لەسایەی ئیپۆکی شەرمەزاریدا (1964 – 2022) ئیفلیجیی گەل بەردەوامە

تاکو ئێستا دوای 31 ساڵ نەیتوانیوە وەکو نەتەوە خۆی بسەڵمێنێت و بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان لە پێش بەرژەوەندی کەس و بنەماڵە و خێڵ و پارت دابنێت.

٣٠/٨/٢٠٢٢

لەسایەی ئیپۆکی شەرمەزاریدا (1964 – 2022) ئیفلیجیی گەل بەردەوامە:

بەغدا لە کەناری لێکترازاندایە و دەرئەنجامەکانی تەقینەوەی بارەکە نادیارە. ئێران دەیەوێ شیعەی ئێراق مل بۆ خامنەئی کەچ کەن و ئێراقێکی سەر بە ئێرانی دەوێ، سەدر و هەوادارانی دژی ئەوەن. ئێستا بارەکە تەقیوەتەوە و گەلی شیعە دوو بەرەی دژ بەیەکن. لە مێژووی ئێراقی دروستکراودا ئەو دووبەرەکییە لە نێو شیعەکاندا بەم شێوەیە نەبووە.

لایەنی سوننە کە دۆڕاوی پرۆسەی سیاسی دوای سەدام بوون سەیری بارەکە دەکەن، لەلایەک لە بەرژەوەندیاندایە شیعە پەرتوبلاو و لاواز بن، لەلایەک لە چارەنووسی سیاسی ئێراق دەترسن.

دیارە شیعە و سونە هەردولا وەکو نەتەوەی عەرەب لە چارەنووسی سیاسی ئێراق دەترسن و دژی پارچەبوونی ئێراقن. بۆیەش دژی هەر هەنگاوێکی کورد بۆ دوورکەوتنەوە لە بە غدا دەوەستنەوە. هەردولا لە بنەڕەتدا دژی ئەو سیستەمە سیاسیەن کە ئەمەریکا سەپاندی. ئەوان بۆیان بڕوا وەکو “سەدر دەیەوێ” لەگەل هەلەوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە سیاسیەن کە ئەمەریکا هێنای.

لایەنی کوردی تاکو ئێستا دوای 31 ساڵ نەیتوانیوە وەکو نەتەوە خۆی بسەڵمێنێت و بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان لە پێش بەرژەوەندی کەس و بنەماڵە و خێڵ و پارت دابنێت. دوو ئیدارەیی بە ئاشکرا و نا ئاشکرا بەردەوام بووە. ئەگەر لەسەرەتاوە بەرێوەبەرییەکی نیشتیمانی نیمچە دیموکراسیانەیان دروستکردایە باری سیاسی باشوری کوردستان لە شوێنێکی تر دەبوو و رەنگە سەربەخۆش دەبوو.

70 ساڵە هەمان بنەماڵە و دەموچاو بە کەمێ گۆڕان وەکو شەوەزەنگ یەخەی کوردستانیان گرتووە، عەشایەریانە لێدەخوڕن. مەنتاڵی خێلگەرایی کوێری کردوون و بەرژەوەندیەکانی کوردستانیان ژێرپێ خستووە.

چەندین دەرفەتی زێڕین هاتە پێش، پێیانگوتن سیستەمی مۆدێرنی سیاسی چۆنە و دوایان لێکرا ئەوە بکەن، بەڵام ئەوان دژی دیموکراتیزەکردن و هەنگاوەکانی ناسیۆن بوون وەستان. عەشایەریانە کوردستانیان لە نێوان خۆیان بەش کرد و خێروبێری وڵاتیان بۆ خۆیان دابڕی. یەکێ چووە باوەشی ئایەتوڵا تاران و ئەویتر سوڵتانی ئەنقەرە.

دەبوایه کوردستان یەک بەڕێوەبەریی هەبێت، ئەو دەموو چاوە دۆڕاو و تاوانبارانە نەمێنن، پەرلەمان بەهێز و مەرجەع بێت، هەڵبژاردنی دیموکراسیانە بکرێت، کوردستان خاوەنی یەک سوپای نیشتیمانی دوور لەدەستی حزب بێت، سامانی گەل لەدەست گەل بێت نەک ئەندامانی بنەماڵە یا بەرپرسان.

ئەگەر بووە شەڕی ناوخۆی ئێراق و بارەکە تیر بوو، کوردستان وەکو هەمیشە لە پاشە و ئامادە نیییە، نەک هەر ئەوە بە بڕیاری تاران و ئەنقەرە دەجوڵێتەوە.

لەڕاستیدا کەس لە سەرانی ئەو دوو بنەماڵە و حزبە دەسەڵاتدارە تاوانبار تر نییە لەوەی کەوا گەلی کوردستان نەیتوانیووە وەکو ناسیۆن بە کردەوە خۆی بسەڵمێنێت.