تێکدانی شوێنه کۆنه‌کانی هه‌ولێر له‌ناوبردنی بۆماوه‌ی که‌لتوری شاره
وه‌کو چاوه‌روان ده‌کرا، ره‌خنه و هوشیارکردنه‌وه ده‌سه‌ڵاتی پارتی له هه‌ولێر نه‌جولاند، پلانی تێکدانی شوێن و گه‌ره‌که کۆنه‌کان به تایبه‌تی بازار و شوێنه کۆنه‌کانی نزیک قه‌ڵای هه‌ولێر به‌پێی ماسته‌رپلانه‌که‌ی نه‌وزاد هادی به‌رده‌وامه[i]. لێره‌دا هه‌ندێ کورته سه‌رنج ده‌خه‌مه‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه، دیاره تێبینی له‌سه‌ر هه‌موو روونکردنه‌وه‌که، دوانه‌کانی پارێزگا و پارێزگار هه‌ن و ده‌کرێ زۆریان له‌سه‌ر بنوسرێت و بگوترێت.
له‌روونکردنه‌وه‌یه‌کی پارێزگای هه‌ولێردا که سه‌بارت به پرۆتستۆکان دژ به تێکدانی گهرهکهکۆنهکان و شوێنه‌واره‌کان له 25 ی ئۆگۆستی 2009 دا له سایتی خه‌بات بلاوکراوه‌ته‌وه ده‌گوترێت:
“ئێمه به هاوکاری یونسکۆ کارده‌که‌ین”…. “ئێمه شوێنه‌وار تێک ناده‌ین”… “خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی چی ده‌ڵێت، ئێمه وابه‌سته‌ی نین، چونكە سیفەتێكی ڕەسمی و مولزەمیان نییە بۆ حكوومەت و بەڵگەو ڕەهەندی زانستیانەو مێژوویی باوەڕپێكراویان نییە، ئەوەی بۆ ئێمە مولزەمە، یاسایە بە گشتی و بڕیار‌و فەرمانەكانی حكوومەت و ماستەرپلانە و ڕەچاوكردنی تەواوی ڕای یونسكۆیە”.
هه‌روه‌ها به‌پێی ماسته‌رپلانه‌که گه‌ره‌کانی خانه‌قا، ته‌عجیل و عه‌ره‌ب تێکده‌درێن، خان‌و و شه‌قام و بازاره‌کانی ده‌رووبه‌ری قه‌راتی هه‌ولێر تێکده‌درێن.
سه‌ره‌تا باشه بپرسین: چی وه‌کو بۆماوه‌ی که‌لتوری سه‌یری ده‌کرێت؟ چین ئه‌و بۆماوه که‌لتوریانه‌ی بۆ شار و خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌کو گه‌نجینه‌یه‌کی مێژوویی و که‌لتوری شار و کۆمه‌ڵگه‌که ده‌بیندرێن؟
بۆماوه‌ی که‌لتوری ده‌کرێ زۆر شت بێت، وه‌کو شار، گه‌ره‌ک، بازار، قه‌ڵا، شه‌قام، کۆشک، گه‌رماو، زیندان، خوێندگه، خانوی ئاسایی، که‌شتی، زێری کۆن، پاره‌ی کۆن، که‌رسته‌ی کار، که‌رسته‌ی دیکه‌ی پێداویستیه‌کانی ژیان هتد. به‌پێی پێناسه‌ی به‌رێوه‌به‌ریی بۆماوه‌ی که‌لتوری له وڵاتی دانیمارکدا. بۆماوه‌ی که‌لتوری “هه‌موو ئه‌و بۆماوانه ده‌گرێته‌وه که بیره‌وه‌ری، گێڕانه‌وه و یادگاری سه‌باره‌ت به رابردوو لای کۆمه‌ڵه خه‌لکێک دروست ده‌که‌ن”[ii]. کۆمه‌لگه‌ی شوێنێکی تایبه‌ت یا ناوچه‌یه‌ک وابه‌سته‌ییه‌کی مێژووییان له‌گه‌ل ئه‌م بۆماوانهدا هه‌یه. چونکه پشتاوپشت له کۆنه‌وه له‌گه‌ڵ هزر و بیری ئه‌و خه‌ڵکه‌دا نائاگایانه و به‌ئاگایانه گۆشبووه و په‌روه‌رده کراوه، بووه‌ته به‌شێک له ناسنامه‌ی کۆی مرۆڤه‌کان به‌تایبه‌تی وه له‌هه‌مان کاتدا بۆته به‌شێک له ناسنامه‌ی که‌لتوری نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکه‌که.
ئینسیکلۆپێدیای وێکپیدیا واپێناسه‌ی بۆماوه‌ی که‌لتوری ده‌کات: “بۆماوه‌ی که‌لتوری (بۆماوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یا هه‌ر بۆماوه‌یه‌ک) بۆماوه‌ی فیزیکیانه‌ی ئه‌ندازیاری یا یه‌که‌ی به‌رهه‌مهێندراوی گروپێک یا کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که له نه‌وه‌کانی رابردووه‌وه ماوه‌ته‌وه، ئێستا مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامه و مانه‌وه‌ی بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو بهسوودبهخش ده‌زاندرێت”[iii].
ئینسیکلۆپێدیای گه‌وره‌ی دانیمارکی ده‌نوسێت “بۆماوه‌ی که‌لتوری ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ن که به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت کۆگایه‌کن له ئه‌زمونی مرۆڤدا، بۆیه مرۆ ناچاری به‌خۆداچونه‌وه ده‌که‌ن و هاوکارن له پێکهێنانی ناسنامه‌یه‌کی که‌لتوریدا”[iv]. ئه‌م بۆماوه‌یه ده‌کرێ زۆر لایه‌ن و شمه‌ک و بابه‌ت بگرێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه پێناسه‌ی خه‌ڵکی وڵاتانی ئازاد و پێشکه‌وتووخوازن، به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه ده‌رواننه بۆماوه‌ی که‌لتوری و ئه‌م تێگه‌یشتنانه‌ی بۆ ده‌خه‌نه‌روو.
سه‌باره‌ت به گه‌ره‌که کۆنه‌کانی خانه‌قا، ته‌عجیل و عه‌ره‌ب، هه‌روه‌ها شوێنه‌کانی نزیک و ده‌وربه‌ری قه‌رات که هه‌موو بازار و شوێنه گرنگه کۆنه‌کانی وه‌کو ده‌رارخانه، بازاری قه‌یسه‌ری، چایه‌خانه و شه‌قامه دێرینه‌کان ده‌گرێته‌وه، ده‌کرێ بپرسین: ئایا ئه‌و شوێن و بازاڕ و گه‌ره‌کانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به ئه‌زموونی مرۆڤه‌کانی ئه‌و شاره هه‌یه؟ ئایا هیچ واتایاکیان بۆ ناسنامه‌ی که‌لتوری مرۆڤه‌کانی ئه‌و شاره هه‌یه؟ ئایا ئه‌و شوێن و گه‌ره‌کانه به‌رهه‌می گروپێک یا کۆمه‌ڵگه‌ی رابردووی ئه‌و شاره‌ن؟ ئایا بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو مانه‌وه‌یان سوود به‌خشه؟ ئایا ئه‌و گه‌ره‌که کۆن و بازار و شوێنانه هیچ بیره‌وه‌ری و یادگاریه‌کی پێشوو و دێرینی خه‌ڵکی ئه‌و شاره ده‌گرنه خۆیان هه‌تا وه‌کو بۆماوه‌ی که‌لتوری ته‌ماشایان بکرێت؟ ئایا هیچ په‌یوه‌ندی و وابه‌سته‌ییه‌کی مێژوویی له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ره‌ک و بازار و شوێنانه‌دا هه‌یه؟
وه‌لامی ئه‌و پرسیارانه زیره‌کیه‌کی ئه‌وتۆی پێویست نییه. ئه‌م گه‌ره‌ک و شه‌قام و بازارانه به‌رهه‌می مێژووی سه‌دساڵه‌ی رابردووی خه‌ڵکی شاری هه‌ولێرن. ئه‌م شوێنانه بۆماوه‌ی که‌لتوری ئه‌م شاره‌ن، کۆی ئه‌زموونی رابردووی مرۆڤه‌کانی ئه‌م شاره‌ن، له‌هزر و بیری مرۆڤه‌کانی ئه‌م شاره‌دا به‌شن و کۆله‌که و چوارچێوه‌ی یاد و بیره‌وه‌ری مرۆڤه‌کانی ئه‌م شاره‌ن، بۆیه بۆ مرۆڤه‌کانی ئه‌م شاره واتای لهنرخنههاتوویان هه‌یه.
مێژووی مۆدێرنی ئه‌م شاره له‌م شوێنانه‌ی نزیک و ده‌وروبه‌ری پیره قه‌رات هه‌نگاو ده‌نێ و به هه‌زاران به‌سه‌رهات و سه‌ربرده‌ی ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری ده‌گرنه‌خۆیان.
جگه له سه‌رمایه‌داره‌کانی پارتی و نه‌وزاد هادی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی، ده‌بێ که‌سێکی شاری هه‌ولێر هه‌بێ، پێیوابێ ئه‌و شوێنانه په‌یوه‌ندیان به مێژووی ئه‌م شاره‌وه نییه و بۆماوه‌ی کۆن و رابردووی شار نین؟ ئایا که‌سێکی شاری هه‌ولێر هه‌یه گومانی له دێرینی و واتاداریی که‌لتوریی ئه‌م شوێنانه‌دا هه‌بێت؟
تێکدان و نه‌هێشتنی ئه‌م شوێنانه، له ناوبردنی به‌شێکی زۆر دیار و گرنگی بۆماوه‌ی که‌لتوری شاری هه‌ولێره، تێکدانی ئه‌م شوێنه کۆنانه‌یه که ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر پێک ده‌هێنن. له ئه‌نجامی تێکدانهکهدا، ئیدی ئه‌و مێژوو، گیڕانه‌وه و بیره‌وه‌ری و یادگاریانه‌ی که هه‌ولێریه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنانه هه‌یانه، ده‌بێته گێرانه‌وه و بیره‌وه‌ری له شوێنێک که بوونی نه‌ماوه و نههێلدراوه. به‌مجۆره ده‌بێ وه‌کو گێرانه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌فسانه‌یی کۆن خه‌ڵک وه‌کو ئه‌ندێشه له‌م شوێنانه بدوێن. هێشتنه‌وه‌ی دووسێ مزگه‌وت و خانوو و چاک له ژێر ناوی شوێنه‌وار ناتوانێ ئه‌م تاوانه سوک بکات و واتایه‌کی ئه‌وتۆیان نییه.
جوانکردنی شار له‌سه‌ر حسابی تێکدانی گه‌ره‌ک، بازار، شه‌قام و شوێنی که‌لتوری دێرینه‌ی جه‌رگه‌ی شار کارێکی زۆر ناره‌وایه و تاوانه به‌رامبه‌ر به مێژوو و خه‌ڵکی شار، بۆیه هیچ پاساوێکی بۆ نییه. شاری هه‌ولێر بواری جوانکردنی زۆره و به‌بێ تێکدانی ئه‌و شوێنه که‌لتوریانه، به رێزگرتن له مێژووی دێرینی ئه‌م شاره‌دا، زۆر به چاکی ده‌کرێ بکرێت. جگه‌له‌وه‌ی پاراستن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه دێرینانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی شێوهئهندازیارییه دێرینه‌که‌یان جوانیه‌کی تایبه‌ت و شایسته به شاره‌که و مێژووه‌که‌ی ده‌به‌خشن.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی نه‌وزاد هادی و سه‌رمایه‌داره‌کانی پشتی ئه‌م هه‌نگاوه که خۆیان له پشتی بریاری به‌ناو حکومه‌تی هه‌رێم ماتکردووه، به‌لگه‌ی گرنگی نه‌دان و رێزنه‌گرتنه له دێرینی و مێژوویی بوونی ئه‌م بۆماوه کهلتوریانهدا.
زۆر به‌داخه‌وه شاری هه‌ولێر بێخاوه‌نه، ئه‌وانه‌ی ئه‌ورۆ گوایه خه‌مخۆری هه‌ولێرن، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارانه‌یان سڵ له له‌ناوبردنی مێژوو و بۆماوه‌ی که‌لتوری ئه‌م شاره ناکه‌نه‌وه. وایان له خه‌ڵکی شار کردووه په‌نا بۆ رێکخراوی بێگانه‌ی وه‌کو یونسکۆ ببه‌ن، تا شار له ده‌ستی به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی پارتی رزگار بکه‌ن. دیاره ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو حکومه‌تی هه‌رێم (له هه‌ولێر حکومه‌تی پارتی و له سلێمانی حکومه‌تی یه‌کێتی) هه‌بێت و ئاگاداری تاوان و سکهنداڵهکانیان بێت، ئه‌م کاره به‌سه‌یر نازانێت.
له روونکردنه‌وه‌که‌دا ده‌ڵێن: “خه‌ڵک چی ده‌لێ بابلێ، ئه‌وانه سیفه‌تێکی ره‌سمیان بۆ حکومه‌ت نییه”.
ئه‌وه راسته‌وخۆ دانپێنانه به پشتگوێخستن و گوێپێنه‌دانی لوتبه‌رزانه‌ی حکومه‌ت به‌رامبه‌ر به هاوڵاتیان و خه‌ڵکی خه‌مخۆری شار. وه‌کو ده‌رده‌که‌وێ له‌فه‌رهه‌نگی حکومه‌تی هه‌رێم و پارێزگادا ته‌نها ئه‌وانه‌ی سیفه‌تی ره‌سمیان هه‌یه ده‌کرێ گوێیان لێ بگیرێت. ئه‌و کوردانه کێن که له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا سیفه‌تی ره‌سمیان هه‌یه؟ بێگومان هه‌ر خه‌لکی سه‌ر به پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ر به خۆیانن! به‌ڵام ئایا که‌ی و له چ بۆنه‌یه‌کدا ئه‌م حکومه‌ت و پارێزگایه گوێیان له خه‌ڵک راگرتووه و که‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک لای ئه‌وان گرنگی هه‌بووه؟ ئه‌وان ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بووه هه‌ر ئه‌وه‌یانکردووه.
ده‌ڵێن:” ئه‌وانه به‌لگه و ره‌هه‌ندی زانستیانه و مێژوویی باوه‌رپێکراویان نییه”!
یه‌کێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌ناسێ، ده‌لێ ده‌بێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بسته هه‌نگاوێک به‌بێ به‌ڵگه و ره‌هه‌ندی زانستیانه نه‌نێت، بۆیه واده‌ڵێن! ئایا ته‌مه‌نی سه‌د ساڵه‌ی ئه‌م گه‌ره‌ک و شه‌قام و بازارانه به‌ڵگه‌ی کۆنی و مێژوویی ئه‌م شاره نین؟! ئایا حکومه‌تی پارتی و بارزانی به‌ڵگه‌یان چییه که ئه‌و شوێنانه شوێنی کۆنی شار نین؟ ئایا زانست ده‌توانێ واتای که‌لتوری ئه‌و شوێنانه ره‌تکاته‌وه؟ ره‌نگه بۆ سه‌ڵماندنی کاری زانستیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت که سه‌رۆکی به‌شی شوێنه‌وار وه‌کو ده‌ڵێن ده‌رچووی شانۆیه! سه‌رۆکی زانستگه‌کان ئه‌ندامی پارت و که‌سانی سه‌ر به پارتی ده‌سه‌ڵاتدارن! زۆر واپێده‌چێ ریزکردنی وشه‌ی زانستی له‌ته‌ک وشه‌کانی دیکه‌دا هه‌ر مۆدێله و بۆ قه‌به‌کردنی وته‌کانه، ئه‌گه‌رچی له راستیدا تێیناگه‌ن و نازانن بۆ ده‌بێ له‌و شوێنه‌دا دابندرێن.
ده‌ڵێن “ئه‌وه‌ی بۆ ئـێمه مولزه‌مه یاسایه به‌گشتی و بڕیار و فه‌رمانه‌کانی حکومه‌ت و ماسته‌رپلانه”.
کامه یاسا و بڕیار، ئه‌و یاسایه‌ی که لاسای یاسا ئاخوندیهکانی ئێران یا بهعسیانهکانی ئێراق ده‌کاته‌وه، یان ئه‌و یاسایه‌ی لاسای میرنشینی نادیموکراسی و دیکتاتۆری دوبه‌ی که به‌پێی ئاره‌زووی میر ده‌رده‌کرێن ده‌کاته‌وه؟ ئه‌و یاسایه‌ی که فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ویستی خه‌ڵکه‌وه نییه، خه‌ڵک له دوکان و ماڵ و بازاڕه‌کان زۆردارانه دهردهپهرێنێت؟ ئه‌و یاسایه‌ی له‌ئاست بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک ملی که‌چه و ته‌نها به ڕه‌شوڕووت ده‌وێرێت؟ ئه‌و یاسایه‌ی بۆ دروستکردنی بازاڕی نیشتیمان بوونی نه‌بوو؟ ئه‌و یاسایه‌ی زه‌وی میری و زه‌وی دابراو و زه‌وی کۆنه خوێندگه و هتد. به‌ناوی به‌رپرسه‌کانی پارتی ده‌کات؟ ئه‌و یاسایانه‌ی ته‌نها به‌رپێی به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و سه‌رۆک و که‌سوکاری ده‌بینن؟
ده‌ڵێن: “کاره‌کانی ئێمه به‌پێی ڕه‌چاوکردنی ته‌واوی رای یونسکۆیه”.
ئه‌تو بلێی یونسکۆ له‌گه‌ڵ تێکدانی بۆماوه‌ی که‌لتوری ته‌مه‌ن سه‌دساڵه‌ی شاری هه‌ولێر بێت؟ کوا پهسندمهندی یونسکۆی ئه‌و بڕیاره‌ی که سه‌باره‌ت به تێکدانی گه‌ره‌ک و شه‌قام و بازاره کۆنه‌کان ده‌رکراوه؟ پارێزگار و به‌رپرسه‌کانی پارتی له‌گه‌ڵ یونسکۆ سه‌باره‌ت به قه‌رات هه‌ندێ رێککه‌وتنیان وه‌کو ده‌ڵێن مۆرکردووه. به‌ڵام بڵاوی ناکه‌نه‌وه چیان مۆرکردووه. پاشان ناوی ئه‌و کێشانه‌ش ناینن که‌له‌گه‌ڵ یونسکۆ هه‌یانه. ئه‌وان دێن واپێده‌چێ به‌ئاگایانه بابه‌ته‌که تێکه‌ڵاو به‌یه‌ک ده‌که‌ن و ده‌ڵێن هیچ کارێک بێ ره‌چاوکردنی یونسکۆ ناکه‌ین. ره‌نگه ئه‌وه سه‌رباره‌ت به قه‌راتی له‌بیرکراوی هه‌ولێر تاراده‌یه‌ک گونجاوی تێدابێت، به‌ڵام به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و گوتنه سه‌باره‌ت به تێکدانی شوێنه کۆنه‌کانی شاری هه‌ولێر هیچ بنه‌مایه‌کی راستی نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه یونسکۆ کێشه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌بووه و ره‌خنه‌یان له دروستکردنی خانووی به‌رز له نزیک قه‌رات گرتووه.
له‌لایه‌کی تر به‌پێی ماسته‌رپلانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، له ناو ئه‌م پارک و سه‌وزاییه‌ی که‌له‌سه‌ر گۆڕی شوێنه کۆنه‌کانی هه‌ولێر دروست ده‌کرێن، کۆمه‌ڵی خانوی به‌رز له نزیک قه‌رات دروست ده‌کرێن، که به‌شێکی زۆری قه‌رات داده‌پۆشن و پێشی پێ ده‌گرن. دروستکردنی ئه‌و خانوانه رێک دژی یاسای یونسکۆن که سه‌باره‌ت به پارێزگاریی شوێنی کۆن هه‌ن.
به‌کورتی له‌سه‌ر پارێزگار و ده‌سه‌ڵاته ئه‌وجا هه‌رکێ بێت که پارێزاگاریی شار بکه‌ن، جوانی بکه‌ن، شوێنه کۆنه‌کان له رووخان و تێکچون بپارێزن و نۆژه‌نیان بکه‌نه‌وه، رێگه و بان و پێداویستیه‌کانی دیکه‌ی شار جێبه‌جێبکه‌ن. بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی شتێک له‌م باره‌یه‌وه بکات یا شتێکی کردبێت، له‌سه‌ریانه و ئه‌رکه، ئه‌وه خێر نییه به‌خه‌ڵکی شاری هه‌ولێری ده‌که‌ن.
ئه‌و روونکردنه‌وه‌یه‌ی پارێزگا یا دوانه‌کانی نه‌وزاد هادی ته‌نها وشه ریزکردنه و هه‌وڵدانه بۆ شاردنه‌وه‌ی راستیه‌کان که له‌پشتی ئه‌م ماستهرپلانهدا هه‌ن. به‌داخه‌وه له‌پاڵ پرۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه ساخته و گه‌نده‌ڵیه‌کی زۆر به پرۆژه‌کانه‌وه به‌نده که له لایه‌ن هه‌ندێ به‌رپرسی بازنه‌ی سه‌رووی پارتی قۆرخ کراون، بۆیه‌ش سه‌یر نییه کۆمپانیای گه‌نده‌ڵی لبنانی و ئیماراتی و تورکی پری کوردستان بووین. ماسته‌رپلان ته‌نها پرۆژه‌یه‌کی دیکه‌ی گه‌وره‌یه له‌م پرۆژانه.
شاخه‌وان شۆڕش
12. سه‌پته‌مبه‌ری 2009
[i] زۆر واپێده‌چێ نه‌وزاد هادی وه‌کو پارێزگار به‌م کار راسپێردراوه، پلانه‌که هی ئه‌ندامانی سه‌ر به بنه‌ماله‌ی بارزانییه که وه‌ک خه‌ڵک ده‌لێن، هه‌میشه له پشتی په‌رده‌و و که‌سانی تره‌وه پلانه بازرگانیه‌کانیان جێبه‌جێده‌که‌ن. بۆیه سه‌یر نییه که خه‌ڵک به وردی نازانێ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌م پرۆژانه کێن.
سەرنج بنێرە