌تح و رێکخراوهکانیتر به ره‌وا ده‌زانن. هه‌ر ئه‌و ئێراقه پ.ک.ک و په‌ژاک به تیرۆریست ده‌زانێ و هاوکاری له‌ناوبردنیان له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا و ئه‌مه‌ریکادا ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌م پارتانه وه‌کو فه‌له‌ستینیه‌کان خه‌بات بۆ رزگاری ده‌که‌ن.
ئیسلامییه کورده‌کان و گه‌لێ له مه‌لا ئیسلامیه‌کانی کوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌واداری یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ یا پارته ئیسلامیه‌کانی دیکه‌ن ئه‌وانیش وه‌کو عه‌ره‌به ناسیونالیسته تووندرهوو و ئیسلامیسته‌کان سۆزداریان بۆ حه‌ماس و حیزبوللا هه‌یه. بۆ گه‌لی موسوڵمانی عه‌ره‌ب له فه‌له‌ستین په‌رۆشن، خۆپیشاندانیان بۆ ده‌که‌ن، هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان راده‌گه‌یه‌نن. ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل وه‌کو هێزی کافر سه‌یرده‌که‌ن، هه‌ندێکیان راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ خه‌ڵک بۆ جیهاد دژی ئیسرائیل هان ده‌ده‌ن. به‌لام سه‌باره‌ت به پ.ک.ک ده‌نگیان نییه، له ئازاردان، تیرۆر و کوشتوبڕی کورده‌کانی ژێرده‌ستی سوریا، ئێران و تورکیا بێده‌نگن، نه‌بیستراوه گوتبێتیان کورده‌کانی بنده‌ستی ئێران یا تورکیا یا سوریا ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه و خوشکوبرا کورده‌کان پێویستیان به یارمه‌تی هه‌یه یا ئه‌و ولاتانه داگیرکه‌ر یا زۆردارن. نه‌بیستراوه ئه‌و ئیسلامی و مه‌لایانه که بۆ بیروباوه‌ری ئیسلام خه‌بات ده‌که‌ن و گوایه هاوده‌نگی موسولمانه‌کانی جیهانن، بڵێن گه‌لی موسوڵمانی دارفور تاوانی پاکتاوی ره‌گه‌زی یا گه‌لکوژیان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت یا ده‌سه‌ڵای ئیسلامی سودان تاوانکاری و خراپه‌کاری ده‌کات.
وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان لاگرنگه و له‌م روانگه‌یه‌وه به دوو چاویلکه دهروواننه پ.ک.ک و حه‌ماس. ئه‌مه‌ریکا له‌به‌ر چاوی ره‌شی تورک و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دژی پ.ک.ک یه و چاوپۆشی له چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد ده‌کات. وڵاته موسوڵمانه‌کان دژی ئیسرائیلن له‌به‌ر ناجوری په‌یوه‌ندی کۆنی نێوان ئه‌م دوو ئایینه و به‌بیانوی ئه‌وه‌ی که ئیسرائیل خاکی پیرۆزی عه‌ره‌ب و موسوڵمانی داگیرکردووه. ئه‌وانه گه‌لێکیان به دوای دانپێنان له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌گه‌ڕێن، بۆیه پیاوچاکی خۆیان بۆ عه‌ره‌به‌کان پێشان ده‌ده‌ن. به‌هه‌مان شێوه له چه‌وساندنه‌وه‌ی کورده‌کان له‌لایه‌ن وڵاته ئیسلامی و موسوڵمانه‌کانی وه‌کو ئێران، تورکیا و سوریا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی رامیارییان بێده‌نگن.
زۆر له مه‌لا عه‌ره‌به‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامیستهکانیان له‌ژێرکاریگه‌ری ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیدان و دژی هه‌ر هه‌نگاوێک که زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی عه‌ره‌ب بگه‌یه‌نێ ده‌وه‌ستنه‌وه. بۆنمونه سه‌رۆکی یه‌کێک له‌رێکخراوه‌کانی مه‌لاکانی ئێراق (که له‌ژێرناوی یه‌کێتی زانایاندا کار ده‌که‌ن) عه‌بدولکه‌ریم زێدان جیابوونه‌وه‌ی کوردی له ئێراق وه‌کو کارێکی خراپی دژ به ئیسلام تێده‌گات. ته‌نانه‌ت له کۆبوونه‌وه‌ی ڕێکخراوی کۆنگره‌ی ئیسلامی OIC له ئه‌سته‌نبۆل یوسف قه‌ره‌زاوی مه‌لای ناسراوی ئیسلامیستی مسری چاڵاکیه‌کانی پ.ک.ک دژ به وڵاتی موسوڵمانی تورکیا وه‌کو تاوان و تیرۆریزم سه‌یر ده‌کات. هه‌ر ئه‌و مه‌لا ئیسلامیسته خه‌باتی حه‌ماس و حیزبوڵلا به‌ره‌وا ده‌بینێت. عه‌لی قه‌ره‌داخی کورده ئیسلامیستهکه که له‌وێ ئاماده‌بوو، هیچ کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پیشان نه‌دا، له‌لایه‌ن کۆنگره‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو. به‌مجۆره ئه‌م رێکخراوه له کاتێکدا بۆ فه‌له‌ستین شین ده‌گێرێ به‌ڵام دژی خه‌باتی کورد بۆ ئازادی ئاراسته‌ی هه‌یه. دیاره ئه‌گه‌ر هێرشێکی ئه‌وها بۆسه‌ر فه‌له‌ستینیه‌کان بکرابایه، به‌ئه‌گه‌ری زۆر کۆبوونه‌وه‌که‌دا تووشی گێژاو ده‌بوو. شایانی بیرخستنه‌وه‌یه ئه‌و رێکخراوه جیهانییه ئیسلامییه به‌رامبه‌ر به گه‌لکوژی دارفور بێده‌نگه و تا ئێستا پرۆتستۆی تاوانی پاکتاوکردنی موسوڵمانه‌کانی دارفوری له سودان نه‌کردووه و دژی تاوانکاریه‌کانی سودان هیچ ههنگاوێکی نه‌ناوه. شایانی گوتنه ئه‌و رێکخراوه ئیسلامیه وه‌کو رێکخراوێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌رگیز نه‌یتوانیووه بێلایه‌نانه و ره‌وایانه به‌یه‌کچاو سه‌یری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له جیهاندا یا کێشه‌کانی جیهان بکات، ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و ئیسلامیزم ته‌واو زاڵن به‌سه‌ریدا.
دیاره خه‌باتی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆییان وه‌کو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته ره‌وایه، به‌لام نه عه‌ره‌به‌کانی فه‌له‌ستین له کورد یا نه‌ته‌وه‌ی دیکه به‌رزترن، نه خاکی فه‌له‌ستین له کوردستان یا خاکی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی دیکه پیرۆزتره. ئه‌م نمونانه پیشاندانی دووروویی و جوداکاریین که پرسیار له‌به‌رامبه‌ر تێگه‌یشتن و بیروباوه‌ری ئه‌وانه راکشاوانه داده‌نیت.
سه‌باره‌ت به به‌رپرسه کورده خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان له ئێراقدا، له‌گه‌لێ بۆنه و کاتدا جه‌لال تاڵه‌بانی (ی.ن.ک) سه‌رۆکی کۆماری ئێراق و هوشیار زێباری (پ.د.ک) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراق، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ وه‌کو نوری مالکی و به‌رپرسه عه‌ره‌به‌کانی دیکه گوتوویانه که پ.ک.ک یا پ.ژ.ک رێکخراوی تیرۆریستین، چاڵاکیه‌کانیان دژ به تورکیا وه‌کو کاری تیرۆریستی ناوهێناوه، دیاره ئه‌وه پۆلیتیکی فه‌رمی ئێراقه. زێباری و تاڵه‌بانی هه‌رگیز له دوانه فه‌رمیه‌کاندا نه‌یانگوتووه که حه‌ماس یا حیزبوڵلا تیرۆریستن، ئه‌وه‌ش هه‌ر پۆلیتیکی ئێراقه. ئێراق گوێ ناداته ئه‌وه‌ی که کامه رێکخراو له لیستی تیرۆریستی ئه‌مه‌ریکادان، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ریکایه سه‌دامی رووخاند و ئێراقی دوای سه‌دام گه‌یاندۆته ئێره، به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب چی ده‌خوازێ ئێراق ئه‌وه ده‌کات. ئه‌و سه‌رۆکه کوردانه و به‌رپرسه ئیسلامییه‌کانی کوردستان رێک ئه‌وه ده‌که‌ن که له به‌رژه‌وه‌ندی ئێراق و عه‌ره‌ب دایه، به‌مجۆره دڵسۆزی خۆیان بۆ ئێراق و عه‌ره‌ب پیشان ده‌ده‌ن. به‌رپرسه کورده‌کانی سه‌ر به پ.د.ک و ی.ن.ک نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، به‌ڵکو ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی ولاتانی داگیرکه‌ری کوردستان، وڵاتانی موسوڵمان و ئه‌مه‌ریکاش به‌هه‌مان شێوه ده‌که‌ن، دلسۆزی خۆیان بۆ ئه‌و لایه‌نانه پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له پارچه ده‌ستبه‌سه‌ره‌کانی دیکه‌دا که سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی خۆیانن ناکه‌ن و پشتیان ناگرن. نه‌یانتوانیووه له‌مباره‌یه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێراق بنوێنن، یا گوتنێکیان له‌سه‌ر چه‌وسانده‌وه‌ی کورد رووبه‌ڕوو بۆ وڵاتانی داگیرکه‌ر هه‌بێت. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی ناوزه‌دکردنی پ.ک.ک به تیرۆریست راسته‌وخۆ پشتگیری تورکیایه و له‌هه‌مان کاتدا دژایه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیانه له پارچه‌یه‌کی داگیرکراودا.
له‌به‌ررۆشنایی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌کرێ بلێین دیدی ستاته عه‌ره‌بیه‌کان، موسوڵمانه‌کان، پارته ئیسلامییه کوردیه‌کان سه‌باره‌ت به خه‌باتی گه‌لان و چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لانی ژێرده‌سته جوداکاریهکی بێبه‌زه‌ییانه ده‌گرێته‌خۆی. تێگه‌یشتنی ئه‌وانه له‌لایه‌ک له‌ژێر کاریگه‌ری ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی دایه، له‌لایه‌کی دیکه ئه‌وانه تائێستا نه‌یانتوانیووه مێژووی ناکۆکی له‌مێژینه‌ی نێوان ئیسلام و کریستیانه‌کان (جه‌نگی نێوان خاچپه‌رست و ئیسلام) به‌کرده‌وه تێبپه‌ڕێنن و له‌م مهنتاڵه رکابه‌رییه ئایینیه کۆنه خۆیان ده‌رباز بکه‌ن. به‌مجۆره ئه‌م مهنتاله رقهلگرتووه ئایینیه کۆنه ئێستاش به‌سه‌ریاندا زاڵه و کاریگه‌ری له‌سه‌ر بریار و هه‌نگاوه‌کانیاندا هه‌یه. ئه‌م جوداکارییه یارمه‌تی ئاشتی و ئارامی له‌سه‌ر ئاستی و ناوچه یا جیهان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نادات، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه یارمه‌تیده‌ره بۆ درێژه‌دان به چه‌وساندنه‌وه و له‌ناوبردن، هه‌روه‌کو سه‌باره‌ت به کورد و دارفوریهکان ده‌یبینین.
به‌رپرسه کورده ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به ئیسلامی و نائیسلامیانهوه نه ته‌نها له‌ژێر ئه‌م کاریگهریانهدان، به‌ڵکو سه‌ره‌رای ئه‌وه دژی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان هه‌نگاویان ناوه، وه هه‌میشه له‌سه‌ر پشتی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان خه‌ریکی ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی هێزه ده‌سه‌لاتداره‌کان بووینه.
مه‌لا ئیسلامیه‌کان ئه‌وه ده‌که‌ن که مه‌لا عه‌ره‌به‌کان و ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی ده‌یخوازن. مه‌لا عه‌ره‌به‌کان که‌م یا زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیدان. لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌لایانه و که‌لتوری عه‌ره‌بی هه‌روه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاوه له ئایینی ئیسلام کاریگه‌ری له‌سه‌ر مه‌لا ئیسلامیه کورده‌کان به‌دیاری هه‌یه. ئه‌و مه‌لا کوردانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵکی ئاسایی به‌م ئاراسته‌یه‌دا ببه‌ن که مه‌لا ئیسلامیه عه‌ره‌به‌کان ده‌یخوازن. وه‌کو ده‌بیندرێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی دژانه‌یان بۆ ئه‌روپا، ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل هه‌یه، به‌مجۆره هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵک وینه‌یه‌کی ناشیرن و ناحه‌زی بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه لا دروست ببێت و به‌گشتی ره‌تیان بکه‌نه‌وه.
به‌کورتی خودی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یا که‌مینه ژیرده‌سته‌کان به‌یه‌کچاو له‌به‌ررۆشنایی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناومان هێنان سه‌یریان ناکرێت، به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان چ ناسیونالیستی یا ئایینی یا رامیاری پارتگه‌را یا تایبه‌تی جۆری هه‌لوێسته‌کانی ئه‌وانه دیار ده‌که‌ن، که جوداکاری و دووروویی له هه‌ڵوێست، له بریار و هه‌نگاوه‌کاندا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که له روانگه‌ی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و مۆرالییه مرۆڤدۆسته‌کانه‌وه ناره‌وایه، که زیانی کوشنده به گه‌لانی چه‌وساوه و ژێرده‌سته ده‌گه‌یه‌نێت و رێگه‌خۆشکه‌ره بۆ به‌رده‌وامی تاوانکاریه‌کان.
شاخه‌وان شۆڕش
21ی ژانیوه‌ری 2011
سەرنج بنێرە