دادگاکان و مه‌لاکان ئامرازی جێبه‌جێکردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن
له باشوری کورستان‌دا دادگاکان ده‌زگایه‌کی جێبه‌جێکردنی ئه‌و کانونانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌پارێز دایڕشتوون یا په‌سندیانی کردووه. بۆیه دادگاکان وه‌کو یه‌که یا بوارێکی سه‌ربه‌خۆی ناو ستات که له چوارچێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه‌ی ره‌وادا له‌سایه‌ی ده‌ستور و کانونی مرۆدۆستانه‌ی پێشکه‌وتووخوازانه‌دا که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه گه‌ردوونیه‌کانی مافی مرۆڤدا گونجاوه کار و ئه‌رکه‌کانیان نابه‌ن به‌ڕێوه. له لایه‌کیتر ده‌سه‌ڵات خۆی ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه که پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و گرنگی کانوندانان بن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی ئه‌م وتاره په‌یوه‌ندی به پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان و ئیسلامیه‌کانه‌وه هه‌یه واباشه سه‌ره‌تا ئاماژه به‌و پره‌نسیپانه له ده‌ستوردا که نوسراون بکه‌ین، پاشان دێینه‌سه‌ر زاڵبوونی لایه‌نه کۆنه‌پارێز و ئیسلامیه‌که به‌تایبه‌تی له کوردستاندا.
له ده‌ستوری ئێراقیدا که له ئۆگستی 2005 دا په‌سندکرا، ئایینی ئیسلام به‌پێی ئه‌رتیکلی دوو، خاڵی یه‌که‌م، بڕگه‌ی (ا) و (ب): “ئایینی ئیسلام بنچینه‌یه‌کی کانوندانانه. نابێت هیچ کانونێکی ناته‌با یا دژ له‌گه‌ڵ حوکمه جێگیره‌کانی (بڕیار یا کانونه بنچێنه‌ییه‌کانی ئیسلام) ده‌ربچێت.” به‌پێی برگه‌ی (ب): “نابێت هیچ کانونێکی ناته‌با یا دژ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی ده‌ربچێت”.
له ڕه‌شنووسی ده‌ستوری کوردستاندا له ئه‌رتیکلی 7 دا، که سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ئایینی ئیسلام نووسراوه، جیاوازی له نووسینی تێکسته‌که‌دا هه‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا تاڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێراقه. له‌و ئه‌رتیکله‌دا نووسراوه: “ئه‌م ده‌ستووره جه‌خت له‌سه‌ر ناسنامه‌ی موسڵمانه‌تی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌كاته‌وه و بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام یه‌كێكن له سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی کانوندانان…”
له هه‌ردوو ده‌ستوری ئێراقی و هه‌رێمی کوردستاندا نووسراوه که پابه‌ندی به ئازادیه‌کان و مافه گه‌ردونیه‌کانی مرۆڤه‌وه ده‌کرێت، وه بانگاشه‌ی رێزگرتن له رێککه‌وتنه جیهانیه‌کان سه‌باره‌ت به مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کرێ. دیاره باشوری کوردستان دوای 20 ساڵ له رزگاربوونی له‌ده‌ست رژێمی به‌عس هێشتا خاوه‌نی ده‌ستوری تایبه‌ت به خۆی نییه. ئه‌و ده‌ستوره پڕ له کێشه و که‌موکوڕییه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ئاماده‌ی کرد و له پارله‌ماندا تێیپه‌ڕاند هێشتا په‌سند نه‌کراوه و نه‌دراوه‌ته گشتپرسی.
ئه‌و بڕگانه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم و ئێراقی دووروویی ده‌ستوره‌کان پیشان ده‌ده‌ن که وێنه‌ی ناته‌بایی و جودایی، هه‌روه‌ها نادڵنیایی ده‌که‌ن. پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان له‌گه‌ل پره‌نسیپه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیه‌کان که له سیسته‌می دیموکراسیدا رێگه‌یان ده‌درێت یه‌ک ناگرنه‌وه. كه‌چی ده‌ستوره‌کان بانگاشه‌ی پیاده‌کردنی هه‌ردوو گۆشه‌نیگا ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌کاتێکدا کۆنسه‌رڤوتیڤیزمی (کۆنه‌پارێزی) ئایینی و نائایینی زاڵه، له گه‌لێ بارودۆخدا پیاده‌کردنی پره‌نسیپه‌کانی یه‌کێکیان شکاندنی پره‌نسیپه‌کانی ئه‌ویتریانه.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بلێین، که پیاده‌کردنی ئایین له لایه‌ن مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه په‌یوه‌ندی به مرۆڤه‌کان خۆیانه‌وه هه‌یه، ئه‌وان ئازادن له‌وه‌ی پیاده‌ی چ بیروباوه‌رێکی ئایینی ده‌که‌ن یا ناکه‌ن. هه‌روه‌کو زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان موسوڵمانن، ئه‌وان ئازادن له پیاده‌کردنی ئه‌م بیروباوه‌ره‌دا، ئه‌وه مافی سروشتی خۆیانه. به‌هه‌مان شێوه ئه‌وان ئازادن له‌وه‌ی بڕوایان به‌م ئایینه یا ئایینی دیکه هه‌بێت یا نه‌بێت. به‌پێی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ نه ده‌سه‌ڵات نه مزگه‌وت نه هیچ که‌سێک هه‌ر پله‌وپایه‌کی هه‌بێت بۆیان نییه له‌سه‌ر جۆری بیروباوه‌ر گوشار بخه‌نه‌سه‌ر مرۆڤه‌کان یا مرۆڤه‌کان ناچاری پیاده‌کردنی ئایین و رێتوالی ئایینی بکه‌ن یا ناچاریان بکه‌ن به ئاراسته‌یه‌کی تایبه‌تی په‌سندکراوی ئایینی‌دا بڕۆن.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بیربخه‌ینه‌وه که ئایین بیروباوه‌ڕی مۆرالیانه‌ی تایبه‌ته سه‌رباره‌ت به ژیان له گۆشه‌نیگایه‌کی تایبه‌ته‌وه. بۆیه دید و بۆچوون له روانگه‌ی هه‌ر ئایینێکه‌وه بێت، بێلایه‌ن نییه و ناچێته خانه‌ی بێلایه‌نییه‌وه. ئه‌گه‌ر دیدوبۆچوونی ئایینێک له‌ژێرناوی زۆرینه‌بووندا، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێنێدرێت، ئه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه لایه‌نگری ئه‌م بیروباوه‌ره‌یه و ناتوانێ بانگاشه‌ی بێلایه‌نی بکات، له‌هه‌مان کاتدا پره‌نسیپه گه‌ردونیه‌کانی مافی مرۆڤ له باری تایبه‌تدا ده‌خاته‌دواوه، چونکه پیاده‌ی پره‌نسیپی دیکه که ئایین په‌سندی ده‌کات وه‌کو ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ پره‌سنیپه گه‌ردونیه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌کات.
دیاره به‌جۆرێ له جۆره‌کان له باشوری کوردستان و ئێراقدا هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی کانوندانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری له‌ژێر کاریگه‌ری پره‌نسیپه کۆنسه‌رڤه‌تیڤه ئیسلامیه‌کان دان. به‌پێی تاقیکردنه‌وه و ئه‌زموونه‌کانی رابردوو له‌ماوه‌ی 7 – 8 ساڵی رابردوودا له باشوری کوردستان و ئێراقدا پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان باڵاده‌ست بووین، کانون و بریاره نوێکان، بڕیاره‌کانی دادگا سه‌باره‌ت به کێشه‌ی نێوان ئازادی ده‌ربڕین و پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌بێت ئه‌وه له زۆربه‌ی باره‌کاندا له‌به‌رژه‌وه‌ندی پره‌نسیپ و که‌لتوری ئیسلامیانه‌ی کۆنسه‌رڤه‌تیڤدا بووه. به‌کرده‌وه ئایینی ئیسلام له بواری کانونداناندا رۆلی دیاری هه‌یه که کاریگه‌ری خۆی له بواره‌کانی جێبه‌جێکردندا بینیووه. ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به ئازادی و پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان له ده‌ستوردا نوسراون زیاتر وه‌کو پروپاگه‌نده بۆ پرۆسه‌ی دیموکراسی ئێراق به‌تایبه‌تی بۆ سه‌رنجڕاکێشانی وڵاتانی رۆژئاوا ئاماژه‌یان بۆ کراوه و به‌رزکراونه‌ته‌وه. پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان و ئازادیه‌کان که به‌گه‌رمی له سه‌ره‌تای دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا بانگاشه‌یان بۆ کراوه، به‌ڵام به‌کرده‌وه له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ده‌سه‌لات و نزیکبوونه‌وه‌ی کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان ئه‌گه‌ر پێشتر به‌لاوازی هه‌بووبن ئێستا له پاشه‌کشه‌ی به‌رده‌وام دان.
ئه‌م سیسته‌مانه‌ی له ئێراق و کوردستاندا هه‌ن و پیاده ده‌کرێن، سیسته‌می سیکولار نین به‌واتای جوداکردنه‌وه‌ی ئایین له ستات، هه‌روه‌ها پشتبه‌ستن به هۆشمه‌ندی و لێکدانه‌وه زانستی و مۆدێرنه‌کان، به‌ڵکو سیسته‌مێکه به‌کرده‌وه رۆل ده‌داته ئایینی ئیسلام که بنچینه‌یه‌کی گرنگی کانوندانان پێکده‌هێنێت. به‌کرده‌وه پره‌نسیپ و لێکدانه‌وه کۆنسه‌رڤه‌تیڤ و ئیسلامیه‌کان رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن، نۆرمه ئایینی و کۆنسه‌رڤه‌تیوه‌کان له ده‌زگا کانونی و جێبه‌جێکاره‌کاندا باویان هه‌یه و باڵاده‌ستن.
ده‌کرێ ئه‌م باره‌ی که له باشوری کوردستاندا هه‌یه وه‌کو ئه‌نجامی کۆنه‌پارێزی رامیاره ده‌سه‌ڵاتداره‌کان پ.د.ک به‌تایبه‌تی، به‌هێزبوونی ئیسلامیزم و به‌هێزیی توێژه ئایینیه ئیسلامییه‌که سه‌یر بکرێت. ئه‌م بارودۆخه‌ی که له‌ئه‌نجامی کۆنه‌پارێزی رامیاره‌کانه‌وه و لاوازبوونی توێژه به رواڵه‌ت سیکولاره‌که له ده‌یه‌ی دوای نه‌مانی رژێمی به‌عس له کوردستاندا هاتۆته‌دی. به‌مشێوه‌یه کۆنه‌پارێزی و بێتوانایی رامیاره به‌ناو نه‌ته‌وه‌ییه سیکولاره‌کان هۆکارێکی گرنگی ئه‌وه بووه که ئیسلامیزم و توێژه ئایینیه کۆنه‌پارێزه ئیسلامیه‌که گه‌شه بکه‌ن و پێگه‌ی خۆیان له کۆمه‌ڵگه‌دا بچه‌سپێنن، تێکه‌ڵی وردودرشتی ژیان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا بن و له هه‌موو چێشتێکدا که‌وچک بن. دیاره لایه‌نه ئیسلامیه‌کان که هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزمن گه‌ره‌کیانه سیسته‌می ئیسلامی دابمه‌زرێنن له‌لایه‌ن ولاتانی ده‌ره‌وه هه‌میشه پشتگیری و هاوکاری کراون، سوودیان له ناکۆکی رامیاری ناوخۆ، شه‌ڕی ناوخۆ، دوو به‌رێوه‌به‌ریی و پارچه‌یی به‌رده‌وامی باشوری کوردستان، به‌مجۆره بۆشایی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانی پێشکه‌وتووخوازی به‌هێز وه‌رگرتووه، وه هه‌وڵی له‌نوێ کۆنه‌پارێزکردن و ئیسلامیزه‌کردنی خه‌ڵکیان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی رادیکالانه‌تردا داوه. ئیسلامیه‌کان له‌م کاره‌یاندا تاراده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه. بۆنمونه تا ئیسلامیه‌کان له کوردستاندا به‌هێزنه‌بوون کوردێک نه‌بوو بیر له‌وه بکاته‌وه که له پێناوی بروای ئیسلام کاری تیرۆرسیتی دژی خه‌ڵکی سڤیلی کوردستان ئه‌نجام بدات. کوردێک نه‌بوو بیر له‌وه بکاته‌وه که بچێ شه‌ڕی جووه‌کان (وه‌کو غه‌زا) له فه‌له‌ستیندا بکات. ژنان تاکوته‌رایان نه‌بێ له‌چکیان له‌سه‌ر نه‌بوو، ئێستا زۆرینه له‌سه‌ریانه و گوشاریش ده‌خه‌نه سه‌ر سه‌رکۆته‌کان. ئاستی ژن کوشتن له‌سه‌ر دۆستگیری یا بیانوی دۆستگیری، یا به‌هۆی کۆنه‌پارێزی له ئاستێکی زۆر نزمتر دابوو وه‌ک له ئێستا. دژایه‌تی ئێزدیه‌کان نه‌ده‌کرا، که‌چی ئیستا هه‌لسوکوتی خه‌لک له‌گه‌ڵیان له ئاستێکی زۆر خراپ دایه، هتد.
بۆیه ده‌کرێ به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین که ئیسلامیه‌کان و ده‌سه‌لاتی کۆنه‌پارێز و ئایینپارێز که هۆکاری گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ کۆنسه‌رڤه‌تیزمی ئایینی و زندووکردنه‌وه‌ی دابونه‌ریته کۆنه کۆنسه‌رڤه‌تیڤ و ئیسلامیه‌کان له پاشه‌کشه‌ی ئاستی رۆشنبیری و کرانه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی باشوری کوردستاندا به‌رپرسیاری سه‌ره‌کین.
شایانی بیرخستنه‌وه‌یه له باشوری کوردستاندا به‌ر له راپه‌رینی 1991 توێژه ئایینیه‌که و ئیسلامیسته‌کان لاواز بوون، لایه‌نه سیکولاره شۆڕشگێڕه‌که (پاسۆک، ح.س.ک.، ح.ش.ح.، ی.ن.ک، زه‌حمه‌تکێشان به‌کرده‌وه لاواز و سه‌رگه‌ردان) تاراده‌یه‌ک به‌رچاو بوون، گیانێکی به‌هێزی گۆڕان بۆ ئازادی و کرانه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بوو، ژنان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستا له ئێستا زۆر کراوه‌تر بوون، خه‌ڵک گرنگی به لێکدانه‌وه و به‌سه‌رهاته ئه‌فسوناوییه بێبنه‌ما و نازانستیه‌کان نه‌ده‌دا هتد. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین رێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وسایه، ئه‌و گیانه به‌هێزه‌ی گۆڕان، ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌ی که له‌سه‌ره‌تای ئازادی خه‌لك له چنگی داگیرکه‌ری به‌عس له 1991 دا هه‌بوو له‌لایه‌ن پارتی کۆنسه‌رڤه‌تیڤی ده‌سه‌لاتدار به‌تایبه‌تی پ.د.ک و لایه‌نه ئیسلامیه‌کان ته‌واو لاوازکرا، وه‌کو ئێستا ده‌یبینین کۆنه‌پارێزی قورگی کۆمه‌ڵگه‌ی ترسناکانه گرتووه. ئازادیه‌کانی که‌س و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌ژێر به‌زه‌یی ئه‌م کۆنه‌پارێزییه‌دان.
پارتی ده‌سه‌ڵاتدار (ی.ن.ک و پ.د.ک) که به‌ر له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و له‌سه‌رده‌می خه‌باتی شاخدا بانگاشه‌ی شۆڕشگێڕی و پێشکه‌وتووخوازی ده‌کرد، ئێستا پ.د.ک به‌تایبه‌تی وه‌کو هێزێکی کۆنه‌پارێز و ئایینپارێز ڕۆڵ ده‌بینێت و بووه‌ته داڕێژه‌ر، پارێزگار و بره‌وپێده‌ری پره‌نسیپه کۆنه‌پارێز و ئیسلامیه‌کان، رۆژ له‌دوای رۆژ په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه کۆنه‌پارێزه ئایینیه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێزتر ده‌کات. دامه‌زراوه ئایینی و کۆنه‌پارێزه‌کان زۆرتر ده‌کات، ده‌سه‌لاتیان له کۆمه‌ڵگه‌دا زیاتر ده‌کات، به‌مشێوه‌یه دژی ئازادی و کرانه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌وه‌ستێته‌وه. بۆنمونه له رێگه‌ی کانونی کۆنسه‌رڤه‌تیوانه جا چ کۆن یا نوێ هه‌موارکراو رێگه به ره‌خنه له پره‌نسیپ و دیارده ئیسلامیه‌کان ده‌گرێت، به‌مجۆره رێگه به ئازادی ده‌ربڕین ده‌گرێت.
له باشوری کوردستاندا پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌سه‌لاتێکی ته‌سکی پارتگه‌رای پێهێناوه و نادیموکراسیانه ده‌یه‌وێ درێژه به‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پێنه‌رانه‌ی خۆی بدات. وه‌کو زۆر نمونه‌ی دیکه که له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و وڵاته تۆتالیتاره‌کاندا هه‌ن، له باشوری کوردستاندا پارتی ده‌سه‌لاتدار خۆی و سه‌رۆکه‌که‌ی وه‌کو شۆڕشگێر، رزگارکه‌ر، داهێنه‌ر، بنیاتنه‌ر، به‌خشێنه‌ر، بێهاوتا و ره‌واترین ده‌بینن. ئه‌م سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاته که ماوه‌یه‌کی درێژه له ده‌سه‌ڵات دان، مه‌به‌ستیانه مسۆگه‌ری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی خۆیان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بکه‌ن، وه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کان سڵ له‌رێگه نادیموکراسی و نانیشتمانیه‌کان ناکه‌نه‌وه. له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا کار له‌سه‌ر به‌هێزکردنی خۆی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کاندا له ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه ده‌کات. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته (ده‌سه‌ڵاتی پ.د.ک به‌تایبه‌تی) دژی کرانه‌وه و دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه، دژی ئازادیه‌کانه که له کۆمه‌ڵگه ئازاده‌کاندا هه‌ن. چونکه ئازادی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه، کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا مه‌ترسی راسته‌وخۆن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌کو هێزێکی کۆنه‌پارێزی ئایینپارێز، فیودال، پاوانکار، گه‌نده‌ڵ و خۆسه‌پێنه‌ری نادیموکراسی. هه‌رله‌م روانگه‌یه‌وه، بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی ره‌وتی دیموکراتیزه‌کردن و کرانه‌وه، ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی کۆنه‌پارێزکردنی کۆمه‌ڵگه ده‌دات، هه‌وڵ ده‌دات بره‌و به لێکدانه‌وه و بۆچوونه ئیسلامی و کۆنه‌پاریزه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا بدرێت، توێژه ئایینیه کۆنه‌پارێزه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌جۆرێک له‌کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ستواڵا ده‌کات که بتوانن کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک هه‌بێت، خه‌ڵک ملکه‌چی ئاراسته‌کانیان بێت، وه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م توێژه بکاته یه‌کێ له‌پاڵپشته به‌هێزه‌کانی خۆی، به‌مجۆره فاکته‌ره‌کانی مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ئێستا و دوارۆژ به‌هێز بکات.
خێزان و پارتی ده‌سه‌لاتدار که سامانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ژێرده‌ستدایه و خاوه‌نی سامانی نه‌وته له کوردستاندا، پارله‌مانی له ژێرده‌ستدایه، خاوه‌نی هێزه چه‌کداره‌کانه، خاوه‌نی مینسته‌ریه‌کانه، داموده‌زگا فه‌رمیه‌کانی له‌ژێرده‌ستدایه، بازاڕه‌کانی کوردستانی له‌ژێر ده‌ستدایه، زانستگه‌کانی له‌ژێر ده‌ستدایه، خاوه‌نی زۆرترین و پاره‌دارترین که‌ناله‌کانی بلاوکردنه‌وه و راگه‌یاندنی وڵاته، دادگاکانی له ژێرده‌ستدایه، هه‌وڵی داوه و هه‌وڵ ده‌دات له رێگه‌ی کانونی نادیموکراسیانه‌دا به‌ر به هه‌ر ده‌نگ و هه‌نگاوێک که هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سه‌رۆک و پارته‌که‌ی یا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان دروست ده‌که‌ن یا ده‌کرێ دروست بکه‌ن بگرێت. هه‌روه‌کو چۆن هه‌وڵی داوه و هه‌ول ده‌دات له رێگه‌ی که‌ناڵه کانونیه‌کانی سه‌ر به خۆیه‌وه گه‌نده‌ڵی ره‌وا بکات، ده‌ستبه‌سه‌ر سامانی گه‌ل و بودجه‌دا بگرێت. دیاره ته‌نها له‌وه‌ته‌ی ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز دروست بووه، سه‌رۆک و پارتی ده‌سه‌لاتدار تووشی ئه‌م زه‌حمه‌ته بووین، چونکه به‌ر له‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێ، سه‌رۆک و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پێویستیان به کانون و ره‌زامه‌ندی پارله‌مان نه‌بووه، دیاره ئه‌گه‌ر پێویستی کردبا پارله‌مان بێ یه‌کودوو مۆری له بڕیاره‌کانیان ده‌دا و ئه‌وه‌ی ویستوویانه له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان‌دا دایانبڕیووه.
له باشوری کورستان‌دا دادگاکان ده‌زگایه‌کی جێبه‌جێکردنی ئه‌و کانونانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌پارێز دایڕشتوون یا په‌سندیانی کردووه. دادگاکان پیاده‌ی کانونێکی تێکه‌ڵ و پێكه‌ڵ له کانونه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس و هه‌ندێکی هه‌موارکراو و نوێ ده‌که‌ن. بۆیه دادگاکان وه‌کو یه‌که یا بوارێکی سه‌ربه‌خۆی ناو ستات که له چوارچێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه‌ی ره‌وادا له‌سایه‌ی ده‌ستور و کانونی مرۆدۆستانه‌ی پێشکه‌وتووخوازانه‌دا که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه گه‌ردوونیه‌کانی مافی مرۆڤدا گونجاوه کار و ئه‌رکه‌کانیان نابه‌ن به‌ڕێوه. دادگاکان یه‌که‌ی سه‌ربه‌خۆ نین که جیا بن له ده‌سه‌لاته‌کانی کانوندانان و جێبه‌جێکردن که وا‌بکات وه‌کو یه‌که‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ر به پێشێلکارییه ناکانونیه‌کان یا سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بگرن. بۆیه دادگاکان له‌ژێر کاریگه‌ری پارتی ده‌سه‌لاتداردان و پیاده‌ی ئه‌و کانونه خێچوخوارانه ده‌که‌ن که ده‌سه‌ڵات په‌سندیانی کردووه. دادگاکان له ئاست لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا ناسه‌ربه‌خۆ، بێ‌توانا و بێده‌سه‌لاتن، گه‌نده‌ڵی وه‌کو شوێنه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌لگه چۆته‌ناو ئه‌م ده‌زگایه و لاوازی کردووه. جگه‌له‌وه‌ی که دادگاکانی کوردستان وه‌کو ده‌زگا و لایه‌نه‌کانی دیکه کاریگه‌ریی که‌لتوری نه‌ته‌وه بالاده‌سته‌کانی به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بیان به‌سه‌ره‌وه‌یه.
پارتی ده‌سه‌ڵاتدار داداگاکان بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی خۆی به‌کارده‌هێنێت، به‌مجۆره دادگاکان ئامرازی گه‌یشتنن به‌و ئامانجانه‌ی که ده‌سه‌ڵات هه‌وڵیان بۆ ده‌دات. بۆیه دادگاکان وه‌کو جێبه‌جێکه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌رۆک و پارتی ده‌سه‌ڵاتداری کۆنسه‌رڤه‌تیوی ئایینپارێز ده‌رده‌که‌ون. جگه‌له‌وه دادوه‌ره گه‌نده‌ڵه‌کان ده‌ستێکی زیاده‌ی یارمه‌تی ده‌سه‌لاتن که‌واده‌که‌ن باره‌که ته‌واو به‌لای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات بشکێنه‌وه. ئه‌نجامه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ده‌یبینین، نوسه‌ر له‌سه‌ر ره‌خنه‌یه‌کی رامیاری یا ئاماژه به فاکتێکی نه‌رێنی ئایینی که په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه بێت سزا ده‌درێت. بۆ نمونه ئه‌و داوایه‌ی سه‌رۆکی پ.د.ک له‌سه‌ر نوسه‌ر ناسیح عه‌بدولره‌حیم تۆمارکراوه و داوای پاره‌یه‌کی زۆری وه‌کو سزا لێکراوه[i].
سه‌باره‌ت به مه‌لاکان و په‌یوه‌ندیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌وه به‌پێی به‌ڵگه و رووداوه‌کان ده‌رکه‌وتووه، که په‌یوه‌ندیه‌کی به‌هێز له نێوان ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌پارێز و مه‌لاکاندا هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌نێوان سه‌رۆکی پ.د.ک و مه‌لاکاندا. وه‌کو ئاماژه‌مان بۆکرد به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان ده‌سه‌لاتی خۆسه‌پێنه‌ری کۆنه‌پارێز و توێژه کۆنه‌پارێزه ئایینیه‌که‌دا هه‌یه. بۆیه سه‌یر نییه که ده‌بیندرێت ده‌سه‌ڵات پشتگیری به‌هێزی مه‌لاکان له بلاوکردنه‌وه‌ی لێکدانه‌وه و دابونه‌ریتی ئیسلامیانه له که‌ناڵه جیاجیاکاندا ده‌کات. بۆ نمونه به‌رزکردنه‌وه و پشتگیری مه‌لا به‌شیر و نمونه‌ی ئه‌و له‌م بواره‌دا، هێنانی مه‌لاکان بۆ که‌ناله ته‌له‌ڤزیۆنیه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی لێکدانه‌وه کۆنه‌پارێزه‌کانیان سه‌باره‌ت به کێشه و دیارده‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه. پشتگیری به‌هێزکردنی داموده‌زگا ئیسلامیه‌کان و ته‌رخانکردنی پاره‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌م لایه‌نه، وه‌کو دروستکردنی مزگه‌وتی زیاتر، دابینکردنی خه‌رجیه‌کان بۆ په‌ره‌پێدان و چاڵاکیه ئیسلامیه‌کان هتد. هاندانی خه‌ڵک به‌ره‌و کۆنه‌پارێزی و گرنگیدان به رێتواله ئیسلامیه‌کان بۆنمونه هاوکاری و یارمه‌تی ساڵانه‌ی ده‌سه‌لات بۆ خه‌ڵک بۆ حه‌جکردن.
به‌شێکی دیاری مه‌لاکان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌وادار و لایه‌نگری پارته ئیسلامیه‌کانن چاڵاکانه کار بۆ هێشتنه‌وه‌ی کۆنه‌پارێزی ده‌که‌ن و هه‌وڵی به‌رفراوانکردنی لێکدانه‌وه ئیسلامیه‌کان له هه‌موو که‌ناڵ و ئاسته‌کاندا ده‌ده‌ن، له مزگه‌وته‌کاندا دژی ئازادیه‌کان فه‌توا ده‌ده‌ن و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له ئایین ده‌گرن، کوشتن و راونانیان ره‌وا ده‌که‌ن. هێرش ده‌که‌ن سه‌ر ئه‌وانه‌ی که ئاماژه به فاکته مێژووییه ئیسلامیه‌کان ده‌که‌ن. واله‌خه‌ڵک ده‌گه‌یه‌نن که مێژووی ئیسلام له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تا رووخانی خه‌لیفه‌عوسمانیه‌کان هه‌مووی پیرۆزن و جێگه‌ی ڕه‌خنه نین، دژی ئه‌وانه‌ش ده‌وه‌ستنه‌وه که ره‌خنه له‌م مێژووه ده‌گرن. مه‌لاکان کاریان به‌وه نییه مێژووی ڕاشدیکان، عه‌باسیه‌کان، ئه‌مه‌و‌ی و عوسمانیه‌کان پڕیه‌تی له تاوان و ده‌ستدرێژی، یا ئاخۆ خه‌لیفه عوسمانیه‌کان چه‌نده تاوانیان دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌نجام داوه.
جگه‌له‌وه رۆژانه به‌شێکی دیاری مه‌لاکان ده‌ست ده‌خه‌نه ناو کاری تایبه‌تی خه‌ڵک و دوان له‌سه‌ریان ده‌ده‌ن. دژی ئازادی خه‌ڵک دوان ده‌ده‌ن. زۆربه‌یان هیچ زانیاریان له‌سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیه‌کان نییه، ته‌واو له‌ژێر کاریگه‌ری که‌لتوری ئایینی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدان، گه‌لێکیان راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ره‌وایه‌تی لای مامۆستا عه‌ره‌به‌کانیان ده‌ده‌ن. له ره‌خنه‌کان له مێژووی ئیسلام زۆر نیگه‌رانن و ترسی ره‌خنه‌ی مه‌لا عه‌ره‌به‌کانیان له کورد هه‌یه. ئه‌وانه وه‌کو که عه‌ره‌به‌کان ده‌یخوازن ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا به دوژمنی مرۆڤایه‌تی و ئایین تێده‌گه‌ن، وه‌کو شه‌یتان و خراپه‌کار سه‌یریان ده‌که‌ن، خه‌ڵک دژی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا و رۆژئاوا هان ده‌ده‌ن. چیرۆک و به‌سه‌رهاتی ناراست و دروستی بێ بنه‌ما له ناو خه‌ڵکدا بڵاوده‌که‌نه‌وه. ده‌سه‌ڵات کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشێلکاریانه‌دا نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه له رێگه‌ی دادگاکانیه‌وه ملکه‌چی خۆی بۆ ئه‌م کۆنه‌پارێزییه کوێرانه‌یه له‌ژێر ناوی رێزگرتن له پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان ده‌رده‌خات. بۆ نمونه سزادانی نوسه‌ران له‌سه‌ر ره‌خنه‌کانیان یا ئاماژه‌کانیان که په‌یوه‌ندی به ئایینی ئیسلامه‌وه هه‌یه. بۆنمونه نوسه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ له‌سه‌ر ئاماژه‌کردنێکی مێژوویی سه‌رده‌می خه‌لیفه عوسمانیه‌کان له‌لایه‌ن دادگاوه سزادرا[ii]. لێره‌دا ده‌سه‌ڵات و دادگا وه‌کو مه‌لای خه‌تێ چوونه پاڵ عوسمانیه‌کان، دژی ره‌خنه یا ئاماژه‌ی ره‌خنه‌ئامێز له مێژووی پڕ له‌تاوانی خه‌لیفه تورکه کۆلۆنیالیسته عوسمانیه‌کان وه‌ستان.
به‌کورتی له باشوری کوردستان و ئێراقدا پره‌نسیپه کۆنه‌پارێزه ئیسلامیه‌کان که له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کاندا یه‌کناگرنه‌وه باڵاده‌ستن. ده‌سه‌ڵات خۆی ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه که پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کان سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و گرنگی کانوندانان بن. ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی کۆنه‌پارێزکردنی کۆمه‌ڵگه ده‌دات، پارێزگاری و هاوکاری دیده کۆنه‌پارێزه ئیسلامیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کات، چونکه ئه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌لاتدایه. ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستیه‌تی نۆرم و پره‌نسیپه کۆنه ئایینیه ئیسلامیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز بکرێن، هه‌وڵ ده‌دات نۆرم و نه‌ریته کۆنه‌پارێز و فیوداله‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز بمێننه‌وه. ده‌سه‌ڵات به‌ئاگایانه پشتگیری و هاوکاری مه‌لاکان و توێژه ئیسلامیه‌که ده‌کات، له کۆمه‌ڵگه به‌هێزیان ده‌کات، بره‌و به دید و تێگه‌یشتنی ئه‌و لایه‌نه ده‌دات. هه‌رچی دادگاکانن ئه‌وه له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدان و ئامرازی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن. ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی دادگاکانه‌وه پیاده‌ی دیدی کۆنسه‌رڤه‌تیوانه و نادیموکراسیانه‌ی خۆی ده‌کات، به‌مپێیه کانونیانه به پێی ئه‌م کانونانه‌ی هه‌ن و په‌سند کراون پارێزگاری کۆنه‌پارێزی ده‌کات، درێژه به داخراوی کۆمه‌ڵگه ده‌دات. به‌مشیوه‌یه ده‌سه‌ڵات ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی به‌کار ده‌هێنیت، له‌م رێگه‌یه‌وه ئازادیه‌کان سنوردار ده‌کات، رێگه له هه‌نگاوه مۆدێرنه‌کان بۆ کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌گرێت. به‌هه‌مان شێوه به‌ربه‌ست ده‌خاته به‌رده‌م هه‌نگاوه‌کانی دیموکراتیزه‌کردن و گۆڕینی سیسته‌می ڕامیاری له باشوری کوردستاندا.
شاخه‌وان شۆڕش
2010.2.10
500 ملیۆن دینارى مەسعود بەرزانى لەلاى ناسح عبدالرحیمە، ناسیح عه‌بدولره‌حیم: [i]
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5cdfe706
[ii] فه‌رهاد پیربال له‌سه‌ر سزاکه یا داواکاریه‌که به‌لاوازی ره‌خنه ئاراسته‌ی دادگا ده‌کات، وه خۆی له ره‌خنه له سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزێت. له‌راستیدا نوسینه‌که‌ی فه‌رهاد پیرباڵ ره‌خنه زۆرهه‌لده‌گرێت. سه‌یری وتاره‌که‌ی” ئۆتۆنۆمی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات .. نامه‌یه‌كی كراوه بۆ سه‌رۆك بارزانی” … فه‌رهاد پیرباڵ، له‌سایتی چاو‌دێر بکه: http://www.cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=chap&nujimare=18431
سەرنج بنێرە