کۆتایی ئیسلامیی سیاسیی لە کوردستان – دیمانه
“مانگی ئیسلامیه‌کان کاتێ ئاوا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر سیسته‌می دیموکراسی، ئازادی، کراوه‌یی و لێکدانه‌وه سیکولاره‌کان بچه‌سپێندرێن و له کۆمه‌ڵگه‌دا زاڵ بن. هێشتا ئه‌وه له باشوری کوردستاندا نه‌هاتۆته‌دی و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان زۆری ماوه بگاته ئه‌و ئاسته. دیاره ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که له‌به‌ر کێشه رامیاریه‌کان به‌ره‌و ناسه‌قامگیری و قه‌یران بچن، ئیسلامیه‌کان ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونه‌وه‌یان هه‌یه”.
ئامادەکردنی: ستیڤان شەمزینانی
هەندێک بۆچوون هەن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، مانگی ئیسلامی سیاسیی لەکوردستان ئاوا بووە، یان بەمانایەکی تر گووتاری ئیسلامییەکان هەرەسی هێناوەو رۆژ لەدوای رۆژیش بزووتنەوە ئیسلامییەکان پاشەکشە دەکەن. پێتوایە ئیسلامی سیاسیی کۆتایی پێهاتووە، بەتایبەت وەک هێزێکی کاریگەری سیاسیی؟
سه‌ره‌تا سوپاسی گۆڤاری نێوه‌ند ده‌که‌م بۆ رێخستنی ئه‌م ده‌رفه‌ته. دیاره ئه‌م پرسیاره وه‌کو هه‌ویری په‌یت ئاو زۆر ده‌کێشێ، هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی وه‌ڵام بده‌مه‌وه.
له وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌دا پێویسته سه‌ره‌تا هۆکار و فاکته‌ره‌کانی به‌هێزبوونی ئیسلامی سیاسی یا ئیسلام وه‌کو ئایدۆلۆژیای رامیاری (که ئیسلامیزمی پێ ده‌گوترێت و هه‌وڵی دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی ئیسلامی له‌سه‌ر بنچینه‌ی بروا و پره‌نسیپه ئیسلامیه‌کاندا ده‌دات)، بخه‌ینه‌روو. پاشان سه‌یری ئاستی به‌هێزی و لاوازی یا بوون و نه‌بوونی ئه‌م فاکه‌رانه له باری ئێستادا بکه‌ین.
ئه‌و هۆکارانه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی رۆڵیان له‌م به‌هێزکردنه‌دا هه‌بووه ده‌کرێ دابه‌شی سه‌ر دوو لایه‌ن بکرێن ئه‌ویش فاکته‌ره ناوخۆییه‌کان و فاکته‌ره ده‌رکیه‌کانن، که هه‌ر یه‌که‌یان کۆمه‌ڵێ خال ده‌گرنه خۆیان.
هۆکاره ناوخۆییه‌کان وه‌کو: ئیسلام وه‌کو ئایینی وه‌رگیراو و باوه‌رپێکراوی کۆمه‌ڵگه، ناسه‌قامگیری رامیاری له کۆمه‌ڵگه‌دا، شه‌ڕی ناوخۆ، گه‌نده‌ڵی و ناره‌وایی ده‌سه‌لاتدار به‌رامبه‌ر به هه‌ژاری و بێده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک، هه‌ژاری و بێ‌کاری، ئاستی هه‌بوونی بوونی ئیلیتی ئیسلامیست له کۆمه‌ڵگه‌دا، ئاستی رۆڵی توێژ و که‌ناله ئایینیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا، ئاستی کۆنه‌پارێزی کۆمه‌ڵگه، ئاستی هوشیاری که‌سه‌کان: خوێنده‌واری و زانین و ئاگاداری.
هۆکاره ده‌ره‌کیه‌کان وه‌کو: بوونی ستاتی ئیسلامی دراوسێ و پێگه‌یان له ناوچه‌که و جیهاندا، ئاستی ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌و ستاته/ستاتانه له کاری ناوخۆدا، ئاستی پشتگیری لایه‌نه ئیسلامیسته‌کان له ستاته ئیسلامیسته‌کانی نزیک و دوور.
ئه‌گه‌ر زۆر به‌کورتی سه‌یری هۆکاره ناوخۆییه‌کان بکه‌ین، 1. ئایینی ئیسلام که وه‌کو ئایینی کۆمه‌ڵگه‌یه، که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه متمانه و بروایان به پره‌نسیپه‌کانی ئه‌م ئایینه هه‌یه و له‌گه‌ل هزر و بیری که‌سه‌کان تیکه‌ڵ به‌یه‌ک بووه به‌شێوه‌یه‌کی دیار وێنه‌ی که‌لتوری کۆمه‌ڵگه ده‌کات و دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی داڕشتووه، ئه‌وه وه‌کو زه‌مینه‌یه‌کی خۆڕسک بوونی هه‌یه و ده‌کرێ له هه‌ندێ بار و سه‌رده‌مدا زۆر به ئاسانی که‌س و لایه‌نه ئیسلامیسته‌کان بۆ خۆیان به‌کاری بهێنن. دیاره ئه‌وه‌ش کرا. 2. ناسه‌قامگیری رامیاری له کۆمه‌ڵگه‌دا که ده‌بێته‌هۆی دروستکردنی بۆشایی و بره‌وپه‌یداکردنی بیر‌ورا په‌پولیست و ئایینیه‌کان یا په‌رگیره‌کان له کوردستاندا به‌هۆی ئه‌م باره ناسه‌قامگیره‌ی دوای 1991 دروست بوو و درێژه‌ی کێشا. 3. شه‌ری ناوخۆ هه‌میشه هۆکارێکی زۆر کاریگه‌ری له‌باریه‌کبردن و لێکترازاندنی دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه، زیانی کوشنده‌ی گیانی، ده‌رونی و ماتریالی به که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌گه‌یه‌نێت و رێگه بۆ بیروباوه‌ری ئایینی یا په‌رگیری ئایینی وه‌کو ئه‌لته‌رناتیڤ خۆش ده‌کات. ئه‌وه له باشوری کوردستاندا بوونی هه‌بوو، له لایه‌ن ئیسلامیسته‌کانه‌وه سوودی لێوه‌رگیرا. 4. گه‌نده‌لی و ناره‌وایی ده‌سه‌لاتداران به‌رامبه‌ر به هه‌ژاری و بێده‌سه‌ڵاتی خه‌لک. گه‌نده‌ڵی و هه‌لسوکه‌وتی نادادپه‌روه‌رانه‌ی که‌سانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌کو یه‌کێ له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پارتگه‌را له باشوری کوردستاندا درێژه‌ی بێچاره‌سه‌ر هه‌بووه. له‌به‌رامبه‌ریدا بێده‌سه‌ڵاتی، نائومێدی و هه‌ستکردن به‌ناره‌وایی له لایه‌ن خه‌لکه‌وه به زه‌قی هه‌بووه. ئه‌وه فاکته‌رێکی گرنگه که که‌سه‌کان به‌لای ئه‌لته‌رناتیڤدا ده‌بات، ده‌یانخاته باوه‌شی پارت و رێکخراوی ئایینی یا په‌رگیری ئیسلامی یا رێکخراوی دیکه که توانای وێنه‌کردنی ئه‌لته‌رناتیڤیان هه‌یه. پارت و رێکخراوه ئیسلامیه‌کان ئه‌م باره‌یان قۆسته‌وه و سودیان لێوه‌رگرت. 5. هه‌ژاری و بێ‌کاری هه‌میشه وه‌کو یه‌کێ له زه‌مینه له‌باره‌کانی پێگه‌یاندنی که‌سه‌کان له رێکخراوی په‌رگیر و ئایینی‌دا سه‌یری ده‌کرێت. مرۆڤه‌کان له‌م باره‌دا په‌نا بۆ ده‌رگه و چاره‌سه‌رێک ده‌به‌ن که جۆره وه‌لامێک بۆ ئه‌م بێده‌سه‌ڵاتی و بۆشاییه بێت که هه‌ژاری و بێ‌کاری دروستی ده‌که‌ن. ئایین هه‌میشه وه‌کو فاکته‌رێکی دڵدانه‌وه به‌کار هێندراوه، له‌م باره‌دا ئایین رۆل ده‌بینێ. ئه‌م فاکته‌ره به زاڵی له ماوه‌یه‌کدا له کوردستاندا هه‌بووه و لایه‌نه ئیسلامیه‌کان بۆ مه‌به‌ستی رامیاریان به رێگه‌ی جۆراوجۆر سودیان لێ وه‌رگرتووه. 6. ئیلیتی ئیسلامیست له باشوری کوردستاندا و ئاستی به‌هێزی ئه‌و بوونه به لاوازی به‌ر له راپه‌رینی 1991 هه‌بوو. به‌لام له‌دوای راپه‌رینه‌وه پشتگیری ده‌ره‌کی جموجۆله‌کانیانی برده ئاستێکی به‌رزتر و پێگه‌ی ئه‌و که‌سانه له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێزکران. ئه‌وانه له پارت و رێکخراوی ئیسلامیست که هه‌بوون یا دروستکران شوێنی کۆمه‌لایه‌تی و ئایینی خۆیان ورده ورده به‌هێزکرد. ئه‌م ره‌وشه له‌سه‌ر پشتی بوونی فاکته‌ره نه‌رێنیه‌کان به‌ره‌وهه‌لکشان چوو، ئه‌وانه له‌رووی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تیه‌وه به‌هێزکران. 7. که‌ناڵه ئایینیه‌کانی وه‌کو مزگه‌وت، مه‌لا ده‌سه‌لاتداره‌کان، شێخ و ته‌ریقه‌ته‌کان هتد. رۆڵیان له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا هه‌میشه به جۆرێ له جۆره‌کان هه‌بووه. دوای نه‌مانی به‌عس، له‌سایه‌ی ئه‌م بۆشایی و کێشانه‌ی ده‌سه‌لاتی پارتگه‌را و میلیتس هێنایانه ئاراوه، ئه‌م که‌ناله ئایینیانه گرنگی زیاتریان له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ده‌ست هێنا. ئه‌و توێژ و که‌ناڵه ئایینیانه سروشتیانه هه‌میشه خاوه‌نی په‌یامێکی کۆنه‌پارێزی ئایینین، به‌هۆی پشتگیری ده‌سه‌ڵات و به‌هێزکردنیان له لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه رۆلی زیاتریان وه‌رگرت، توانیان په‌یامی کۆنه‌پارێزانه‌یان به‌رفراواتر بکه‌ن و کاریگه‌ری زیاتریان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه هه‌بێت. ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ی ئه‌وانه پێکی ده‌هێنن بۆ بیروباوه‌ره ئیسلامیه‌کان سوودبه‌خشه، ده‌کری له لایه‌ن ئیسلامیسته‌کانه‌وه سوودی لێوه‌ربگیرێت. به‌ئه‌گه‌ری زۆر له کوردستاندا سوودی لێوه‌رگیرا. 8. ئاستی کۆنه‌پارێزی کۆمه‌ڵگه. بوونی شوێنی دیاری توێژه ئایینیه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌روه‌ها بوونی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌پارێز یا ده‌سه‌ڵاتێک که پشتگیری دیارده ئایینی و کۆنه‌پارێزه‌کان بکات وه‌کو دوو فاکته‌ری گرنگ و یه‌کلاکه‌ره‌وه رۆلیان له کۆنه‌پارێزکردن و هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به کۆنه‌پارێزی هه‌یه. له کوردستاندا ئه‌م باره هه‌بووه، توێژه ئایینی و کۆنه‌پارێزه‌کان به‌دیاری هه‌بوون، ده‌سه‌لات له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت پشتگیری ئه‌م توێژه‌ی کردووه و به‌هێزی کردوون. دیاره له کۆمه‌ڵگه‌ی کۆنه‌پارێزدا تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه کۆن و ئایینی و نازانستیه‌کان زاڵن و جێگه‌ی متمانه‌ن. بۆیه بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کۆنه‌پارێز زه‌مینه و لانه‌یه‌کی زۆر به پیت و گونجاوه بۆ گه‌شه‌کردنی پارت و رێکخراوی ئایینی وه‌کو پارته ئیسلامیسته‌کان. 9. ئاستی هوشیاری که‌سه‌کانی کۆمه‌لگه. ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که ده‌بنه‌هۆی ناسه‌قامگیری و لێکترازانی دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها زاڵبوونی فاتکه‌ره کۆنه‌پارێزه‌کان کاریگه‌ری نه‌رێنیانه‌ی کوشنده له‌سه‌ر ئاستی هوشیاری ده‌نوینن. مرۆڤه‌کان له دامه‌زراوه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده و تێگه‌یشتنه زانستیه‌کان داده‌برێن. بواره‌کانی زانین و تێگه‌یشتنی زیاتر زۆر لاواز ده‌بن. به‌مجۆره کۆمه‌ڵگه ئاستی هوشیاری داده‌به‌زێت، له‌گه‌ڵ گۆرانه‌کانی سه‌رده‌م و پێشکه‌وتنه‌کاندا ناتوانێ بروات و تێ‌یان بگات، هه‌روه‌ها ناتوانێ گه‌شه به تێگه‌یشتنی هۆشمه‌ندانه و راشیونالانه بدات و له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بکات. نزمی ئاستی هوشیاری و زانین زه‌مینه بۆ جێکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ری ئایینی و کۆنه‌پارێز یا ناراشیونالانه خۆش ده‌که‌ن. لێکدانه‌وه‌ی سیکولار و مۆدێرنانه لاواز ده‌بن یا واتایان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له شوێنیان‌دا لێکدانه‌وه نازانستی و ئایینی و کۆنه‌کان جێیان ده‌گرنه‌وه، ئه‌م باره له کوردستاندا هه‌بوو و لایه‌نه ئیسلامیه‌کان سوودیان لێوه‌رگرت.
سه‌باره‌ت به هۆکاره ده‌ره‌کیه‌کان، ستاتی ئیسلامی دراوسێ و بوونی ده‌ستێوه‌ردان له کاری ناوخۆی ولات و کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه‌دا، ده‌توانێ باره‌که به به‌رژه‌وه‌ندی ستاته ئیسلامیه‌که‌دا بشکێنێته‌وه. ئه‌وه‌ش به ئاستی به‌هێزی ئه‌م ستاته ئیسلامیه‌وه به‌نده. دیاره بوونی ئێران وه‌کو به‌هێزترین ستاتی ئیسلامیست له سنوری باشوری کوردستاندا، ئاستی به‌رزی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له باشوری کوردستاندا، بێگومان ڕۆڵی زۆر دیاری له گه‌شه‌کردن و به‌هێزکردنی پارت و ریکخراوه ئیسلامیسته‌کاندا بینیووه. له لایه‌کیتر لایه‌نه ئیسلامیه‌کان پشتگیری و یارمه‌تیان چ له ئێرانی ئیسلامیست یا تورکیا که پارتێکی ئیسلامی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، یا ولاتانی که‌نداو وه‌کو عه‌ره‌بستانی سعودیه به‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆر بۆ هاتووه. ئه‌و یارمه‌تییه ئابووری، لۆژیستیی و هاوکارییه رامیاریه کاریگه‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر مانه‌وه و به‌هێزبوونی ئه‌م پارت و رێکخراوه ئیسلامیانه‌دا هه‌بووه. له لایه‌کیتر پارت و رێکخراوه ئیسلامیسته‌کان له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا وه‌کو تۆرێکی نێونه‌ته‌وه‌یی په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه هه‌یه و هاوکاری یه‌کتر له زۆر بواره‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن. ئیسلامیسته‌کانی باشوری کوردستان سوودیان له‌وه وه‌رگرتووه و ئه‌و مێتۆدانه‌یان به‌کارهێناوه که له شوێنێکی‌تر ڕێکخراوه ئیسلامیسته‌کانی دیکه سه‌رکه‌وتووانه ئه‌نجامیان داوه. بۆنمونه میتۆده‌کانی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی له باشوری کوردستاندا ده‌بیندرێن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ سه‌یری لاوازبوونی لایه‌نه ئیسلامیه‌کان بکه‌ین یا بمانه‌وێ بزانین تاچه‌ند گوتاری ئیسلامیزم له کوردستاندا هه‌ره‌سی هێناوه و مانگی پارت و رێکخراوه ئیسلامیسته‌کان ئاوا بووه، پێویسته سه‌یری ئاستی لاوازبوون یا نه‌مانی ئه‌و فاکته‌رانه بکه‌ین که هۆکاری بوون و به‌هێزبوونه‌که بوون.
ئایینی ئیسلام وه‌کو ئایینی کۆمه‌ڵگه، پێگه‌یه‌کی له‌مێژینه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، به‌هۆی ره‌وشی به‌هێزی ئیسلامیزم و گه‌شه‌کردنی رێکخراوه ئیسلامیه‌کان، هه‌روه‌ها که‌ناڵه ئیسلامیه‌کان، کۆنه‌پاێزیی ده‌سه‌لات و پشتگیریکردنی دیارده و توێژه ئایینی و کۆنه‌پارێزه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌م پێگه‌یه‌ی گه‌یانده به‌هێزترین ساتی خۆی له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا. ئێستا دوای ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مه‌ریکا له ئێراقدا، دوای گۆرانه ئابوری، رامیاری و کۆمه‌لایه‌تیه‌کان، دوای بوژانه‌وه‌ی لێکدانه‌وه گه‌ردونیه راشیونال و مۆدێرنه‌کان، هه‌ندێ له‌و فاکته‌رانه‌ی هۆی به‌هێزبوونی ئه‌م پێگه‌یه بوون، ئه‌و به‌هێزیه‌ی جارانیان نه‌ماوه یا له پاشه‌کشه‌دان. ئه‌م پێگه‌یه هێشتا به‌هێزه به‌ڵام کۆڵه‌که‌کانی پشتی ئه‌م پێگه‌یه وه‌کوجاران به‌هێز نه‌ماون و به‌ره‌و لاوازی چووین له ماوه‌ی نزیکه‌ی ده‌ساڵی رابردوودا. دیاره ئه‌م پێگه ئاساییه‌ی که ئایین له کۆمه‌لگه‌دا دروستی ده‌کات، ئه‌وه هه‌ر ده‌مێنیت که هه‌میشه ده‌کرێ سوودی له لایه‌ن ئیسلامیسته‌کانه‌وه لێوه‌ربگیرێت. به‌لام ئاستی سوودوه‌رگرتنه‌که به ئاستی به‌هێزی و لاوازی یا بوون و نه‌بوونی فاکته‌ره‌کانی دیکه‌وه به‌نده، که له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان بۆکردن و له‌خواره‌وه دێینه‌وه سه‌ریان.
ناسه‌قامگیری رامیاری له کۆمه‌لگه‌دا که پێشتر له‌ماوه‌ی سه‌رده‌می زێرینی ئیسلامیه‌کاندا به دیاری هه‌بوو، ئێستا ئه‌م باره ته‌واو گۆڕاوه، باشوری کوردستان سه‌قامگیریه‌کی گونجاوی له ماوه‌ی ده‌ساڵی رابردوودا به‌خۆیه‌وه بینیووه، ئه‌گه‌رچی بنچینه‌ی سه‌قامگیریه‌که پشت به سیسته‌مێکی ته‌ندروست ناگرێت و دوو به‌رێوه‌به‌ریی هێشتا به‌رده‌وامه، ئاستی گه‌نده‌لی به‌رزه، کێشه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب چاره‌سه‌ر نه‌کراون، بۆیه مه‌ترسیه‌کان هه‌ن. له‌باری ئێستادا ئه‌و سه‌قامگیرییه زیانی به‌لایه‌نه په‌رگیره‌کان و ئیسلامیسته‌کانه‌وه به‌گشتی گه‌یاندوه. به‌رده‌وامی ئه‌م سه‌قامگیریه و جێگیربوونی له داهاتوودا له قازانجی لایه‌نه په‌پولیست و ئایینیه‌کاندا نییه.
شه‌ری ناوخۆ که پێشتر له لایه‌ن هێزی ده‌ره‌کی و ئیسلامیسته‌کان سوودی لێوه‌رگیرا، ئێستا نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش نه‌مانی گرنگترین فاکته‌ری په‌رته‌وازه‌بوونی کۆمه‌ڵگه‌یه که لایه‌نه ئیسلامیه‌کان و هێزه ده‌ره‌کیه‌کان سوودیان لێوه‌رده‌گرت.
سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌وایی ده‌سه‌لاتدار به‌رامبه‌ر به هه‌ژاری و بێده‌سه‌لاتی خه‌لک، هه‌روه‌ها هه‌ژاری و بێ‌کاری خه‌ڵک گۆران بووه. گه‌نده‌لی و ناره‌وایی کار و کرده‌ی ده‌سه‌لاتدار یا به‌رپرسانی سه‌ر به ده‌سه‌لات ماوه و چۆته ئاستێکی به‌رزتر، که خه‌ڵکی زۆر بێزارکردووه، هه‌روه‌کو له هه‌لبژاردنی ژولای 2009 دا ده‌رکه‌وت. ناره‌وایی کار و کرده‌ی به‌پرسه‌کان له هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌رده‌وامه. له‌به‌رامبه‌ریدا ئاستی بێده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک که‌مێ جووڵه‌ی ئه‌رێنی کردووه و له هه‌ڵبژاردندا ئه‌مه پیشاندرا. له لایه‌کیتر ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵک باشبوونی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سالانی شه‌ری ناوخۆ و دواتر. بێ‌کاری هیشتا هه‌یه، به‌لام بواری کارکردن باشه. بۆیه ئه‌م فاکته‌ره گۆرانی به‌سه‌ردا هاتووه و هاوڵاتی پێگه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێزتره که واده‌کات سه‌ختتر بکه‌وێته‌داوی لایه‌ن و رێکخراوی کۆنه‌پارێز و ئایینی که وه‌لامی داوا نوێکانی مرۆڤه‌کانیان له گه‌لێ باردا پێ نییه. به‌ڵام به‌هۆی ئاستی به‌رزی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسه ده‌سه‌لاتداره‌کان، لایه‌نه ئیسلامیه‌کان که بانگاشه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌که‌ن ده‌توانن سوود له‌م باره وه‌رگرن.
سه‌باره‌ت به ئێلیته ئیسلامیسته‌کان، بێگومان ئه‌وانه له رووی ژماره و چۆنایه‌تیه‌وه به گونجاوی هه‌ن، ئه‌م فاکته‌ره تا ئێستا به‌هێزه، دیاره گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنیان له‌کورتی داوه، به‌هۆی بوژانه‌وه‌ی تیگه‌یشتن و لێکدانه‌وه زانستی و سیکولاره‌کان، هه‌روه‌ها گۆڕانه رامیاری و ئابوریه‌کانی دوای هاتنی ئه‌مه‌ریکا.
سه‌باره‌ت به رۆڵی که‌ناڵه ئایینیه‌کان و پشتگیریان له لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه، ئه‌وه وه‌کو پێشوو به‌رده‌وامه و ئێلیته ئایینیه‌کان، تویژی ده‌سه‌لاتداری ئایینی، مزگه‌وته‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک و له بریاره‌کاندا له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا هه‌یه. لێکدانه‌وه کۆنه‌پارێز و نازانستی و نامۆدێرنه‌کان له‌م که‌ناڵانه‌وه بره‌ویان هه‌رماوه. به‌هۆی پشتگیری به‌رده‌وامی ده‌سه‌لات بۆ ئه‌و که‌نالانه، وه لاوازی په‌یامی به‌کرده‌وه‌ی مۆدێرنانه‌ی کۆمه‌لایه‌تیانه‌ی ده‌سه‌لات، لاوازیی هه‌نگاو و کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌لات سه‌باره‌ت به ئازادی مرۆڤه‌کان، واده‌کات کۆمه‌ڵگه به کۆنه‌پارێزی بمێنێته‌وه جوولانی به‌ره‌و کرانه‌وه سه‌خت و له‌سه‌ره‌خۆ بێت. دیاره لایه‌نه ئیسلامیه‌کان سوود له‌م باره وه‌رده‌گرن و ئه‌وه له قازانجی ئه‌واندایه.
له‌گه‌ڵ دروستبوونی سه‌قامگیری و گۆران و گه‌شه‌پیدان به بواره‌کانی په‌روه‌رده و خوێندن، ئه‌گه‌رچی به فلته‌ری پارت سنوردار کراون و له ئاستی پێویستدا نین، ئاستی هوشیاری ورده ورده له به‌رزبوونه‌وه دایه، ئاستی خوێنده‌واری به‌ئه‌گه‌ری زۆر باشتر بووه و زانین و زانینی زیاتر له‌سه‌ر بنه‌ما زانستیه‌کان و سیکولاره‌کاندا گرنگیان هه‌یه. به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری که‌سه‌کان که هزر و بیری که‌سه‌کان ته‌یار و به‌هێز ده‌کات، واده‌کات مرۆڤه‌کان ره‌خنه‌گرانه سه‌یری بیروباوه‌ر و ئایدۆلۆژیاکان بکه‌ن، وه له بیروباوه‌ره نازانستی و ناراشیوناله‌کان دووربکه‌ونه‌وه.
سه‌باره‌ت به فاکته‌ره ده‌ره‌کیه‌کان، ئێران وه‌کو ستاتێکی به‌هێزی ئیسلامی ماوه و ده‌ستێوردانه‌که‌ی له کوردستاندا ماوه. ئێران ئێستاش وه‌کو به‌هێزترین ستاتی ئیسلامیست پشتگیری پارت و ریکخراوه ئیسلامیه‌کان ده‌کات، پشتگیری و یارمه‌تییه که‌متر بۆته‌وه به‌لام ماوه. که‌متربوونه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران هۆکه‌ی به‌شیوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ گۆڕانه‌کانی دوای رووخانی رژێمی به‌عس و بوونی ئه‌مه‌ریکا له ئێراقدا ده‌گه‌رێنه‌وه. پارتی ده‌سه‌لاتداری ئیسلامی له تورکیا هاوکاری لایه‌نه ئیسلامیه‌کان به‌شیوه‌ی جۆراوجۆر ئێستاش ده‌کات. پارته ئیسلامیه‌کان یارمه‌تی و هاوکاری ده‌ره‌کیان له شیوه‌ی جۆراوجۆردا له ولاتانی دراوسی و هیدیکه هه‌ر ماوه. هاوکاری نێوان پارت و رێکخراوه ئیسلامیسته‌کان له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ر ماوه و وه‌کو پیشوو درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌م باره‌دا وایکردووه ئه‌م هاوکارییه که‌مترکاریگه‌ر بێت، گۆرانه‌کانه. هاتنی ئه‌مه‌ریکا و گۆرانه‌کان له سیسته‌می رامیاری ئێراقیدا کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ستاته ئیسلامیه‌کان هه‌یه.
سه‌ره‌رای ئه‌م فاکته‌رانه‌ی ئاماژه‌مان بۆکردن کاریگه‌ری ره‌وتی گلۆبالیزم که بنچینه‌له‌سه‌ر لیبرالیزم و ئازادی ده‌گرێت گه‌شه‌کردنی له ئاستی به‌رفراوانی جیهانیدا که کاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی له‌سه‌ر گۆرانه کۆمه‌لایه‌تی، ئابوری و رامیاریه‌کاندا هه‌یه، کاریگه‌ری دیاری له‌سه‌ر گۆرانه‌کاندا هه‌یه، ئه‌وه کوردستانیش ده‌گرێته‌وه. له لایه‌کیتر سه‌رکه‌وتن و بره‌وپه‌یداکردنی سیسته‌مه دیموکراسیه‌کان له ماوه‌ی دوو سێ ده‌یه‌ی رابردوودا که بنچینه‌له‌سه‌ر ده‌سه‌لاتی خه‌ڵک، کراوه‌یی، ئازادی، یه‌کسانی رامیاریی و کۆمه‌ڵگه‌ی داد ده‌گرن له ئاستی جیهانی و ناوچه‌که‌دا، وه‌کو بۆنمونه هاتنی ئه‌م هه‌وڵه بۆ ئێراق و کاریگه‌ری له‌سه‌ر باشوری کوردستاندا، رۆڵی زۆر گرنگیان له گۆرانه‌کاندا بینیووه. به‌بێ هاتنی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا بۆ ئێراق و پاشان گۆرینی سیسته‌می دیکتاتۆری بۆ جۆرێک له به‌رێوه‌ریی دیموکراسی، ئه‌و گۆرانه‌ی ئێستا ده‌یبینین ئه‌وها زوو نه‌مان ده‌بینی.
پێویسته بیری بخه‌ینه‌وه جوڵانه‌وه تووندره‌وه ئیسلامیه‌کان له دوای 11ی سه‌پته‌مبه‌ره‌وه به‌ره‌و‌رووی گه‌مارۆ و لێدانی به‌رفراوانی کۆمه‌لگه‌ی نیونه‌ته‌وه‌یی بوونه‌ته‌وه. له‌و ساته‌وه له بواره ئابوری، رامیاری و سه‌ربازیه‌کاندا له پاشه‌کشه‌دان. له‌لایه‌کیتر کار و کرده‌وه و چاڵاکیه‌کانیان که له زۆر باردا پیشێل‌کردنی مافی مرۆڤه و گه‌لێجار ئێکجار دڕندانه و نامرۆڤانه‌ن، کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌لوێست و بۆچوونی خه‌ڵک به‌گشتی نواندووه و خه‌ڵک هه‌لوێستی دژانه‌ی به‌رامبه‌ر به ئیسلامیه‌کان به‌گشتی په‌یداکردووه. ئه‌گه‌رچی لایه‌نی ئیسلامیست هه‌ن باناگشه‌ی میانره‌وی ده‌که‌ن، به‌لام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئیسلامیزم له لایه‌ک به‌گشتی ناوی له ئاستی جیهانیدا زراوه، له لایه‌کیتر که له‌بنچینه‌دا پشتگیری سیسته‌مێکی کۆنه‌پارێزی دژه ئازادی و کرانه‌وه ده‌کات، وایکردووه ئه‌م پاشه‌کشه‌یه ئه‌م لایه‌نانه‌ش بگرێته‌وه. ده‌کرێ بڵێین ئیسلام وه‌کو ئایدۆلۆژیا بیروباوه‌رێکه به‌گشتی له پاشه‌کشه‌دایه.
به‌کورتی له باشوری کوردستاندا ئیسلامیه‌کان سه‌رده‌می زێرێنی خۆیان بینی، به‌لام گۆرانه‌کانی که ئاماژه‌مان بۆ کردن هه‌ندێ له‌و فاکته‌رانه‌ی که بوون و گه‌شه‌کردنی ئه‌وانی به‌هێز کردبوو، نه‌مان یا لاوازبووین یا ئه‌و کاریگه‌ریه‌ی پێشوویان نه‌ماوه، که کاریگه‌ری نواندووه و وایکردووه ئیسلامیه‌کان به‌ره‌و لاواز بوون بچن و ئاستی ده‌سه‌لاتیان له کۆمه‌ڵگه‌دا که‌متربێته‌وه. له‌لایه‌کیتر هه‌روه‌کو هێمامان بۆ کردن ئێستاش فاکته‌ر و هۆکار هه‌ن که به گونجاوی ماون، بۆ مانه‌وه‌ی و به‌رده‌وامی ئه‌و لایه‌نانه سوودبه‌خشن.
دیاره مانگی ئیسلامیه‌کان کاتێ ئاوا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر سیسته‌می دیموکراسی، ئازادی، کراوه‌یی و لێکدانه‌وه سیکولاره‌کان بچه‌سپێندرێن و له کۆمه‌ڵگه‌دا زاڵ بن. هێشتا ئه‌وه له باشوری کوردستاندا نه‌هاتۆته‌دی و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان زۆری ماوه بگاته ئه‌و ئاسته. دیاره ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که له‌به‌ر کێشه رامیاریه‌کان به‌ره‌و ناسه‌قامگیری و قه‌یران بچن، ئیسلامیه‌کان ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونه‌وه‌یان هه‌یه.
سەرنج بنێرە