گرتنی عەلی مەحمود ئابڕووچوونێکی دیکەی دەسەڵاتی میلیشیایە

کە مەسعود سەدامی هێنایەوە سەر کورد، ئاسایش گرتیان و هێنایانە سەر تەلەڤزیۆن!

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم لەلایەن ئاسایشەوە، لە کاتێکدا پارێزەریان لەوێ ئامادە نییە، لە کاتێکدا لە دەستبەسەریدا دەدوێن و وەکو دانپێنان بە تاوان دەردەخرێن، جۆرێک بوو لە پیشاندانی ماسولکەی مافیایی ئاسایشی سەر بە دەسەڵاتی میلیشیایی پ.د.ک. 

عەلی مەحمود و گیرانی لە ٢٥ ی ئەپریلی ٢٠٢٣دا لە شاری هەولێر لە لایەن ئاسایشەوە، لە ٩ی مای ٢٠٢٣ بە کەفالەت ئازاد کرا

دەسەڵاتی میلیشیا ڕقی لە ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستانە، هەمیشە هەوڵ دەدات بیانگرێت یا لە وڵات دەریانپەڕێنێت. لەنزیکەوە کاک عەلی دەناسم، زۆر کارمان لەسەر مافی مرۆڤ و جینۆساید بەیەکەوە کردووە. چاڵاکیەکانی زۆرن و لێرەدا ناتواندرێ بە دوو دێڕ ئاماژەیان بۆ بکرێت. سەبارەت بە تاوانکارییەکانی ڕابردوو بەرنامەی زۆر بەسوود و هەروەها نووسینی زۆر باش و بەسوودی هەن. عەلی کەسێکی سادە و هەژار دۆست و بەڕاستی چەپە و تووندڕەو نییە. ئەزموونێکی زۆر و دەوڵەمەندی هەیە و شارەزایەکی دیاری بواری ئەنفالە.

عەلی مەحمود جگە لەوەی ٣٠ ساڵە خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات و داوای دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال دەکات، ماوەی چاند مانگێک لە هەولێر بوو و ڕای خۆی سەبارەت بە تۆمەتبارانی ئەنفال و دادگاییکردنیان بە ئاشکرا وەک هەمیشە دەربڕیووە.  چەند لە سەرەتای مانگی ئەپریلدا لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی ئەو کسەی کراوەتە قایمقامی هەولێر کوڕی کەسێکە کە ماڵی خاڵم وکۆمەڵیک کەسی دیکەی ئەنفال کردووە.

بابان کوڕی ئیبراهیم حەبیبە کە لە لایەن کاوە بازیانیەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە ساڵی ١٩٨٥دا کوژراوە. کاوە بازیانی سەرۆکجاشی ڕژێمی بەعس بوو. بابان لە تۆڵەی باوکی لە ڕۆژی ٢٠ی ئەپریلدا تەقەی لێ دەکات و برینداری دەکات، کە پاشان بە برینەکەیەوە دەمرێت. دوای ئەوە بە یەک دوو ڕۆژ بابان پەنا دەباتە بەر ماڵی عەلی مەحمود لە شاری هەولێر. بابان نیازی هەبووە خۆی بداتە دەست بەڵام دوودڵ بووە لەوەی لە هەولێر یا لە سلێـمانی خۆی بداتە دەست. عەلی پێی گوتووە کە ئەو خۆی دەبێ تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکات. هەرچۆنی بێت عەلی مەحمود پەیوەندی بە کێشەی نێوان بابان و کاوە نەبووە و ئاگاداری شەڕەکەیان نەبووە، بەڵام بابان زانوویەتی عەلی داکۆکیکەری کەسوکاری قوربانیانە بۆیە چۆتە لای.

لە پرۆسەی تاوانی گەڵکوژی ئەنفالدا سەرۆکجاشە کوردەکان هەموو هەریەک بە جۆرێک لە ژێر فەرمانی سەرانی ڕژێمی بەعسدا بەشداریان کردووە. کاوە بازیانی فەرەماندەی مەفرەزەی تایبەت بووە، پیشەی ڕاوە پێشمەرگە و ڕاکردووی سەربازی یا کەسانی دیکەی دژ بە ڕژێمی بەعس. بەپێی زانیاریەکانی بە کوشتنی ٣٠ پێشمەرگە و سەربازی ڕاکردوو تۆمەتبار دەکرێت.  یەکێک لەو کەسانە بابی بابان بووە بە ناوی ئیبراهیم حەبیب.  ‌هێزە چەکدارەکەی کاوە بازیانی وەکو یەکەیەکی چەکداری سەر بە سوپای بەعس بەشداریی لە پرۆسەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨دا کردووە.

کوشتنی کەسێک لە لایەن جاشەکانەوە ئەوجا ئەو کەسە پێشمەرگە بووبێ، ڕاکردووی سەربازیی بووبێ، یا خەڵکی سڤیلی دێهاتەکان بووبێ، تاوانە و سزای لەسەرە. کەسەکە چی بووە یا نا، هیچ لە جۆری تاوانەکە لە ڕووی یاساییەوە ناگۆڕێت. دادگا کاری بەوە نییە کار و پیشەی کەسی قوربانی چی بووە. جاشەکە ئەو کارەی بۆ رژێمی داگیرکەری بەعس ئەنجام داوە، قوربانییەکەش مرۆڤێکی کوردستانە تاوانەکەی دەرهەق کراوە.کە رژێمی بەعس ڕووخاوە، مافی کەسوکاری قوربانییە کەسی تاوانبار بدەنە دادگا. وە کاتێ باس لە بوونی تاوانی کوشتنی خەڵک بەکۆمەڵ و گەلکوژی (جینۆساید) دەکەین، دادگاییکردنی تاوانباران ئەم لاو و ئەو لای تێدا نییە. لێبووردنی بەرەی کوردستانی لێبووردنی ئەوان حزبەکان خۆیانە بۆ سەرۆک جاشەکان، ئەو لێبووردنە بەهیچ جۆرێک لێبووردنی گەل نییە. بۆ زانیاری لێبووردنی بەرەی کوردستانی پێشێلی یاسای نێونەتەوەیی گەلکوژی و یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەکات. وەکو بێ گوێدانە لێبووردنی حزبەکانی کوردستان دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق داوای جاشە تۆمەتبارەکانی کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان رێگریان لە جێبەجێکردنی کرد.

لە ڕێککەوتی ٢٥/٤/٢٠٢٣دا هێزێکی ئاسایشی هەولێر سەر بە دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی نووسەر و چاڵاکوانی مافی مرۆڤ و گەلکوژی عەلی مەحمود. لە ماڵی ئەودا کەسێک بە ناوی بابان ئیبراهیم حەبیب دەستگیر دەکەن. بەپێی قسەی ئاسایش بابان بە پێی ماددەی ٤٠٦ی پیاوکوشتن گیراوە و عەلی مەحمودیش بە تۆمەتی داڵدەدانی تاوانبار دەستگیرکراوە.

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم لەلایەن ئاسایشەوە، لە کاتێکدا پارێزەریان لەوێ ئامادە نییە، لە کاتێکدا لە دەستبەسەریدا دەدوێن و وەکو دانپێنان بە تاوان دەردەخرێن، جۆرێک بوو لە پیشاندانی ماسولکەی مافیایی ئاسایشی سەر بە دەسەڵاتی میلیشیایی پ.د.ک.  ڕیز لە مافە یاساییەکانی ئەوان نەگیرا و پێشوەختە وەکو تاونبار بە خەڵک پیشاندران.  چۆن دەکرێ تۆ هەر ئەو ڕۆژە کەسی گیراو بهێنی و قسەی پێ بکەی و بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەیتەوە، بێ ئەوەی ئەو کەسە پارێزەر یا دادوەرێکی دیتبێت؟

لە وڵاتە ئازاد و دیموکراسیەکاندا پۆلیس ڕاگری یاسایە و بەرپرسە لە راگرتنی ئاسایشی ناوخۆ، بۆ نموونە هۆشداریی و سزا و گرتنی خەڵک پۆلیس ئەنجامیان دەدات. دەزگایەک نییە ناوی دائیرەی ئەمن یا ئاسایش بێت. ئەگەر پۆلیس فیلمی خەڵکی دەسگیرکراو بگرێت و وەکو دانپێنان لە تەلەڤزیۆن بە خەڵکی پیشان بدا، نەک هەموو پۆلیسەکان دەردەکرێن و سزا دەدرێن، وەزیریش دەبێ داوای لێبووردن بکات و دوور نییە ناچاری دەست لەکارکیشانەوە بکرێت، وە حکومەتیش دەشکێنێ و باجەکەی بە جۆرێ لە جۆرەکان دەدات.

٣٢ ساڵە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی دوو میرنشەکە بە پێی ئارەزووی دەسەڵاتداران مافی خەڵک پێشێل دەکەن و سوکایەتی بە خەڵک دەکەن، نە یاسا و دادگا دەناسن نە بەگرنگیی مافی مرۆڤ دەزانن، وەکو فسفس پاڵەوان خەڵکی بێ پشتیوان دەهێنن و مافی مرۆڤ بوون و هاونیشتیمانی بوونیان بێ ویژدانانە پێشێل دەکەن.

دیارە ئەگەر کەسێک تاوانێکیشی کردبێت مافی یاسایی خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لە مافەکانی بەپێی یاسا بگیرێت. هێزی پۆلیس یا ئاسایش ئەوانە دەزگای بڕیاردەر نین، تەنها ئامراز و کەرستەی جێبەجێکردنن.  لە دادگایەکی سەربەخۆی ڕەوادا دادگا سەیری کەیسەکەیان دەکات و لە کۆتاییدا دادگا بڕیاری تاوانباریی یا بێ تاوانی کەسەکان دەدات.  ئەوەی ئاسایشی پ.د.ک کردی  تەنها لە دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی خۆسەپێنەردا ئەو فسفسپاڵەوانییە دەبیندرێت.

ئەگەر دەسەڵات دامەزراوەیی و دەستوریی بێت، پۆلیس بە بڕیاری دادگا بە کاری گرتن هەڵدەستێت، کەسی گیراو لە یەکەم خولەکدا مافی پارێزەری هەیە و دەتوانێ بێ پارێزەر یەک وشە نەڵێت، ئاسایش بەهیچ جۆرێک بۆی نییە بێت لە ژووری داخراودا فیلم لە گیراوان بگرێت و بڵاوی بکاتەوە. ئەوە پێشێلی کوشندەی مافی کەسی گیراوە. پۆلیس لەسەریەتی بێت و بۆ ڕای گشتی روونیکاتەوە کێشە چییە و ئەو کەسانە لەسەر چی گیراون. هەروەها پارێزەری گیراوان ڕای خۆی بە ئازادیی دەخاتەڕوو. نەک گیراوان بێنن و بە دەستبەسەریی قسەیان پێ بکەن و رێگاش نەدەن کەس بیان بینێت.

دیارە سەرۆکی پارتی دەسەڵاتدار بڕیار دەدات ئاسایش چۆن بجووڵێتەوە و چی بکات. سەروو مەیلی لەسەر نەبێ ئاسایش ناتوانێ هیچ بکات. وەکو ئەو تاوانبارانەی لەمبەر دێنە ئەوبەر یا بە پێچەوانەوە، دەپارێزرێن و کەسیش نایانگرێت. ئاسایش خەڵک دەگرن و ئەگەر ئارەزوو بکەن فیلمی لێ دەگرن و وەکو تاوانبار بە خەڵکی پیشان دەدەن، ئەگەرنا پەردەپۆشی دەکەن و دەیشارنەوە، یا ئەگەر کەسەکە پشتی نەبوو، ئەوە خوا ڕەحمی پێ بکا.

 

شاخەوان قادر شۆرش

٢٥/٤/٢٠٢٣