هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر و ئەگەری هەناردەکردنی گاز

ئێراق هەوڵی کۆنترۆلی تەواوی سامانی سروشتی کوردستان دەدات، ئێران بەچڕی کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات و واپێدەچێ بزوێنەری بڕیارەکانی بەغدایە.

ئیسرائیل دەمێکە لە سوریا لە بنکە ئێرانیەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەدات، ئێرانیش واپێدەچێ لە باشوری کوردستاندا لە هەر جموجۆلێک یا بنکەیەک دەدات کە هی ئیسرائیل بێت. هەردوولا دژی یەک ئەو هێرشانە دەکەن.

ئەگەر ئەو شوێنەی (ماڵی شێخ باز) لە هەولێر لێی دراوە بنکەی نهێنی بووبێت یا کۆبوونەوەی نهێنی لێ کرابێت، ئەوە ئامانجی هەنوکەیی ئێران بووە. بنکە هەبووە یا نا، کێ لەوێ بووە، چەند کوژراو بریندار هەبووە، ئێمە نایزانین و ئاشکراش ناکرێت. بەڵام رژێمی ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی هەولێر ئاگادار دەکاتەوە کە ئەوە ئاکامی ئەم جۆرە کارانە دەبێت.

دوای ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی لە 2017 دا ستاتوسی گەلی کورد زیانی کوشندەی بەرکەوت، باشوری کوردستان لە ئاستی ئێراق و جیهاندا زۆر لاواز کرا.

ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی باشوری کوردستان لە بواری سامانە سروشتیەکاندا کە هەیبوو، دوای ئەوە زۆر سنوردارکرا و وەکو ئێستا گەیشتە بڕیاری دادگای باڵای ئێراقی کە دەیەوێ کۆنترۆلی تەواوی داهاتی نەوت و گاز بکات.

کورد دەڵێ چی بچێنی ئەوە دەدووریەوە، ئەوە دەرئەنجامی سیاسەتی خێڵەکیانە، هەروەها ئەو دەستورە ئێراقی و ئێراقەیە کە خۆیان مۆریان کرد و دروستیان کردەوە. دیارە دەبێ بیری بخەینەوە کە لە ئێراق و باشوری کوردستاندا یاسا و دەستور نایخوا و بڕیارەکانی دادگا سەربەخۆ نین. دەسەڵاتی دادوەری لەژێر ڕەحمەت و بەزەیی بڕیارە سیاسیەکاندایە.

سەبارەت بە هێرشەکە دەکرێ مەبەستی ئێران چەند ئامانجێکی دیکەش بێت، کە لە پۆستەکانی پێشوودا بەپێی دیدە جیاوازەکان ئاماژەمان بۆ کردووە، وەکو هێرشەکە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاش مەترسی هەبووە.

بەڵام گریمان مەبەستی ئێران بەرگرتنە بە هەناردەی گازی سروشتی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا. پرسیار: ئایا باشوری کوردستان بەلا گونێکی قۆڕەوە دەتوانێ گازی سروشتی کوردستان رەوانەی تورکیا و ئەوروپا بکات؟

ئێراق هەوڵی کۆنترۆلی تەواوی سامانی سروشتی کوردستان دەدات، ئێران بەچڕی کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات و واپێدەچێ بزوێنەری بڕیارەکانی بەغدایە.

تورکیا هەرگیز لەگەڵ سەربەخۆیی ئابوری کوردستاندا نییە، بەڵام دەکرێ لەگەڵ ڕێگەچارەیەک بێ کە سوودێکی ئەوتۆ نەداتە کورد، بەڵام بۆ تورکیا سوودی هەبێت. سەبارەت بە باشور، تورکیا هەمیشە کوردێکی تێکشکاو و چەپۆکبەسەری دەوێ، وابەستەی خۆی بکات و لێی بخوا، کەی بخوازێ تێی هەڵدا.

لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی باشوری کوردستان پارچە و لاواز و ناسەربەخۆیە دەتوانێ چی بکات؟

دەسەڵاتی هەولێر لەمبارە لاوازەی خۆیدا ناتوانێ هیچ بڕیارێکی ئەوتۆی یەکلاکەرەوە بدات، چونکە ئەو دەسەڵاتەی نییە. ئێران و ئێراق دژی هەر هەنگاوێکی سەربەخۆی هەرێمن.

تورکیا دەیەوێت گازی سروشتی وەرگرێت و بۆ ئەوروپاشی بنێرێت، بەڵام دەبێ لەگەڵ بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو بگونجێت وەکو ئاماژەمان بۆ کرد. بەڵام بێ بڕیاری زلهێزێک دەسەڵاتی ئەم هەنگاوەی نییە. ئەگەر بڵێین ئەو زلهێزە ئەمەریکایە، ئایا ئەمەریکا دەتوانێ چی بکات لە کاتێکدا رۆزنەفتی ڕوسی کاریگەری هەیە وە لە دوای ریفراندۆمەوە، ئەمەریکا جۆرێک لە پشتگیری زیاتری بە ناوەندکردنی سەرچاوەی سروشتی هەبووە.

ئەگەر ئەمەریکا خوازیاریش بێت بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەمەریکا بێگومان رۆزنەفتی ڕوسی و ئێران و ئێراقن. جگەلەوەی بەپێی سەرچاوەکان بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گاز خەرجی و بنیاتنانێکی زۆر زۆری گەرەکە و چەندین ساڵ دەخایەنێت تاکو بگاتە ئاستێکی گونجاو.

رۆزنەفتی ڕوسی وەکو گەورەترین کۆمپانیای دەرەکی دادەندرێت لە باشوری کوردستاندا، کە کۆمەڵێ پڕۆژەی گەورەی بۆ خۆی گڕداوە. سەدا 60 ی بۆریەکانی نەوت لەژێر کۆنترۆڵی ئەودایە، کار لەسەر چەند گێڵگەیەکی گەورەی دەرهێنانی نەوتدا دەکات، کۆنتراکتی بەرهەمهێنان و هەناردەی گازی سروشتی هەیە.

روسیا لەڕێگەی رۆزنەفتەوە کاریگەری لەسەر باشوری کوردستان هەیە. بەڵام چۆن ڕوس جێگەی پێی خۆی لە باشور کردەوە؟ دوای ریفراندۆم ئابوری باشوری کوردستان، بەهۆی بوونی دەیان ملیار دۆلاری قەرز بە کۆمپانیاکانی نەوت، بەرەو داڕمان چوو. وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن ئەوسا بەپێی رێکەوتنێک لە ساڵی 2018 دا رۆزنەفت زیاتر لە دوو بلیۆن دۆلاری دایە هەرێم و لە داڕمان ڕزگاری کرد. ئەوسا رۆزنەفت لەنوسراوەکانی خۆیدا ئەوەی بڵاوکردەوە کەوا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی 250 ملیۆن دۆلاری وەکو شیرنی داوەتە کەسێک لەباشوری کوردستاندا. گوترا ئەو کەسە مەسرور بارزانیە، کە خۆی ڕەتی دەکاتەوە.

روسیا ستراتیژیانە هاتۆتە ئێراق و کوردستان، بۆیە دەرهێنانی بەڕە لەژێر پێی روسیا بۆ ئەمەریکا ئاسان نابێت لەکاتێدا ئێستا لە جەنگی بەرفراوانی ئابورین دژ بەیەک.

ئایا ستاتوسی روسیا و بەرژەوەندیە ئابوریەکانی لە باشوری کوردستاندا چەند بەر گەماڕۆ دەکەوێت و زیانی چەند پێ دەگات، دیار نییە، چونکە ڕوسیا پشتگیری ئێران و بەغدای هەیە. بوونی کاریگەری رۆزنەفت کارتێکی باشە بۆ ڕوسیا بێگومان. بۆیە دەکرێ روسیا لەڕێگەی ڕێکەوتنی لەگەل بەغدا و هەولێردا گرنگی زیاتر بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بدات و بە داهاتەکەی کەمێ لە زیانی گەمارۆکەی ڕۆژئاوا کەمکاتەوە.

سەبارەت بە دەسەلاتە دووکەرتەکەی باشور، دەکرێ لەکۆتاییدا بڵێین سیاسەتی سەرانی کورد لەباشور سیاسەتێکی سەرەتایی خێڵەکیانە بووە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە، خێل و حزبی دۆگمی و کۆنەپارێز. ئەوان گەلی کوردستانیان لە باشور تووشی شکستە سیاسی و ئابووریەکان کرد. وایانکرد لەلایەن زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان وەک داشی دامە یاری پێبکرێت، هەمووشی لەسەر حیسابی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان.

شاخەوان قادر شۆڕش

15-3-2022