ئەوەی ئۆکرانیای گەیاندە ئێرە زیلینسکی نەبوو

ئەوەی ئۆکراینا لە روسیا جیاکردەوە سەرۆکە نوێکەی “زیلێنیسکی” نییە، بەڵکو شۆڕشی نارجی بوو لەساڵی 2004 دا کە ڕێگەی خۆی لە روسیا جیاکردەوە و هەنگاوی بەرەو ئازادی و ڕۆژئاوا نا.

ئەوەی ئۆکراینای گەیاندە ئێرە زیلینیسکی نەبوو: ئۆکراینا ئازادی و کرانەوەی بەڕووی ڕۆژئاوا هەڵبژارد ئەوەش باجەکەی قورس بوو. لەگەڵ هەبوونی گەندەڵی و دەسەڵاتی سیاسی لاواز، شایانی گوتنە ئۆکراینا هەنگاوی دروستی بەرەو دیموکراسی نا، هەلبژاردن دەکرا و کۆمەڵێ پارتی سیاسیش هەن، زیلینیسکی کەسێکی کۆمیدکار بێ هیچ باکگراوندێکی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی هەلبژێردرا، کە بەڵگەی بوونی هەلبژاردنی دیموکراسیانە دەسەڵمێنێت.

دوای ڕوخانی سۆڤیەت، روسیا هەرگیز نەیتوانی ببێتە دیموکراسی. دوای یەلتسن پوتین دەستی بەسەر دەسەلاتدا گرت و بەرەو سیستەمێکی ئۆتۆکراتی دیسپۆتی هەنگاوی نا و پلانی فراوانخوازی داڕشت و کاری بۆ گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی روسیا کرد وەکو ئێستا دەرهاویشتەکانی دەبینین.

ئەوەی ئۆکراینا لە روسیا جیاکردەوە سەرۆکە نوێکەی “زیلێنیسکی” نییە، بەڵکو شۆڕشی نارجی بوو لەساڵی 2004 دا کە ڕێگەی خۆی لە روسیا جیاکردەوە و هەنگاوی بەرەو ئازادی و ڕۆژئاوا نا.

سەرکەوتنی یوشینکۆ و لاچونی یانۆکۆڤیچی سەر بە روسیا، پوتێنی دژ بە ئۆکراینا جوڵاند و ئاژاوەکانی ناو وڵات و گەمارۆکانی ڕوس دەستیان پێکرا. پوتین لە 2014 نیمچە دورگەی کرمی گرت و خستیە سەر ڕوسیا، لە هەرێمی دۆنباس شەڕی بەرپاکرد و بەهەزاران کەس بوونەسووتەمەنی، بەشێکی هەرێمەکە لەدەست ئۆکراینا بەکردەوە دەرچوو.

روسیا 8 ساڵە لەگەڵ ئۆکراینا لە ناکۆکی و شەڕدایە. پوتین دەیتوانی بێ شەڕ ئۆکراینا ناچار کات نەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام پوتین ئۆکراینای وەکو بیانوو بەکارهێنا و ئەو لەلایەک هەوڵی ئامانجێکی گەورەتر دەدات و لەلایەکیتر ناتوانی قبووڵی وڵاتێکی دیموکراسی و کراوە لە سنوری خۆیدا بکات.

روسیا بێلەروسی لەژێر چنگدایە، لە کازاخستاندا سەرکوتی خەڵکی کرد و دەسەڵاتی ئەوێش لەژێر فەرمانی روسیادان ئێستا. ئەو ئۆکراینایەکی سەربە مۆسکۆی گەرەگە وەکو ئەوەی بێلەڕوس. نەک تەنها لە سنورەکانی خۆی بەڵکو هەر ڕژێمێکی دیکتاتۆر هاوپەیمانی روسیا بێت روسیا دەیپارێزێت بۆنمونە وەکو رزگارکردنی رژێمی بەعسی سوریا. لای پوتین دیموکراسی و مافی مرۆڤ قڕانێکی سوتاو ناهێنن، نە لە روسیا نە لەدەرەوەی روسیا.

گەلی ئۆکراینا مافی ئازادی و دیموکراسیان وەکو هەر گەلێکی ئازاد بێگومان هەیە، مافی ئەوەیان هەیە چۆن چارەنوسی خۆیان دیاردەکەن. بەڵام شوێنی ئۆکراینا لە دیدی جیۆپۆلیتیکەوە سەختە و کێشە ئامێزە، بۆیە دەبوایە مەترسیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بە گرنگتر وەرگرن، دەیانتوانی بێلایەنی هەلبژێرن، ریفراندۆم لەو شوێنانەی کە زۆرینەی روسە بکەن و کێشەکان دیموکراسیانە یەکلاکەنەوە…

ناتۆ و ڕۆژئاوا دەمێکە لەگەڵ روسیا لە ناکۆکی و شەڕی سایپەر و دیگیتالدان. بۆنمونە روسیا دەستی خستە ناو هەڵبژاردنی ئەمەریکا و یەکێ لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ترەمپ بوو.

سەبارەت بە ئۆکراینا هەڵەی گەورەی ناتۆ ئەوە بوو کە بەڵێنی ئەندامبوونیان بە ئۆکراینا دا. ئەوان روسیایان بەهەند وەرنەگرت.

بێگومان ڕۆژئاوا فریشتە نییەو بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەجوولێنەوە، بەرژەوەندی ناسیونالیستانەیان چی بوێ ئەوە دەکەن.

زۆر کەس دەڵێت بۆ ناتۆ ئۆکراینای بەتەنها جێهێشت، بەواتایەکیتر بۆ سەربازیانە راستەوخۆ دژی ڕوسیا نەوەستان، هۆکەی ئەوەیە بەشداری ناتۆ لەشەڕ یەکسانە بەشەڕی ئەتۆم و وێرانبوونی جیهان، وەکو پوتین ئەو هەڕەشەیەی زوو کرد. ناتۆ ئەوە ناخوازێت،هەرچەندە ئێستا دیارنییە رەوتی جەنگەکە بۆکوێ دەچێت، وەکو چەک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرینا دەچێت و نازانین دوای هەفتەیەکیتر چی دەبێت.

لەکۆتاییدا راستیەک هەیە پێویستە دانی پێدا بندرێت ئەویش ئەوەیە لە ڕۆژئاوا ئازادی و دیموکراسی و کرانەوە هەیە بەڵام لە روسیا و چین قەدەغەن.

شاخەوان قادر شۆڕش

1-3-2022