ئازادی ده‌ربڕین و سنوره‌کانی
ئازادی ده‌ربرین یه‌کێکه له‌و چه‌مکانه‌ی که له ساتی له‌دایکبوونیه‌وه له سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا و تا رۆژی ئه‌مرۆمان مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێت و زۆر لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. ئازادی گوتن ده‌کرێ هه‌ر به‌ناو هه‌بێت، ده‌کرێ هه‌بێت و به‌سنوری جۆراوجۆر هه‌ناسه‌ی لێبڕدرابێت و په‌کیخرابێت، ده‌کرێ به‌به‌رفراوانی هه‌بێت سنوره‌کانی له چه‌ند بڕگه و خاڵێک که په‌یوه‌ندی به ئازادی که‌س و گروپه‌وه هه‌یه چڕکرابێته‌وه. له هه‌ر وڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌جۆرێک سنوره‌کان داده‌ندرێن
ئازادی ده‌ربرین یه‌کێکه له‌و چه‌مکانه‌ی که له ساتی له‌دایکبوونیه‌وه له سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا و تا رۆژی ئه‌مرۆمان مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێت و زۆر لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. ئازادی گوتن ده‌کرێ هه‌ر به‌ناو هه‌بێت، ده‌کرێ هه‌بێت و به‌سنوری جۆراوجۆر هه‌ناسه‌ی لێبڕدرابێت و په‌کیخرابێت، ده‌کرێ به‌به‌رفراوانی هه‌بێت سنوره‌کانی له چه‌ند بڕگه و خاڵێک که په‌یوه‌ندی به ئازادی که‌س و گروپه‌وه هه‌یه چڕکرابێته‌وه. له هه‌ر وڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌جۆرێک سنوره‌کان داده‌ندرێن، دهکهوێتهسهرئهوهی سیسته‌می ئه‌م شوێنه یا ئه‌ویتر چۆن و له ژێر کاریگه‌ری چ جۆره تایبه‌تمه‌ندی، لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتنێکدا دارڕشتراون. سنور و سانسۆر ده‌کرێ کانونی و ده‌ستوری بن، ده‌کرێ نه‌نوسراو و نافه‌رمی بن. هه‌ردوو جۆری سنور و سانسۆر کاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر ئازادی ده‌ربریندا به جۆرێ له جۆره‌کان هه‌یه.
ئازادی گوتن Freedom of speech یا ئازادی ده‌ربرین Freedom of expression دوو جۆری ناوی چهمکهکهن. له‌م چه‌مکانه‌دا وشه‌ی را یا هه‌لوێست نه‌نوسراون بۆیه وه‌رگێرانه‌که‌ی بۆ زمانی کوردی ده‌بێته ئازادی گوتن یا ئازادی ده‌ربرین نه‌ک ئازادی راده‌ربڕین. ئازادی ده‌ربڕین یا گوتن واتای وشه ئۆرگیناله‌که به گونجاوی ده‌ده‌نه‌ده‌ست، بۆیه پێوسیت به زیادکردنی وشه‌ی را ناکات.
ئازادی ده‌ربڕین ته‌نها گوتن یا ده‌ربرینی باوه‌ر یا هه‌لوێست ناگرێته‌وه به‌ڵکو گه‌ران به‌دوای زانیاری و هه‌واڵ یا وه‌رگرتنی زانیاری و هه‌واڵ یا گه‌یاندن و دابه‌شکردنی هه‌واڵ و زانیاری یا گه‌یاندن و بڵاوکردنه‌وه و وه‌رگرتنی بیروباوه‌ر و بۆچوون له هه‌ر که‌نال و رێگه‌یه‌که‌وه بێت ده‌گرێته‌وه[i].
ئازادی ده‌ربرین له‌سه‌رده‌می رۆشه‌نگه‌ری ئه‌ورپادا سه‌ری هه‌ڵدا و بنچینه له‌سه‌ر پشودرێژی ده‌گرێت. پسپۆر و شاره‌زایانی وه‌کو لۆک Locke ، هوم Hume، دیدهرۆت Diderot، فۆلتێر Voltaire و کانت Kant له‌م سه‌رده‌مه‌دا رۆڵی گرنگیان له چه‌سپاندن و جێبه‌جێکردنی ئازادی ده‌ربریندا گێڕا. دواتر ستوارت میل Stuart Mill له سه‌ده‌ی نۆزده و کارل پۆپه‌ر Karl Popper له سه‌ده‌ی بیستدا له‌م بواره‌دا جێپه‌نجه‌یان زۆر دیاره.
ده‌ستپێک و سه‌رهه‌لدانی پێویستبوونی ئازادی گوتن وابووه، سه‌ره‌تا هه‌ولدراوه سانسۆر له‌سه‌ر گوتن و ده‌ربرین هه‌ڵبگیرێت. ئازادی گوتن له ئینگلاند له ساڵی 1689 له چوارچێوه‌ی پێشنیاری مافه‌کاندا Bill of Rights هات و له ساڵی 1695 دا سانسۆر قه‌ده‌غه‌کرا. له سوید له ساڵی 1766 ئازادی ده‌ربرین په‌سندکرا و سانسۆر قه‌ده‌غه‌کرا. له ساڵی 1770 له دانمارک و نه‌روێژ ئازادی ده‌ربرین په‌سندکرا. له فه‌ره‌نسا له 1789 دا و له‌ئه‌مه‌ریکادا له ساڵی 1791 دا سانسۆر قه‌ده‌غه‌کرا. دیاره له هه‌ندی له‌م وڵاتانه‌دا دواتر به‌ربه‌ست بۆ ئازادی ده‌ربرین دروستکرا و دهیانسال دوای په‌سندکردنه‌که ئه‌وجا پیاده‌کرا، یا بریاره‌که لابردرا و پاشان له‌گه‌ڵ گۆرانه رامیاریهکاندا دوای ده‌یانساڵ هێندرایه‌وه. به‌مجۆره هاتن و پیاده‌کردنی ئازادی گوتن له رۆژئاوادا له شه‌و و رۆژێکدا نه‌هاتۆته‌دی، به‌ڵکو دوای تێکۆشان و قوربانیدانی سه‌دان ساڵه‌ی ئازادیخوازان ئه‌وجا سه‌ریگرتووه و هاتۆته‌دی.
ئازادی گوتن یا ده‌ربرین له کۆمه‌ڵگه ئازاد و دیموکراسیه‌کاندا پره‌نسیپێکه بهکانونکراوه و له چوارچێوه‌یه‌کی کانونیانهدا له ده‌ستوری ولاتدا پێناسه‌کراوه. به‌مجۆره کۆڵه‌که‌یه‌کی گرنگی سیسته‌مه‌که‌یه و هه‌موو مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌توانن ئازادانه پیاده‌ی بکه‌ن و له سایه‌یدا له ده‌ربرین و گوتنهکانیان سه‌باره‌ت به ره‌خنه و تانه‌یان یا تێبینی و سه‌رنجیان له که‌سایه‌تی و داموده‌زگا دهسهلاتدراهکان یا به‌ها نه‌ته‌وه‌یی، که‌لتوری و ئایینیه‌کان کانونیانه به‌رگری بکه‌ن.
ئازادی ده‌ربڕین به‌واتا رادیکال و ئایدیاله‌که‌ی واتای گوتن به‌بێ سانسۆر و سنور ده‌گه‌یه‌نێت. ئازادیی گوتنی بێ‌سنور و ره‌ها به‌بێ بوونی به‌رپرسیاری له‌به‌رامبه‌ر دادگادا له هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراسی و ئازاد‌دا تائێستا بوونی نییه. بۆنمونه هاندانی تووندوتیژی به‌کرده‌وه به‌رامبه‌ر به که‌سێک یا گروپێک خه‌ڵک سزای له‌سه‌ره. پیشێل‌کردنی ئازادی که‌سێک سزای له‌سه‌ره، هتد.
ئازادی ده‌ربرین مافێکه که تاکه‌کان یا کۆمه‌ڵه که‌سه‌کان هه‌یانه بۆ ده‌ربرینی بروا و هه‌لوێست سه‌باره‌ت به هه‌ر بابه‌تێکی تایبه‌ت یا گشتی به هه‌ر جۆر و ڕێگه‌یه‌ک بێت. ئازادی گوتن به تووندی به‌ستراوه‌ته‌وه به مافه‌کانی مرۆڤ، ئازادی بیروباوه‌ر و ئازادی کۆبوونه‌وه. ئازادی گوتن و ئازادیه‌کانی دیکه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوفه‌کانی ئه‌م بواره به مافی سروشتی داده‌ندرێن. بوونی ئازادی ده‌ربرین له سیسته‌می دیموکراسیدا مه‌رجێکی بنچینه‌یی هه‌ره‌گرنگه، چونکه به‌بێ بوونی ئازادی ده‌ربرین سیسته‌می دیموکراسی کارناکات.[ii]
ئه‌رتیکلی 19 له بانگی گه‌ردونی مافه‌کانی مرۆڤدا به‌م شێوه‌یه مافی ئازادی ده‌ربرین ڕوونده‌کاته‌وه: “هه‌موو که‌س مافی ئازادی ده‌ربڕین و هه‌ڵوێستی هه‌یه، ئه‌م مافه ڕێگه به ده‌ربڕینی بیروههڵوێست بێ ده‌ستێوه‌ردان (ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات) ده‌دات، وه ڕێگه به گه‌ران، وه‌رگرتن، گه‌یاندنی زانیاری و بیر و بۆچوون له ڕێگه‌ی هه‌ر که‌ناڵێکی راگه‌یاندنه‌وه به‌بێ گوێدانه سنوره‌کان ده‌دات”[iii].
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دانیمارک یه‌کێکه له ولاته کراوه و ئازاده‌کان که سنوره‌کانی که‌مترن وه‌ک له‌وه‌ی بۆنمونه له ئه‌لمانیادا هه‌ن، واباشه هه‌ندێ له تێگه‌یشتنه کانونیه‌کانی دانیمارک سه‌باره‌ت به ئازادی ده‌ربرین سه‌یر بکه‌ین.[iv]
به‌پێی ئینسکلۆپێدیای گه‌وره‌ی دانیمارکی[v] پێویسته ئازادی ده‌ربرین له به‌رامبه‌ر ژیان و ئازادی خه‌ڵکیتردا سنوری هه‌بێت. بۆنمونه ئازادی بۆ هاندانی به‌کارهێنانی تووندوتیژی ده‌کری سزای بکه‌وێته‌سه‌ر. به‌گشتی سه‌باره‌ت به ئازادی ده‌ربرین خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ئه‌وه نییه که ئازادی ده‌ربرین سنوری هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه پرسیار ئه‌وه‌یه چ جۆره سنوردانانێک هه‌یه. ئه‌گه‌ر ره‌خنه له ده‌سه‌لات سزای له‌سه‌ر بێت، که‌واته ئازادی ده‌ربرین بوونی نییه.
ده‌ستوری دانیمارکی له په‌ره‌گرافی 77 دا ده‌ڵێ: “هه‌موو که‌سێک مافی ده‌ربرینی هه‌یه، مافی هه‌یه له رێگه‌ی نوسین یا گوتن بیر و تێگه‌یشتنی خۆی رابگه‌یه‌نێت، به‌لام له‌ژێر به‌رپرسیارییدا له به‌رامبه‌ر دادگادا. هه‌روه‌ها هه‌موو جۆرێکی سانسۆر یا رێگهیتری پێشپێگرتن قه‌ده‌غه‌یه و جارێکی‌تر پیاده ناکرێن”.[vi]
ئینسکلۆپێدیای دانیمارکی سه‌باره‌ت به ئازادی میدیا و بڵاوکردنه‌وه ده‌لێ: “ئازادی ده‌ربرین له میدیاکاندا به‌جۆرێکه که مافی راگه‌یاندن و بلاوکردنه‌وه یا ههلوێستدهربرین بۆ رایگشتی به‌بێ گه‌ماڕۆ هه‌یه. ئه‌م مافه له مافه گه‌ردونیه‌کانی مرۆڤدا چه‌سپێندراوه”.
سه‌باره‌ت به شکاندنی سه‌روه‌ری که‌س ده‌ڵێ: پێشێلکردنی سه‌روه‌ری/ئابروو ئه‌وه‌یه که گوتن و کردار یا جۆری دیکه‌ی ده‌ربرین بتوانێ رێزی که‌سێک بشکێنی و له ئاستی سه‌روه‌ری ئه‌و که‌سه که‌مکاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م شکاندنه راستی بێت، ئه‌وه گوتن و ده‌ربرینی ئه‌م راستییه سزای له‌سه‌ر نییه.
له ده‌ستوری دانیمارکیدا له پهرهفرافی 140 دا که به په‌ره‌گرافی راسیزم ناسراوه ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی گالته‌جاری یا کرداری رقاوی گالتهئامێز له ولاتدا دژی کۆمه‌ڵگه‌ی ئایینی، بیروباوه‌ر یا خوداپه‌رستی رێگه‌پێدراو بگه‌یه‌نه‌ته رایگشتی، سزا ده‌درێت به پاره یا زیندانکردن تا 4 مانگ.
له په‌ره‌گرافی 267 دا ده‌ڵێ، “ئه‌وه‌ی که پێشێلی سه‌روه‌ری که‌سێکیتر له‌رێگه‌ی وشه‌ی قێزه‌وه‌ن یا کردارێک یا تۆمه‌تبارکردنێک له رووداویک که واده‌کات سه‌روه‌ری ئه‌و هاوڵاتیه بشکێنێت، سزای به پاره یا زیندانی له‌سه‌ره”.[vii]
له دانیمارکدا هه‌لسه‌نگاندنی کانونیانه سه‌باره‌ت به ده‌ربرین چ به گوتن یا نوسین وه‌کو گالته‌پێکردن، پۆنۆگرافی (بابه‌تی سێکسی)، سهروهریشکاندن هه‌میشه خۆی له سه‌یرکردنی ئه‌گه‌ری شکاندنی ئارامی و هه‌لسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ی که ئایا ده‌ربرینه‌که به‌پێی ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی هه‌ن ده‌کرێ سزا بگرێته‌خۆی یا نا[viii].
ئه‌گه‌ر ده‌ربرین ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی خه‌ڵک بکرێت یا ده‌ربرین واسهیربکرێت که به‌شێکه له مشت‌ومڕ و دیباتی ئایینی، رامیاری، مێژوویی یا زانستی، ئه‌وه له‌م بارانه‌دا ده‌ربرین به‌ئه‌گه‌ری زۆر سزای ناکه‌وێته‌سه‌ر، ئه‌گه‌رچی ده‌ربرین و گوتنه‌که قێزه‌وه‌ن یا ناڕاست بێت.
هه‌روه‌ها هه‌روه‌کو له په‌یماننامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤدا هه‌یه، له دانیمارکدا رۆژنامه‌وان ده‌توانێ گوتن و ده‌ربرینی سزالهسهری که‌سانیتر له چوارچێوه‌ی کاری رۆژنامه‌گه‌ریدا بگه‌یه‌نێت. دوانی رۆژنامه‌وان له‌سه‌ر بابه‌تێک له بوارێکی ناکانونیدا (واته ئه‌گه‌ر کانون رێگه‌ی چوونه‌ناو ئه‌م شوێنه یا بواره نه‌دات)، سزای له‌سه‌ر نییه.
وه‌کو له‌م نوسینانه‌دا دیارده‌که‌وێ، ئازادی گوتن و ده‌ربرین له راستیدا بێ‌سنور نییه، هه‌رچه‌نده مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه ئازادن له‌وه‌ی هه‌رچی ده‌یلێن یا ده‌ینووسن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ربرین و گوتن ببێته‌هۆی پێشێلکردنی ئازادی که‌س یا کۆمه‌ڵێک که‌س، ئه‌گه‌ر سکاڵا تۆمار بکرێت، ده‌کرێ به‌پێی کانون و ده‌ستور سزای بکه‌وێته‌سه‌ر.
له وڵاته دیموکراسیه‌کاندا بۆ ئازادی ده‌ربرین یا گوتن له‌به‌ر هۆکاری جیاواز له‌وانه ئاسایشی که‌س و وڵات، پێشێلکردنی ئازادی هاووڵاتی، یا هۆکاری مۆراڵی و ئایینی‌دا سنور داندراون. ئه‌م سنورانه له چه‌ند خاڵێکی وه‌کو راسیزم و پێشێلکردنی سه‌روه‌ری که‌س یا گروپ چڕکراونهوهتهوه، بۆیه ئازادی ده‌ربرین به به‌رفراوانی هه‌یه، کهموایه ئه‌م سنورانه ببنه‌هۆی سزادان.
بۆنمونه ره‌خنه‌گرتن یا تانه‌دان له ده‌سه‌لات و کار و کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ره‌خنه‌گرتن له که‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار یا گوتن له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی که‌سانی ده‌سه‌لاتدار، ره‌خنه‌گرتن له سیسته‌م یا بیروباوه‌ری رامیاری، بیروباوه‌ری ئاسمانی و ئایینی، که‌سایه‌تیه ناسراوه مێژووییه‌کان جا ئایینی یا رامیاری یا هیدیکه، ئایدۆلۆژیاکان یا هه‌ر بوارێکی دیکه به هه‌ر رێگه‌یه‌ک بێت ئازاده و هیچ پێشگریهک له‌به‌رامبه‌ریاندا نییه. خه‌ڵک به ئازادی و بێسلکردنهوه ده‌توانن ره‌خنه له بیروبۆچوونه کۆن و نوێکان بگرن و هه‌لوێستی خۆیان ده‌رببڕن. ده‌کرێ ئه‌م ره‌خنانه گاڵتهئامێزبن، یا کرچ‌وکاڵ و ناوتهواو بن یا زانستیانه بن.
ئازادی ده‌ربرین ده‌کرێ هه‌ر برگه‌یه‌کی ده‌ستور بێت و به‌کرده‌وه پیاده نه‌کرێت. وه‌کو له ولاته نادیموکراسیه‌کاندا نمونه‌ی هه‌یه. بۆ نمونه له سۆڤیه‌تی کۆندا ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان له ستات و سیسته‌می رمیاری بگرتبایه به تووندی سزا ده‌دران، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی له ده‌ستوردا مافی ئازادی ده‌ربرین نوسرابوو. له‌م باره‌دا ئازادی ده‌ربرین بوونی به‌کرده‌وه نییه.
له کۆمه‌ڵگه کۆنسهرڤهتیو و کۆنه‌پارێزه‌کاندا زیاتر و له کۆمه‌ڵگه دیموکراسیه‌کاندا که‌متر، زۆرجار سانسۆری نه‌نوسراوه هه‌ن که ده‌کرێ به‌ر به ئازادی ده‌ربرین و گوتن بگرن. سانسۆری نه‌نوسراوه ده‌کری راسته‌وخۆ ئاراسته‌کراو بێت، ده‌کرێ ناراسته‌وخۆ ئارساتهکراو بێت، یا ده‌کرێ سانسۆرێکی خۆیی بێت که خاوه‌نه‌که بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی ده‌یخاته سه‌ر کردار و گوتنه‌کانی خۆی. له کۆمهلهگیهکی ئیسلامی کۆنه‌پارێزدا ئه‌گه‌رچی له ده‌ستوردا ریگه‌ی ئازادی گوتن درابێت، ده‌کرێ کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کۆنه‌پارێز به‌رامبه‌ر به ده‌ربرینی لێکدانه‌وه‌یه‌ک که ره‌خنه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌گرێت وا‌بکات که گوتن ئازاد نه‌بێت و سانسۆری نه‌نوسراوه‌ی بخرێته‌سه‌ر. ده‌کرێ رۆژانهمهیهک له ولاتێکی ئازاد‌دا خۆی جۆرێک له سانسۆر بۆ خۆی دروست بکات، به‌مجۆره ئه‌م گوتن و ده‌ربرینانه بلاونهکاتهوه که مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی دروست ده‌که‌ن.
لێره‌دا ئه‌و سنورانه‌ی داندراون چین و هۆکاری بوونیان چییه ئه‌وه‌یه به‌رفراوانی و ئاستی ئه‌و ئازادی گوتنه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا هه‌یه دیارده‌کات. ئایا ئه‌و سنورانه رێگه له ئازادی که‌س ده‌گرن؟ ئایا ئه‌و سنورانه رێگه له کرانه‌وه و پێشکه‌وتن ده‌گرن؟ ئایا ئه‌و سنورانه پێشێلی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن؟ ئایا ئه‌و سنورانه جوداکاری ده‌سه‌پێنن؟ هتد. سنوردانان ده‌چێته‌خانه‌ی پێشێلکاری ئه‌گه‌ر ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل بکات، به‌مجۆره زیان به ئازادی ده‌ربرین ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌کرێ ته‌واو له‌کاری بخات.
شاخه‌وان شۆڕش
15ی مای 2010
[i]سه‌یری ئه‌م لینکه بکهhttp://en.wikipedia.org/wiki/Freedom_of_speech
[iii] سه‌یری په‌یماننامه‌که بکه http://en.wikipedia.org/wiki/Universal_Declaration_of_Human_Rights
[iv] له دانیمارکدا رێکخراوی فه‌ناتیک و تووندره‌و بواری کارکردنیان زیاتر هه‌یه له‌وه‌ی که له ئه‌لمانیادا هه‌یه. بۆنمونه حزب التحریر، هه‌روه‌ها پارتی بیروباوه‌ر راسیستانه مافی کارکردنیان له دانیمارکدا هه‌یه، ئه‌وانه له ئه‌لمانیا قه‌ده‌غه کراون. له‌م بواره‌دا ئازادی ده‌ربرینی دانیمارک پشوودرێژتره.
[v] سه‌یری پێناسه‌که به درێژی له‌رێگه‌ی ئه‌م لینکه‌دا بکه: http://www.denstoredanske.dk/Livsstil,_sport_og_fritid/Filosofi/Filosofi_i_1800-_og_1900-t./ytringsfrihed
[vi] سه‌یری په‌ره‌گرافه‌که بکه http://www.update.dk/cfje/lovbasen.nsf/ID/LB01172787
[vii] سه‌یری په‌ره‌گرافه‌که بکه http://denfjerdestatsmagt.dk/pressefrihed.htm یا http://w0.dk/~chlor/ytring/
سەرنج بنێرە