پرسیار لە لایەن گۆڤاری بۆ پێشەوە

لە ٧ەمین ساڵڕۆژی بۆپێشەوەدا خۆشحاڵین بەسەرنج و پێشنیارەکانتان بەسەرمان بکەنەوە. بێزەحمەت تاوەکو ٢٧ ی مانگ چاوەڕێی وەڵامەکەت دەکەم لەگەڵ رێزدا چ پێشنیارێکتان لە راستای بەرەوپیشەوە چوونی بۆپێشەوەدا هەیە.

وەڵام:

وەکو بەردەوامیدان  بە ستاتوسی خۆی وەکو بڵندگۆی چەپە یەکسانخوازەکان خۆی لە خۆیدا ئەرکێکی سەختە، بەڵام بێگومان بۆ ئەوەی بتوانێ بەتەنگ چینی هەژار و نەدارەوە بچێت و لە هەمان کاتدا پشتگیریی خۆی بۆ سیستەمێکی ڕەوای یەکسانخواز و ئازادیخواز درێژە پێبدات، دەبێ بتوانێ خوێندنەوەی دروست و ڕیالسیتانەی بۆ کێشە و ئازارەکانی خەڵکی ستەم دیدە هەبێت. ئەوەش بە بەرزکردنەوەی دروشم و ئایدۆلۆژیا نایەتە دی، بەڵکو دەتوانی لەڕێگەی دواندنی ڕاستەوخۆی ئەوان و گەیاندنی کێشەکانیان لەلایەن ئەوانەوە بە زمان و گوزارشتی سادەی خۆیان، وە لەم دیدەوە دۆزینەوەی یا پێشنیار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراگماتیکی هەنوکەیی بۆ کێشەکانیان، هەنگاوی گرنگن کە بنەمای ئامانجی دوورتر دادەڕێژن.

لەلایەنی گەشەدان بە بیروهزری پێشکەتووخوازانە کە لە خزمەتی چینی کرێکاران و هەژاراندا بێت، پێویستە ڕەخنەگرانە سەیری تیئۆر و ئایدۆلۆژیاکانی پێشوو بکات و وەکو ڕێژەی نەگۆڕ سەیریان نەکات، چونکە تیئۆری و ئایدۆلۆژیاش پێرفێکت نین و خاوەنی هەموو زانیارییەکان نین و هەموو چارەسەرێکیشیان لا نییە. تیئۆرییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا گۆڕان بەخۆیانەوە دەبینن وەکو کۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕاندایە.  دیارە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە ئاستێکدایە کە ئاسۆی بیر و هزری مرۆڤەکانی هەژاندووە و زۆر خێرا دەچێتە پێش کە بێگومان کاریگەریی لەسەر مرۆڤەکان زۆر بە دیاریی نواندووە. بۆیە کراوەیی لە ڕەخنە و بۆچوونەکاندا، وە پراکماتیزمیی لە هەنگاوەکاندا زۆر گرگن.

شاخەوان قادر شۆڕش

٢٦/٣/٢٠٢٣