ئەگەری کاریگەری بەنداو لەسەر زەویلەرزەکەی ٦ فێبریوەری و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی لە تورکیادا

دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لێرەدا گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت و گونجاون هەروەستەیەکیان لەسەر بکرێت، یەکیان سەبارەت بە سروشتیبوونی بومەلەرزەکە و کاریگەری بوونی بەنداو لەم چوارچێوەیەکدا، ئەویتریان پەیوەندی بومەلەرزەکە بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیەوەیە.

١٣/٢/٢٠٢٣، دانمارک

بومەلەرزە یا زەویلەرزە گەورەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، وە تورکیا و سوریا لە ٦/٢/٢٠٢٣دا زیانێکی یەکجار گەورەی گیانی و ئابوری بە هەموو ناوچە بەرکەوتووەکان گەیاندووە، لەکاتێکدا مرۆڤە زیندووەکانی ژێر خانووەڕووخاوەکان خەبات دژ بە کات دەکەن و لەنێوان مەرگ و ژیاندا بەهیوای ڕزگارکردنن، خەڵکی وڵاتە بەرکەوتووەکان هەژاون و ڕەخنە و گومانەکان لە زیادبووندان. گوتنی زۆر لە سروشتیبوونی یا مرۆکردی بومەلەرزەکە دەکرێت، جگەلەوە گوتن لە ئەگەری پەیوەندی هەبوونی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی تورکیا بە بومەلەرزەکەوە دەکرێت.

دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لێرەدا گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت و گونجاون هەروەستەیەکیان لەسەر بکرێت، یەکیان سەبارەت بە سروشتیبوونی بومەلەرزەکە و کاریگەری بوونی بەنداو لەم چوارچێوەیەکدا، ئەویتریان پەیوەندی بومەلەرزەکە بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیەوەیە.

یەکەم وەکو شارەزایانی زەویناسی وەکو جیوفیزیکەکان و جیۆلۆجەکان دەیڵێن لەژێر ڕووی زەویدا 7 پلێتی گەورە و زۆر پلێتی بچوک هەن، کە بەهۆی وزە و پاڵەپەستۆکانی ناخی زەوی ئەو پانتاییە گەورەو و بچوکانە بەبەردەوامی لەجووڵەدان. وەکو شارەزایان دەیڵێن هەژان و لەرزینی زەوی ڕوودەدات کاتێ لەنێوان پانتاییەکاندا لێکترخشان، لەیەکتر گیرابوون یا خزین بە تەنیشت یەکتر ڕووبدەن. ئەوان دەڵێن ئەوەی لە باکور و رۆژئاوای کوردستاندا روویداوە جوولانی پێچەوانەیی تەنیشت یەکی هاوتەریبی دوو پلێتە لەو شوێنەدا. بەمجۆرە زەویلەرزە ڕووداوێکی سروشتییە و ئەو هەرێمانەی دەکەونە سنوورەکانی پلێتە تێکنۆتیکەکان tectonic plates بەتایبەتی سێ گۆشەکان واتە لەو شوێنەی سێ پلێت بەیەکتردەگەن مەترسیدارترن کە وەکو مایکرۆ تەکتۆنیک پلات Micro tectonic plates ناسراون. سەبارەت بە زەویلەرزەکە لەو شوینەدا هەرسێ پلێتی تێکتۆنیکی ئەناتۆلی، عەرەبی و ئەفریکایی دەگەنەوەیەک. لێرەدا ڕوودانی ئەگەری بومەلەرزە زیاترە و بەپێی لێکدانەوەی شارەزایانی بواری زەویناسی دەکرێ بومەلەرزە لەم شوێنەی ئێستا هەموو سەد ساڵ جارێک یا زیاتر رووبدەن، بەڵام دیارکردنی کاتەکە سەختە.

بەڵام گرنگە سەرنجی ئەوە بدرێت کەوا بەپێی هەندێ لە نووسراو و ڕاپۆرتەکانی شارەزایانی بواری زەویناسیەوە، دروستکردنی بەنداو و گڵدانەوەی ئاوێکی زۆر لە ناوچەیەکدا دەکرێ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی تێکتۆنیک پلات tectonic plates دروستکات، بەتایبەتی ئەگەر هەرێـمێک کەوتبێتە سەر سنوورەکانی بەیەکگەیشتنی سێ پارچە پلێت وەکوی ئەو شوێنەی باکوری کوردستان ئەگەرەکانی بومەلەرزە زیاتر دەکەن. بەمجۆرە دروستکردنی بەنداو دەکرێ فاکتەرێکی هاندەربێ کە دەکرێ کاریگەری زیاتر لەسەر جووڵەی پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی دروستکات و ببێتەهۆی ڕوودانی بومەلەرزە.

بۆنمونە لەلایەن هەندێ لە زەویناسانی چینیەوە بومەلەرزەی سیچوانی Sichuan  چین لەساڵی ٢٠٠٨دا کە بەهێزی ٧،٩ ماگنیتیوت بوو و نزیکەی ٨٠ هەزار کەسی کوشت لەلایەن هەندێ لە زەویناسانەوە بە بەنداوەکەی زیپینگپووی Zipingpu نزیک ناوچە بەرکەوتووکەوە بەسترایەوە. وەکو ئەوان دەڵێن ڕاستە ناوچەکە بە زەویلەرزە ناسراوە بەڵام ئەو هەژانە بەهێزە نائاساییە و هۆکەی گڵدانەوەی ئەو هەموو ئاوەیە لە بەنداوەکەدایە.  نمونەیەکیتر بەنداوی کۆینیایە Koyna  لە هیندستان کە لەساڵی ١٩٦٧ بومەلەرزە لەنزیکیەوە بەهێزی ٦،٣ ماگنیتیوت ڕوویدا و ئەو بەنداوە وەکو هۆکاری هاندەر سەیری کرا.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە کە دکتۆر جەوهەری Dr. V. P Jauhari   نووسیویەتی و دراوەتە کۆمیسیۆنی جیهانی سەبارەت بە بەنداوەکان هاتووە کەوا بەنداوەکان بەهۆی ئاوی زۆری کۆکراوەیان دەتوانن بۆ پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی کەخۆیان لەژێر پاڵەپەستۆدان گوشار بهێنن.  هەروەها شارەزایەکی دیکەی ئەو بوارە هارش گوپتا Harsh K. Gupta ئاماژە بە ئاستی قووڵایی بەنداو لە ١٠٠ مەتر زیاتر وەکو فاکتەرێکی گرنگی دروستکردنی گوشار، وە زۆری ئاوی گڵدراوەش بەهەمان شێوە فاکتەری گرنگی مەترسیدارە.  کە دەکرێ لە لەکاتی پربوونی بەنداودا یا لە دوای پڕبوونیدا هەستی پێ بکرێت.  لەو لێکۆڵینەوەیەدائاماژە بە شوێنی هەستیاری وەکو هیمالایا، خواروی ڕۆژئاوای چین، ئێران، تورکیا و چیلی دەکرێت. ئاماژە بە زیاتر لە ١٠٠ کەیسی بومەلەرزە دەکرێت، کە پێیانوایە دەکرێ بوونی بەنداو هۆکاری هاندەربن، بۆیە داوا دەکرێ کەوا هەروەستەیەک لەبەردەم بابەتەکەدا بکرێت و بیری لێبکرێتەوە بەرلەوەی هەنگاوی دروستکردنی بەنداو لەو شوێنە هەستیارەکاندا ئەنجام بدرێت. گرنگە سەرنجی بدەین کەوا ئەو بۆچوونە نەسەڵمێندراوە و بەڵام هەندێ لە زەویناسان لەگەڵ بوونی ئەو فاکتەرە مەترسیدارەدان.

ئەگەر بیر لە پلانی هێرشی سیاسی بکرێتەوە و گریمانی ئەوە بکرێت کەوا ئەو بومەلەرزەیە هێرشێکە بۆسەر کوردەکان لەلایەن تورکیاوە، ئەوە جەیمس گاهێرتی James Gaherty پرۆفیسۆر لە بواری زەویناسیدا لە زانکۆی باکووری ئەریزۆنای ئەمەریکادا دەڵێت هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە سروشتییە و دەستکردی مرۆڤ نییە. ئەو هەرێمە بەو مەترسیانە ناسراوە و بۆیە بێگومان بومەلەرزەکە ڕووداوێکی سروشتییە. هەروەها لیسا والد Lisa Wald کە شارەزای بواری جیۆفیوسیکە دەڵێت ئەو ڕووداوە بۆیە ڕوویدا چونکە هەرێمەکە هەستیارە و سنووری سێ پلێتی جیاواز لەوێدا بەیەک دەگەن، ئەو پلێتانە بە سستی دەجووڵێن و سنوورەکانیان ماوەیەکی درێژە گیربووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو گوشاریەیان بۆ هاتووە کە تووانیوویەتی بیانخزێنێت. ئەو دەڵیت بومەلەرزە بەو قەوارە گەورەیە لە توانای ئەوە بەدەرە مرۆڤکرد بێت. دەڵێت بومەلەرزەی مرۆڤکرد کە بەهۆی مین و تێکردنی شلەی تایبەتەوە لەژێر زەویدا ئەنجام دەدرێت سنووردارە و تەوژمەکەی لە ٥ ماگنیتیوت تێناپەڕێت. لەو وتارەی بڵاوکراوەتەوە جەیمس گاهێرتی و لیسا والد ئاماژە بە ئەگەری پاڵەپەستۆی بەنداو یا پەیوەندی بەنداو بە بومەلەرزەکە ناکەن، بۆیە خۆیان لەو بابەتە نەداوە.

دووەم لەلایەکیتر بەهۆی بوونی ناکۆکی نەتەوەیی لە تورکیادا وە بەهۆی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی پاکتاوکردن کە هەر لە گۆڕینی ناسنامە، ڕاگواستن و کوشتار و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەگرنەخۆیان لەلایەن تورکیاوە وەکو چارەسەری کێشەی کورد لە باکوردا سەیری کراوە و سەیری دەکرێت، وەکو ئەو مەنتالە ڕەگەزپەرستییە لە کەمال مستەفا ئەتاتورکەوە ئەوها هاتووە و تەنانەت تا ئێستا دان بەبوونی کێشەی کورد ناندرێت و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیش بەجۆرێ لە جۆرەکان بەردەوامە.  بۆیە دروستکردنی کۆمەڵیک بەنداو کە ڕووبەرێکی زۆر بەرفراوان لەخاکی باکوری کوردستاندا لەدەڤەری ئێلەزیگ، مەلاتیە و ئەیدامان و دەوروبەریاندا دەگرنەخۆیان، دەکرێ بێ پەیوەندی بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیەوە نەبێت. تورکیا لەم ڕێگەیەوە سەدان گوند و دەیان شارۆچکە و شاری هەرێمەکە وەکو شاری حەسەن کێفی دەڤەری باتمان بەهەموو شوێنەوارەکانیەوە خستۆتە ژێرئاوەوە و بۆ تاهەتا نەیهێشت، وە دانیشتوانی ئەو هەرێمە بەرفراوانەش کە دەکرێ چەندان ملیۆن کەس بن، ناچاری ڕەوکردن کراون، دەکرێ خەڵکە ناچارکراوەکە قەربوویەکیان وەرگرتبێت، بەڵام قەرەبوو ناتوانێ زێدی دایکوباپیرانیان بەدەستبهێنیتەوە. ئەوانە گەلێکیان بە ئازادی یا نائارەزوومەندانە بۆ شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان ڕەودەکەن و نیشتەجێ دەبنەوە و ناگەڕێنەوە.  بۆیە ناڕاست نییە ئەگەر پرۆژەی گاپ وەکو کەرستەیەک بۆ جێبەجێکردنی پاکتاوی ڕەگەزی لێکبدرێتەوە. چونکە دەرئەنجامی ئەوهای هەیە کە دەچێتە چوارچێوەی ئامانجەکانی پاکتاوی ڕەگەزی. خودی ناونانی بەنداوە گەورەکە بە بەنداوی ئەتاتورک لە جەرگەی خاکی کورداندا سەرچاوە لە مەنتالی ڕەگەزپەرستانەی دژ بەکوردی تورکیا وەردەگرێت. وەکو ئەتاتورک ئەو سەرکردەیەی تورکیا بوو کە قەدەغەی هەموو بەها و تایبەتمەندییە نەتەوەییە کوردیەکانی کرد و هەموو کوردەکانی وەکو تورک ناونوس کرد و وەکو تورکی کێوی ناساندنی و نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی کورد لە تورکیا کرد.

دروستکردنی بەنداوی گەورە لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپ[i] لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ڕووبەرێکی گەورەی باکوری کوردستاندا، بێگومان کۆمەڵی ئامانجی هەیە، یەکەم بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ وڵات، دابینکردنی ئاو بۆ باشترکردنی کوشتوکاڵی ناوچەکانی دەوروبەر، پەیداکردنی کار، بەڵام ئامانجێکی گرنگیش کۆنترۆلکردنی ئاو و ڕێژەی بەردانەوەی ئاوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕێژەی ئاو لەسەر باشوری کوردستان و ئێراق و سوریادا هەیە و دەتوانێ وەکو چەکێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیا بەکاربهێندرێت.  دیارە پڕکردنی بەنداو ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان وەکو کەمبوونی ئاوی دیجلە و فورات دەیان ساڵە هەیە و بۆتە هۆی وشکبوونی زەنگاوەکانی خوارووی ئێراق بۆ نموونە. هەروەها گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین کەوا دروستکردنی بەنداوی گەورە زیانیشی لەلایەنی ژینگەوە زۆرن، لەوانە زیانگەیاندنی بەسامانە ئاویەکان کە دەرهاویشتەی سروشتیی کەمبوونەوەی ئاون، وشکبوونی زەنگاو، بەهەڵمکردنی ئاو بەڕێژەیەکی زۆر، زۆربوونی فرێدانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، نەمانی گەلێک جۆری ڕووەک و گیانەوەر و هتد.  بۆیە دەکرێ پارێزەرانی ژینگە دژی دروستکردنی بەنداوبن.

ئەگەر بزانین بەنداوی ئەتاتورک دەتوانی نزیکە ٤٥ ملیار مەتر سێجا ئاو گڵداتەوە لە شوێنێکدا کە بە مایکرۆ تەکتۆنیک پلات ناسراوە، وەئەگەر سەیری نائاساییبوونی بەهێزی هەژان و زەویلەرزەکە بکەین بێگومان پێکچوون لەگەڵ ئەو زەویلەورزەیەی ناوچەی سیچوانی چیندا هەیە. ئەو زەوی لەرزەیەی باکوری کوردستان نائاسایی بووە وەکو پێشتر زەویلەرزەی تۆمارکراو خۆی لە ٦ ماگنیتیوت داوە بەڵام ئەوەیان ٧،٤ و ٧،٨ ماگنیتیوت بووە کە زۆر هێزتر و بەتەوژمتر بووە. بەمجۆرە گڵدانەوەی ئاوێکی یەکجار زۆر کاریگەری لەسەسەر هاوسەنگی پانتاییەکانی ژێرزەویدا دەکرێ هەبووبێت. لەو ڕوانگەیەوە و ئەگەر ئەوە ڕاست بێت و بتواندرێ بسەڵمێندرێت کەواتە فاکتەرێکی هاندەری گرنگی زەویلەرزەکە لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراوە. بۆیە دەکرێ ڕووداوی بومەلەرزەکە کە بە کارەساتێکی سروشتی لێکدەدرێتەوە تەواو سروشتی نەبێت و زیادکردنی تەوژمەکە بەهۆی بەنداوەکەوە بووبێت. کاریگەریی بەنداوی ئەتاتورک لەسەر ئەو زەویلەرزە بەهێزە چی بووە بێگومان شارەزایان دەتوانن قسەی زیاتری لەسەر بکەن. بەڵام ئێمە دەتوانین بەراورد و لێکچواندن لە نێوان ڕووداوەکاندا بە پێی زانیاری شارەزایان بکەین.

جگە لەو سوود و زیانانەی کە ئاماژەمان بۆکردن، دەکرێ سەرانی ناسیونالیستی تورکیا تەنها بیریان لە چۆڵکردنی هەرێمە کوردیەکان وەکو یەکێک لە ئامانجەکانی پرۆژەیەکی گەورە کردبێتەوە، هەروەها بیریان لە بەکارهێنانی ستراتیژیانەی ئاو لە داهاتوودا بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ کردبێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی بومەلەرزەوی گەورەی لەو شێوەیە نەبووبن. هەرچۆنی بێت دەرئەنجامەکانی ئەو بوومەلەرز گەورەیە کە دەکرێ ژمارەی قوربانیانی بگاتە نزیکی ٤٠ هەزار کەس یا زیاتر، کە دەکرێ نزیکەی یا زیاتر لە سەدا پەنجای خەڵکی کوردستان بن، دەرهاویشتەیەکە دەچێتە ژێر سێبەری ئەو ئامانجانەی لە پاکتاوی ڕەگەزیدا خوازراون. بۆنمونە نەمانی دەیان هەزار کەس لە ئەندامانی سەر بە نەتەوەی کورد کە لەلایەن تورکە ناسیونالیستەکان نەخوازراون، بۆ سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی تورکی وەکو دیاری وایە چونکە لە جیاتی کۆمەلکوژکردنیان بە کردارێکی سروشتی لەناوچوون و کەسیش ناتوانێ ڕەخنە لە تورکیا بگرێت، ناچارکردنی خەڵک لە کۆچکردن و ئاراستەکردنیان بۆ شوێنی دیکە و بەجۆرێک کە دەوڵەت دەیخوازێت وەکو ئەوەی لێدێت دەوڵەت خۆی ڕایانگوازێت، وێرانبوون و کاولبوونی شوێنەوارە کۆنە کوردیەکان ئامانجێکی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزییە و هتد. بەمجۆرە لەڕێگەی بومەلەرزەوە ئەنجامی خوازراو بەدەستهێندراوە. ئەو لێکدانەوەیە سەیر نییە ئەگەر بزانین ڕق و دژایەتی تووندی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر تەنانەت ناوهێنانی بوونی کێشەی کورد لە تورکیادا بە ئاشکرا هەیە، وە ئەگەر کەمێک بگەڕێنەوە دواوە و سەیری بومەلەرزەکەی شاری وان لە ساڵی ٢٠١١دا بکەین کە بووەهۆی مردنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس، ئەوسا ڕووداوەکە بەدڵی تورکە ناسیونالیستەکان بوو و لەکەناڵیکی ئاسمانی تەلڤزیۆنی تورکیادا بەئاشکرا هیوای ئەوە دەخواسترا و تکا لە خودا دەکرا کەوا ئەو جۆرە کارەساتانە لە شارەکانی دیکەی کورداندا ڕووبدەن و خانووەکان بەسەریاندا بڕوخێن. لەدیدی ئەوانەوە ڕووخانی خانووەکان بەسەر خەڵکەکەدا و لەناوچوونیان بۆ تورکیا و یەکڕەنگی نەتەوەی تورک زۆر پێویستە. ئێستا لەم زەویلەرزەیەدا ئەو ئامانجەی ئەو ڕەگەزپەرستەکان بێگومان هاتۆتەدی. ماڵوێرانی سەدان هەزار کەس و لەدەستدانی بژێوی ژیان و لەبارچوونی خەون و ئاوتیان، دەربەدەربوونیان لە زێدی دایکوباپیرانیان بۆ ئەوان کێشەیەک نییە، وەکو بۆ ئەوان باشترین کورد، کوردێکی مردووە.  بەکوردیەکەی بۆ ئەو ڕەگەپەرستانە ئەگەر بومەلەرزەکە بەدەستی ئەوان نییە بەڵام بەدڵی ئەوانە.  دەکرێ ڕەخنە لەو ئاماژەیەمان بگیرێت و بڵێن ئەوەی بەسەر کوردەکاندا هاتووە بەسەر تورکەکانیشدا هاتووە. ڕاستە بومەلەرزەکە جیاوازی لەنێوان نەتەوە و ڕەگەز ناکات و ڕووداوێکە بەسەر خەڵکی هەرێمە بێجیاوازی هاتووە، بەڵام دوو خوێندنەوە دەگرێتەخۆی، چونکە نەتەوەی کورد لەژێر سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوون و مافەکانی دایە و هەستیارە بەرامبەر بەهەر لێدان و کەمکردنەوەیەک لە قەوارە و بەها نەتەوەییەکانی، هەرچی نەتەوەی تورکە خۆی نەتەوەی زۆرینەی باڵادەستە، بەکەمبوونەوە و ڕەوکردن نە زیان بە خاکی نە بەڕێژەیان لە ئاستە بەرفراوانەکەدا دەگات.

بێگومان تاکو سەرانی تورکیا سیاسەتی نکۆڵیکردن و توواندنەوە بەرامبەر بە گەلی کورد و گەلانی دیکە پیادە بکەن، ناتوانن چارەسەری کێشە ئەتنی و نەتەوەییەکانی ناو تورکیا بکەن و هەرگیز ناتوان ئاشتی لە وڵاتدا بەدەستبهێنن. دیارە کوردەکان مافی خۆیانە دان بە بوونیان لە خاکی دایکوباپیرانیاندا بندرێت و لە سایەی چارەسەرێکی دیموکراسیانەی درێژخایەندا بە مافە ڕەواکانیان بگەن.

پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە کەوا ئەو بومەلەرزە ترسناکەی لە هەرێمەکەی داوە، سنوور ناناسێت، ڕەگەز و نەتەوە و ڕەنگ و دین ناناسێت، وێرانبوون و زیانەکە بەسەر هەرێمەکدا بەگشتی هاتووە. ئەوەی خانووبەرەی باش و تۆکمەی هەبووبێت زیانی کەمی بەرکەوتووە ئەوەی دی کە بەداخەوە چینە هەژار و ناوەندیەکەن زۆرترین زیانیان واپێدەچی بەرکەوتووە.  پێویستە هاوکاری و یارمەتی بۆ هەمووان وەکو یەک و بێ جیاوازی نەتەوە و دین و ڕەگەز بەیەکسانی بێت و بگاتە هەموو شوێنێک.  بەداخەوە حکومەتی تورکیا لەئاست ئەو دادوەری و یەکسانیەدا نییە، وەکو خەڵکی شارەکوردەکان ڕەخنە و تووڕەیی زۆر لەبەرامبەر بزریی هاوکاری حکومەتدا دەردەبڕن.

لە کۆتاییدا من لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیبووم ئەو ڕووداوە تەواو سروشتییە و پەیوەندی لە دوور و نزیکەوە بە دین و بڕوای مرۆڤەکانەوە نییە، بێگومان مەبەستم دین و بڕوای ئایینی مرۆڤەکانە و دووبارە دەڵێمەوە کە ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە دین و بڕوای ئایینی مرۆڤەکانەوە نییە. واتە خەڵک نوێژ دەکەن یان نایکەن، یا وابەستەی ڕێساکانی ئایینی ئیسلامن یا نا پەیوەندی لە دوورونزیکەوە بەو ڕووداوەوە نییە. وەکو سەبارەت بە ڕووداوە سروشتیەکان لێکدانەوەی ئایینی لۆژیکی و زانستی نیین. بەستانەوەی ڕووداوە سروشتیەکان بە ئایین گوتنێکە دەرهاویشتەی بیروهزری هەڵەبستراو و خەرافیانەی کۆنی کتێب و موفەسیرە ئایینیەکانە کە هیچ بنەمایەکی هۆشمەندانەی واتادار و بەڵگەئامێزی نییە.

تێبینی: هەموو ئەو بیرو بۆچوونانەی لەسەر زەویناسی و بومەلەرزەوە نووسراوە لە سەرچاوەکان وەگیراوە و ڕای من نین، چونکە من زەویناس نیم و لەم بوارەشدا شارەزا نیم.

 

شاخەوان قادر شۆرش

١٣/٢/٢٠٢٣

 

سەرچاوەکان

DÆMNINGER:KATASTROFE OG VELSIGNELSEhttps://fjernenaboer.dk/temapakke/kampen-om-vandet/geografi/tema-2-daemninger/artikel/

Forskere: Kæmpe dæmning satte gang i jordskælv i Kina, https://ing.dk/artikel/forskere-kaempe-daemning-satte-gang-i-jordskaelv-i-kina-95513

Ekspert: Tyrkiets placering på tektonisk ‘mikroplade’ giver masser af jordskælv:https://www.dr.dk/nyheder/indland/derfor-er-tyrkiet-og-syrien-saa-haardt-ramt-af-jordskaelv?fbclid=IwAR2JpxGVyHNqGwZm_VSgiUI4xsZ_DgG4JaIM9qbtAJqDMWv8O8e9Rfswmx8

Turkey-Syria earthquakes: a seismologist explains what has happened, Published: February 6, 2023 9.06pm CET Updated: February 7, 2023 7.37am CET
https://theconversation.com/turkey-syria-earthquakes-a-seismologist-explains-what-has-happened-199340

Earthquakes Triggered by Dams, https://archive.internationalrivers.org/earthquakes-triggered-by-dams

Harsh K Gupta, 2002, A review of recent studies of triggered earthquakes by artificial water reservoirs with special emphasis on earthquakes in Koyna, India, Earth-Science Reviews,Volume 58, Issues 3–4, October 2002, Pages 279-310, available at https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0012825202000636

Tom Kertscher, February 9, 2023,The earthquake in Syria and Turkey was a real natural disaster, and not a political attack, available at: https://www.politifact.com/factchecks/2023/feb/09/instagram-posts/earthquake-syria-and-turkey-was-real-natural-disas/?fbclid=IwAR03fpDk5UlNP8FQ7QWNIZsdjGEEN-3O5cdMsuKNww0uJwPUknbFIgPWCUA

Matthew Cappucci, February 7, 2023, The Washington Post, “What triggered the Turkey quakes? Why was the second so big? Key questions, answered,” Feb. 7, 2023, available at: https://www.washingtonpost.com/weather/2023/02/07/earthquake-turkey-syria-causes-damage/

Shai Oster, Giant Dam May Have Triggered Sichuan Quake, February 6, 2009, Originally published in The Wall Street Journal  available at: https://archive.internationalrivers.org/resources/giant-dam-may-have-triggered-sichuan-quake-2841

 

[i]  پڕۆژەی گاپ (GAP)   Güneydoğu Anadolu Projesiبریتییە لە پرۆژەی دروستکردنی ٢٢ بەنداو لە هەردوو ڕووباری فورات و دیجلە لە باشور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی ئەنادۆڵ کە باکوری کوردستانە. پڕۆژەیەکی زەبەلاحە و %٩،٥ ی ڕووبەری تورکیا دەگرێتەوە،  لە ساڵی ١٩٧٠ـوە بڕیاری لەسەردراوە و لە ساڵی ١٩٧٥ ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. لەلایەن ئازادیخوازانی کوردەوە لە زووێکەوە ناڕەزایی دژی ئەو پرۆژەیە دەربڕدراوە، وەکو پڕۆژەیەکی ڕەگەزپەرستانە خوێندراوەتەوە، وەکو بەشێکی دیاری خاکی باکوری کوردستان دەخاتە ژێر ئاوەوە و هەرچی شوێنەواری ڕووبەرەکە هەیە نایهێڵێت، هەروەها دەبێتە هۆی کۆچپێكردنی نائارەزوومەندانەی سەدان هەزار کەس لە هەرێمەکەدا.