درۆ و ساختە! ئایا پەتی درۆ کورتە؟

هزری ساختە دەتوانێ رێسا و مۆراڵ دابڕێژێ و مرۆڤەکان بگەوجێنێ و بیانکاتە جانەوەری جوانی و ژیان، ژین لێک تاڵ کەن و بە خراپی یەک دڵ خۆش بن، ببنە چاودێر و سیخوڕی دژ بەیەک و وەکو هەوری ڕش ئاسمانی ژین بتەنن.

درۆ و ساختە! ئایا پەتی درۆ کورتە؟ دەکرێ لە هەندێ باردا وابێت و لە هەندێ باردا هەروا ئاسان نەبێت. دەکرێ درۆ لە ماوەی چەند چرکەیەک، خولەکێک، دەمژێرێک یاخود لە ماوەی چەند رۆژێک، هەفتەیەی یا مانگێکدا ئاشکرا بێت، دەکرێ تەمەنی درۆ ساڵان تێپەڕێنێت تا ڕاستی ئاشکرا دەبێت، بەڵام دەکرێ تەمەنی سەدان ساڵ تێپەڕێت و ڕۆژ لە دوای رۆژ هەرمێنی ببێت. درۆ هەیە هەرگیز ئاشکرا نابێت، وەکو ئەوەی تاوان هەیە هەرگیز ئاشکرا نابێت. هەموو ئەوانەی لە ڕووی ڕاستەقینەی رووداو یا هزرێک نەگەیشتن و سەریان نایەوە ئەوانە هەرگیز ڕاستیەکانیان بۆ ئاشکرا نەبوو و نەیانزانی ڕاستی چییە. هەموو ئەوانەی بۆ بڕوا و هزرێکی هەلبەستراوی ساختە گیان بەخت دەکەن، دەمرن و نازانن ڕاستی چی بوو، نەشیانزانی بۆ درۆ و لەپێناوی درێژەدان بە زیانەکانی درۆ ژیان.

هزری ساختە دەتوانێ رێسا و مۆراڵ دابڕێژێ و مرۆڤەکان بگەوجێنێ و بیانکاتە جانەوەری جوانی و ژیان، ژین لێک تاڵ کەن و بە خراپی یەک دڵ خۆش بن، ببنە چاودێر و سیخوڕی دژ بەیەک و وەکو هەوری ڕش ئاسمانی ژین بتەنن.

دەکرێ درۆ و ساختە، دزی و گەندەڵی هێندە بە هەڕمێن بن و بەجۆرێک کاریگەریان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەبێت، بەڕادەیەک ببنە بەهای گرنگی پێگە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییە ساختەکان و کەسایەتییە کارتۆنیەکان بە شانازیەوە برەوی پێ بدەن. مرۆڤەکان بەپێی چەندین دەمامکی ساختەوە خۆبنوێنن و هەوڵی گەیشتن بە پلەی بەرزتر لە بازنەی یا کۆمەڵگەی گەندەڵ و ساختەدا بدەن. داهێنان لە شێوەو و جۆرەکانی بکەن و وستایی تێدا بنوێنن. کامە بێشەرمتر و شاخدار ترە ئەگەری زێتر چوونە پێشی هەیە. زۆرینە بە درۆ فرمێسک بۆ درۆ هەڵدەڕێژن و سوێندی بە ناو دەخۆن.

لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ڕاستی مرواریەکی دەگمەنە و تەنها کەمینەیەک دەتوانن تروسکایی ببینن. لە کۆمەڵگەی ساختەدا کە بەها و مۆرالە بەرزەکان باویان نەماوە، ڕاستگۆیی وشکە ڕێگەیەکی سەختی بیابانە، هەورازەڕێیەکی هەناسە بڕە، تەنها ورەیەکی بەرز دەتوانێ بیگەیەنێتە کانیاوی ڕوون و هەواری ئارام

شاخەوان قادر شۆڕش

٨/١٠/٢٠٢٢