نه‌وتی کوردستان له ده‌ستوری ئێراقیدا و کێشه و ناته‌باییه‌کان
هه‌روه‌کو له وتارێکدا پێشتر (له 8ی دیسه‌مبه‌ری 2007 بلاوکرایه‌وه) ئاماژه‌کرا به‌وه‌ی که نه‌وت یه‌کێ له‌سه‌رچاوه گرنگه‌کانی ژێرزه‌وییه، له هه‌ر وڵاتێک‌دا هه‌بێت خاوه‌نداریه‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته ده‌گه‌ڕێته‌وه، که چاوه‌روان ده‌کرێ سوودی بۆ خه‌ڵک و وڵاته‌که له لایه‌نی ئابوری و رامیاریه‌وه هه‌بێت. پێویسته به‌کارهێنانی له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌نده‌ی و پێداویستیه‌کانی خه‌ڵک بێت و به‌چاودێری خه‌ڵک بێت.
باشوری کوردستان گۆمی نه‌وتی ژێرزه‌وی هه‌یه، له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه له‌لایه‌ن داگیرکه‌ری ئینگلیزه‌وه ده‌ست به ده‌رهێنانی نه‌وت له چاڵه نه‌وته‌کانی که‌رکوک کرا. به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که هه‌ن، بوونی نه‌وت له باشوری کوردستاندا هۆکاری گرنگی لکاندنی باشوری کوردستان به ئێراق بوو که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز و فه‌ره‌نساویه‌کان ئه‌نجامدرا.
له دوای دروستکردنی ئێراق و لکاندنی باشوری کوردستان به ئێراقی عه‌ره‌بی رژێمه عه‌ره‌بیه‌کانی ئێراق وه‌کو ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر سوودیان له نه‌وتی که‌رکوک وه‌رگرتووه و خێروبێره‌که‌یان بۆ خۆیان بردووه. بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سه‌ربازیی ئێراق سوودیان لێوه‌رگرتووه، خۆیان پێی به‌هێزکردووه و به‌م هێزه سه‌ربازییه سه‌رکوتی هه‌وڵی ئازادیخوازانه‌ی بزوتنه‌وه رامیاریه‌کانی کوردستانیان کردووه و خه‌ڵکیان چه‌وساندۆته‌وه. دواجار رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی ئێراق چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ و کیمیاوی به‌ده‌ستهێنا که له هه‌ڵمه‌تی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌کاری هێنا. به‌ئه‌گه‌ری زۆر داهاتی نه‌وتی کورد له‌م پرۆسه‌یه‌دا سوودی زۆری لێوه‌رگیراوه.
له‌وه‌ته‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد بۆ ئازادی و خۆبه‌رێوه‌به‌ریی ناوچه‌یی دروستبووه و تێده‌کۆشێ، نه‌وت یه‌کێ له خاله گرنگه‌کانی ناکۆکیه‌که و نه‌گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر بووه. ده‌سه‌لاتی داگیرکه‌ر نه‌یویستووه دان به مافی کورد له نه‌وتی که‌رکوک دابنێت له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کیتر به‌هۆی ده‌وله‌مه‌ندی کوردستان به سامانی سروشتی به‌تایبه‌تی کانی نه‌وت، مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری نه‌بووه و چاوی له ده‌ستبه‌سه‌راگرنتی هه‌تاهه‌تایی کوردستان بووه. گه‌لکوژی ئه‌نفال و هه‌وڵی پاککردنه‌وه‌ی کورد له باشوری کوردستاندا به‌ڵگه‌ی ئه‌م گوتنهن.
له دوای روخانی رژێمی به‌عس و ده‌ستیوه‌ردانی هێزه‌هاوپه‌یمانه‌کان به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا و له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ئێراقدا، له ده‌ستوردا ئاماژه به نه‌وت کراوه و دوان له‌سه‌ر خاوه‌نداریه‌تی به‌جۆرێ له جۆره‌کان کراوه.
به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئێراقی، خاڵی 111، “نه‌وت و گاز له‌هه‌موو پارێزگاکان و هه‌رێمه‌کاندا هی هه‌موو ئێراقیهکانه”. هه‌روه‌ها به‌پێی خاڵی 112، برگه‌ی یه‌که‌م، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به هاوبه‌شی له‌گه‌ل ده‌سه‌لاته ناوچه‌ییه‌کان (هه‌رێمه‌کان و پارێزگاکان) سه‌رپه‌رشتی ده‌رهێنانی نه‌وت و گاز له چاڵه نه‌وتیه‌کانی ئێستا ده‌کات. دابه‌شکردنی داهاته‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی گونجاو به‌سه‌ر هه‌موو ئێراقیه‌کاندا ده‌بێت. وه به‌شێکی گونجاو له داهاته‌که بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی که به‌هۆی پۆلیتیکی رژێمی پێشوو زیانی زۆریان پێکه‌وتووه بۆ پێشخستنی ئه‌م ناوچانه و یه‌کسانکردنی ئاستی گه‌شه‌کردنیان له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی دیکه‌ی وڵات ته‌رخان ده‌کرێت. برگه‌ی دووه‌م، ده‌ڵێ، “ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ناوچه‌ییه‌کان به‌یه‌که‌وه پلانی ستراتیژی بۆ پێشخستنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز به‌شێوه‌یه‌ک که له‌گه‌ل مه‌رجه‌کانی بازاڕ و پێشخستنی خستنه‌کار گونجاو بێت که به‌باشترین شێوه سوودی بۆ گه‌لی ئێراق هه‌بێت”.
له خاڵی 121، برگه‌ی 3 ده‌ڵێ، “به‌شی گونجاو به‌پێی پێداویستی و ژماره‌ی دانیشتوان له داهاتی گشتی فیدرال بۆ پارێزگاکان و هه‌رێمه‌کان ته‌رخان ده‌کرێت”.
له‌ده‌روازه‌ی کۆتایی له خالی 141 دا ئاماژه به به‌کاری ئه‌م بریار و کۆنتراکتانه ده‌کات که له هه‌رێمی کوردستاندا له ساڵی 1992 به‌داوه ده‌رکراون و کاریان پی ده‌کرێت، له کاتێکدا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی تایبه‌ته‌وه هه‌موار یا رهتنهکرابنهوه، یا دژی ئه‌م ده‌ستوره نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به کۆنتراکتی بازرگانی له خاڵی 110 که سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناوه‌نده، له برگه‌ی یه‌که‌م ئاماژه به ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی له دانوستان له‌سه‌ر رێککه‌وتن و په‌یماننامه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، پۆلیتیکی قه‌رزکردن و واژوکردن له‌سه‌ر رێککه‌وتنه‌کان، یه‌کلاکردنه‌وه و داڕشتنی پۆلیتیکی ئابوری و بازرگانییه ده‌ره‌کیه سه‌روه‌ریه‌کان ده‌کات.
خاڵ و برگه‌کانی ده‌ستور سه‌باره‌ت به نه‌وت و گاز تاراده‌یه‌ک به په‌رتی نوسراون، به وردی پهنجهلهسهر هه‌ندێ له لایه‌نه‌کانی بابه‌ته‌که به وردی دانانرێت، بۆیه هه‌ندێ پرسیار بێوه‌ڵام ماونه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له ئێراقدا هه‌یه و نه‌وت فاکته‌رێکی گرنگی ئه‌م کێشه‌یه‌یه. له‌م ده‌ستوره‌دا نه‌وتی که‌رکوک ئاماژه‌ی تایبه‌تی بۆ نه‌کراوه، دوان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردن و مافی خاوه‌نداریی ئێستا و دوای یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان نه‌کراوه. له‌م ده‌ستوره‌دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز له کانی دیکه له شوێنی دیکه‌دا، چۆنیه‌تی به‌رهه‌مهێنانه‌که، چۆنیه‌تی کۆنتراکت به‌ستن و سه‌رپشکی له کۆنتراکت به‌ستن، چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی داهاته‌که و هتد. به وردی ئاماژه‌یان بۆ نه‌کراوه و یه‌کلانه‌کراونه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر مافی کۆنتراکتبهستن و بڕهبهشی داهاتی نه‌وت له داهاتی گشتی ئێراق له نێوان لایه‌نی کوردی و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند چه‌ند ساڵێکه هه‌ر له دوای مۆرکردنی ده‌ستوره‌وه كێشه هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئاماژهکردنهکان سه‌باره‌ت به سه‌رپه‌رشتیکردن و هه‌لسوکه‌وتکردن به سه‌رچاوه‌ی سروشتی که‌موکوری هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م خاڵانه‌ی ده‌ستور له کاتی ناکۆکیدا ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ئه‌گه‌ری زاڵکردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ویسته‌کانی له ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی زۆر زیاتره. چونکه خاڵه‌کانی ده‌ستور به‌لای ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندا ده‌شکێنیته‌وه و سه‌رپشکی به‌و ده‌دات، وه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگاکان خاوه‌نی دوا وته نین و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان نه‌دراوه‌تێ. به‌پێی خاڵئ 110 ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند خۆی له به‌ستنی کۆنتراکتی بازرگانی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌رپشکه.
له کاتی خۆیدا لایه‌نی کوردی (ی.ن.ک و پ.د.ک و پارته‌کانی دی) و پارله‌مانی هه‌رێمی کوردستان که ی.ن.ک و پ.د.ک به‌سه‌ریدا زاڵن، مۆری ئه‌م ده‌ستوره‌یان به هه‌موو ئه‌م زاڵیهی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند که هه‌یه کرد. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م خاڵانه بکه‌ین که لێره‌دا ئاماژه‌مان بۆ کردن، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی سه‌رپشکه و بڕیاری کۆتایی به‌ده‌ستی ئه‌م لایه‌نه‌یه. ئه‌مه‌ش له سیسته‌مێکی فیدرالیدا شتێکی نامۆ نییه، که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له بابه‌ته ئابوری و رامیارییه گرنگه‌کاندا سه‌رپشکه و خاوه‌نی دوا وته‌یه. بێگومان نه‌وت و گاز وه‌کو سه‌رچاوه‌ی سروشتی بۆ ئابوری ستات زۆر گرنگن و وه‌کو گه‌نجینه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ستات سه‌یریان ده‌کرێت، هه‌روه‌کو له لایه‌نی ئابوری و رامیارییه‌وه کاریگه‌ری دیاری له‌سه‌ر به‌هێزکردنی ستات له هاوکێشه ناوچه‌یی و جیهانییه‌کاندا هه‌یه. له سیسته‌می فیدرالیدا کۆنتراکت به‌ستن له‌گه‌ڵ کۆمپانیای جیهانی ئاسایی بۆ ناوه‌ند ده‌گه‌رێته‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر رێککه‌وتنی تایبه‌ت و لاکردنه‌وه نه‌بێت.
جگه له خاڵی 141 و ئه‌گه‌ری په‌سندکردنی کۆنتراکتهکراوهکان، به‌پێی خاڵه‌کانی دیکه‌ی ده‌ستور ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه سروشتیه‌کان سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵکو له‌سه‌ریه‌تی به هاوکاری ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند هه‌لسوکه‌وت له‌گه‌ڵ نه‌وت و گازدا بکات. ئه‌م کۆنتراکتانه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌وه له ساڵی 1992 به‌دواوه مۆرکران توانای بهردهوهامیان هه‌یه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌سته‌ی تایبه‌ت یا له‌به‌ر دژبوون له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا ره‌تنه‌کرێنه‌وه. ئه‌م ده‌سته تایبه‌ته کێن و له‌سه‌ر چ بنچینه و پێوه‌رێک کۆنتراکت هه‌لده‌سه‌نگێنن، هیچ نه‌گوتراوه. به‌هۆی لاوازی یا نه‌بوونی متمانه هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک ئه‌م ئه‌رکه بگرێته ئه‌ستۆ ئه‌گه‌ری گومانلێکردنی له لایه‌ن لایه‌نی زه‌ره‌رمه‌ند لێ ده‌کرێت و ره‌خنه‌ی لێده‌گیرێت. له‌م خاڵه‌ی 141 دا نه‌گوتراوه نابێ چیتر کۆنتراکت له لایه‌ن ده‌سڵاتی هه‌رێمه‌وه ببه‌سترێت، یا ئه‌گه‌ر به‌سترا ده‌بێ چۆن بکرێت. بۆیه له‌م باره‌دا ده‌کرێ کۆنتراکتبهستن ره‌وا بکرێت. دیاره کێشه‌ی ئه‌وه دێته‌پێشه‌وه که به‌پێی خاڵه‌کانی دی ده‌بێ به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بێت. له بارێک‌دا ئه‌م کۆنتراکتانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ره‌تنه‌کرێنه‌وه، یا رێککه‌وتنێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌کرێت، ئه‌وه بێگومان به‌پێی ئه‌م خاڵه‌ی ده‌ستور به‌رده‌وامی کۆنتراکته‌کان ده‌کرێ ره‌وا بکرێت. له‌لایه‌کیتر به‌پێی ئه‌م خاڵانه‌ی که ئاماژه‌مان بۆ کردن، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌توانێ ئه‌م کۆنتراکتانه به ناکانونی و دژ به ده‌ستور دابنێت. ئه‌م کۆنتراکتانه به‌بێ پرس و پهسندمهندی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند کراون و مۆرکراون، بۆیه ده‌کرێ وه‌کو پێشێلی خاڵی 110 و 112 سه‌یربکرێن و لێک بدرینه‌وه.
له ساڵی 2006 سێ ده‌سته‌ی تایبه‌ت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بۆ لێکۆڵینه‌وه و بڕیار سه‌باره‌ت به کێشه‌ی نه‌وت دروستکران، به‌ڵام له‌به‌ر گومان له ده‌ستپاکی و بێلایه‌نی که‌سانی ناو ده‌سته‌کان له‌لایه‌ن لایه‌نی کوردیه‌وه (مه‌به‌ست له لایه‌نی کوردی ئه‌وانه‌یه که خاوه‌نی کۆنتراکته‌کان و بریارهکانن له‌مباره‌یه‌وه) ره‌تکرایه‌وه و ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا، له به‌رامبه‌ریدا پرۆژه‌ی کوردی ئاماده‌کرا. له کۆتایی ساڵی 2006 جۆره ته‌باییه‌ک دروست بوو، لایه‌نی کوردی له‌سه‌ر ئه‌وه ته‌بابوو که له‌سه‌ر به‌ستنی کۆنتراکته‌کان دوا وته لای ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بێت. وه له‌سه‌ر ئه‌وه ته‌بابوون که نه‌وت هی هه‌موو ئێراقیهکانه و ته‌نها رێژه‌یه‌کی که‌م بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه. وه له‌سه‌ر ئه‌وه ته‌بابوون که له کاتی ناکۆکیدا ده‌سته‌یه‌کی شاره‌زا کێشه‌که یه‌کلابکه‌نه‌وه هتد.. له مانگی فێبریوه‌ری 2007 دا جۆره رێککه‌وتنێکی رامیاری وه‌کو درێژه‌پێده‌ری ته‌باییه کاتیه‌که له‌سه‌ر کانونی نه‌وت کرا، به‌ڵام دواتر له لایه‌ن مینسته‌ری نه‌وتی ئێراق و لایه‌نی دیکه ده‌ستکاریکرا، ڕێککه‌وتنه‌که نه‌گه‌یشته هیچ ئه‌نجامێک، وه ناته‌بایی له نێوان گروپه‌کانی پارله‌مانی ئێراقی وه‌کو پێشوو به‌رده‌وامی پێدرا.
له دوای دروستکردنی 5 ده‌سته له ساڵی 2008 دا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم له‌نێویاندا کێشه‌ی نه‌وت، کێشه‌ی کانونی نه‌وت هه‌روا ماوه‌ته‌وه و چاوه‌روانی چاره‌سه‌ره، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی کێشه و ناته‌باییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌رێم وه‌کو پێشوو.
لایه‌نی کوردی سه‌باره‌ت به کانه نه‌وتیه ژێرزه‌ویه‌کانی که به‌ر له رووخانی رژێم ده‌ستکاریان نه‌کراوه ده‌ڵێن، ئه‌وان به‌پێی ده‌ستور خاڵی 111، 112 و 141 مافی ده‌رهێنانی نه‌وت و مۆرکردنی کۆنتراکتیان هه‌یه. زۆرینه‌ی به‌رپرسانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی مینسته‌ری نه‌وتی ئێراق حوسێن شارستانی ئه‌وه ره‌تده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن نابێ به‌ر له رێککه‌وتن له‌سه‌ر کانونی نه‌وت و گاز کۆنتراکت مۆربکرێت، وه ده‌ڵێن ده‌بێ له‌لایه‌ن مینسته‌ری نه‌وت په‌سند بکرێن. وه ده‌ڵێن مافی مۆرکردنی کۆنتراکت ته‌نها بۆ ده‌سه‌لاتی ناوه‌نده، هه‌رێم ئه‌م مافه‌ی نییه. ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، کۆمه‌ڵێ کۆنتراکتیان که ژماره‌یان نزیکه‌ی 25 کۆنتراکت ده‌بێ، بێ پرسی ناوه‌ند تائێستا مۆرکردووه، ئه‌مه‌ش به مافی خۆیان ده‌زانن. به‌غدا دژی ئه‌م کۆنتراکتانهیه و به ناکانونی ناویان ده‌بات.
شایانی گوتنه لایه‌نی کوردی وه‌کو له ده‌ستوردا هاتووه کێشه‌یان له‌گه‌ل ئه‌وه نییه که ده‌بێ سه‌دا 83 ی داهاتی نه‌وتی کوردستان بۆ ئێراق بروا و په‌سه‌ندیانه که نه‌وتی کوردستان هی هه‌موو ئیراقیهکانه. کێشه‌یان ئێستا ئه‌وه‌یه که بتوانن نه‌وته‌که ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بکه‌ن و به‌غدا ئه‌مه په‌سند بکات. تاکو بتوانن له داهاته‌که‌دا ره‌نگه سه‌دا 17 ـه‌یان ده‌ست که‌وێ. دیاره ماوه‌یه‌کی زۆر مشت‌ومڕ له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی رێژه‌که هه‌بوو، سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ته‌نها به‌شی سه‌دا 10 ی بۆ کوردستان په‌سند ده‌کرد، به‌ڵام دوای دانوستان و مشتومڕی زۆر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا رێژه‌ی سه‌دا 17 ی په‌سند کرد.
وه‌کو له ده‌ستوردا هاتووه، داهاتی نه‌وت به‌پێی پێداویستی و رێژه‌ی دانیشتوان به‌سه‌ر پارێزگاکان و هه‌رێمه‌کاندا دابه‌ش ده‌کرێت. به‌م پێیه ئه‌گه‌ر رێژه‌ی دانیشتوانی کوردستان به 17 له‌سه‌دا دابندرێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، ئه‌وه سه‌دا 17ی داهاتی نه‌وتی کوردستان بۆ خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌رێته‌وه، سه‌دا 83 ی بۆ ئێراقی عه‌ره‌بی ده‌ڕوا. به‌پێی ئه‌م رێککه‌وتنه ئه‌گه‌ر پێشتر که خه‌ڵکی کوردستان له مافه رامیاری و ئابوریه‌کان بێبه‌ش بوون، به‌شێکی زۆر که‌می داهاتی نه‌وتی کوردستان بۆ خه‌ڵکی کوردستان گه‌رابێته‌وه، ئێستا رێژه‌که‌ی گه‌یشتۆته سه‌دا 17. دیاره وه‌کو ده‌گوترێت تائێستا ئه‌م رێژه‌یه به‌ته‌واوی نه‌گه‌یشتۆته سه‌دا 17 و ناروونی له‌م باره‌یه‌وه زۆره. به‌پێی زانیاریه‌کان هه‌رچی خه‌رجی به‌رێوه‌به‌ری و ئه‌ملاوئه‌ولا هه‌یه هه‌مووی له‌م سه‌دا 17 یه ده‌گێردرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه که‌متره له 17 له‌سه‌دا. به‌کورتی ئه‌گه‌ر داهات 100 دۆلار بێت، 83 دۆلاری بۆ عه‌ره‌به و 17 دۆلاری بۆ کورده، له کاتێکدا نه‌وته‌که هی کورده.
له‌ئه‌نجامی ئه‌م کۆنتراکتانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ستویانه، ئه‌م کۆتراکتانهی که سه‌ربه‌خۆ و بێگه‌رانه‌وه بۆ گه‌ل و پارله‌مان، وه بێ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی کراوه‌دا له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا تاوتوێ بکرێت، له لایه‌ن چه‌ند که‌س و کۆمپانیایه‌کی سه‌ر به پارت و خێزانی ده‌سه‌لاتدار (هه‌ردوو خێزانی تاله‌بانی و بارزانی) به‌ستراون، ئێستا به‌پێی هه‌واڵه‌کان له سه‌ره‌تای ژونی 2009 دا نه‌وتی زاخۆ ده‌رده‌هێندرێت و ده‌ست به ناردنهدهرهوی کراوه. له کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ئاماده‌یه داهاته‌که‌ی بۆ خۆی ببات، به‌ڵام ئاماده نییه خه‌رجی کۆمپانیا نه‌وت ده‌رهێنه‌ره‌که DNO له داهاته‌که‌دا “که ده‌ڵین” سه‌دا 40 ده‌گرێته‌وه بدات. ده‌ڵێن “ئه‌وه کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه، کۆنتراکته‌که کانونی نییه، ئه‌وان له ناوه‌رۆکی ئاگادار نین و لای ئه‌وان په‌سند نه‌کراوه، بۆیه ده‌بێ هه‌رێم له بودجه‌ی خۆی بیدات”. ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند دژی ئه‌وه‌یه هه‌رێمی کوردستان به‌شی زیاتری له داهاته‌که به‌رکه‌وێت، هه‌روه‌کو سه‌رۆکی مینسته‌ری ئێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه. واته کێشه له‌سه‌ر ناردهنهکه و چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی داهاته‌که‌دا وه‌کو چاوه‌روان ده‌کرا هه‌یه و به‌رده‌وامه. شایانی گوتنه به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم که به‌رپرسیارن له‌م کۆنتراکتانه تا ئێستا نایانه‌وێ ناوه‌رۆکی کۆنتراکته‌کان ئاشکرا بکه‌ن، بۆنمونه بهشهپشکی ئه‌م کۆمپانیایه چه‌نده و چۆن ده‌درێت؟ تائێستا روونیش نه‌کراوه‌ته‌وه چۆن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند رێککه‌وتوون و له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ک؟ به‌رپرسه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م کێشانه ده‌ستیان به ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی کوردستان کردووه. به‌م پێیه‌ی ئێستا به‌رپرسانی ده‌سه‌لاتی هه‌رێم زۆر له سه‌دا 17 که‌متریان ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر خه‌رجی کۆمپانیاکه‌ش بده‌ن، که به‌پێی کۆنتراکته‌که که له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکه کردوویانه ده‌بێ بیدات.
شایانی بیرخسنهوهیه، نه‌وتی که‌رکوک که نه‌وتی کوردستانه، ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه و داهاته‌که‌ی ده‌چێته بودجه‌ی ناوه‌ند و پشکی کوردستان له‌م داهاته‌دا به‌پێی خاڵی 121 برگه‌ی 3 به‌پێی پێداویستی و ژماره‌ی دانیشتوان بۆ کوردستان ده‌نێردرێت. واته به‌ر له ئێستا ئه‌وه هه‌ر وابووه، نه‌وتی کورد بۆ به‌غدا ده‌چیت و له‌وێ سه‌دا 17ی بۆ کوردستان ده‌بێ بێته‌وه. ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێـمی کوردستان ده‌یانه‌وێ بڕێکی زۆرتری نه‌وتی کوردستان بنێرنه ده‌ره‌وه و پاشان پشکی کوردستانی لێبدرێته‌وه. پرسیار لێره‌دا، ئایا داهاتی هه‌ر پالاوگهیهک به جیا ده‌ژمێردرێت و دابه‌ش ده‌کرێت، یا داهاتی هه‌موو پاڵاوگه‌کان به‌یه‌که‌وه هه‌مووی ده‌چنه ناو داهاتی نه‌ته‌وه‌یی ئێراق و پاشان له کۆی داهاتی نه‌ته‌وه‌ییدا پشکی سه‌دا 17 ده‌درێته کوردستان؟ ئه‌گه‌ر له کۆی داهاتی گشتی پشکی کوردستان بدرێت، بێگومان له‌گه‌ڵ زۆرتربوونی داهات سه‌دا 17 ـه‌که‌ش زۆرتر ده‌بێت. به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا نه‌وتێکی زۆرتری کوردستان بۆ ئێراق ده‌چێت. هه‌روه‌کو هه‌ندێ له به‌رپرسه کورده‌کان دوای ناردنی نه‌وت له کوردستانه‌وه به شانازیه‌وه گوتیان، “داهاتی نه‌وتی کورد سه‌دا 50ی داهاتی نه‌وتی ئێراق پێک ده‌هێنێت”. هه‌رچۆنی بێ و به‌پێی هه‌ر دابه‌شکردنێک بێت، له‌لایه‌ک بڕێکی نه‌وتی زیاتر بۆ ئێراق ده‌روات، له لایه‌کی دیکه ته‌مه‌نی گه‌نجینه‌ی سامانی سروشتی کوردستان زووتر کۆتایی دێت. به‌مپێیه هه‌رچه‌ندی نه‌وت زیاتر ده‌ربهێندرێت و بفرۆشرێت، به‌شێکی زیاتر بۆ ئێراق ده‌روات و ته‌مه‌نی گۆمه یا کانه نه‌وتیه ژێرزهویهکانیش کورت‌تر ده‌بنه‌وه. چونکه ئه‌م کانه نه‌وتیانه رۆژێک دێت بنیان دێت، ئه‌مه بۆ هه‌موو کانه نه‌وتیه‌کانی جیهان وایه. به‌پێی ئه‌م هه‌موو کۆنتراکته‌ی به‌ستراوه، ده‌رده‌که‌وێ که ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نییه.
دیارنییه هه‌موارکردنی ده‌ستور که ماوه‌ی چوار ساڵه له هینانوبردندایه سه‌باره‌ت به نه‌وت چی ده‌گۆڕێت و ده‌ستکاری ده‌کات، دیارنییه رێککه‌وتنه رامیارییهکه له نێوان کورد و به‌غدا به چی ده‌گات و چۆن ده‌که‌وێته‌وه. دیار نییه، ئه‌م پێنچ ده‌سته‌یه‌ی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه هه‌مه‌جۆره‌کان دروستکراون چ چارهسهرهێکیان بۆ کێشه‌ی نه‌وت پێیه. بێمتمانه‌یی وه‌کو پێشوو به‌رده‌وامه، بۆیه مه‌رج نییه هه‌موارکردنی ده‌ستور یا رێککه‌وتنی رامیاری بتوانن چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌وت و گاز بکه‌ن. بێ‌بڕوایی به‌رامبه‌ر ده‌ستور و رێککه‌وتن پێشتر بیندراوه، بۆیه جێگه‌ی سه‌رسورمان نییه ئه‌گه‌ر لێره‌ش دووباره بێته‌وه. له‌لایه‌کیتر كێشه‌که هه‌ر دابه‌شکردنی داهات نییه وه‌کو به‌پێی مشتورمرهکان ده‌رده‌خرێت، کێشه‌که له بنچینه‌دا ره‌گێکی قووڵی رامیاری هه‌یه، واتا و قورساییه‌کی هه‌نوکه‌یی و ئایینده‌یی ئابوری و رامیاریی هه‌یه.
شاخه‌وان شۆڕش
ژونی 2009
سەرنج بنێرە