ئایەتی حیجاب یەکێ لە ئایەتەکانی عومەر

کۆمەڵێ ئایەت هەن بە عومەری کوڕی خەتابەوە دەبەسترێنەوە و ئەو بە داهێنەریان دادەندرێت. بەپێی سەحیع موسلیم و بوخاری عومەر خۆی گوتوویەتی “وافقت ربي في الثلاث”. لە بابەتی مزگەوتی ئیبراهیم و حیجاب و تەلاقی ژنەکان. بەپێی حەدیسی دیکە چوار و پێنج و زیاترن.

ئایەتی حیجاب یەکێ لە ئایەتەکانی عومەر

١/١٠/٢٠٢٢

وەکو باوە و شێخ و موفەسیرەکانی ئیسلام دەیڵێن وە بەپێی سورەتی الشعرا‌ء، النحل، الزمر،الزخرف، البروج ئایەتەکانی قورئان لە لەوحی مەحفوزدا نووسراون و لە ئاسمانەوە دابەزیوون. بەمشێوەیە سورەت و ئایەتەکانی قورئان لە لەوحی مەحفوزدا نووسراون و هەبوون بەرلەوەی پێغەمبەری موسوڵمانان یا خەلیفەکان دەرکیان پێکردبێت. هەروەها بەپێی سونە و قورئان ئایاتەکانی قورئان لە ڕێگەی جبریلەوە کە لەوحی مەحفوزی وەرگرتووە گەینەدراون بە محەمەد پێغەمبەری موسوڵمانان.

گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین کەوا شێخ و موفەسیرەکانی ئیسلام ناکۆکی و ناتەبانیان لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە قورئان و حەدیس و بەسەرهاتەکانەوە هەیە زۆرە. بۆ نمونە ناتەبان لەسەر چۆنیەتی گەیاندنی ئایەتەکان وەکو ئایا ئایەتەکان بە بەزمانی عەرەبی لە لەوحی مەحفوزدا نووسراون، چۆن نووسراون واهاتوون یا ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ و بەچی شێوەیەک و چۆن گەیەندراون بە پێغەمبەری موسوڵمانان. هەروەها ناتەبان لەسەر ئەوەی ئایەتەکان چۆن کۆکراونەتەوە، ناتەبان لەسەر ئەوەی کامە سورەت و ئایەت یەکەم ئایەتە و کامە سورەت و ئایەت دوا ئایەتە. ناتەبان لەسەر ژمارە و جۆری ڕیزکردنیان و کە ئایا فەرمانی خودا بووە یا بە ئارەزوو وا داندراون هتد.

کۆمەڵێ ئایەت هەن بە عومەری کوڕی خەتابەوە دەبەسترێنەوە و ئەو بە داهێنەریان دادەندرێت. بەپێی سەحیع موسلیم و بوخاری عومەر خۆی گوتوویەتی “وافقت ربي في الثلاث”. لە بابەتی مزگەوتی ئیبراهیم و حیجاب و تەلاقی ژنەکان. بەپێی حەدیسی دیکە چوار و پێنج و زیاترن. بەپێی السیوطی لە “تاریخ الحلفاء” و الهیثمی لە “مجمع الزوائد” بە ژمارە ٢٠ ئایەت هەن کە تەبان لەگەڵ گوتن و ڕاکانی عومەری کوڕی خەتاب. هەندێک لە ئایەتەکان ڕاستەوخۆ و دەقاودەق وەکو ئەوەن کە عومەر پێش دەرچوونیان گووتوونی، هەندێک لە ئایەتەکان دوای دەربڕینی ڕاکانی عومەر هاتوون و بەشێوەیەک داڕشتراون کەلەگەڵ ڕاکەی عومەر تەبان. ابن مردویە لە مجاهد دەگێڕێتەوە “کان عمر یری الرآي فینزل بە القرآن”. واتە عومەری ڕایەکی دەردەبڕی یا دەگوت ئایەتێكی قورئان وەکو ئەو دادەبەزی. ابن عساکر لە علي دەگێڕێتەوە و دەڵێ “في القر‌‌أن لرأیا من ڕأي عمر”. واتە لە قورئان ڕا هەیە وەکو ڕای عومەر. هەروەها لە ابن عمر هاتووە “ماقال الناس في الشي‌ و قال فیە عمر إلا جاء القرأن بنحو ما یقول عمر”. واتە خەڵک ڕایەکیان لەسەر شتێک هەبووایە و عومەر ڕای خۆی لەسەر بابەتەکە بدایە ئایەتێکی قورئان وەکو ڕا و گوتنی عومەر دەهات.

ئەو ئایەتانەی بە عومەرەوە دەبەسترێنەوە دیارترینیان ئایەتی نوێژکردن لە شوێنی ئیبراهیم و کردنی بە مزگەوت، ڕووداوی افک، حیجاب، کوشتنی دیلەکانی شەڕی بەدر، تەڵاقدانی ژانان، قەدەغەکردنی خواردنەوەی مەی. بابەتی ئێمە ئایەتەکانی حیجابە.

ئایەتەکانی حیجاب لە چییەوە هاتوون. بەپێی گێڕانەوەی هەندێ لە موفەسیرەکان و وەکو موفەسیرەکان دەیڵێن ئایەتەکە دوای ئەوە دێت:

1. کاتێ پیاوەکانی محەمەد سەردانی ماڵی محەمەدیان کردووە و ئەو لەماڵ نەبووە، لەگەڵ ژنەکانی دواون و گفتوگۆیان کردووە، ژنەکانیان وەکو خۆیان بەجلی ئاسایی بینیووە و هیچ بەربەست و ڕێگریەک لەنێوانیاندا نەبووە. عومەر مەترسی ئەوەی هەبووە کەوا ئەوەی لەنێوان محەمەد و زەینەبی بوکی ڕوویدا (وەکو محەمەد زەینەبی بە نیمچە ڕووتی بینی و دڵی چووە ئەو، ئەوەبوو کوڕە خوازراوەکەی زەینەبی تەڵاقدا و پاشان محەمەد مارەیکرد و کردیە ژنی خۆی)، لە نێوان کەسانی تر و ژنەکانی محەمەدیش ڕووبدات. بۆیە عومەر داوا لە محەمەد دەکات ژنەکانی داپۆشێ و حیجابیان لەسەرکات، هەروەها خۆیان بەپیاوان پیشان نەدەن و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیاوان بێ پەردە و پەنا نەدوێن. لە ئایەتی ٥٣ ی سورەتی ئەحزابدا دا ئەو داوایە دەکرێتە فەرز.

2. عومەر ترسی ئەوەی هەبووە لە دوای مردنی محەمەد پیاوەکانی محەمەد ژنەکانی ئەو لە خۆیان مارە کەن، هەروەکو تەلعە گوتبووی “ئەگەر محمەد مرد من عائیشە بۆ خۆم دەهێنم”. لە ئایەتی ٥٣ ی سورەتی ئەحزابدا هێنانی ژنەکانی محمەد دوای مردنی محەمەد قەدەغە کراوە.

3. ژنەکانی محەمەد هاتوچۆیان هەبووە و چوونەتە دەرەوە بۆ کڕین یا هێنانی پێداویستی و شتیتر، بەجلوبەرگی ئەوسا (کە واپێدەچێ لەشیانی باش دانەپۆشیووە) و سەرنجی خەڵكیان ڕاکێشاوە. عومەر چاودێری ئەوەی دیاردەیەی کردووە و نیگەران بووە (دیارە لەبەرئەوەی نەکا ژنەکانی محەمەد سەرنجی پیاوانی دیکە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن). ڕۆژێک “سەودە” کە یەکێ لە ژنەکانی محەمەد بووە دەچێتە دەرەوە بۆ ئەو شوێنە و شتومەکی خۆی دەهێنێت و دواتر دەگەڕێتەوە ماڵ. عومەر چاودێری ئەوی کردووە. کە سەودە دەگەڕێتەوە عومەر پێی دەڵێت تۆمان دیت و ناسیەوە. پاشان عومەر نیگەرانیی خۆی بە محەمەد دەگەیەنێت و داوای لێدەکات حیجاب بخاتەسەر ژنەکانی خۆی و لە چاوی خەڵک بیانپارێزێت. ئایەتی ٥٩ لە سورەتی ئەحزاب ئەو داوایە فەرز دەکات.

ئایەتی ٥٣ لە سورەتی احزاب: يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَدْخُلُوا بُيُوتَ النَّبِيِّ إِلا أَنْ يُؤْذَنَ لَكُمْ إِلَى طَعَامٍ غَيْرَ نَاظِرِينَ إِنَاهُ وَلَكِنْ إِذَا دُعِيتُمْ فَادْخُلُوا فَإِذَا طَعِمْتُمْ فَانْتَشِرُوا وَلا مُسْتَأْنِسِينَ لِحَدِيثٍ إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ يُؤْذِي النَّبِيَّ فَيَسْتَحْيِي مِنْكُمْ وَاللَّهُ لا يَسْتَحْيِي مِنَ الْحَقِّ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعاً فَاسْأَلوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ وَمَا كَانَ لَكُمْ أَنْ تُؤْذُوا رَسُولَ اللَّهِ وَلا أَنْ تَنْكِحُوا أَزْوَاجَهُ مِنْ بَعْدِهِ أَبَداً إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيماً.

بەکورتی دەڵێ بێ ئیزن مەچوونە ماڵی پێغەمەبەر و ئەگەر پرسیارتان لە ژنەکانی هەبوو لە پشتی حیجابەوە بیکەن و پێغەمبەر ئازار مەدەن و لە دوای ئەویش نیکاحی ژنەکانی هەرگیز مەکەن …

ئایەتی ٥٩ لە سورەتی احزاب: يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَحِيماً. بەکورتی خودا داوا لە پێغەمبەر دەکات بە ژن و کچەکانی بڵێت خۆیان داپۆشن.

وەکو موسوڵمانان و کریستیان و جووەکان دەیڵێن خودا خالیقی هەموو شتێکە و هەموو شتێک دەزانێت و لە هەموو شتێک ئاگادارە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئەو ڕووداوە و ئایەتەکان بکەین کۆمەڵی پرسیار دێنە پێشەوە لەوانە:

ئەگەر ئایەتەکان پێشتر لە لەوحی مەحفوزدا هەبوون و لەوێ نووسراون بۆ دانەبەزین تاکو عومەر نیگەرانیی خۆی نەگەیاندە محەمەد؟

خودا بەم توانا گەوەرەیەی کە هەیەتی چ پێویستی بە کەس هەیە تاکو لە ڕووداوەکان و مەترسیەکان ئاگاداری بکەنەوە، ئەوجا ئەو هوشیاربێتەوە و بەخۆکەوێت ئایەت بۆ چارەسەر دابەزێنێت؟

ئەگەر دەرکەوتنی قژی ژنان حەرام بوو، بۆ خودا وەکو کیسەڵ قەپێلکی بۆ سەری ژنان دروست نەدەکرد و بەیەکجاری چارەسەری ئەو کێشەیەی نەدەکرد؟

گریمان شتێک بەناوی وەحی بوونی هەیە و وەحی بۆ پێغەمبەر دابەزیووە، ئایا عومەر پێشی محەمەد لە وەحی خودا ئاگاداربۆتەوە، یا ئایا جبریل پێشی محمەد چۆتە لای عومەر، ئەوها بەو شێوەیە درکی بە هاتنی ئایەتەکان کردووە و پێشوەخت دەریبڕیوون؟

بێگومان پرسیاری دیکە زۆرن بکرێن. ئەم ڕووداوە و گێڕانەوەکان بوونی شتێک بەناوی لەوحی مەحفوز ڕەت دەکەنەوە. ئەم ڕووداوە دەریدەخات کەوا عومەری کوڕی خەتاب کاریگەری زۆری لەسەر محەمەد هەبووە و بیروڕاکانی عومەر بەهەند وەرگیراون، کراونەتە بڕیار و لە قورئانیشدا سەپێندراون. بەکورتی محەمەد ئەوەی کردووە کە عومەر ویستوویەتی.

ئەوەی لێرەدا نووسراوە لە بەرنامەی “انا میش کافر، بابەتی “ایات قرآنیە من تألیف عمر بن الخطاب” ١٥/٧/٢٠٢٢ وەرگیراوە. تەنها سوودم لە دەکومێنتەکان وەرگرتووە و بەکەمێ دەستکاریەوە گواستوومەتەوە. من کارم بە ڕا و بۆچوونی ئەوان نییە.

تێبینی: سەرچاوە ئیسلامیەکان  کە لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکانەوە دەستپێدەکەن، تەنها گێرانەوە و سەربردەن، مێژوویی نین و زانستیانە نەسەڵمێندراون.

لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانن سەیری بەرنامەکە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=iTG23iBC7PA