حەج و عومرە پێش پەیدابوونی ئیسلام و هاتنیان بۆ ناو دینی ئیسلام

ساڵانە بەهاوکاری و ئاسانکاری حکومەتی هەرێم بە هەزاران کەس لە کوردستانەوە دەچنە سعودیا بۆ حەج و عومرە، جگەلەوەی سەدان ساڵە ئەو دوو ڕێتوالە ئایینییە لەلایەن کۆمەڵگەی موسوڵمانی ئێمەوە دووپات دەکرێنەوە. بۆیە گرنگە بزاندرێت ئەو دوو نەریتە یا ڕوکنە گرنگەی دینی ئیسلام لەکوێوە سەریان هەڵداوە و چۆن هاتوونەتە ناو دینی ئیسلام.

حەج و عومرە پێش پەیدابوونی ئیسلام و هاتنیان بۆ ناو دینی ئیسلام

١٠/٤/٢٠٢٢

ساڵانە بەهاوکاری و ئاسانکاری حکومەتی هەرێم بە هەزاران کەس لە کوردستانەوە دەچنە سعودیا بۆ حەج و عومرە، جگەلەوەی سەدان ساڵە ئەو دوو ڕێتوالە ئایینییە لەلایەن کۆمەڵگەی موسوڵمانی ئێمەوە دووپات دەکرێنەوە. بۆیە گرنگە بزاندرێت ئەو دوو نەریتە یا ڕوکنە گرنگەی دینی ئیسلام لەکوێوە سەریان هەڵداوە و چۆن هاتوونەتە ناو دینی ئیسلام. وەکو خەڵک مافی خۆیانە لەدیدێکی جیاوازەوە ئاشنایەتی لەگەڵ مێژووی کۆنی ئەو سەردەمە کۆنەدا پەیدا بکەن و زانیاریەکان بخوێننەوە و ببیستن. ئەو کورتەیەی لێرەدا نووسراوە پوختەیەکە بە کەمێ دەستکاریەوە لەبەرنامەکانی سوال جری وەرگیراوە.

پێشی پەیدابوونی ئیسلام حەج لەمانگی “زولحجە”دا دەکرا بۆیە ناوەکەی لەناوی مانگەکەوە هاتووە. لە دوای پەیدابوونی ئایینی ئیسلامدا لەساڵی ٩ی هیجریدا حەج وەکو ڕوکنێکی گرنگی ئایینەکە فەرزکراوە.

پێشی پەیدابوونی ئیسلام پەیکەری “مەنا” و “قوزەح” (بتەکانی مەنا و قوزەح) لە چیای “موزدەلیفە” و ناوچەی “مینە” نزیک مەککە هەبووە و هۆزەکانی ئەوسا لە کاتی حەجکردنا لێیان پاڕاونەتەوە و داوای بارانبارینیان کردووە. واتە حەج بۆ باران بارین بووە.

چیای “عەرەفە” بۆ پەرستنی رۆژ بەکارهاتووە، خەڵک چوونەتەسەر چیاکە و تاکو ئێوارە لە رۆژ پاڕاونەتەوە، کاتێ رۆژ ئاوابووە لە پاڕانەوە و تکا وەستاون. پاشان بەرەو چیای موزدەلیفە بەرێکەوتوون و کە گەیشتوونەتە ئەوێ دەستیان بە پەرستنی مانگ کردووە و بۆ بارانبارین تکایان کردووە و پاراونەتەوە. تکا و پارانەوە تاکو بزربوونی مانگ بەردەوام بووە. تا مانگ بزر نەبووە نەڕۆیشتوون، چونکە بەپێی ئایینەکەیان بۆیان نەبووە. وەکو دواتر پێغەمبەری موسوڵمانان محەمەد ڕێتوالی عەرەفە و موزدەلیفەی فەرز کردووە، خۆی نوێژی لە موزدەلیفە کردووە تا مانگ بزربووە. وەکو موسوڵمانان ئێستا (قیام اللیل) نوێژ و پاڕانەوەی شەوان لە موزدەلیفە دەکەن.

عەرەبەکان دووبەش بووین بەشێکیان الحلە (الاحناف) کە لەدەوری کەعبەدا سوڕاونەتەوە و پاشان چوونەتە عەرەفە، بەشێکیان قوڕەيیشەکان چوونەتە موزدەلیفە و نەچوونەتە عەرەفە. دەڵێن محەمەد بەپێچەوانەی هۆزی قوڕەیش لەگەڵ ئەحنافیەکان بووە و چۆتە عەرەفە. ئەوانەی رۆژیان پەرستووە چوونەتە عەرەفە و پاشان چوونەتە مینە، ئەوانەی مانگیان پەرستووە چوونەتە موزدەلیفە پاشان چوونەتە مینە. هەردوولا لە موزدەلیفە و مینە داوای بارانبارینیان کردووە.

بەردبارانکردنی شەیتان پێشی ئیسلام لە دوورگەی عەرەبیدا هەبووە و لە چەند شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئایینە کۆنەکانەوە پەیڕەوکراوە. چیرۆکی ئەفسانەیی ئیسلام سەبارەت بەبەرد بارانکردن دەگەڕیتەوە بۆ چیرۆکی ئیبراهیم کە گوایە بەردبارانی شەیتانی سێ جاران کردووە لەکاتێکدا شەیتان ویستوویەتی پێشی پێبگرێت لەکاتێکدا ئیبراهیم بەنیازبووە سەری ئیسماعیلی کوڕی ببڕێت.

مەککە و کەعبە: بەپێی سەرچاوە ئایینییە کۆنەکان ئیبراهیم لە سەدەی ١٩ یا ٢٢ ی پیش زاین کە هەندێ دەڵێن لە ئیسرائیل، هەندێ دەڵێن لە شوێنێکی خوارووی میزۆپۆتامیادا (خوارووی ئێراق) ژیاوە و دواتر لە ئیسرائیل مردووە. هەندێ دەڵێن زۆر پێش ئەوە لە هیند ژیاوە. (هیچ بەلگەیەکی زانستی ڕاستی ئەو چیرۆکانەی نەسەڵماندووە). بەڵام مەککە لەسەدەی چوار و کەعەبەی مەککە لە سەدەی پێنج دروستکراون. دەگوترێت لە دوورگەی عەرەبیدا زیاتر لە بیست کەعبە هەبووە کە بۆ پەرستنی بەردی ڕش و پەیکەری خوداوەندەکان دروستکراون. بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیە چیرۆکی هاتنی هاجەر و ئیبراهیم بۆ مەککە هەڵبەستراوە و ئەفسانەیە. بەپێی سورەتی بەقەرە ئایەتی ١٢٧، ئیبراهیم کەعبەی دروست کردووە. هەروەها بەپێی سورەتی العمران ئایەتی ٩٦ و ٩٧ “یبکە” یەکەم ماڵی مرۆڤ بووە و ئیبراهیم لێی ژیاوە. گەلێ لە موفەسیران دەڵێن مەبەست لە “یبکە” مەککەیە. بەڵام بەپێی نووسراوە ئایینییە مێژووییەکان بوونی هاجەر و ئیبراهیم لەمەکەدا لەڕاستیەوە دوورە، چونکە بەپێی تەورات یا ئەفسانە کۆنەکان ئیبراهیم لەسەرووی دوو هەزار ساڵ پێشی دروستبوونی مەککە و کەعبە لەئیسرائیل یا لە خوارووی ئێراقی ئێستادا یا شوێنی دی ژیاوە و هیچ سەرچاوەیەکی کۆن ئاماژە بە چوونی ئیبراهیم بۆ ئەوێ ناکەن. لەلایەکیتر ئەگەر ئیبراهیم کەعبەی دروستبکردایە ئەوا جوولەکەکان پێشی هەرکەسێت پیرۆزیان دەکرد و دەیانکردە پەرستگای خۆیان، وەکو جووەکان ئیبراهیم بە دامەزرێنەری ئایینەکەیان دەزانن. لەتەوراتی جوولەکاندا بەیەک ووشەش ئاماژە بە مەککە نەکراوە. ئایا مەککە یەکەم ماڵی مرۆڤ بووە لەسەر گۆی زەویدا، لە تەورات و ئینجیلدا کە بەسەدان ساڵ بەر لە ئیسلام هەبوون ئەوە نەگوتراوە.

لەڕووی زانستیەوە نوێترین دۆزینەوەی ئارکیلۆلۆگیەکان بۆ توخمی مرۆڤی هۆشیار کە بە هۆمۆ ساپیەنس Homo sapiens ناسراوە ئاماژە بە سەرووی ئەفریکا لە وڵاتی مەغریبدا دەکات، لەوێ شوێنەواری مرۆڤێکیان دۆزیووەتەوە کە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

قژ یا پرچ کورتکردن یا بەستنی لەسەرەوە لەلایەن حەجاجەکانی هۆزەکانی عەرەب بەرلە پەدابوونی ئیسلام پەیڕەودەکرا. لەکۆتایی حەجکردندا حەجاجەکان پرچیان کورتکردووە یا بۆسەرەوە بەستوویانە چونکە لای ئەوان بێ ئەوە حەجیان تەواو نەبووە. وەکو ئەوەی ئێستا ئیسلام فەرزی کردووە. هۆزەکانی ئەوس و خەزرەج و خوزاع، غەسان و هۆزە یەمەنیەکان پەیڕەویان کردووە.

گوتنەوەی دروشمی “لبیک الهم لبیک” دروشمێک بووە کە عەرەبەکان لەپێش پەیکەری خوداوەندەکانیان وەستاون گووتوویانەتەوە. کەلەپێش پەیکەر یا بتەکانی مەنا و قوزەح یا ایساف و نائیلە وەستاون ئەو دروشمەیان گووتووە. ئێستا موسوڵمانان ئەو دروشمە لە حەجکردندا دەڵێنەوە.

حەجی عومرە و سەفا و مەروە پەیوەندیان بە پەرستنی هەردوو پەیکەری” ایساف” و “نائیلە” وە هەیە. بەپێی ئەفسانەی کۆنی دوورگەی عەرەبی ایساف و نائیلە دوو کاهین و سیحربازی جوو بوون کە لە ئیسرائیلەوە هاتوونەتە دوورگەی عەرەبی درێژەیان بەبیروباوەڕی خۆیان داوە و لە کەعبەدا گرنگیان هەبووە، دوو کاهینی دیار بوون و پاشان بەپێی ئەفاسانەکە بوونەتە بەرد. خەڵک پەیکەریان لەشوێنی جیاجیای ئەوێ بۆ دروست کردوون و ئەو پەیکەرانەیان پەرستووە. بۆ زانیاری ایساف ناوێکی عیبریە و عەرەبی نییە. پەیکەری ایساف و نائیلە لە کەعبەدا هەبوون، لەسەر بیرەئاوی زمزمدا هەبوون، لەماڵی باپیری سێهەمی محەمەد هاشمدا دوو پەیکەری گەورە هەبوون. لە چیای سەفا و لە چیای مەروەدا هەبوون. لەکەعبەدا کە ئەوساش چوارگۆشە بووە، پەیکەری ایساف لەلای بەردە ڕەشەکەدا بووە، پەیکەری نائیلە لەلای گۆشەی ڕاستدا بووە.

چوون بۆ لای پەیکەر یا بتەکانی ایساف و نائیلە لە سەفا و پاشان بۆ لای بتەکانی ایساف و نائیلە لە مەروە نەریتێکی ئایینی کۆنی قووڕەیشەیەکان بووە و لە رێتوالی ئایینی حەجدا بۆنموونە پەیڕەوکراوە. پەیوەندی بە پەرستی جنۆکە هەبووە. محەمەد ئەو نەریتە دەگوازێتەوە ناو ئیسلام و فەرزی دەکات، سەرتا هەندێ ڕەخنەیان هەبوو یا دژبوون، بەشێک کە دژ بوون گوتوویانە “ئەو نەریتە هی ئایینی جن پەرستی بووە بۆیە نەیانویستووە پەیڕەوی بکەن”، بەشێکیشیان کە رەخنەیان هەبوو گوتوویانە “ئێمە پێشان لە کەعبە و سەفا و مەروەدا تەوافمان دەکرد، بۆ ئێستا کەعبە ڕێگەی دراوە بەڵام لە سەفا و مەروەدا ناکرێت؟”. بۆ ڕازیکردنی ڕەخنەگر و دژەکان ئایەتی ١٥٨ لە سورەتی بەقەڕەدا دادەبەزێ و ئەو نەریتەش فەرز دەکرێت.

بیرەئاوی زمزم: بەپێی سەرچاوەکانی مێژووی قورەیش، هەندێ دەڵێن “قوسەی بنی کیلاب” باپیری پێنجەمی محەمەد بیری زمزمی لێداوە، بەڵام هەندێ دەڵێن “عەبدولموتەلیب”ی نەوەی قوسەی کە ئەویش بتپەرست بووە بۆ خوداوەندی جن بیری زمزمی لێداوە، هەردوو پەیکەری ایساف و نائیلەی لەکەنار بیرەکەدا دروست کردووە و خەڵکی بۆ پەرستنیان هاتوون و قوربانیان بۆ سەربڕیوون، قوربانی ئاژەڵ یا مرۆڤ بووە. بەپێی ئەو گێڕانەوەیە عەبدولموتەلیب چووە ویستوویەتی عەبدوللا باوکی محەمەد لەبەردەمی ایساف و نائیلە بۆ خوادوەندی جن (جنۆکان) سەرببڕێت. دەگوترێت ئەوسا لەنێو عەرەبدا باوبووە کە بیری ئاویان بۆ خوداوەندی جن لێداوە، پەیکەریان بۆ دروست کردووە و قوربانیان لەبەردەمدا بۆ سەربڕیووە. چیرۆکی ئیسلام بۆ ئاوی زمزم ئەوەیە گوایە هاجەر بەدوای ئاودا لەنێوان چیای سەفا و مەرەوەدا حەوت جاران چووە و هاتووە، پاشان جبریل هاتووە و هاجەر بە پاژنەی پێکانی ئاوەکەی دەرکردووە. ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوە و ئەفسانەیە.

حەجی عومرە پەیوەندی بە ئایینی جن هەبووە و بۆ ایساف و نائیلە بووە، خەڵکەکە بۆ دیداری ایساف و نائیلە هاتووەنەتە کەعەبە. بەقسەی عائیشە هۆزی ئەوس و خەزرەج چوونەتە دیداری ایساف و نائیلە لە کەناری دەریا لە نزیک جددە، پاشان هاتوونەتە لای بیرەئاوی زەمزەم کە پەیکەری ایساف و نائیلەی لێ هەبووە. بۆ پەرستنی ایساف و نائیلە هاتوونەتە سەفا و دوایی بۆ هەمان مەبەست چوونەتە مەروە و بتەکانیان پەرستووە و نەریتە ئایینیەکانیان پەیڕەو کردووە.

شێوەی جلوبەرگی حەجاجی ئێستا جۆرێکە لە لاسایی شێوەی جلوبەرگی حەجاجە کۆنەکانی سەردەمی ئایینی جن و بتپەرستییە. قوربانیی سەربڕین ئەویش نەریتێکی کۆنی عەرەبەکانی پیشی ئیسلامە لە دوورگەی عەرەبی و ئایینەکانی دی لە شوێنەکانی دیکەشدا هەبووە.

هەندێ لەمێژوونووسان فەرزکردنی حەج لە ساڵی نۆیەمی کۆچیدا بۆ ئامانجێکی سیاسی و سەربازی محەمەد دەگەڕێننەوە، ئەو لەم ڕێگەیەوە نەریتەکانی ئایینی باپیرانی خۆی هێناوەتە ناو دینە نوێکەی، وە هەموو ئەو هۆزانەی ڕازیکردووە کە خاوەنی هەمان نەریتی ئایینی بوون بەر لە پەیدابوونی ئیسلامدا. بەمجۆرە لە دینە نوێکەی ئیسلامیشدا هەمان ڕێتوالی ئایینیان بە دەستکاریەوە پیادەکردووە. بۆنموونە دەگوترێت سەرتا هەندێ لە موسوڵمانان هاواری ایساف و نائیلەیان لەکاتی تەوافی کەعبەدا کردووە. بەڵام ئەو هەرگیز نەیتوانی جوو و نەسرانیەکانی ئەوێ بێنێتە ناو دینەکەی یا وایان لێبکات دان بە پێغەمەبەرایەتی محەمەد و دینەکەیدابنێن. ئەوەبوو لە کۆتاییدا محەمەد فەرمانی پاککردنەوەی هەموو جووەکان و نەسرانیەکانی لە دوورگەی عەرەبدا دەرکرد و بەقسەی عومەر بن خەتاب هەرئەوەش وەسیەتی کۆتایی محەمەد بووە.

بەکورتی تکا و پاڕانەوە لە عەرەفە و موزدەلیفە و مینە، تەوافی کەعبە و سەفا و مەروە و پەرستنی بتەکانی ایساف و نائیلە، پێدانی خەڵات، سەربڕینی قوربانی، چوون بۆ سەر زمزم و پەرستنی بتەکان لە زمزمدا، جلگۆڕین پاش تەوافکردن بۆ ایساف و نائیلە، هەڵکردنی پرچیان بۆسەرەوە و بڕینی پرچ لە قۆناغی کۆتاییدا. هەمووی و زۆریتر بە دروشمی جیاجیاوە بەپێی مێژووی کۆنی عەرەب و ئیسلام هەبوون.

لە حەج و عومرەی موسڵمانانی ئەمرۆدا هەموو ئەو نەریتانە هەندێ وەکو خۆیان و هەندێ بە دەستکاریەوە لاسایی دەکرێنەوە. لەخوارەوە لینکەکانم داناون.

تێبینی: سەرچاوە ئیسلامیەکان  کە لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکانەوە دەستپێدەکەن، تەنها گێرانەوە و سەربردەن، مێژوویی نین و زانستیانە نەسەڵمێندراون.

سەرچاوە: پوختەیەکە لە بەرنامەی سوال جری ژمارە٢٩ ، ٢٧ و ٥٠٣ وەرگیراوە.