پێشگرتن بە بەعەرەبکردن بەپێی یاسا

دەکرێ بەپێی پلانی داڕێژراو لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند یا دەرەکی ئەو بەعەرەبکردنە پیادە بکرێت، ئەوەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.

لەکاتێکدا کوردستان کێشەی نەتەوەیی و خاکی لەگەڵ ئێراقدا هەیە، نابێ عەرەب بۆیان هەبێ مولک لە کوردستان بکڕن و دیموگرافیای دانیشتوانی کوردستان بتوانن بگۆڕن. دەبێ بەیاسا پێش لە شاڵاوی نیشتەجێبوونی عەرەب بگیرێت. ئەوەش رەگەزپەرستی نییە، بەڵکو پارێزگارییە لە بوون و نیشتیمان. عەرەب وەکو هەر نەتەوەیەکی تر دەتوانن بێنە کوردستان و پێویستە ڕێز لە مافەکانیان وەکو هاوڵاتی بگیرێت، بەڵام لە باری مولکداریدا مافی کڕین و بەناو کردنی مولکی کوردستانیان نابێ هەبێت.

هەندێ نمونە لە ئەگەری پەیدابوونی مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیایدا.

  1. ئیتالیا وڵاتە و سەربەخۆیە، بەڵام یاسایەکی نوێی داڕشت کەوا ڕووسەکان نەتوانن مولکی ئیتالی بکڕن و بەناویان بکرێت. ئەوە لەدوای ئەوە هات مولکی هەرزان لە شارەکانی خوارووی ئیتالیادا هەن، سەیریان کرد وردە وردە روسەکان دێن و مولکەکان دەکڕن، ئەوانیش بۆ بەرگرتن بە مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافیا ئەو یاسا نوێیەیان داڕشت.
  2. دانیمارک وڵاتە و سەربەخۆیە، بەڵام بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مولک و دیمۆگرافیای خۆی بکات، بەیاسا قەدەغەی فرۆشتنی خانوەکانی هاوینەی کەنار دەریا بە ئەڵمانەکان کراوە.

بێگومان ئەگەر یاسا نەبێت دیمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕێت، وەکو عەرەب زۆرینەی رەهان و ئەگەر بەیاسای یەکسانی لە مولکداریدا خۆبسەپێنن ئەوا کورد زیانی گەورەی بەردەکەوێت. چون ئەگەر کورد بچێتە شارەکانی عەرەب نیشتەجێ بێت بەپێی تێپەڕبوونی کات لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا دەتوێتەوە، بەڵام ئەگەر بەدەیان و سەدان هەزار عەرەب بێنە کوردستان بێگومان ئەوان لە کۆمەڵگەی کوردیدا ناتوێنەوە بەڵکو دیمۆگرافیا دەگۆڕن و دەکرێ گوند و شارۆچکە بەتەواوی بخەنە ژێردەستی خۆیان و لە شارە گەورەکانیش قورسایی دیار پەیدا کەن.

گۆڕانی کەش و هەوا و وشک بوونی زیاتر بێگومان کاریگەری لەسەر ڕەوی عەرەب بۆ کوردستان هەیە، وڵاتی ئەوان ڕوو لە وشکبوون دەکات و پلەی گەرما بەرزترە لە پێشوو، بۆ ئەوان نیشتەجێبوون لە کوردستان باشترین چارەسەرە.

دەکرێ بەپێی پلانی داڕێژراو لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند یا دەرەکی ئەو بەعەرەبکردنە پیادە بکرێت، ئەوەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.

ئەگەر بۆ وڵاتێکی پێشکەوتووی سەربەخۆ پێویستبێ بەر مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیا بگرێت، ئەوا بۆ نەتەوەیەکی نائازاد نەک پێویست بەڵکو ئەرکی بێ ئەملاوئەولایە.

ئەرکی دەسەڵاتە بە وریاییەوە لەەو پرسە هەستیارە بروانێ و بەیاسا بەر بە مەترسیەکان بگرێت.

شاخەوان قادر شۆڕش

٢٥/١١/٢٠٢٢