سەرچاوەی ڕێتوالی ڕەمەزان میزۆپۆتامیایە

رەمەزان لە کێوە هاتووە؟ بەپێی سەرچاوە کۆنەکان، لە سەدەی حەوتەم و شەشەمی پێش زاین کۆمەڵگەی حەڕانی کە لەسەرووی میزۆپۆتامیادا ژیاون (کوردستان و وڵاتی ئاشور) خودای مانگیان بەناوی سین پەرستووە و دروشمیان مانگێکی کەوانە (هیلال) بووە، ئەوانە لەمانگی ڕەمەزاندا ٣٠ ڕۆژان بەڕۆژی بووین.

سەرچاوەی ڕێتوالی ڕەمەزان میزۆپۆتامیایە

٢/٤/٢٠٢٢

رەمەزان لە کێوە هاتووە؟ بەپێی سەرچاوە کۆنەکان، لە سەدەی حەوتەم و شەشەمی پێش زاین کۆمەڵگەی حەڕانی کە لەسەرووی میزۆپۆتامیادا ژیاون (کوردستان و وڵاتی ئاشور) خودای مانگیان بەناوی سین پەرستووە و دروشمیان مانگێکی کەوانە (هیلال) بووە، ئەوانە لەمانگی ڕەمەزاندا ٣٠ ڕۆژان بەڕۆژی بووین. کە مانگ بزربووە ترساون و گوتوویانە خودای مانگ لێمان زویر بووە بۆیە بەڕۆژوو بووین، لە کۆتایی مانگدا چوونەتە شوێنی تایبەت ئێوارە لەکاتی خۆرئاوابووندا چوونەتە شوێنی بەرز و سەربانەکان تا مانگ ببینن، کە مانگ دەرکەوتۆتەوە جەژنیان کردووە، خێریان کردووە و قوربانیان سەربڕیووە. مانگی ڕەمەزان مانگێکی بگۆڕ و گواستراوە بووە، کاتی هاتن و کۆتایی گۆڕاوە. وەکو ئەوەی کە ئیستا هەیە. حەڕانیی دووبەش بوویین مەندائی و سابئی. مانگپەرست و ئەستێرەپەرستن لە لایەن خەڵکی مۆزۆپۆتامیا لە خواروو لە “ئۆر” و لەسەروو لە “حاران” (ڕەنگە هاران بێت) هەبووە.

دەگوترێت ناوەکە “ناتیق” بووە و گۆڕاوە بۆ ڕمەزان کە پێشی پەیدابوونی ئیسلام بووە. جەژنەکەش بە جەژنی ڕەمەزان ناسراوە. ناوەکە عەرەبی نییە و بەپێی گوتنی هەندێ لە مێژوونووس و موفەسیرەکانی ئیسلام ناوەکە عەجەمیە.

چۆن ڕێتوالی ڕەمەزان گەیشتۆتە دوورگەی عەرەبی؟

لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا پادشای بابل “نەبونیدەس” یەکێ لە سەردارەکانی دەنێرێتە دوورگەی عەرەبی و “تەیما” داگیر دەکات، پاشان کوڕەکەی دەکاتە پادشای ئەوێ لە ساڵەکانی ٥٥٠-٥٤٠ی پێش زاین. ئەوسا هەموو شارەکانی سەرووی دوورگەی عەرەبی داگیر دەکات، مەککە ناوی نەهاتووە، چونکە مەککە هێشتا دروست نەببوو. لەوێ ئایینی حەڕانی بڵاودەکرێتەوە. حەڕانی دووبەش بووین مەندائی و سابئی. مەندائیەکان فریشتەیان پەرستووە، سابئیەکان مانگ و ئەستێرە و جنیان پەرستووە. بەمجۆرە لە باکووری دوورگەی عەرەبیدا لەوێش مانگ پەرستن و ئەستێرە پەرەستن بڵاودەبێتەوە. بەمجۆرە لە دوورگەی عەرەبیشدا مانگی ڕەمەزان وەکو مانگێکی پیرۆز خۆی دەچەسپێنێت و خەڵکی سەر بەئایینیەکە ٣٠ ڕۆژان بەڕۆژی دەبن و پاشان کەمانگ دەردەکەوێتەوە بە جەژنی ڕەمەزان کۆتایی بەمانگەکە دەهێنن. ئەوسا کە بەرۆژوو بووین لەبەیانی تا ئێوارە نانیان نەخواردووە و ئاویان نەخواردۆتەوە و کۆبوونەوەی سیکسیشیان نەکردووە. دەڵێن هەندێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا قسەشیان نەکردووە.

قورەیشیەکان ڕێزی ڕەمەزانیان گرتووە، هەندێکیان بەرۆژوو بووین، بەپێی موفەسیرەکانی ئیسلام لە کەعبەدا پەیکەرێک بەناوی هوبل هەبووە کە بە خودای مانگ داندراوە و پیرۆزکراوە.

بەپێی گوتنی موسلیم و بوخاری سەرەتا پێغەمبەری موسوڵمانان محەمەد لە عاشورا بە ڕۆژوو بووە و فەرمانیکردووە لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بن. عاشورا ڕۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەمە کە جووەکان لێی بەڕۆژوو دەبوون بەیادی نقوومبوونی فیرعەون و لەشکرەکەی لە دەریادا. مەندائیەکان و سابئیەکان حەزیان لەو ڕۆژووگرتنەی جووەکان نەکردووە. ڕەخنەگرانی ئیسلام دەڵێن محەمەد لاسای جووەکانی کردۆتەوە کە لە مەککە بووە، بەڵام کە چۆتە مەدینە لەساڵی دووەمی هیجریدا ئەو ڕیتوالەی رەمەزانی هێناوەتەئارا. بەڕۆژوو بوون لە ڕەمەزاندا سەرەتا فەرز نەبووە بەڵکو موسوڵمانان بۆیان هەبووە نەیگرن و فدیە بدەن. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە محەمەد لەمەککە بوو دژی دینە سەرەتایی و میللیەکان (دینە کۆنەکانی پێش هەردوو دینی مەسیحی و جوو) بووە، ئەو دینانە لەلایەن مێژوونووسانی عەرەب وەکو بتپەرست و وەثەنی ناسراون. بەڵام لە دینە گەورەکانی وەکو مەسیحی و جوو نزیک بووە. کە چۆتە مەدینە ئاراستەی دژی دینە گەورەکان (ئەهلولکیتاب) بووە و لە دینە سەرەتایی و کۆنەکان نزیک بۆتەوە. بەپێی مێژوونووسانی ڕەخنەگر مەبەستەکە سەربازی و بۆ ئامانجی سەربازی بووە.

سورەتی بقرة لە ئایەتی ١٨٣ “یا آیها الذین امنوا کتب علیکم ‌الصیام کما کتب علی الذین من قبلکم لعلکم تتقون” ئاماژە بەوە دەکات کەوا بەڕۆژوو بوون بۆ خەڵکی پێش موسوڵمانانیش نووسرابوو و کردوویانە. بەڵام سەبارە بە جوو و مەسیحی تێبینی هەیە، ئەگەر مەبەستی ئەو دوو دینە بێت. جوو لە عاشورا بەڕۆژوو بووین بەڵام لەمانگی رەمەزان بەرۆژوو نەبووین. نەسرانی واتە مەسیحی ئەوسای دوورگەی عەرەب لە رەمەزاندا بەرۆژوو نەبووین، وە لە ئینجیلدا ناوی ڕەمەزان بوونی نییە. رۆژگرتن لەلای مەسیحیەکان بەئارەزوو بووە و گروپیان هەیە چەند ڕۆژ پێشی جەژن بەرۆژوو بووین. دەگوترێت گروپێکیان لە سەدەی سێیەمی پێش زایین بەر لەجەژن دوویاسێ ڕۆژ بەڕۆژوو بووین.

بەپێ بۆچوونی ڕەخنەگران فەرزکردنی ڕەمەزان کە سێهەم ڕوکنی دینی ئیسلامە، کردارێکی مەدەنیە و دوای کۆچی محەمەد بۆ مەدینە ڕوویداوە، وە ئەو خۆی تەنها ٩ ڕەمەزانی گرتووە، هۆکاری ڕۆژووگرتن لەهیچ شوێنێکی قورئاندا نییە و نەنوسراوە. ئەوەی دەگوترێت گوایە بۆ بەهێزکردنی تەقوایە، یا هەستکردن بە ئازار و برسیەتیە، یا بۆ هاوکاری هەژارانە هەمووی هەڵبەستراوە و لەلایەن موفەسیرانەوە زیادکراوە.

بەکورتی ڕەمەزان ڕێتوالێکی ئایینە کۆنەکانی بەر لە پەیدابوونی ئیسلامە و دوای ئەوەی محەمەد چۆتە مەدینە هێناویەتیە ناو دینەکەی.

تێبینی: ئەوەی سەبارەت بە ئیسلام نووسراوە لەسەرچاوە عەرەبی و ئیسلامیەکان وەرگیراوە، ئەوەی پێشی ئیسلام لەسەرچاوەی جیاجیا وەرگیراوە لە نێویاندا ئیسلامیەکان. سەرچاوە ئیسلامیەکان  کە لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکانەوە دەستپێدەکەن، تەنها گێرانەوە و سەربردەن، مێژوویی نین و زانستیانە نەسەڵمێندراون.

سەرچاوە: پوختەیەکە لەبەرنامەی ژمارە ٣٥ سٶال الجریء وەرگیراوە بۆ بینین و گوێ لێبوون لە بەرنامەکە دەتوانن کلیکی سەر لینکەکە بکەن:

https://m.youtube.com/watch?v=_htAB_HeAjk&feature=share