ڕوسیاو هێرشەکەی سەر ئۆکرانیا

دەکرێ شەڕ لە ئۆکرانیا هەروا زوو کۆتایی نەیەت، دەیان هەزار ببنە سووتەمەنی و ملیۆنەها کۆچ بکەن، گرانی و برسیەتی باڵبکێشێت. بێگومان روسیا توشی تەریک بوون دەبێت و خەڵکی روسیاش باجەکەی دەدەن.

پوتین دان بە ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ نانێ و بە کوردیەکەی وڵاتەکە بە هی روسیا دەزانێ، وەکو گوێ بە یاسا نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە مافەکانی سەروەری دەوڵەت نادات، گوێشی لە ماڵوێرانی خەڵک نییە، هێرش دەکا و ئۆباڵی هێرشەکەش دەخاتە سەر ڕۆژئاوا و گوایە ئەوان گرنگیان بە داواکاریەکانی روسیا نەداوە.

بەم داگیرکاریە روسیا پێشێلی یاسا نێونەتەوەیەکان راشکاوانە دەکات. بێگومان بەم کارەی پۆتین، خەڵکی روسیا و ئۆکرانیا زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ریالیزم لەم خولەشدا دووبارە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دووبارە دەیسەڵمێنێت کەوا ستات و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵات بەر لەهەر شتێک دێن و دەوڵەت ئەوە دەکات کە لە قازانجی دایە، لێرەدا مافی مرۆڤ هیچ گرنگیەکی نییە.

دەکرێ شەڕ لە ئۆکرانیا هەروا زوو کۆتایی نەیەت، دەیان هەزار ببنە سووتەمەنی و ملیۆنەها کۆچ بکەن، گرانی و برسیەتی باڵبکێشێت. بێگومان روسیا توشی تەریک بوون دەبێت و خەڵکی روسیاش باجەکەی دەدەن.

ئاسایشی جیهانی گۆڕانی بەسەردادێ و دەچێتە قۆناغێکیتر، بە ئەگەری زۆر جەنگی سارد لە نێوان روسیا و ڕۆژئاوادا لە بۆتەیەکی تردا خۆی فۆرمەلە دەکاتەوە.

چین وەکو زلهێزێکی گەورەی جیهانی لە بارێکی سەختدایە و هەوڵ دەدات بەر ئاوری هەنگاوی فراوانخوازانەی پوتین نەکەوێت.

٢٤/٢/٢٠٢٢