بۆ دەبێ پەنابەری کورد لە سنورەکانی پۆلۆنیا لەنێو بەفردا بکەون؟

خەڵک هیچ ئومێدێکیان نەماوە و لەژێر گەمارۆدان، لەژێر چەتری دیکتاتۆریەتی حزبیدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، گەلێکیش لە دەرفەتێک دەگەڕێن و هەر دەرگەیەکی دەربازبوون ببینن دەڕۆن ڕەو دەکەن.

باشوری کوردستان دەریایەک خوێنی بۆ ئازادی ڕشت، ژینۆساید کرا، لە کەناری مەرگدا خەڵک کۆرەویان کرد. ئەوەبوو زلهێزەکان بەناچاریی خاکەکەیان لە 1991 ەوە دایە دەست کورد خۆی، بەڵام پاڵەوانەکانی شەڕی براکوژی دەستیان بەسەردا گرت، ئەوان وەکو پیشەی ناپاکچیانەیان، گەلیان زیاتر پارچەکرد، دەیان هەزاری تریان کردەوە سووتەمەنی ئامانجی بنەماڵەیی و حزبیان، تاوان نەما ئەنجامی نەدەن، ئاسمان و ژێرزەوی وڵاتیان هەرزانفرۆش و هەڕاج کرد، دین و کۆنەپارێزیان سەپاند، گەندەلیان کردە پرەستیژ و خستیانە هەناوی سیستەم و مەنتالی خێڵەکانەیان، چەندساڵ جارێک ناپاکیەکی تر تۆماردەکەن و تاوان و کارەساتی نوێ بەسەر گەلدا دێنن، خۆیان بە تریلیۆنیان هەیە و قۆرغی دەسەڵات و ژیانیان کردووە، سامانی وڵات تەخشان و پەخشان دەکەن و بازرگانی پێوەدەکەن، لەسایەی دزی و گەندەڵی ئەواندا وڵات بە دەیان ملیار دۆلار قەرزارە.

دەسەڵاتی خێڵەکی ژیانی کردۆتە زەقنەبووت، خەڵک ناتوانێ خەرجی ڕۆژانەی بکات، کەچی ماڵە بەرپرسەکان شەق لە پارە هەڵدەدەن، دەسەڵات هیوا و دواڕۆژی خەلکی خنکاندووە، بەجۆرێک واتایاک لە ئاواتەکانی دواڕۆژ نابینن و لە بۆشایی بووندا وێڵ بووین.

خەڵک هیچ ئومێدێکیان نەماوە و لەژێر گەمارۆدان، لەژێر چەتری دیکتاتۆریەتی حزبیدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، گەلێکیش لە دەرفەتێک دەگەڕێن و هەر دەرگەیەکی دەربازبوون ببینن دەڕۆن ڕەو دەکەن.

ئەو مرۆڤانەی لەسەر سنوری ساردوسڕی پۆلاند کەوتوون و وەکو داشی دامە یاریان پێ دەکرێت، خەڵکی وڵاتە ڕەق و وشکەکانی ئەفریکا نین، بەڵکو خەڵکی وڵاتێکن کە لەسەر دەریای نەوتدایە، نیشتمانەکەیان گەنجینەیە، بەڵام گەندەڵی و تاڵانی سەرکردەکان وڵاتی کردۆتە دۆزەخ و ئەوانی داڕماندووە و نائومێد و نەداری کردوون.

گەل ئەگەر هەبێ ناچارە دەسەڵاتی خێڵەکی و نانیشتیمانی لابدات و هەنگاو بەرەو بنیاتنانی ناسیۆن بنێت و سەرەوەی بۆ وڵات و گەل بگەڕێنێتەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش

11-11-2021