لەبەرچی هەدەپە سەرکەوتووە

هەدەپە هەڕەشەی داخستنی لە لایەن تورکە رەگەزپەرستەکان و ئەردۆگانەوە لەسەر بووە و بەر لە هەڵبژاردن لە لێواری داخستندا بوو، بەڵام هەوڵی تورکە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان سەری نەگرت.

لەبەرچی هەدەپە سەرکەوتووە: راستە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) خوازیاری زیاتر لە 80 ئەندام پەرلەمان بوو و نەیتوانی ئەم ژمارەیە بەدەست بهێنێت، بەڵام گەیشتن بۆ پەرلەمانی تورکیا و بەدەستهێنانی 66 ئەندام پەرلەمان و بوونیان بە سێهەم گەورەترین پارتی سیاسی سەرکەوتنە، ئەگەر بزانین، هەدەپە لەژێر گوشارێکی زۆر دابوو. بۆ نموونە ئەندامانی باڵای هەدەپە و بەهەزاران ئەندامی چاڵاکی هەدەپە لە سەر جودایی بیروڕا و ڕەخنە لە زیندان دان. ئەوە زەبرێکی کوشندەیە بەر هەدەپە کەوتووە. وە هەدەپە هەڕەشەی داخستنی لە لایەن تورکە رەگەزپەرستەکان و ئەردۆگانەوە لەسەر بووە و بەر لە هەڵبژاردن لە لێواری داخستندا بوو، بەڵام هەوڵی تورکە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان سەری نەگرت. تەنانەت جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتبووی دەبێ دادگا هەڵبوەشێتەوە، چونکە توانای نەبووە هەدەپە دابخات.

لە ڕاستیدا بەربەستی زۆر لەبەر دەم هەدەپەدا هەیە و هەدەپە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین ڕەگەزپەرستی و فاشیزمی ئیسلامی تورکی بەسەریدا زاڵە. جگەلەوە میدیای تورکی لە خزمەتی ئەردۆگاندا بوون، هەدەپە پەراوێز خراون و رێگەی قسەکردنیان زۆر کەم دراوە. لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بە ئاشکرا و نهێنی بەربەست دروست دەکرێت و تەنانەت چارەنووسی سندوقی دەنگدان نادیارە.

هەروەها سەبارەت بە دوو پالێوراوەکە بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە سەبارەت بە لاسەنگی و گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، نووسیویەتی لە ماوەی کاتی هەڵبژاردندا ئەردۆگان 32 دەمژمێر قسەی کردووە، کە لە بەرامبەردا کلیچدار 32 خولەک (دەقە) ڕێگەی قسەکردنی پێ دراوە.

دەسەڵاتی باڵا دەست جگە لە کۆنترۆڵکردنی میدیاکان، ئەو کەناڵ و پەیجانەی کە رەخنەگر بوون نزیکەی هەموویانی داخست. هەر سایت یا کەناڵێکی ناو تورکیا گوتن لە ئازادی بکات قەدەغە دەکرێت.

ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بوونی نەماوە و خەڵک لەژێر گوشاری شەپۆڵی ڕاگەیاندی دەسەڵات دایە، بەردەوام بەو ئاراستەیە دەبردرێن کە دەسەڵات دەیەوێت. زانیاری و هەوالەکان ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەکەن.

گەمارۆکانی دەسەڵات لەسەر خەڵک و مەترسی خەڵک لە لەدەستدانی بژێوی ژیانیان بەهەمان شێوە پاڵنەرە بۆ ئەوەی بەناچاری دەنگ بە سەرۆکی دەسەڵاتدار بدەن. ئەوانە و فاکتەری دیکەی ناڕاستەوخۆ هەن کە وەکو گەماڕۆ وان بەسەر مرۆڤەکانی کۆمەڵگەدا بە زیندوویی هەن. ئەو فاکتەرانە راستەوخۆ لە ڕۆژی هەڵبژاردندا نابینرێن بۆیە چاودێر بە هەڵە وادەزانێ هەلبژاردن ئازادە. دیارە توانای چاودێری سەربەخۆ سنوردارە و بێ دەسەڵاتە لە ئاست ئەو پێشێلکاریانەدا.

دیارە ئەگەر چاودێر راستەوخۆ بە بانگهێشتی دەوڵەت نەهاتبێت یا کەسانی رەخنەگر بن لە دەوڵەت دەگیرێن و دەردەکرێن، وەکو چەند چاودێرێکی ئیسپانی لە شاری سیرتی باکوری کوردستاندا گیراون و دەرکراون. سەرەڕای هەموو ئەو گوشار و پێشێلکاریانە و هی تریش هەدەپە ئەم جارەش توانی بچێتەوە پەرلەمان و 66 ئەندام بەدەست بهێنێت.

شاخەوان قادر شۆڕش

١٧/٥/٢٠٢٣