ئایا مانگی ڕەمەزان مانگی ئاشتەواییە؟

بەپێی نووسراو و سەرچاوە مێژووییە ئیسلامی و عەرەبیەکان سەرانی ئیسلام لەم مانگەدا لە شەڕ و داگیرکاری و کوشتوبڕ بێسڵەمینەوە بەردەوام بووین، بەمجۆرە پیرۆزیی مانگی ڕەمەزان نەبۆتە هۆی وەستانیان لە شەڕ و کوشتاردا.

ئایا مانگی ڕەمەزان مانگی ئاشتەواییە؟

١/٥/٢٠٢٢

وەکو بیستوومانە و واباوبووە کەوا لەمانگی ڕەمەزاندا خەڵک لەسەریانە لە شەڕ و ئاژاوە دوورکەونەوە و خۆبەدووربگرن، چونکە مانگی ڕەمەزان مانگێکی پیرۆزە. بەکردەوە زۆر لە کەسانی موسوڵمان ڕەچاوی ئاشتەوایی دەکەن. بۆنمونە ناشیرن نائاخڤن، خۆیان لە ناکۆکی بەدوور دەگرن هتد.

وەکو پێشتر ئاماژەم بۆکرد، ڕەمەزان نەریتێکی لەبنچینەدا ئیسلامی نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بەشێک لە خەڵکانی میزۆپۆتامیا (وراتی کورد و فارس و ئاشور و بابلی) بە زیاتر لە هەزار ساڵ بەر لەپەیدابوونی ئیسلام و دواتر چۆتە دورگەی عەرەب. هەرچۆنی بێت ئەم مانگە لای ئەو کۆمەڵگانەی ئەوسا پیرۆز بووە، ڕەنگبێ ئەوان لەم مانگەدا ئاشتی پارێز بووبن، خۆیان لە کرداری خراپ و شەڕ بەدوور گرتبێ، ئەوە نازانین.

بەڵام بەپێی نووسراو و سەرچاوە مێژووییە ئیسلامی و عەرەبیەکان سەرانی ئیسلام لەم مانگەدا لە شەڕ و داگیرکاری و کوشتوبڕ بێسڵەمینەوە بەردەوام بووین، بەمجۆرە پیرۆزیی مانگی ڕەمەزان نەبۆتە هۆی وەستانیان لە شەڕ و کوشتاردا.

وەکو سەبارەت بە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانیش هەروابووە لە مانگی ڕەمەزاندا هێرشیان کردۆتە سەر کوردستان و لەکوشتار بەردەوام بووین و خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە. وەکو تاوانی گەلکوژی ئەنفال بۆ نموونە. بەمجۆرە مانگەکە هێندە پیرۆز نەبووە ببێتە هۆی ئەوەی بەزەییان بە خەڵکی بێتاوانی کوردستاندا بێتەوە و نەیانکوژن. بەمجۆرە بەئاگایانە بێت یان نا شەڕ و کوشتار لە مانگی ڕەمەزاندا ناوەستێندرێت.

بۆ زانین لەخوارەوە هەندێ لە شەڕ و کوشتارەکان دەخەمەڕوو کە راستەوخۆ لەبەرنامەی سٶال جریء ژمارە ٣٥، ٣٦ و ١٦٣وەرگیراوە. واتە من تەنها گواستوومەتەوە، ماندووبوونەکە هی ئەوانە هی من نییە:

ابی سعید الخذري (‌صحیع مسلم: رقم ٩٦ ، ص ١١١٦) دەڵێت ئێمە لەگەڵ پێغەمبەردا بە رۆژو بووین وغەزوومان دەکرد.

لە یەکەم مانگی ڕەمەزاندا پەلاماری ابي قتادة ربعي الانصاري بۆ قووڵایی اظم روودەدات (ابن کثیر، الکامل في التاریخ، المجلد الاول، ص ٤٦٣. هەروەها ابن السعد، طبقاط الکبری، الجزء الثاني، ص ٨٥)

شەڕی بەدر: لە رۆژی ١٧ی یەکەم مانگی ڕەمەزاندا سەرۆکی موسەڵمانان محەمەد و سوپاکەی هێرش دەکەنە سەر کاروانی بازرگانی قوڕەیشەکان کەهی ئەبو سوفیان بوو (تاریخ الطبري، الجزء الاول، ص ٥٢٩ ،، المقدسي، بدء و التاریخ، الجزء الرابع، ص ٦٨). لەو شەڕەدا لەشکری قورەیشیەکان هەندێکیان لەمەککەوە بەرەوپیلی کاروانەکەیان هاتن بەڵام نەیانتوانی کاروانەکەیان ڕزگار کەن و خۆشیان لە شەرەکەدا شکان. هەندێکیان زوو گەڕانەوە و نەچوونەشەڕ چونکە دژی کوشتنی کەسوکاریان بوون کە لەگەڵ محەمەد بوون ئەوانەی گەڕانەوە بەنی زوهرە کە خزمی محەمەد بوون، وە بەنی عدی بن کعب کە زۆرترین کەسیان لەگەڵ بوو ئەوانیش گەڕانەوە و نەیانویست کەسوکاری خۆیان بکوژن (الواقدی فی المغازی ١:٣٥). بەپێی ئایەتی ٢٢ لە سورەتی موجادەلە، موسوڵمانان لەسەریانە شەڕی ئەوانەی کە باوەڕیان بەخوا و پێغەمبەر نییە بکەن ئەگەر باب، منداڵ، برا یا سەر بە هۆزەکەی خۆشیان بن. بەمجۆرە شەڕکەرەکانی ئیسلام هەموو ئامادەی کوشتنی کەسوکاریان بوون. لەو شەڕەدا عوبەیدە عامر بن جەراح باوکی خۆی کوشت. یەکیتر ناوی نەهاتووە باوکی خۆی کوشتووە و هاتووە بە محەمەدی گوتووە کە باوکی لەشەڕدا تووش بووە و سەرکۆنەی کردووە ئەویش کوشتوویەتی. ئەبوعوذیفە هاوکاری لە کوشتنی بابی خۆی عوتەیبە بن حەنیفە دەکات. موصعەب بن عومەیر برای خۆی دەکوژێت. ئیبن مسعود سەری مامی محمەد ئەبو حکم کە لای ئیسلام بە ئەبو جەهل ناسراوە بۆ محەمەد دەهێنێت و محەمەد خۆشحاڵی خۆی پیشان دەدات. عومەر بن خەتاب خاڵی خۆی عاص بن هیشامی کوشت. ٧٠ کەس لە قورەیشیەکان بەدیل دەگیرێن ٢١ یا بەدیلی دەکوژن. عومەر دەچێتە سەر دیلەکان و دەڵێ “بیانکوژن!”، عەلی بن ئەبی تالب یەکێک لە سەرۆکەکانی قورەیش بەناوی نوفەیل بن خویلد دەکوژێت و محەمەد ئەلاهوکەبەری بۆ دەڵێ. نذر بن حارث و عقبه بن ابی معیط دوو لە دیلەکان بڕیاری کوشتنیان دەدرێت (ابن هیشام ١:٥٩٢)، نذر زیرەک بووە و شاعیرێکی قوڕەیشی بووە، بە شیعرەکانی ڕکابەری محمەدی کردووە و پەنجەی خستۆتەسەر هەڵەکانی ئایەتەکانی محەمەد، بۆیە محەمەد زۆر ڕقی لێی بۆتەوە، کە دیل دەکرێ محەمەد بە چاوی مردن سەیری دەکات و ئەویش دەزانێ دەیکوژن دەچێتە لای کۆنە برادەری موصعەب بن عومەیر و پێی دەڵێ “بەخوای ئەگەر قورەیش تۆیان بگرتبا و من زیندووبام تۆ نەدەکوژرای”، موصعەب دەڵێ “دەزانم ڕاستگۆی، بەڵام من وەکو تۆ نیم”. بەمجۆرە ژمارەیەکی زۆر دەکوژن و دەست بەسەر کاروانەکەدا دەگرن و تاڵانی دەکەن. چیرۆکی هاتنی مەلائیکان بەهانای موسوڵمانان لە شەڕی بەدردا هەڵبەستراوە، هەروەها گوتنی ئەوەی گوایە ژمارەی قوڕەیشیەکان سێ ئەوەندەی ژمارەی موسوڵمانەکان بوون واپێدەچێ هەڵبەستراوە.

پەلاماری عەلی کوڕی ئەبی تالیب بۆ سەر یەمەن: لەمانگی ڕەمەزان لە ساڵی دەهەمی کۆچیدا عەلی کوڕی ئەبی تالیب دەچێتە یەمەن، ئیبن سەعد دەنووسێت، عەلی و هێزەکەی دەچنە وراتی مذحج لەیەمەن پەلاماری هۆزێک دەدات، سەرەتا ژن و منداڵەکانیان دەگرن و دەستیان بەسەردا دەگرن، مەڕوماڵات و مولکوماڵیان تاڵان دەکەن، پاشان داوا لەپیاوەکان دەکەن ببنە ئیسلام، پیاوەکانیش دوای ئەوەی پێیان کراوە قبووڵی ئەو داوایەی عەلی ناکەن، عەلیش دەست دەکات بە کوشتنیان. ٢٤ کەسیان لێ دەکوژرێ و هەندێکیشان ڕادەکەن و خۆیان ڕزگاردەکەن (ابن السعد، طبقاط الکبری، الجزء الثاني، ص ١٠٨)

فەتحی مەککە: محەمەد لە رۆژی ١٣ی ڕەمەزانی ساڵی ٨ی هیجری هێرشی کردە سەر شاری مەککە (البخاری، التاریخ الصغیر، رقم ١٠٩، الحاکم المستدرک علی الصحیحین، رقم ٤٣٥٨)، دوای کوشتارێکی زۆر، محەمەد فەرمانیدا پیاوەکانی بۆیان هەیە بچن لەگەڵ ژنانی قوڕەیشیەکان ڕابوێرن و سێکس بکەن (‌صحیع مسلم: باب النکاح ٢٣ رقم ١٤٠٦). مافی ئەوەیان پێدەدرێ ئەوەی کەسوکاری کوژراوە و دەستیبەسەردا گیراوە سێکسی دەستدرێژی بکەنەسەر و سکسیان لەگەڵدا بکەن، ئەوەی دی کە لەبەرامبەر پارە یا شتێک لەگەڵیان ڕیکدەکەون و سێکسیان لەگەڵدا دەکەن. هۆزی قوڕەیش هۆزی محەمەد خۆی بوون.

غەزوی بەنی فەزارە و پارچەکردنی پیرەژن ام قرفة بە دوو حوشتر: لەمانگی ڕەمەزاندا لە ساڵی شەشەمی کۆچیدا زید بن حارثة هێرش دەکاتەسەر بەنی فەزارە لە ناحیەی وادی قری، کەسێکی پیر بەناوی ئوم قرفە دەگرن و لە دوو حوشتران دەیبەستنەوە، پێکانی لە حوشترێک و سەریشی لە حوشترێک، لە حوشترەکان هەڵدەدەن و هەریەکەی بەئاراستەیەکدا ڕادەکات، پیرژنەکە لەناوەڕاستدا دەبێتە دوو کەرت (ابن کثیر، الکامل في التاریخ، المجلد الاول، ص ٤٤٥. هەرەوها ابن الحجر، الاصابة فێ التمییز الصحابة، رقم ٧٢٣٥. هەروەها تاریخ الطبري، الجزء الثانی، ص ١٢٧) .

عەسماء بنت مەروان: لەمانگی ڕەمەزاندا ناردنی عومیر بن عدي بن خطمی بۆ کوشتنی ژنێک بەناوی عەسماء بنت مەروان. ئەو ژنە شاعیر بووە و نابینا بوو، منداڵی وردی هەبوون، لەشیعرەکانیدا قسەی بە محەمەد گوتبوو و گوتبووی محەمەد پێغەمبەر نییە. عومەیر بەشەو دەچێتە سەر ماڵەکەی و دەچێتە ژووەکەی لەکاتێکدا خەوتبوو و منداڵیکی ساوای لەسەر سینگدا بووە. عومەیر منداڵەکە لەسەر سینگی لادەبات و شیرەکەی لە سینگی دەچەقێنێ تا لە پشتی دەردەچێت. دوای ئەوە عومەیر دەگەڕێتەوە و نوێژی بەیانی لەگەڵ محەمەد دەکات. محەمەد بەو کارەی دڵخۆش دەبێت و کوشتنەکەی بەڕەوا دەبینێت وە دەڵێت ئەگەر پێتانخۆشە سەیری پیاوێک بکەن کە خوداو پێغەمبەری سەرخستووە، سەیری عومەیر بکەن. (ابن السعد، الطبقاط الکبری، الجزء الثانی، ص ؟)

پەلاماری غالب عبدللە بن اللیثی بۆسەر مەیفەعە “المیفعة” لە مانگی ڕەمەزاندا، کە هێرشیان کردە سەر هۆزەکە، پیاوەکانیان کوشتن، منداڵ و ژنەکانیان بردن و شمەک و خشلوخاشیان تاڵان کردن و گەڕانەوە شاری مەدینە (ابن السعد، الطبقاط الکبری، الجزء الثاني، ص ٧٦).

غەزوی حونین: لەڕەمەزاندا غەزوی حونەین ئەنجامدراوە (ابن کثیر، البدایة و النهایة، الجزء الثالث ص ٩٩)

داگیرکردنی ئەندەلوس لە ڕەمەزانی لە ساڵی ٩٢ی هیجریدا: تارق بن زیاد هێرش دەکاتە سەر ئەندەلوس لەهێرشەکەدا دەیان هەزاریان کوشت و دەیان هەزار منداڵ و ژنیان وەکو کۆیلە برد. گوزارشتی ئەو شەڕە کتێبێکی تێروتەسەلی دەوێت.

شەڕەکان هەریەکەیان کتێبێکیان دەوێت ئەگەر بمانەوێت بەتەواوی گوزارشتیان کەین، ئەوەی نووسراوە زۆر بەکورتییە.

سەرچاوە: لەبەرنامەی سٶال جریء ژمارە ٣٥، ٣٦ و ١٦٣وەرگیراوە.

تێبینی: کارم بەوە نییە مرۆڤ لەسەر چ دینێکە، لای من مرۆڤەکان ئازادن لەوەی چ دینێک پیادە دەکەن یا نایکەن، گرنگ ئەوەیە مافی ئازادی کەسانی دی پێشێل نەکەن.

تێبینی: سەرچاوە ئیسلامیەکان  کە لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکانەوە دەستپێدەکەن، تەنها گێرانەوە و سەربردەن، مێژوویی نین و زانستیانە نەسەڵمێندراون.